ڕێبازمان

ڕێبازمان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

لە سەردەمێکى زۆر سەختدا دەژین کە تێیدا کاولبوونى یەک لەناو یەک ڕوودەدات، بەها دینییەکان ڕووخاون، تەنانەت ئەوانەش کە ڕوویان لە یەک قیبلەیە بوون بە دوژمنى یەکتر. ئەو شوورایانەى کە قورئان و سوننەت و پیرۆزییەکانیان دەپاراست داڕمان. چەندین کارى هەرزە و نزم کە ئاسمان و ڕێسمان پێچەوانەى دین و ئیمان و قورئانن، جلى دینیان لەبەرکراوە. دین کراوە بە ئامڕازێک بۆ بەدەستهێنانى دونیا. تێبینییە سیاسییەکان هاتن و لەسەر تەختى دین دانیشتوون. دەرد و نەخۆشى زۆرە، بەڵام کەسێک نابینیت داخى ئەم نەخۆشییانە بخوات. بەداخەوە تەنانەت ئەوانەش کە دەبوو خەمى موسڵمانێتى بخۆن، شوێن داهاتووى گەشى خۆیان کەوتوون. حەقیقەتەکانى تایبەت بە ئیمان و قورئان بێخاوەنن. ئەو دەستوورە گشتى و گەردوونییانەى کە فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) هێناونى، غەریب و لانەواز کەوتوون. وا هەستدەکەم کاولکارییەکانى سەردەمى خاچپەرستەکانیش هێندە قووڵ نەبووە. چونکە ئەوکات دڵەکان پێکەوە لێیان دەدا. لەناو کۆمەڵگادا جیابوونەوەى ترسناکى وەک ئەمڕۆ نەبوو. کۆمەڵێک پاڵەوان هەبوون کە سنگیان دەکردە سپێر لەبەردەم هێرشەکاندا.

لەم ڕۆژگارە عیفریتییەدا کە ڕووخاوەنەکان یەک بەدواى یەکدا دێن، خەم و خەفەتى ئیسلام لەبیرکراوە، هیچ کاتێک هێندە پێویستمان بە قارەمانانێک نەبووە کە پەیکەرى ڕۆحمان هەستێننەوە سەرپێ، کارێکى زۆر دەکەوێتە سەرشانى ئەو پاڵەوانانەى کە خۆیان بۆ ئیمان و قورئان تەرخانکردووە. ئەو ئەرکەى کە ئەوان ڕایدەپەڕێنن هەم زۆر سەخت و هەم هێندەى سەختییەکەشى بەنرخە. پێویستە ئەوە لەبیرنەکرێت کە ڕوونبوونەوەى تاکە بابەتێکى ئیمانى لاى تاکە کەسێک، لە هەزاران کەرامەت گەورەترە. گەر لەسەر ئاو بڕۆن، بە هەوادا بفڕن و دەست لەناو دەستى مەلائیکەتانیش هەنگاو بنێن، هێشتا لەچاو بە قبووڵکرانى ڕاستییە ئیمانییەکان لە دەروونەکاندا و بوونیان بە بەشێکى دانەبڕاو لە سروشتەکان، وەک دڵۆپێک وایە لە دەریادا. کە حاڵ بەم جۆرە بێت، کەوایە خۆتان گەورەیی و بەهاى زیندووبوونەوەى تەواوى کۆمەڵگا و دەستپێکردنى بزووتنەوەیەکى نوێى ژیانەوە بقەبڵێنن.

یەکێک لە وەزیفە لەپێشەکان لەپێناو چاککردنەوەى کاولکارییەکان، بریتییە لە ڕێگریکردن لەو ناکۆکى و پەرتەوازەییەى کە لەمڕۆدا وەک نەخۆشیی بڵاوى لێهاتووە و هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ یەکخستەوەى دڵەکان. نابێت بهێڵین لە دڵماندا پەرچەکردار بەرامبەر بە هیچ کەسێک دروست ببێت. هەموو کەسێک بەحەتمى پێویستە لە دونیاى ئێمەدا  شوێنێکى تایبەت بە خۆى دەست بکەوێت. ئەمە بۆ هەندێک ژوورى حەرەمە، بۆ هەندێک هۆڵى پێشوازییە، بۆ هەندێکیش داڵانێکە. بەڵام دەرەنجام هیچ کەسێک کە هاتووەتە ناو دونیاى ئێمەوە بەپێوە نامێنێتەوە و دەرناکرێت. چونکە مەحاڵە بە شێوازێکى دیکە ئەو هەموو شکان و ڕووخان و کاولکارییە نۆژەن بکرێتەوە کە لە دونیاى مرۆڤایەتى و جیهانى ئیسلامدا ڕوویانداوە. بە لایەنى کەمەوە دەبێت کەسانێک سینەیان بۆ هەمووان واڵابکەن، هەموان لە باوەش بگرن، هەتا ببن بە نموونە بۆ کەسانى تریش و دواى ماوەیەک ئەوانەش کە هەمیشە بەدواى ناکۆکى و دووبەرەکییەوەن لە ژینگە و کەشى ئەواندا نەرم ببنەوە. گەر دڵەکان نەرم ببن کەشى دونیاش نەرم دەبێت.

لەم بوارەدا یەکێکى تر لە ئەرکە گرنگەکان ئەوەیە یارمەتى خەڵک بدرێت لە نهێنییەکانى مەزهەرییەت و بەدیهاتن لە (أحسن تقویم)دا تێبگەن و داخوازییەکانى ئەم پێگەیە جێبەجێ بکەن. بە دەربڕینێکى جیاواز، لە هەموو کاتێکى تر زیاتر پێویستمان بەوەیە جارێکى دى مرۆڤێتى بدەینەوە بە گوێیاندا، ماناى مرۆڤبوونیان بۆ شیبکەینەوە، خەسڵەت و بەرزێتیی ناو بەدیهاتنى خۆیان بۆ ڕوونبکەینەوە. ئەگەر دەمانەوێت توندوتیژى و تووڕەیی و نەفرەت بشکێن و ئاشتى و خۆشەویستى باڵ بەسەر دونیادا بکێشن، ئەوا دەبێت بەدواى ئەو ڕێگایانەدا بگەڕێین کە مرۆڤایەتى لە ئاستى هێزەوە بۆ دۆخى کردار دەگوازنەوە.

بەدیعوززەمان گوتەنى، ئیمان لەناو خۆیدا هەڵگرى تۆوى مەعنەویی درەختى تووباى بەهەشتە و کوفریش لە ڕووى مەعنەوییەوە ناوکى درەختى زەققومى دۆزەخى لەناو خۆیدا هەڵگرتووە. یەکێکى دیکە لە بەرپرسیارێتییەکانى ڕۆحە خۆتەرخانکەرەکان ئەوەیە هیممەتى خۆیان لە خزمەتى ئیماندا چڕبکەنەوە هەتا ئەم ناوکى تووبا بەهەشتییە نەشونما بکات و بە هەموو لایەکدا لق و پەل بهاوێت؛ لەبەرامبەریشدا تۆوى زەققومى دۆزەخیش بگەنێت و لەناوبچێت. بە دەربڕینێکى تر، خەڵکى لە موسڵمانێتیی شێوەیی و ڕواڵەتى و تەقلیدییەوە بۆ موسڵمانێتیی قەلبى و ڕۆحى بیانگوازینەوە. بەم شێوەیە، لە ڕازى مەزهەرییەتى (أحسن تقویم) تێدەگەن، تامى ئیمان دەچێژن، جوان دەبینن، جوان بیردەکەنەوە، بەردەوام شوێن جوانییەکان دەکەون و هەر لەم دونیایەدا لە دڵیاندا هەست بە بەهەشت دەکەن. ئەو کەسانەى کە دەڵێن “مادەم خوا هەیە کەواتە خەممان نییە”، بەرامبەر بە ناڕەحەتییەکانى ژیان تەسلیم نابن و لەناو لافاوى جۆراوجۆرى ترس و ئەندێشەکاندا ون نابن.

لەمڕۆدا تەوژمى نکووڵیکردنى خوایەتى و ئولوهییەت زۆر بەربڵاوە. تەوژمەکانى وەک “ئاتەییزم”، “دەییزم”، “ئاگنۆستیسیم” بەشێوەیەکى ترسناک خەڵک بۆ ناو خۆیان کێشدەکەن. بۆیە دروستکردنى کۆمەڵێک شوورا لەبەردەم هەموو جۆرەکانى کوفر و گومڕاییدا، خەباتکردن لە دژى بیرۆکەى بێباوەڕى، لە گەورەترین وەزیفەکانى ئەوانەن کە خۆیان بۆ خزمەتى ئیمان تەرخانکردووە. ئێمەمانان وەک ئیماندار باوەڕمان وایە لە ئاخیرەتدا نیعمەتە هەمیشەییەکان چاوەڕێى بەندە چاکەکارەکان دەکەن و ئارەزوو دەکەین هەموو مرۆڤەکانیش ئەم نیعمەتانەیان دەستگیر ببێت. پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) بەدرێژایی تەمەنى پیرۆزى هەوڵى بۆ ئەمە نەداوە و لەم پێناوەدا هەمیشە لە دڵیدا هەڵگرى تاسە و خەمێکى قووڵ نەبووە؟ ئەو، دەیویست هەموان بگەن بەو جوانییانەى کە خۆى بینیونى، بیستوونى و دەرکى کردوون. لەتاو ئەوەى خۆزگە خەڵکیش نەفسى خۆیان تێدەپەڕاند، پێیان لە هەواى خۆیان نەدەگیرا و پێى دەگەیەشتن، بە ئازارەوە دەتلایەوە. بیر و هەستى کەسێکیش کە لە دڵەوە باوەڕى بە خوایە دەبێت بەم جۆرە بێت.

بەگوێدادانى هەمان حەقیقەت بۆ تێکڕاى خەڵکانێک کە خاوەنى باوەڕ و کەلتوورى جیاوازن و کۆکردنەوەیان لەسەر هەمان هێڵ، کارێکى زۆر زەحمەتە. گرنگ ئەوەیە بۆ هەموو ئاست و پێگەیەکان قسەیەکمان بۆ وتن پێ بێت. بەم جۆرە دەتوانین لە هەندێکدا جۆرێک لە گرنگی پێدان بەرامبەر بە بەهاکانى خۆمان بوروژێنین، دەتوانین کوفرى ڕەهاى هەندێک کەس بشکێنین، هەندێک بە “ئەعراف” دەگەن، هەندێکیان دەبنە هاوسۆز و هەندێکیش دەبنە دۆست، هەندێکیش لە ناخیاندا مەشخەڵى ئیمان دادەگیرسێت. هەموو ئەم شتانە قازانجن. پێغەمبەر (ص) فەرموویەتى هیدایەت وەرگرتنى تاکە کەسێک لەسەر دەستى ئێمە، وەرچەرخانى دیدى ئەو کەسە بەرەو ئەبەدییەت و خواى گەورە، زۆر چاکتر و خێرترە لە چەندین دۆڵى پڕ لە وشترى سوور[1]. ئیتر مەگەر خوا بزانێت بوون بە هۆکارى زیندووبوونەوە بۆ کۆمەڵێک، میللەتێک یان تێکڕاى مرۆڤایەتى دەبێت چەند گەورە و بەنرخ بێت!

بەڵام دەبێت بەحەتمى بزانرێت کە ئەوانەى دڵیان بە دەعوایەکى هێندە پیرۆز داوە، هەرگیز ئەهلى دونیا لێیان ناگەڕێن. دەکرێت فشارى جۆراوجۆریان بخرێتە سەر، هەڕەشەیان لێبکرێت، نەفى بکرێن، ستەمیان لێبکرێت، لە مافە هەرە بنەڕەتییە ئینسانییەکان بێبەش بکرێن و بخرێنە زیندانەکانەوە. بەڵام ئەوان کاتێک تووشى ئەم مەینەتییانە دەبن، پێویستە بڵێن: “گەر بێت لە جەلالت جەفا، یاخود لە جەمالت وەفا/هەردووکیان بۆ گیانم سەفا، لوتف خۆش و قەهریشت خۆش” و هەرچییەکیان بەسەربێت، بە سەبر و ڕەزامەندییەوە پێشوازى لێبکەن. لە ڕۆژگارێکى لەم جۆرەدا کە هەزاران بابەتى تایبەت بە قورئان و ئیمان چاوەڕێى موتاڵاکران و لێکۆڵرانەوە دەکەن، دەبێت گوێ بەم جۆرە ناڕەحەتییانە نەدرێت، نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە هەتا ئەمڕۆ چەندەها زاتى مەزن تەنها لەپێناو تاکە مەسەلەیەکى قورئاندا ژیانى خۆیان خستووەتە مەیدان و تەمەنیان لە بەندیخانەدا بەسەربردووە.

وا هەستدەکەم کاتێک ئەمە دەڵێم، زۆرکەس حەزرەتى ئەحمەدى کوڕى حەنبەل دێت بە خەیاڵیدا. یەکێک بووە لە ئیمامە مەزنەکانى بوارى فەرموودە لە سەردەمى خۆیدا و زاهیدترین و تەقوادارترین کەسى ڕۆژگارى خۆى بووە. هێندەى دەنکە جۆیەک حەرام نەچووەتە ناو دەمى و ڕوانینى بۆ دونیا هەرگیز لێڵ نەبووە. ئەم ئیمامە گەورەیە، لەلایەن خەلیفەى عەبباسییەکانەوە کە کەوتبووە ژێر کاریگەریی هەندێک لە ئەهلى ئیعتیزال، لەسەر تاکە مەسەلەیەکى قورئان چەندەها مانگ زیندان کراوە، تینوو و برسى کراوە، قامچى لێدراوە و ئەشکەنجە دراوە. ئەو، لەپێناو تاکە مەسەلەیەکى ئیسلامدا هەموو ئەم شتانەى لەبەرچاو گرتووە. چونکە حەزرەتى ترساوە گەر لەم بابەتەدا تەنازول بکرێت و دەرگا لەسەر ڕاڤەى جیاواز بکرێتەوە، ئەوا لەوانەیە دەرگا بۆ لێکدانەوەى بوێرانەتر بەرامبەر بە قورئان واڵاببێت. بۆیە گوێى بەو قامچییانە نەداوە کە لە پشتى دراون. لە سایەى ئەم پاڵەوانانەدایە ئەو بەهایانەى کە باوەڕمان پێیانە هەتا ئەمڕۆ بەسەلامەتى گەیشتوون.

هەزاران جار سوپاس بۆ خوا کە پاڵەوانانى حەقیقەتیش لەم ڕۆژگارەدا خزمەتى گەورەیان بە ئیمان و قورئان کردووە. لەپێناو هەستاندنەوەى بەها ڕووخێنراوەکان بەرگەى هەزار و یەک فیداکارییان گرت. بە خزمەتەکانیان تێکۆشان بەربەستەکانى نێوان خەڵک و خوا هەڵبگرن. بە هەر جێیەک گەیشتن ناوى حەزرەتى (روح سید الأنام)یان گەیاند و خۆشەویستیی ئەویان لەسەر دڵەکان نەخشاند. لەپێناو ئەو ئیمانەى کە باوەڕیان پێیەتى و خزمەتى قورئاندا هەرچییان هەبوو و نەبوو خستییانە مەیدان، خۆیان کرد بە خاوەنى خوێندکارەکان، دەستى یارمەتییان بۆ لاوان درێژکرد. لە ڕێگەى ئەو دامەزراوانەوە کە کردیانەوە، لە دژى نەزانى و هەژارى و ناکۆکى خەباتیان کرد. بەهۆى ئەو چالاکیی دیالۆگ ئاشتەواییەوە کە لە هەر چوار لاى دونیادا بەرپایان کرد، دڵەکانیان نەرم کرد، پردى خۆشەویستییان بونیاتنا و ڕێگرییان لە توندوتیژى و ڕق کرد. بەکورتى، خوا کارى گەورەی پێکردن. خزمەتێکى هاوشێوەى ئەوەى صەحابییەکانى بەوان ئەنجامدا.

ئەمەش مەزهەرییەتێکى هێندە گەورەیە لەپێناویدا بەرگەى هەرچییەک بگرن هێشتا کەمە. بۆیە گوێ مەدەن بەوەى شاگردەکانى شەیتان لە دژى ئەم کارانە بجووڵێنەوە. ئەو مەحرومییەت و مەزڵومییەت و دەستەبەسەرى و بەندکراوییەک کە بەسەرتان دێت لە بەرچاوتاندا گەورەى مەکەن؛ هەتا دڵتان لە ڕێگاکەتان گەرد نەگرێت. لەبیرتان نەچێت هەرکەسێک بە زوڵمکردن لە خەڵک دونیاى خۆى ئاوەدان بکاتەوە، کۆتاییەکەى وێران دەبێت. خوا مۆڵەت بە زاڵم دەدات، بەڵام هەرگیز بێسزا وازى لێناهێنێت. ستەمکارانى ڕابردوو چۆن لەناوچووبوون، بەهەمان شێوە و لە داهاتوویەکى زۆر نزیکدا زاڵمانى ئەمڕۆش وایان لێدێت کە شایانى بەزەیی بن، وەک درەختانى بێ ڕەگ و ڕیشە بەسەر ملى یەکتردا دەکەون، دەبینن چۆن وەک ئەوەى داواى یارمەتیتان لێبکەن بەدەم ئازارەوە لە ڕوخسارتان دەڕوانن. بۆیە ئەگەر کەسانێک هەبن کە حاڵیان شایانى گریان بێت، ئەوا ئەو زاڵمانەن کە ئێستا بە هێز و دەسەڵاتى خۆیان سەرخۆش بوون. هەموو ئەم شتانە دەڵێم چونکە باوەڕى تەواوەتیم بەو سوننەتە خواییە هەیە کە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا دەستبەکار بووە.

بۆیە پێویستە زاڵمان حەواڵەى خوا بکەین و سەرقاڵى کارى خۆمان بین. خوا هەتا ئێستا چەندین برا و خوشکى هیممەت بەرزى بە ئێمە داوە. پاڵەوانانێکى بەنسیب کردووین کە جانتایان داوە بە لایەکى شانیاندا بێئەوەى بزانن کە بەرەو کوێ دەڕۆن. لە ڕێگەى ئەو فیداکارانەوە کە تەمەنیان بۆ ئەم دەعوایە تەرخانکردووە هێزى پێبەخشى. ئێمەش ئەم هێز و توانایەى کە خوا پێى بەخشیوین پێویستە لە دامەزراندنى پەیکەرى ڕۆحماندا، لە شەکاندنەوەى ئاڵاى ڕۆحى ڕەوانى موحەممەدى (صلى اللە علیە وسلم) لە هەموو جێیەکدا، لە گەیاندنى دڵەکان بە خوا، لە دابینکردنى خۆشەویستیی نێوان خەڵک ئیتر بیروباوەڕ و تێگەیشتنیان هەرچییەک بێت، لە نەرمکردنى دڵەکاندا بەکارى بهێنین. ئەوکات مافى نازناوى “براکانم” کە پێغەمبەر (صلى اللە علیە وسلم) فەرموویەتى بەدەستدەهێنین. گەر ئێمە لێرە دڵ بە دەعواکەى ئەو بدەین، ئەویش لەوێ خۆى دەکات بە خاوەنمان. هەرکەسێکیش ئەو خۆى بە خاوەن بکات، زایە نابێت. بە ئیزنى خوا، ئەوان بەنێو دەرگا نەبڕراوەکاندا تێدەپەڕن و دەبنە مەزهەرى نیعمەتە هەمیشەییەکان.

[1] يقول سيدنا رسول الله صلى الله عليه وسلم: “لَأَنْ يُهْدَى بِكَ رَجُلٌ وَاحِدٌ خَيْرٌ لَكَ مِنْ حُمْرِ النَّعَمِ“. صحيح البخاري، الجهاد والسير، 114.