هەڵوێستى جددى و جێگیر بەرامبەر بە دونیا

هەڵوێستى جددى و جێگیر بەرامبەر بە دونیا
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

ئینسان لەم دونیایەدا پێویستە زۆر بەباشى ئەو ڕێگایە هەڵبژێرێت کە پێیدا دەڕوات، دەبێت بە چاوى کراوەوە هەنگاو بنێت و ئاگادارى ئەوە بێت کە لە (صراط المستقیم) لانەدات. نابێت بە لەزەتە کاتییەکانى دونیا بخەڵەتێت، فریوى شەیتان بخوات، هەواى نەفس بەسەریدا زاڵببێت و ئاخیرەتى لەناوببات. دەکرێت هەندێک لە دونیاپەرستان بە لەزەتە ئامادەکان فریوبخۆن، هەوڵبدەن تەنها لەمڕۆدا و وەک ئەوەى ئاخیرەت نەبێت بژین. بەڵام ئیماندارێک کە باوەڕى پتەوى بە خوا هەیە ناتوانێت وا بکات، نابێت وا بکات. دونیا گەر بە هەموو جوانى و سەرنجڕاکێشییەوە بێتە بەردەمى ئیمانداریش، هێشتا نابێت پێى بخەڵەتێت، گەر پێویستى کرد دەبێت هێندە پێداگر و مەرد بێت کە بە پشتى دەست پاڵى پێوە بنێت.

ئەم شتانە دەڵێم، چونکە نواندنى هەڵوێستێکى دروست بەرامبەر بە دونیا زۆر زەحمەتە. نابێت لەبیرمان بچێت کە تەنانەت هەندێک لە صەحابییەکانیش کاتێک لە سەرقاڵیی دونیادا ڕۆچوون وا بیریان کردووەتەوە کە ناتوانن پێگە و ئاستى مەعنەویی خۆیان بپارێزن و تەنانەت لەوە ترساون کە هەڵگرى سیفەتى دووڕوویی بن. لەمڕۆدا تاقیکرانەوە بە دونیا زۆر دژوارە. چەندەها کەس بە هۆکارى زۆر سادە ئەو تاقیکردنەوەیە دەدۆڕێنن. کەسانێک کە بە هێز و دەسەڵات و پلەوپایە و سەروەت و ناوبانگ دەگەن لە خۆیان دەگۆڕێن، دەبنە بێڕێز و خۆپەرست، ژەهراوى دەبن و سیفەتە مرۆییەکانیان لەدەستدەدەن. بەداخەوە دونیا زۆرکەس لە مرۆڤێتیی دەخات و دەیانکات بە بوونەوەرێکى دڕندە.

نەکەوتنە ناو داوى کێشکەرى دونیا

مرۆڤ بەسروشت مەفتوونى ئیسراحەت، خواردن و خواردنەوە، ستاییشکران، چێژ و سەفا و باقوبریقە. لەبەرامبەر دونیاوە نەفسێکى تێرنەبوو، ئاواتى نەبڕاوە، ئارەزووى تەواونەبووى هەیە. ئەو، بە وەهمى ئەبەدییەت هەردەم ئەم هەستانەى شەحن دەکاتەوە و بەهەڵپەوە باوەش بە دونیادا دەکات. وەک پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم ) دەفەرمووێت، ئەگەر دۆڵێک ئاڵتوونى بدرێتێ، چاو لە دووەمیش دەبڕێت.[1] خۆ ئەگەر بۆ جارێک خۆى بداتەوە دەست دونیا و بە ماڵى دونیا ژەهراوى ببێت، ئیتر لەوانەیە دەرفەتى گەڕانەوەى بۆ نەلوێت و پەنا بە خوا هەر بەم حاڵەیەوە ڕووبەڕووى مردن ببێتەوە.

بۆیە یەکێک لە جۆرەکانى سەبر بریتییە لە هەڵوێستى پتەو و جێگیر بەرامبەر بە جوانییە کێشکەرەکانى دونیا بەبێ شوێنکەوتنى هەوا و ئارەزووەکان. ئەمەش لەبنەڕەتدا وابەستەى ژیانێکى ڕوو لە خوایە. ئەوانەى کە ناخیان بە خاتیرەى خوایی پڕە، ژیانێکى پاک و بێگەرد دەژین. ویردى سەر زارى ئەوان ئیمان، ئیخلاص، تەقوا و شەوقى دیدارى خوایە. ئەوانەى کە خوا دەکەن بە ویردى خۆیان نەک دونیا، واریداتیشیان زۆر دەبێت. کەسانێکیش کە واریداتیان زۆرە، لەبەرامبەر دونیاوە لە فێڵەکانى نەفس و تێوەژەنینەکانى شەیتان پارێزراو دەبن. ئەوان هەمیشە بەجۆرێک هەنگاو دەنێن وەک ئەوەى بەسەر سەهۆڵدا بڕۆن و هەر بەم جۆرەش دەچنەوە حزوورى خوا.

بۆ ئەوەى لەوێ نەڵێین خۆزگە

دەبێت ژیانێک بژین کاتێک بەرەو ئەودیو گەشت دەکەین و ڕووبەڕووى حساب و کیتاب و میزان دەبینەوە، “خۆزگە” بۆ شتى تر نەخۆین. دونیا فانییە. چێژ و لەزەتەکانی و بەڵا و ناڕەحەتییەکانیشى ڕاگوزەرن. کەسێک کە ئیمانى بە خوا هێناوە، نە دەبێت بە چێژ و لەزەتەکانى بخەڵەتێت و ئاخیرەت لەبیربکات، نە بەهۆى بەڵا و موسیبەتەکانیشیەوە ڕێ و ئاڕاستەى خۆى بگۆڕێت. دەکرێت لەم دونیایەدا تووشى مەینەتى ببن. لەوانەیە بەناهەق گورز بکێشرێت بە سەرتاندا. ڕەنگە دووچارى سووکایەتى و تف و پەلامار ببنەوە. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەن کە هەموو ئەم شتانە لەچاو ناڕەحەتییەکانى ئاخیرەتدا زۆر بچووکن. دەبێت ژیانى وەها بژین کە دانیشتووانى ئاسمانەکان تفتان تێنەکەن، مەلائیکەتان لەعنەتتان لێنەکەن، خوا غەزەبتان لێنەگرێت و خۆشتان لەوێ بەهۆى خۆزگەکانەوە پشتتان کووڕ نەبێت.

قورئان لە چەندین ئایەتدا دیمەنەکانى ئاخیرەت دەخاتە پێش چاومان و هەواڵى ئەو کەسانەمان پێدەدات کە بەدەم وتنى “خۆزگە!”وە دەناڵێنن. لەوێ چەندین کەس دەنرکێنن و دەڵێن: “خۆزگە فڵانە کەسم بە دۆست نەگرتایە، خۆزگە بەیعەتم بە فڵانە ستەمکار نەدایە، خۆزگە لە ڕێگەى کەربەلادا شوێن یەزید نەکەوتمایە، خۆزگە لە ڕیزى حەججاجى زاڵم نەبوومایە، خۆزگە لەگەڵ ئەبو جەهل و عوتبە و شەیبەکان نەدەبووم، خۆزگە دواى ئەوەى کە وەحیی چاوى کردمەوە تووشى غەفڵەت و گومڕایی نەدەبووم!” بەڵام ئەم خۆزگە و پەشیمانییانە هیچ سوودێکیان پێناگەیەنێت.

لەوانەیە لە ڕوویەکەوە هەموان لە ئاخیرەتدا خۆزگەى خۆیان هەبێت. ئیماندارانیش پەشیمان دەبن لەوەى کە بۆچى بەندایەتیی زیاتریان بۆ خوا نەکردووە، بۆچى قازانجەکەیان پتر نەکردووە. بۆ نموونە، دەڵێن “خۆزگە لە ڕۆژێکدا هەشتا ڕکات نوێژم دەکرد لەبریی چل!”، “خۆزگە لەپاڵ ڕەمەزاندا ڕۆژووى دوو شەممە و پێنج شەممەشم پشتگوێ نەدەخست!”، “خۆزگە زیاترم دەبەخشى!”… بەڵام ئەم خۆزگانەى ئیمانداران بێگومان وەک خۆزگەى ئەو مونکیرانە نابێت کە ڕووبەڕووى بڵێسەى قرچێنەرى دۆزەخ دەبنەوە و دەڵێن “خۆزگە خاک بوومایە!”[2]

زیانى ئاخیرەتى یان لوتفە ئیلاهییەکان

وەک لە چەندین ئایەتى جیاوازى قورئاندا بەیان کراوە و بەدیعوززەمانیش ئاماژەى بۆ کردووە، ئەجەل یەکە و ناگۆڕێت. تەقدیرى خوا هەرچییەک بێت ئەوە ڕوودەدات. چ لەناو باقوبریق و ناز و نیعمەتدا ژیان بەسەربەرن و لەسەر دۆشەکى نەرم پێشوازى لە مردن بکەن، چ ژیانێکى پڕ لە چەرمەسەرى تێبپەڕێنن و وەک حەزرەتى حەمزە لە ناوەڕاستى ئوحوددا بە ڕمێک کە لە سینەتان دەدات بکەونە سەر زەوى…. هەموان لە حزووى خوادا کۆدەکرێنەوە و لەسەر ئەو ژیانەى کە بەڕێیان کردووە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. لەوێ دەردەکەوێت کێ چى بردووەتەوە و چى دۆڕاندووە. ئەو داماوانەى کە لە دونیادا بەشوێن خاوەن هێز و دەسەڵاتەکاندا ڕایانکردووە و بەو پلەوپایانەى کە کەسە نزمەکان پێیان بەخشیون دڵى خۆیان خۆشکردووە، وەک چۆن لە دونیادا مرۆڤێتى و شەرەفى خۆیان دۆڕاندووە لە ئاخیرەتیشدا یەک لەسەر یەک تووشى دۆڕان دەبن. لەبەرامبەردا ئەو پاڵەوانانەى کە بەرامبەر بە دونیا و شتانى ناوى کەمەریان نەچەماندووەتەوە، ملیان نەوى نەکردووە و وەک سەروو(ئەلف) بەقنجى ماونەتەوە، دەبنە مەزهەرى لوتفە ئیلاهییەکان.

سەبر، کلیلى نهێنى و ئەفسووناویی ڕزگاربوونە. هاوشێوەى قیامەت، لە دونیاشدا ئادەمیزاد دەگەیەنێت بە کەنارى سەلامەتى. لەوانەیە ستەمتان لێبکرێت، زویر بکرێن، سزابدرێن، لە مافەکانتان بێبەشتان بکەن، لە هاوڵاتیبوون دەرتان بکەن، بێپەروایی و نادانیی زاڵمان قێز و بێزتان دەوروژێنێت، بەڵام هەرگیز تووشى نائومێدى و خەیاڵ شکان نابن. لەبیرتان ناچێت کە هەموو شەوێک ڕۆژێک و هەموو زستانێکیش بەهارى لەدوایە. کاتێک وەرزى خارستان دێتە پێشەوە و دەستە ئەمینەکان تیماریان دەکەن، باوەڕتان وایە کە دەگۆڕێن بە گوڵستان و ئیدى لەسەر ئەو ڕێیەى کە بە ڕاستى دەزانن لە ڕۆیشتن بەردەوام دەبن. هەتا ئێوە ڕێگا و هێڵى خۆتان بپارێزن، ئەوا لەو جێیەدا کە خەڵکانى تر وا دەزانن ئێوەیان لەناوبردووە و کردوویانن بە سفر، خواى گەورە بە ژمارەیەک کە دەیخاتە لاى چەپتان، دیسانەوە دەبنە دە، سەد، هەزار… ئەگەر چووبنە سەر ڕێیەکى پڕ لە قازانجى لەم جۆرە، ئەوا نابێت گوێ بە کردار و گوفتارى کەسانێک بدەن کە سبەینێیان نییە.

هیچ شتێک ناتوانێت لە ڕەحمەتى خوا گەورەتر بێت. چونکە ڕەحمەتى ئەو زەوى، ئاسمان، دونیا، عوقبا، ئینسان، ئاژەڵ، بوونەوەرە بێگیانەکان، ڕۆحانییەکان، مەلائیکەتان، بەکورتى دەوراندەورى هەموو شتێکى داوە. ئەو کاتە گەر تێکڕاى هۆکارەکانیش هەرەس بهێنن، هەموان پشتمان تێبکەن و هیچ لقێکیش نەمێنێتەوە کە دەستى پێوە بگرین، دیسانیش هەرگیز نابێت دووچارى نائومێدى ببین. تەنها ئەوەندە بەسە کە “ئەو” بە تاکە پەناگە بزانین و هاناى بۆ ببەین. مەگەر پەروەردگارمان نافەرمووێت “خوا وەک دۆست سەرووزیادە، خوا وەک یارمەتیدەر سەرووزیادە.”[3]

بەداخەوە لە کاتى توندبوونى تاقیکردنەوەکاندا هەموان وەک یەک هەمان هێز و بەرگرى نانوێنن. هەندێک بە کار و کردەوەى زاڵمان دەخەڵەتێن و وا دەزانن کە هەموو شتێک تەواوبووە و تاقیکردنەوەکە دەدۆڕێنن. هەندێک بەرگەى توندیی زریانەکە ناگرن، وەک درەختى بێ ڕەگ و ڕیشە هەڵیاندەگرێت و دەیانبات؛ ئەمانیش تاقیکردنەوەکە دەدۆڕێنن. هەندێک ستەم دەکەن لەو هاوڕێیانەیان کە تا دوێنێ پێکەوە هەمان ڕێگایان بڕیوە، بوختانیان بۆ هەڵدەبەستن؛ ئەمانیش تاقیکردنەوەکە دەدۆڕێنن. هەندێکیش بە بیرکردنەوە لەو ئیسراحەت و بەرژەوەندییانەى کە سەنگەرى ستەمکارەکان بۆیان فەراهەم دەکەن، پەنا بۆ ئەوێ دەبەن و ئەمانیش دەدۆڕێن.

تاقیکردنەوەى دونیا و کامڵبوون

لە کۆنەوە عادەتى ئیلاهى بەهەمان شێوە کارى کردووە و لەمەودواش ناگۆڕێت. خواى گەورە ئادەمییەکان تاقیدەکاتەوە بۆ ئەوەى پێبگەن، بەگوێرەى دونیاى ئەودیو شکڵ و شێوە وەربگرن، شاییستەیی بۆ ئاخیرەت بەدەستبهێنن و چەندان هۆکارى دیکە. گرنگ ئەوەیە لەم کاتە دژوارانەدا کە لەرزە لەسەر لەرزە دێن، هەڵوێستى ڕاست و دروست بنوێنرێت و تاقیکردنەوەکە ببرێتەوە، لەبەرامبەر ئەوانەدا کە لە بێژنگ دەدرێن و بەنێو کونە وردەکاندا دەکەونە خوارەوە، ئینسان خۆى بگرێت و لەسەرەوە بمێنێتەوە. بێئەوەى گوێ بەو دڕکانە بدات کە بە پێیدا دەچن و ئەو گورزانەى کە بەر سەرى دەکەون، بێئەوەى لەبەرامبەر بەڵا و ناڕەحەتییەکانەوە “ئاخ و ئۆف” بکرێت، لەسەر ئەو ڕێیە بەردەوام بێت کە بە ڕاستى دەزانێت.

ئەگەر ئامانجەکە ڕەزامەندیی خوا و نیعمەتە هەمیشەییەکان بەهەشت بێت و ئەو بەڵا و ناڕەحەتییانەش کە بەسەرمان دێن ئەم شتانەمان دەستگیر بکەن، نابێت زیاتر باڵ بگرین و لەبریی “ئاخ” بڵێین “ئۆخەى”؟ باوەڕمان وایە لەبەرامبەر نیعمەتە سەرسووڕهێنەکانى ئەودونیادا، ئەو ئازارانەى کە لێرە دەیانچێژین وەک یادگارییەکى شیرینیان لێدێت. ئەهلى بەهەشت لەسەر نشینگە بەرامبەر یەکەکان، سەرگوزەشتەى دونیایان دەگێڕنەوە، ئازار و مەینەتییەکانى ئەوێیان بۆ یەکتر باسدەکەن و هەناسەى ئاسوودەیی هەڵدەمژن. هاتوهاوارى ستەمکاران و فەریاد و فیغانى ستەملێکراوانى ئێرە، لەوێ هەریەکەیان دەبنە مۆسیقایەکى خەمڕەوێن.

هەندێک کەس لەبەرئەوەى وا دەزانن دونیا هەموو شتێکە، لەوانەیە هەتا ڕادەى پەرستن پێوەى ببەسترێنەوە، لەبەرامبەر باقوبریقەکەیەوە لە هۆشى خۆیان بچن. لەحاڵێکدا کاتێک بیر لە ژێر خاک، گۆڕى تەنگ و ناڕەحەتییەکانى ئاخیرەت دەکەینەوە، تێدەگەین ئەو ئیسراحەتە کاتییەى کە لە دونیادا دەیچێژین هیچ گرنگییەکى نییە؛ ئیدى دەممان تاڵ دەبێت و نیعمەتەکانى دونیا وەک ژەهریان لێدێت. بەڵام ئەوانەى کە دونیا وەک ڕێگا و پرد و داڵانێکى ئاخیرەت دەبینن، پێى ناخەڵەتێن؛ ئەوان زۆر لە بەرزاییەوە دەڕوانن. کەسانێک کە ڕەزامەندیی خوا لەسەر زاریانە، ئارەزووى هاودەمیی دۆستان دەکەن و بە تاسەى دیدارى خواوە دەژین، هەست بە ماندوویەتیی ڕێگا ناکەن و گوێ بەو مەینەتییانە نادەن کە لێرە دەیچێژن.

خواى گەورە بمانکات بە شێتى(شەیداى) دینەکەى، ئیمان و ئیخلاص بکات بە بەشێک لە سروشتمان، نیعمەتى قووڵبوونەوە لە مەعریفەتمان پێببەخشێت و لەوەدا سەرکەوتوومان بکات کە خۆشەویستکردنى بەندەکانى بکەین بە ئامانجى بەرزى ژیانمان. ئامین…

[1] صحيح البخاري، الرقاق، 9.

[2] ﴿يَا لَيْتَنِي كُنْتُ تُرَابًا﴾ (سورة النَّبَأِ: 78/40).

[3] ﴿وَكَفَى بِاللهِ وَلِيًّا وَكَفَى بِاللهِ نَصِيرًا﴾ (سورة النِّسَاءِ: 4/45).

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo