ئەو بەها لەدەستدراوەى کە مرۆڤایەتى بەدوایدا دەگەڕێت: شەفەقەت

ئەو بەها لەدەستدراوەى کە مرۆڤایەتى بەدوایدا دەگەڕێت: شەفەقەت
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

وەک لە فەرموودەیەکدا ئاماژەى بۆ کراوە، خواى گەورە نەرمونیانە (رفیق) و کارى نەرمونیانى (رفق) خۆشدەوێت.[1] هەرکەسێک بەبەزەیی بێت بەرامبەر بەوانەى سەرزەوى، خواش بەبەزەییەوە مامەڵەى لەگەڵدا دەکات .[2]

خواى گەورە بە ناوەکانى “ڕەحمان” و “ڕەحیم” خۆیمان پێدەناسێنێت. (أسماء الحسنى) ئەو ناوە جوانانەن کە لەسەر فۆڕمى سیفەتن و خوامان پێدەناسێنن. ئیمانداران پێویستە هەوڵبدەن بەشى خۆیان لە تەجەللیی ئەم ناوانە لە بازنەى فراوان و گشتیدا وەربگرن و بەو ڕەوشتانە خۆیان بڕازێننەوە. بەهەمان شێوە قورئان دەفەرمووێت کە پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) وەک ڕەحمەت بۆ هەموو جیهانیان نێرراوە.[3] سیفەتەکانى وەک (رؤوف) و (رحیم) دەداتە پاڵ فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) کە ئەمانە لە هەمان کاتدا لە سیفەتەکانى زاتى ئولوهییەتن؛ واتە قورئان هەواڵى ئەوە دەدات کە ئەو پێغەمبەرە (صلى الله علیە وسلم) نموونەى باڵاى شەفەقەت و بەزەییە.[4] فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) بەرامبەر بە مرۆڤایەتى هێندە لێوانلێو بوو لە هەستى ڕەئفەت و شەفەقەت، لەهەمبەر ئەوەدا کە کەسانێک بەرەو زیانى ئاخیرەتى دەڕۆیشتن، ڕۆژانە چەند جارێک دەمرد و زیندوو دەبووەوە. ئەى ئوممەتى موحەممەدیش (صلى الله علیە وسلم) کە ئەو وەک جوانترین نموونە دەبینن نابێت خاوەنى هەمان سیفەت بن؟

وەڵامەکە دیارە، بەڵام بەداخەوە دیمەنى ئێستا لەم بارەیەوە بە هیچ جۆرێک دڵخۆشکەر و هیوابەخش نییە. هەستەکانى وەک میهرەبانى و بەزەیی بوون بە بەها لەدەستدراوەکانى دونیاى ئیسلام. کاتێک سەرت هەڵدەبڕیت و تەماشاى جوگرافیانى فراوانى ئیسلام دەکەیت، دەبینیت نامیهرەبانییەکى ترسناک حوکم دەکات. بەداخەوە وڵاتانى موسڵمان شەپۆلى دڵڕەقى و بێبەزەیی لەگەڵ خۆى بردوونى. لەم ناوچانەدا ستەمکاران و خۆسەپێن و غەددارەکان بە ئارەزووى خۆیان دەجووڵێنەوە. ئەمانە زۆر بەئاسانى یارى بە شەرەف و نامووس، گیان و ماڵى خەڵکەوە دەکەن. پەلامارى هەموو ئەوانە دەدەن کە وەک خۆیان نین و وەک خۆیان بیرناکەنەوە؛ دەبڕن، هەڵدەواسن، دەسووتێنن و دەڕووخێنن.

لەڕاستیدا ئەمەش تەنها کێشەى جیهانى ئیسلام نییە، بەڵکو گرفتى هەموو دونیایە. خۆشەویستى و ڕێزێکى وا لە ڕووى مرۆڤدا نانوێنرێت کە شایانى مرۆڤایەتى بێت. کۆمەڵێک ڕەفتارى هێندە ڕەق و توند و ناشرین ئەنجام دەدرێن کە هەرگیز لەگەڵ خۆشەویستى و میهرەبانى و بەزەییدا یەک ناگرنەوە. لەم ڕووەوە دیمەنى گشتیی دونیا بە هیچ جۆرێک دڵگیر نییە. بارودۆخى ئەوانەى کە بێئاگان لە پەیامى قورئان و ئەو دەستوورە بنەڕەتییانەى کە پێغەمبەرى ئازیز (صلى الله علیە وسلم) دایناون تا سنوورێک ئاساییە، وەلێ عەقڵ دەستەوسانە لە تێگەیشتن لە کەسانێک کە بانگەشەى موسڵمانێتى دەکەن بەڵام ڕێگایەکى تەواو پێچەوانەى ئیسلامیان گرتووە.

ئاوڕێک لە وڵاتى خۆتان بدەنەوە. ئەوانەى کە دەڵێن ئێمە موسڵمانین، هەموو جۆرەکانى ستەم و گوناه و سەرپێچى ئەنجام دەدەن. کاربەدەستان هەر ڕۆژێک بە درۆیەکى تازەوە دەچنە بەردەم میللەت. بەبێ هیچ جۆرە شەرم و حەیایەک، درۆ و بوختانى جۆراوجۆر بۆ کەسانێک هەڵدەبەستن کە بە ڕکابەر یان دوژمنى خۆیانیان دەزانن. کەسێک کاتێک درۆ دەکات یان بوختان بۆ یەکێکى تر هەڵدەبەستێت، گوناه دەکات. کەسێکى لەم جۆرە گەر ڕاستگۆیانە تەوبە بکات و داواى گەردنئازادیش لەوە بکات کە بوختانى بۆ هەڵبەستووە، ئومێد دەکرێت خوا لێى خۆشببێت. تەنانەت هەندێک جار بۆ جارى دووەم و سێیەمیش درۆ دەکات، بەڵام گەر دواتر پەشیمان ببێتەوە، بگەڕێتەوە بۆ لاى خوا و داواى لێخۆشبوون بکات، ئەوا دەتوانێت ئومێدى وا بێت کە خوا لە ڕەحمەتى خۆى بێبەشى نەکات. بەڵام گەر کەسێک بەردەوام و بە ئەنقەست و زانین درۆ بکات، بە درۆکانى مافى کەسانى دیکە پێشێل بکات و گوێ بە گەورەیی ئەم تاوانەشى نەدات، ئەوا کارى ئەم کەسە زۆر سەختە. کەسێک کە پێى وابێت گرفتێک لە درۆکردن و بوختان هەڵبەستندا نییە، ئیدى گومان لە ئیمانەکەشى دەکرێت. چونکە بە حەڵاڵ زانینى شتێک کە دین بەئاشکرا حەرامى کردووە، ئینسان لە دین دەردەکات.

ئەوانەى میللەت بەڕێوەدەبەن، دەیانەوێت هەموان وەک خۆیان بیربکەنەوە و وەک خۆیان بجووڵێنەوە؛ لەپێناو ئەم ئامانجەشدا سیستەمێکى خۆسەپێنى و ستەمى ترسناک دادەمەزرێنن. خەڵکیش کە کەوتوونەتە ژێر ئەم کاریگەرییەوە و بە پاڵنەرى لایەنگرى دەجووڵێنەوە، گرفتێک لە قبووڵکردنى درۆ و تەزویر و بوختانەکانیاندا نابینن و بگرە بەخۆشەویستییەوە چەپڵەشیان بۆ لێدەدەن. ئەوەى کە بەشێوەیەکى پیشەگەرانە درۆ دەکەن و دەرەنجام بەئاسانى قەناعەت بە بەرامبەرەکانیان دەکەن، ئیدى وەک داخوازی و پێداویستییەکى سیاسەت دەبینرێت و تەنانەت دەبێت بە هۆکارى ستاییش. بەهەمان شێوە، زڕاندنى ناوى کەسێک یان گرووپێک، تاوانبارکردنیان و پاشان ئەو درۆیانەى کە دادەتاشرێن و ئەو حەرامانەى کە ئەنجام دەدرێن بۆ لەناوبردنیان، وەک شتانى ئاسایی و تەنانەت سەرکەوتنیش دەبینرێن و هیچ کەسێک کاردانەوەیەکى بەرچاویان بەرامبەر نانوێنێت و ڕەخەنەیان لێناگرێت. لەحاڵێکدا بێدەنگبوون بەرامبەر بە ناهەقى، کارى شەیتانى لاڵە. بەداخەوە ئەم ڕەفتار و هەڵوێستە نەفرەتلێکراوانە هەموو لایەکى دونیاى ئیسلامیان تەنیوە؛ نەک هەر ژیانى موسڵمانێتیی ڕاستەقینە، تەنانەت هەست و بیرە مرۆییەکانیش لەناوچوون. بۆیە بەردەوام چەندین ستەم و وەحشەت ئەنجام دەدرێن کە ویژدان و شەفەقەت و هەستە مرۆییەکان سکاڵایان لە دەست دەکەن.

دەتوانرێت بوترێت تەنانەت ئاژەڵە دڕندەکان لە هەندێک لە ستەمکارانى ئەم ڕۆژگارە بەبەزەییترن. لە فیلمە دۆکیومێنتەرییەکاندا نموونەى ئەمەتان دیوە. لە دانەیەکدا کە من دیومە، پڵنگێک مەیمونێک دەگرێت. لەو کاتەدا کە خەریکە بیخوات، مەیمونە دەزێت. لەسەر ئەمە، پڵنگەکە یەکسەر واز لە مەیمونەکە دەهێنێت و دەستدەکات بە گرنگیپێدانى بێچووەکە، دەیلێسێتەوە، بۆنى پێوە دەکات، فوو دەکات بە دەمیدا، ئنجا لە ناچاریدا کە نازانێت چى تر بکات سەیرى ڕاست و چەپى خۆى دەکات. تەنانەت ئاژەڵێکى دڕندەش تا ئەم ڕادەیە بەرامبەر بە بێچووى ئاژەڵێکى تر بەزەیی هەیە کە گرتوویەتى بۆ خواردن. یان شێرێک بە ڕەفتارى نەرمونیان لەگەڵ بەخێوکەرەکەى، دەرى دەخات کە بێباک و بێوەفا نییە بەرامبەر بە جوامێرى و خزمەتەکانى مرۆڤەکە. دەبینیت ورچێک لەپێناو باڵندەیەکى باڵشکاودا کە لە ئاودا گیرى خواردووە، دەچێتە ناو ئاوەوە، لە ئاوەکە ڕزگارى دەکات و هەتا دەشیگەیەنێت بە وشکایی لەسەر سەرى هەڵیدەگرێت.

بەداخەوە هەندێک لە ستەمکاران خاوەنى یەک لە هەزارى ئەم میهرەبانییە نین کە لە ئاژەڵاندا دەیانبینین. ئێوە لە کەسانێکەوە کە زۆرجار وەک داخوازییەکى مرۆڤایەتى چاکەتان بەرامبەر کردوون، بەداخەوە جگە لە تف بۆ دەموچاوتان، پەلامار بۆ سەر کەسایەتیتان، پێشێلکردنى مافى ژیانتان هیچى ترتان نەدیوە. کەسانى لەم جۆرە هێندەى جانەوەرێکى دڕندە وەفایان بۆ چاکە نییە. بێبەزەییانە ئەزێتى ماڵ و منداڵ و ژن و پیرى کەسانێک دەدەن کە لە خۆیان نین. دەست بۆ دینى هەندێک، نامووسى هەندێک، گیانى هەندێک، ئازادیی هەندێک، ماڵى هەندێک، پلەوپایەى هەندێک درێژدەکەن. لاوازیی و دەستەوسانى و ناچاریی بەرامبەرەکانیان هەستى شەفەقەتى ئەوان نابزوێنێت؛ بەپێچەوانەوە ئیشتیهایان هێندەى تر زیاتر دەکات. نازانم دەبێت چى بوترێت بەم مەخلوقاتانەى کە هێندەى ئاژەڵان میهرەبانى و بەزەییان بۆ هاوجۆرەکانى خۆیان نییە؟ بە گوزارشتى قورئان، ئەمانە لەخوار ئاژەڵانیشەوەن.[5]

بەڵێ، لە دۆخى ئێستاماندا، لەپاڵ چەندین بەهاى دیکەماندا، شتێکى ئاشکرایە کە هەستى میهرەبانیشمان لەدەستداوە. بەداخەوە نەوەکانى ئەمڕۆ لە ڕوویەکەوە مەحروم لە خۆشەویستى و میهرەبانى و بەزەیی گەورەدەبن. بۆیە زۆرێک لەوانەى بانگەشەى موسڵمانێتى دەکەن تەنانەت ناتوانن خەسڵەتە هەرە بنەڕەتییە مرۆییەکانى خۆیان بپارێزن و ناتوانن مرۆڤانە لەگەڵ یەکتردا ڕەفتاربکەن. جاروبار خۆیان دەدەنە بەر لافاوى غەددارییەکى وەها کە زۆر پێشى ئاژەڵە دڕندەکانیش دەکەونەوە. مرۆڤێتیی خۆیان لەبیردەکەن و ددان لەم و لەو جیڕدەکەنەوە و لیک لە دەمیان دەڕژێت. ماف و ئازادییە هەرە بنەڕەتییە مرۆییەکان لە کەسانێک دەگرنەوە کە لەسەر هەمان هێڵى بیرکردنەوەى خۆیان ناڕۆن و وەک خۆیان بیرناکەنەوە. چونکە جڵەوى ملیان داوەتە دەستى هەواى نەفسیان و ژیانێک بەم ئاڕاستەیەدا دەژین. بە هەموو هێزیان بەدواى دونیادا ڕادەکەن و مەفتوونى جوانییە ڕاگوزەرەکانى ئەون. بەم جۆرە هەم دونیا و هەم ئاخیرەتى خۆیان تاریک دەکەن.

لە دونیایەکى لەم شێوەیەدا نەشونماکردنى بیر و هەستە ئیسلامییەکان و ڕۆیشتنى مرۆڤەکان بەرەو خوا، مومکین نییە. ئەم جۆرە موسڵمانانە نە خوا لێیان ڕازى دەبێت نە فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم).

بەکورتى، میهرەبانى یەکێکە لە بەها هەرە سەرەکییەکانى موسڵمان و بنەماى ڕێبازى ئێمەش پێکدەهێنێت. وەک خولگە و گوزەرگاى خزمەتگوزارانى ئیمان و قورئان بیرکردنەوە و تێڕامانە (تفکر)، ئاسۆشیان شەفەقەتە. لەسایەى شەفەقەت و بیرکردنەوەدا، بنەماکانى دیکەى وەک لاوازى و هەژارى و شەوق و شوکریش ڕوون دەبنەوە. بەبێ بوونى شەفەقەت و بیرکردنەوە وەک چۆن چارەسەرى گرفتە دونیاییەکان زۆر زەحمەتە، گەیشتن بە ڕزگاریی ئاخیرەتیش ئاسان نییە. ئەوانەى بێبەش لەم بنەمایانە دەژین دونیایان کرد بە گڵۆڵەى ئاڵۆزى کێشەکان و ئاخیرەتى خۆشیان وێرانکرد. لەبەرامبەر ئەمانەدا، ئەو خزمەتگوزار و خۆتەرخانکەرانەى کە میهرەبانى بە بنەمایەکى گرنگى ڕێبازەکەیان دەبینن، زۆر گرنگە بەم پێیە ڕەفتاربکەن. کێ هەر دڕندەییەک دەکات با بیکات، ئەوان دەبێت لەسەر ژیان بەپێى دەستوورى ڕەفتارى مرۆڤانە بەرامبەر بەوانەش کە خراپەیان دەرهەق کردوون لەسەر جوامێرى بەردەوام بن.

[1] أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم قَالَ ‏ “‏ يَا عَائِشَةُ إِنَّ اللَّهَ رَفِيقٌ يُحِبُّ الرِّفْقَ وَيُعْطِي عَلَى الرِّفْقِ مَا لاَ يُعْطِي عَلَى الْعُنْفِ وَمَا لاَ يُعْطِي عَلَى مَا سِوَاهُ ‏”. بخاري، أدب ٣٥.

[2]  “‏ الرَّاحِمُونَ يَرْحَمُهُمُ الرَّحْمَنُ ارْحَمُوا أَهْلَ الأَرْضِ يَرْحَمْكُمْ مَنْ فِي السَّمَاءِ ‏”‏. ترمذي، بر ١٦؛ أبو داود، أدب ٥٨.

[3] وَمَآ أَرْسَلْنَـٰكَ إِلَّا رَحْمَةًۭ لِّلْعَـٰلَمِينَ. (الأنبیاء: ١٠٧.)

[4] لَقَدْ جَآءَكُمْ رَسُولٌۭ مِّنْ أَنفُسِكُمْ عَزِيزٌ عَلَيْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِيصٌ عَلَيْكُم بِٱلْمُؤْمِنِينَ رَءُوفٌۭ رَّحِيمٌۭ. (التوبة: ١٢٨)

[5] وَلَقَدْ ذَرَأْنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيرًۭا مِّنَ ٱلْجِنِّ وَٱلْإِنسِ ۖ لَهُمْ قُلُوبٌۭ لَّا يَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْيُنٌۭ لَّا يُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ ءَاذَانٌۭ لَّا يَسْمَعُونَ بِهَآ ۚ أُو۟لَـٰٓئِكَ كَٱلْأَنْعَـٰمِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ ۚ أُو۟لَـٰٓئِكَ هُمُ ٱلْغَـٰفِلُونَ. (الأعراف: ١٧٩)