پرسیار: پێویستە چۆن لەو فەرموودەیە تێبگەین کە دەفەرمووێت بەهەشت بە (مکارە) و دۆزەخیش بە (شهوات) دەورەدراوە[1].
وەڵام: ئەو فەرموودەیەى کە لە پرسیارەکەدا باسکراوە، فەرموودەیەکى صەحیحە و لە بوخارى و موسلیمدا هاتووە و لە هەمان کاتدا نموونەیەکى جوانە لەسەر وتە جوانەکانى (جوامع الکلم) پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم). هاوشێوەى هەندێک فەرموودەى دیکە، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لێرەشدا بە چەند وشەیەکى کەم مانایەکى زۆر دەردەبڕێت. دەقى فەرموودەکە بەم جۆرەیە: (حُفَّتِ الْجَنَّةُ بِالْمَكَارِهِ وَحُفَّتِ النَّارُ بِالشَّهَوَاتِ) واتە: “بەهەشت بەو شتانەى کە بە دڵى نەفس نین دەورەدراوە، دۆزەخیش بە ئارەزووە جەستەییەکان و ئەو شەهەواتانەى کە ئیشتیهاکان دەبزوێنن چواردەورى تەنراوە.”
فەرموودەکە دەیەوێت ئەم واتایە بگەیەنێت: چواردەورى بەهەشت بە شتانێک دەورەدراوە کە نەفس حەزیان لێناکات و لەسەرى قورسن. ئینسان ئەو کاتە بە بەهەشت دەگات کە گوێ لە نەفسى نەگرێت، سنگ لەم سەختییانە دەربپەڕێنێت، واتە بەرپرسیارێتییەکانى بەندایەتى جێبەجێ بکات. دۆزەخیش چواردەورەکەى بەو شتانە تەنراوە کە ئادەمیزاد حەزیان لێدەکات. مرۆڤ بە شوێنکەوتنى نەفس و ئارەزووەکانى وردە وردە لە چاڵەکانى دۆزەخ نزیک دەبێتەوە.
بۆ ئەوەى بەباشى لە فەرموودەکە تێبگەین، سەرەتا دەبێت بەکورتى لەسەر ئەو وشانە بوەستین کە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەکارى هێناون، وەک (مکارە) و (شهوات). وشەى (مکارە) کۆى وشەى (مکرە) کە وشەى بەناوبانگى (مکروە)یش لەهەمان ڕەگەوە داتاشراوە، بە ماناى ئەو شتانە دێت کە ئینسان حەزیان لێناکات، کردنیان لەسەر نەفسى مرۆڤ قورسە، ئەنجامدانیشیان زەحمەت و دژواریی تێدایە. ئەم ئایەتەى خوارەوە کردار و سیفەتانێک ناودەبات کە لەهەمان ڕەگ و ڕیشەوە هاتوون و هەڵگرى هەمان واتان: ﴿كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِتَالُ وَهُوَ كُرْهٌ لَكُمْ وَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ وَعَسَى أَنْ تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَكُمْ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ﴾ (سورة البَقَرَةِ: 2/216) واتە: “جەنگتان لەسەر فەرز کراوە گەرچى حەزیشتان لێى نییە. دەکرێت شتێک کە هەرگیز حەزى لێناکەن خێرى بۆ ئێوە تێدا بێت. دەشگونجێت شتێک کە ئارەزووى دەکەن بۆ ئێوە لەڕاستیدا شەڕ بێت. خوا ڕاستى دەزانێت و ئێوە نایزانن.”
هەوو ئەو شتانەى کە دەبێت سەبریان لەسەر بگیرێت، لە ڕوویەکەوە دەچنە نێو پێڕى (مکارە)ەوە. واتە سەبرگرتنى مرۆڤ لەسەر قورسیی عیبادەت و تاعەت، دانبەخۆداگرتنى لەسەر گوناهەکان سەرەڕاى ئارەزووە جەستەیی و نەفسانییەکان و پێشوازیکردن لەسەر ئەو بەڵا و موسیبەتانەى بەسەرى دێن لە ڕێگەى سەبر و ڕەزامەندییەوە، لە گرنگترین ئەو شتانەن کە بە بەهەشتى دەگەیەنن. نەفس حەزى لەم جۆرە ناڕەحەتییانە و هاوشێوەکانیان نییە. بەرگەگرتنى دژوارییەکان و تێپەڕاندنى بەربەستەکان بۆ ئەو زەحمەتە. فەرموودەکەش هەواڵى ئەوە دەدات کە بەهەشت بەم جۆرە شتانە دەورەدراوە کە نەفس حەزیان لێناکات و بەلایەوە ناخۆشن و ئاماژە دەکات بەوەى ئەو ئیماندارانەى دەیانەوێت بە بەهەشت بگەن پێویستە هەموو ئەم زەحمەتانە تێبپەڕێنن.
زەحمەت و قورسیی هەموو کردەوەیەک جیاوازە. بۆ نموونە، دەستنوێژ گرتن لە ڕۆژانى سارد و هەلومەرجى زەحمەتدا و نوێژکردن، بەراورد بە ڕۆژانى ئاسایی بۆ نەفس قورسترە. بۆیە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى دەستنوێژ گرتنى جوان لە کاتى زەحمەت و تەنگانەدا یەکێکە لەو کردەوە چاکانەى کە گوناهەکان لەناودەبەن و پلەى خاوەنەکەى بەرزدەکەنەوە.[2]
حەج لەمەش قورسترە. بەتایبەت لە ڕۆژگارى پێشوودا کە خەڵکى بەپێ یان بە سوارى ئەسپ و وشتر بۆ سەفەرى دوورودرێژى حەج دەرچوون، ناچاربوون ماندووبوونێکى زۆر و مەترسیی گەورە لەبەرچاو بگرن. ئەوەش کە قورئان فەرزبوونى حەجى بەستووەتەوە بە خاوەندارێتیی کۆمەڵێک دەرفەتى جەستەیی و ماڵى[3] ، نیشانى دەدات کە زەحمەت و ناڕەحەتى لە کارەکەدا هەیە. بەڵام بەئەندازەى گەورەیی ماندووبوونەکە پاداشتى حەجیش گەورەتر دەبێت. پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى: “هەرکەسێک لەبەر خاترى خوا حەج بکات و خۆى لە گوفتار و ڕەفتارى خراپ و بێفەرمانیی خوا بپارێزێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژەى کە تێیدا لەدایکبووە (و هیچ گوناهێکى پێوە نامێنێت).”[4]
دەرچوون بۆ جیهاد –کاتێک هەلومەرجەکانى هاتنەدى- لەمانەیش قورسترە. لەبەر ئەمەیە کە لە چەندین ئایەت و فەرموودەدا جەخت لە پاداشت و فەزیلەتى جیهاد کراوە. بۆ نموونە، لە ئایەتێکدا خواى گەورە دەفەرمووێت کە لەبەرامبەر بەهەشتدا گیان و ماڵى لە ئیمانداران کڕیوە[5]. لێرەدا دەکرێت نموونەى دیکە بهێنرێتەوە لەسەر ئەو کار و کردەوانەى کە دین فەرمانى پێکردوون. بەهەشت بەم کارە چاکانەى کە لەسەر نەفس قورسن دەورەدراوە. بەبێ تێپەڕین بەناو ئەمانەدا گەیشتن بەوێ مومکین نییە.
هۆکارى ئەوەى کە نەفسى ئادەمیزاد حەز لەم جۆرە فەرمانە دینییانە ناکات ئەوەیە کە مەفتوونى ئیسراحەت و ڕابواردنە، حەز لە چێژە حازرەکان دەکات، پەى بە حیکمەت و سوودى ئەو کارانە ناکات کە فەرمانیان پێکراوە. لەبنەڕەتدا لە هەریەکێک لە عیبادەتەکانى وەک نوێژ و دەستنوێژ و ڕۆژوو و زەکات و حەجدا چەندین حیکمەتى دونیایی و میوەى ئاخیرەتى بوونیان هەیە. زانایانى موسڵمان لە بەرهەمەکانیاندا لەسەر ئەمانە هەڵوێستەیان کردووە. گرنگترین حیکمەتى ئەم کارانەش ئەوەن کە لە خوا نزیکمان دەخەنەوە، ڕەزامەندیی ئەومان دەست دەخەن، ئامادەمان دەکەن بۆ ئاخیرەت و دەمانکەن بە مەزهەرى نیعمەتە ئەبەدییەکان. کەسێک کە هەموو ئەم شتانە لەبەرچاو دەگرێت، عیبادەتەکان لەوە دەردەچن کە (مکارە) بن. بەڵام لە ڕوانگە ڕواڵەتییەکەیانەوە کاتێک لێیان دەڕوانرێت، بێگومان زەحمەت و قورسییان تێدایە.
نابێت ئەوەش لەبیربکرێت کە (مکارە) لایەنێکى شەخسیشى تێدایە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکى تر دەگۆڕێت. بۆ نموونە، عیبادەتەکان لە سەرەتادا لەسەر شانى ئینسان قورسن. بەڵام گەر ئادەمیزاد بە ڕاهێنانى بەردەوام لەسەر عیبادەتەکان ڕابێت و بیانکات بە بەشێکى دانەبڕاو لە سروشتى خۆى، ئەوا قورسییەکان سەبارەت بە ئەو دەبن بە ئاسانى. تەنانەت دواى ئاستێکى دیاریکراو، وەک چۆن چێژ لە خواردن و خواردنەوە و سەرقاڵى لەگەڵ خاو و خێزانەکەى دەبینێت، لەزەت لە عیبادەتیش وەردەگرێت. ئەوەتا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) کە لەم بوارەشدا لە لوتکەدایە، فەرموویەتى چۆن ئێوە چێژ لە خواردن و خواردنەوە وەردەگرن، منیش ئاوا لەزەت لە نوێژکردن دەبەم. بەڵام ئەمە تایبەتە بە (أکمل الکملین). دەگونجێت ئەمە بۆ هەموو کەسێک مەیسەر نەبێت.
وشەى دووەمى ناو فەرموودەکە (شهوات)ە. پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى دۆزەخ بە شەهەواتەکان دەورەدراون. (شهوات) کۆى وشەى (شهوة)ە. گەرچى لە زمانى ئێمەدا وشەى (شهوة) مانایەکى تەسکى هەیە، وەلێ لەبنەڕەتدا هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ئینسان حەزیان لێدەکات و بە دڵى هەوا و ئارەزووەکانى نەفسن. بۆیە وشەکانى (مکارە) و (شهوات) لە ڕووى واتاوە دژى یەکن. ئەو گوناهانەى کە ئیسلام قەدەغەى کردوون بۆ نەفس سەرنجڕاکێشن. نەفس دەیەوێت بەبێ گوێدانە حەرام و حەڵاڵ بخوات و بخواتەوە، هەر شتێک کە ئارەزووى دەکات بیکات، بە کامى دڵى خۆى چێژ لە ژیان وەربگرێت. لەپێناو گەیشتن بەم ئامانجەیش مرۆڤ شوێن خۆى دەخات و بەرەو گوناهەکان ڕاپێچى دەکات. ئینسانیش هەر ئەوەندەى جارێک کەوتە ناو زەلکاوى گوناهەکانەوە، ئیدى بەئاسانى ناتوانێت ئیرادەکەى بەکاربهێنێت. وەک چۆن مێشوولەیەک کە کەتووەتە ناو کاسەیەک هەنگوینەوە بەخۆڕایی پەلەقاژەى دەرچوون دەکات، ئەویش بەئاسانى لەو زۆنگاوەى تێى کەوتووە ڕزگارى نابێت.
بۆ ئەوەى مرۆڤ هەستە شەهوانییەکانى و خواست و ئارەزووەکانى جڵەو بکات، پێویستە مافى ئیرادەکەى بدات. ئینسان وەک چۆن لە بابەتى عیبادەتەکاندا پێداگر دەبێت، گەر بەرامبەر بە حەرامەکانیش خۆى بگرێتەوە و بەردەوامیی بەم هەڵوێستەى بدات، ئەوا وردە وردە کارەکەى بۆ ئاسان دەبێت. تەنانەت ئەوانەى (نفس الأمارة) تێدەپەڕێنن و دەگەن بە ئاستە بەرزەکانى (نفس اللوامة) و (نفس المطمئنة) دەگونجێت بەتەواوەتى کۆنتڕۆڵى نەفسى خۆیان بکەن. لەم خاڵە بەدواوە نەفس ناچار دەبێت خۆى و چەکەکەى ڕادەست بکات، ئیدى عەقڵ و ئیرادەش کارى خۆیان ڕادەپەڕێنن.
بۆیە گەر دەمانەوێت شووراکانى چواردەورى بەهەشت ببڕین و ببین بە مەزهەرى نیعمەتە هەمیشەییەکانى، ئەوا دەبێت بە ڕاهێنانى بەردەوام هەم عیبادەت و تاعەت و هەم خۆپارێزى لە گوناهەکان بکەین بە بەشێکى دانەبڕاو لە سروشتمان. پێویستە بەرامبەر بە سەرپێچییەکان هەڵوێستى ڕوون و پێداگرانە بنوێنین و عاقیبەتى تاڵى گوناهەکان لە نەفسمان تێبگەیەنین. بەجۆرێک، دەبێت کەوتنە ناو گوناهەکان بە هاوشانى کەوتنە ناو دۆزەخ ببینین. دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە هەتا دەگەین بەم ئاستە کاریگەرییەکانى نەفس لەسەرمان بەردەوام دەبن. واتە عیبادەتەکان وەک شتانى ناخۆش و گوناهەکانیش وەک شتانى خۆش دەبینێت و پیشانمانى دەدات.
حەزرەتى پیر دەفەرمووێت: “لە ئاژەڵێتى دەربچۆ، واز لە جیسمانییەت بهێنە، بە پلەکانى دڵ و ڕۆحدا سەربکەوە.” بەڵێ، کەسێک کە باڵ دەگرێت و بۆ ئاستێکى بەرزى ژیان بەرزدەبێتەوە، ماناى وایە لە هێزى ڕاکێشانى نەفس دوور کەوتووەتەوە؛ کەوایە نە دەبێت بە ئامانجى شەیتان و نە فێڵ و داوەکانى نەفسیش دەیبەستنەوە.
[1] صحيح البخاري، الرقاق، 48؛ صحيح مسلم، الجنة، 1.
[2] وعَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه، أَنَّ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: “أَلَا أَدُلُّكُمْ عَلَى مَا يَمْحُو اللهُ بِهِ الْخَطَايَا، وَيَرْفَعُ بِهِ الدَّرَجَاتِ؟” قَالُوا: بَلَى يَا رَسُولَ اللهِ، قَالَ: “إِسْبَاغُ الْوُضُوءِ عَلَى الْمَكَارِهِ، وَكَثْرَةُ الْخُطَا إِلَى الْمَسَاجِدِ، وَانْتِظَارُ الصَّلَاةِ بَعْدَ الصَّلَاةِ، فَذَلِكُمُ الرِّبَاطُ”، صحيح مسلم، الطهارة، 41..
[3] ﴿وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا﴾ (سورة آلِ عِمْرَانَ: 3/97)
[4] فيقول صلى الله عليه وسلم: “مَنْ حَجَّ لِلَّهِ فَلَمْ يَرْفُثْ، وَلَمْ يَفْسُقْ، رَجَعَ كَيَوْمِ وَلَدَتْهُ أُمُّهُ”، صحيح البخاري، الحج، 4؛ صحيح مسلم، الحج، 438.
[5] ﴿إِنَّ اللهَ اشْتَرَى مِنَ الْمُؤْمِنِينَ أَنْفُسَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ بِأَنَّ لَهُمُ الْجَنَّةَ﴾ (سورة التَّوْبَةِ: 9/111)