متمانە

Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

خەڵکى کاتێک تەماشاى کەسانى تر دەکەن و حاڵ و هەڵسوکەوتیان هەڵدەسەنگێنن، لە پێودانگى خۆیانەوە سەیردەکەن. تێبینى و ئامانج و هەست و بیرى خۆیان چى بێت، وا دەزانن خەڵکیش وان. بۆ نموونە، گەر کەسێک هەموو هەوڵ و تێکۆشانى خۆى بۆ ئەوە خستبێتەگەڕ کە لە دونیادا پلەوپایەى دیاریکراو بەدەستبهێنێت، وا دەزانێت هەموو هاوڕێکانیشى هەمان ئامانجیان هەیە. دەکرێت ئەوانەش کە شوێن ناوبانگ، سەروەت، هێز، دەسەڵات، نیعمەتە دونیاییەکان و خۆشگوزەرانى کەوتوون لەسەر هەمان پێوەر بپێوین. بەڵام ئەوانەى کە دڵسۆزانە چاویان لە ڕەزامەندیی خوا بڕیوە و خزمەت دەکەن، هەرگیز ئەم شتانە ناکەن بە مەبەستى خۆیان، تەنانەت ئەم شتانە وەک ڤایرۆسێک دەبینن کە دڵ و ڕۆح دەکوژن، بەڵام دیسانیش زۆر زەحمەتە بتوانن قەناعەت بە ئەهلى دونیا بکەن. چونکە ئەهلى دونیا نە دەزانن ژیانى دڵ و ڕۆح چییە، نە سەریشیان لە بەهاکانى وەک بێنیازى و فیداکارى و خۆبەختکارى دەردەچێت. ئەوان لە ڕوانگەى خەرمانى کەلتوورى و شێوازى ژیانى خۆیانەوە لە دونیا و شتانى ناوى دەڕوانن. خۆیان دەربارەى ئەم ئیمکانییەتە دونیاییانە چۆن بیربکەنەوە، چەند گرنگییان پێبدەن و لەپێناو بەدەستهێنانیاندا چەند بسووتێن و پەلەقاژە بکەن، وا دەزانن کەسانى دیکەش بەهەمان جۆرن.

بەڵێ، ئادەمیزاد ئەو بیرکردنەوانەى کە ناتوانێت لە زیهنى خۆى دەریان بکات، وا گومان دەبات کە پارچەیەکى دانەبڕاو بن لە کەسانى دیکەش. بۆیە ئەهلى دونیا کە دیلى دەستى ماددەن بەم جۆرە لە بابەتەکە دەڕوانن: “مومکین نییە ئینسانێک هەبێت بیر لە پلەوپایە نەکاتەوە، موبتەلاى ستاییش و چەپڵە نەبێت، بە شوێن سەروەت و ساماندا ڕانەکات، بەدواى ژیانێکى ئیسراحەت و خۆشگوزەراندا نەگەڕێت…” کەسێک کە بەدرێژایی ژیانى لە هەستان و دانیشتنیدا هەردەم بەدواى ئەم نیعمەتە دونیاییانەدا وێڵبووە و ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بەقووڵى لە ڕۆحیدا هەڵکۆڵراون، مەحاڵە سەبارەت بە کەسانى دیکەش بەهەمان شێوە بیرنەکاتەوە. ئەوانەى کە مەحکومى ئەم جۆرە شتانەن، ناتوانن تەسەوورى هەبوونى کەسانێک بکەن خاوەنى بیرکردنەوەیەکى جیاواز بن لەوەى خۆیان. بۆیە ئەوانەى ژیانیان بۆ خزمەتى ئیمان و قورئان تەرخانکردووە، چەندەش بۆیان باسبکەن کە تەنها و تەنها عەوداڵى ڕەزامەندیی خوایین، هێشتان ناتوانن دەنگى خۆیان بەوان بگەیەنن.

مادەم وایە، کەواتە ئەوانەى خەم و خەفەتیان دونیایە، گوفتار و کردارى ئەو فیداکارانەى کە چاویان لە عوقبا بڕیوە، بەگوێرەى خۆیان تەئویل دەکەن. با بڵێین ئێوە لە ترسى ئەوەى نەوەک زیان بە خزمەتى ئیمان و قورئان بگەیەنێت، خۆتان دەبوێرن لە هەندێک لەو پلەوپایانەى کە هەتا بەرپێتان هاتوون و بەرامبەریان بێنیاز دەبن. کەچى ئەوان دەڵێن: “حەتمەن بۆ ئەوە وا دەکات کە لەوە گەورەترى دەست بکەوێت.” کاتێک بە هەوڵى تێکۆشانى خۆشتان بە هەندێک پێگە دەگەن، ئەمجار تۆمەت و بوختانتان بۆ هەڵدەبەستن، دەڵێن هێز و دەسەڵات دەقۆزنەوە، گەندەڵى دەکەن، دەست بەسەر جومگەکانى دەوڵەتدا دەگرن. ئێوە لە ناخى دڵتانەوە دەڵێن کە چاوتان لەسەر سەڵتەنەتەکانى دونیا نییە، وەلێ ئەمجار بەوە تاوانبارتان دەکەن کە ڕاستى دەشارنەوە و خۆتان پەردەپۆش دەکەن. هەرچییەک بکەن و هەرچییەک بڵێن ناتوانن قەناعەتیان پێبکەن.

سەرەڕاى ئەمە، نابێت ئەوەش لەبیربکرێت کە هەموان تەنها لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتى خۆیان بەرپرسن. کێ هەرچییەک دەکات با بیکات، کێ چۆن بیردەکاتەوە با بیربکاتەوە؛ بەڵام ئەرکى سەرشانى ئەو پاڵەوانانەى خزمەت کە چاو و دڵیان بڕیوەتەوە ڕەزامەندیی خوا، ئەوەیە کە لە خزمەتەکەیاندا لە ڕێگاى خوادا هەتا کۆتایی ئیخلاس و سەمیمییەتى خۆیان بپارێزن، دووربکەونەوە لە بچووکترین لادان کە متمانە دەلەقێنێت و لە هەموو دەرفەتێکیشدا ئەم بیر و هەستە ڕاستگۆیانەیان لەگەڵ خەڵکیدا بەشبکەن. ئەوان دەبێت لە گوفتار و ڕەفتار و حاڵەکانیاندا ڕێک و ڕاست بن، وەک پەیکەرى بەرجەستەبووى ڕاستى بژین و بەم جۆرە بچووکترین دەرفەتیش نەدەن بە دەست نییەت خراپەکانەوە.

گەورەترین گەرەنتیی ئەوانەى کە لە ڕێگاى خوادا خزمەت دەکەن، متمانەپێکراوییانە. بۆیە دەبێت فەرسەخ فەرسەخ لە هەموو ئەو شتانەوە دوور بن کە ئەم متمانەیە دەلەرزێنن. بۆ نموونە، بینینى قەناعەت و بێنیازى وەک گەورەترین دەوڵەمەندى و دەست پان نەکردنەوە لە هیچ کەسێک و نەچوونە ژێر منەتیانەوە، یەکێکە لە مەرجە گرنگەکانى پاراستنى ئەم متمانەیە. ئەگەر بچنە ژێر منەتەوە و قەرزارى کەسانى دیکە ببن، دەبن بە دیل و ناچار دەبن باجەکەى بدەن. بۆیە دەست و قۆڵى خۆتان دەبەستنەوە و بوارى جووڵەى خۆتان بەرتەسک دەکەنەوە. ئینسان گەر لە دەستى بێت پێویستە هەوڵبدات تەنانەت قەرزارى دایک و باوک و کەسە هەرە نزیکەکانى خۆیشى نەبێت. هەموو قەرزارییەکى ماددى و مەعنەوى بوارى هەڵسووڕان و مانۆڕى ئێوە بچووک دەکاتەوە. کاتێک خاوەن قەرزەکانتان خاتر و قورسایی خۆیان دەخەنە مەیدان و چاوەڕوانییەکان بە گوفتار دەردەبڕن، ئێوەش ناتوانن ڕەتیان بکەنەوە. بەم جۆرە ئازادیتان لەدەستدەدەن. جارى وایە لەوانەیە ناچارببن سەر بۆ هەندێک داواکاریی وا کەچ بکەن کە پێچەوانەى بەهاکانى خۆیشتانە. هەموو ئەم شتانە ئەو گەرەنتییەتان لەناودەبات کە بە چەندین ساڵ بەدەستتان هێناوە.

لەلایەکى دیکەوە، گەر دەتانەوێت پێگە و ئیعتیبارى خۆتان لە کۆمەڵگادا بپارێزن و لە تۆمەتە بێبنەماکان بەدووربن، دەبێت زوو زوو موحاسەبەى ژیانى خۆتان بکەن. وەک چۆن حەزرەتى پیرى موغان کردوویەتى. ئەو لەپێناو ڕێگرى کردن لەو تۆمەت و گومانە خراپانەى کە دەکرێت ئاڕاستەى بکرێن، یەک یەک ڕوونى کردووەتەوە کە چى دەخوات و چى دەپۆشێت. دەکرێت ئەمە بە کردارى “بەیاننامەى موڵک”ى ئەمڕۆى بچوێنین، کاتێک کەسێک تالبى وەرگرتنى پێگەیەکى دیاریکراو دەبێت، داواى بەیاننامەیەکى لەم جۆرەى لێدەکرێت. ئەمە وەک پێویستى و ناچارى دەکرێت. بەڵام حەزرەتى پیر ئارەزوومەندانە ماڵ و سەروەتى خۆى بەیان کردووە. ئەگەر شێواز و ئاستى ژیانتان بەجۆرێک بێت کە گومانى کەسانى دیکە بوروژێنێت، ئەوا لەوانەیە متمانە و ڕێزى ئەوان بەرامبەرتان لەدەستبدەن. کەسانێکیش کە ئیعتیباریان نەماوە کەس گوێ لە قسەیان ناگرێت.

ئەوانەى کە ژیانیان بۆ بەرزکردنەوەى ناوى خوا تەرخانکردووە، وایان لێ چاوەڕ دەکرێت لە قۆناغە جیاوازەکانى تەمەنیاندا ئەم کارە ئەنجام بدەن. دەبێت هیچ شتێک نەبێت لە ژیانیاندا کە نەتوانن ڕوونى بکەنەوە. دەبێت کاتێک کەسانى نییەتخراپ بە نیازى تۆمەتبارکردنیان ورد ورد سەرنج لە ژیانیان دەدەن، بچووکترین لەکەى تێدا نەدۆزنەوە. نەک تەنها خۆیان، بەڵکو خێزان و کەسە نزیکەکانیشیان نابێت شتێک لە ژیانیاندا هەبێت کە نەتوانن حسابەکەى بدەن. بەهەمان شێوە، پێویستە دیقەتى عیصمەت و پاکیزەیی خۆیان بدەن. چونکە هەر هەڵەیەک لەم بوارەشدا، دەکەن بە ماڵ بەسەرتانەوە لەوێوە لێتان دەدەن. بۆیە بەتایبەت هەندێک کەس کە لە پێگەى دیاریکراودان، دەبێت هەر لە سەرەتاوە ژیانیان بەم پێیە ڕێکبخەن، لەدواى خۆیان شوێن بۆ هیچ جۆرە گومانێک چۆڵ نەکەن، وەک چۆن شەرەف و نامووسیان دەپارێزن دەبێت ئاواش خەمى پاراستنى متمانەى خۆیان بن. پێویستە دەربارەى ئەوان دەست بۆ هەرچییەک ببرێت، هیچ شتێکى گومانلێکراو دەرنەکەوێت. دەنا هەڵەى کەسێک دەدرێتە پاڵ گرووپ و جەماعەتەکەشى، بۆیە دەستدرێژى دەکرێتە سەر مافى جەماعەت و دانەوەى حسابى ئەمەش لاى خوا زۆر قورسە.

وەک چۆن مامۆستا بەدیعوززەمان بەگوێرەى دەستوورەکانى قەناعەت و دەستپێوەگرتن ژیاوە، هەرە نزیکەکانیشى هەر وا ژیاون. پێشتر چەندەها جار هەڵوێستى ئەم بەختەوەرانەم بۆ نەقڵ کردوون. ئەوان هیچ کاتێک بیریان لە خۆیان نەکردەوە. هەموو بوونیان بۆ خزمەتى ئیمان و قورئان تەرخانکرد. ژیانێکى هەژارانە ژیان. شوێن پلەوپایە و سەروەت و سامان نەکەوتن. هەندێکیانم بینى بە پانتۆڵى پینەکراوەوە دەگەڕان. هەندێکیان شوێنى ئەنیشکى چاکەتەکانیان شیتەڵ بووبوو. بەڵام نەیاندەهێشت کەس دەربارەیان قسەى بەرز و نزم بکات. چونکە گوفتار و کرداریان لەم بارەیەوە دیار و ڕوون بوو.

بەکورتى، گەورەترین گەرەنتیی ئێمە متمانەکەمانە. بەردەوامبوونى ئەم دەعواى خزمەتى ئیمانییە گەر هەندێک ئیمکانییەتى ماددیش نەبێت لە نیوەى ڕێدا جێنامێنێت. ئەمانە دواتر بە جۆرێک لە جۆرەکان قەرەبوو دەکرێنەوە. بەڵام هەریەک لە ئیعتیبار، متمانە، فیداکارى، پاکیزەیی، عیسمەت، بێنیازى لەو جۆرە نین. ئەم شتانە نامووسى ئەم دەعوا و پەیامەن. بۆیە هەریەکێکمان چەند نامووس و شەرەفى خۆى دەپارێزێت، دەبێت بەهەمان شێوە لە هەوڵى پاراستنى ئەم سیفەتانەشدا بێت. خەڵکى چەند بەوردى سەرنج لە ژیانتان بدەن، دەبێت لە هەموو جارێکدا ڕووبەڕووى هەمان بێگەردى و سەمیمییەت ببنەوە. وەک لە سەرەتاشدا وتمان، دیسان کەسانێک دەبن کە سەرەڕاى ئەمە هێشتا باوەڕتان پێناکەن و گومانتان لێدەکەن. بەڵام ئێوە هەتا بەردەوامبن لەسەر پیشاندانى ئەم هەستیارییە، دەچنە ناو دڵى زۆرینەوە، متمانەیان بەدەستدەهێنن و پشتگیرییان زامن دەکەن. بە ئیزن و عینایەتى خوا…