بەندەکانى ڕەحمان

بەندەکانى ڕەحمان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

خواى گەورە لە سوورەتى فورقاندا ناوى “بەندەکانى ڕەحمان” لە ئیمانداران دەنێت و هەندێک لە خەسڵەتەکانى ئەوان باسدەکات.[1] لێرەدا لەبریی دەستەواژەى “بەندەکانى أللە”، “بەندەکانى ڕەحمان” بۆ ئیمانداران بەکاردەهێنرێت و ئەمەش خاڵێکى وردى لەخۆگرتووە. مادەم ئەوان دراونەتە پاڵ ناوى (الرحمن)ى خواى گەورە، ماناى وایە بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ ناوى ڕەحمان و ڕەحیمدا هەیە و ژیانێک دەژین لە خولگەى ڕەحمەت و شەفەقەتدا. لەبەرئەوەى بە ئەخلاقى خوایی ڕازاونەتەوە، ئەوا لە گشت ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکیاندا نەرمونیانى و میهرەبانى و بەزەیی و لێبوردەیی دەڕژێت. لەسەر زەویدا خاوەنى ویقار و جددییەت و خۆبەکەمزانییەکى وەهان کە شایانى ئیماندار بێت. نیانى و جوانیی ڕەوشتەکانیان لە گشت جووڵانەوەکانیاندا، تەنانەت لە ڕۆیشتنیشیاندا ڕەنگ دەداتەوە.

بەلاى هەرکەسێکدا تێبپەڕن متمانەبەخشن و هیواى پێدەدەن. قەناعەتبەخشن. کەشوهەوایەکى هێندە نەرمى تایبەت بە خۆیان هەیە، هەرکەسێک بچێتە ناویەوە کارى لێدەکات. ئەزقەزا لەگەڵ نەزان و نەفامەکان بیاندوێنن و مامەڵەى بەدیشیان لەگەڵ بکەن، ئەوا هەر داخوازییەکانى کاراکتەرى خۆیان نیشان دەدەن. بۆ ئاستى ئەوان دانابەزن، بە خراپە وەڵامى خراپە نادەنەوە، دەڵێن “سڵاوتان لێبێت” و بە ڕێى خۆیاندا دەڕۆن.

گەرچى هەڵسوکەوت کردن بەحەزەرەوە لەلاى کەسانى باشى خاوەن زانست و تەقوا و پاراستنى کاراکتەرى لە ژینگەى ئەواندا کارێکى جوامێرانەیە، وەلێ مەردایەتیی ڕاستەقینە لەو کاتانەدا دەردەکەوێت کە لە هەموو سەرسووچێکدا دێو و درنجێک کە ددانت لێ جیڕدەکاتەوە و لیکى دەمى دەڕژێت. وەک حەزرەتى عیسا فەرموویەتى: (إِنَّمَا الْإِحْسَانُ أَنْ تُحْسِنَ إِلَى مَنْ أَسَاءَ إِلَيْكَ، لَيْسَ الْإِحْسَانُ أَنْ تُحْسِنَ إِلَى مَنْ أَحْسَنَ إِلَيْكَ) “چاکە ئەوەیە لەگەڵ کەسێکدا بیکەیت کە خراپەى لەگەڵ کردوویت، نەک لەگەڵ کەسێکدا کە خۆى چاکەى لەگەڵ کردوویت.”[2] ئەمەش هەمان ئەو ئامانجەیە کە قورئان پیشانمانى دەدات. هەندێک نەزان دەکرێت دەربارەى ئێوە درۆ و بوختان هەڵببەستن، هەڵمەتى ناوزڕاندن بەڕێوەبەرن، هەڕەشەتان لێبکەن، هەموو جۆرە خراپەیەک بکەن بۆ ئەوەى ناو و متمانەى ئێوە بزڕێنن. گرنگ ئەوەیە ئێوە چۆن وەڵامى ئەمانە دەدەنەوە. قورئان دەفەرمووێت کاتێک کەسێک ئەم نەفامییانەى بەرامبەر بە ئێوە کرد، ئێوە گوێى مەدەنێ، بڵێن “سڵاوتان لێبێت” و لەسەر ڕێى خۆتان بەردەوام بن. وەک ئەوەى لە گوڵستاندا بن، بەنێو دڕک و داڵەکانیشدا تێبپەڕن.

بێگومان گەیشتن بە بەرز و باڵاییەکى ئەخلاقیی لەم جۆرە، وابەستەی قووڵیی پەیوەندییە بە خواوە. بۆیە لە ئایەتى دواى ئەمەدا دەفەرمووێت: ﴿وَالَّذِينَ يَبِيتُونَ لِرَبِّهِمْ سُجَّدًا وَقِيَامًا﴾ (سورة الفُرْقَانِ: 25/64) “شەوانیان بە سوجدە و قیام و عیبادەتى خوا بەسەردەبەن.” ئەوان سوجدە و قیامێکى وایان هەیە باس ناکرێت! هەڵدەستن و دادەنیشن حونجەى ناوى ئەو دەکەن و هەمیشە لەگەڵ ئەودا ڕۆژ دەکەنەوە. ئەوان ئیمان بە خوایان کردووە بە ڕەهەندێکى ناوەکیی سروشتیان. بەجۆرێک، سروشتیان هەمیشە بەرەو “ئەو” پاڵیان پێوەدەنێت. ئەوان بوون بە مەزهەرییەتى هاودەمیی جانان و دۆست. هەمیشە بەجۆرێک ڕەفتاردەکەن کە دڵنیان لەوەى لەژێر چاودێریی ئەودان. لە ئایەتى دواى ئەمەدا، دوعاى سەرزاریان ئەمەیە: ﴿رَبَّنَا اصْرِفْ عَنَّا عَذَابَ جَهَنَّمَ إِنَّ عَذَابَهَا كَانَ غَرَامًا﴾ (سورة الفُرْقَانِ: 25/65).. “ئەى پەروەردگارمان! ئاگرى دۆزەخمان لێ بەدووربگرە. چونکە سزاى ئەو هەمیشەییە و بەرگەگرتنى مومکین نییە. ئاى ئەوێ چ شوێن و نشینگەیەکى بەد و خراپە!” ئەم باڵابەرزانەى کە ئاسۆى ئیمانێکى لەم جۆرەیان بەدەستهێناوە، کاتێک ناچاردەبن تێکەڵى کەسانى نەفام و ڕەق و بێڕێز ببن، ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان دیار و ڕوونە.

هەموان داخوازییەکانى سروشت و کاراکتەرى خۆیان دەردەخەن. هەندێک لە خۆنەناسەکان کە لە شیرازە دەرچوون، بێئەوەى بزانن چى دەکەن و چى دەڵێن، لەوانەیە بێڕێزیی جۆراوجۆر بنوێنن. دەگونجێت درۆ و بوختان لە دژى خەڵکانى بێتاوان دابهێنن، پەنا بۆ تەزویراتى هەمەجۆر ببەن، بە ژەهراویکردنى ڕاى گشتى هەوڵى ناوزڕاندنى ئەوان بدەن. بەرامبەر بە هەموو ئەم شتانە ئەرکى ئیماندار ئەوەیە بەگوێرەى بیروباوەڕى خۆى بجووڵێتەوە، لەژێر ڕۆشنایی قورئان و سوننەتدا ڕەفتاربکات. بەجۆرێک، گەر ڕووبەڕووى سەدان شتانى نابەجێش ببێتەوە، دیسانیش نابێت هەڵوێستى خۆى بگۆڕێت و پێویستە لە کاراکتەرى خۆى تەنازول نەکات. نابێت گوفتار و کردارە ڕەنجێنەر و شکێنەرەکان هەرگیز ئەو لەو شیرازەیە دەربکەن کە لەسەریەتى. دەبێت هاوشێوەى شەرەف و نامووس، کاراکتەر و ئوسلوبى خۆیشى بپارێزێت.

ئەوە ڕاستییە لە چەرخ و ڕۆژگارێکى عیفریتیی وادا دەژین کە هەموو شتێک لە ڕەوڕەوەى ئاسایی خۆى دەرچووە، حەشاماتەکان لە شێتى و وڕێنەدا دەژین، منێتى فەرمانڕەوایەتى دەکات و زۆرکەسیش لەناو گرێى دەروونیدا ژیان بەسەردەبەن. بەتایبەت ئەنانییەتى هەندێک کەس وەک چیاى سەهۆڵینى لێهاتووە، تەنانەت بووە بە بەرد و گرانیتیش. تازە مومکین نییە تیشکى خۆریش بیانتوێنێتەوە. خۆى لە خۆیدا شەیتانیش زۆر بەئاسانى جڵەوى ئەمانە دەگرێت بۆ کوێى بوێت ئاڕاستەیان دەکات. ئەم کەسانەى کە چوونەتە ژێر ڕکێفى نەفس و شەیتانەوە، هەموو خراپەیەکیان لێ چاوەڕێ دەکرێت. دەکرێت بەم چاوە بۆ ئەو داماوانەى ئەم ڕۆژگارە بڕوانن کە لەگەڵ ڕقدا هەڵدەستن، لەگەڵ قیندا دادەنیشن، لەگەڵ نەفرەت و تووڕەییدا قوڵپ دەدەن و بەردەوام لە “پاڕانۆیا”دا (نەخۆشیی دەروونى گومان بردن بەوەى گوایە هەموو خەڵکى لە دژى کەسى نەخۆش نەخشە و پلانى خراپ دادەڕێژن و جێبەجێى دەکەن) دەژین. ئەگەر ئاگادار نەبن، لەوانەیە کەشوهەواى نەرێنیی ئەوان کار لە ئێوەش بکات، کاریگەریی تیشکدانەوەى گوفتارە پڕ لە قین و نەفرەتەکانیان لەوانەیە بێن و بەر ئێوەش بکەون.

لەم کاتانەدا کە کەشوهەوا بەم پزیسکانە چەپەڵ بووە، شتێکى زەحمەتە کە ئیمانداران ڕەوشتە بەرزەکانى خۆیان بپارێزن. بۆیە دەبێت لەم کاتە سەخت و دژوارانەدا زۆر بە حەزەر و ئاگادارییەوە هەڵسوکەوت بکرێت. پێویستە هانا بۆ یاساى ستەمکارانەى کاردانەوەى هاوشێوە نەبرێت، هەوڵبدرێت بە چاکە دەفعى خراپەکان بکرێت و هەتا دەتوانرێت بە نەرمونیانى و لێبوردەیی ڕەفتاربکرێت. وەک قورئان دەفەرمووێت، مادەم چاکە و خراپە نابن بە یەک، کەوایە ئیمانداریش دەبێت نوێنەر و نماییندەکارى جەمسەرى چاکە بێت.[3]

ئێوەش لەم زەمەنە عیفریتییەدا بە زەردەخەنە لەگەڵ ئەوانەدا بجەنگن کە بە ڕق و قینەوە پەلامارتان دەدەن. بە تفێکیش وەڵامى کەسێک مەدەنەوە کە گازتان لێدەگرێت. جوێن بە جوێندەر مەدەنەوە و وەڵامى چوونیەکى ئەوان مەدەنەوە کە سووکایەتیتان پێدەکەن. هێزى ئەفسووناویی چاکە بخەنە پشتى خۆتان کە دڵەکان نەرم دەکاتەوە، هەستەکان دەگۆڕێت، کار لە بیرکردنەوەکان دەکات و مرۆڤ جوان دەکات. گەر کەسێکیش لە ئێوە دوورکەوتەوە، ئێوە لە شوێنى خۆتاندا بمێننەوە هەتا مەوداکە نەبێت بە دوو ئەوەندە. بەم جۆرە، کاتێک کەسانێک لە داهاتوودا پەشیمان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە، با زەحمەتى بڕینى ماوەیەکى زۆر نەکێشن. دەتانەوێت کەسانێک بەهۆى ئەو دڕندەییەى کە دەیکەن بەرەو دۆزەخ تلێرببنەوە، یاخود ڕۆژێک ئەوەیان بیرکەوێتەوە کە مرۆڤن، کە مەزهەرى پایەى (أحسن تقویم)ن، کە شوێنکەوتەى حەزرەتى موحەممەدن (صلى الله علیە وسلم) و ڕۆژێک بگەڕێنەوە بۆ لاتان؟ ویژدان درۆ ناکات. گەر سەر لە ویژدانتان بدەن، وەڵامى ئەم پرسیارە لەوێ دەدۆزنەوە.

ئەو خۆتەرخانکەرانەى کە لەسەر ئامانجێکى بەرز قورمیش بوون، هەتا ئەمڕۆ بەردەوام تێکۆشاون لەسەر ڕێى خوا بن، جوانى لە هەر جێیەکدا بڵاوبکەنەوە کە تێى دەچن، باوەشى میهرەبانى بۆ هەموو بوونەوەرێکى گیاندار و بێگیان بکەنەوە. لەمەبەدواش بێئەوەى لە زۆنگاوەکانى منێتیدا بچەقن، لە ئیخلاص و صەمیمییەتەوە لە خزمەتکردن بەردەوام دەبن. لە لۆمەى لۆمەکاران ناترسن، گوێ بە بەربەستەکانى بەردەمیان نادەن، چاو لە نادانەکان ناکەن و لە کاراکتەرى خۆیان تەنازول ناکەن. خۆیان بە ئەخلاقى مەولانا و یونس ئەمرە ئاراییشت دەدەن؛ بەرامبەر بە لێدەر بێدەست و بەرامبەر بە جوێندەریش بێزمان دەبن؛ چونکە ئەهلى خزمەت دەبێت دڵێکیان نەبێت کە لەم و لەو زویر ببێت. بە ژیانى ئەم دونیا فانییە بەگوێرەى موڕادى ئیلاهى، هەوڵى کڕینى ئەبەدییەت دەدەن. “بەندەکانى ڕەحمان” کە شعوورى تەواوەتییان هەیە بەوەى کە بەندەى کێن، دەزانن گەر ستەمکاران هەموو دونیاکەشیان لێبسێنن، ناتوانن پەنجە بۆ ئاخیرەتیان درێژبکەن.

[1] ﴿وَعِبَادُ الرَّحْمَنِ الَّذِينَ يَمْشُونَ عَلَى الأَرْضِ هَوْنًا وَإِذَا خَاطَبَهُمُ الْجَاهِلُونَ قَالُوا سَلَامًا﴾ (سورة الفُرْقَانِ: 25/63)

[2] ابن كثير: تفسير القرآن العظيم، 296/6.

[3] ﴿وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ﴾ (سورة فُصِّلَتْ: 41/34)