بیرخستنەوەکانى ئایەتى ڕۆژوو

بیرخستنەوەکانى ئایەتى ڕۆژوو
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: لە قورئاندا ئەم ئایەتە گوزارشت لە فەرزییەتى ڕۆژوو دەکات﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ﴾ (سورة البَقَرَةِ: 2/183). لە کۆتایی ئایەتەکەدا تەقوا زەق دەکرێتەوە ﴿لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ﴾ (سورة البَقَرَةِ: 2/183). چى دەتوانرێت بوترێت دەربارەى پەیوەندیی نێوان ڕۆژوو و تەقوا؟

وەڵام: تەقوا کە یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانى قورئان، یەکێکە لەو سیفەتە هەرە گرنگانەى کە پێویستە ئیماندار خاوەنیان بێت. ئەو گوزارشتە جۆراوجۆرانەى کە فەرمان بە تەقوا دەکەن و وەک ئامانجێک دەیخەنە بەردەم ئیمانداران، لە چەندین ئایەتى قورئاندا باسکراون. بێگومان گەیشتن پێى و چوونە ناو ڕیزى تەقواکارانەوە کۆمەڵێک ئامڕاز و ڕێگاى تایبەت بە خۆى هەیە. ئەو ئایەتانەى کە پەیوەندیدارن بە تەقواوە، ئاماژە بۆ ئەم ڕێگایانە دەکەن. هەریەک لە بەجێهێنانى داخوازییەکانى بەندایەتیی خوا، نوێژکردن، تیلاوەتى ئەو ئایەتانەى کە دابەزێنراون، وابەستەبوون بەو حوکمانەوە کە ئەو دایناون بەشێکن لەم ئامڕازانە. ئەم ئایەتە پیرۆزەش سەرنج بۆ لاى عیبادەتى ڕۆژوو وەک یەکێک لە هۆکارە گرنگ و گەیەنەرەکان بە تەقوا، ڕادەکێشێت.

ئایەتەکە بە دەستەواژەى (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا) “ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە” دەست پێدەکات و گوتارى تایبەت ئاڕاستەى ئیمانداران دەکات. چونکە بۆ ئەوەى کەسێک عیبادەتەکانى لاى خوا قبووڵ ببێت، سەرەتا پێویستە ئیماندار بێت؛ هەروەک چۆن گەیشتنیش بە تەقوا بەبێ ئیمان نابێت. ئەوەش کە گوزارشتى “ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە” ڕستەیەکى کردارییە، گرنگیی خۆى هەیە. چونکە کردار ئاماژە بۆ نوێبوونەوە دەکات. گەیشتنى ئیمان بە کەماڵ پێویستى بەوەیە کە ئینسان بەردەوام فەرمانە تەکوینى و تەشریعییەکان شیبکاتەوە، لەوانەوە بە پێکهاتن و شیکردنەوەى تازە بگات و هەموو ڕۆژێک چاوى بە ڕووى ئیمان و ژیانێکى تازەدا بکرێتەوە. لە ئایەتى (النساء: ١٣٦)[1]دا ئەوەى کە فەرمانى ئیمان بەوانە دەکرێت کە ئیمانیان هێناوە، پشتى ئەم مانایە دەگرێت. لەم ڕووەوە، ئەرکى سەرشانى ئیماندار ئەوەیە بەردەوام چاو بە ئیمانەکەیدا بخشێنێتەوە، لە ڕێگەى بیرکردنەوە و یادکردنەوە و تێڕامانەوە بە ڕووى ئاسۆى نوێى ئیماندا بکرێتەوە و لەگەڵ هەموو ڕۆژێکى تازەدا کەمێکى تر لە ئیماندا قووڵ ببێتەوە.

لەدواى ئەمە دەستەواژەى (كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ) دێت کە فەرزبوونى ڕۆژوو ڕادەگەیەنێت. وشەى (کتب) کە لە ئایەتەکەدا هاتووە بە ماناى “نووسین” دێت. بەڵام کاتێک لەسەر شێوەى بکەرى نادیار بەکاردێت دەبێت بە (کتب) و بە ماناى “نووسرا” دێت. کاتێک وشەى (کتب) لەگەڵ (على)ى (حرف جر)دا بەکاردێت، بە واتاى فەرزبوون و واجبوون دێت. گەر ماناى ئەسڵیی وشەکە لەبەرچاو بگرین، ئەوا واتاى ئەم بەشەى ئایەتەکە بەم جۆرەى لێدێت: “لە کیتابى موبیندا یان لە لەوحى مەحفوزدا فەرزبوونى ڕۆژوو نووسراوە و دیاریکراوە.” ماناى وایە حوکمى ڕۆژوو لە زانستى خواییدا دەستنیشانکراوە، بڕیارى لێدراوە، پاشان بڕیارەکە خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لە ڕێگەى وەحیشەوە وەک بەرپرسیارێتییەک بە ئێمە ڕاگەیەنراوە.

پاشماوەى ئایەتەکە دەفەرمووێت: (كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ) “وەک چۆن لەسەر ئەوانەى پێش ئێوەش فەرز کرابوو.” ئایەتەکە لە ڕێگەى بەکارهێنانى ئامڕازى لێکچواندنەوە، فەرزبوونى ڕۆژوو لەسەر ئوممەتانى پێشووش ڕادەگەیەنێت. لەمەشدا چوواندن بەکاردەهێنێت. دەفەرمووێت وەک چۆن لەسەر ئەوان فەرز کرابوو، لەسەر ئێوەش فەرز کراوە. ئەمە پەیوەندیی بە فەرزبوونى ڕۆژووەوە هەیە. بەڵام مەرج نییە لێچوو لە هەموو شتێکدا لە لەوچوو بچێت. کەوایە دەکرێت ئەو ڕۆژووەى کە لەسەر ئەوان فەرز کراوە لە ڕووى چەندێتى و چۆنێتییەوە جیاواز بووبێت. بۆ نموونە، دەگونجێت ماوەى ڕۆژوو نیو یان دوو مانگ بووبێت، یاخود لە ماوەى ڕۆژوودا خواردنەوەى ئاو و هەندێک شتى تر ڕێگەپێدراو بووبێت. وردەکاریی بابەتەکە نازانین. لە عیبادەتەکانى دیکەشدا، وەک نوێژ و زەکات، هەمان شێوەیە. واتە گەرچى عیبادەتە هاوشێوەکان لەسەر گەلەکانى پێشووش فەرز بوون، وەلێ دەگونجێت کتومت ئەوە نەبن کە لەسەر ئێمە فەرز کراوە.

ئایەتەکە بە نیوە ڕستەى (لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) کۆتایی دێت. وشەى (لعلکم) پێى دەوترێت (لفظ الترجي). واتە بۆ ئومێد و هیوا بەکاردەهێنرێت. لەم دۆخەدا دەکرێت بیر لە مانایەکى لەم جۆرە بکرێتەوە: لە خواى گەورە هیوادارین کە لە ڕێگەى ڕۆژووەوە بمانگەیەنێت بە تەقوا. کەوایە شتێکى هەڵەیە گەر کەسێک بابەتەکە لە کورتى ببڕێتەوە و بڵێت “چونکە ڕۆژووم گرتووە ئیتر ڕاستەوخۆ ڕۆیشتوومەتە ناو بازنەى تەقواوە”. عیبادەتەکانى وەک ڕۆژوو، نوێژ، زەکات، حەج و هاوشێوەکانیان دەرگاى هیوامان لێدەکەنەوە ڕووەو تەقوا. ئومێدى ئەوەمان دەدەنێ کە لەو دەرگایانەوە بچینە ژوورەوە. ئەم دەربڕینە لە هەمان کاتدا هێمان بۆ ئەوەى کە گەیشتنمان بە چاکە و تەقوا دەبێت بە فراوانیی ڕەحمەتى خوا، بەرینی فەزڵەکەى و گشتگیریی سەخاوەتمەندییەکەیەوە ببەستینەوە.

وەک دەزانرێت، دین لە ڕوویەکەوە لەسەر هاوسەنگیی نێوان ترس و هیوا ڕاگیربووە. واتە لەپاڵ ئومێددا، ترسیش بەهەمان ئەندازە یەکێکە لەو دینەمۆ هەرە گرنگانەى کە ژیانی دینیی ئادەمیزاد بەپێوە ڕادەگرن. بەکارهێنرانى تەقوا کە هێما بۆ ترس دەکات لەگەڵ وشەیەکدا کە ماناى هیوا دەگەیەنێت، شتێکى سەرنجڕاکێشە. ڕۆیشتنە ژوورەوە لە دەرگاى تەقواوە کارێکى ئاسان نییە. دەبێت ئینسان کەمێک پاڵ بە دەرگاکەوە بنێت و لەم ڕێگایەدا بەرگەى هەندێک ناڕەحەتى بگرێت. بەڵام بە ئەندازەى بەرگەگرتنى بۆ مەینەتییەکان پلەى بەرز بەدەستدەهێنێت. چەند ناسۆر لەم پێناوەدا بکێشرێت، پاداشتەکەشى ئەوەندە دەبێت. ئادەمى چەند ڕووبەڕووى زەحمەت ببێتەوە و سەبرى لەسەر بگرێت، ئەوەندە زیاتر لە فەیز و ڕزگارى نزیکدەبێتەوە. کەوایە گەرچى برسى و تینووبوونى ئینسان لەپێناو خوادا، گرتنەوەى نەفسى لە هەندێک لە ئارەزووەکانى و بەڕۆژووبوونى ئەندامەکانى دیکەى لەگەڵ گەدەیدا کارێکى ئاسان نییە و کۆمەڵێک سەختى لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، وەلێ لە ئەنجامى دژوارییەکى لەم جۆرەدا دەگونجێت پایەیەکى بەرزى وەک تەقوا بەدەستبهێنرێت.

ئەى تەقوا بە ماناى چى دێت؟ ئەم وشەیە لە ڕەگى (وقایة)ەوە هاتووە کە بە ماناى پارێزران دێت. بەم پێەیە، تەقوا بریتییە لە هانابردن بۆ پاراستن و چاودێریی خواى گەورە لەبەرامبەر ترس و ئەندێشە ئاخیرەتییەکانەوە و لە ڕێگەى بەجێهێنانى فەرمانەکانى دینەوە. جگە لەمە، سوود وەرگرتنى شاییستە و تەواوەتى لە ڕاستییە ئاسمانییەکان کە خودى خێر و فەزیلەتن بۆ ئێمە، دیسان وابەستەى چوونە ناو بازنەى تەقواوەیە. چونکە وەک لە سەرەتاى سوورەتى (البقرة)دا ئاماژەى بۆ کراوە، قورئان تەنها بۆ تەقواکاران ڕابەرى هیدایەتە. لەم ڕووەوە، هەستکردن و بیستنى هیدایەت وەک هیدایەت، جیاکردنەوەى هیدایەت لە گومڕایی پەیوەستە بە چوونە ناو بازنەى تەقواوە. بەڵێ، قورئان بۆ ئەو کەسانەى کە تێدەکۆشن هانا بۆ پارێزگاریی خواى گەورە ببەن و لەم ڕێگایەدا پێداگرن، خودى هیدایەتە.

دەرەنجام، ئەوەى کە لە کۆتایی ئایەتەکەدا هۆکار و حیکمەتى فەرزکرانى ڕۆژوو دەبەسترێتەوە بە تەقواوە شتێکى زۆر گرنگە. ماناى وایە ڕۆژووش ڕێک وەک عیبادەتەکانى نوێژ و دوعا و هاوشێوەکانیان ڕێگا و پردێکى گرنگە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕووى تەقوا و گەیشتنى پێى. پەڕینەوەش بەسەر ئەم پردەدا پێویستى بەوەیە مافى تەواوەتى بە ڕۆژوو بدرێت، ڕەچاوکردنى ئەرکانە زاهیرى و باتینییەکانى بدرێت و بەڕێکوپێکى بگیرێت. وەک دەزانرێت، یەکێک لە جۆرەکانى سەبریش ئەو ئارامگرییەیە کە لەسەر عیبادەت و تاعەت دەنوێنرێت. ئادەمیزادیش دەبێت لە ڕێگاى ئەداکردنى کامڵانەى ڕۆژوودا دان بە خۆیدا بگرێت و سەبر بگرێت، لەم پێناوەدا سنگ لە هەموو جۆرە مەترسییەک دەربپەڕێنێت، بێئەوەى پێى لە لەمپەڕەکانى سەرڕێگا بگیرێت بەرەو پارێزگارى و پشتیوانیی خواى گەورە هەنگاوبنێت.

[1] ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا آمِنُوا بِاللهِ وَرَسُولِهِ وَالْكِتَابِ الَّذِي نَزَّلَ عَلَى رَسُولِهِ وَالْكِتَابِ الَّذِي أَنْزَلَ مِنْ قَبْلُ﴾ (سورة النِّسَاءِ: 4/136)