پاڵەوانە پێگەیشتووەکان

پاڵەوانە پێگەیشتووەکان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

مرۆڤایەتى لە ژیانى کەسى، خێزانى و کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ کێشە و گرفتى کەڵەکەبوودا دەستەویەخەیە. بەداخەوە بۆ چارەسەرکردنى ئەم گرفتانەش هەنگاوى دوورمەودا و پێداگرانە نانرێت. ئەگەر بڕیار بێت ئەم دەردانەى کە وا دەردەکەون بێدەرمان و بێچارە بن چارە بکرێن، ئەوا تەنها بە هەوڵ و تێکۆشانى پاڵەوانانى پێگەیشتوو دێتەدى.

بەدرێژایی مێژووى مرۆڤایەتى، پێغەمبەرانى بەڕێز کە وەک ڕابەر و چاوساغ بۆ کۆمەڵگاکان نێرراون، بەردەوام لە پەلەقاژەدا بوون بۆ گەیاندنى خەڵکى بەم ئاستە بەرزە. هەوڵى چڕوپڕیان داوە بۆ هەڵشێلرانى مرۆڤەکان، کامڵبوونیان و کوڵانیان؛ لەپێناو بەرزکردنەوەیان بۆ ئاسۆى مرۆڤێتیی ڕاستەقینە بێ وەستان و وچان خەباتیان کردووە. لەو گوزەرگایەى کە پێیدا ڕۆیشتوون گەر کێڵگەى دڕک و داڵ و دەریاى خوێن و زووخاویش هاتبێتە ڕێیان، بێ ئەوەى بچەقن لە ڕۆیشتنى خۆیان بەردەوام بوون.

بۆ نموونە، کاتێک ئەرکى پێغەمبەرایەتى بە فەخرى کائینات درا، مرۆڤایەتى لە شێوان و تێکچوونێکى ترسناکدا بوو. موحەممەد عاکیفى شاعیر بەم جۆرە وێنەى ئەم شێوانە دەکێشێت:

“تێکڕاى گۆى زەویی ئاوەدان ئەوکات

لە قەیرانێکدا بوو، لەمڕۆش خراپتر

کەمتیارەکانى تێپەڕاندبوو لە دڕندەییدا بەشەر

کەسێک بێددان بووایە، براکەى خۆى دەیخوارد

سەرتاپاى ئافاقى تەنیبوو فەوزا

وەک پەتا وابوو، ئەو ناکۆکییەى ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتى ڕووخاندووە

…………………..

بە هەڵمەتێک گشت مرۆڤایەتى ڕزگارکرد ئەو پێغەمبەرە بێگەردە

بە قەڵەمبازێک قەیسەر و کیسڕاکانى تەختى زەوى کرد!”

چونکە ئەو لە ئاستبەرزیدا گەیشتبووە لوتکە و کەسانى چواردەوریشى گەیاندبوو بە هەمان ئاستى بەرز.

پێغەمبەرمان (صلى الله علیە وسلم) لەو ڕۆژگارەى کە تێیدا دەژیان کۆمەڵێکى قودسیی وەهاى پێگەیاند کە ئامانجى ئەوان تەنها ئیخلاس و ڕەزامەندیی خوا و عەشقى گەیشتن بوو بە دیدارى خوا. بەجۆرێک، صەحابییەک کە ڕمێک بەر سنگى کەوتبوو و کەوتبووە سەر زەوى، ئەم ڕستەیەى لێوە بیسترا کە وتى: “بردمەوە سوێند بە پەروەردگارى کەعبە!” یەکێکى تریان لەپێناو پاراستنى پێغەمبەر خوادا (صلى الله علیە وسلم )، دواى ئەوەى هەردوو قۆڵى لەدەستدا، ئەمجار سەرى دەکرد بە قەڵغان. ئەوان بەپێکەنینەوە پێشوازییان لە مردن دەکرد و کوژرانیان لە ڕێى خوادا بە گەیشتن بە ڕزگاریی ڕاستەقینە دەبینى. ئەمەش پەیوەندى بە پێگەیشتنەوە هەیە.

ڕێگاکانى پێگەیشتن

کۆمەڵێک فاکتەر هەبوون کە صەحابییە بەڕێزەکانیان بەشێوەیەکى ستوونى بەرزکردەوە و کردیانن بە پاڵەوانانى پێگەیشتوو. پێش لە هەر شت، ئەوان لە هەمان کەشى فەخرى کائیناتدا (صلى الله علیە وسلم) بوون و بە بۆیە و ڕەنگى ئەو ڕەنگدار بووبوون. هەروەها یەک لەسەر یەک ئایەتەکانى قورئان دادەبەزین و ئەوانیش لەژێر ئەم لێزمە بارانەى وەحیدا خاوێن دەبوونەوە. دەربارەى ئەو گفتوگۆیانەى کە لەنێوانیاندا ڕوویدەدا، ڕووداوەکانى ڕۆژگار، تەنانەت هەندێک لەو بیر و بۆچوونانەش کە بە ناخیاندا تێدەپەڕین، ڕاستەخۆ ئایەتەکان دادەبەزین و ڕێگایان پیشان دەدان. واتە بەردەوام لەژێر چاودێریی وەحیدا دەژیان. هەروەها دەیانزانى چۆن لە دەرگا کراوەکانى قورئانەوە لە هەموو ئەو شتانە بڕوانن کە چاوەڕێى دەکەن، هیواى بۆ دەخوازن و دەیانەوێت پێى بگەن. هەموو ئەم شتانە ئیمانێکى وەهاى لەواندا بەرهەم دەهێنا، گوڕوتینێکى مێتافیزیکیی واى دروست دەکرد کە لەبەرامبەر ئەو کارەسات و ناڕەحەتییانەى کە بەسەریان دەهات، بێ دوودڵى و گومان لەسەر ڕێگا زانراوەکەى خۆیان لە ڕۆیشتن بەردەوام دەبوون و دەیانزانى چۆن لەهەمبەر ئەو ڕووداوانەوە پێبکەنن کە بەڕواڵەت وەک خراپترین دەردەکەون.

لە دونیاى ئەمڕۆشدا، وەک بەدیعوززەمان بەتەواوەتى پێکاویەتى، شێوازى خەباتەکە شێوەى گۆڕاوە. بەڵێ، لەم بەشەى کاتدا دەستوورە ئەڵماسییەکانى قورئان و سوننەت شوێنى شمشێرى ماددییان گرتووەتەوە. ئێمە لەپاڵ ئەوەدا کە وەک شێت باوەش بە ڕێگا و بەهاکانى خۆماندا دەکەین، لە هەمان کاتدا هەموو کەس لە پێگەى خۆیدا قبووڵ دەکەین، بەرامبەر بە هەموان دەرگاى دیالۆگ دەکەینەوە و لەپێناو دروستبوونى ئاشتییەکى گشتى لە جیهاندا هەنگاو دەنێین. لەپاڵ ئەمەدا جەخت لە بەها مرۆییە جیهانییەکان دەکەینەوە و تێدەکۆشین گەر لە خاڵە هاوبەش و کەمینەکانیشدا بێت لەگەڵ کەسانى خاوەن بیر و هەستى جیاوازدا یەکتر بدوێنین. لەدواى ئەمڕۆدا کە ئارگومێنتەکانى هەڵگرتنى بەربەستەکانى نێوان خوا و مرۆڤەکان گۆڕاوە، سەرکەوتنیش وابەستەى ئەو پێگەیشتنەیە کە باسمانکرد.

گەرچى ئێمەمانان لە ڕوویەکەوە خاوەنى ئەو قازانج و سوودانە نین کە صەحابییەکان هەیانبوون. ئێمە بەپێچەوانەى ئەوانەوە، لە کەشوهەواى موبارەکى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و بوون بە یەکەم دوێنراوى وەحیی ئیلاهی بێبەشین. هەرچەندە ئەو پەیامانەى کە پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) پێشکەشى کردوون نوورەکانیان هەتا ئەم سەدەیەش هاتوون، وەلێ لە دیدى هەندێکماندا کاریگەرى و تازەیی و پاراویی خۆیان لەدەستداوە.

سەرەڕاى ئەمە، هەم پەیامى قورئان، هەم ژیانى نموونەیی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و گوفتارەکانى، هەم ئەو ئەزموون و بەرهەمانەى کە موسڵمانان چەندین سەدە لەم دوو سەرچاوەیەى پێشووەوە هەڵیان گۆزیون، لەبەردەستماندان. ئەگەر لە دڵەوە ڕوو لە قورئان بکەین، بەردەوام لەگەڵیدا سەرقاڵ بین و –گەر دەربڕینەکە گونجاو بێت- ببین بە “قورئانى”، ئەوا دەتوانین هەموو ئەو شتانەى تێدا بدۆزینەوە کە بەدوایاندا دەگەڕێین و پێویستمان پێیانە. گەر سەرلەنوێ ڕوو لە قورئان بکەینەوە، وا بیخوێنینەوە وەک ئەوەى بۆ ئێمە نازڵ بووبێت، زۆرباش لە فەلسفەى سیرەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) تێبگەین و خۆمان بە خاوەنى ئەو میراتە بکەین کە لە پێشینانەوە جێماون، ئەوا دەتوانین ببین بە پاڵەوانانى پێگەیشتوو.

ئەو ئەرکەى کە چاوەڕێى پاڵەوانە پێگەیشتووەکان دەکات

حەزرەتى پیر، وەزیفەى سەختى خزمەتگوزاران و خۆتەرخانکەران بە “نۆژەنکردنەوەى قەڵایەک کە چەندین سەدەیە دەڕووخێت” دەچوێنێت. بەداخەوە چەندین سەدەیە ئەو بەها بنەڕەتییانە کە کۆمەڵگا بەپێوە ڕاگیردەکەن ڕووخان و شێوانێکى ترسناک ڕوویدا. نە ڕێز بۆ دین مایەوە نە بۆ پیرۆزییەکان. ئەو ڕایەڵانەى کە موسڵمانانیان پێکەوە دەبەستەوە بچڕان، یەکێتى و یەکڕیزى شێوا. دەعواى بەرزکردنەوەى ناوى خوا لەبیرکرا. ڕۆحە خۆتەرخانکەرەکان کە خۆیان بە لێپرسراو دەزانن لە نۆژەنکردنەوەى ئەم قەڵایەى کە چەندین سەدەیە هەڵدەوەرێت، سەرکەوتنیان بەسەر ئەم گرفتانەدا وابەستەى پێگەیشتنیانە. چونکە ئەو کەسانەى کە بەڕاستى کوڵاون و پێگەیشتوون –بە ئیزن و چاودێریی خوا- هیچ کێشەیەک نییە نەتوانن چارەسەرى بکەن.

کاتێک فەرمان بە کەسانى چواردەورى حەرزەتى مووسا کرا کە بچنە ناو قودسەوە، حەزرەتى مووسا (دروودى خواى لەسەر بێت) فەرمووى: ﴿يَا قَوْمِ ادْخُلُوا الأَرْضَ الْمُقَدَّسَةَ الَّتِي كَتَبَ اللهُ لَكُمْ وَلَا تَرْتَدُّوا عَلَى أَدْبَارِكُمْ فَتَنْقَلِبُوا خَاسِرِينَ﴾[1]  “ئەى گەلەکەم! دەى بڕۆنە ناو ئەو خاکە پیرۆزانەوە کە خوا لە چارەى نووسیون، هەرگیز مەگەڕێنەوە و هەڵمەیەن. دەنا تووشى زەرەرمەندى و پەرێشانى دەبن.”. بەڵام ئەوان هێشتا بەشى ئەوە پێنەگەیشتبوون بەرەو ئەو ئامانجە بڕۆن کە پیشانیان درابوو. ئەوە بوو بەم وەڵامەیان ئەمەشیان نیشاندا: ﴿يَا مُوسَى إِنَّا لَنْ نَدْخُلَهَا أَبَدًا مَا دَامُوا فِيهَا فَاذْهَبْ أَنْتَ وَرَبُّكَ فَقَاتِلَا إِنَّا هَاهُنَا قَاعِدُونَ﴾[2] “ئەى مووسا! هەتا ئەو بەهێز و دەسەڵاتدارانە لەوێ بن ئێمە هەرگیز ناچینە ناو ئەوێ. تۆ بڕۆ لەگەڵ پەروەردگارتدا لەگەڵیان بجەنگێ، ئێمە بۆ خۆمان لێرە دانیشتووین”. خواى گەورەش بۆ ئەوەى پێیان بگەیەنێت بەدرێژایی چل ساڵ لە بیابانەکاندا چلەى پێکێشان، جۆرێک لە سەیر و سلوکى بەسەر هێنان. دواى چل ساڵ کە ئەم ڕییازەت و سەیر و سلوکەیان تەواوکرد، خواى گەورە دەرگاکانى ئەو شارە پیرۆزەى بۆ واڵاکردن، ئەوانیش لەژێر ڕابەرایەتیی حەزرەتى یوشەعدا چوونە ناو شارەکەوە.

بە کردنى موسڵمانێتى بە ئامڕازێک بۆ سیاسەتى ڕۆژ، بە جەدەل و مشتومڕ، بە بانگەشەى قەبە، بە حەماسەت و قسەبازى، بە درۆ و فریودان کێشە چارەسەر ناکرێت. بەپێچەوانەوە، ئەمانە کێشە کەڵەکەبووەکان هێندەى تر گەورە دەکەن. ئەوەى کە ئەمڕۆ زۆرێک پێى دەڵێن “ئیسلامى سیاسى”، بەداخەوە ڕۆحى ئیسلامى کوشت. هەموو بابەتەکەیان بەستووەتەوە بە قسەکردن و جەدەل و دێماگۆژییەوە.

بۆیە دەبێت زۆرباش بزانرێت کە چ گرفتەکانى دونیاى ئیسلام و چ ئەو کێشانەش کە تووشی سەرتاپاى مرۆڤایەتى بوون، چارەکردنیان پێویستى بە ئاستبەرزى و پێگەیشتن هەیە. پێگەیشتنیش پێویستى بەوە هەیە لەسەر ئاستى دڵ و ڕۆح بژین، زانستە ئیسلامییەکان و زانستە سروشتییەکان پێکەوە موتاڵا بکەین. وەک بەدیعوززەمان دەڵێت، ڕووناکیی ویژدان زانستە دینییەکانن و نوورى عەقڵیش زانستە شارستانییەکانن. لە کۆبوونەوەى ئەم دوانەش حەقیقەت دەدرەوشێتەوە. خۆتەرخانکەرانى ئەم ڕۆژگارە، دەبێت ئەوپەڕى هەوڵى خۆیان بدەن بۆ ئاشتکردنەوەى ئەم دوو ڕاستییەى کە چەندین سەدەیە لەیەک دابڕاون و ئەمەش وەک گەورەترین بەرپرسیارێتیی خۆیان بزانن. ئەوکاتیش ماناى وایە ڕێگاى چارەسەرکردنى کێشەکانى جیهان کراوەتەوە.

[1] سورة الْمَائِدَةِ: 5/21

[2] سورة الْمَائِدَةِ: 5/24