ئەو بەهایانەى کە پێویستە زیندوو بکرێنەوە

ئەو بەهایانەى کە پێویستە زیندوو بکرێنەوە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: چەندین موسڵمان کە بە خەیاڵى گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژانە دەژین کە تێیدا موسڵمانان بەشکۆوە ژیاون، سیاسەت وەک ڕێگاى گەیشتن بەمە دەبینن. دەبێت بزوێنەرەکانى بزووتنەوەیەکى نوێ و ژێنەرەوە چى بن؟

وەڵام: سەرەتا پێویستە هێڵ بەژێر ئەم ڕاستییەدا بهێنین: سەرچاوەى ئەسڵى ئەو نیعمەتانەى کە تا ئێستا بەنسیبمان بوون و ئەو سەرکەوتنانەش کە لەمەودوا بەنسیبمان دەبن، خواى گەورەیە. ئەو لوتفانەى کە دەبین بە مەزهەریان، لەوەوە دێن و لە ئێمەدا ڕەنگ دەدەنەوە. هەتا ئێمە قەدر و قیمەتى ئەم نیعمەتانە بزانین و ڕوو لە کانگا ڕاستەقینەکەیان بکەین، بەردەوام دەبن. چونکە هەموو لوتف و سەرکەوتنێک بە عینایەت و ئیحسانى ئەو بەردەوامى بەدەستدەهێنێت. گەر خوا خۆشى نەوێین ئێمە بەرامبەر بە ئەو ناتوانین هەست بە خۆشەویستى بکەین. گەر ئەو یارمەتیمان نەدات ئێمە سەرکەوتوو نابین بەڵام مەبەستمان لەم قسانە حەتمییەت و دێتێرمینیزم نییە. وەک چۆن بیرکردنەوەمان دێتێرمینیزمێکى ڕەها نییە، بەهەمان شێوە جەبریش نین. وەک چۆن ئەو ئیرادەیە قبووڵ دەکەین کە خوا بە ئینسانى داوە، ئەوەش قبووڵ دەکەین کە لە هاتنى ئیکرام و ئیحسانەکانى ئەودا هەوڵ و تێکۆشانى ئادەمیزادیش وەک مەرجێکى ئاسایی ڕۆڵ دەبینێت. ماهییەت و بوارى ئیرادەى ئادەمى هەرچییەک بێت، ئەگەر خوا لوتف و بەخششەکانى بەگوێرەى ئەو ئیرادەیە بنێرێت، ئەوا ئەرکى ئێمە ئەوەیە ڕێز لەم پەیوەندییە بگرین و مافى تەواوى ئەم ئیرادەیە بدەین. بەڵام گەر بارێکیش لە شانى ئەو ئیرادەیە بنێین کە نایتوانێت، ئەوا حەقیقەت زامدار دەکەین.

خۆبوون و مانەوە لەسەر خۆبوون

گەر باوەڕمان بەوە بێت کە خوا سەرچاوەى گشت جوانییەکانە، سەرەتا ڕوو لە ئەو دەکەین و هەوڵى کردنى ئەو کارانە دەکەین کە ئەو لێیان ڕازییە. واتە سەرلەنوێ ڕوو لە بەهاکانى خۆمان دەکەینەوە و دیسان هەوڵى دۆزینەوەى خۆمان دەدەین. شایەت بمانەوێت پێمان لەسەر زەمینەیەکى پتەو دابنێین، داهاتوومان پرشنگدار بێت، شتێک بە دونیا ببەخشین، بەهاکانمان لەگەڵ هەمواندا بەشبکەین، ئەوا دەبێت سەرەتا خۆمان بین، واتە لەسەر ئاستى ڕۆح و مانا و ئیمان و بیرکردنەوە و ئوسلوب و تێگەیشتن دەنگ نەفەسى خۆمان بدۆزینەوە و گشت بەهاکانى تایبەت بە خۆمان زیندووبکەینەوە. ئیدى ئەوکات ڕووتێکردن و بەخشینەکانى خواى گەورەش یەک لەدواى یەک دێن و خوا یەکمان دەکات بە هەزار، دڵۆپەکان دەگۆڕێت بە دەریا، پێکهاتە نوێکان بەدواى یەکدا لوتف دەکات.

ئێمە وەک دونیاى ئیسلام، لەدواى پەرێشانى و زەلیلى، بە هیواى سەرلەنوێ هەستانەوە، چەند سەدەیەکە دەرگا جۆراوجۆرەکان تاقیدەکەینەوە. دەمێ بۆ ئەملا چووین و دەمێ بۆ ئەولا. دەرگایەک نەماوە سەرى لێنەدەین و لێى نەدەین؛ کەچى سەرەڕاى ئەم هەوڵ و تەقالایە، شتێکى وامان دەستگیر نەبووە. کەوایە بۆچى دیسان نەگەڕێینەوە بۆ لاى ئەو دەرگایەى کە بەڕاستى دەبێت بۆ لاى بگەڕێینەوە، بۆچى هەست بە هەڵەکانمان نەکەین و هەوڵى قەرەبووکردنەوە ئەو شتانە نەدەین کە لەدەستمان چوون؟ واتە بۆچى تەوبەیەکى گشتى نەکەین؟ دەبێت لەبیرمان نەچێت کە خواى گەورە هەرگیز ئەو بەندانەى بەتەنها جێناهێڵێت کە ڕوویان لێکردووە؛ بە لوتف و بەخشینەکانى هەمیشە چاودێرییان دەکات. گەر ئەوان خۆڵى مردووى سەریان کەمێک لابدەن و تۆزێک نیشانەى زیندوویەتى پیشان بدەن، خواى گەورەش دەستیان دەگرێت و هەڵیان دەسێنێتەوە. ئەو هەتا ئێستا چەندین میللەتى لە لێوارى لەناوچووندا زیندوو کردووەتەوە.

لەلایەکى ترەوە، نابێت لەبیربچێت کە زیندبوونەوەى گشتیی کۆمەڵگا وابەستەى ژیانەوەى گشت یەکە و دامەزراوەکانیەتى. ئەو هێز و بزوێنەرانەى کە میللەت و دەوڵەتێک بەپێوە ڕادەگرن هەرچییەک بن، ئەوا دەبێت بەم هێزانە سەرلەنوێ ڕوو لە بەهاکانى خۆیان بکەنەوە. ئەو بیرکردنەوانەى کە قاڵبیان بە ئێمە ناخوات نابن بە گیان بە ئێمە و ژیان نابەخشن. فەلسەفە و ئایدۆلۆژیە بێگانەکان ناتوانن شوناسى ئێمە هەستێننەوە. پێوەر و پێودانگەکانى خەڵک ئێمە بەهەڵەدا دەبەن. ئێمە لە هەر ژینگەیەکدا گەشەمان کردبێت، مرۆڤى کام کەلتوورە بین، خەرمانى کۆنەستمان چى تێدا بێت، شانازییە مێژووییەکانمان لەسەر چ بناغەیەک وەستابن، دەبێت بزانین کە تەنها بە پشتبەستن بەم شتانە دیسانەوە دەتوانین هەبوون چنگ بخەینەوە. ئەو شتانەش کە لە خەڵکى تر وەریان دەگرین دەبێت بە فلتەرى بەها و بڕیارەکانى خۆماندا ببرێن ئینجا وەربگیرێن.

بەداخەوە چەندین سەدەیە لە بەهاکانى خۆمان زۆر دوورکەوتووینەتەوە، دەڵێیت لە خۆمان هەڵهاتووین؛ بێئەوەى کە بزانین بەرەو کوێ هەڵدێین و لە کۆتایی ڕێگاکەشدا چیمان دەست دەکەوێت. لەمەش خراپتر، دەستمان کردووە بە شەرمکردن لە بەهاکانى تایبەت بە خۆمان و بە دەستى خۆمان سووکایەتیمان پێکردوون. ڕاستییەکانى خۆمان خستووەتە لاوە و لار و لوێرییەکانى خەڵکانمان وەرگرتووە و لێمان بوون بە ڕاست! گەر ئێمە ڕێز لە بەهاکانى خۆمان نەگرین، بۆچى خەڵکى تر ڕێزیان لێبگرن؟! دەبێت بەباشى بزانرێت کە هەرگیز مومکین نییە بە لێچوون لە هەندێک کەس خۆمان لەبەرچاویان شیرین بکەین. بەپێچەوانەوە، ئەوکات وەک کەسانێکى هەڵگەڕاوە دەبینرێین کە تەنانەت ناتوانن خۆیان بە خاوەنى میراتى کەلتووریی خۆیان بکەن. وا لە خەڵکى دەکەن دەربارەتان بڵێن “ئەمڕۆ ئەمانە خۆیان شیرین دەکەن لەبەرچاوتان، بەڵام داخۆ سبەى چى دەکەن؟!” واتە متمانەپێکراو نابن.

بۆیە دەبێت سەرچاوەکانى خۆمان جارێکى تر سەرنجیان لێبدرێتەوە، مانا قووڵەکانى نێو دێڕەکانیان کەشف بکرێنەوە، جوانییە خۆماڵییەکانى ناویان دەربهێنرێن و پیشان بدرێت و سەرسامى خەڵک بەرامبەریان بوروژێنرێت و بکرێن بە ژیانى ژیان. هەر بەهایەک کە دینەکەمان بەرز ڕایگرتووە، هەموو ئەو جوانییانەى تایبەت بە دونیاى کەلتووریمان کە بە فلتەرى قورئان و سوننەتدا تێپەڕیون، دەبێت وەک تاج بیانکەینە سەرمان و شانازییان پێوە بکەین. دەبێت –هەلومەرجەکان چەند ڕێگەمان بدەن- هەتا دەگات بە بچووکترین وردەکارى دینەکەمان بژین و لەم بابەتەدا هەرگیز تەنازول نەکەین. دەمێکە کاتى ئەوە هاتووە بۆ لاى بەهاکانى خۆمان بگەڕێینەوە.

سەبر و هێمنى بەرامبەر بە کات و زەمانە

پێویستە ئەم خاڵەش لە مێشکمان دەرنەکەین: هەتا ئەمڕۆ گشت بەرزبوونەوەکان، هەموو کرانەوەکان، سەرجەم پێکهاتنەکان بەشێوەیەکى پلەبەند و هەنگاو بە هەنگاو ڕوویانداوە و عادەتى سوبحانى بەم جۆرە تەجەللى کردووە. بۆ نموونە، حەوارییەکانى حەزرەتى عیسا (علیە السلام) خاوەنى ئیمان و ئیخلاسێکى وا بوون کە لە مێژوودا نموونەى کەمە و زۆر وابەستەى بانگەوازەکەیان بوون. لە بابەتى بڵاوکردنەوە دینەکەیاندا ماندوونەناس و تەقالاکار بوون. هێندەش ئازا بوون کە لەم بابەتەدا گوێ بە هیچ یەکێک لە مەترسییەکان نەدەن. کەچى سەرەڕاى ئەمە، سیو ئەوەندە ساڵى ویستووە تا گەیشتوون بەناو ئیمڕاتۆرییەتى ڕۆما. گەیشتن بە پایتەختەکەشى و کاریگەربوون لەوێ، بەنسیبى شاگرد و قوتابییەکانیان بووە نەک خۆیان.

بەهەمان شێوە، فەخرى کائینات و هاوەڵانى چواردەورى، گەیاندنى پەیامى ئیلاهییان بە دڵەکان کردبوو بە تاکە ئامانجى ژیانیان و لەم پێناوەدا هەموو جۆرە فیداکارییەکیان کردووە. کاتێک پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) کۆچى دوایی کرد، دەوترێت سەد هەزا صەحابى لە چواردەور بووە. بەڵام بڵاوبوونەوەى ئیسلام لە دەرەوەى نیوە دورگەى عەرەب لە سەردەمى خەلیفە ڕاشیدەکاندا ڕوویداوە. واتە فەتحکردنى دڵەکان لەلایەن کەسانێکەوە کە پاڵەوانى تەواوەتى نوێرایەتیکردنى بانگەوازى ئیلاهى بوون، ساڵانێکى زۆرى ویستووە.

بەهەمان شێوە، دەوڵەتى عوسمانى تەنها سەدە و نیوێک دواى دامەزرانى وەک دەوڵەتێکى مەزن دەرکەوتووە و نام و نیشانى لە دونیادا تەشەنەى کردووە. عوسمانییەکان، لەگەڵ سوڵتان موحەممەدى فاتیحدا گەیشتوون بە پێکهاتەیەکى جێگیر، لە سەردەمى سوڵتان یاووز سەلیم و سولەیمانى قانوونیدا بەتەواوەتى گوزارشتیان لە خۆیان کردووە و لە هاوسەنگیی نێودەوڵەتیدا بوون بە لایەنێکى قورس. لەمڕۆدا هەندێک لە موسڵمانان لاسایی سەردەمى قانوونى دەکەنەوە، گۆرانى بۆ دیسان گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە شکۆدارە دەڵێن، بەڵام لەبیریان دەچێت کە ئەوە پێویستى بە هەندێک پێداویستى و داخوازى هەیە. ئەم شتانە تەنها بە هێز و زۆر و چەک و خۆسەپێنى نابێت. ئەو بەشەشى کە دەبێت، ئێمە نامانەوێت. گرنگ ئەوەیە دڵەکان فەتح بکرێن و لاى خەڵک متمانەپێکراو بین. چەندین خەڵک لە دین و میللەتە جیاوازەکان کاتێک کێشەیەکیان بەسەردا هاتووە، خاکى عوسمانییەکانیان وەک پەناهەندە بینیوە. ئەو کەمینانەى کە لە دەست ستەم و فشارى ستەمکارەکانى وڵاتانى خۆیان هەڵهاتوون، هانایان بۆ عوسمانییەکان بردووە. عوسمانییەکانیش بە ڕەچاوکردنى حەق، دادپەروەرى، لێبوردەیی و میوانپەروەرییان ئەم متمانەیەیان بەدەستهێنابوو.

ئەوانەى کە وا دەزانن تەنها بە هێز و زۆر بەرەو پێشەوە دەچن، بە ئامانج دەگەن و گرفتەکانیان چارەسەر دەکەن، لە هەڵەیەکى گەورەدان. بەڵکو دەبێت هەوڵبدرێت دیسانەوە ئەو بەهایانە بەدەستبهێنرێنەوە کە حەوارییەکانى حەزرەتى عیسا و صەحابییەکانى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و عوسمانییەکانیان گەیاند بە لوتکە، ئنجا نەوەکان لەسەر ئەم بەهایانە پەروەردە بکرێن. بەڵام زیندووکردنەوەى ئەم بەهایانە و پێگەیاندنى نەوەیەک لەسەریان، ئاوێتەکردنى بەها مێژووییەکان لەگەڵ دونیاى مۆدێرندا و پێگەیاندنى مرۆڤێکى نوێ هەروا ئاسان نییە. پەروەردەکردنى نەوەیەک کە بەها بەرزە مرۆییەکانیان بووە بە بەشێک لە سروشتیان، بە لایەنى کەمەوە پێویستى بە نیوە سەدەیەک هەیە. ئەم قسانە نابێت هیواکان سارد بکەنەوە، هیچ کەسێک تووشى نائومێدى بکەن، هەوڵ و تێکۆشانەکان خاو بکەنەوە. گەرچى میوەکانى کۆتاییش نەبێت، کۆمەڵێک نیعمەت هەن کە هەموو نەوەیەک لە تەمەنى خۆیدا دەستى دەکەون. ئێمە وەک چۆن بەرپرسین لەو ئەرکەى دەکەوێتە ئەستۆمان، نەوەکانى دواى ئێمەش بەرپرسن لەوەى دەکەوێتە ئەستۆیان.

بەڵێ، لەمڕۆدا خەرمانێک گرفت کە چاوەڕێى چارەسەر دەکەن کەڵەکەبوون. دونیاى ئیسلام هێندە پەرتەوازە و پەرێشانە کە نموونەى لە مێژوودا نەبووە. کۆمەڵێک پێشینە بڕیار لە مێشکى خەڵکیدا بەرامبەر بە ئیسلام و موسڵمانان دروستبوون کە گۆڕینیان زۆر زەحمەتە. لە دونیایەکى لەم جۆرە بونیاتنان و بەرزکردنەوەى پەیکەرى ڕۆحمان کاتێکى دیاریکراوى دەوێت. کەوایە ئێمە دەبێت هێندەى ئیمکانییەتەکان ڕێگەمان دەدەن بەرپرسیارێتییەکانى ئەستۆمان بهێنینەجێ و بەهەستیارییەوە ڕەچاوى هۆکارەکان بکەین. ئەوە خوایە کە بەرەکەت دەخاتە خزمەتەکانەوە و ئەنجامەکان بەدیدەهێنێت. هەلومەرجەکانى ئێستاى دونیا لەوانەیە چاوترسێنمان بکەن. ئەوەى کە نەتوانین بەگوێرەى ئەو کارە گەورانەى کە پێویستە بکرێن ئاستى بەرز پێشکەش بکەین، ڕەنگە تووشى نائومێدیمان بکات. بەڵام دیسانیش بەبێ وتنى “جا بەمە چى دەکرێت و بە چى دەگەین؟” دەبێت چمکێکى کارەکە بگرین و ئەوەى دەکەوێتە سەرشانمان ئەنجامى بدەین. ئەوە خوایە کە ئەنجامەکە بەدیدەهێنێت. ئەو خوایە کە خزمەتەکان دەگەیەنێت بە ئاستێکى بەرزتر. مادەم لە چەندین ئایەتدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هیدایەت تەنها تایبەتە بە خوا، کەوایە پێویستە ئێمەش بەگوێرەى ئەمە بیربکەینەوە و بجووڵێینەوە. خۆ ئەگەر لە بەرچاوى خوادا شتێکى بەنرخ پێشکەش بکەین، ئەوا بێگومان خواى گەورە لوتفى زیادەشمان بەسەردا دەڕژێت.

زیندووبوونەوە لە دڵ و ڕۆحدا

هەتا ئەمڕۆ چەندین کەس بە هیواى زیندووبوونەوە کەوتە ڕێ. وایانزانى بە هێز و دەسەڵات و سیاسەت بەم ئامانجانەیان دەگەن. لەحاڵێکدا زیندووبوونەوەى ڕاستەقینە دەبوو لەسەر ئاستى ڕۆح و دڵ و هەست و نەست و بیرکردنەوە ڕووبدات. ئەوانەى کە لەسەر ئاستى ژیانى دڵ و ڕۆح مردوون، هەست و نەستەکانیان کوێربووەتەوە، جۆشوخرۆشیان کوژاوەتەوە، گەر لەڕووى جەستەیشەوە زیندوو بن هیچ سوودێکى نییە. بۆیە هەتا ئەو کاتەى لە ڕوانگەى ڕۆح و ماناوە زیندوودەبینەوە، ناتوانرێت باس لە ژیانەوەیەکى گشتى بکرێت. چونکە تەنها ئەوانەى کە دڵ و ڕۆحیان زیندووە دەتوانن فووى ژیان بکەن بە بەرى خەڵکى تردا. بۆ ئەوانەى کە لە دونیاى ناوەوەیاندا گەیشتوون بە دڵنیایی و پڕێتى و تێرێتى، تەنانەت ئەو گرفتانەش کە زۆر گەورە دەردەکەون، زۆر سادە دەبنەوە. ئەوان لە هەڵدێرە مەزنەکانى بەردەمیان وەک چاڵێکى بچووک دەپەڕنەوە. بەڵام ئەوانەى کە نەیانتوانیوە لە ئاژەڵێتى و جیسمانییەت دەربچن، چارۆکەیان بە ڕووى پلەکانى ژیانى دڵ و ڕۆحدا هەڵنەداوە، خۆیان نەداوەتە دەست ئەم شەپۆلە، شتانێکى وایان پێ نییە پێشکەشى مرۆڤایەتى بکەن.

لە سەرزەویی ئەمرۆدا دەوڵەتێک نییە ببێت بە لایەنێکى گرنگى هاوسەنگیی نێودەوڵەتى و نوێنەرایەتیی بەها ئیسلامییەکان بە شاییستەیی بکات. جووڵانەوەیەکیش نییە کە وەک پێویست شێوازى بیرکردنەوەى ئیسلامى زیندووبکاتەوە و دونیاى خۆمان بەتەواوەتى ئاوەدان بکاتەوە. ئێمەش لە بۆشاییەکى ترسناکدا دەژین کە ئەم نەبوونییانە بەرهەمیان هێناون. لە سیستەمى ئابوورییەوە هەتا پێکهاتەى کۆمەڵایەتى، لە نۆرمە ئەخلاقییەکانەوە هەتا دەستوورە یاساییەکان، دونیایەک گرفتى کەڵەکەبوو هەن. نابێت هیچ یەکێک لەمانە فەرامۆش بکرێت. پێویستە هەموو بوارەکان چاکسازییان تێدا بکرێت. بەڵام ئەوەش کە لەکوێوە دەست بە کارەکە دەکرێت و هیممەت لە چیدا چڕدەکرێتەوە، داراى گرنگییەکى زۆرە. ئێوە هەتا ئیمان بەهێز نەکەن، ئەخلاق دانەمەزرێنن و دونیاى بیرکردنەوەتان بونیات نەنێن، کێشە ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و یاساییەکانتان ناتوانن چارەسەر بکەن. گەر بتوانن هەندێک شکاویش چاکبکەنەوە، ئەوا دواى ماوەیەک دیسان درز و کەلێنى تێدا دروست دەبێتەوە. هەتا ئەو کاتەى پۆلیس و پاسەوانێک لە ویژدانەکاندا جێگیردەکەن کە ڕێگا لە خراپە و هەڵەکان دەگرێت، ناتوانن بۆشاییەکان پڕبکەنەوە. بۆیە سەرەتا دەبێت لەسەر ئاستى ویژدان و دڵ و زیهنەکان زیندووبوونەوەیەک ڕووبدات، هەتا دواتریش لە دونیاى دەرەوەدا ڕەنگبداتەوە.

کێشەى بنەڕەتیی دونیاى ئیسلام کێشەى ئیمانە. لێرەدا کەلێنێکى زۆر گەورە دروستبووە. هەتا ئەم کەلێنەش پڕنەکرێتەوە، سواغدانى جێگاکانى تر سوودێکى نابێت و هەڵدەوەرێت. بۆیاخکردنى دیوارەکانى بینایەک کە بناغەى ساغڵەم نییە و بنچینەکەى فشەڵە، جگە لە کارێکى بێهوودە هیچى تر نییە. کەوایە بابەتێک کە شایانى زۆرترین بایەخ پێدان و لەسەر وەستان بێت، بوارەکانى ئیمان و ئەخلاقە. کاتێک دەنووسین و دەدوێین، هەمیشە پێویستە ئەولەوییەتمان ئەمە بێت. هەر لەبەر ئەمە نییە کە حەزرەتى پیر دەفەرمووێت: “دوو دەستمان هەیە. خۆ ئەگەر سەد دەستیشمان هەبووایە، ئەوا تەنها بەشى نوورى دەکرد”؟! لە جێیەکدا کە بابەتە گرنگەکان (أمهات) تووشى لاوازى بوون، نابێت وزە لە شتە لاوەکییەکاندا بەفیڕۆبدرێت.