مرۆڤ دەگۆڕێت؟

مرۆڤ دەگۆڕێت؟
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: هەندێک جار مرۆڤەکان بەهۆى هەندێک لە هەڵەکانى ڕابردوویانەوە لەلایەن کەسانى ترەوە مەحکووم بە عەدەم دەکرێن. ئایا هۆکارى ئەمە ئەو قەناعەتەیە کە دەڵێت مرۆڤ ناگۆڕێت؟ مرۆڤ دەگۆڕێت؟

وەڵام: ئەگەر گۆڕانى مرۆڤ نەبووایە، پێغەمبەران نەدەنێرران، کتێبەکان دانەدەبەزێنران و مرۆڤەکانیش تەکلیفە دینییەکانیان لێ داوا نەدەکرا. لە کەشى ڕۆشنى دیندا، کەسانێک کە پێشتر ماهییەتى خەڵووزیان هەبووە، نەدەگۆڕان بە ئەڵماس و گەوهەر. لەحاڵێکدا نەوەیەکى نموونەیی وەک صەحابییەکانمان لە پێش چاودایە. ئەم کۆمەڵە ناوازەیەى کە لەناو تاریکییەکانى سەردەمى جاهیلییەوە دەرکەوتووە، گۆڕانێکى سەرسووڕهێنى بەسەردا هاتووە، هەموو تەپوتۆزەکانى ئەو ڕۆژگارەیان لەسەر خۆیان ڕاماڵیوە و بەرەو لوتکەى مرۆڤایەتى بەرزبوونەتەوە.

ئەو پێغەمبەرانەى کە لە حەزرەتى ئادەمەوە تا ئێستا نێرراون بۆ مرۆڤایەتى، لەنێو کۆمەڵگاکانیاندا بوون بە هۆکارى گۆڕانکاریی گرنگ. لە ڕێگەى ئەو پەیامە ئیلاهییانەوە کە پێشکەشى مرۆڤایەتییان کردوون، پیشانیان داون کە پێویستە لە کام بوارانەدا گۆڕانکارى ئەنجام بدەن. بەرامبەر بە بیروباوەڕە باطل، جێبەجێکارییە هەڵە، فیکرە لادارە و عادەتە خراپەکان خەباتیان کردووە و شتانى ڕاستیان لە جێیان داناوە. ئەوانەى گوێیان بۆ ئەو پەیامە ئیلاهییانە گرتووە کە پێغەمبەران پێشکەشیان کردوون، گۆڕانێکى سەرسووڕهێنیان بەسەرهاتووە. ئەگەر بەوردى سەرنج لە چیرۆکە قورئانییەکان بدرێت، چەندین نموونەى ئەمە دەبینرێت.

جیاوازییەکانى فیترەت

خواى گەورەى وەک داخوازییەکى حیکمەتى خۆى، هەموو کەسێکى بە سروشتى جیاوازەوە بەدیهێناوە و توانا و کارامەیی جیاوازیشى پێبەخشیوە. بۆ نموونە، خەلیفە ڕاشیدەکان هەنگاو بە هەنگاو شوێن فەخرى کائینات (صلى علیە وسلم) کەوتوون، مافى ئەو ڕێگایەیان داوە و بوون بە نموونە بۆ موسڵمانانى دواى خۆیان. زۆر بەباشى سوودیان لە کانگاى نبووەت وەرگرتووە. بەڵام هەریەک لەوان بەگوێرەى مەزاج و سروشتى خۆى، نوێنەرایەتیی ڕەهەندێکى جیاوازى بەرینى و فراوانیی ئاسمانى پێغەمبەرایەتیی کردووە. ئەوانەش کە لە هەمان سەرچاوەوە گۆشبوون، بەگوێرەى توانا و لێهاتنى خۆیان شتانى جیاوازیان وەرگرتووە.

ئینسان خاوەنى هەر فیترەت و سروشتێک بێت، لێپرسراوە لە گشت حوکمە موحکەمەکانى دین. ناتوانێت بڵێت “سروشتى من بۆ ئەم شتە گونجاو نییە” و بێباک بێت بەرامبەر بە هیچ یەکێک لە بابەتەکانى قورئان و سوننەت. سەرەڕاى ئەمە، لە پڕکردنەوەى بۆشایی نێوان دەقەکان بە ئیجتیهاددا، جیاوازییەکانى فیترەت دەکرێت ڕۆڵ بگێڕێت. بەهەمان شێوە، مرۆڤ دواى کەشفکردنى توانا و بەهرەکانى خۆى، دەکرێت لە هەندێک بوارى دیاریکراودا پەرەیان پێبدات، بەم جۆرە ڕەهەندى جیاواز بە بەرپرسیارێتییەکانى بدات و ئەو کارانە ئەنجام بدات کە لەگەڵ توانا و لێهاتنیدا دەگونجێن. واتە هەموو کەسێک لە چوارچێوەى سروشتى خۆیدا دەگونجێت گۆڕانى بەسەردا بێت. لەبنەڕەتدا دینەکان، بەتایبەت ئیسلام لەو پەیامەیدا کە پێشکەشى مرۆڤایەتیی دەکات، خاوەنى فراوانى و بەرینى و جیهانیبوون و نەرمییەکى وەهایە کە ڕەچاوى گشت توانا و لێهاتنەکان دەکات. بۆیە هەموو فیترەتێک دەتوانێت بەها پێویستەکان لە دین وەربگرێت و سوودیان لێببینێت و گۆڕانێکى ئەرێنیی ئەزموون بکات.

بیرۆکە فەنتازییەکان

لە هەندێک کاتى دیاریکراودا هەندێک بیرۆکە و ئایدۆلۆژیا و فەلسەفە بەجۆرێک کۆمەڵگا یەخسیر دەکەن و فشارێکى وەها دەخەنە سەر بیر و هەستەکانى، مرۆڤەکان وایان لێدێت ناتوانن بچنە دەرەوەى ئەو بیرکردنەوە گشتییەى کە لە کۆمەڵگادا باڵادەستە. لە کەشێکى لەم شێوەیەدا ناتوانن بیرکردنەوەیەكی جیاواز بخەنە مەیدان، بەئاسانى ناتوانن گوزارشت لە بەهاکانى خۆیان بکەن. بۆیە زۆرکەس بەرەو هەندێک بیرکردنەوە دەخزێن کە مومکین نییە لەگەڵ کانگا و سەرچاوەکانى خۆیاندا بگونجێت. بەجۆرێک، نەک هەر کەسانى ئاسایی، بگرە ئەو زاتانەش کە هەمیشە هەڵوێستى گشتى و داوەریی ژیرییان ستاییش دەکرێت، دەبن بەژێر ئەو تەوژمەوە کە خەڵکى ڕاپێچکردووە و دەرەنجام کۆمەڵێک بۆچوون و ڕەفتارى چاوەڕواننەکراو دەنوێنن.

لە مێژووى دوور و نزیک و ئەمڕۆشدا نموونەى زۆرى ئەمە دەبیننەوە. بۆ نموونە، لەو ساڵانەدا کە کۆمیونیزم و سۆسیالیزم ڕەواجى هەبوو، هەندێک بیرمەند کە زۆرم خۆشدەویستن و ستاییشم دەکردن، بیرۆکەى وەک “سۆسیالیزمى ئیسلامى” و “کۆمیونیزمى ئیسلامى”یان هێنایە گۆڕێ و لە دەوروبەرى ئەم شتانە کتێبیان دانا. بەهەمان شێوە، لە ساڵانى دواتردا کەسانێک ویستیان ئیسلام و بیرى کاپیتالیستى و سەرمایەدارى لەگەڵ یەکتردا بگونجێنن. ئەو فیترەتانەى کە پێکهاتەى فیکرییان هێشتا دانەمەزراوە و کراوەن بە ڕووى فەنتازیادا، ڕاپێچبوون و شوێنکەوتنیان بەدووى ئەم ئەم بیرۆکە باوانەدا دەکرێت تا ئەندازەیەک وەک شتێکى ئاسایی ببینرێت. بەڵام بەداخەوە تەنانەت ئەو کەسانەش کە لە ڕووى زانستى و فیکرییەوە قووڵن، دەگونجێت نەتوانن هەمیشە بەقنجى بوەستن، تەوژمە گشتییەکە کار لەوانیش بکات و لە بیکردنەوەکانیاندا هەندێک نسکۆیان بەسەربێت. لەبنەڕەتدا وا چاوەڕوان دەکرێت گرۆى ڕۆشنبیران کە خاوەنى قووڵیی زانستى و فیکرین هەمیشە هەڵوێستى دامەزراویان هەبێت. بۆیە بوونى ئەوان بەژێر لافاوەوە و هەڵنووتینیان لە بیرکردنەوەکانیاندا، شتێکى قبووڵکراو نییە.

بۆ ئەوەى لەم جۆرە دۆخانەدا بیر و هەست بپارێزین، پێویستە بە چاوى گشتگیر بۆ ڕووداوەکان بڕوانین و زۆر بەباشى پێش و دواى بابەتەکان ببینین. هەروەها دەبێت سەرنج بدەین بزانین ئەم فیکر و ئایدۆلۆژیایانە چەند لەگەڵ فیترەتى مرۆڤدا دەگونجێن، کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانیان چى دەبێت، چ جۆرە پێکهاتەیەکى دەوڵەت دروست دەکەن، چەندە لەگەڵ دادپەروەرى و یاسادا یەک دێنەوە. ئەگەر کەسێک لەپاڵ شارەزایی باش لە قورئان و سوننەتدا، خاوەنى زانیاریی لە بابەتەکانى وەک دەروونناسى، کۆمەڵناسى، یاسا و فەلسەفەى دەوڵەتدا نەبێت، بەئاسانى تووشى فەنتازییەکان دەبێت.

ڕێگاى پێغەمبەرى خوا

مرۆڤەکان لە قۆناغە جیاوازەکانى تەمەنیاندا دەگونجێت بکەونە ناو لادانى جۆراوجۆرەوە، لە کار و بیرکردنەوەکانیاندا تووشى زیکزاک ببن، لە هەڵبژاردنەکانیاندا هەندێک هەڵە ئەنجام بدەن. دەکرێت بە زانین یان نەزانین پێ بخەنە ناو دەریاى گوناهەوە. بەڵام هەمان ئەم کەسانە دواى ماوەیەک لەوانەیە هەست بە هەڵەکەیان بکەن و پەشیمان ببنەوە. زییا پاشاى شاعیر یەکێک بووە لەوانەى پشتگیریی لە دوورخرانەوەى سوڵتان عەبدولحەمید کردووە. بەڵام کاتێک شایەتحاڵى کارەساتەکانى دواتر دەبێت بەپەشیمانییەوە دەڵێت:

هاوار ئێمە لەم بازیچەیەدا دیسان خەڵەتاین

زیانەکە دیارە، نازانم چ قازانجێکمان کرد؟!

بەڵێ، خەڵکى لە قۆناغێکى تەمەنیاندا ڕەنگە فریوبخۆن، بەڵام دواتر ئاخ و داخ بۆ ئەمە هەڵبکێشن. تەنانەت ئەگەر هەڵەیەکیان بەرامبەرتان کردبێت، لەوانەیە بێن و داواى لێبوردنتان لێبکەن.

ئێمە پێویستە بەرامبەر بە هەموو کەسێک کراوە بین. ئەو کەسانەى کە دێن بۆ لامان نابێت هەڵە و گوناهەکانیان بە ڕوودا بدەینەوە. شێوازى پێشوازیکردنى پێغەمبەرى خوا (صلى علیە وسلم) لەوانەى کە لە ناوجەرگەى تاریکییەکانى سەردەمى جاهیلییەوە هاتوون، پێویستە نموونە بێت بۆ ئێمە. پێغەمبەر (صلى علیە وسلم) کاتێک کەسانێک دەهاتن بۆ لاى کە گەورەترین دوژمنایەتییان بەرامبەر کردووە و زۆرترین زیانیان لێداوە، بچووکترین لۆمەى ڕابردوویانى نەدەکرد. بەپێچوانەوە، بەستاییشەوە پێشوازیی لێدەکردن و شتانێکى پێدەوتن کە دڵى خۆش دەکردن. بۆ نموونە، کاتێک خالیدى کوڕى وەلید موسڵمان دەبێت، پێغەمبەر (صلى علیە وسلم) سەرەتا سوپاسى خوا دەکات، پاشانى پێى دەفەرمووێت: “دەمزانى ژیرییەکت هەیە کە تەنها بە خێرت دەگەیەنێت.”[1]

ئێوەش دەبێت بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە سەردەمانێک لەم شیو و ئەو دۆڵدا گەڕاون، لەم هاتوچۆیەشیاندا بریندار بوون، پاشان گەڕاونەتەوە و هاتوون بۆ لاتان. نابێت بە گوفتار و ڕەفتارەکانتان شەرمەزاریان بکەن، بە باسکردنى ڕابردوویان بیانڕەنجێنن، تاوانباریان بکەن و لە هاتنەکەیان پەشیمانیان بکەنەوە. نەک هەر نابێت لەسەر هەڵنووتینەکانى ڕابردوویان سەرزەنشتیان بکەن، بەڵکو دەبێت وەک پێغەمبەر (صلى علیە وسلم) هەوڵ و گەڕانى ئەوان بەدواى حەق و حەقیقەتدا ستاییش بکەن.

خۆش ببە، هەتا لێت خۆش بن

لەکۆتاییدا شتێکى بەسوودە جەخت لە خاڵێکى گرنگى دیکەش بکەینەوە: لەوانەیە کەسانێک کەوتبنە نێو شیو و دۆڵە جۆراوجۆرەکان. هەندێک ڕەفتاریان لێبوەشێتەوە کە پێچەوانەى باوەڕ و بەهاکانیانن. ڕەنگە لە دژتان قسەبکەن. بە گوفتار و کردارەکانیان پەلامارتان بدەن. گرنگ ئەوەیە ئێمە ئێستا شتێک نەکەین کە لە داهاتوودا لێى شەرمەزار بین. لەبەرامبەر درۆ و بوختان و ناهەقى و ستەمەکانەوە، دەتوانین هێندەى ئەو مافەى یاساکان پێمان ڕەوا دەبینن، بەرگریی لە مافى خۆمان بکەین. دەتوانین ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوە بڵاوبکەینەوە. دەتوانین بەگوێرەى ئوسوڵ و لە چوارچێوەى نەزاکەتى خۆماندا بەدرۆیان بخەینەوە. ئەمانە هێرشکردنە سەر لایەنى بەرامبەر نییە. تەنها بریتییە لە بەرپەرچدانەوەى هێرشێکى ناهەق. بەڵام لە دەرەوەى ئەمانە، ئوسلوبى خۆمان ناشێوێنین و لە نەزاکەت دوورناکەوینەوە. کاتێک ئەوانەى سووکایەتیمان پێدەکەن ڕۆژێک پەشیمان دەبن و دێن بۆ لامان، کاتێک دەستمان درێژدەکەین هەست بە شەرمەزارى ناکەین. ئەگەر کەسێک شەرم بیگرێت ئەوان دەبن، بەڵام ئێمە هەرچى لە دەستمان بێت بۆ ئەوەى تەریقیان نەکەینەوە دەیکەین.

گەر هەڵوێستێکى لەم جۆرە دەرببڕن، ئەوا داخڵبوونى خەڵکانى تر بە گەڕەک و کەشوهەواى خۆتان ئاسان دەکەن. ئێمە نووسینى ناو ڕۆژنامەکان کۆناکەینەوە بۆ ئەوەى بیدەینەوە بە ڕووى کەسانێکدا، قسەکانیان کە سەروەختێک لە دژمان کردوویانە هەڵناڕێژینەوە بەردەمیان، هەڵەکانى ڕابردوویان بۆ ناکەین بە دۆسیە و تۆمارى ناکەین. وەک ئەوەى هیچ نەبووبێت لەگەڵ ئەوانە مامەڵە دەکەین کە پەشیمان بوونەتەوە و حاڵى خۆیان چاک کردووە. ئەگەر خەڵک بزانن کە لۆمە ناکرێن، عەیبەیان نادرێتە پاڵ و هەڵەکانى ڕابردوویان نادرێتەوە بە ڕوودا، ئاسانتر واز لە هەڵەکانیان دەهێنن و ئاسانتر لێتان نزیک دەبنەوە.

شەرمەزارنەکردنى خەڵک، لۆمەنەکردن، نەدانەوەى قسوور و هەڵەکان بە ڕوویاندا و بەخشندەیی، لە فەرمانەکانى دینى ئێمەن. ئەمانە لاى خوا کۆمەڵێک کردەوەى زۆر بەنرخن. ئەگەر ئێمە بەخشەر بین، خواش دەمانبەخشێت؛ ئەگەر ئێمە قسوورى خەڵک نەدەینەوە بە دەموچاویاندا، خواى گەورەش هەڵەکانمان ناداتەوە بە ڕوودا؛ ئەگەر ئێمە بەندەکانى خوا تەریق نەکەینەوە، خواش شەرمەزارمان ناکات.

بەکورتى، ئەوانەى وەک مرۆڤ ڕەفتاردەکەن لەم دونیا و لە ئاخیرەتیشدا زیان ناکەن؛ لەو جێیەشدا کە وا دەردەکەوێت بدۆڕێن، لە ڕووى سەرەنجامەوە هەردەم قازانج دەکەن.

[1] (واقدي، مغازي ٢/٧٤٩، دارالأعلامي، بیروت ١٩٨٩)

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo