ڕێگاى چاکسازى

ڕێگاى چاکسازى
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

ئەرکى سەرەکیی ئەو ئیماندارانەى کە خزمەتى ئیمان و قورئان دەکەن، ئەوەیە پەردەى سەر چاوى خەڵک هەڵبگرن و لە بینینى ڕوون و ڕەواندا یارمەتییان بدەن، وەک چۆن پزیشکى چاو پەردەى ئاوى ڕەش و سپیی چاو لە ڕێگەى نەشتەرگەرییەوە لادەبات و تواناى بینین بۆ چاوەکە دەگێڕێتەوە. ئەرکى پێغەمبەرە مەزنەکان، صەحابە بەڕێزەکان، تابیعین، موجتەهید و موجەددیدەکانیش هەر ئەمەیە. دەتوانن ئەم کارە ناوى وەزیفەى “فەرمان بە چاکە و ڕێگریی لە خراپە”یشى لێبنێن.

کاتێک دەوترێت “مەعروف”، سەرەتا ئەو شتانە بە بیردا دێن کە دین بە شتانى جوانیان دەبینێت و فەرمانیان پێدەکات. ئەو دابونەریتانەش کە خەڵک بە جوانیان دادەنێن و دژایەتییان لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانى دیندا نییە، داخڵى ئەم پۆلەن.

کاتێکیش دەوترێت “مونکەر”، مەبەست لێى ئەو شتانەیە کە ئیسلام بە ناشرینیان دەزانێت و قەدەغەى کردوون. بەڵام دەکرێت ئەو شتانەیشى بۆ زیادبکەین کە عەقڵ و سروشتى ئینسان بە ناشرینیان دەبینن. ئەوەتا لاى فەقیهە حەنەفییەکان ئەو عەقڵەش پێگەیەکى تایبەتى هەیە لەو شتانەدا کە بە جوان یان ناشرینیان دەبینێت.

بە واتایەکى تر، بەرپرسیارێتییەکى گرنگى خۆتەرخانکەران ئەوەیە هانى ئەو هەڵسوکەوتە ئەرێنى و جوانانە بدەن کە دەکەونە ناو پۆلێنى مەعروفەوە، خەڵکیش بێداربکەنەوە لەو ڕەفتارە نەرێنى و ناشرینانەى کە دەچنە ڕیز و پۆلێنى مونکەرەوە. ئەم ئەرکە دەکرێت بەشێوەیەکى دیکەش ناوى لێبنرێت: پڕۆسەى ئاڕاستەکردنى مرۆڤەکان بەرەو شتانى بەسوودى دونیایی یان ئاخیرەتى و نزیککردنەوەیان لێى؛ هەروەها دوورخستنەوەیان لە زیانە دونیایی و ئاخیرەتییەکان. ئەم ئەرکە گرنگە، دەگونجێت لە ڕێگەى دوو وشەوە کورت بکرێنەوە کە لە قورئاندا بەزۆرى دووبارە کراونەتەوە: تبشیر (مژدەدان)، ترهیب (ترساندن). لەبەرئەوەى لاى خوا ئەم وەزیفەیە گەورەترینە، ئەوا پێغەمبەران کە خۆشەویستترین بەندەکانى خوان، ئەم ئەرکەیان پێسپێرراوە.

دوو چەمکى تریش هەن کە تێکڕاى ئەم مانایانە دەردەبڕن: (تخلیة، تحلیة). ئەم دوو زاراوەیە شێوازى چارەسەرکردنى خراپەیەک کە لە جێیەکدا دروستبووە، بە شێوەیەکى پلەبەند و تەواوکارى یەکتر دەردەبڕن. یەکەمیان بە ماناى خاڵیکردنەوە دێت کە بریتییە لە خاوێنکردنەوە لە چەپەڵییەکان، دووەمیشیان واتە جوانکردن، پڕچەککردن و ئاراییشتدان. لە ڕێنموونى و بانگەواز و پەروەردەدا یەکەم کارى پێویست ئەوەیە دڵ و دەروون و ڕۆح و زیهنى بەرامبەر لە هەموو جۆرە چڵک و گوناه و شیرک و گومڕایی و ڕەوشتێکى خراپ، بەتایبەت لە هەموو جۆرە بیر و هەستێکى نەرێنى خاوێن بکرێتەوە. گەرچى هەموو منداڵێک لەسەر فیترەتى ئیسلام و شوناسێکى پاک لەدایکدەبێت، وەلێ بە تێپەڕینى کات بەهۆى کاریگەریی ئەو ژینگە کەلتوورییەى کە تێیدا دەژى، دەگونجێت لە سروشتى ئەسڵى و ساغى خۆى دووربکەوێتەوە. سەرەتا دەبێت کەسانى لەم جۆرە  دەستیان بگیرێت و لەو چڵک و لەکە و پەڵەى کە لێیانەوە چووە خاوێن بکرێنەوە. پاشان بە ئیمان و تەوحید و مەعریفەت و خۆشەویستیی خوا هەوڵى ڕازێنراوەیان بدرێت.

لە بەزمى “ئەلەست”دا کاتێک خواى گەورە لە هەموو ڕۆحەکانى پرسیوە “ئایا من پەروەردگارى ئێوە نیم؟”، ئەوان بە “بەڵێ، تۆ پەروەردگارى ئێمەیت” وەڵامیان داوەتەوە. بەڵام دواتر چەندین ڕۆح لە دونیادا ڕۆچوون، بە نەفسیان خەڵەتاون، بەو شەیتانەى کە دوژمنى ئەزەلییانە فریویان خواردووە، ئەم پەیمانەیان لەبیرکردووە کە بە پەروەردگاریان داوە و وەفایان بۆ بەڵێنەکەیان نەبووە. بۆ ئەوەى ئەم بەڵێنەیان بیربێتەوە و ژیانێک بەگوێرەى ئەمە بژین، مرۆڤەکان پێویستە جارێکى دیکە بگەڕێنەوە بۆ سەر فیترەتى ئەسڵییان، ویژدانیان دەمەزەرد و شەففاف بکرێتەوە.

بە دەربڕینێکى تر، لەمڕۆدا پێویستییەکى زۆر بەوە هەیە کە جارێکى تریش تەوحیدى ربوبییەت، تەوحیدى ئولوهییەت و تەوحیدى عبودییەت لە دڵەکاندا بگەشێنرێنەوە. بۆ نموونە، نوێژەکانمان بە ڕاگەیاندنى حەقیقەتى “حەمد، بۆ خواى پەروەردگارى جیهانیانە” دەست پێدەکەین. واتە لە هەموو نوێژێکدا بە دەنگى بەرز تەوحیدى ربوبییەت دەڵێینەوە. باشە ئایا دەزانین ئەمە بە ماناى چى دێت؟ پەى بە سوورەتى (الإخلاص) دەبەین کە تەوحیدى ئولوهییەت دادەمەزرێنێت، یان لە سوورەتى (الکافرون) تێدەگەین کە پەیتا پەیتا تەوحیدى عبوودییەت دووبارە دەکاتەوە؟ لەپێناو دەربڕینى ڕاستیی تەوحیدى عبوودییەتدا، دەڵێین تەنها خوا مەعبودى حەق و مەقصودى حەقیقەییە؛ چاو تەنها لە ئەو دەبڕین، دەڵێین کە دەبێت تەنها لەپێناو ئەودا کاربکرێت، بە ناوى ئەوەوە دەست پێبکرێت، لەبەر خاترى ئەو قسەبکرێت، لە هەموو کارێکماندا تەنها ڕەچاوى ڕەزامەندیی ئەو بکەین. داخۆ تا چەند لە ویژدانماندا هەست بەم شتانە دەکەین؟ بە مل نەویکردن لەبەردەم ربووبییەت و ئولوهییەتى ئەودا، بە دوعا و نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەکات و هاوشێوەکانیان، تا چ ئەندازەیەک دەتوانین عبودییەت ئەنجام بدەین؟

زۆرێکمان لە ڕێگەى ئەو عیبادەت و تاعەتانەوە کە دەیانکەین، تێدەکۆشین قەرزى بەندایەتیمان بۆ خوا جێبەجێى بکەین. بەڵام ئەوەى کە داخۆ لە کردەوەکانماندا تا چەند خاوەنى ئیخلاصین، قسەى لەسەرە. دەتوانین بانگەشەى ئەوە بکەین کە عیبادەتەکانمان هیچ جۆرە شیرکێکى تێوە نەئاڵاوە؟ ئایا توانیومانە بەندایەتییەکەمان بگەیەنین بە شعوورى ئیحسان؟ داخۆ لە هەستان و دانیشتندا باسى ئیمان و ئیخلاص و عەشق و شەوق دەکەین؟ ئەگەر نەتوانین بە دڵى ئاسوودەوە بە “بەڵێ” وەڵامى هەموو ئەم پرسیارانە بدەینەوە، ماناى وایە هێشتا مەودایەکى زۆر ماوە کە دەبێت بیبڕین. لەبنەڕەتدا ئەمەش هەمان ئەو بەرپرسیارێتییە بنەڕەتییەیە کە دەکەوێتە ئەستۆى خزمەتگوزارانى ئیمان. چونکە وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، ئەمە ڕێگاى پێغەمبەران و هاوەڵە بەڕێزەکانە. وە ئەم ڕێگایەش هەمیشە کۆمەڵێک ناڕەحەتى و سەختیی تایبەت بە خۆى هەبووە. بەڕاى ئێمە حوزنى ئەو کەسانەش کە بەرگەى مەینەتییەکانى ئەم ڕێگایە دەگرن، حوزنێکى موقەددەسە.

لەپاڵ ئەمەدا، کەسانێکیش هەن کە چاویان لە دونیا و سەڵتەنەت و باقوبریقەکەى بڕیوە و بەهەڵپەوە بەدوایدا ڕادەکەن. پێویستە یەکسەر بڵێم ئەو ئازار و ترسانەى کە ئەوان دەیچێژن زۆر لەوەى خزمەتگوزارانى ئیمان زیاتر و کاریگەرترە. لەدەستچوونى ماڵ و موڵکیان گیانیان ئەزێت دەدات، ئیفلیجیان دەکات و دڵیان دەتۆقێنێت. تەنانەت بیرکردنەوە لە ئەگەر لەناوچوونى ئەو ئیمکانییەتانەى کە هەیانە، هۆکارێکى سەرووزیادە بۆ خەمۆکى و دڵەڕاوکێى ئەوان و لە ناخەوە دەیانتوێنێتەوە. لە ڕێگەى هەزار و یەک درۆ و فرتوفێڵەوە هەوڵى پاراستنى ئەوەى ناودەستیان دەدەن. لەمەش تاڵتر، خۆشەویستییان بۆ سەروەت و پلەوپایە و دونیا دەیانهێنێتە سەر چۆک و دەست و دامێنى ئەم و ئەویان پێ ماچ دەکات. لەبەر خاترى گەیشتن بە پلەوپایە جیاوازەکان، ئابڕووى خۆیان لاى ئەو کەسانە دەتکێنن کە وەک بەهێز دەیانبینن و دەبنە کۆیلەیان. واتە لەلایەک لە ترسى لەدەستچوونى ئەوەى کە لەناو دەستیاندایە ئاسوودەییان و تەندروستیی بیرکردنەوەیان لەدەستدەدەن؛ لەلایەکى دیکەشەوە بە دەست و دامێن ماچکردن شەرەف و عیززەتیان دەدۆڕێنن. دەرەنجام، کەسانى لەم شێوەیە وەک چۆن ژیانى ئاخیرەتیان تاریک دەکەن، ئاسوودەیی دونیاش بەدەستناهێنن.

پیربوون، لەدەستدانى لاوێتى و تەندروستى، موبتەلابوون بە هەندێک نەخۆشى کە بە نیشانەکانى مردن دادەنرێن و بەتایبەت ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستیی مردن، شتانێک نین کە ئەم جۆرە دونیاپەرستانە بتوانن بەرگەى بگرن. تەنها بیرکردنەوە لەم شتانە بەسە بۆ ئەوەى ئەوان لە ناسۆردا بتلێنێتەوە. نایانەوێت لەو دونیایەى کە بە هەموو دڵیان پێوەى وابەستە بوون، داببڕێن. تەنانەت ئەندێشە و خەمیان بۆ منداڵ و نەوەکانیان کە لەدواى خۆیان جێى دەهێڵن، بەختەوەری و ئاسوودەیی ئەوان تێکدەدەن. هەندێکیان تەنها بە بەکارهێنانى هەندێک دەرمانى دژەخەمۆکى دەتوانن هاوسەنگیی ژیانیان ڕاگیربکەن. گەر دەروونشیکارێکى لێزان ئەمانە بپشکنێت، دەڵێت کە دەبێت زۆربەى ئەمانە لە نەخۆشخانەى شێتان قایم بکرێن.

ئەو کەسانەى کە بەدواى دونیادا ڕادەکەن و تێدەکۆشن بە دونیا دڵى خۆیان تێربکەن، لە هەستى حەسوودیش ڕزگاریان نابێت. ئاگرى حەسوودیی ناخیان دەیانسووتێنێت. واتە زیانى یەکەمى حەسوودییەکەیان هەر بەر خۆیان دەکەوێت. بەڵام لەپاڵ ئەمەدا، هەر دەرفەتیان بۆ هەڵکەوت، ستەم لەوانە دەکەن کە حەسوودییان پێدەبەن. چونکە حەسوودى نەخۆشییەکى وەهایە کە تەنانەت نەخۆشخانەکانیش تواناى چارەسەرى ئەویان نییە. وە هەروەها بەڵایەکى وەهایە زوڵمى وا بە ئیماندار دەکات کە تەنانەت بێباوەڕیش نایکات. ئەوەتا لەمڕۆدا نموونەکانى ئەمە بەزۆرى دەبینین. زاڵمە حەسوودەکان، لە ڕێگەى ئەو گریمانە بەتاڵانەوە کە بە عەقڵى خۆیان دۆزیویانەتەوە یان دروستیان کردوون، بەبێ گوێدان بە ژن و منداڵ و پیر، ژیان لە خەڵک دەکەن بە ژەهر و دونیایان لێدەهێننەوە یەک. لە ڕێگەى بەستنى دەمى ئەوانەوە و لەبەر خاترى کەمکردنەوەى کاریگەریی ئەوان، هەوڵدەدەن دونیاى خۆیان بونیات بنێن و تەمەنى دەسەڵاتەکەیان درێژبکەنەوە.

بەڵام بەو زوڵمەى کە دەیکەن سەرەتا دونیا و ئاخیرەتى خۆیان تاریک دەکەن. هەڵپە و تەماع و حەسوودییەکەیان هەموو ڕۆژێک هەنگاوێک زیاتر لە خوایان دادەبڕێنێت؛ بەئەندازەى دابڕانیشیان لە ئەو، هاوسەنگى و ئوسلوب و ڕاستڕەویی فیکرییان لەدەستدەدەن. بە لاوازبوونى بەندایەتییان بۆ خوا، دەبنە کۆیلەى سەڵتەنەت و هەوا و شان و شۆرەت و پارە و چەندان شتى دونیایی دیکە. بە دوورکەوتنەوەیان لە تەوحیدى ربووبییەت و ئولوهییەت، پەنجا بت بۆ خۆیان دروستدەکەن و دەستدەکەن بە پەرستنیان. لەپاڵ ئەم بتە مۆدێرنانەدا، لات و مەنات و عوززا و نائیلە و ئیسافەکانى جاران زۆر لەدواترن. هەزاران سوپاس بۆ خوا کە بە کردنى ئێمە بە خزمەتگوزارانى دەعوەیەکى قودسى، ئێمەى لەم چەپەڵییانەى دونیا پاراستووە.

لەم ڕۆژگارە سەختەدا کە هەریەک لە جوان و ناشرین، چاکسازى و خراپەکارى، ئیمان و دووڕیی تێکەڵى یەکتر بوون، چەندین کارى کەڵەکەبوو هەن کە چاوەڕێ دەکەن ئەنجامبدرێن. ئەمڕۆ نۆژەنکردنەوەى ئەم تێکچوونە گەورەیەى کە لەسەر ئاستى کۆمەڵگا ڕوویداوە، سەرلەنوێ هەستاندنەوەى کۆمەڵگایەک کە تێکدراوە و بیرخستنەوەى مرۆڤەکان بەوەى کە ئەوان بەدیهێنراوێکى بەڕێزن و مەزهەرى (أحسن تقویم)ن، لەپێشى پێشەوەى ئەرکەکانى ڕێبوارانى ڕێگاى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دێت. دەبێت ئەوە لەبیرنەکەین کە ڕەچەتەى ئەم نەخۆشییانە قورئانە، سوننەتە، شێوازى ژیانى خەلیفە ڕاشیدەکانە، ڕێگاى صەحابە بەڕێزەکانە. خوێندنەوەى چاک و تەواوى ئەم تابلۆیەى ئێستا و بەرهەم هێنانى دەرمانى گونجاو بۆ نەخۆشییەکانى سەردەم لەم سەرچاوە پیرۆزانەوە، یەکێکە لە وەزیفە گرنگ و گەورەکانى سەرشانى خزمەتگوزاران و خۆتەرخانکەران. لە ئێستادا بێئەوەى بکەونە ژێر کاریگەریی کاولکارى و تێکچوونەکانەوە، لەژێر دژواریی هەلومەرجەکاندا بفلیقێنەوە و بەربەستەکان ڕێیان پێبگرن، پێویستە لە ئەرکى خۆیان بەردەوام بن.

گەر خوا لاى بەندەکانى خۆشەویست بکەن، خواش ئێوەى خۆشدەوێت و خۆى دەکات بە خاوەنتان. گەر ئێوە شان بدەنە ژێر بانگەوازەکەى پێغەمبەرى خوا، لە ئاخیرەتدا لەژێر (لواء الحمد)ەکەى ئەودا جێیەک بۆ خۆتان دەگرن(بەئیزنى خودا).