زیندوو هێشتنەوەى جۆشوخرۆشمان

زیندوو هێشتنەوەى جۆشوخرۆشمان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: گەرچى لە سەرەتاى کارەکەدا لەگەڵ عەشق و هەیەجانێکى جددیدا دێینە ناو بازنەى خزمەتەوە، بەڵام بە تێپەرینى کات لەوانەیە جۆشوخرۆشمان بکوژێتەوە و تەنانەت ڕەنگە ئینسان بەتەواوەتى خۆى لە دەرەوەى ئەڵقەکە ببینێتەوە. بەڕێزت لەم بارەیەوە چ ئامۆژگارییەکمان دەکەیت؟

وەڵام: بەڕاستى زۆرکەس کاتێک یەکەم جار بە بانگەوازى خزمەتى ئیمان و قورئان ئاشنادەبێت، هەموو شتێک لە بەرچاویدا تازە و پاراو و ڕەسەنە. بەشێوەیەکى جیاواز لەو شتانە تێدەگات و هەستیان پێدەکات کە دەیانبینێت و دەیانبیستێت و دەیانخوێنێتەوە. بەڵام دواى ماوەیەکى دیاریکراو سستى یەخەى دەگرێت و دەبێت بە قوربانى دەستى ڕاهاتن و ئولفەت. هەرچەندە ئەو حەقیقەتانەى کە ئەو دەدوێنن تازە و ڕەسەنیش بن، وەلێ چونکە ئەو نەیتوانیوە خۆى نوێبکاتەوە، ئەوا ناتوانێت هەست بە تازەیی و ڕەسانەیەتییەکەیان بکات؛ هەندێک بیرکردنەوەى تر دێنە پێشەوە و ئەولەوییەتەکان جێ دەگۆڕنەوە.

شوێنى چى کەوتووین؟

لەم بابەتەدا سەرەتا دەبێت چاو بە نییەت و ئامانج و ئەولەوییەتەکانماندا بخشێنینەوە؟ بەڕاستى دەتوانیت ئەولەوییەت بەو شتانە بدەین کە خوا ئەولەوییەتى پێداون؟ داواى چى دەکەین، تالبى چین و بەشوێن چیدا ڕادەکەین؟ داخۆ هێندەى ئەو هێرش و تەقالایەى کە لە بابەتە دونیاییەکاندا دەینوێنین، بۆ بەرزکردنەوەى ناوى خواش تێدەکۆشین؟ زیاتر گرنگى بە چى دەدەین و دەمانەوێت چى بهێنینەدى؟ هەستەکانمان، بیرکردنەوەکانمان، داواکانى ناخمان، هەیەجانەکانمان و خەیاڵەکانمان لە دەورى چى دەسووڕێنەوە؟ هەموومان دەبێت سەرەتا ڕاستگۆیانە وەڵامى ئەم جۆرە پرسیارانە بدەینەوە؛ ئەگەر ئەو وەڵامەمان دەست نەکەوت کە دەمانەوێت دەبێت جارێکى دى چاو بە خۆماندا بخشێنینەوە.

ئەگەر ئەو شتەى شێتانە ئارەزووى دەکەین و بەدوایدا ڕادەکەین بانگەوازى ئیمان نەبێت، مەعریفەتى خوا نەبێت، خۆشەویستیی خوا نەبێت، شەوق و تاسەى دیدارى خوا نەبێت، ئەوا لە ماندوویەتیی ڕێگا ڕزگارمان نابێت. ئەگەر شەوان خەوەکانمان نەبچڕێنین، سەر نەخەینە سەر زەوى و نەڵێین “خوایە گیان، من گرنگ نیم، دونیاکەى منیش گرنگ نییە. مادەم تۆ ئێمەت بەدیهێناوە بۆ ئەوەى بتناسین و بەندایەتیت بۆ بکەین، کەوایە دەستم دامێنت بەندایەتییەکى کامڵ و شاییستەم بەنسیب بکە!” ئەوا بەردەوامیدان بە زیندوویەتییەکەمان شتێکى زۆر دژوارە. ماناى وایە هێشتا ئەم شتانە لە بابەتە یەکەم و لەپێشینەکانى ئێمە نین.

ناسینى خوا

لەلایەکى دیکەوە، پاراستنى عەشق و هەیەجان چ لە ژیانى بەندایەتیی شەخسى و چ لە خزمەتکردنى ڕێى خوادا، وابەستەى قووڵبوونەوەیە لە مەعریفەتى ئیلاهیدا. مەعریفەتى خواییش بەوە بەدەستدەهێنرێت و زیاد دەکات و گەشەدەکات کە بەردەوام بەرهەمەکانى تایبەت بە ئیمان بخوێنرێنەوە و گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، تێڕامان ئاڕاستەى بەڵگەکانى ناو دەروون و ئاسۆکان بکرێت، ژینگە و کەشوهەواى دەوروبەرمان بکەین بە کۆڕى بەردەوامى صوحبەتى جانان. هەموان دەبێت چاو بە قسەکردن و گفتوگۆ و ڕۆژێڤ و سەرقاڵییەکانى ڕۆژانەى خۆیان بخشێننەوە. داخۆ ئەو بابەتانەى کە ڕۆژانە باسیان دەکەین و پێیانەوە سەرقاڵ دەبین تا چەند پەیوەندییان بە مەسەلە بنەڕەتییەکانى خۆمانەوە هەیە؟ ئایا چەند دواى بابەتە ڕۆژێڤ و سیاسییەکانى ڕۆژگار دەکەوین کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە و تەنها بە پاڵنەرى مەراق و فزووڵى چەندێک لە کاتى خۆمان بەفیرۆدەدەین؟

وەک چۆن لاوازیی ئیمان هۆکارى زۆرێک لە گرفتە دینییەکانە، موبتەلابوونى ئینسانیش بە ئولفەت و ڕاهاتنەوە لە ڕوویەکەوە پەیوەندیی بەمەوە هەیە. بەداخەوە لەمڕۆدا لاوازییەکى جددیی لە ئیماندا هەیە. مومکین نییە بە کامى دڵ بتوانین بڵێین کە وەک پێویست باوەڕمان بە حەقیقەتە غەیبییەکان کردووە. لەپاڵ ئەمەدا لاوازى و بۆشایی و کەموکورتیی جۆراوجۆرمان هەیە. هەندێک جار دەبین بەژێر غرور و کیبرى خۆمانەوە، گاهێ بەرامبەر بە نەفسانییەتى خۆمان شکست دەهێنین. ناتوانین ڕزگارمان ببێت لەو ڤایرۆسانەى کە دونیاى ڕۆحمان کون کون دەکەن. کاتێک لاوازیی ئیمانیش دەچێتە سەر هەموو ئەم شتانە، وەک بینایەکمان لێدێت کە لە لێوارى داڕماندایە؛ هەمیشە لەسەر ڕۆخى ڕووخان و هەرەس هێنانداین. کاتێک دەڵێین “پەروەردگارم” مووچڕکە بە گیانماندا نایەت. پەیوەندیمان لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) زۆر بەهێز نییە. لەم ڕووەوە، بەهێزکردنى ئیمان هەمیشە دەبێت بابەتى یەکەم و ئەولەوییەت بێت بۆ ئێمە.

وا هەستدەکەم بۆ ئەوەى ببین بە بەندەیەکى شاییستە بۆ خوا، دەبێت پەیمانێکى جددى بە خۆمان بدەین و لەسەر ئەم سۆزەشمان بەپێداگرى بمێنینەوە. دەبێت وەک ئەو گەشتیارى ڕێگاى مەعریفەتەى کە بەدیعوززەمان لە پەیامى (آیة الکبرى)دا باسى دەکات، لە زانین و مەعریفەت تێرنەخۆین. پێویستە لە لاپەڕەکانى ئەو کتێبانەوە کە دەیانخوێنینەوە، لەو کتێبى گەردوونەوە کە تەماشاى دەکەین، لەو کۆڕى وتوێژەوە کە سازى دەکەین، چەپک چەپک مەعریفەت بڕێژینە ناو دڵ و ڕۆحمانەوە، ئنجا ئەم مەعریفەتە بگۆڕین بە خۆشەویستى، بە عەشقى خوا دابگیرسێین، ئنجا ئەمەش بە کافى نەزانین، ڕۆژى داهاتوو (هل من مزید؟) بڵێینەوە و دیسان هەمان ئەم شتانە دووبارە بکەینەوە. ئەگەر ئایەتە تەکوینییەکان بەوردى بپشکنین، وەک پەمووى بەردەسى هەلاج شیبکەینەوە، لە هەموو پیت و وشە و دێڕێکى کتێبى گەردوونەوە کە دەیخوێنینەوە ڕێگایەک بەرەو خوا بدۆزینەوە، دیسانیش نابێت بە هیچ جۆرێک تێرببین، بەڵکو ڕۆژى دواتر پێویستە لە گەڕان بەدواى چەپکى مەعریفەتى تازەدا بەردەوام بین.

هەڵپەکردن لە خۆیدا هەستێکى قبووڵکراو نییە. بەڵام کاتێک لە بابەتى مەعریفەتى خواییدا هەڵپە نیشاندەدرێت، هەستێکى ستاییشکراوە. ئەم هەستەى کە خوا بە مرۆڤى داوە، پێویستە لە ڕێگاى قووڵبوونەوە لە مەعریفەتى خوایی، سووتان بە خۆشەویستیی خوا، شان خستنە ژێر بانگەوازى بەرزکردنەوەى ناو خوا و بەدەستهێنانى ڕەزامەندیی خوادا بەکاربهێنرێت.

ئایدیاڵى ژیاندن

لەم بابەتدا خاڵێکى دیکە کە پێویستە هەڵوێستەى لەسەر بکرێت ئایدیاڵى ژیاندنە. ئەگەر ئێوە دەتانەوێت لە هەست و بیر و ژیانى دڵ و ڕۆحدا بەزیندوویی بمێننەوە، کەوایە دەبێت حەواریی زیندووکردنەوە بن. هیچ شتێک نییە هێندەى تێکۆشانى کەسێک بۆ ژیاندنەوەى خەڵکانى تر، ببێت بە هۆکار بۆ ژیانەوەى کەسەکە خۆى. ئێوە چەندێک دڵەکان لە بابەتى خوادا بێداربکەنەوە، بەربەستەکانى نێوان دڵەکان و خواى گەورە هەڵبگرن و بە یەکیان بگەیەنن، خواى گەورەش ئێوە لە بۆشاییدا ناهێڵێتەوە. لەپاڵ پشتیوانیی ئیلاهیدا، نابێت ئەوەش لەبیربکرێت کەسێک کە بە ئاڕاستەى بڵاوکردنەوەى ناوى شکۆمەندى خوا تەقالادەدات، لە ڕێگاى پیشاندانى ڕێگاکانى چوونە بەهەشت بۆ خەڵکدا گیانبازى دەکات و هەردەم زیهنى لێوانلێوە لەم جۆرە بیرکردنەوانە، مەحاڵە خۆى ڕادەستى ئیسراحەت و پاڵدانەوە بکات.

کردنى ژیانى مەعنەوى بە خەمى سەرەکى

لەم بابەتەدا یەکێک لەو بزوێنەرە گرنگانەى کە دەکرێت سەرى لێبدرێت، خەم و چلەکێشییە. بەداخەوە پێویستە بڵێم وەک پێویست هەست بە خەم و ژانى کێشەکانمان ناکەین. بەهۆى ئەو ئولفەت و ڕاهاتنەوە کە بەسەرمان هاتووە، لە لەدەستدانى هەیەجان بێزارنابین. هەرچەندە جۆشوخرۆشى دینیمان پووکاوەتەوە، کەچى لەسەر ژیانى ئیسراحەتى خۆمان بەردەوامین، بە دڵى خۆمان دەخۆین و دەخۆینەوە و خەریکى کەیفى خۆمانین. هێندەى بەخەمکردنى مەسەلە دونیاییەکان خەم بۆ بابەتە دینییەکانمان ناخۆین، هێندەى ترسمان لە ئاییندەى دونیاییمان ئەندێشەمان لەمەڕ ئاییندەى ئاخیرەتیمان نییە. هەمان ئەو ناڕەحەتییەى کە بۆ گرفتەکانى خۆمان یان خانەوادەکەمان دەرى دەبڕین، خەم بۆ لادانەکانى تێکڕاى مرۆڤایەتى لە ژیانى ئیمانى و دینیدا ناخۆین. لەحاڵێکدا ئەگەر چ بە زمانى گوفتار و چ بە زمانى حاڵ، ناچارانە ڕوو لە خوا بکەین، خواى گەورە دوعاى بێچارە قبووڵ دەکات.

سستى و نەبوونى جۆشوخرۆش بەڵاى خوایە. لەپاڵ لەدەستدانى هەیەجانى دینیدا، هەستکردن بە جۆشوخرۆشێکى لەڕادەبەدەر بۆ بابەتە دونیاییەکانیش، بەڵایەکى دیکەى خوایە. ئەگەر ئینسان تووشى موسیبەتێکى تریش نەبێت، ئەم دوو بەڵایە سەرووزیادن بۆ ئەوەى ئینسان تەختى زەوى بکەن. ئەگەر ئینسانێک ئیمانى بە خواش هەبێت، سەردانى مزگەوتیش بکات و تەوافى کەعبەش بکات، هێشتا لەوانەیە بەرامبەر بەم بەڵایانە شکست بهێنێت. نەبوونى هەیەجان ڕێگرە لەبەردەم بەرزبوونەوەى مرۆڤدا بەرەو لاى خوا، بگرە بەرەو خوارەوە کێشى دەکات، تەنانەت لەوانەیە نغرۆیشى بکات.

زانینى ئەوەش کە چى خەمى ڕاستەقینەیە و چیش خەم نییە، مەعریفەتێکى جیاوازى دەوێت. بۆ نموونە، هەرکەسێک کە هەست بە چێژى ئیمان ناکات، ڕۆژانە ناڵێت “هەزاران سوپاس بۆ خوا کە ژیانى موسڵمانانەى پێداوین!”، بێئاگایە لە چێژى مەعنەویی ئەو ئیمانەى کە لەناو دڵیدایەتى، لە ڕۆحیدا هەست بە ئازارى ئەو گرفتانە ناکات کە ئەمرۆ مرۆڤایەتى پێیانەوە گیرۆدەیە و هەست بە سستیی هەیەجان دەکات، ماناى وایە موبتەلاى دەردێکى گەورەیە. کەسێک کە ئەم نەخۆشییانەى هەیە، ڕاکردنى بەدواى شتانى ئاسۆیی و لاوەکیدا و هەوڵدانى بۆ تێرکردنى حەزە جەستەییەکانى، ماناى وایە لەنێو دەنووک و چنگە ئاسنینەکانى بەڵادا دەژى.

حاسڵى کەلام، ئەگەر سستى و پووکانەوەیەک لە خۆماندا ببینین، وا بیربکەینەوە کە هەیەجانى کاتەکانى سەرەتامان نەماوە و لە ئێستاشدا نیشانەکانى زیندوویەتییەکەى جارانمان نەنوێنین، ئەوا دەبێت بەویژدانەوە لە بابەتەکە ڕابمێنین و موحاسەبەیەکى جددیی خۆمان بکەین. چونکە ماناى وایە کێشەکە لە خۆمانەوە سەرى هەڵداوە. هۆکارى ئەم خاوبوونەوەیەمان چییە، غەفڵەت سەرى تێکردووین، دەستمان بە ژیانى لار کردووە، بووینەتە دیلى دەستى تەنپەروەرى، لە سەرچاوەکانى گۆشبوونمان دوورکەوتووینەتەوە؟ پێویستى هەرچى زووە گرفتەکە دەستنیشان بکەین و دەست بە چارەسەرەکەى بکەین. گەر ئەمە ناکەین، ماناى وایە ستەم لەم خۆمان دەکەین. ئەگەر خۆمان بەتەنها نەتوانین بەسەر کێشەکەدا زاڵببین، دەبێت سەردانى حەکیمێکى کارامە بکەین و دەردەکەمان بۆ ئەو بەیان بکەین. پێش ئەوەى نەخۆشییەکە بەتەواوەتى تەشەنەبکات، دەبێت خەمى خۆمان بخۆین. دەنا ئەو لادانە بچووکەى کە لە چەقدا ڕوویداوە، بە دوورکەوتنەوەى لە چەق و نزیکبوونەوەى لە چێوە، هێدى هێدى گەورە دەبێت و مەودایەکى هێندە دوور دەبڕێت کە چیدى گریمانەى گەڕانەوەش قورس دەبێت و دەداخرێت.

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo