ئیسلامى میانڕەو

ئیسلامى میانڕەو
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: پێویستە چۆن لە دەستەواژەکانى “ئیسلامى میانڕەو” و “ئیسلامى توندڕەو” کە هەندێک چین و توێژ بەکارى دەهێنن، بڕوانین؟

وەڵام: ئەگەر لە سەرەتاوە بە یەک ڕستە ڕاى خۆم دەرببڕم، دەڵێم دەستەواژەکانى وەک “ئیسلامى میانڕەو” و “ئیسلامى توندڕەو” وشەگەلێکى بێ ڕەگ و ڕیشەن و بەزۆر خراونەتە ناو فەرهەنگى وشەکانى ئێمەوە. گەر چاوێک بە زاراوە ئیسلامییەکانى چواردە سەدەى ڕابردوودا بخشێنین، ئەم جۆرە دەستەواژانەمان بەرچاو ناکەوێت. کاتێکیش لە ڕوانگەى قورئان، سوننەت ئوصولى دین و فیقهەوە لە بابەتەکە دەڕوانین، جێگایەکمان بۆ نادۆزرێتەوە بۆ دانانى ئەم زاراوانە. لە زاراوەناسیی ئێمەدا وشەکانى وەک دین، ئیسلام، دیندارى، موئمین، موسلیم و هاوشێوەکانیان هەن. ئێرانییەکان پاشگرى کۆى (ان)یان بۆ وشەى موسلیم زیادکردووە و بەمەش وشەى “موسڵمان” دروستبووە. دواتریش تورکەکان ئەم وشەیەیان لە ئێرانییەکانەوە وەرگرتووە و ئێستا بەکارى دەهێنن. وەک وتمان، خۆى ئەم وشەیە کۆیە، بەڵام لە زمانى تورکیدا پاشگرى کۆى (لەر)ى بۆ زیاد دەکەن و لە شێوەى “موسڵمانلەر”دا بەکارى دەهێنن. خۆى ڕاستتر وایە بوترێت “موسلیملەر” یان پاشگرە کۆیەکانى عەرەبەکانى بەکاربهێنرێن، وەک (مسلمون/مسلمین). هەرچەندە پێچەوانەى یاسا زمانەوانییەکانە، وەلێ وشەى “موسڵمان” وەک هەڵەیەکى مەشهور، لە ڕەگ و ڕیشەیەکى ڕاستەوە سەرچاوەى گرتووە؛ بۆیە بەکارهێنانیشى کێشەیەکى تێدا نییە.

دین، کۆى ئەو یاسا ئیلاهییانەیە کە مرۆڤەکان بە ئیرادە و هەڵبژاردنى ئازادى خۆیان ڕووەو خێر ئاڕاستەدەکات. جێبەجێکردن و پیادەکردنى ئەم یاسایانەش، واتە کرانیان بە ژیانى ژیان، پێى دەوترێت دیندارى. کەسێک کە کۆى یاسا ئیلاهییەکان کە خوا ناردوویەتى قبووڵ دەکات و جێبەجێی دەکات، لە هەموو جۆرەکانى شیرک خۆى بەدووردەگرێت و لە دڵەوە ڕاستگۆیانە وابەستەى خوایە، پێى دەوترێت موئمین، موسلیم/موسڵمان؛ گەرچى جیاوازیی بچووک و وردیش لەنێوان ئەم زارانەوانەدا هەیە. بەڵام زاراوەکانى وەک ئیسلامى توندڕەو و میانڕەو بێ ڕەگ و ڕیشەن و لە زاراوەناسیی ئیسلامیدا جێیان نابێتەوە. موسڵمانێکى خاوەن شعوور و ئەو کەسانەش کە ڕێز لە دین و دیندارەکان دەگرن، ناکرێت ئەم دەستەواژانە بەکاربهێنن.

کەسانێک بەرمەبناى هەندێک مەبەستى دیاریکراو و بەڵکو بە پاڵنەرى ڕق و غەرەز چەمک و زاراوە لەبارەى دینەوە هەڵدەبەستێت و دەیخاتە بازاڕەوە و خۆى مەبەستى پێى مانا و ناوەرۆکێکى ترە، بەڵام هەندێک موسڵمانى ساویلکەش کە ئەسڵى بابەتەکە نازانن دەکرێت بەکاریان بهێنن. بەڵام کاتێک دەوترێت “ئیسلام” یان “دین” ماناکەیان ڕوونە. ئێمەش وەک موسڵمان بەو شێوەیە قبووڵیان دەکەین. زیادکردنى شتێک بۆ سەر ئەسڵەکە، گۆڕینى ماهییەتەکەى و بارکردنى ماناگەلى نوێ بۆ سەر چەمەکەکان، هەروەک حەددى هیچ کەسێک نییە، بەهەمان جۆر مافیشى نییە. کەوایە ناتوانرێت باس لە ئیسلامى توندڕەو و میانڕەو بکرێت.

دەکرێت مەبەستى جۆراوجۆر لەژێر ئەم بەکارهێنانەدا هەبێت. بۆ نموونە، لەناو کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا گومان و دوودڵى لە ڕاى گشتیدا بەرامبەر بەو توێژەى موسڵمانان دەوروژێنرێت کە پێیان دەوترێت “میانڕەو”؛ ئەوانەش کە میانڕەو نین، ناوى “ڕادیکاڵ” و “موحافەزەکار”یان لێدەنرێت، بەو ماناى کە ئەمانە شایانى ئەوەن بێئینسافانە لەناوببرێن. لە ئەنجامیشدا متمانە بەرامبەر بە هەموو ئیمانداران دەڕووخێت و بیرۆکەیەکى شەیتانیی وەک “متمانە بە موسڵمان ناکرێت” دادەمەزرێنرێت. لەبەرئەوەى ڕاگەیاندنى جەنگ بەرامبەر بە هەموو موسڵمانان بە شتێکى عاقڵانە و لۆجیکى نابینن، ئەوا موسڵمانان ناوى جۆراوجۆر لە موسڵمانان دەنێن؛ ئیدى لەسەر ئەمە هەندێک شت هەڵدەبەستن و هەندێک نەخشەش دادەڕێژن. بێگومان ناتوانرێت بوترێت هەموو ئەوانەى ئەم چەمکانە بەکاردەهێنن بەم جۆرە بیردەکەنەوە. بەڵام دیسانیش وا باشترە حەزەریان لێبکەین.

هەندێکى تریش بۆ جیاکردنەوەى ئیسلام لەوانەى کە پێیان دەڵێن “ئیسلامییەکان” یان “موسڵمانە توندڕەوەکان”، دەچن دەستەواژەى “ئیسلامى میانڕەو” بەکاردەهێنن. بەڵام مەبەستەکە هەرچییەک بێت، ئەنجامەکە ئەوەیە کە ئەم بەکارهێنانە هەڵەیە. چونکە ئیسلام هەرچییەک بێت ئەوەیە. موسڵمانێک تەنها لەبەرئەوەى خۆى لەبەرچاوى خەڵک شیرین دەربخات و دڵیان ڕازیی بکات، ناتوانێت تەنازول لە دیسیپلینە ئیسلامییەکان بکات. بۆ نموونە، بە فەرزى مەحاڵ، ئەگەر ئیسلام لە زاتى خۆیدا نەرم نەبێت و لەگەڵ سروشتى مرۆڤدا گونجاو نەبێت و نوێنەرایەتیی حەق و حەقیقەت نەکات، ئەوا گەر کەسانێک بە مێشکى خۆیان بیانەوێت نەرمى بکەنەوە، ئەوا هەوڵ بۆ زۆرلێکردن و کارێکى دەستکرد دەدەن. لەبەرئەوەش کە ماوەیەکى درێژ ناتوانن ئەم ڕەفتارە دەستکردە بەردەوامیی پێبدەن، ئەوا لە مەبەستەکەیاندا سەرکەوتوو نابن. تەنانەت پێچەوانەى مەبەستەکەشیان دێتەدى. چونکە خەڵک دواى ماوەیەک ساختەییەکەیان دەبینن و متمانەیان پێ نامێنێت. دەرەنجام لەکاتێکدا کە دەیانەوێت ئیسلام لەبەرچاوى ئەوان جوان بکەن، کەچى هێندەى تر لە دین ساردیان دەکەنەوە.

لەپاڵ هەندێک کەسى نییەت خراپدا، جێبوونەوەى ڕادیکالیزم و توندوتیژیش لەنێوان هەندێک گرووپى موسڵماناندا، کاریگەریی لە دەرکەوتنى زاراوەى “ئیسلامى میانڕەو”دا هەبوو. ڕاستتر بڵێین، کەسانێک کە ڕەقێتى و هێرشبردن و سووتاندن و ڕووخاندنیان بە “جیهاد” بینى، ناوى “میانڕەو”یان لەوانە نا کە “بەڵێ” بۆ ئەم کارانەیان ناکەن. لەڕاستیدا هەرکەسێک بیکات و بە هەر ناوێکەوە بیکات، توندڕەوى و تیرۆر مومکین نییە بلکێنرێت بە ئیسلامەوە. کەسێک چەند لە ڕەچاوکردنى مافى خەڵکدا دەستدرێژیکار و توندڕەو بێت، بەو ئەندازەیە لە کرۆکى دین دوورکەوتووەتەوە. پەنابردنى بۆ توندوتیژى لەکاتێکدا کە جەنگێکى مەشروع لەگۆڕێدا نییە و هەڕەشەکردن لە سەلامەتیی ماڵ و گیانى خەڵک لە ڕێگەى هەندێک هێرشەوە، هەرگیز ناگونجێت ڕەفتارێکى موسڵمانانە بێت. ئیسلام هەرگیز فەرمان بە تێکدانى سەلامەتیی کۆمەڵایەتى و نانەوەى فەساد لەسەر زەویدا ناکات. دین فەرمان بە خێر و ئاشتى و سوڵح و سەلامەتى دەکات نەک لێدان و شکاندن و سووتاندن و ڕووخاندن. هەر هەنگاوێک کە بە ناوى دینەوە دەنرێت، پێویستە لەگەڵ دەستوورە بنەڕەتییەکانى قورئان و سوننەت و ڕۆحى دیندا بگونجێت. بۆیە نابێت بەوە بخەڵەتێین کە هەندێک کەس تێدەکۆشن کارە ناشرین و چەوتەکانى خۆیان لەگەڵ دیندا بگونجێنن، ئەم کارانە وەک فەرمانى دین پیشان دەدەن و ناو و نیشانى جۆراوجۆریش لەوانە دەنێن کە لە خۆیان ناچن. موسڵمان، موسڵمانە. ئەوەى کە هەڵوێستى پێویست لەهەمبەر ستەم و خراپەکان بنوێنێت و ئەوەش کە ڕێز و خۆشەویستى و لێبوردەیی بۆ کەسانى تر بنوێنێت، لە داخوازییەکانى دینەکەین.

پێویست ناکات ناو و نیشانى جیاواز لەوانە بێنین کە بەدواى ڕێگاى دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگادا دەگەڕێن، هەوڵدەدەن لە خاڵى هاوبەشدا لەگەڵیان کۆببنەوە و تەنها لەبەر مرۆڤێتییەکەى ڕێز لە مرۆڤ دەگرن. چونکە هەموو ئەم شتانە لە خۆیاندا بەها بنەڕەتییەکانى ئیسلامن. بەتایبەت لە دونیاى ئەمڕۆدا بەبێ دیالۆگ، قبووڵکردنى هەموان وەک خۆیان، ڕێزگرتن لە مرۆڤ، ڕێزگرتن لە فەلسەفەى ژیان و ڕێزگرتن لە بیرى ئایینى، نە ئارامى لە کۆمەڵگادا بەدەستدێت و نە دەشتوانرێت ئەو بەهایانەى کە کەسانێک باوەڕیان پێیەتى بۆ کەسانى ترى باسبکەن. ئەگەر دەتانەوێت لە ویژدانى خەڵکدا هەستى ڕێز بەرامبەر بە خۆتان بوروژێنن، ئەوا دەبێت ئێوەش ڕێزیان لێبگرن. چونکە گەر ڕێز نەگرن، ڕێزتان لێناگیرێت.

بە دەربڕینێکى جیاواز، گەر جوانییەکتان هەبێت، ئەوا ناچارن زەمینەیەکى گونجاو بۆ پیشاندانى، گەر قسەیەکیشتان بۆ وتن هەبێت دەبێت زەمینەیەکى لەبار بۆ گوزارشت لەخۆکردن ئامادەبکەن. ئەمانە دەبێت زەمینە و ژینگەى وەها بن کە تیایاندا لە زمانى خۆیانەوە، لە کردار و ڕەفتارەکانى خۆیانەوە بەرامبەرەکانتان بناسنن و خۆشتان بەوان بناسێنن. دەنا هەموان بەگوێرەى پێشینە داوەرییەکانى خۆیان یەکتر پێناسە دەکەن و ئیتر ناتوانرێت ڕێ لە تاوانبارکردنە دوولایەنییەکان بگیرێت. ئەگەر ناتانەوێت ببن بە هۆکارى ئەم شتە نەرێنییانە و ناتانەوێت ببن بە هۆى گوناهى کەسانى تر، ئەوا دەبێت لە هەموانەوە نزیک بن، بەدواى ڕێگاى دیالۆگ لەگەڵ هەموو کەسێکدا بگەڕێن و لەم پێناوەشدا هەموو دەرفەتێک بەکاربهێنن. ئەم ڕێگایەى کە هەموان تێیدا قازانج دەکەن، لەهەمان کاتدا ڕێگاى قورئان و سوننەتە. ئەگەر کەسانێک لە هەموو ئەم بابەتانەدا “نامیانەڕەوانە” ڕەفتاربکەن و کەسانێکیش وەک “میناڕەو” ببینن کە گرنگیی بەم کارانە دەدەن، ئەوا دیارە کە پێچەوانەى ڕۆحى ئیسلام و بنەما سەرەکییەکانى دەجووڵێنەوە و زۆرێک لە دەستوورەکانى ئیسلام لەبەرچاو ناگرن.

لەلایەکى دیکەوە، هەندێک لەوانەى کە خۆیان و سنوورى خۆیان نازانن، لەوانەیە تەنها لەبەر دینەکەیان، بەرامبەر بە موسڵمانان ڕەق و بێڕێزانە و دەستدرێژیکارانە بجووڵێنەوە. تەنانەت کاتێک هێز و دەسەڵاتیشیان کەوتە دەست، دەکرێت فشار و پەستانیان بخەنە سەر و پەنا بۆ ستەم و ناهەقى ببەن. لەم حاڵەتانەشدا کاردانەوەى موسڵمانان هەر دەبێت موسڵمانانە بێت. جوێندان و لیک ڕشتن لە کاتى تووڕەییدا، وتنى قسەى نابەجێ بەم و بەو، وەشاندنى مشت بە ڕاست و چەپدا و پەلاماردانى ئێرە و ئەوێ، هەروەک کارى ژیرانە نین، لە موسڵمانیش ناوەشێنەوە. بەپێچەوانەوە، قورئان کاتێک باسى خاوەن فەزڵەکان دەکات، یەکێک لە سیفەتەکانى بە خواردنەوەى ڕق و تووڕەیی وەسف دەکات. پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) بەدرێژایی ژیانى وابەستەى ئەم دەستوورە قورئانییە بووە. بێڕێزى و کارى ناشرین و نابەجێى وەهاى بەرامبەر کراوە کە وێنەیان نەبووە؛ بەڵام ئەو هەمیشە ڕێگاى سەبر و لەسەرخۆیی و لێبوردنى هەڵبژاردووە. ئەخلاقى ئیلاهیش هەر وا نییە؟ ئایا پەروەردگارمان یەکسەر و خێرا بەندە هەڵەکار و گوناهبارەکانى سزادەدات، یاخود یەک لەسەر یەک مۆڵەتیان پێدەدات بۆ ئەوەى بێنەوە هۆشى خۆیان، واز لە قسوورەکانیان بهێنن، خۆیان کۆبکەنەوە و حاڵى خۆیان چاک بکەن؟ بۆیە ئەوانەى کە بەم جۆرە ڕەفتاردەکەن، نوێنەرانى “ئیسلامى میانڕەو” نین، بەڵکو خۆیان بە ئەخلاقى قورئان و خوا و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ڕازاندووەتەوە؟

لەکۆتاییدا با خاڵێکى گرنگیش بیربهێنینەوە: بەگوێرەى کات و هەلومەرجەکان، دەگونجێت هەندێک لە بابەتە دینییەکان بەراورد بەوانى تر گرنگتر بن و پێویست بکات زیاتر جەختیان لێبکرێتەوە. ئەمەش باسێکە پەیوەندیی بە بەسیرەتى ئیماندار و بەتایبەتى ئەهلى ئیڕشادەوە هەیە. بۆ نموونە، لە چەندین ئایەتدا فەرمان بە ئیمانداران دەکرێت کە فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە بکەن. بەگشتى زانایان ئەم وەزیفەیەیان وەک فەرزى کیفایە بینیوە. بەڵام کەسێکى وەک بەدیعوززەمان لەمڕۆدا بەم ئەرکە دەڵێت “فەرزى تەواو فەرز”. چونکە لە ڕۆژگارى ئەودا ئەرکى ڕێنموونی و بانگەواز بەتەواوەتى فەرامۆش کراوە. قورئان لە ئایەتێکدا پێمان دەفەرمووێت “با هەمیشە کۆمەڵێک لەناوتاندا هەبێت کە بۆ لاى خێر بانگدەکەن، فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە دەکەن”[1] ، بەڵام لە چەند ئایەتێکى تردا ئەمە وەک سیفەتى بنەڕەتیی ئیمانداران دەستنیشان دەکرێت.[2] تەنانەت لە ئایەتێکدا چاکێتیی ئیمانداران وەک ئوممەتێک بەم وەزیفەیەوە بەستراوەتەوە.[3] بەهەمان شێوە، بەدیعوززەمان هەموو هیممەتى خۆى بۆ سەلماندنى مەسەلە ئیمانییەکان تەرخانکردووە، هەرچەندە چەندین کارى دیکەى تریش هەبوون کە پێویست بوون بۆ خزمەتکردنى ئیسلام بکرێن. چونکە تەوژمەکانى کوفر و گومڕایی کاریان لە هەموان کردووە. کەوایە بەگوێرەى ئەو هەلومەرجەى کە تێیدا دەژین و بەپێى پێداویستییەکانى مرۆڤایەتى، ئێوەش دەتوانن هیجرەت بکەن بە ئەولەوییەتى کارەکانتان، هانى چوونە دەرەوەى وڵات بدەن، گرنگى بە پەروەردە بدەن یاخود بەردەوام جەخت لە دیالۆگ بکەنەوە. کاتێک دەبینن تەمبەڵیی لە نوێژدا دەکرێت، دەکرێت زیاتر لەسەر نوێژ بوەستن، کاتێک خێزانەکان بەرەو هەڵوەشانەوە دەچن، دەگونجێت هیممەتى خۆتان بۆ نۆژەنکردنەوەى تەرخان بکەن. بەکورتى، لەکام سەرنگەردا لاوازى و پاشەکشێ هەبوو، ئەوێ بەهێزدەکەن و هەوڵى دامەزراندنەوەى هاوسەنگى دەدەن.

بەکورتى، موسڵمانێتى چى بێت ئەوەیە. هەموو موسڵمانێک بەرپرسە لەوەى وەک خۆى بیژیەنێت. لە ژیان و ژیاندنیدا هەندێک موسڵمان لەوانەیە هەندێک هەڵە بکەن. لەسەر بنەماى ئەمە، ناونانى جۆراوجۆر لە ئیسلام کارێکى ڕاست نییە. بەداخەوە ئەمڕۆ لە مەسەلە دینییەکاندا ئاڵۆزییەکى ترسناکى چەمک و مەفهومەکان بوونى هەیە. هەموو شتێک تێکەڵاو کراوە بەسەر یەکدا. هەندێک بە نییەتى خراپ و هەندێکیش بە نییەتى باش هەندێک چەمک بەرهەم دێنن و دەیڵێنەوە. بەمەش بە خۆیان بزانن یان نا زیان لە ئیسلام دەدەن. بۆیە موسڵمانانى هۆشیار لەم بابەتانەدا پێویستە ئاگادارى زمان و ئەو وشە و چەمکانە بن کە بەکارى دەهێنن.

[1] ﴿وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ﴾ (سورة آلِ عِمْرَانَ: 3/104)

[2] (سورة آل عمران: 3/114، سورة التوبة: 9/71، سورة الحج: 22/41)

[3] ﴿كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللهِ وَلَوْ آمَنَ أَهْلُ الْكِتَابِ لَكَانَ خَيْرًا لَهُمْ مِنْهُمُ الْمُؤْمِنُونَ وَأَكْثَرُهُمُ الْفَاسِقُونَ﴾ (سورة آلِ عِمْرَانَ: 3/110)