ئەوانەى بەرزبوونەوە بە خاکیبوون بەرزبوونەوە

ئەوانەى بەرزبوونەوە بە خاکیبوون بەرزبوونەوە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

یەکەم وەزیفەى ئیماندار ئەوەیە هەوڵبدات پەیوەندیی لەگەڵ خوادا بەهێزبکات. چونکە بەهاى بەندایەتى، ڕاستەوانە لەگەڵ هێزى پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خوادا دەگۆڕێت. چەندی پەیوەندیت لەگەڵ ئەودا هەبێت بەندایەتییەکەشت ئەوەندە بەهێزە. لەم ڕووەوە، دڵتان دەبێت حەیرانى ئەو جوانییە باقییە بێت کە ئاوابوونى بەسەر نایەت، زمانتان دەبێت بەردەوام ناوى ئەو بکات بە ویردى سەر زار، ئەندامەکانیشتان دەبێت هەمیشە ئەو کردەوانە ئەنجام بدەن کە ئەو لێیان ڕازییە. ئەگەر دڵ و زمان و ئەندامەکانى ترتان لەگەڵ ئەودا بێت، ئەوا دەبن بە مەزهەرى لێزمەى واریداتەکان. وەک سۆفییەکان دەڵێن، ئەوەى ویردى نەبێت واریداتیشى نییە؛ کەسێک ئەوراد و ئەزکارى نەبێت، لەو پیت و بەرەکەتەش بێبەش دەبێت کە ئەم شتانە لەگەڵ خۆیان دەیهێنن.

ئەوانەى کە دڵیان ڕەق بووە، هەستەکانیان کول بوون، کانیی چاویان وشک بووە و دەروونیان مردووە، زۆر زەحمەتە بەپێوە بمێننەوە و نەڕووخێن. بۆیە ئینسان پێویستە لە بابەتى بەهێزکردنى پەیوەندیی لەگەڵ خوادا پاڵەوانى بوارى (هل من مزید؟) بێت. دەبێت بە دڵێکەوە کە تێربوون نازانێت، بەردەوام “زیاتر نییە؟” بڵێت و لە ڕێگاى ئیمان بە خوا، مەعریفەت و خۆشەویستیی خوادا هەوڵى قووڵبوونەوە بدات. دەبێت هەتا ئەمڕۆ چى زانیبێت و خوێندبێتییەوە لەمەڕ ئیمان و مەعریفەت، جارێکى دیکە بە خۆیان و دیوى پشتەوەیانەوە موتاڵا بکاتەوە و زیاتر تیایاندا قووڵ ببێتەوە. چونکە ئەوانەى لە جێى خۆیاندا دەمێننەوە و خۆیان دەخەنە باوەشى مەنگى و مەستییەوە، پەنا بە خوا، لەوانەیە دواى ماوەیەک نەتوانن ڕاستڕەوى بپارێزن. ئەوانەى کە هەمیشە هەوڵى بەهێزکردنى پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ خوادا نادەن و بەردەوام بەرەو ئەو ناجووڵێن، ڕەنگە شتانى فانى سەرنجیان ڕابکێشن و قووتیان بدەن.

هۆکارى گەورەى هەڵوەرینى هەندێک کەس لەم ڕۆژگارەدا و جێمانیان لە نیوە ڕێگاشدا، هەر ئەم لاوازییانە لە پەیوەندیی لەگەڵ پەروەردگاردا. وەک چۆن ئەو تەنانەى کە بێکار و بێجووڵە دەبن یان دەپووکێنەوە یان بە ڕاست و چەپدا پارچە پارچە دەبن، کەسانێکیش کە هەوڵى نزیکبوونەوەیان نییە لە خواى گەورە، یان دەپووکێنەوە یاخود پەرتەوازە دەبن. لەبەرئەوەى ناتوانن ڕاستڕەوى بپارێزن، ئەگەر ڕۆژێک لە پێگەى ڕاستیشدا بن، دەگونجێت سبەى لەبەردەم دەرگایەکى هەڵەدا بن. ئەمڕۆ شتێک دەڵێن، سبەى ڕێک بەرگرى لە پێچەوانەکەى دەکەن. ئەوانەى کە لە بابەتى بەهێزکردنى ئیمان و مەعریفەتدا دەچنە باوەشى مەنگییەوە، ناتوانن ڕاستەهێڵى خۆیان بپارێزن؛ دەچنە سەر هێڵى کەسانى تر و بەدەم شەپۆلى ئەوانى ترەوە دەڕۆن. ئەگەر دەتانەوێت ئەم زیکزاکانەتان بەسەر نەیەت و لەسەر ڕێگاى ڕاست بەردەوام بن، ناچارن لە بابەتى بەهێزکردنى پەیوەندیی لەگەڵ خوادا چالاک بن.

پەیوەندیی نێوان خۆبەکەمزانى و نزیکبوون لە خواوە

لەلایەکى دیکەوە، کەسێک کە لە ڕێگاى بەندایەتیی خوادا مەودا دەبڕێت، دەبێت دۆخى ئێستاى بە کافى نەزانێت، بەتایبەت پەنا بە خوا بگرێت لەوەى تووشى (عجب) ببێت بەوەى کە خۆى و کردەوەکانى بەدڵ بێت. ئیماندار، بەئەندازەى بەهێزبوونى پەیوەندییەکەى لەگەڵ خوادا و نزیکبوونەوە لێى، خۆبەکەمزان دەبێت، بەئەندازەى خاکیبوونەکەشى نرخى لاى خوا زیاد دەکات. بە زیادبوونى ئیمان و مەعریفەت و خۆشەویستیی کەسێک، عەشق و شەوقیشى پتر دەبێت و کەسێکى لەم جۆرە ئیدى بە قیام و ڕکوع و سجود و دوعا بەندایەتیی خۆى بۆ خوا دەردەبڕێت. بەڵام دەزانێت لە بوارى عیبادەت و تاعەتدا هەرچییەک بکات هێشتا ناتوانێت مافى بەندایەتیی بدات و لەگەڵ تێبینیی “بەڕاستى نەمانتوانى وەک پێویست عیبادەتت بکەین، بەڕاستى نەمانتوانى وەک پێویست بتناسین، بەڕاستى نەمانتوانى وەک پێویست شوکرت بکەین…”دا هەڵدەسێت و دادەنیشێت. گەر ڕۆژانە پێنج جار لە حزوورى ئیلاهیدا کەمەرى بچەمێتەوە و گەورەیی و ڕێز و ستاییش و بەرز ڕاگرتنیش دەربخات، هێشتا بەرامبەر بە مەزنیی ئولوهییەتى خوا عبوودییەتى خۆى زۆر بە کەم و بچووک دەبینێت.

کەسێک کە لە ئاستى خوادا هەستى بە بچووکیی خۆى کردووە و باڵەکانى خۆبەکەمزانى کەوتوونەتە سەر زەوى، هەتا بێت خوا بەرزى دەکاتەوە. کەسێکیش کە خۆى بە گەورە دەزانێت و لە دەریاى کیبردا مەلەدەکات، خواى گەورە هەتا بێت نزمى دەکاتەوە. وەک چۆن هیچ سیفەتێکى تر نییە هێندەى خاکیبوون کە بتوانێت ئادەمیزاد لە خواوە نزیک بخاتەوە، هیچ شتێکیش نییە هێندەى لووتبەرزى کە ئینسان لە خوا دووربخاتەوە. وەک لە فەرموودەیەکى قودسیدا هاتووە، گەورەیی و مەزنى تایبەتە بە خوا[1]. کەسێک کە خۆى بە خاوەنى ئەم سیفەتانە دەکات، پێى بزانێت یان نا، خۆى دەکات بە خاوەنى خەسڵەتى تایبەت بە ئولوهییەت؛ واتە لە ڕوویەکەوە دەکەوێتە ناو شیرکەوە.

ئەوانەى کە خۆبەکەمزانى بە گەورەیی دەبینن

وەک چۆن هەریەک لە خۆبەکەمزانى و خاکیبوون لە سیفەتە دیارەکانى فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) بوون، بەهەمان جۆر خەلیفە ڕاشیدەکانیش لەم سیفەتانەدا لە لوتکەدا بوون. ئەم موناجاتەى حەزرەتى ئەبو بەکر کە لە کتێبى دوعاى (القلوب الضارعة)دا هاتووە، سەرووزیادە بۆ پیشاندانى قووڵیی خۆبەکەمزانیی ئەو:

جـُدْ بِلُطفك يا إلــــــهي مَن له زادٌ قليـــــــــــل * مفلسٌ بالصدق يأتي عند بابك يا جليــــــــــــل

ذنبــــه ذنبٌ عظيــــــمٌ فاغفـــــر الذنب العظيم * إنــــه شخصٌ غــــــــريبٌ مذنبٌ عبــدٌ ذليـــــل

منه عصيـــانٌ ونسيـــانٌ وسهــــوٌ بعد سهـــوٍ * منك إحســانٌ وفضــــلٌ بعد إعطـــاء الجزيـــل

قــــال يـــا رب ذنــــوبي مثل رمـــــلٍ لا تُعَـــدّ * فاعف عني كلَّ عفـــوٍ واصفح الصفح الجميل

كيف حــــــالي يا إلهي ليس لي خير العمــــل * ســـــوء أعمــــالي كثيرٌ زاد طاعاتي قليــــــل

“لوتف مەگرەوە ئەى پەروەردگار لەم بەندەیەت کە تێشووەکەى زۆر کەمە/گەر ئیفلاسیشى کردبێت، بەڕاستگۆییەوە دیسان هاتەوە بەردەرگات ئەى جەلیل. گوناهى زۆر گەورەیە، تۆ لە گوناهەکانى ببوورە چى دەبێت/حاڵیشى زۆر سەیرە، گوناهکار و عەبدێکى زەلیلە. حاڵى ئەو سەرپێچى لەسەر سەرپێچى و هەڵە لەسەر هەڵەیە/کەچى تۆ ئیحسان لەسەر ئیحسان چاکەى لەگەڵدا دەکەیت. پەنات پێدەگرێت لە گوناهەکانى کە هێندەى دانەکانى لەم دەبن/چى دەبێت چاوت بپۆشیت و بیانسڕیتەوە ئەى جەمیل؟! داخۆ چى لێدێت حاڵم، نییە لە دەفتەرمدا کارێکى بەسوود/گوناهەکانم زۆرن، بەندایەتییەکەشم زۆر کەمە. برینەکانى ڕۆحم بپێچە و چارەى پێداویستییەکانم بکە/تۆ شافیی ڕاستەقینەیت، منیش دڵ و دەروون نەخۆشێکم.”

کێ هەموو ئەم شتانە دەڵێت؟ حەزرەتى ئەبو بەکر وا دەڵێت کە هەر لە سەرەتاى وەحییەوە داخڵ بە هالەى فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) بوو، لە سەڵتەنەتى ئەشکەوتى سەوردا لەگەڵى بوو، بەدرێژایی تەمەن وەک قەڵغانێک پاراستنى و هەرگیز بەتەنها جێى نەهێشت و خاوەنى نازناوى (صدیق) بوو. لە سەردەمى خەلافەتى حەزرەتى ئەبو بەکر و عومەردا ئەو خزمەتانەى کە بە ئیسلام کراون، زیاترە لەوەى کە ئەمەوى و عەبباسییەکان و ئەوەش کە عوسمانییەکان لە شەش سەدەدا کردوویانن. ئەوان بە مۆڵەت و چاودێریی خوا، لە ١٢ ساڵدا کارێکیان کرد کە لە ١٢ سەدەدا جێى نابێتەوە. بەڵام سەرەڕاى ئەمە، حەزرەتى صددیق خۆى وەک موفلیسێک دەبینێت کە هەموو سەرمایەکەى لەدەستداوە، بەجددى موحاسەبەى خۆى دەکات، سکاڵا لە دەست سەرپێچى و گوناهەکانى دەکات. کەوایە با شەرم بیانگرێت ئەوانەى خۆیان بە شتێک دەزانن!

لەڕاستیدا کەسێک کە سەرمایەى هەبێت وا دەکات. ئەوە کەسە پڕەکانن کە وەک گوڵەگەنمە قورسەکان بەخۆبەکەمزانییەوە سەر دادەخەن و دەچەمێنەوە. کەسە بۆش و بەتاڵەکانیش لاسایی باڵندە دەکەنەوە و هەوڵى فڕین دەدەن، بەڵام زۆر نابات تەختى زەوى دەبن. مێژوو لەم نموونانە پڕە. ئێوەش حەتمەن لە چواردەورتاندا ئەم نموونانەتان دیوە. بینیوتانە چۆن خۆبەگەورەزانەکان وا دەرکەوتوون کە لە بەرزاییەکاندا پەرواز دەکەن، وەلێ لەکۆتاییدا کەتوونەتە خوارەوە. عاقیبەتى خۆبەگەورەزانەکانى ئەمڕۆش لەمە جیاواز نابێت.

حەزرەتى عومەر گوناهەکانى خۆى بە هۆکارى قاتوقڕى دەزانى و دەیوت: “خوایە لەسەر گوناهەکانى من ئوممەتى موحەممەد لەناومەبە!” کاتێک دەرچوون بۆ نوێژى باران، دەستى حەزرەتى عەبباسى مامى پێغەمبەرى گرت ، کردى بە وەسیلە و دوعاى پێکرد. خەڵک چۆن بژیایە و چى بخواردایە، ئەویش هەمان جۆر دەژیا. کاتێک ڕۆیشت بۆ وەرگرتنى کلیلەکانى مزگەوتى ئەقسا، لەگەڵ یەکێک لە خزمەتکارەکانى سەفەرى دەکرد و بەنۆرە سوارى تاکە وشترەکەیان دەبوون. لە نیوەى ڕێدا ناچاربوو جلە دڕاوەکەى پینە بکات. داخۆ لە نەبوونیدا بوو واى دەکرد؟ نەخێر، ئەو کاتەى حەزرەتى عومەر خەلیفە بوو، تەنها لە شام چل هەزار ئەسپى یەدەک ئامادە بوون بۆ کاتى پێویستى. ئیمکانییەتى دەوڵەت زۆر فراوان بوو. بەڵام سەرەڕاى ئەمە، ئەو پێى وابوو لەوە زیاتر بەشى لە مافى گشتیدا نییە؛ بۆیە بەوپەڕى خۆبەکەمزانی و هەستیارییەوە دەژیا. بیرى لە حسابى خوایی دەکردەوە.

باڵابەرزەکانى وەک حەزرەتى ئەبو بەکر و عومەر چەند باڵى خۆبەکەمزانییان نابێتە سەرزەوى، خواى گەورەش هێندە بەرزى کردنەوە و لەسەر دەستى ئەوان ئاڵاى ئیسلامى لە هەموو جێیەکدا شەکاندەوە. لە سایەى ئەواندا ناوى شکۆمەندى خوا و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە دییارە دوورەکاندا وەک بەیداخێک شەکایەوە. خەڵکان لە کەلتوور و میللەتە جیاوازەکانەوە پۆل پۆل هاتنە ناو ئیسلامەوە. خواى گەورە لەسەر دەستى ئەوان دوو زلهێزى وەک بیزەنتى و ساسانییەکانى خستە سەر چۆک. حاخامەکانى قودس کاتێک سەیرى شێوازى هاتن و هەڵوێست و دۆخى گشتیی حەزرەتى عومەریان کرد، وتیان: “ئەمە ڕێک ئەو زاتەیە کە دەبێت کلیلەکانى مزگەوتى ئەقساى تەسلیم بکەین!” لێرەدا ڕێگەم بدەن بڵێم: ئەوان لەکوێ و ئێمە لەکوێ؟ ئایا کەسانێک کە بانگەشەى خۆشویستن و شوێنکەوتنى ڕێگاى ئەوان دەکەن نابێت جارێکى تر چاو بە خۆیاندا بخشێننەوە؟

حاڵى حەزرەتى عوسمان و عەلیش لەوان جیاواز نەبوو. حەزرەتى عوسمان کەسێکى دەوڵەمەند بوو. پێش جەنگى موئتە بە مەبەستى یارمەتیدانى سوپا، ٥٠٠ وشترى بە بارەوە بەخشى. یەکێک بوو لە دەوڵەمەندەکانى مەککە و مەدینەش. کەچى سەرەڕاى ئەمەش ژیانێکى سادە دەژیا. لە مزگەوتى پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم)، خۆڵى کۆدەکردەوە، دەیکرد بە سەرین و لەسەرى دەنووست. لە خانوویەکى سادەدا دەژیا نەک لە کۆشک و تەلاردا. بەجۆرێک، دڕندە و خوێنڕێژەکان زۆر بەئاسانى توانییان بچنە ناو ماڵەکەیەوە و لە کاتى خوێندنى قورئاندا شەهیدیان کرد.

حەزرەتى عەلى هەر لە منداڵییەوە ئیمانى بە فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) هێنا و جێى خۆى لەنێو ڕیزى یەکەمینەکاندا گرت. لە قۆناغەکانى دواترى ژیانیشیدا مەودایەکى زۆرى بڕى تا گەیشت بە لوتکە. پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەربارەى ئەو هێندەى گوفتارى ستاییشکارى فەرمووە، گەر کۆبکرێتەوە کتێبێکى لێ دەردەچێت. کەچى حەزرەتى عەلى کە خاوەنى نازناوەکانى وەک حەیدەرى کەڕڕار، زاواى پێغەمبەر، فاتیحى خەیبەر و سەییدى ئەولیایە، لە هۆنراوەیەکیدا دەڵێت:

“خوایە ئەگەر تۆ تەنها لە چاکەکان خۆش ببیت

کێى تر هەیە لەو موجریمانە خۆش ببێت کە شوێن هەوا کەوتوون؟

خوایە، کاتێک بیرى لوتفتم دەکەوێتەوە هەموو ترسەکانم دەڕەونەوە

کاتێکیش گوناهەکانم دێتە پێشچاو، فرمێسک لە چاوم دێت.”

بەڵێ، گەورە ئەوان بوون. تاجى خۆبەکەمزانییان نایە سەر گەورەییەکەیان. ئەوان چەند لە خاکیبووندا لە لوتکەدا بووبێتن، خواى گەورەش هێندەى تر بەرزى کردوونەتەوە. کەچى ئەوان چەند بەرز بووبێتنەوە زەربیان بەسەر ناوى خۆیاندا هێناوە. ژیانیان، ئەوەى کە بەدەستیان هێناوە و شێوازى ڕوانینیان بۆ خۆیان لە گۆڕێدایە. ئەگەر سەیرى دوعاکانیان بکەیت لە کتێبى (القلوب الضارعة)دا، دۆستانى خواى وەک شاهى گەیلانى و ئیمامى غەزالى و حەسەن شازیلى و موحەممەد بەهائەددینى نەقشبەندى و هاوشێوەکانیان بەردەوام خۆیان زەربى سفر کردووە. کاتێک بە تەماشاکردنى ئەوان تێستى خۆمان دەکەین، خۆمان پێناگیرى لەوەى نەڵێین: “ئەوان لەکوێ و ئێمە لەکوێ کە بانگەشەى موسڵمانێتى دەکەین!”

با باسێکى سوڵتانى مەعنەویی ئەم چەرخەیش بکەین. دەڵێت: “تۆ ئەى نەفسى ڕیاکارم! مەنازە بە خۆت و مەڵێ خزمەتم بە دین کردوو. بەگوێرەى فەردوودەى ‘خوا گەر بیەوێت بە کەسێکى گوناهباریش ئەم دینە سەردەخات’[2]، تۆش لەبەرئەوەى پاک و خاوێن نەبوویتەتەوە، ئەوا دەبێت خۆت بەو پیاوخراپە بزانیت.” کێ وا دەڵێت؟ زاتێک وا دەڵێت کە هەڵگرى ئاڵاى ژیاندنەوە بووە لە سەدەیەکدا و لە ڕێگەى نووسراوەکانیەوە بووە بە سەرچاوەى ئیلهام بۆ ملیۆنان کەس. ماناى وایە ئینسان چەند لە خواوە نزیک بێت و پەیوەندییەکەى لەگەڵ ئەودا بەهێز بێت، خۆبەکەمزانییەکەشى هێندەى تر قووڵ دەبێت. وەزیفەى کەسێکیش لە خواوە نزیک دەبێتەوە ئەوەیە خۆى زەربى سفر بکات. خەڵەتان بە ستاییش و چەپڵەى خەڵک یان پلەوپایە و خۆ بە شت زانین، وەک شاردەنەوەى زاتى ئیلاهى وایە. خواى گەورە سەرفرازمان بکات بە خەجاڵەتى و خۆبەکەمزانى و خاکیبوون یارمەتیمان بدات لە زانینى سنوورەکانماندا! ئامین…

[1]الْكِبْرِيَاءُ رِدَائِي، وَالْعَظَمَةُ إِزَارِي…” سنن أبي داود، اللباس، 27.

[2]أَنَّ اللهَ لَيُؤَيِّدُ هَذَا الدِّينَ بِالرَّجُلِ الْفَاجِرِ“. صحيح البخاري، الجهاد والسير، 182؛ صحيح مسلم، الإيمان، 178.