پێگەى ناوازەى صەحابییەکان

پێگەى ناوازەى صەحابییەکان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

ئەو ئیماندارە یەکەمین و سەرەتایانەى کە باوەڕیان بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) کردووە و خۆیان کردووە بە خاوەنى بانگەوازەکەى، پێیان دەوترێت “صەحابە”؛ ئەم ناوانانەش شتێکى سەرنجڕاکێشە. وەک دەزانرێت، وشەى (صحابة) کۆى وشەى (صاحب/صحابي)یە. (صاحب)، لەپەنا هەندێک ماناى تردا، بە ماناى هاوڕێ دێت کە هاودەمیی کەسێکى تر بکات و لەگەڵیدا بێت. واتە ئەوانەى کە لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله علیه وسلم) بوون و هاوڕێگاى ئەو بوون. هاوڕێیەکى لەم جۆرە دەکرێت لە براش لەپێشتر بێت. چونکە براکان هەمیشە نابن بە هاوڕێگاى مرۆڤ. صەحابییە بەڕێزەکان بە پەیوەستبوونیان بە سوننەتى پێغەمبەرەوە (صلى الله علیه وسلم)، فیداکارییەکانیان و خزمەتیان بۆ دین، مافى “هاوڕێیەتى”ی پێغەمبەریان (صلى الله علیه وسلم) داوە. کاتێک موسڵمانبوون پەیمانیان داوە کە لە کاتى سەختى و ئاسانیدا و لە هەموو دۆخێکدا کە پێیان خۆشە یان نا، گوێڕایەڵى پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بن و هەتا کۆتایی تەمەنیشیان وەفایان بەم بەڵێنەیان کردووە.

خواى گەورە کە پێغەمبەرى ئەوانى وەک کەسێکى ناوازە لە ڕووى پەیام و بەیان و تەمسیلەوە ناردووە، گەر بڵێیت کۆمەڵى صەحابییەکانى چواردەورى ئەویشى بەتایبەت بەدیهێناوە و هەڵیبژاردوون لە جێى خۆیدایەتى. بەدەر لە ستاییشى قورئان و سوننەت بۆ صەحابییەکان، لە ڕوانگەى ئەو ئاست و وزە بەرزەوە کە پیشانیان داوە، زۆر بەئاسانى دەتوانین بڵێین: وەک چۆن خواى گەورە کەسێکى لەگەڵ کۆمەڵێک سیفەتى بەرز و تایبەتدا کردووە بە پێغەمبەر و ناردوویەتى، بەهەمان جۆر صەحابییەکانیش بە بەهرەى تایبەت پڕچەک کراون و نێرراون.

پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بیرێکى واى لە ڕۆحى صەحابییەکاندا هەڵکەندووە، هەرچى فەزیلەت و چاکە و تایبەتمەندى هەبێت لە ماهییەتى ئەواندا هەمووى دەرهێناوە و گەشەى پێکردوون. هەریەک لە ئیمانى نەلەرز، بێگەردى و ڕاستگۆیى ئەوانیش لە عیبادەت و تاعەتدا لە گەشەکردنى ئەم تایبەتمەندییە سەرچاوەى گرتووە. ئەوانەى کە لە ڕۆژگارى جاهیلیدا بتیان دەپەرست، لە ڕیشەوە هەموو هەستەکانى تایبەت بە شیرکیان لە دڵى خۆیان دەرهێنا و فڕێیان دا، بە هەموو بوونیان ڕوویان لە پەرستراوى ڕەها کرد و هەریەکەیان گۆڕان بە عابید و زاهیدێک. بەجۆرێک، بۆ ئەوەى خۆیان بەتەواوەتى بە خواى گەورە بدەن و لە گشت پەیوەندى و خۆشەویستییە دونیاییەکان ڕزگاریان ببێت، هەندێکیان تەنانەت بیریان لە دەست شتن لە هەندێک فیترەتى ئینسانى کردووەتەوە. بەڵام وەک هەر بابەتێکى تر، لەم بابەتەشدا پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) ئەوانى بەرەو (صراط المستقیم) ئاڕاستەکردووە و فەرموویەتى کە کارێکى وا ڕاست نییە.

بیربکەنەوە مشتێک ئینسان کە لە بیابانەوە پەیدابوون، ڕووبەڕووى هێزە زەبەلاحەکانى ئەو کاتە بوونەتەوە و سوپا نیزامییەکانیان تێکشکاندوون. لەم کارەشیاندا لە دادپەروەرى و حەقپەروەرى لایاننەداوە. هەر شوێنێک دەستیان پێى گەیشتبێت، حەقیان دامەزراندووە و بەرزیان کردووەتەوە. بۆ هەر جێیەک چووبن حەق و دادپەروەرى و مرۆڤایەتییان لەگەڵ خۆیان بردووە.

صەحابییە بەڕێزەکان چونکە بەتەواوەتى ڕوویان لە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) کردبوو، سوودێکى زۆریان لە خەسڵەتەکانى ئەو وەرگرتووە. کەسێک کە تا دوێنى منداڵى کچى زیندەبەچاڵ دەکرد، دواى ئەوەى چەند ڕۆژێک لە صوحبەتى پێغەمبەردا (صلى الله علیه وسلم) دەبوو، گۆڕانێکى سەرسووڕهێنى بەسەردا دەهات. بە بۆیەى ئەو ڕەنگدار بووە، بە گیان و دڵ گوێى لە لەعل و گەوهەرى وشە هەڵوەریوەکانى لێوى ئەو گرتووە، ئیدى بە ئیمان و تەسلیمییەتێکى پتەو، بە ئەخلاقى بەرز و میهرەبانى ڕازاوەتەوە. ئیمان کە تۆوى درەختى تووباى بەهەشتە، کاتێک چووەتە ناو دڵى ئەوانەوە، لەوێ گەشەى کردووە و میوەى گرتووە. ئەوان زۆر جیاواز حەقیقەتەکانى تایبەت بە دینیان بیستووە و هەستیان پێى کردووە. ئەو ئیمانەى کە ڕۆیشتووەتە ناو دەروونیانەوە تەنها وەک شتێکى نەزەرى نەماوەتەوە، بەڵکو لە گشت حاڵ و ڕەفتارەکانیان تەشەنەى کردووە.

گفتوگۆیەک کە لەنێوان پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) و حاریسى کوڕى مالیکى ئەنساریدا ڕوویداوە، پێکهاتەى ناوەکیی کۆمەڵى صەحابە و قووڵیی ناوەوەیان دەخاتە ڕوو. حەزرەتى حاریس دەڵێت بە حەق ئیمانى بە خوا هەیە. پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) لێى دەپرسێت: “هەموو شتێک حەقیقەتێکى هەیە. حەقیقەتى ئەم ئیمانەى کە تۆ ئیددیعاى دەکەیت چییە؟” ئەویش دەڵێت: “نەفسم لە دونیا دوورخستەوە، شەوان نەنووستم و عیبادەتم کرد، بە ڕۆژیشدا بەڕۆژوو بووم و برسى و تینووم بوو. لە ئێستادا لە حاڵەتێکى ڕۆحیی وادام دەڵێیت لە عەرشى پەروەردگارم دەڕوانم.. بەهەشت دەبینم، سەردانى بەهەشتییەکان بۆ یەکتر دەبینم.. دۆزەخ دەبینم، هاوار و ناڵەیان دەبیستم…” پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) فەرمووى: “ئەمە ئیماندارێکە کە دڵى لە نووردا غەرق بووە!” لە ڕیوایەتێکى دیکەشدا دەفەرمووێت: “ئەى حاریس! ئەوەى کە پێویست بێت بیزانیت دەیزانیت و بە عیرفان گەیشتوویت. ئاوا بەردەوام بە!”[1]

لەوانەیە هەموو صەحابییەکان بەم جۆرە قووڵیی ئیمانى خۆیان دەرنەخستبێت. بەڵکو پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ خوادا بەنهێنى دەهێشتەوە و بۆ کەسیان نەدەکردەوە. بەهەمان شێوە، ئەوان عەشق و شەوق و عیبادەت و تاعەتى خۆیان دەشاردەوە. بەڵام کاتێک تەماشاى تابلۆى ژیان و خەباتیان لە ڕێگەى خوادا دەکەین، تێدەگەین کە لە ئیماندا لە لوتکەدا بوون. ئیمانى ئەوان لە قووڵى و بێگەردیدا لە دەریاکان دەچوو. پێش ئەوەى بچیتە ناوى وا دەزانێت هەتا ئەژنۆت دێت، بەڵام هەرکە پێى تێدەخەیت لەناویدا نوقم دەبیت و بە بنى ناگەیت. بێگەردییەکەى، قووڵییەکەى شاردووەتەوە. ئیمانى صەحابییەکانیش ئاوایە.

لەڕاستیدا هەموو زاتێکى مەزن بۆیەکردن (إنصباغ) و ڕەنگدانەوە و کاریگەرى (إنعکاس) و هێزى کێشکردنى (إنجذاب) تایبەت بە خۆى هەیە. بۆ نموونە، هێزى کێشکردنى دونیا، مانگى لە تەوەرەیەکدا بە دەورى خۆیدا ڕاگیرکردووە. هێزى کێشکردنى خۆر بەراورد بە زەوى زۆر زیاترە. هاوشێوەى ئەمانە، زاتە مەزنەکانیش بەگوێرەى قەد و باڵاى خۆیان هێزى ڕاکێشانیان هەیە. پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) کێشکردنێکى قودسیی وەهاى هەبوو، هەرکەسێک جارێک بکەوتایەتە ژێر کاریگەرییەوە، ئیتر لێى دەرنەدەچوو. وەک چۆن هەسارەکان لە دەورى خۆر دەسووڕێنەوە، ئەویش دەچووە سەر خولگەى سووڕانەوە بە چواردەورى حەزرەتدا. خەسڵەتەکانى تایبەت بە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بۆ ئەویش دەگوازرێنەوە و کار لەویش دەکەن.

بەرزبوونەوەى ستوونیی صەحابییەکانى وەک عەمرى کوڕى عاص، خالیدى کوڕى وەلید، عیکرمەى کوڕى ئەبو جەهل و ئەبو سوفیان لەدواى موسڵمانبوونیان، ڕووداوێکى زۆر سەرسووڕهێنە. بۆ نموونە، عەمرى کوڕى عاص دیارە لە سەردەمى جاهیلیدا چى کردووە. بەڵام هەرکە دێتە ناو ئیسلامەوە و ماوەیەکى کەم لە خزمەتى پێغەمبەردا (صلى الله علیه وسلم) دەبێت، گۆڕانێکى سەرسووڕهێنى بەسەردا دێت. کاتێک دواى جەنگێک نۆرەى دابەشکردنى غەنیمەت دێت، دەڵێت “ئەى پێغەمبەرى خوا، من بۆ ئەمە موسڵمان نەبووم”[2] و بەشى خۆى ڕەتدەکاتەوە. حەزرەتى خالید کە تەمەنى لە سەنگەرەکاندا بەسەرچووە، کاتێک وەفات دەکات، لەدواى خۆى جگە لە شمشێرێک و ئەسپەکەى هیچى تر جێناهێڵێت. سەعیدى کوڕى زەید کاتێک ئەم حاڵەى ئەو دەبینێت دەڵێت: “وەک کەسێک ژیا کە ستاییشى خەڵکى بەدەستهێنا، مردنەکەشى خەسارەت بوو بۆ ئیسلام.”[3]. عیکریمە لە جەنگى یەرمووکدا لەناو چادرێکدا بەبریندارى کەوتووە. بەڵام کاتێک پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) دێتە ژوورەوە، خۆى کۆدەکاتەوە و لەبەرى هەڵدەستێت. ئەمانە پاڵەوانەکانى بوارى بەرزبوونەوەى ستوونین.

لە قۆناغە جیاوازەکانى مێژووشدا نوێنەرایەتیی ئەم ڕۆحەى صەحابییەکان کراوە و کەسانێکى نموونەیی وا پێگەیشتوون کە هاوشێوەیان دەگمەن بووە. لەمڕۆشدا کەسانێک هەن کە بە باوەڕ و ژیانیان دەبنە نموونە بۆ خەڵکى تر. هەندێک ڕۆحى خۆتەرخانکەر هەن کە لەپێناو ئیمان و بانگەوازەکەیاندا بەرەو دییارە نەزانراوەکان کۆچ دەکەن. پاداشتى هەریەک لەمانە تەنها خوا دەستنیشانى دەکات. بەڵام لەناو هەموو ئەمانەدا پێگەى صەحابییەکان زۆر جیاواز و ناوازەیە. دۆزینەوەى جەماعەتێکى نموونەیی وەک ئەوان، مومکین نییە. چونکە جەماعەتێک کە پێشەواکەى حەزرەتى موحەممەد (صلى الله علیه وسلم) بێت، بە کۆمەڵى تر بەراورد ناکرێت. صەحابییە بەڕێزەکان هەموویان لە ڕوویەکەوە شێتى خوا و ئاخیرەت بوون. خۆشەویستیی خوا ئەوانى سەرمەست کردبوو. بۆیە حەسەنى بەسڕى دەربارەى ئەوان دەڵێت: “ئەگەر ئێوە ئەوانتان ببینیایە پێتان دەوتن شێت؛ ئەگەر ئەوانیش ئێوەیان ببینییایە دەیانوت ئەمانە هێشتان باوەڕیان نەهێناوە.”[4]

لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە ناوازەیی و نموونەییبوونى پێگەى صەحابییەکان هەمیشە لەبەرچاو بگیرێت و مافى خۆیان بدەینێ، هەتا بە ڕوانین بۆ ئەوان دۆخى خۆمان ڕێکبخەینەوە. بەڵام لەلایەکى دیکەشەوە نابێت هەبوونى کۆمەڵێک پاڵەوانى بوارى حەقیقەتیش بەدوور بزانین کە لەدواى ئەوانەوە پێگەیەکى نزیک وەردەگرن؛ بۆ ئەوەى تووشى نائومێدى نەبین. ئەگەر صەحابییەکان لە نزیکەوە بناسین سنوورى خۆمان دەزانین و گەر پێویستى کرد هەنگاوێک دێینە دواوە. کاتێکیش دەبینین هەتا ئێستا هەر چرۆیەک سەرى لە خاک دەرهێنابێت بەرەو بوون بە درەختێکى مەزن ڕۆیشتووە، دەڵێین “بۆچى جارێکى دیکەش ڕوونەداتەوە؟!” و بەمەش خۆمان لە بێهیوایی ڕزگاردەکەین.

دڵنیابن لەوەى چەند لە نزیکەوە صەحابییە بەڕێزەکان بناسین، ئەوەندەمان خۆشدەوێن و ئەوەندەش زیاتر هەست بە قووڵیی ئەوان دەکەین. ئەمەش تا ڕادەیەک پەیوەندیی بە کەماڵى خۆمانەوە هەیە. چەند لە ئیمان و تێگەیشتن و هەست و شعووردا کامڵ ببین، ئەوەندە باشتر لە گەورەیی ئەوان تێدەگەین. چەندەش لێیان تێبگەین، ئەوەندە زیاتر هەستى وەفامان بۆیان دەجۆشێت. کاتێک دەچینە ناو دونیاى ئەفسووناویی ئەوانەوە، لە هۆشى خۆمان دەچین. چەندە خۆمان گەشەبکەین و کامڵ ببین، هەمیشە ئەوان لە بەردەم و پێشى خۆماندا دەبینین. چەند خێرایی خۆیشمان زیاتر بکەین، لەبەردەمماندا هەمیشە ئاسەوار و شوێنپێى ئەوان دەبینین. بۆیە نابێت لە دونیاى ئەوان داببڕێین. ئەگەر چاوێکمان لەسەر خۆمان بێت، ئەوا دەبێت چاوەکەى ترمان لەسەر ئەو خەرمانەى ڕووناکییە بێت کە چواردەورى پێغەمبەرى (صلى الله علیه وسلم) داوە.

بەداخەوە پێویستە بڵێم کە بابەتى صەحابییەکانیشمان کردووە بە قوربانى ڕووکەشێتیی خۆمان. تێگەیشتنى خۆمان لە لێبوردەیی، عیبادەت، فیداکارى و جوامێرى، بووە بە پەردەیەک لەبەردەم بینینى گەورەیی صەحابییەکاندا. بۆیە لەبریی باسکردنى ئاستى بەرز و ڕووناکی و شەففافییەتى صەحابییەکان خۆیان، چەماندوومانەتەوە و لە باسکردنیاندا ئەوانمان بە خۆمان چوواندووە. لەبریی هەوڵدان بۆ بینینى گەورەیی ڕاستەقینەى ئەوان، تێکۆشاوین لە خۆماندا ئەوان بخوێنینەوە. بە ڕاى هەژارانەى بەندە، دەبێت هەرچى شتى کۆن و نوێ دەربارەى ئەوان وتراوە کۆبکرێنەوە، هارمۆنییەکیان لەنێواندا سازبکرێت و سەرلەنوێ موتاڵا بکرێنەوە. ئەمە لە هەمان کاتدا موتاڵاکردنى خۆیشمان دەبێت. چونکە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە لە جێبەجێکردنى دیندا لەکوێداین و پێویستە لەکوێدا بین.

دەرەنجام، ئەمڕۆ پێویستمان بەوەیە موسڵمانێتیی صەحابییەکان بە خۆیان و سیفەتەکانى وەک ئیمان، قووڵیی ناوەکى، پەیوەندیی لەگەڵ خوا، هەستى بەخشین، عیبادەت و خۆتەرخانکردنیانەوە زیندووبکەینەوە. دەبێت ئەوان بکەین بە سەرمەشقى خۆمان، هەوڵبدەین وەک ئەوان بین، ئەوان بخەینە پێشچاوى هەموان، هەست و ئارەزووى وەک ئەوانبوون بوروژێنین. چونکە ئەگەر ئەمڕۆ دیسان بیر لە زیندووبوونەوەیەک بکرێتەوە، ئەوا ڕێگەى ئەمە بەنێو صەحابەئاساییدا تێدەپەڕێت. ئەگەر ئێمەمانان بەدروستى لە صەحابییەکان تێبگەین و بیانکەین بە نموونەى چاولێکراوى خۆمان، ئەوا کاتێک وەرزى خۆى هات دەتوانین لەناو خۆشمانەوە نموونەى جوان دەربهێنین و ئێمەش دەکرێت بەشێوەیەکى ڕێژەیی ببین بە نموونە بۆ کەسانى تر.

[1] (المعمر بن رشید، الجامع ١١/١٢٩؛ الطبراني، المعجم الکبیر ٣/٢٦٦).

[2] (إبن شیبة، المصنف ٢٣٦١٨؛ أحمد بن حنبل، المسند ١٧٨٠٢)

[3] (علي المتقي، کنز العمال ١٣/٣٦٨)

[4] (بڕوانە: أبو نعیم، حلیة الأولیاء، قاهرة ١٩٧٤، ٢/١٣٤).