بەجیهانیبوون، ڕەگەزپەرستى و ناسنامەکان

بەجیهانیبوون، ڕەگەزپەرستى و ناسنامەکان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

وا گومان دەبرا کە بەجیهانیبوون جیاوازییەکانى نێوان خاوەن بەها و کەلتوورە جیاوازەکان کەمدەکاتەوە، شوناس و ناسمانەکان لاوازدەکات و بەسەر هەستى نیشتمانپەروەیدا زاڵدەبێت. وە دیسان وا گومان برا هەتا دونیا بەرەو ئەوە بڕوات کە وەک گوندێکى لێبێت، ئامڕازەکانى گەیاندن و ڕاگەیاندن لەناو خەڵکدا پێشبکەون و بیرى فرەیی ڕەگ دابکوتێت، ئەوا ڕەنگ و نەخش و جیاوازی نێوان کۆمەڵگاکان لەناودەچێت. تەنانەت وترا خەڵک خۆشەویستى و وابەستەییان بە عادەت و دابونەریت و دین و کەلتوورى خۆیانەوە نامێنێت. باسى لە هاوڵاتیی جیهانی کرا. بەڵام ئەم پێشبینییانە نەیانپێکا. پێشهاتەکان بەو جۆرە نەبوون کە گومان دەبرا. وەک چۆن جیاوازییەکان لەناونەچوون، مرۆڤەکانیش لێبوردەیی و تەحەممولیان بەرامبەر ئەم شتانە پتر نەبوو. چونکە کاتێک گوزارشت لەم جۆرە پێشبینییانە دەکرا، وەک پێویست سەرنج لە سایکۆلۆجیی مرۆڤەکان نەدرابوو.

مرۆڤ، وەک داخوازییەکى سروشتى، وەک چۆن کاردانەوە بەرامبەر بە میکرۆب و بەکتریایەک کە دێنە ناو لاشەیە دەنوێنێت، بەهەمان شێوە پەرچەکردار دەنوێنێت لەبەرامبەر ئەو بیر و بۆچوونە بیانییانەوە کە پێیان ئاشنا نییە؛ بەتایبەت ئەگەر ئەم شتانە وەک هێرش و مەترسییەک ببینێت بۆ سەر بەهاکانى خۆى. لە دونیاى هاوچەرخدا چەندین کۆمەڵگا وا بیریان کردەوە کە بەجیهانیبوون و بەمۆدێرنبوون و پلوڕالیزم نۆرمە ئەخلاقییەکانیان دەڕزێنێت و مەنزوومەى بەهاکانیان دەشێوێنێت؛ بۆیە کاردانەوەیان نواند و زیاتر باوەشیان کرد بەو هەستە هاوبەشانەدا کە کردوونى بە نەتەوە و میللەت. بێگومان هەندێک لەو سیاسەتە زۆردار و سەپێنەرانەش کە بە ناوى بەمۆدرێنکردنەوە ئەنجامدران، ئەم پەرچەکردارەیان زیاتر کرد. ئەو کەسانەى کە تووشى فشار و پەستان بوونەوە، هێندەى تر هەستیار بوون بەرامبەر بەو بەهایانەى کە خاوەنیانن و کەوتنە حاڵەى ئامادەباشیی بەردەوامەوە. ئەوەش حەقیقەتە کە بێگومان جووڵانەوە کاردانەوەییەکان ناتوانن هاوسەنگى بپارێزن. زیادەڕەوییەکان کورتڕەوییەکان بەرهەم دێنن. بۆیە ئەوانەى کە بەجیهانیبوونیان وەک هەڕەشە دەبینى، تەنها بەوەوە نەوەستان کە بەها میللى و دینییەکانیان بپارێزن، بەڵکو کاردانەوەکەیان تا سنوورى شۆڤێنیزم و ڕەگەزپەرستى و دوژمنایەتیی غەیرى خود برد.

دەبێت ئەوە لەبیرنەکرێت، هەر هەنگاوێک کە دەنرێت و هەر پڕۆژەیەک کە دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، گەر تێیدا پێکهاتەى سروشتیی مرۆڤ، پێداویستییە ماددى و مەعنەوییەکانى، هەست و نەستەکانى و ئەو بەهایانەى کە وابەستەیانە ڕەچاو نەکرێت، گەیشتن بە ئامانج مومکین نابێت. ئەگەر شتێکى نوێ پێشکەش بە مرۆڤایەتى بکرێت، ئەوا دەبێت حەتمەن لە چوارچێوەى ڕێزگرتنى بەها مرۆییەکاندا پێشکەش بکرێت. بە بێڕێزیکردن بەرامبەر بە بیروباوەڕ و تێگەیشتن و فەلسەفە و هەستە میللى و دینییەکان ناتوانن هیچ شتێک بە هیچ کەسێک بگەیەنن. بەڵکو بەم کارە تەنها بێڕێزى بەرامبەر بە شتە پێشکەشکراوەکەى خۆت دەبزوێنیت. بەتایبەت ئەگەر خۆت لە کەسانى تر بەرزتر ببینیت، لە بڵندییەوە تەماشایان بکەیت و وەک کەسانێک بیانبینیت کە پێویستە بخرێنە سەر ڕێ، ئەوا بێگومان ڕق و قینیان دەوروژێنیت. ئەگەر دەتانەوێت لە ڕۆژگارى مۆدێرندا کە دونیا وەک دێیەکى بچووکى لێهاتووە، شوناس و ناسنامەکان هۆکارى دەوڵەمەندى بن نەک ئامڕازى پێکدادان، ئەوا دەبێت هەموان لە پێگەى خۆیاندا قبووڵ بکەن.

نیشتمانپەروەریی ئیجابى

پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) کە لەناو کۆمەڵگاى عەرەبدا گەورەبووە و بەڵام پەیامێکى جیهانى هێناوە، هاوشێوەکى گشت بابەتەکانى تر، لەم مەسەلەیشدا شێوازى جووڵانەوەکەى شایانى ئەوەیە وەک نموونەى چاولێکراو تەماشابکرێت. لەبەر ئەم هۆیەیە کە ئیسلام لە ماوەیەکى کەمدا هەم لەنێوان هۆزە عەرەبەکاندا و هەم لەناو نەتەوە و کەلتوورە جیاوازەکانى تردا قبووڵکراوە. پەیامى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) سەرەتا لەناو تیرەى قوڕەیشدا، پاشان لەناو ئەو هۆزانەى دیکەدا کە جەنگ یان کێبەرکێ لەنێوانیاندا هەبووە، پاشان لەناو ڕۆمانییەکان و ساسانییەکاندا کە دوو زلهێزى ئەوکاتى جیهان بوون، بە خەڵکانێکى زۆر گەیشتووە. بەڵێ، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەستى نەتەوایەتى بەشێوەیەکى زۆر هاوسەنگانە بەکارهێناوە، گرنگى بە نەتەوەپەروەرییەکى ئیجابى داوە کە ڕێز لە هەستى میللیی تیرە و نەتەوە جیاوازەکان دەگرێت، نەک نەتەوەپەروەرییەکى سەلبى و نەرێنى. گەرچى ڕەتى ئەوە دەکاتەوە کە ڕەگەز و نەتەوە و ڕەگ و ڕیشە هۆکارى ئیمتیاز و بەرزى بن، وەلێ خودى ئەم شتانە ڕەتناکاتەوە؛ ئەو هەستانەى کە لە مانەوە سەرچاوە دەگرن، لەپێناو دین و دینداریدا، وەک قەڵایەکى پارێزەر بۆ ئەو کۆمەڵگایەى کە دایمەزراندووە، بەکارى هێناوە.

ئەوەش کە عوسمانییەکان بەدرێژایی چەندین سەدە توانییان خەڵکانى نەتەوە و کەلتوورە زۆر جیاوازەکان لەژێر چەترى هەمان دەوڵەتدا کۆبکەنەوە و بەشێوەیەکى ڕێکوپێک ئیدارەیان بکەن، لە هەمان هۆکارەوە سەرچاوە دەگرێت. عوسمانییەکان، لەدواى صەحابییەکان، کامڵترین سیستەمى دەوڵەتدارییان دامەزراندووە و شێوازێکى بەڕێوەبردنى هێندە گشتگیر و لەخۆگر و پلوڕاڵیستییان پەیڕەوکردووە، کە دەرەنجام توانیویانە لە ماوەیەکى زۆر دوورودرێژدا ئەو هەموو نەتەوەیە بە ئاشتى و ئارامى پێکەوە کۆبکەنەوە. کاتێک بەهاکانى خۆیان خستووەتە گۆڕێ سووکایەتییان بە بەهاى خەڵکانى تر نەکردووە، بێڕێزییان بەرامبەر نەکردوون، پەلامارى کەلتوور و دین و زمانیان نەداون. هەرچەندە ئەوان وەک خۆیان بەرجەستە بوون، بەڵام هیچ کەسێک لەم “خۆبوون”ەى ئەوان بێزار نەبووە. ڕەگەزپەرستییان نەکردووە، هەستە نەتەوەییەکانیان نەگەیاندووە بە ڕادەى شۆڤێنیزم، بەرامبەر بە نەتەوەکانى تر خۆیان بە گەورە نەزانیوە، پەستان و فشاریان نەخستوونەتە سەر.

بەڵام دواى ئەوەى کۆمەڵى ئیتتیحاد و تەڕڕەقی بەهێز دەبن و لەم بابەتەدا زیادەڕەوى دەکەن، بیرى ڕەگەزپەرستیش تەشەنە دەکات. دەرەنجام سەرچاوەى هێزى خۆیان وشک کرد، بە دەستى خۆیان تێزابیان کرد بە سەرى خۆیاندا. چونکە گەر بۆ نموونە ئێوە “توورانیبوون” بکەن بە دروشم و بیکەن بە چاوى خەڵکدا، ئەوا کەسانى دیکەش دروشمى تایبەت بە خۆیان هەڵدەگرن. گەر ئێوە بەگرنگیپێدانەوە شوناسێک زەق بکەنەوە، ماناى وایە خەڵکى دیکەش بۆ هەمان کار هەڵدەنێن. بەم جۆرە زەمینە بۆ شکان و لەتبوون و پێکدادانەکانى ناو کۆمەڵگا خۆش دەکەن. ئەوەتا ڕەگەزپەرستى و توورانچێتى کێشە و گرفتى گەورەیان بۆ ناوینەتەوە. نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بیرۆکەى ڕەگەزپەرستى کێشەى زۆرى بۆ هەموو دونیا ناوەتەوە.

کۆکردنەوە و یەکخستن

ئیسلام، بەدرێژایی چەندین سەدە چەندین میللەتى لەژێر چەترى خۆیدا کۆکردەوە و ڕۆڵى ناسنامەیەکى باڵا و هاوبەشى بینیوە. بیر و هەستە دینییەکان بۆچوونەکانى وەک ڕەگەزپەرستى قەومچێتى و میللەتپەرستى ڕێککردووەتەوە، لەهەمبەر ئەو تەوژمانەشەوە کە خەڵکیان پارچە پارچە کردووە، ئەرکى ئیکسیرى بینیوە و ڕۆڵى کۆکەرەوەى گێڕاوە. بەڵام لەمڕۆدا دۆخەکە گۆڕاوە. چەندین خەڵک هەن کە تەنانەت بەرگەى بیستنى ناوى دین ناگرن و هەتا بڵێیت بێ تەحەممولن بەرامبەر بە بەها دینییەکان. ئەگەر ئێوە بتانەوێت یەکخەر بن، ئەوا ناچارن حساب بۆ هەستەکانى ئەم جۆرە کەسانەش بکەن.

بەڵێ، ئێمەمانان وەک موسڵمان باوەڕمان وایە کە دین لە بابەتى ڕێگریکردن لە ناکۆکى و پێکدادانەکاندا ڕۆڵى دەرمانى دژە ژەهر دەبینێت و تێکڕاى مرۆڤایەتى پێکەوە کۆدەکاتەوە. گەر هێزى نەبەزى ئیسلام بە ئاڕاستەى ڕاستدا بەکاربهێنرێت، دەتوانرێت گرفتەکانى وەک ڕەگەزپەرستى، توندڕەوى، توندوتیژى، ئاژاوەگێڕى و تیرۆر چارەسەربکرێن، نەرم بکرێنەوە یاخود لە ڕەگەوە ڕیشەکێش بکرێن. ئەزموونى مێژوویی موسڵمانانیش بەدرێژایی چەرخەکان گەورەترین نموونەیە لەسەر ئەمە. ئەوەندە هەیە لێرەدا گرنگ ئەوەیە نوێنەرانى ئەم دینە بەدروستى نوێنەرایەتیی دینەکەیان بکەن و بە ئوسلوبێکى ڕاست پێشکەشى مرۆڤایەتى بکەن. بەتایبەت لە دونیاى ئەمڕۆدا گەر ڕەچاوى ئوسوڵ و ئوسلوب نەکرێت، ئەوا دەگونجێت دین لە کۆمەڵگادا بەپێچەوانەى مەبەستى دانرانیەوە کاریگەرى دروست بکات. ئەگەر ئێوە وەک باوەڕداران گرنگى بەو وشە و چەمک و زمان و ئوسلوبە نەدەن کە بەکارى دەهێنن، ئەوا ڕەنگە دەرگاى لەسەر هەڵچوونى هەندێک کەس بکەنەوە. لەم ڕوانگەیەوە، بەکارهێنانى ئوسلوبێک کە کاردانەوەى لێناکەوێتەوە، باسکردنى و ڕوونکردنەوەى بابەت و ڕۆژێڤەکانتان لە ڕێگەى ئەو بەهایانەوە کە لاى هەموان قبووڵکراون، کارێکى زۆر گرنگە.

بەهەمان شێوە، ئێوە دەتوانن لە ڕوانگەى ئەرک و وەزیفەکەیەوە عوسمانییەکانتان زۆر خۆشبوێت. دەتوانن چەپڵە بۆ ئەو خزمەتە لێبدەن کە ئەوان بۆ ئیسلامیان کردووە، دەکرێت ستاییشى ئەوە بکەن کە بەدرێژایی چوار سەدە بەبێ گرفت نەتەوە و میللەتە جۆراوجۆرەکانیان ئیدارە کردووە. بەتایبەت کاتێک سەیرى دۆخى گشتیی دونیا دەکەن کە بووە بە گڵۆڵەى ئاڵۆزى کێشە و گرفتەکان، دەکرێت لەبەرامبەر ئەو دونیا بێگرفتەوە کە ئەوان لەسەر بنەمایەکى یاسایی و ئیداریی دایانمەزراندووە، گوزارشت لە سەرسامى و ستاییشى خۆتان بکەن. سەرەڕاى ئەمە، گەر کاتێک لە جێگایەکدا وتنى “عوسمانییەکان” هەندێک کەس بێزاربکات یان بەرەو بیرکردنەوەى هەڵە دەربارەى ئێوە بیانجووڵێنێت، ئەوا پێویستە لەو جێگایەدا ئەم بیر و هەستەى خۆتان دەرنەبڕن.

ڕێزگرتن لە ناسنامە و شوناسەکان

لەمڕۆدا بەنزیکەیی لە هەموو وڵاتێکى دونیادا چەندین جووڵانەوە و تەوژمى سیاسى و ناسیاسى هەن کە نوێنەرایەتیی بەها میللى و دینییەکان دەکەن. ئەگەر خەڵکان دەیانەوێت لە دونیادا بە ئاسوودەیی و ئارەمى و دوور لە هاتوهاوار و شەڕوشۆڕ بژین، ئەوا هەموان دەبێت لە نوێنەرایەتیکردن و گوزارشتکردن لە بیروڕاکانیدا هەتابڵێیت هاوسەنگ و میانەڕەو بێت. هەموان دەتوانن نەتەوەى خۆیان خۆشبوێت و لەم خۆشەویستییەدا بژین. گرنگ ئەوەیە خۆى لە کەسانى تر بەرزتر نەبینێت و لەسەر دوژمنایەتیی خەڵکانى تر پێناسەى خۆى نەکات. ئەمەش واتاى ئەوەیە ڕێز لە هەست و نەست و بیرى هەموو کەسێک بگیرێت، شوناس و ناسنامەکانیشیان قبووڵ بکرێت. بەهەمان شێوە، جووڵانەوە و تەوژمە ناوبراوەکانیش نابێت چاو لە وڵات و خاکى هیچ کەسێک ببڕن و پێویستە واز لە بانگەشەى دەسەڵاتدارێتیی ڕەگەزێک لە دونیا بهێنن. ئەگەر بەم شێوەیە هاوسەنگ و عاقڵانە ڕەفتار نەکرێت، ئەوا وەک مرۆڤایەتى پێدەچێت بە دەستى خۆمان دونیاکەمان بەسەر خۆماندا بڕووخێنین. ئەو وڵاتانەى کە لەمڕۆدا بوون بە گۆماوى خوێن، گەورەترین ئاماژەى ئەمەن.

ئەو کەسانەى کۆمەڵگا و دەوڵەتە جیاوازەکان –کە لەم بابەتەدا لە مەعقولییەت و هاوسەنگى لایانداوە و ژیرانە ڕەفتار ناکەن- دنەدەدەن، لەوانەیە لەسەر ئاستى ناوچەیی و جیهانى ببن بە هۆکارى لەرزین و پارچەپارچەبوون. ڕەنگە ببن بە هۆکارى سەرهەڵدانى فیتنەکانى وەک تیرۆر و ئاژاوە و جەنگ. هەر ئەوەندەش جارێک ئەم کارەساتانە قەومان، ئیدى بە هێز و زۆریش ناتوانرێت بەریان لێبگیرێت. چونکە جەنگ هەر ئەوەندەى دەستى پێکرد ئیتر لە جێى خۆیدا ناوەستێت و دیار نییە لەکوێ دەگیرسێتەوە. ئەگەر دیپلۆماسیی لەسەر بنەماى کۆمەڵێک یاسا و دەستوورى پتەو کە حساب بۆ هەلومەرجى دونیا و سایکۆلۆژیاى کۆمەڵ دەکەن پێکنەهێنرێن، ئەوا ناتوانرێت بەر لە لافاوەکانى خوێن بگیرێت.

لەڕاستیدا لەم بارەیەوە قسە زۆرە بکرێت. بەڵام وەک “ژوول ڤێرن” لە کۆتایی چیرۆکى “هەزار فەرسەخ لەژێر دەریادا” دەڵێت، مرۆڤایەتى هێشتا بۆ وەها گەشتێک ئامادە نییە. ڕۆشنبیران، یاخود ئەوانەى کە وەک ڕۆشنبیر دەردەکەون هێشتا ئامادەى بیستن و تێگەیشتنى هەندێک حەقیقەت نین. لەم ڕووەوە، بەجێهێشتى هەندێک شت بۆ کات و زەمانە، سوودى خۆى هەیە. دەنا لەوانەیە کاتێک دەڵێین با شتێک بکەین، هانى دروستبوونى هەندێک پەرچەکردار و فیتنەى نوێ بدەین. ئەگەر دەمانەوێت ڕەچەتەى چارەسەر پێشکەش بە گرفتەکانى ئەم چەرخە بکەین، ئەوا دەبێت بگەین بە ئاستێکى وا کە لە پێشهاتەکانى ئەم ڕۆژگارە تێبگەین و تێیدا بژین، پێگەیەکى بەرزى وامان هەبێت کە بتوانین شتێک بۆ مرۆڤایەتى باسبکەین و بۆ پلەیەى وا باڵا بەرزببینەوە کە خەڵک سەیرى چاو و دەممان بکات.