گرفتەکانى کە پەیوەدیدارە بە لاوازى ئیمانەوە

گرفتەکانى کە پەیوەدیدارە بە لاوازى ئیمانەوە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

خواى گەورە لە قورئاندا دەربارەى خۆى دەفەرمووێت: ﴿اللهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ﴾  “نوورى ئاسمانەکان و زەوى” (النور: ٣٥). سەرچاوەى ڕاستەقینەى نوور و تیشک و ڕۆشنایی ئەوە. ئەوە کە ڕێگاکانى ڕۆیشتنمان ڕووناک دەکاتەوە. بۆیە ئینسانیش هێندەى پەیوەندیی لەگەڵ ئەودا ڕۆشن دەبێتەوە؛ بەئەندازەى دوورکەوتنەوەشى لەو لە تاریکیدا دەمێنێتەوە. قورئان دەفەرمووێت: ﴿اللهُ وَلِيُّ الَّذِينَ آمَنُوا يُخْرِجُهُمْ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ وَالَّذِينَ كَفَرُوا أَوْلِيَاؤُهُمُ الطَّاغُوتُ يُخْرِجُونَهُمْ مِنَ النُّورِ إِلَى الظُّلُمَاتِ﴾ “خوا وەلى و یارمەتیدەرى ئەوانەیە کە ئیمانیان هێناوە و لە تارکییەکانەوە دەیانگەیەنێت بە ڕووناکى. ئەوانەش کە نکووڵى و کوفر دەکەن، وەلى و یارمەتیدەریان تاغووتەکانە و لە نوورەوە بەرەو تاریکییەکان ڕاپێچیان دەکەن.” (البقرة: ٢٥٧). تواناى مرۆڤ بۆ جیاکردنەوەى ڕاست لە هەڵە و جوان لە ناشرین، وابەستەى پەیوەندییەتى لەگەڵ خوادا. ئەوانەى لەو دادەبڕێن زۆرجار بە خوار دەڵێن ڕاست، بە ڕاستیش دەڵێن چەوت. ئەم جۆرە کەسانە نە ڕاستیان دیارە نە هەڵە. بۆیە متمانە بە قسەیان ناکرێت.

هەنگاوە موفسیدەکان و کاولکاریی گەورە

بەڵام زۆرێک لە خەڵک بە هۆکارى جۆراوجۆر گرفتێک لە شوێنکەوتنى ئەم جۆرە کەسانەدا نابینن و ناتوانن بیر لەوە بکەنەوە کە لە ڕووناکییەوە بەرەو تاریکى ئاڕاستەیان دەکەن. ئەم جۆرە کەسانەى کە لە سەرچاوەى ڕۆشنایی ئەزەلیی دابڕاون، گەر لە پێگەى بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکارى کۆمەڵگادا بن، ماناى وایە موسیبەتێکى سەربەخۆن بۆ کۆمەڵگا. وەک چۆن خۆیان بۆ گومڕایی لایانداوە، ئەوانەش گومڕا دەکەن کە لەدوایانەوە ڕیزیان بەستوون و شوێنیان دەکەون. ئەو زیانەى کە ئەمانە لە ئیمان و ئیسلام و قورئان دەیدەن دەکرێت زۆر لە زیانى ئەوانە زیاتر بێت کە بۆ کوفر و ئیلحاد یەکلایی بوونەتەوە. چونکە دوژمنانى دین و ئیمان دەناسن و دەتوانن بەرامبەر بەوان هەڵوێست وەربگرن و ڕەوایانە خۆتان بپارێزن. بەڵام ناتوانن لە نییەتى ڕاستەقینەى ئەوانە ئاگادار بن کە لەگەڵ ئێوەدا دێنە مزگەوت، ڕوو لە کەعبە دەکەن، لە هەمان ڕیزدا دەوەستن، سەر دەنێنە سوجدە، ناوى خوا دەبەن، تەنانەت بەڕواڵەت خۆیان وا دەردەخەن کە بەها دینییەکان ببووژێننەوە. بۆیە ناتوانن هەموو کاتێک ڕێگرى لە زیانى ئەمانە بۆ دین بکەن. بەداخەوە دونیاى ئیسلام بەتایبەت لەم چەند سەدەیەى دواییدا  زۆرى لە دەستى ئەوانە کێشاوە کە لە پێگەى ڕابەرایەتى و ڕێنموونیدان. بەداخەوە لە دەستى ئەم کەسە نەزانانەدا کە موسڵمانێتى –کە تایبەتمەندییەکانى و دیوى پشتەوەى ناناسن- بێکەس و هەتیو کەوتووە.

ئەوان چۆن بە کەڵکیان بێت وا ڕەفتاردەکەن و ڕێک وەک مونافق دەجووڵێنەوە؛ دووڕووانە هەڵسوکەوت دەکەن، درۆ دەکەن، ئەوەى دوێنێ پێیان وتووە ڕاست ئێستا پێى دەڵێن هەڵە، ئەوەى ئەمڕۆ دەیڵێن سبەى بە جۆرێکى تر لێکى دەدەنەوە. لەلایەکى دیکەوە، بەئاشکرا ئەو حەرامانە دەکەن کە دین قەدەغەى کردوون و تەنانەت گرفت لەوەش نابینن کە پۆشاکى دینییان بۆ بدۆزنەوە. بۆ نموونە، دزى و گەندەڵى دەکەن، سەروەتى گشتى تاڵان دەکەن، بەرتیل دەدەن و وەردەگرن، بەڵام بە قسەى سەرنجڕاکێش و جەدەل هەوڵدەدەن ئەم کارانە لە بەرچاوى خەڵکدا وەک شتانى ماقووڵ دەربخەن. هەروەها لەپێناو پلەوپایە و بەرژەوەندییەکانیان دەبن بە خۆسەپێن و ستەمکار، ددان لەو کەسانە جیڕدەکەنەوە کە بە نەیارى خۆیان دەزانن، لیک لە دەمیان دەڕژێت و پەلاماریان دەدەن. ئامۆژگاریی چواردەورەکەشیان دەکەن و دەڵێن: “ئەمانە لەناوبەرن، ماڵیان کاول بکەن، لە ڕەگ و ڕیشە دەریان بهێنن.” دەربارەى نەیارەکانیان گرفتێک لە هەڵبەستنى درۆ و بوختاندا نابینن.

ئەوان، بۆ ئەوەى ئەو تاوان و گوناهانەى کە دەیکەن لە بەرچاوى ئەو گرۆیانەدا کە شوێنیان کەوتوون مەشروع دەربخەن، یارى بە حوکمە دینییەکان دەکەن و بەگوێرەى هەواى نەفسیان تەئویلى دەکەن. لەپێناو دەرهێنانى ئەو فەتوا و بڕیارانەى کە ئارەزووى دەکەن، حوکمە دینییەکان دەبڕن و دەیدوورن و شێوەى تازەیان پێدەدەن. ئەو لێکدانەوە پەرگیرانەى کە زانایانى ئەهلى سوننەت هەتا ئەمڕۆ دژیان وەستاونەتەوە، ئەوان ڕێگایەکى بۆ دەدۆزنەوە و هەوڵدەدەن تێکەڵ بە بیرکردنەوەى دینیی بکەن. سەیر لەوەدایە کاتێک لەلایەک هەموو ئەم تاوانە قێزەونانە دەکەن کە بەتەواوەتى پێچەوانەى موسڵمانێتییە، لەلایەکى دیکەوە خۆیان لەوە نابوورێن کە خۆیان وەک ڕزگارکەر و بووژێنەرەوەى دین پیشان بدەن. لەحاڵێکدا ئەو کارەى دەیکەن بریتییە لە گونجانى دین لەگەڵ هەوا و هەوەسى خۆیاندا.

لە ئەنجامى هەموو ئەم شتانەشدا، ئەوە موسڵمانێتییە کە زیان دەکات و متمانە بەرامبەر بە دین لەرزەى پێدەکەوێت. لە قەڵاکانى ئیسلامدا درز و کەلێن دێنە مەیدان و لە زیهنەکاندا دەبێت بە وێرانەیەک. ئەوانەى کە سەیرى گوفتار و کردارى ئەم کەسانە دەکەن کە بەڕواڵەت لە موسڵمانێتیدا لەپێشەوەن، دەڵێن: “ئەگەر دین ئەمە بێت، شتێک نییە شایانى بیستن و شوێنکەوتن بێت!” بەم جۆرە ئەم کەسانەى وا دەردەکەوێت نوێنەرایەتیی دین بکەن، لەڕاستیدا کەسانى دیکەى لێ دووردەخەنەوە. بەهۆى ئەمانەوە، تەنانەت بەرامبەر بەوانەش کە بەشێوەیەکى دڵپاکانە و ڕاستگۆیانە دیندارى دەکەن، قێز و بێزی خەڵک دەوروژێت. ئەمەش واتە یاریکردنى ئاشکرا بە پێگەى ئیعتیبارى ئیسلامەوە. سەیرى ئەو ئیددیعا گەورە گەورانەى ئەوان مەکەن دەربارەى موسڵمانێتى. ڕاستى ئەوەیە هەتا ئێستا تەنانەت ئەوانەش گە دوژمنایەتیی ئیسلام و موسڵمانانیان کردووە بە خوو و هەموو دەرفەتێکیان لە دژى ئیسلام بەکارهێناوە، بەم ئەندازەیە زیانیان لە دین نەداوە.

مافى ئەوەمان نییە تەداخول لە شێوازى ژیانى هیچ کەسێکدا بکەین. ئەم دونیایە شوێنى تاقیکردنەوەیە. کێ بیەوێت ئیمان دەهێنێت و کێش بیەوێت ئیمان ناهێنێت. کێ بیەوێت پشتیوانى لە شێوازێکى ژیانى دونیایی و عەلمانى دەکات و بەو جۆرە دەژى؛ کێش بیەوێت شوێن ڕێگاى حەزرەتى موحەممەد (صلى الله علیە وسلم) دەکەوێت. مادەم زۆرلێکردن لە دیندا نییە، کەوایە هەموو کەسێک ئازادە لەوەى بەگوێرەى بیر و باوەڕى خۆى بژى. بەڵام ئەگەر کەسانێک بە دەم بڵێن دین و بەڵام دین کاولبکەن، بانگەشەى بووژاندنەوەى دین بکەن وەلێ خۆیان گەورەترین زیانى لێبدەن، هەرچەندە بەردەوام باسى بەها ئەخلاقییەکان دەکەن کەچى تا بینەقاقایان لە بۆگەنیدا چەقیبێت –هەرچەندە دوعاى شەڕ زۆر لەگەڵ سروشتى ئێمەدا یەک نایەتەوە- ئێمەش مافى ئەوەمان هەیە پێیان بڵێین: “خوا پەڕ و باڵتان بشکێنێت و کۆمەڵگا لە شەڕى ئێوە بپارێزێت!”

ئیماندارى ڕاستەقینە کە ئیمان لە دڵیدا ڕەگى داکوتیوە، هێندەى دەنکە جۆیەک حەرام بە زانین ناخاتە دەمیەوە. ئەگەر کەسانێک کە لە پلەوپایە جۆراوجۆرەکاندان لەژێر ناوى خزمەتکردنى میللەتدا دەزگاى بەرژەوەندیی خۆیان خستبێتە کار و پلەوپایەکانیان بۆ بەرژەوەندییەکانى خۆیان بەکاربهێنن، ماناى وایە زۆر لە موسڵمانێتییەوە دوورن. کەسانى لەم جۆرە مومکین نییە خزمەتى جوان و بەسوود و ماوەدرێژ پێشکەش بە وڵات و نەتەوەکانیان بکەن. گەر ئەمڕۆش وا دەربکەوێت کە شتێک دەکەن، سبەى هەر بە دەستى خۆیان تێکى دەدەنەوە.

نەبێت لە دەماغى ئەفرادى میللەتا فیکرى عەدالەت

ڕۆژێک دەڕمێت، چووبێتە عەرشیش پایەى دەوڵەت     (نامیق کەمال)

لەوانەیە سەردەمانێک ئەمانە لە پێگەى بەرزى عەرشدا ببینرێن؛ وەلێ دواتر دەبینیت تەختى زەوى بوون. لەنێو مێژووى دووبارەدا نموونەى ئەمە هێندە زۆرە! لە هەر جێیەکدا ستەم و لادانێکى بەرفراوان ڕوویدابێت، تێکشکان و درزبردن لە ئاستى کۆمەڵگا و دەوڵەتیشدا ڕوویداوە.

لاوازیی ئیمان و پاڵەوانانى غوربەت

هۆکارى پشت ئەم کاولکارییانەى کە بەگشتى لە دونیاى ئیسلام و بەتایبەتیش لە وڵاتى ئێمەدا ڕوودەدەن لاوازیی ئیمانە؛ تێنەگەیشتنى ڕاست و دروستە لە ئیسلام و قورئان و پێغەمبەر (ص). بەداخەوە لە جوگرافیاى ئەمڕۆى موسڵماناندا لاوازییەکى جددیی لە ئیماندا لە گۆڕێدایە. زۆربەمان لەو کەلتوورەدا کە تێیدا گەورەبوون، کوێرانە لاسایی ئەوە دەکەینەوە کە لە چواردەورمان بینیومانە و بیستوومانە. دەنا ڕاستییەکانى ئیمانمان بە فراوانیی دڵ و ڕۆح و پانتایی عەقڵ و لۆجیک وەرنەگرتووە و هەرسمان نەکردوون. واتە ئەو ئیمانە تەقلیدییەى کە لە سەرەتا وەرمان گرتووە، دواتر بە هەوڵ و تێکۆشان نەمانگۆڕیوە بە ئیمانێکى تەحقیقى. هۆکارى ئەوەى کە ئێمەى ئیماندارانى ئەم ڕۆژگارە لە خوا دابڕاوین و لە پێغەمبەرەوە (صلى الله علیە وسلم) دوورین، گرفتى ئەم ئیمانە تەقلیدییەیە.

لەم بارەشدا بەداخەوە خەڵکى ناتوانن لە ڕەهەند و قووڵاییەکانی قورئان و سوننەت تێبگەن و شارەزایان ببن و پیادەیان بکەن. بەڵێ، لەم ڕۆژگارەدا دین و دینداریش غەریبن. چونکە لە نوێنەر و نماییندەى ڕاستەقینە بێبەشن و لە دەستى ئەمیندا نین. نەک تەنها دین و دیندارى، بەڵکو ئەو چاکساز و بونیاتنەرانەش کە لە دڵەوە خۆیان بە خاوەنى دین دەزانن غەریب و نامۆن. ئەوەتا پێغەمبەر (ص) لەدواى ئاماژەکردن بۆ غوربەتێک کە لە داهاتوودا بەسەر دیندا دێت، دەفەرمووێت: “طُوبَى لِلْغُرَبَاءِ الَّذِينَ يُصْلِحُونَ مَا أَفْسَدَ النَّاسُ مِنْ بَعْدِي مِنْ سُنَّتِي” “مژدە بێت لەو غەریبانەى ئەو شتانە چاک دەکەنەوە کە خەڵکى تێکیان داون.” (ترمذي، ایمان ١٣). بەم فەرموودەیەش هێماى بۆ ئەو غوربەتە کردووە کە بەسەر دین و نوێنەرەکانیدا دێت، لەلایەکى دیکەشەوە ئاماژەى بۆ گەورەیی ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەوان کردووە.

مادەم لەمڕۆدا لاوازییەکى جددى لە ئیماندا لە گۆڕێدایە، کەوایە کارمان ئەوەیە ئەربابى (هل من مزید) پەروەردە بکەین کە “حەزرەتى پیر” لە پەیامى (الآیة الکبرى)دا باسى لێوە دەکات. ئەى کێن ئەمانە؟ ئەو پاڵەوانانەى ئیمانن کە هەرگیز بە دۆخى ئیمانیی ئێستایان ڕازى نابن و ڕۆژانە ئیمانى خۆیان تازە دەکەنەوە، بۆ ساتێک خاونابنەوە بەوەى ئیمانى خۆیان بەهێزتر و قووڵتر بکەن و هەمیشە ئەمەش وەک گرنگترین کار دەبینن. لەم ڕۆژگارەدا کە دین غەریبە و لافاوى فیتنە و بەڵاکانیش هەستاون، پاڵەوانە غەریبەکانى ئیمانن کە کۆتایی بەم غوربەتە دەهێنن و ئەم دینە گونجاو لەگەڵ ڕۆحى خۆیدا زیندوو دەکەنەوە.

ئەم ڕۆحە هیممەت بەرزانە، بەردەوام پەلەقاژە دەکەن ئەو بەهایانەى کە ئەهلى نیفاق و فەساد تێکیان داون و شێواندوویانن سەرلەنوێ بگەڕێننەوە سەر شوناسى ئەسڵیی خۆیان. بێئەوەى پێیان بئاڵێت لەو تێگەیشتنە نەزۆک و بانگەشە بێبنەمایانەى کە کەسانى تر لەبارەى دینەوە دەیانخەنە مەیدان، تێدەکۆشن دین بەو جۆرە زیندووبکەنەوە کە سەرەتا پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) و پاشان خەلیفە ڕاشیدەکان لێى تێگەیشتوون و لەسەرى ژیاون. لە سەردەمێکدا کە مەعنەوییەت تەختى زەوى کراوە، هەموو هیممەتى خۆیان بۆ بەهێزکردنەوەى تەرخان دەکەن، هەوڵى بەهێزکردنى سیستەمى بەرگریی مەعنەویی خەڵک دەدەن بۆ ئەوەى لەبەرامبەر زریان و بۆرانەکانەوە نەڕووخێن. بەکورتى، ئەوان بە نوێنەرایەتیکردنى ڕووى ڕاستەقینە و ماهییەتى ئێرەیی بزوێنى موسڵمانێتیی ڕاستەقینە، دیسان جارێکى تر دڵى ئەوانەى بۆ لا ڕادەکێشنەوە کە لێى هەڵدێن.

تێبینى: ئەم نووسینە، لە وتارەکۆڕێکەوە ئامادەکراوە لە بەروارى (٣/١/٢٠١٦)دا.