تەوەککولمان بە خوایە

تەوەککولمان بە خوایە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

لە هەموو قۆناغێکى مێژووى مرۆڤایەتیدا لەپاڵ پێغەمبەران و صددیقان و ساڵحاندا، فیرعەونەکان و یەزیدەکان و شەددادەکان و شیمیرەکان هەرگیز کەم نەبوون. ئەوەندە هەیە وەک ئایەتەکەش جەختى لێدەکاتەوە ﴿الْعَاقِبَةَ لِلْمُتَّقِينَ﴾ عاقیبەت هەمیشە هیی تەقواکاران بووە (سورة هود:٤٩). ئەوانەى ڕوویان لە خوا بووە، ژیانێک ژیاون کە پێى شەرمەزار نەبوون، ڕوویانى زەرد نەکردووە، “خۆزگە”یان لەدوا نەخواستووە و لە دەرەنجامیشدا بەرەو چارەنووسێکى ئاسوودە هەنگاویان ناوە.

ئەمەش چارەنووسێکى وەهایە کە ئازارەکانى دەڕۆن و تەنها تامەکەى دەمێنێتەوە؛ ئەو ناڕەحەتییانەى لەم دونیایەدا کێشراون، لەوێ دەگۆڕێن بە چیرۆک و داستانێکى شیرین. چاکەکارانیش بەرامبەر بە یەک لەسەر ئەو کورسییانە دادەنیشن کە بۆیان ئامادەکراون، بە ڕووى یەکتردا پێدەکەنن و ئەو ڕووداوانە بۆ یەک دەگێڕنەوە کە لەم دونیایەدا بەسەریان هاتووە. لە شێوەى چیرۆک و یادگارییەکى شیریندا ئەوە بۆ یەک دەگێڕنەوە کە چۆن یەزیدەکان بە ڕق و قینەوە پەلاماریان داون، چۆن حەججاجەکان بێ ئامان و ئینساف هێرشیان کردوونەتە سەر، چۆن شیمیرەکان سێدارەیان بۆ ئامادەکردوون. ئەو مەینەتییانەى کە ستەمکاران دەرخواردیان داون لەبەرچاویاندا هێندە بچووک دەبنەوە، دەڵێن: “ئاى لە دونیادا ئەم شتانەمان چەند لەبەرچاوى خۆماندا گەورە کردبوو!”

ئەو ستەمکارانەش کە تەنها لەمڕۆدا دەژین، لە دیدگایاندا سبەینێ و پاشەڕۆ بوونى نییە و ژیانێک دەژین کە تەنها ڕوویان لە عوقبایە نەک دونیا، بەرەو چارەنووسێکى تاریک ڕاپێچ دەبن کە تێیدا هەست بە هەزار و یەک پەشیمانى دەکەن و بەهۆى “خۆزگە”کانەوە پشتیان دەچەمێتەوە. لەکاتێکدا کە ئەوانەى یەکەم دەڕۆن و بە خوا و نیعمەتە هەمیشەییەکانى دەگەن، ئەم بەدبەختانە  لە ڕێگادا هەڵدەوەرێن و جێدەمێنن. دەناڵێنن، لە خوا دەپاڕێنەوە و دەلاڵێنەوە، لەنێو پەشیمانى و حەسرەتدا دەتلێنەوە، بەڵام دەرفەتى قەرەبووى ئەوەیان نادرێتەوە کە لە دەستیان داوە.

مادەم ئەمە ئەو چارەنووسەیە کە چاوەڕێمان دەکات، کەواتە لەبەرامبەر ئەو ناڕەحەتییانەدا کە لێرە بەسەرمان دێن، پێویستە نەشڵەژێین، نەلەرزێین، بەسەبرەوە بەرگرى بکەین. گرنگ ئەوەیە ئەو ڕێگایەى لەسەرى دەڕۆین ڕاست بێت. ئەگەر شەکانەوەى ناوى بەرزى خواوەند وەک ئاڵایەک لە گشت جێگایەکدا و بڵاوبوونەوەى ڕۆحى ڕەوانى موحەممەدى (صلى الله علیە وسلم) لە هەموو گۆشەیەکى جیهاندا غایەى خەیاڵمان بێت، کەوایە دەبێت بزانین چۆن لەهەمبەر بەڵا و موسیبەتەکانەوە ڕێک بوەستین. پێویستە بەرامبەر بە ڕەشەبا پێچەوانەکان کە هەموو شتێک پەرتەوازە دەکەن و تەنانەت چنارە بەهێزەکانیش لە بن دەهێنن، بتوانین لە جێى خۆماندا بێ لاربوونەوە بوەستین. دەبێت بڵێین “گەر ئەم غایەى خەیاڵ و ئامانجەم بێتەدى، ئیدى گەر بێت لە جەلالت جەفا یاخود لە جەمالت وەفا، هەردووکیان بۆ گیانم سەفا، قەهرت خۆش و لوتفیشت خۆش” و لەسەر ڕۆیشتن بەردەوام بین.

تەنانەت هاوشێوەى پێغەمبەران و شوێنکەوتە ڕاستگۆکانیان، پێویستە لە جێى خۆیدا سنگ لەو عیفریتانەى کە هێرشمان دەکەنە سەر دەربپەڕێنین. ئەوەتا حەزرەتى نووح کە تووشى چەندین مەینەتى و ناڕەحەتى بووە، ئەم وتانەى ئەو بەرامبەر بە گەلە نکۆڵیکار و سنووربەزێنەکەى لە شێوەى تەحەددا و سنگ دەرپەڕاندندایە: ﴿فَعَلَى اللهِ تَوَكَّلْتُ فَأَجْمِعُوا أَمْرَكُمْ وَشُرَكَاءَكُمْ ثُمَّ لَا يَكُنْ أَمْرُكُمْ عَلَيْكُمْ غُمَّةً ثُمَّ اقْضُوا إِلَيَّ وَلَا تُنْظِرُونِ﴾. گەر بە کەمێک ڕوونکردنەوەوە تەرجومەى بکەین، ماناکەى بەم جۆرەى لێدێت: “بزانن کە من تەنها پشتم بە خوا بەستووە و متمانەم بەو کردووە. ئێوەش گەر دەتانەوێت هەموو فێڵ و داوەکانتان کۆبکەنەوە و پەلامارم بدەن. هاوکارەکانیشتان بۆ یارمەتیدان بانگبکەن. گشت ئامادەکارییەکانتان تەواوبکەن، هەموو ئیمکانییەتەکانتان بەکاربهێنن، هەتا دوایی نەبێت بە گرێ لە دڵتاندا و بڵێن خۆزگە فڵانە شتمان دەکرد. پاشان بێوەستان و خاوەخاو بڕیارەکانتان جێبەجێ بکەن و چیتان لە دەست دێت بیکەن.”( سورة يُونُسَ: ٧١).

حەزرەتى نووح لێرەدا وەک پێغەمبەرێکى (ألو العزم) قسەدەکات. سەرەتا پشتبەستن و متمانەى نەلەرزیوى خۆى بە خوا دەردەخات، پاشان بەرامبەر بە هۆزەکەى کە دوژمنایەتى دەکەن ڕێک دەوەستێت و تەحەددایان دەکات. ئەو، بەم ڕەفتارەى دەبێت بە نموونەى چاولێکراو بۆ ئیماندارانى دواى خۆى، پیشانى دەدات باوەڕداران بە خوا پێویستە بەرامبەر بە دوژمنەکانیان چ جۆرە هەڵوێستێک بنوێنن.

گەر گوێ بۆ وتەکانى هەر پێغەمبەرێک هەڵبخەن، هەمان شت دەبیستن. تەماشاى ژیانى هەر پێغەمبەرێک بکەن، هەمان هەڵوێست دەبینن. حەزرەتى ئیبراهیم کە دووەم پێغەمبەرى (ألو العزم)ە، لە قۆناغێکدا کە یەک لەدواى یەک فێڵ و داوى بۆ نراوەتەوە، سنگى لە گشت نەمروودەکان دەرپەڕاندووە. بەرامبەر بە گەلەکەى کە کەوتوونەتە مشتومڕ لەگەڵیدا بە دەنگێکى گوڕ وتوویەتى: ﴿أَتُحَاجُّونِّي فِي اللهِ وَقَدْ هَدَانِ وَلَا أَخَافُ مَا تُشْرِكُونَ بِهِ إِلَّا أَنْ يَشَاءَ رَبِّي شَيْئًا وَسِعَ رَبِّي كُلَّ شَيْءٍ عِلْمًا أَفَلَا تَتَذَكَّرُونَ﴾ “لەکاتێکدا کە خوا ڕێگاى ڕاستى پیشانى من داوە، ئێوە هێشتا دەربارەى ئەو لەگەڵ مندا مشتومڕ دەکەن؟ من هیچ کات لەو شتانە ناترسم کە ئێوە وەک هاوبەش بۆ ئەو داتانناوە، پەروەردگارم چى بخوازێت ئەوە دەبێت. زانستى پەروەردگارم هەموو شتێک دەگرێتەوە. ئایا هێشتا نایەنەوە هۆشى خۆتان و پەند وەرناگرن؟” (سورة الأَنْعَامِ: ٨٠). بەهەمان شێوە، بەرامبەر بە بەڵا و موسیبەتەکان بەم جۆرە ناخى خۆى بۆ هەڵڕشتووە: ﴿رَبَّنَا عَلَيْكَ تَوَكَّلْنَا وَإِلَيْكَ أَنَبْنَا وَإِلَيْكَ الْمَصِيرُ﴾ “ئەى پەروەردگارى مەزنمان! تەنها پشتمان بە تۆ بەست و متمانەمان بە تۆ کرد، ڕوومان لە تۆ کرد و خۆى لە خۆیدا گەڕانەوەى کۆتاییش هەر بۆ لاى تۆیە.” (سورة الْمُمْتَحَنَةِ: ٤).

ئەم هەناسە خاوێنانەى هەندێک لە خەڵکانى ناو گەلەکەى حەزرەتى مووساش جەخت لە هەمان خاڵ دەکەنەوە: ﴿عَلَى اللهِ تَوَكَّلْنَا رَبَّنَا لَا تَجْعَلْنَا فِتْنَةً لِلْقَوْمِ الظَّالِمِينَ﴾ “تەوەککولمان بە خوایە، کارى خۆمان حەواڵەى لاى ئەو کردووە. ئەى پەروەردگارمان، بەرامبەر بە گەلێکى ستەمکار مەمانکە بەوانەى کە تاقیکردنەوە دەدۆڕێنن، ئێمە دووچارى ستەم و فشارەکانیان مەکە!” (یونس: ٨٥). ئەم پاڕانەوانەش دەکرێت وەک گوزارشتێکى جیاواز لە وەستان بەڕێکى، چاویان لێبکرێت. چونکە کەسێک کە پشتى بە خوا بەستووە مەحاڵە لەبەرامبەر هیچ هێزێکى ترەوە بچەمێتەوە.

حەزرەتى مووسا کە لەنێوان دەریا و لەشکرى فیرعەوندا گیرى خوارد، بێ هیچ دوودڵییەک بە وتنى ﴿إِنَّ مَعِيَ رَبِّي سَيَهْدِينِ﴾ “پەروەردگارم لەگەڵمدایە و ڕێگام پیشان دەدات.” (سورة الشُّعَرَاءِ: ٦٢) هاوەڵەکانى هێور کردەوە، بەهەمان شێوە فەخرى کائیناتیش (صلى الله علیە وسلم) لەو ساتەدا کە موشریکان هاتبوونە بەردەرگاى سەڵتەنەتى سەور بۆ ئەوەى بیکوژن، دڵى حەزرەتى ئەبو بەکرى بە وتەى ﴿لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللهَ مَعَنَا﴾ “دڵتەنگ مەبە، بێگومان خوا لەگەڵماندایە” (سورة التَّوْبَةِ: ٤٠) دایەوە؛ ئەم دوانەش بەهەمان شێوە درەوشانەوە جیاوازەکانى ڕێک وەستان و نەچەمینەوەن.

لەدواى ئەم وتەیەى حەزرەتى مووسا دەریا بوو بە دوو کەرتەوە و خۆى و گەلەکەى بەسەلامەتى پەڕینەوە، لەبەرامبەردا فیرعەون و دەست و پێوەندەکەى خنکان و لەناوچوون. وە خواى گەورە فێڵ و داوى موشریکانى مەککەى بە کۆتر و جاڵجاڵۆکە کە لە ڕواڵەتدا لاواز و سادەن پووچەڵ کردەوە، لە ڕوویەکەوە تووشى شکستى کردن، لەلایەکى دیکەشەوە ڕێگاى یەسریبى بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) کردەوە لە داهاتوودا دەبوو بە چەقى شارستانێتییەکى نوێ. گەرچى باوەڕداران بە هەندێک تاقیکردنەوە هەڵشێلراون، وەلێ لە ئەنجامدا بە کرۆک و کاکڵەى خۆیان و خواى گەورە گەیشتوون.

گەر لەو ڕۆژگارانەوە بۆ ئەم سەردەمەى خۆمان بێین، حەزرەتى پیرى موغانیش کە ئەم چەرخەى ڕووناک کردووەتەوە، لەلایەن ستەمکارانى سەردەمى خۆیەوە ئازار و ناڕەحەتییەک نەماوە دەرهەقى نەکرێت. بەڵام ئەو هەرگیز ملى بۆ زاڵمان کەچ نەکردووە. تەنها لەوەش خۆى نەبواردووە کە جاروبار تەحەددایان بکات. بۆ نموونە، جارێکیان بەم جۆرە هاوار دەکات: “ئەگەر هەموو دونیا بکەن بە ئاگر بەژوور سەرمەوە، ئەم سەرانەى کە بوون بە فیداى حەقیقەتە قورئانییەکان، هەرگیز تەسلیمى زەندەقە نابن و پشت بە خوا لە ئەرکى قودسیی خۆیان وازناهێنن!” (بریسکەکان).

لە جێیەکى تردا دەنگى پتر بڵند دەکات و دەڵێت: “لەدواى کوشتنى من ئێوە ناتوانن بژین! بە دەستى قەههارێک لەم دونیایەى کە بەهەشت و خۆشەویستتانە دەرتان دەکات و بەخێرایی فڕێدەدرێنە ناو تاریکییەکى هەمیشەییەوە! لەدواى من، بەزوویی سەرۆک بە نەمروود بووەکانتان دەتۆپێنرێن و بۆ لاى من ڕەوانە دەکرێن. منیش لە حزوورى خوادا یەخەیان دەگرم. لەبەردەم دادپەوەریی ئیلاهیدا، بە خستنە ناو (أسفل سافلین) تۆڵەى خۆمیان لێدەکەمەوە! ئەى ئەو بەدبەختانەى کە دین و ئاخیرەتى خۆیان بۆ دونیا فرۆشتووە! ئەگەر دەتانەوێت بژین توخنى من مەکەون! ئەگەر توخنم بکەون، بزانن و بترسن لەوەى کە چەندین قات تۆڵەى خۆمتان لێدەکەمەوە! من لە ڕەحمەتى خوا ئومێدەوارم کە مردنەکەم لە ژیانم زیاتر خزمەت بە دین بکات و مردنەکەم وەک بۆمبێک بەسەرتاندا بتەقێتەوە! ئەگەر ئازان توخنم بکەون! هەرچى بکەن چارەنووسەکەى دەبیننەوە!” (مەکتوبات).

هیچ ستەمێک هەتا سەر بڕناکات. بەڵا و موسیبەتەکان چەند درێژیش بکێشن، ڕۆژێک بێگومان هەر کۆتاییان دێت. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکرێت هەرکەسێک هەرچییەک بکات بۆ خۆى دەکات. زاڵمەکان بە دەستى خۆیان ژیانى بەرزەخ و ئاخیرەتیان تاریک دەکەن. بەڵام بەڵا و ناڕەحەتییەکان بۆ ئازارکێشەکان دەکرێت ببێت بە هۆکارى ڕزگارى و کەفارەتى گوناهەکان. بۆیە زۆر گرنگە هاوڕێ لەگەڵ سەبر و ڕەزامەندیدا ڕووبەڕووى بەڵاکان ببینەوە. “واسفى ئەندەروونى” چەند جوانى وتووە کاتێک دەڵێت:

“دێتەدى ئەڵبەت چى هەبێت حوکمى قەدەر،

کارت بە خوا بسپێرە، نە خەم بخۆ نە کەدەر.”

لەبەر ئەم هۆیە، بەرامبەر بەو موسیبەت و کارەساتانەى کە بەسەرمان دێت، دەبێت نە بشڵەژێین و نە هاوسەنگیی ڕۆیشتنمان بشێوێنین. بەڵکو بەگوێرەى دۆخى ئەو ڕێیەى کە پێیدا دەڕۆین، دەکرێت گێڕ بگۆڕین و خێراییمان بگونجێنین. بەڵام گەر پێچ و لەمپەڕ هاتنە بەردەممان ئێمەش بەگوێرەى ئەوان خێراییەکەمان خاو دەکەینەوە و بەگوێرەی دۆخى ڕێگاوبان سەفەر دەکەین. بەڵام ناوەستین. تەنانەت گەر دەرفەتى ڕۆیشتنیشمان بۆ نەڕەخسا، لە شوێنى خۆماندا لە جووڵە بەردەوام دەبین. ئەگەر باوەڕمان وابێت کە ئەوە خواى گەورەیە ئێمەى بۆ ئەم ڕێیە هەڵناوە، ڕێگاى بەردەممان واڵا دەکات و ئیلهامى ئەو کارانەمان پێدەدات کە پێویستە ئەنجامیان بدەین، ئەوا دەبێت لەسەر ئەو ناڕەحەتییانەى گرفتاریان دەبین تووشى نائومێدى نابین. گەر باوەڕمان بەوە بێت ئەو ڕێیەى پێیدا دەڕۆین ڕێگاى خوایە و بەرەو لاى ئەو دەڕۆین، ئەوا باوەڕیشمان بەوەیە کە ئەو هەرگیز کەسانێکى بەتەنها جێنەهێشتووە کە لەسەر ڕێگاى ئەو ڕۆیشتوون.

گەر ڕێگا و گوزەرگا هیی ئەو بێت، ڕێبوارانى ئەم ڕێگایە زیان ناکەن. کەسێک کە متمانەى بە خوا بێت و گەیشتبێت بە هاودەمیی ئیلاهى، پێویست ناکات خەمگین بێت. ئەو، تەنانەت لەو جێگایەشدا کە وا دەردەکەوێت دۆڕاوە، شتانى گەورە دەباتەوە. وەک چۆن صەحابییەک کاتێک بە گورزى ڕمێک دەکەوێتە سەرزەوى، دەڵێت: ” اللَّهُ أَكْبَرُ، فُزْتُ وَرَبِّ الكَعْبَة”. واتە: “سوێند بە پەروەردگارى کەعبە بردمەوە!”[1] تەنها ئەوانەى کە دڵیان بە کۆشک و تەلار و پلەوپایە و جوانییەکانى دونیاوە گرێداوە و بوونیان بەم شتانەوە بەستووەتەوە لە لەدەستدان دەترسن و خەم بۆ ئەو شتانە دەخۆن کە دواى خۆیان جێی دەهێڵن. چونکە دەزانن کاتێک بوومەلەرزەیەک ئەو شتانە دەڕووخێنێت کە پشتیان پێوە داوە، خۆشیان دەبن بەژێر داروپەردووەکەیەوە. کەسێک کە دڵى بە خواوە پەیوەست کردبێت شتێک نییە لێى بترسێت. چونکە خوا باقییە و حەسرەتى تەنهایی دووچارى کەسێک ناکات کە پێوەى بەستراوەتەوە.

[1] صحيح البخارِي، الجهاد، 9