هەڵوێستى سەربڵندانە

هەڵوێستى سەربڵندانە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

لە ئادەمیزاددا هەستى وەها هەن، وەک ڕق و قین و نەفرەت و دوژمنایەتى، گەر کۆنتڕۆڵ نەکرێن، دەتوانن خاوەنەکەیان لە ڕووى مەعنەوییەوە کوێر و کەڕ و بێدڵ بکەن و تەنانەت لە مرۆڤێتیش دەری بکەن و بیگۆڕن بە دڕندەیەکى پەلاماردەر. ئەگەر سەیرێکى چواردەورمان بکەین، دەبینین کەسانێک بەر شەپۆلى ئەم هەستە نەرێنییانە کەوتوون و لەژێر کاریگەرییاندا تاوانى زۆر گەورە ئەنجام دەدەن. لێرەدا ئەرکى ئیماندار ئەوەیە مافى ئیرادەکەى بدات، جڵەوى ئەم هەستانەى بکات و لەسەر ڕاستڕەوى بژى. دەبێت بە پشتبەستن بە هێز و دەسەڵاتى خوا، هەوڵى تێپەڕاندنى ئەم زەمینە خلیسکە بدات کە کەسانى دیکە تێیدا دەخزێن و دەکەون، لەبەرامبەر ئەو مامەڵە خراپانەى کە لە ئاستیدا دەکرێن هەرگیز دەستبەردارى کاراکتەرى خۆى نەبێت و ڕەوشتى خۆى نەگۆڕێت.

بە گوزارشتى قورئان، مرۆڤ مەزهەرى (أحسن تقویم)ە و لە ڕووى توانا ماددى و مەعنەوییەکانەوە لە جوانترین شێوەدا بەدیهێنراوە ﴿لَقَدْ خَلَقْنَا الإِنْسَانَ فِي أَحْسَنِ تَقْوِيمٍ﴾ (التین: ٤) . بوونەوەرێکى ڕێزلێگیراو و خاوەنشکۆیە ﴿وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ﴾  (الإسراء: ٧٠). ئەرکى سەرشانى ئەم بوونەوەرە تایبەتەى کە ئەم هەموو لوتفە گەورانەى پێدراوە، ئەوەیە بەجۆرێک ڕەفتاربکات کە بگونجێت لەگەڵ ئەم کەماڵى بەدیهاتنەیدا، بەدرێژایی ئەو تەمەنەى کە خوا مۆڵەتى دەدات هەرگیز لە ڕاستى و ڕاستڕەوى لانەدات و نەهێڵێت ئەو هەستە نەرێنییانەى کە تێکەڵ بە فیترەتى بوون لە ڕێ دەرى بکەن.

بەتایبەت لەمڕۆدا کە ڕووداوگەلێکى زۆر ڕوودەدەن کە کار لە خوێن و دەمارى ئینسان دەکەن، پاراستنى هەست و هاوسەنگى هێندەى تر گرنگى بەدەستدەهێنێت. ئەو داماوانەى کە قین و حەسوودى و کیبر بەسەریاندا زاڵبوون، هەوڵى سووتاندنى خەرمانێک دەدەن کە بە هەزار و یەک هەوڵ و تێکۆشان کۆکراوەتەوە. ئەو ستەم و خۆسەپێنى و دەستدرێژییانەى کە ڕوودەدەن، تەنانەت دەگونجێت هاوسەنگیی مرۆڤە هەرە ڕاستڕەوەکان بشێوێنن. لەم کاتانەى فیتنەدا کە بەڵا و موسیبەتەکان بەدواى یەکدا دێن، بەهێزترکردنى پەیوەندى لەگەڵ خوادا و وەستان بەسەربڵندى؛ ئازادبوون لە هەموو جۆرە لادانێک، پێویستى بەوپەڕى عەزم و تێکۆشان هەیە.

خوا دەزانێت کە ئێمە جگە لە شەکاندنەوەى ناو شکۆمەندى موحەممەد (صلى الله علیە وسلم) لە هەموو جێیەکدا، دەستگرتنى نەوە لاوەکان و ئامادەکردنى ڕێوشوێنى خوێندن و خوێندەوارى، هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەى ئاشتى و ئاساییشێکى جیهانى، هیچ ئامانجێکى ترمان نەبووە. بەردەوام وتمان خۆشەویستى، وتمان ئاشتى، وتمان برایەتى، وتمان لێبوردەیی، وتمان مرۆڤایەتى و لەپێناو ژیاندنى ئەم بەها مرۆییانەشدا کۆمەڵێک پڕۆژەمان پەرەپێدا و دامەزراوەگەلێکمان دامەزراند. ئەو خۆبەخشانەى کە دڵیان بە خزمەت داوە، هاوشێوەى صەحابییە بەڕێزەکانمان، بۆ ئەوەى ئەو حەقیقەتانەى کە خوا ناویەتە دڵیانەوە بڕژێننە ناو سینەى کەسە موحتاجەکانەوە، بە هەر چوار لاى دونیادا بڵاوبوونەوە و ئارەزوومەندانە کۆچیان کرد. ئاوڕیان بۆ دواى خۆیان نەدایەوە، بیریان لە خۆیان نەکردەوە، چاوەڕێى پاداشتیان نەکرد، پێیان لە دونیا نەگیرا. لەو جێیانەدا کە ڕوویان تێکرد، بە هەوڵ و کۆششى خۆیان کۆمەڵێک دامەزراوەیان دامەزراند کە خزمەت بە ئامانجەکانیان بکات، لە بونیاتنانیشیاندا وەک کرێکار و سەپانێک کاریان کرد. ئەو شتانەیان کرد کە پێویستن بۆ ئاشتى و سەلامەتیی مرۆڤایەتى، ئەو شتانەیان وت کە پێویستن بوترێ. بە ئیزن و عینایەتى خوایش لە ماوەکى کەمدا سەرکەوتنى گەورەیان تۆمارکرد.

بەڵام چى لە دەست دێت، هیچ کاتێک لەسەر زەویدا نە ستەمکاران و نە ئەو شەیتانە بێزمانانەشیان کەم بوون کە لەهەمبەر زوڵم و ناهەقییەکانەوە بێدەنگ بوون. فیرعەون و نەمروود و یەزید و حەججاجەکان لە هەموو ڕۆژگارێکدا هەبوون و لەمەولاش دەبن. ئەم ڕۆحە نارسیستانەى کە بوون بەژێر بارى ئیگۆى خۆیانەوە، بە زوڵم و ئەزێتەکانیان هەمیشە خوێناویان بەوانە هەڵهێناوەتەوە کە خۆیان بە خاوەنى دەعواى خوا کردووە. هەندێکیان لێ کوشتوون، هەندێکیان ناچار بە بەجێهێشتنى نیشتمان کردووە، هەندێکیان لە زیندان توندکردووە، ماڵ و موڵکى هەندێکیشیان داگیرکردووە. وەحشەت و ستەمەکانیان تەنانەت ژن و منداڵ و پیرەکانیشى گرتووەتەوە. هەرچەندە ناو و نیشانى ستەمکاران گۆڕاون، وەلێ ستەمەکانیان هەمیشە یەک جۆر بوون. چونکە هەموویان خاوەنى ئەو ئەخلاقە فیرعەونییەن کە لە قورئاندا وێنەى کێشراوە. بە سەڵتەنەتەکەیان فریویان خواردووە، تەنها خەمى ئاییندەى خۆیان خواردووە، وا گومانیان بردووە کە دونیا ئەبەدییە، ئاخیرەتیان لەبیرکردووە. لە چوارچێوەى ڕووداوە دووبارەکانى مێژوودا، چلە و ڕەنج کێشان، قەدەرى نەگۆڕى پێغەمبەران و شوێنکەوتە ڕاستگۆکانیان بوون.

بەڵام هیچ ستەمکارێکیش هەتا سەر بۆى نەچووەتە سەر. زاڵمان بە تاوان و گوناهەکانیان چارەنووسى بەد و لەناوچوونى خۆیان ئامادەکردووە و هەمان ئەو ئازار و ئەزێتەیان کێشاوە کە دەرخواردى خەڵکانى بێتاوانیان داوە. دوعا و نیازى ستەملێکراوان، ناڵە و فرمێسکیان هەتا عەرش بەرزبووەتەوە و غیرەتى خوایی هێناوەتە جووڵە. خواى گەورە لە سەرەتاى کارەکەیاندا مۆڵەت لەسەر مۆڵەتى داوە بەو ستەمکارانە بۆ ئەوەى تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە، بەڵام کاتێک کارەکانیان غیرەتى خوایی دەبزوێنێت، دەیانگرێت و قەڵاچۆیان دەکات. ڕۆژێک دێت سیناریۆ وەحشى و ستەمکارانەکانیان و پڕۆژە و کارە خائینەکانیان، لە ویژدانى گشتیدا مەحکوم دەبن و لەعنەتیان لەدوا دەنێردرێت.

نازانم داخۆ من دەیبینم یان نا، بەڵام ئێوە حەتمەن شایەتحاڵى چارەنووسى بەدى ستەمکارانى ئەم ڕۆژگارە دەبن. ئەوانەى کە تەرازووى عەدالەتى خوا تێکدەدەن، زوو یان درەنگ دەیانبینن چۆن بەڵاى خۆیان بۆ دەبێت. ئەمە دەڵێم وەک متمانەیەک بە ناوى حەق و دادپەوەریی خوا. دەنا هیوادارین پێش ئەوەى بەڵاى خۆیان بۆ ببێت، خواى گەورە چاوى ئەوانیش بە ڕووى ئیسلامییەت و ئینسانییەتى ڕاستەقینەدا بکاتەوە. چاویان بکاتەوە، حەق و حەقیقەتیان پێ نیشان بدات و بەرەو (صراط المستقیم) ڕێنموونییان بکات. عەقڵ و فیکر و تێگەیشتن بدات بەوانەى کە بە بیروڕا و فەتوا و گوفتار و نووسینەکانیان پشتیان دەگرن! چاوى حەشاماتەکان –کە بەرامبەر بەم هەموو ستەمە خۆیان کردووە بە شەیتانى بێزمان- بکاتەوە و دڵیان لە ئاستى حەق و عەدالەتدا بێداربکاتەوە! خۆزگە زاڵمان وازیان لە زوڵمەکەیان دەهێنا، خۆزگە چاویان بە ڕووى ئیمانى ڕاستەقینەدا دەکردەوە!

پوختەى قسە، ستەمکار لەسەر جێبەجێکردنى داخوازییەکانى کاراکتەرى خۆى بەردەوام دەبێت، وەلێ لەکۆتاییدا سزاى کارەکانى بێگومان وەردەگرێت. لەپاڵ ئەمەدا، هەڕەشە و فشار و پەستان و ڕاوەدوونان و سزادانەکان لە ڕابردوو و لە ئەمڕۆ و داهاتووشدا واز لەوانە ناهێنن کە ناوى حەق و حەقیقەت دەبەن. ئەو کەسانەى کە لە دڵەوە باوەڕیان بە خوا کردووە، پێویستە لەو ڕێگایەدا کە پێیدا دەڕۆن حساب بۆ ئەمەش بکەن. کاتێک ستەمکاران بەپێى داخوازییەکانى کاراکتەرى خۆیان دەجووڵێنەوە، ئەوانیش دەبێت زۆرباش بزانن دەبێت چى بکەن و جێبەجێیشى بکەن. دەبێت بەرگەى ئەو شتانە بگرن کە پێویستە بەرگەى بگیرێت، سنگ لەو شتانە دەربپەڕێنن کە پێویستە سنگیان لێ دەربپەڕێنرێت. گرنگ ئەوەیە بەرامبەر بە شەپۆلە بەردەوامەکانى ستەم سەربڵندانە بەپێوە بوەستین، بەبێ هەڵنووتین لە کاریگەرییە نەرێنییەکان لە ڕۆیشتن بەردەوام بین و کارگەلێک ئەنجام بدەین کە ئەو ڕەنجەى کێشاومانە دەربهێنێتەوە.

صەحابییە بەڕێزەکانمان لە بیابانە گەرمەکاندا لەژێر بەردى سوورەوەبوودا ناڵاندوویانە، لە شیوى ئەبو تاڵیب دووچارى بایکۆت کراون، ناچار بە جێهێشتنى خانە و لانەى خۆیان کراون، وەلێ دواتر بە ئیزنى خوا دڵەکانیان فەتح کردووە. خۆیان پاییز ژیاون بەڵام سەوزبوونى بەهار و گوڵستان و بێستانیان لە سینەى خۆیاندا دەستەبەر کردووە. ئەو ئارەق و فرمێسکەى ڕشتوویانە وەک بڵێیت گۆڕاوە بە هەورەکانى ڕەحمەت کە لە ئاسمانەوە دادەبەزن و بە هەر جێیەک گەیشتبن گۆڕیویانە بە باخ و گوڵستان. ئەگەر خۆتەرخانەکەرەکانى ئەمڕۆش دەیانەوێت بیابانە وشکەکان سەوز بکەنەوە، نابێت لەبیریان بچێت کە دەبێت بە هەمان ڕێگادا بڕۆن.

ئەگەر ئەو ڕێیەى پێیدا دەڕۆن بە قورئان و سوننەتى صەحیح و پێوەرە بنەڕەتییەکانى سەلەفى صاڵح پێوابێتتان و بڕواتان بە ڕاستبوونى کردبێت، ئیدى کارى لەمەبەدواتان ئەوەیە بەبێ لادان و سەرسامبوون و ترازان، ڕێک و ڕاست پێیدا بڕۆن. چونکە لادان لەم ڕێیە لە هەمان کاتدا بە ماناى لادان لە قورئان و سوننەت و ڕێگاى سەلەفى صاڵح دێت. کەسێکیش لە ڕێگاى ئەوان لابدات ڕزگارى نابێت. سەیرکردنى حاڵى ئەوانەى کە هەڵدەوەرێن و وتنى “تومەز خەڵکى ئاوا لە ڕێ لادەدەن!” و گەڕان بەدواى بیانوو بۆ لادانەکانمان، تەنها خۆخەڵەتاندنە. قەت بیستووتانە صەحابییەکان “ئۆف”ێک لە زاریان دەرهاتبێت و ڕێگایان ون کردبێت، هەرچەندە چەندین ساڵ دووچارى بایکۆت و فشار و ئەشکەنجە بوونەتەوە؟ ئەگەر ئەوان نەیانکردبێت، کەوایە دەبێت ئێمەش “ئاخ و ئۆف” نەکەین. هەرکەسێک ئەمڕۆ نەڵێت “ئۆف”، خواى گەورە سبەینێ دەیخاتە حاڵێکەوە بڵێت “ئۆخەى”.

ناتوانین سروشتى مرۆڤ نادیدە بگرین. بەرامبەر بەو ئازار و ناڕەحەتییانەى کە تووشیان دەبین، دڵتەنگ دەبین و دڵمان توند دەبێت. هەریەکێک لە ستەمەکانى کۆلکە دیکتاتۆرەکان وەک ڕمێک لە سینەمان دەچەقێت. دڵتەنگ و خەمبار نەبوونى کەسێک لەبەرامبەر ئەم هەموو ژان و سۆیەوە، بێخەمى و بێهەستییە. بەڵام وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، لەهەمبەر ئەم هەموو شتە نەرێنییانەدا لانادەین، ناکەوینە ژێر کاریگەریی هەستەکانمانەوە، خەمبارییەکەمان ناگۆڕین بە سکاڵا. بە کردار و گوفتارەکانمان هێز و ورەى مەعنەویی کەسانى چواردەورمان ناشکێنین و گرفتارى نائومێدییان ناکەین. باوەڕمان وایە هاوشێوەى ڕابردوو، لەمەودواش فشار و پەستانەکان هۆکارى کرانەوە و فراوانبوونەکانن، بیر لە قازانج و سوودى بەڵا و موسیبەتەکان دەکەینەوە، بە سەبر و ڕەزامەندى داواى یارمەتى و عینایەتى خوا دەکەین. خواى گەورە هەرگیز کەسانێک کە لە ڕێى خۆیدا ڕۆیشتوون –بەمەرجێک ڕاستڕەوییان پاراستبێت- سەرووژێر نەکردووە و لە نیوەى ڕێدا جێى نەهێشتوون. هەرچەندە لە هەندێک بەشى ڕێگاکەدا مۆڵەت دەدات تووشى هەندێک ئەزێت ببن، وەلێ دواتر هەمیشە دەستى گرتوون و بەرەو کەنارى سەلامەتى ڕزگارى کردوون.