بیرکردنەوەى سیستەماتیک

بیرکردنەوەى سیستەماتیک
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

خواى گەورە گەردوونى لەسەر سیستەمێکى کامڵ بەدیهێناوە. کەسێک کە بەدروستى کتێبى گەردوون دەخوێنێتەوە، یەکسەر ئەم ڕێکوپێکى و هاوئاهەنگییە ناوازەیە هەست پێدەکات کە لە بووندا دەسەڵاتدارە. بۆ نموونە، ئەو خواردن و خواردنەوانەى کە بۆ سوودى ئێمە خراونەتە بەردەستمان، هەریەکەیان ئەرکێکیان هەیە؛ کاتێک بەشێوەیەکى دروست و دیاریکراو بەکاردەهێنرێن، بەتەواوەتى لەگەڵ پێکهاتەى مرۆڤدا دەگونجێن.

هەموو پارچەیەکى جیهانى بوون، لە چوارچێوەى پێودانگەکانى بەدیهێناندا، لەگەڵ ئەوى تردا لە گونجانى تەواوەتیدایە. مرۆڤیش کە پارچەیەکى ئەم جیهانەیە، پێویستە لە پڕۆسەى فێربووندا ڕەچاوى سیستەمێکى لەم جۆرە بکات. هەریەک لە خوێندنەوە، فێربوون، بەکارهێنانى زانست و بەرهەمهێنانى بەروبووم لێوەى شتانێک نین بەبێ سیستەم ڕووبدەن. دەنا دەگونجێت فێربوون و زانیارییە بەدەستهاتووەکان ببن بە بار بەسەر زیهنى مرۆڤەوە، سەرى لێ بشێوێنن و تەنانەت هەندێک جاریش لە شیرازە دەرى بکەن. ئەگەر لە تاقیگەدا هەندێک ماددەى کیمیایی کە لەگەڵ یەکتردا ناگونجێن تێکەڵ بکەیت، شتێکى ژەهراوى لێدەردەچێت و لەبریی سوود زیان دەبینیت.

کەسانێک هەن بەبێ ڕیزبەندى و هەڵبژاردن و ڕەچاوکردنى پێداویستییەکان، هەرچییەک بێتە بەردەستیان دەیخوێننەوە. لەبەرئەوەش کە زانیاریی زۆر بێئەندازە و ناڕێکوپێک و پەرتەوازەیان لە زیهنیان ئاخنیوە، دەبینیت لە شوێنى زۆر چاوەڕواننەکراودا شتانى زۆر پێچەوانە دەڵێن. ئەمانە چونکە خاوەنى زیهنێکى سیستەماتیک نین و ئەوەشى کە دەیخوێننەوە لەسەر سیستەمێکى دیاریکراو نایخوێننەوە، دوێنێ شتێکیان وتووە و ئەمڕۆ شتێکى تر دەڵێن. ئەمڕۆ بەوە دەڵێن هەڵە کە دوێنێ پێیان وتووە ڕاست. جارى وایە لە هەمان ڕۆژدا چوار بۆچوونى جیاواز دەخەنە گۆڕێ. خۆزگە هیچ نەبێت دووانیان لە یەک دەچوون! بەڵام هەیهات! هەر چواریان لە یەکتر جیاوازن و هەر یەکێکیان ئەوى تریان هەڵدەوەشێنێتەوە. بەڵام سەیر لەوەدایە هەموویان وەک ڕاست دەبینن و بەرگرییان لێدەکەن و سووریشن لەسەر ڕاستبوونیان.

ڕێگەچارەى گرنگى بیرکردنەوەى سیستەماتیک و پارێزران لە لادانى فیکرى ئەوەیە ڕاستێتیی حەقیقەتە سەلماوەکان و دەستوورە بنەڕەتییەکانى زانیارییە پێویستەکان بزانرێن و پاشان زانیارییە بەدەستهاتووەکانى تر بەگوێرەى ئەمانە بپێورێن. ئەگەر لە ڕوانگەى زانستە دینییەکانەوە لە بابەتەکە بڕوانین، سەرەتا دەبێت بنەما بنەڕەتییەکانى قورئان و سوننەت بزانرێن، ئنجا سەرنج لەوە بدرێت کە داخۆ هاوەڵان و سەلەفى ساڵح چۆن لێیان تێگەیشتوون، پاشان سەر لە خەرمانى مەزنى بۆچوون و ڕاڤەى موجتەهیدە گەورەکان، فەقیهە بەڕێزەکان و زانا بەنامەکان بدرێت. پێویستمان بە بناغەیەکى لەم جۆرە هەیە بۆ ئەوەى لە زەمینەیەکى دروستدا بابەتێکى سەر بە زانستە ئیسلامییەکان هەڵبسەنگێنین، دەربارەیان بۆچوونێکى ڕاست بخەینە مەیدان، یان بە دەربڕینێکى تر، بۆ ئەوەى دڵنیا بین لەوەى بۆچوونە دەربڕدراوەکان شوێنکەوتەى سیستەماتیکێکى دروست بوون یان نا.

لە هەر کتێبێکەوە کە دەیخوێنینەوە، چەندین زانیارى وەک کۆد لەسەر خانە دەمارییەکانى مێشکمان تۆماردەکرێن، چەندین دۆسیەش بۆ ناواخنى (کۆرتێکس) مێشک دەنێردرێت. کاتێک ئەم کارانە دەکرێن، ئەگەر ڕەچاوى سیستەم نەکرێت و بەراوردنەکرێن بە دەستوورەکانى لقى زانستى پەیوەندیدار، ئەوا جگە لە گڵۆڵەیەکى ئاڵۆزى زانیارى هیچى تر بەرهەمنایەت. ئەو بەرهەمەش کە لە دەرەنجامى ئەمە پێکدێت، بیرکردنەوەى بێ سیستەم و دیسیپلین دەبێت کە دیار نییە بەرەو کوێ دەڕوات و بە کوێ دەگات.

لەلایەکى دیکەوە، پەرەدان بەو خەرمانى زانیارییەى کە لە پێشینانەوە بۆمان گوازراوەتەوە، بە سیستەماتیککردنى، ڕوونکردنەوەى ئەو لایەنانەى کە نادیار و تەماوین و وەڵامدانەوەى پێداویستییەکانى ڕۆژگار بە ڕەچاوکردنى هەلومەرجە نوێیەکان، شتێکى زۆر گرنگە. ئەگەر بە گوزارشتى ئیمامى شافیعى قسەبکەین، دەڵێین: “خوا لە سەلەفى ساڵح خۆشبێت، چەندین کاریان کردووە کە پێویست بوون بکرێن. دیسان خوا لێیان ڕازیبێت کە کارێکى زۆریشیان بۆ ئێمە بەجێهێشتووە.” نابێت لەبیرمان بچێت کە هەرکەس زادەى ڕۆژگارى خۆیەتى. مرۆڤ چونکە بوونەوەرێکى سەروو کات نییە، بیر و بۆچوونەکانیشى ماوەیەکى دیاریکراو دەمێننەوە، بەڵام دواتر بەنێو تەفسیرى زەماندا تێپەڕدەبن و گۆڕانکارییان بەسەردێت. کات و ڕۆژگار، هەندێک جار نەخش، هەندێک جار شێوە، هەندێک جار ڕەنگى بیر و بۆچوونەکان دەگۆڕێت.

بەڵام گوفتارى خوا لەبەرئەوەى لە سەروو کاتەوەیە، کات ناتوانێت کارى لێبکات. بەهەمان جۆر، ئەو بڕیارانەش کە گوفتارى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ڕوونى کردوونەتەوە، گۆڕانیان بەگوێرەى کات مومکین نییە. بەڵام لەو لایەنانەدا کە کراوەن بە ڕووى تەئویل و تەفسیردا، کات دیسان کاریگەریی خۆیی هەیە. ئەوەتا موجتەهیدە مەزنەکانیش لە فەتواکانیاندا ڕەچاوى ئەمەیان کردووە. دەبێت ئێمەش بەم جۆرە ڕەفتاربکەین و لە کار و چالاکییەکانى ئەم ڕۆژگارەدا بەحەتمى حساب بۆ تەفسیرى زەمان بکەین.

لە دونیاى ئەمڕۆدا کە وەک گوندێکى لێ هاتووە، لەگەڵ کەسانى تردا لەژێر بنمیچێکدا دەژین. ناکرێت ئەمە لەبەرچاو نەگرین. هەروەها ئەو شتانەى کە ئەمڕۆ مرۆڤ سەرقاڵدەکەن زۆر زیادیان کردووە، دەرەنجامى ئەمەش زیهنى ئینسان زۆر پەرتەوازە بووە. هەروەها بەراورد بە ڕابردوو زانستەکان پتربوون، ئەو شتانەى کە دوێنى وەک لقێکى زانست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا ئەمڕۆ چەندەها پەلى دیکەیان لێبووەتەوە. هەموو بوارێک پسپۆڕى خۆى پێدەگەیەنێت. بۆیە بەپێچەوانەى ڕابردووەوە، ئەمڕۆ مومکین نییە کەسێک لە هەموو بوارێکدا قسەبکات. کاتێک لەمڕۆدا بەدواى چارەسەردا دەگەڕێین بۆ بابەتەکانمان، ناکرێت ئەم خاڵە نادیدە بگرین. ئەمەش بەوە دەبێت لەبریی جووڵانەوەى فەردى، کۆمەڵ و دەستەى زانستی پێکبهێنین و بە گشتى و فراوانى لە بابەتەکان بڕوانین. ئەو لیژنە و گرۆیانە کە پێکدەهێنرێن، چ لە تەفسیر، حەدیس،  فیقهـ و کەلامدا بێت، چ لە ئوسوڵ و دەستوورەکانى ئەم زانستانەدا بێت، دەبێت دیسان بەوردبوونەوە لەسەرچاوە بنەڕەتییەکان و ڕەچاوکردنى تێبینییەکانى سەردەم هەوڵى دۆزینەوەى ڕاستى بدەین و سەرلەنوێ بابەتەکان پۆلێنبکەینەوە. بەم جۆرە مرۆڤى ئەم ڕۆژگارەمان ئاسانتر دەتوانێت دەستى بگات بە خەرمانى لق و پەلەکانى زانست، ئاسانتر فێریان دەبێت و سوودى زیاتریشیان لێدەبینێت.