دوعاى (سبحانک)

دوعاى (سبحانک)
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

هەموو کردەوەیەک کە لە نوێژدا دەکرێت و هەموو زیکرێک کە دەخوێنرێت –بە فەرز و واجب و سوننەت و تەنانەت ئادابەکانیشەوە- کۆمەڵێک ماناى فراوانیان هەیە کە ڕوو لە ماهییەتى نوێژ دەکەن. ساحێبى شەریعەت کاتێک ئەمانەى داناوە، وەک کۆمەڵێک جوزء و پارچەى تەواوکار هەڵیبژاردوون کە ماناى موڕادى ناو نوێژ کامڵ دەکەن. لێرەدا کاتێک دەڵێین زیکر، مەبەستمان هەموو ئەو ئایەت و دوعا و تەسبیحاتانەیە کە لە نوێژدا دەخوێنرێن.

بۆ نموونە، ئەو دوعاى (سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَبِحَمْدِكَ، تَبَارَكَ اسْمُكَ، وَتَعَالَى جَدُّكَ، وَلَا إِلَهَ غَيْرُكَ)[1] کە پێش فاتیحە خەڵکى ئێمە دەیخوێنن. ئەو تەسبیحات و تەحمیدات و تەهلیلاتانەى کە لەم دوعایەدا هەن وەک ناوکەکانى نوێژ یان ئەرکانە مەعنەوییەکانى ئەو وان.

وەک دەزانرێت، کاتێک دەوترێت ڕوکنەکانى نوێژ، مەبەستى لێى کردەوە بنەڕەتییەکانە، وەک تەکبیرى دابەستن، قیام، قیڕائەت، ڕکوع، سوجدە و تەحیاتى کۆتایی. هەرچەندە ئەمانە بەکۆ لە قورئاندا نەهاتوون، وەلێ لە ئایەتە جیاوازەکاندا پارچە پارچە باسکراون. بەشێوەیەکى کۆش لە حەدیسى گوفتارى و سوننەتى کرداریدا ڕاگەیەنراون. فەقیهەکان لە دەقەکانى تایبەت بە نوێژەوە، مەرج و ڕوکنەکانى نوێژیان بەتەواوەتى دیاریکردووە و لە کتێبە فیقهییەکاندا وردەکارییەکانیان تاوتوێ کردووە. ئەو ڕوکنانەى کە ئەوان لەسەریان هەڵوێستەیان کردووە، شێوە و قاڵبى نوێژ دەخەنە گۆڕێ، واتە پیشانى دەدەن کە چۆن ئەنجام دەدرێت.

لەپاڵ ئەمەدا، نوێژ لایەن و ڕەهەندێکى مەعنەویشى هەیە. ئەمەش لە ماناى کردەوەکانى ناو نوێژ و دوعا خوێنراوەکانى ناویدا پەنهانە. فراوانیی ماناکانى ئەو ئایەتانەى کە لە قورئاندا دەخوێنرێن، بابەتێکى تەواو سەربەخۆیە. قورئان لەو ڕوانگەیەوە کە گوفتارى خوایە، موعجیزەیەکى کۆن نەبووى وەهایە کە ئاستى تێگەیشتنى هەموو چەرخێک دەدوێنێت. ئەو دوعا و تەسبیح و تەحمید و تەكبیر و تەهلیلى و زیکرانەى دیکەش کە لە نوێژەکاندا دەخوێنرێن، ئەمانەش هەڵگرى ماناى قووڵن. نوێژ، سەرلەبەرى زیکرە. ئەوەتا بە تەکبیر دەست پێدەکات، لەنێوان ڕوکنەکانیدا تەکبیر دەوترێت، لە ڕکوع و سوجدەدا ماناى تەسبیح دووبارە دەکرێتەوە، لە کاتى هەستانەوە لە ڕکوع و تەحیاتیشدا تەحمید هەیە… هەم تەکبیرى دابەستن و هەم دوعاى (سبحانک)ش کە پێش فاتیحە دەخوێنرێت، ڕوکنە مەعنەوى و ناوک و ماناکانی نوێژمان بیردەخەنەوە. بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوەیە لەپاڵ لەبەرکردن و وتنەوەى ئەم زیکر و دوعایانەدا، بگرە لەمەش زیاتر، گرنگى بە بیرکردنەوە و هەست پێکردن و چەشتنیان بدرێت.

جاروبار باسى نوێژى قوتابییەکانى مامۆستا نوورسیم کردووە. ئەوان، هاوڕێ لەگەڵ تەرکیزێکى جددیدا دەستیان بۆ لاى گوێیان بەرزدەکردەوە، هەتا ئەو کاتەى کە بەتەواوەتى لە ویژدانیاندا هەستیان بە ماناى تەکبیر و نوێژ دەکرد، دەنگى ناو خۆیان دەدۆزییەوە و خۆیان لە ماسیوا قوتاردەکرد، جارى وابوو چەند جارێک تەکبیرەکەیان دووبارە دەکردەوە و وەک بڵێیت گینگڵیان دەخوارد و دەیانناڵاند. کاتێکیش ئەم ساتەیان دەگرت، لەم درزەوە –گەر ئەم دەربڕینە گونجاو بێت- دزەیان دەکردە ناو نوێژەوە، دواى وتنى (أللە أکبر)یش دەستیان دەگرت. ئەگەر تەنها بە هۆکارى لاساییکردنەوەى ئەوان و بەشێوەیەکى دەستکرد وا بکەیت، نابێت. گرنگ ئەوەیە ئینسان ئەم شتانە لە ناخیەوە بێت و هەستى پێبکات. لە کاتى دەستپێکردنى نوێژدا خۆى بسڕێتەوە و نەمێنێت. چونکە هەتا “من” هەبێت، (کسوف وخسوف) هەر بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە هەستیش بە خوا ناکرێت. لەحاڵێکدا نوێژ بۆ ئەوە دانراوە کە ئادەمیزاد خۆى لەو نێوەندەدا بسڕێتەوە و پاشان بەشێوەیەکى ستوونى بەرزببێتەوە.

لە هەموو ڕووەکانەوە پاک و بێگەرد

دواى ئەوەى بە زیکرى (أللە أکبر) دەست بە نوێژ دەکەین، ئنجا دوعاى (سبحانک) دەخوێنین. لە سەرەتاى ئەم دوعایەدا، بە دەستەواژەى (سبحانک أللهم) تەسبیح و تەقدیسى خواى گەورە دەکەین. واتە ڕایدەگەیەنین کە ئەو لە هەموو جۆرە شیرک و شەریک و لاوازى و ناتەواوى و هەموو قسوورییەک کە پێچەوانەى کەماڵ و جوانییەکەى بن پاک و بێگەردە، هەروەها ڕایدەگەیەنین کە جگە لەو پەرستراوێکى تر نییە، هەموو شتێک تەنها سێبەرى نوورى وجودى ئەوە و هیچ شتێکیش ناتوانێت نوێنەرایەتیی سیفەتە بەرز و بڵندەکانى ئەو بکات. گەر لە ڕوانگەى موحیددینى عەرەبى و مەولاناوە بۆ بوون بڕوانن، دەتوانن بڵێن کە هەموو شتێک تەنها وەهم خەیاڵاتە. بەڵام ئەمە پێچەوانەى تەسەوورى زاتەکانى وەک ئیمامى ڕەببانى و مامۆستا نوورسى و ئیمامى غەزالییە و بەگشتیش پێچەوانەى بیروباوەڕى ئەهلى سوننەتە. سەرەڕاى ئەمە، بەگوێرەى ڕاى زانایانى ئەهلى سوننەت، حەقیقەتى شتان بریتین لە درەوشانەوەى ناوە ئیلاهییەکان. بەڵێ، بوون تەجەللیی ناوە خواییەکانە. بینینى ئەو ناوە ئیلاهییانەى کە لە بووندا دەدرەوشێنەوە و تێگەیشتنیش لە حەقیقەتى شتان، پێویستى بە ڕوانینە بۆ شتان لە گۆشەى بەسیرەتەوە. دەنا ئینسان تووشى جۆرێک لە کوێرێتى یان بەهەڵەداچوونى چاو دەبێت و وەک خۆى هەموو شتێک نابینێت و نابیستێت. ئەوکات بوونى ڕاستەقینە دەداتە پاڵ شتە مەجازییەکان. لە گوفتارى (سبحانک أللهم)دا کە گوزارشت لە تەسبیح و تەقدیسى خواى گەورە دەکات، دەکرێت بیر لەم مانایانە بکرێتەوە.

شایانى هەموو جۆرە حەمد و شوکرێک

دواى تەسبیح نۆرەى دەستەواژەى (وبحمدک)یە. گەر لە ڕوانگەى بەدیعوززەمانەوە بۆ بابەتەکە بڕوانین، ئەوا لە (سبحان أللە)دا تەجەللییەکى جەلالى بوونى هەیە. بەمەش گوزارشت لە واحیدییەتى ئەو دەکەین. بەڵام حەمد تەجەللییەکى جەمالییە و بەهۆیەوە ئەحەدییەتى خواى گەورە ڕادەگەیەنین. بەڕاى بەدیعوززەمان، واحیدییەت بریتییە لە تەجەلیی گشتیی خواى گەورە لە گەردووندا و نیشانەى گەورەیی و مەزنیی ئەوە. هەموو بوون سوود لەم درەوشانەوەیە وەردەگرێت. بەڵام درەوشانەوە ئەحەدى و جەمالییەکان بەگوێرەى توانا و لێهاتن و بەهرەى هەر بوونەوەرێک دێن. بۆیە کەسێک کە دەڵێت (سبحانک أللهم وبحمدک)، گوزارشت لە هەم تەجەللییە جەلالییەکان و هەم جەمالییەکان، هەم ڕەحمانییەت و هەم ڕەحیمییەت دەکات. بێگومان بۆچوونى جیاوازى دیکەش هەن لەمەڕ درەوشانەوە واحیدى و ئەحەدییەکان. بەڵام لەبەرئەوەى لێرەدا باسەکەمان ئەوە نییە، ناچینە ناو وردەکارییەوە. کەسێک کە دەڵێت (سبحانک أللهم وبحمدک)، پێویستە هەوڵى کۆکردنەوەى ئەم دوو ئاسۆیە و پەیبردن بە خاڵە هاوبەشەکانیان، بدات.

جگە لەمە، ئەوەى کە حەوت سوورەتى قورئان بە تەسبیح و پێنجیشیان بە حەمد دەستپێدەکەن، گرنگیی لەڕادەبەدەرى ئەم وشە پیرۆزانە دەردەخەن. بەهەمان شێوە، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەم فەرموودەیەیدا گرنگیی تەسبیح و تەحمیدى خواى گەورە دەخاتە گۆڕێ: (كَلِمَتَانِ خَفِيفَتَانِ عَلَى اللِّسَانِ ثَقِيلَتَانِ فِي الْمِيزَانِ حَبِيبَتَانِ إِلَى الرَّحْمَنِ سُبْحَانَ اللَّهِ وَبِحَمْدِهِ سُبْحَانَ اللَّهِ الْعَظِيمِ)[2] “دوو وتە هەن لەسەر زمان سووکن، لە تەرازوودا قورسن و لاى ڕەحمانیش خۆشەویستن: ). ماناى وایە ئەم دوو وتەیە کە هەرگیز وتنیان قورس نییە، لە ئاخیرەتدا هیچ ئۆباڵ و خەتا و گوناهێک ناتوانن خۆیان لەبەرامبەریەوە ڕابگرن. هەرچییەک بخرێتە تاکەى بەرامبەرى، کاتێک ئەم دوو وتەیە دەخرێتە تاى تەرازوو، قورستر دەبێت. بەڵام جارێکى دیکەش با ئەوە بیربهێنینەوە کە گرنگ هەستکردن و بیرکردنەوە و چەشتنى ئەم مانایانە نە تەنها دووبارەکردنەوەیان.

سەرچاوەى خێر و بەرەکەت

لەدواى تەسبیح و تەحمید، ئنجا دەڵێین (وتبارک اسمک). ئەم دەستەواژەیەى کە بە ماناى “ناوى تۆ چەند پیرۆز و بەرزە” دێت، بەهۆیەوە ڕایدەگەیەنین کە بەرزى و بڵندیی ناوى خوا بۆ ئێمە کانگاى خێر و بەرەکەتە. هەرچەندە دەتوانرێت هاوواتاى “موبارەک” بۆ ئەم وشەى (تبارک)ش بەکاربهێنرێت، بەڵام بوارى بەکارهێنرانى وشەکە خۆى، جیاوازە. بۆیە وا گونجاوترە وشەکانى وەک (مقدس، مبجل، منزه) بەکاربهێنرێن. بەگوێرەى ئەم واتایە، خواى گەورە لە هەموو ئەو “عەرەز”انەى کە لە شەئنى بەدیهاتووانن و لەگەڵ شانوشکۆى ئەودا ناگونجێنن، پاک و بێگەرد و بەرى و خاوێنە. لەهەمان کاتیشدا ئەو سەرچاوەى بەرەکەتە. بۆ نموونە، لە سەرەتاى سوورەتى (الفرقان)دا دەفەرمووێت: ﴿تَبَارَكَ الَّذِي نَزَّلَ الْفُرْقَانَ عَلَى عَبْدِهِ لِيَكُونَ لِلْعَالَمِينَ نَذِيرًا﴾ (سورة الفُرْقَانِ: 25/1). لەبەرئەوەى سوورەتى فورقان پەیوەندیدارە بە خودى قورئان خۆیەوە، لەگەڵ قورئانیشدا بەرەکەتى خواى گەورە بۆ سەرزەوى دابەزیوە و خەڵکیش لەم ڕێگایەوە بە بەرەکەتى بەرینى قورئان گەیشتوون، ئەوا لێرەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە زاتى ئولوهییەت سەرچاوەى پیت و بەرەکەتە و بەرز و پیرۆز و خاوێنیشە. لە ئایەتە جۆراوجۆرەکانى سوورەتەکەدا گوزارەى (تبارک) چەند جارێک دووبارە دەبێتەوە.

لە دەستەواژەى (وتبارک اسمک)دا زیاتر باس لە موبارەکیی ناوى خوا دەکرێت وەک لە ڕاستەوخۆ خوا خۆى. لێرەدا ناچمە سەر ئەو مشتومڕە کەلامییەى کە داخۆ ناوەکانى خواى گەورە خودى زاتن یان غەیرى ئەون. ئەوەى کە بە ناوەکان گوزارشتى لێوە دەکرێت، زاتى ئولوهییەتە. “نییازیی میسڕى” دەڵێت: “بۆ عاریف لە ئەشیادا ئەسما دەبینرێت/لە جوملە ئەسماشدا موسەمما دەبینرێت.”

خاوەنى گەورەیی و مەزنى

دەستەواژەى (وتعالى جدک)یش بە ماناى “شانوشکۆى و عیززەتى تۆ چەند بەرز و گەورەیە.” وەک دەزانرێت، یەکێک لە ناوەکانى خواى گەورە (متعال)ە. واتە خاوەنى بەرزى و ڕەهایەتییەکى زاتییە. ئەمەش گوزارشتێکى دیکەیە بۆ دەربڕینى گەورەیی و مەزنیی ئەو. هەندێک لە دۆستانى خوا لە ئەورادەکانیاندا پەنایان بۆ ئەم ناوە پیرۆزە بردووە و بەم جۆرە پاڕاونەتەوە: (يَا مُتَجَلِّي اِرْحَمْ ذُلِّي يَا مُتَعَالِي أَصْلِحْ حَاِلي) “ئەى موتەجەللى، بەزەییت بە زەلیلیمدا بێتەوە. ئەى موتەعال، حاڵم چاک بکە!”

ئنجا دوعاکە بە (ولا الە غیرک) کۆتایی دێت. لێرەدا دەڵێین: “خوایە گیان، جگە لە تۆ پەرستراوێکى تر، مەعبودى شاییستە و مەقصودى شاییستە بوونى نییە. کەوایە چۆن جگە لە تۆ ڕوو لە دەرگایەکى تر بکەم! پشت لە ماسیوا دەکەم و بە هەموو بوونم ڕوو لە تۆ دەکەم، پەنا بۆ عینایەت و ڕیعایەتى تۆ دەبەم، هانا بۆ ڕەحمەت و بەخشندەیی تۆ دەهێنم.”

نزیکى لەناو نزیکیدا

کەسێک کە خۆى بۆ نوێژ ئامادە دەکات، بە بیستنى دەنگى بانگ یەکەم هەنگاوى تەرکیزکردن دەنێت و دەکەوێتە ڕێ. بەتایبەت ئەگەر دەنگ و سەداى بانگبێژ هەستەکان ببزوێنێت، هێندە حەزین و جوان بێت کە خەشیەت بخاتە دڵى ئادەمیزادەوە، ئەوا زیاتر هەست بە کاریگەریی بانگ دەکرێت. کاتێک دەستنوێژ دەگرێت، هەنگاوێکى تر دەنێت. کاتێک پێ دەنێتە ناو مزگەوتەوە و هەواى ئەوێ هەڵدەمژێت، هەنگاوێکى تر دەنێت. ئەو سوننەتانەش کە پێش نوێژەکان دەکرێت، کەسەکە بۆ نوێژى فەرز ئامادە دەکەن. هەموو ئەم شتانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەى ئامادەبین بۆ چوونە حزوورى خوا، بەتەواوەتى هەست بە نوێژ بکەین، بە ئیخلاص و صەمیمییەتەوە بچینە ناو کارەکەوە.

هەریەک لە تەکبیرى دابەستن، دوعاى (سبحانک) و کردەوەکانى ترى ناو نوێژ، ئینسان بۆ گرنگترین ڕوکنى نوێژ کە سوجدەیە ئامادە دەکەن. گەرچى نوێژ خاوەنى خەسڵەتى نزیکخستەوەیە، بەڵام ئەگەر پێگەیەک هەبێت کە نزیکى بێت لەناو نزیکیدا، بێگومان ئەوە سوجدەیە. پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى بەندە لە سوجدەدا نزیکترینە لە خواوە و ئامۆژگاریی کردووین کە دوعاى زۆرى تێدا بکەین[3]. بۆیە سوجدە ئەو شوێنەیە کە تێیدا دەست بۆ قوفڵى دەرگاى خواوەندە دەبرێت، تێیدا زیکرى (سبحان ربي الأعلى) دەوترێت و ناوى شکۆمەندى زاتى ئولوهییەت دەوترێتەوە. بەم جۆرە، کەسێک کە بە (سبحانک أللهم) و تەسبیحات دەست بە نوێژ دەکات، لە سوجدەشدا کە نزیکترینە لە خواوە لە تەسبیحات بەردەوام دەبێت. وەک پێشتریش وترا، گەرچى شکڵ و شێوەش گرنگیی خۆى هەیە، بەڵام گرنگ تێپەڕاندنى شکڵ و شێوە و ڕواڵەت و وتنى ئەم زیکرانەیە بەجۆێک کە لە ویژداندا هەستیان پێبکرێت.

خواى گەورە ڕۆح و حەقیقەتى نوێژ بدات بە گوێى ڕۆحماندا! ئامین!

 

[1] صحيح مسلم، الصلاة، 52؛ سنن أبي داود، الصلاة، 122.

[2] متفق عليه.

[3]أَقْرَبُ مَا يَكُونُ الْعَبْدُ مِنْ رَبِّهِ عَزَّ وَجَلَّ وَهُوَ سَاجِدٌ فَأَكْثِرُوا الدُّعَاءَ“. صحيح مسلم، الصلاة، 215؛ سنن أبي داود، الصلاة، 151.