تەوبە و داواى لێخۆشبوون

تەوبە و داواى لێخۆشبوون
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: ئەو شتانە چین کە بۆ هەڵوێست وەرگرتنى جددى بەرامبەر بە گوناهەکان و ڕووکردنە تەوبە و داواى لێخۆشبوون بە دڵێکى ڕاستگۆوە، پێویستن؟

وەڵام: داواى لێخۆشبوون لە خواى گەورە لەسەر هەڵە و گوناهەکان پێى دەوترێت (إستغفار) و گەڕانەوەش بۆ لاى خواى گەورە دواى لادان پێى دەوترێت (توبة). گرنگ لە تەوبە و داواى لێخۆشبووندا ئەوەیە ئەو برینانەى کە گوناهە ئەنجامدراوەکان لە ژیانى مەعنەوى و دونیاى دڵ و ڕۆحماندا دروستیان کردوون بزانرێن، پەشیمانى و ئازارى گوناهەکانیش هێندە بەقووڵى هەستى پێبکرێت کە خەو بزڕێنێت. بۆیە کەسێک کە چ بە دەست و چ بە زمان و چ بە چاو بەئاسانى گوناه دەکات و بەرامبەر بەو گوناهانەش کە دەیانکات هەست بە ئازار ناکات و لە ڕێگەى تەوبە و داواى لێخۆشبوونەوە یەکسەر هەوڵى خاوێنبوونەوە نادات، بە تێپەڕینى کات دڵى ڕەق دەبێت و دەرەنجام ئیمانى لاواز دەبێت. ئەگەر کەسێک زۆر بەئاسانى بۆ حەرام بڕوانێت، درۆ بکات، غەیبەتى کەسانى تر بکات، ئەوا ماناى وایە سیستەمى بەرگریی مەعنەوی ڕوخاوە و شکستى هێناوە.

میکرۆب و ڤایرۆسەکان کاتێک دێنە ناو لاشەمانەوە، سیستەمى بەرگریمان دەکەوێتە کار و بەرەنگاریان دەبێتەوە. بۆ نموونە، لە کاتى نەخۆشیدا تەڕبوونى لووت و کۆکین و تا نیشانەى کارکردنى سیستەمى بەرگرین. هاوشێوەى میکرۆب و ڤایرۆسە زیانبەخشەکان، گوناهەکانیش لە ژیانى دڵ و ڕۆحماندا برین دروست دەکەن. ئەوانەى کە سیستەمى بەرگریی مەعنەوییان بەهێزە یەکسەر کاردانەوە لە دژى گوناهەکان دەنوێنن؛ لە هەڵنووتین پەشیمان دەبنەوە، فرمێسک دەڕێژن بۆ ڕزگاربوونى لێى، ڕوو لە تەوبە و داواى لێخۆشبوون دەکەن. کاردانەوەیەکى لەم جۆرە بەرامبەر بە گوناه، بەڵگەیە لەسەر زیندوویەتیی ویژدان، ژیانى دڵ و هێزى ئیمان. دڵێکى مردوو و ویژدانێک کە هەستیاریی لەدەستداوە، پەرچەکردارى بەرامبەر بە گوناهەکان نییە. کەسێک کە گوناه وەک گوناه نابینێت، هەست بە کاولکارییەکانى ناکات، سڵ ناکاتەوە لە هەنگاونان بەرەو ڕووى، دەبێت سەرلەنوێ چاو بە ئیمانەکەیدا بخشێنێتەوە.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) دەفەرمووێت[1] پێویستە ئیماندار گوناهەکەى وەک چیایەک ببینێت کە خەریکە بە سەریدا دەڕووخێت. بۆیە زاتە گەورەکان بەرامبەر بە گوناهەکان زۆر هەستیار بوون. تەنانەت هەڵنانى هەنگاوێکیان بەرەو گوناه، وەک چەقین تا گەروو لەناو زەلکاوێکدا، دیتووە. کاتێک بە زانین یان نەزانین گوناهێکیان کردبێت یان کاتێک وا گومانیان بردووە کە گوناهێکیان کردووە، یەکسەر بەرەو ژێر پلووسکى تەوبە و داواى لێخۆشبوون ڕایانکردووە و تەنانەت یەک خولەکیش مافى ژیانیان بە گوناه نەداوە. بێئەوەى گوێ بە گەورەیی و بچووکییەکەى بدەن، بەرامبەر بە گوناهەکان هەستیان بە ترسێکى گەورە کردووە. ئەمەش بە ماناى ئەوە دێت کە گوناه وەک گوناه ببینرێت و لە ناخدا هەست بە گەورەییەکەى بکرێت.

تەوبە و داواى لێخۆشبوون تەنها هەڵوەرینى هەندێک قاڵب و وشە نین لەسەر زارەوە. بەڵکو تەوبە بریتییە لە هەستکردن بە پەشیمانییەکى نائاسایی بەرامبەر بە گوناهە ئەنجامدراوەکان، گەڕانەوە لە گوناهەکان، قەرەبووکردنەوەى ئەو شتانەى کە بەهۆى گوناهەکەوە لەدەستدراون، تێپەڕاندنى دوورى و هەوڵدان بۆ گەیشتنەوە بە دەرگانەى پەروەردگار. (إستغفار)یش برتییە لە داواى لێخۆشبوون لە حەزرەتى غەفور و ڕەحیم. هەریەک لە پێدانى مافى تەواو بە تەوبە و داواى لێخۆشبوون، واتە هەستکردن بە گوناه وەک گوناه لە ناخدا، تەنگبوونى دڵ لە ئاستیدا، گەڕانەوە و پەنابردنەوە بۆ لاى خوا لە ئەنجامى ئەمەدا، وابەستەى بەهێزیی پەیوەندییە لەگەڵ خوادا. خوێندنەوەى بەرهەمە ئیمانییەکان، تێڕامان لە جیهانى ئاسۆکان و دەروونەکان و بەردەوامبوون لەسەر عیبادەت و تاعەت لە خاڵە بەهێزکەرەکانن. ئەگەر باسى ئیمان و بەهێزکردنى بکرێت، ئەوا ناکرێت بەتایبەت ناوى پەیامەکانى نوور نەبەین. چونکە ڕێگای پەیامەکانى نوور لەبنەڕەتدا ڕێگاى سەلماندن و بەهێزکردنى ئیمانە.

شتان بە دژەکانیاندا دەناسرێن. بۆیە کەسێک کە بە بۆیەى ئیمان ڕەنگدار بووە و ئیمان لە دڵیدا جێگیر بووە، زۆر بەئاسانى دەتوانێت دژەکەى ئەمە بناسێتەوە و خۆى لێ بەدووربگرێت کە کوفر و شیرک و نیفاق، هۆکارەکانى لادان، یان ئەو شتانەن کە ئینسان بەرەو کوفر ڕاپێچدەکەن وەک ستەم و سەرپێچى و گوناهەکانن. گەر کەسێک لەناو ئاوى گەرمەوە دەربهێنن و ڕاستەوخۆ بیخەنە ناو ئاوى ساردەوە، هەتا سەر ئێسک هەست بە ساردییەکەى دەکات. بەڵام کەسێک کە لەژێر کاریگەریی ئاوە گەرمەکەدا نەماوە و وردە وردە لەگەڵ ساردییەکە ڕاهاتووە، بەهەمان ئەندازە هەست بە ساردیی ئاوەکە ناکات. دەکرێت لە هەمان ڕوانگەوە بیر لە گوناهەکانیش بکەینەوە. کەسێک کە بەردەوام هەست بە فراوانیی ئیمان دەکات لە دڵیدا، دەکرێت زۆر بەئاسانى هەست بە کوفر و گومڕایی ، یان ئەو هۆکار و ئامڕازانە بکات کە بەرەو ئەمانە دەچن؛ هەر بەم پێیەش کاردانەوەى دەبێت و لە دژیان دەوەستێتەوە. بەدیعوززەمان گوتەنى، کەسێک کە دەچێتە ناو گوناهێکەوە، ماناى وایە هەنگاوێک لە کوفر نزیک بووەتەوە و هەنگاوێکیش لە ئیمان دوورکەوتووەتەوە. ئەمەش دەگونجێت بەگوێرەى گەورەیی گوناهەکە هەندێک جار چەند هەنگاوێک بێت و هەندێک جاریش زیاتر. ئەگەر دڵى کەسێک کە بە زانین یان نەزانین تووشى گوناهێک دەبێت لێوانلێو بێت لە ئیمان، ئەوا ئەوپەڕى بێزارى دەنوێنێت، هەتا سەر ئێسقان هەست بە خەجاڵەتیی گوناهەکەى دەکات و بەبێ ئەوەى کات بەفیڕۆبدات یەکسەر بەو پاکبوونەوە ڕادەکات. بەڵام گەر لە دڵى کەسێکدا هێز و ئاسەوارى ئیمان لاواز بووبێت، ئەوا بەهەمان ئەندازە کاردانەوەکەشى بەرامبەر بە گوناهەکان لاواز دەبێت. بۆیە لەمڕۆدا لە هەموو شتێکى تر زیاتر پێویستمان بەوەیە لەسەر ئیمان بوەستین و هەموو دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنى بەکاربهێنین.

خاڵى دووەم، ئەوەى کە ئینسان مافى تەواو بە تەوبە و داواى لێخۆشبوون بدات، کەمێکیش پەیوەندى بە زانینى ماهییەتى گوناهەوە هەیە. گوناه لەبنەڕەتدا هەم ڕەچاونەکردنى مافى پەروەردگارمان و هەم ستەمکردنیشە لە نەفسمان. ئەوەتا لە ئایەتێکدا دەفەرمووێت: (وَمَا ظَلَمْنَاهُمْ وَلَكِنْ ظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ) “ئێمە هەرگیز ستەممان لێنەکردن، بەڵکو ئەوان خۆیان ستەمیان لە خۆیان کرد.”[2] (هود: ١٠١). ئەم نەفسەى کە لێرەدا باسدەکرێت نەفسى (أمارة، لوامة، مطمئنة) نییە. کاتێک دەوترێت نەفس زیاتر مەبەست لێى ئەو میکانیزمەیە کە فەرمانى خراپە بە مرۆڤ دەکات یاخود ئەو سەنتەرەى کە شەیتان لێیەوە پەیوەندى لەگەڵ مرۆڤدا دەگرێت. بەڵام ئەو نەفسەى کە لە ئایەتەکەدا ناوى براوە خود و زاتى مرۆڤ خۆیەتى. ئایەتەکە دەفەرمووێت ئەوانەى بێفەرمانیی خوا دەکەن ستەم لە خۆیان دەکەن، ناهەقى بەرامبەر بە خۆیان دەکەن. بەڵێ، کەسێک کە گوناه دەکات، نەیتوانیوە پێگەى خۆى لەبەرامبەر خوادا بپارێزێت، زیانى لە خۆى داوە، چارەنووسى خۆى خستووەتە مەترسییەوە؛ هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە هەموو ئەمانەش ستەمکردنى ئادەمیزادن لە خودى خۆى.

گوناهەکان لە هەمان کاتدا پێشێلکردنى مافەکانى خوان. چونکە بەهۆى گوناهەکانەوە ئەو سنوورانە دەشکێنرێن کە خوا کێشاونى، ڕەچاوى فەرمان و قەدەغەکانى ئەو ناکرێت. ئەمەش لەهەمان کاتدا بێڕێزییەکى گەورەیە بەرامبەر بە خوا. وەک لە فەرموودەکاندا هاتووە، بەرامبەر بە گوناه و سەرپێچیی ئینسان، خواى گەورە غیرەت و ئەگەر دەربڕینەکەش گونجاو بێت “غیرە”ى هەیە.[3] ئەگەر ئەم چوواندە گونجاو بێت، دەتوانین بڵێین وەک چۆن مرۆڤ غیرە لە شەرەف و نامووسى خۆى دەکات و دەیپارێزێت، خواى گەورەی بەرامبەر بە گوناه کردنى بەندەکانى وەک بەڕێزترین بەدیهاتوو دروستى کردوون، زۆر “غیور”ە؛ ڕازى نابێت بەوەى بە گوناهەکان پیس ببن و لە خۆى دووربکەونەوە.

کەسێک کە بیر لە هەموو ئەم شتانە دەکاتەوە، مەحاڵە لە گوناهەکان نەسڵەمێتەوە و ڕوو لە تەوبە نەکات. کەسێک کە نازانێت گوناه چییە و بە شتێکى کەمى دەزانێت، لە ویژدانیدا هەست بە قورسیی گوناه ناکات و دەرەنجامیش ڕوو لە داواى لێخۆشبوون ناکات. ئەگەر ڕووشى تێبکات، تەوبەکەى تەنها لەسەر دەم دەمێنێتەوە. ئەوەى کە لە زمانى دەردەچێت، دڵى باوەڕى پێى نییە. بۆیە دواى ئەو تەوبەیەش لەسەر گوناهەکەى هەر بەردەوام دەبێت. کەمێک پاش ئەوەى کە دەڵێت گەڕامەوە بۆ لاى خوا، یەکسەر پاشگەزدەبێتەوە. لەحاڵێکدا مەرجە سەرەکییەکانى تەوبە و داواى لێخۆشبوونى ڕاستەقینە بریتین لە هەستکردن بە پەشیمانى لە ویژداندا، ڕووکردنە خوا بە دڵێکى شکاو و خەمبارەوە، جێگیربوون لەسەر تەوبە، دوورەپەرێزى لە گوناه و سوورنەبوون لەسەرى.

بەداخەوە لەمڕۆدا دەرگاکانى گوناه کەوتوونەتە سەر پشت. بیر و بۆچوونێک گەشەى کردووە کە دەکرێت ناوى “ئیباحییەتى داخراو”ى لێبنرێت. خەڵکى کاتێک دەیانەوێت لە زەلکاوێک ڕزگاریان ببێت، تووشى یەکێکى تر دەبن. ئەوانەى کە بەئاشکرا گوناه دەکەن، دواى ماوەیەک بیر و هەستى خاوێنبوونەوە لە ژەنگى گوناهەکانیش بوونى نامێنێت. کاتێک دەکەون و سەرسم دەدەن، لە کارەکانیان پەشیمان نابنەوە و چاو بە حاڵى خۆیاندا ناخشێننەوە. بۆیە لەسەر گوناهەکانیشیان سوور دەبن و یەک لەسەر یەک پیس دەبن. کەسانێک کە لە کەشێکى چەپەڵى لەم جۆرە دەژین، زۆر گرنگە پێیان لەسەر زەمینێکى پتەو دابنێن، لە بازنەى چاکەکاریدا ژیان بەسەربەرن و بەردەوام هەوڵى قووڵبوونەوە لە ئیماندا بدەن. ئەگەر شوێن و ژینگەیەکى واتان هەبێت کە تێیدا هەواى تایبەت بە کەشى خۆتان هەڵبمژن، ئەوا دەتوانن دواى تێپەڕبوون بەو جێیانەدا کە کراوەن بە ڕووى گوناهدا، هانایان بۆ بەرن و خۆتان خاوێن بکەنەوە. بێگومان ئەم جۆرە شوێنانەش لە خۆیانەوە دروست نابن. کەوایە دەبێت لە هەموو جێیەکدا چەند کەسێکى جگەرسۆز پێکەوە کۆببنەوە، پێوەکەوە صوحبەت و یاد بکەنەوە، ژینگەیەکى مەعنەویی وەها پێکبهێنن کە تێیدا دوعا و عیبادەت بکەن؛ هەتا لەم شوێنانەدا هەناسە بدەن، لە ڕووى مەعنەوییەوە خاوێن و نوێ ببنەوە.

[1]“إِنَّ المُؤْمِنَ يَرَى ذُنُوبَهُ كَأَنَّهُ فِي أَصْلِ جَبَلٍ يَخَافُ أَنْ يَقَعَ عَلَيْهِ” سنن الترمذي، صفة القيامة، 49.

[2] سورة هُودٍ: 11/101

[3] “إِنَّ اللهَ يَغَارُ، وَإِنَّ الْمُؤْمِنَ يَغَارُ، وَغَيْرَةُ اللهِ أَنْ يَأْتِيَ الْمُؤْمِنُ مَا حَرَّمَ عَلَيْهِ” صحيح مسلم، التوبة، 36.