بەردەوامی لەسەر بەندایەتى

بەردەوامی لەسەر بەندایەتى
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: ئادەمیزاد، لە قۆناغە جیاوازەکانى تەمەنیدا، بەتایبەت لە ڕۆژ و شەوە پیرۆزەکاندا، بۆ ئەوەى ئاسۆى داواکراو لە بەندایەتیدا دەستى خۆى بخات، هەوڵ و تێکۆشانێکى زۆر بەگەڕدەخات، بەڵام دواى ماوەیەک لەوانەیە ماندووببێت و لە نیوەى ڕێگادا جێبمێنێت. پێویستە لە بەندایەتیدا چۆن بەردەوامى دەستەبەر بکرێت؟

وەڵام: ڕۆژ و شەوە پیرۆزەکان فرسەتێکى زۆر گرنگن بۆ تازەکردنەوەى جۆشوخرۆشى بەندایەتى و پەیوەندى بەستن لەگەڵ ڕەحمەتى ئیلاهیدا. ئەوانەى کە هانا بۆ کەشى نوورانیی ئەم پارچە پیرۆزانەى کات دەبەن و وەک پێویست ئەم شەوانە بەکاردەهێنن، هەم بەرامبەر بەو عیبادەت و تاعەتەى کە دەیکەن چەندین قات پاداشت وەردەگرن، هەم دەچنە سەر ڕێگاى گۆڕانیش. لەم کاتە پیرۆزانەدا کە دەرگاکانى ڕەحمەت هەتا سەر پشت کراونەتەوە و دڵەکان نەرمبوون، دەبێت جارێکى دیکەش موحاسەبەى خۆمان بکەین، لەسەر هەڵە و گوناهەکانمان لە دڵەوە تەوبە و داواى لێخۆشبوون لە خوا بکەین و هەوڵى خۆنوێکردنەوە بدەین. پێویستە سەرلەنوێ چاو بە خۆماندا بخشێنینەوە، دیسانەوە و پەیمان بە خوا بدەینەوە و لەپێناو گۆڕاندا بکەوینە جووڵە.

تەوبە و داواى لێخۆشبوون

ئینسان پێویستە لە تەوبە و داواى لێخۆشبووندا جددى و دامەزراو بێت. دەبێت لەپێناو سڕانەوەى تاوانەکانى بە دڵێکى سەمیمییەوە لە خوا بپاڕێتەوە. دەبێت هەتا سەر ئێسک هەست بە پەشیمانى بکات لەو هەڵانەى کە کردوونى و عەزمى جەزم بکات کە جارێکى تر هەمان هەڵە و چەوتى دووبارە نەکاتەوە.

ئەوەندە هەیە ئینسان لەوانەیە ئەو بەڵێنە نەباتە سەر کە بە خواى داوە. دەگونجێت لەسەر هەمان هێڵ بەردەوامى بە ژیانى بەندایەتیی خۆى نەدات. دەکرێت بەرامبەر بە یارییە سەرنجڕاکێشەکانى نەفس و شەیتان فریوبخوات. ڕەنگە تەنانەت بەبێ ویستی خۆیشی تەوبەکەى هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم حاڵەتە هەروەک تەوبەکانى پێشوو هەڵناوەشێنێتەوە، ڕێگریش نییە لە دیسانەوە ڕووکردنە بەردەرگاى تەوبە. کەسێک کە بە دڵێکى سەمیمییەوە تەوبە دەکات، لاى خواى گەورە پاداشتى ئەم تەوبەیەى وەردەگرێت. تەنها بەمەرجى ئەوەى کە بەئیمانەوە بچێت بۆ ئاخیرەت. تەوبە و داواى لێخۆشبوونیش لە ڕوویەکەوە عیبادەتن و گرنگ ئەوەیە ئاخۆ بەپێى مەرجەکانیان کراون یان نا. دەنا ئەو گوناهانەى کە دواتر دەکرێن خێر و پاداشتى تەوبە پووچەڵ ناکەنەوە. خواى گەورە هیچ کارێکى پتەو و ڕاستگۆیانە زایە ناکات. بۆیە ئێمەمانان دەبێت ئامڕازەکانى نزیکبوونەوە لە خوا زۆر بەباشى هەڵبەسەنگێنین، لە هەموو دەرفەتێکدا بە تەوبە و داواى لێخۆشبوون جارێکى تر ڕووى تێبکەینەوە و بە ئیمانێکى تازەوە لەسەر ڕێگاکەمان بەردەوام بین.

پاراستنى ڕاستڕەوى

دواى بەدەستهێنانى ڕاستڕەوى، دەبێت هەوڵێکى زۆر بدرێت بۆ ئەوەى لەدەست نەدرێت. ئادەمیزاد چەندێک هەوڵ بۆ بەدەستهێنانى شتێک بدات، ناچارە هەوڵێکى زۆرتر بدات بۆ هێشتنەوەى و لەدەستنەدانى. هەڵزنین بۆ لوتکەکان زۆر سەختە. ئێوە لەم پێناوەدا گابەردە تیژەکان تێدەپەڕێنن، بەسەر مەترسییە ترسناکەکاندا دەڕۆن، هەوڵ و تێکۆشانێکى مەزن دەخەنە گۆڕێ. بەڵام مانەوە لە چڵەپۆپەکاندا لەمەش دژوارترە. بۆ ئەوەى گشت هەوڵ و ماندووبوونەکانى سەرکەوتن بۆ ترۆپکەکان بەفیڕۆ نەچن، دەبێت لەم شتە دژوارەشدا سەربکەوین و جێپێمان پتەو بکەین. ژیانى بەندایەتیش بەم جۆرەیە. بەداخەوە کەسانێک هەن بۆ نموونە مانگى ڕەمەزان لە ڕوانگەى بەندایەتى و عیبادەتەوە زۆرباش بەکاردەهێنن. بەڵام دواى ئەوەى کەشوهەواى مەعنەویی ئەم مانگە پیرۆزە -کە چواردەورى ئینسان دەتەنێت- تەواو دەبێت، ئەویش لە هەرێمى بەندایەتى دوور دەکەوێتەوە. لەحاڵێکدا ئادەمیزاد دواى دەستخستنى ئاسۆى بەندایەتى دەبێت لەپێناو پاراستنى ڕاستڕەوییەکەیدا تەقالایەکى زۆر بدات، بەکوڵ بپاڕێتەوە، لەم بابەتەدا سەمیمى و لە دڵەوە ڕەفتاربکات.

 ئیماندار لە سایەى بەندایەتیدا بۆ خوا، بە تێپەڕینى کات دەکرێت بە هەندێک پلەوپایەى مەعنەوى بگات. دەگونجێت لە داڵانە تاریکەکانى “نەفسى أمارة” ڕزگارى ببێت و بەرەو “نەفسى لوامة”، لەمیشەوە بۆ “نەفسى مطمئنة’، بەگوێرەى ئیخلاس و پێداگرییەکەشى لە بەندایەتیدا، بەرەو “نەفسى راضیة” و “نەفسى مرضیة” بەرزببێتەوە. تەنانەت گەر ئەم دەرگایە بۆ کەسانى ئاسایی وەک ئێمەش کراوە بێت، ئەوا کەسێک دەتوانێت هەتا ئاسۆى “نەفسى صافیة” و “نەفسى زاکیة”ش بڕوات. بەڵام خاڵێکى گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە دەبێت هیچ یەکێک لەمانە هەستى متمانەبەخۆبوون لە مرۆڤدا دروست نەکەن. دەبێت هەمیشە بەو ترسەوە بژى کە لە پێگەى ئێستایەوە بکەوێتە خوارەوە و بۆ ئەوەى ڕەشەبا پێچەوانەکان کارى لێنەکەن بەتوندى دەست بە لوتکەکانەوە بگرێت. ئیماندارێک کە خاوەنى ئیمانى کامڵە، دەبێت بۆ ساتێکیش ئەوە لە خەیاڵى خۆى دەرنەکات کە بەبێ یارمەتى و عینایەتى خوا ناتوانێت ڕاستڕەویی خۆى بپارێزێت و هەمیشە پێویستە لەگەڵ بیرکردنەوەى “بگرە دەستم، چونکە بێ تۆ نامکرێت!”دا بژى. ئەم دوعایانەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هێما بۆ ئەم خاڵە دەکەن: “يَا حَيُّ يَا قَيُّومُ بِرَحْمَتِكَ أَسْتَغِيثُ، أَصْلِحْ لِي شَأْنِي كُلَّهُ، وَلَا تَكِلْنِي إِلَى نَفْسِي طَرْفَةَ عَيْنٍ” واتە: “ئەى حەیی و قەییوم! پەنا بۆ ڕەحمەتت دەبەم. هەموو کارەکانم چاک بکە و هێندەى چاوترووکانێک لەگەڵ نەفسى خۆمدا بەتەنها جێم مەهێڵە!” ئەگەر پێغەمبەرى ئازیز (صلى الله علیە وسلم) ئەمەى بۆ خۆى وتبێت، ئەوا دۆخى کەسانى وەک ئێمە کە لە گوناهدا نوقمبووین بۆ ئینسافى خۆتان جێدەهێڵم.

وەک بەشێک لە سروشتى ئاسایی و مرۆیی، جاروبار دەکرێت هەڵبنووتین و بکەوین. بەڵام ئادەمیزاد نابێت هیچ گوناهێکى گەورە و بچووک، ئاشکرا و پەنهان بە شتێکى ئاسایی ببینێت. دەبێت لە بیرى نەچێت کە هەموو لادانێک جۆرێکە لە بەدگۆڕانى سروشتى و قێز لە گوناهـ بکاتەوە، هەتا لەو زەلکاوەدا نەمێنێتەوە و هەتا زووە بگەڕێتەوە بۆ لاى پەروەردگارى. لەگەڵ هەموو گەڕانەوەیەکیشدا بۆ لاى پەروەردگار، پێویستە دامەزراو و پێداگر بێت لەسەر ئەوەى کە جارێکى تر لانەداتەوە و پەیمان نوێ بکاتەوە. خۆ ئەگەر هەڵنووتین و لادان و کەوتنە ناو زەلکاو و نیشتن لە قوڕاو بە شتانێکى ئاسایی ببینێت و بێخەم پاڵى لێبداتەوە. ئەوا وردە وردە سیستەمى بەرگریی مەعنەویی دەپووکێتەوە و بە تێپەڕینى کات واى لێدێت کە ناتوانێت بەرامبەر بە گوناهەکان خۆڕاگر بێت. ئەوەى کە کەسێکى لەم جۆرەش بە تەوبە و داواى لێخۆشبوون خۆى کۆبکاتەوە و ڕاستڕەوییەکەى بپارێزێت، شتێکى زۆر زەحمەتە.

ژینگە خاوێنەکان

مرۆڤ دەبێت زۆر وریا بێت هەتا میکرۆب و ڤایرۆسێک نەگرێت کە سیستەمى بەرگریی مەعنەویی تێکدەشکێنن، کاتێکیش کە تووشى بوو، یەکسەر هەوڵى خۆڕزگارکردن بدات. بێگومان ئەمەش وابەستەى ئەوەیە کە لە ژینگەى خاوێندا بژی یەکێک لە ڕێگا گرنگەکانى بەردەوامی لەسەر بەندایەتى، ئەوەیە مرۆڤ لە ژینگەى گونجاودا کە خاوێنى و بێگەردیی دەپارێزن، بژى. بۆیە ماڵەکانمان دەبێت بگۆڕین بە ماڵى ڕووناکى، کۆڕ و کۆبوونەوەکانمان بکەین بە سوحبەتى جانان و هەمیشە لەگەڵ ڕاستگۆیاندا بین، هەتا هەم لەو ڤایرۆسانە بەدووربین کە ژیانى دڵمان ژەهراوى دەکەن، هەم کاتێکیش کە لاواز و کۆڵەوار بووین یارمەتییان لێوە وەربگرین.

بەتایبەت لە ڕۆژگارێکى عیفریتیی لەم جۆرەدا کە دەست ڕاگەیشتن بە گوناهـ زۆر ئاسان بووە، گرنگیی ژیان لە ژینگەى خاوێن و هاودەمیی کەسانى پاک، پێویست بە ڕوونکردنەوە ناکات. ئینسان لەوانەیە بەتەنها نەتوانێت بەپێوە بوەستێت، بە تێپەڕینى کات ئولفەت و ڕاهاتن بەسەریدا زاڵببن، نەتوانێت وەک پێویست کاردانەوە بەرامبەر بەو ڤایرۆسانە بنوێنێت کە تووشى بوون و ڕەنگە هەست بەو لادانانە نەکات کە بەسەرى هاتوون. بەڵام ئەگەر لە بازنە و ژینگەیەکى چاکدا بێت، دەتوانێت لە چاوى کەسانى دیکەیشەوە خۆى تێست بکات. بۆ نوونە، ئەگەر بەرامبەر بە زاتى ئولوهییەت دووچارى غەفڵەت ببێت، لە عیبادەتەکانیدا تەمبەڵى بنوێنێت، هەڵبنووتێت و بکەوێت، ئەوا یەکسەر یەکێکى تر بەفریایەوە دەچێت؛ ئەگەر بە شێوەیەکى کاتى قورسیی گوناهەکانى بیربچێتەوە، هیچ نەبێت شەرم دەکات لە کەسانى دەوروبەرى. کەسانێک کە لە دەورى هەمان بیر و هەست کۆبوونەتەوە، یەکتر شەحن دەکەنەوە. وەک بەردى ناو گومەزەکان، شان دەدەنە بەر شانى یەک و یەکتر ڕادەگرن.

لەبەرامبەر ئەوەدا کەسانێک کە بەپێى یەکێتى و یەکڕیزى دەجووڵێنەوە یەکتر لە کەوتن دەپارێزن، کەسێک کە کەوتووەتە ناو ژینگەیەکى وشکەوە کە ڕەحمەت بەسەریدا نابارێت، گریمان زۆرە بخزێت و لەناوبچێت. گەر پەیوەندیت لەگەڵ خواى گەورەشدا زۆر بەهێز بێت، دیسانیش وەستان بەپێوە بەتەنها لەوانەیە کارێکى زۆر دژوار بێت؛ چونکە هەموو ساتێک دەکرێت بڕوخێیت. لەبەر ئەمەیە کە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى: “الْجَمَاعَةُ رَحْمَةٌ، وَالْفُرْقَةُ عَذَابٌ[1] واتە: لە جەماعەتدا ڕەحمەت هەیە و جیابوونەوەش عەزاب، هەروەها: “يَدُ اللَّهِ مَعَ الجَمَاعَة[2] واتە: “دەستى ڕەحمەتى خوا لەگەڵ جەماعەتدایە”. لە فەرموودەیەکى تردا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەفەرموێت: “الرّاكِبُ شَيطانٌ، والرّاكِبانِ شَيطانانِ، والثَّلاثةُ رَكبٌ[3]  واتە: کەسێک یان دوو کە دەچنە سەفەر دەگونجێت شەیتان بیانخەڵەتێنێت، بۆ ئەوەى لە گوناهەکان پارێزراو بن دەبێت بە لایەنى کەمەوە جەماعەتێکى سێ کەسى دروست بکەن. چونکە بەگوێرەى حساباتى گریمانەکان، ڕێکەوتنى سێ کەس لەسەر خراپەیەک زۆر زەحمەتە. کەوایە ئێمەمانان گەر دەمانەوێت بەزیندوویی بمێنینەوە و دەمانەوێت شێوەیەکى نوێ بە ژیانمان بدەین، دەبێت زەمینەگەلێکى پاک و تەندروست کە خزمەت بەم خواستەمان دەکات، فەراهەم بکەین.

نییەت و ئامانج

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانى ئەوەى کە ئینسان خاونەبێتەوە و خۆى نەهاوێتە ناو باوەشى تەمبەڵى، ئەوەیە هەمیشە بنمیچ و ئامانجى بەندایەتى و خزمەتى بەرز ڕابگرێت. ئەگەر بتوانیت بە یەک هەڵمەت بگەیتە ئەو ئامانجەى کە داتناوە، ئەوا دەبێت بیگوازیتەوە بۆ جێیەکى بەزرتر کە بەزەحمەت دەست پێى دەگات. کاتێکیش گەیشتین بەوێ دەبێت بەرزتری بکەینەوە. واتە دەبێت هەمیشە هیممەتمان بەرز ڕابگرین. ئەگەر ئەرخەیان بین و وابزانین کە بە ڕێگایەکى تەختدا دەڕۆین، لەوانەیە بکەوینە ناو باوەشى تەمبەڵى و بێباکییەوە.

قورئانى پیرۆز بۆ ئەوەى لە نەفس قوتارمان ببێت و بە ئاسۆى بەندایەتیی ڕاستەقینە بگەین، مەلائیکەتەکانمان وەک نموونە پیشان دەدات. لە دوو ئایەتدا گوزارشت لەوە دەکرێت کە مەلائیکەتان بە شەو و ڕۆژ و بێ ماندووبوون و بێزاربوون تەسبیحاتى خوا دەکەن ﴿يُسَبِّحُونَ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ لَا يَفْتُرُونَ﴾ (سورة الأَنْبِيَاءِ: 21/20)، ﴿فَإِنِ اسْتَكْبَرُوا فَالَّذِينَ عِنْدَ رَبِّكَ يُسَبِّحُونَ لَهُ بِاللَّيْلِ وَالنَّهَارِ وَهُمْ لَا يَسْأَمُونَ﴾ (سورة فُصِّلَتْ: 41/38). ئەرکى ئێمەش ئەوەیە ئەمە بکەین بە ئامانج. ئەگەر چاو لە ئامانجێکى لەم جۆرە بکەین، ئەوا بۆ هێنانەدیی، وەک تیر ڕێک و ڕاست دەڕۆین. وەلێ گەر ئامانجێکى بەرزى لەم شێوەیە دانەنێین، پێمان لە نەفس و منێتى دەگیرێت و لە دەورى ئەوان دەسووڕێینەوە.

وەک دەزانرێت، ئینسان لایەنى جیاوازى هەیە، وەک مولک و مەلەکوت، فیزیک و مێتافیزیک، دونیا و ئاخیرەت، جیسمانى و ڕۆحانى… هەرچەندە لە وردەکاریدا جیاوازییان هەیە، وەلێ بەگشتى هەموو ئەم ناوانە هێما بۆ یەک مانا دەکەن. غایەى خەیاڵى و ئامانجى ئینسانیش دەبێت ئەوە بێت کە لەپاڵ دیوى مولکدا برەو بە دیوى مەلەکوتیشى بدات، واتە ببێت بە مەلائیکەتى. ئەو ئامانجەش کە لە ئایەتەکەدا پیشان دەدرێت ئەمەیە. بەدیعوززەمان بەمە دەڵێت: ڕزگاربوون لە ئاژەڵێتى، وازهێنان لە جیسمانییەت، گەشت و سەیران بە پلەکانى ژیانى دڵ و ڕۆحدا. کەسێک کە بەم گوزەرگایەدا دەڕوات و بەدەورى ئەم خولگەیەدا دەسووڕێتەوە، ماناى وایە لەسەر ڕێیەکى ئەمین دەڕوات و بە ئیزنى خوا ڕاستڕەوى لەدەستنادات. بۆ ئەوەى بەبێ لادان و بەڕێکى بڕۆین، مەرجە ئامانجێکى لەم شێوەیە دەستنیشان بکەین.

شتێکى ڕوونە کە چڕکردنەوەى تەرکیز لەسەر ئامانجێکى مەزن و بوون بە تاڵیبى ژیانى مەلائیکەتئاسا، ڕەحمەت و عینایەتى خواى گەورەش ڕادەکێشێت. کەسانێک کە لەبەر خاترى خوا کەوتوونەتە ڕێ، خوا لە نیوەى ڕێدا جێیان ناهێڵێت. بەم جۆرە، لەم ڕێیەدا هەریەک لە یارمەتى و چاودێرى و پارێزرانى خوا بەدەستدەهێنن. ئیدى وەک میوانەکانى ڕەحمان بۆتان دەڕوانرێت و کەس ناتوانێت دەست بێنێتە ڕێتان.

[1] مسند الإمام أحمد، 4/278، البزار: المسند، 8/226.

[2] سنن الترمذي، الفتن،7.

[3] سنن أبي داود، الجهاد، 85؛ سنن الترمذي، الجهاد، 4.