سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى زانست لە خولگەى تەوحیددا

سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى زانست لە خولگەى تەوحیددا
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: گەیشتنەوەى موسڵمانان بە چەرخى ئەمڕۆ لە ڕوانگەى زانست و لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەوە و پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کە چەند سەدەیەکە دروستبووە پەیوەندى بە کام هۆکارانەوە هەیە؟

وەڵام: هەتا ئەمڕۆ لە بۆنەى جۆراوجۆردا لەسەر هەستى خۆتەرنخانکردن هەڵوێستە کراوە. بەتایبەت گوزارشت لەوە کرا کە ئەم هەستە لەپشت سەرکەوتنى ئەو کەسانەوەیە کە دڵیان بە خزمەتکردنى ئیمان و قورئان داوە. هەندێک لە کۆمەڵناسەکانیش کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بزووتنەوەى خزمەت کردووە، هێزى ئەم جووڵانەوەیەیان بە خۆتەرخانکارییەوە بەستووەتەوە. خۆتەنخانکارى واتە کەسێک تەرکیز بکاتە سەر ئامانجێکى دیاریکراو و چاوى تێببڕێت. بەجۆرێک، کەسێکى لەم جۆرە لە هەستان و دانیشتنیشیدا بەردەوام بیر لەم مەفکوورەیەى دەکاتەوە و نەخشەى چۆنێتیی هێنانەدیی ئامانجەکانى دادەڕێژێت. تەنانەت ئەم حاڵەتە دەکشێتە ناو نوێژەکانیشیانەوە. بیرکردنەوەى مەبەستدار و ئیرادى لە شتانى دەرەوەى نوێژ لە کاتى نوێژدا، شتێکى ڕاست نییە. نوێژ پێویستە وەک نوێژ ئەنجام بدرێت و نابێت لەگەڵ هیچ شتێکى تردا تێکەڵ بکرێت. بەڵام کەسێک کە لەسەر بەدیهێنانى غایەى خەیاڵێک قورمیش بووە، بیر و هەستەکانى کە لە دەورى ئەم غایەى خەیاڵە چڕبوونەتەوە، هەندێک جار لە نوێژیشدا سەرقاڵى دەکەن، فیکرە جێگرەوەکان دێن و لە زیهنیدا لەدایکدەبن. ئەگەر پێتان خۆش بێت دەتوانین ئەمە ناوبنێن “سەهووى ئینسانە کامڵەکان”. واتە کاتێک خەڵکى ئاسایی بەگشتى لە نوێژدا بە بیرکردنەوە لە ماڵ و منداڵ و کار و کاسبیی خۆیان هەڵەدەکەن، ئەوان بە بیرکردنەوە لەم شتە بەرزانە تووشى هەڵە دەبن.

ڕۆحى خۆتەرخانکردن

گەیشتن بە ئاسۆیەکى دیاریکراو لە زانست و بیرکردنەوەدا کە لە پرسیارەکەدا ئاماژەى بۆ کراوە، پێش لە هەر شت وابەستەى خۆتەرخانکردنێکى لەم جۆرەیە. چونکە لە خۆتەرخانکردندا هێزێکى جیا هەیە کە لە شتانى تردا نییە. کەسێک کە بە هەموو دڵى خۆى بە زانست بەخشیوە، بەردەوام بەدوایدا ڕادەکات، بە عەشقى حەقیقەت گڕى گرتووە و لەگەڵ تەرکیزێکى پتەودا خۆى بۆ لێکۆڵینەوە تەرخانکردووە، لە ماوەیەکى کەمدا مەودایەکى گەورە دەبڕێت، بە ئاسۆیەک دەگات کە کەسانى تر ناتوانن پێى بگەن، حەقیقەتانێک کەشف دەکات کە ئەوان کەشفیان نەکردووە و ئەو چێژانە ئەزموون دەکات کە ئەوان تامیان نەکردووە. خواى گەورەش ڕووتێکردنى خۆى ئاڕاستەى خۆتەرنخانکارییەکى لەم جۆرە دەکات. کەسانێک بێ زاد و تێشوو ناهێڵێتەوە کە بابەتە بەرزەکانیان کردووە بە خەمى خۆیان و لەپێناویاندا تەقالا دەدەن؛ دەستیان دەگرێت و دەیانگەیەنێت بەوەى کە دەیانەوێت. لەو جێیەدا کە چەقدەبەستن، کلیلى ئەفسووناویی وەهایان دەداتە دەست کە بەهۆیەوە قوفڵە هەرە ژەنگاوییەکانیش دەکەنەوە.

بەکورتى، لە زانستدا نییەت و مەبەست زۆر گرنگە. بەداخەوە ئەمڕۆ زۆرکەس چونکە دەیانەوێت لە ڕێگەى ئیدارە و سیاسەتەوە بە شوێنێک بگەن یاخود پەیوەستى سوود و بەرژەوەندیی دیکەى دونیایی بوون، ناتوانن فراوان ببینن و گەورە بیربکەنەوە. ئەو چاویلەکەیەى لە چاویان کردووە ئاسۆى ئەوان تەسک دەکاتەوە و بوارى جووڵانەوەیان سنووردار دەکات. لەبەرئەوەى تەنانەت کەسانى زۆر کارامە و لێهاتووش تەنها تەرکیزیان کردووەتە سەر کار و پیشە و سەرکەوتنى خۆیان و پلان و ستراتیژى خۆیان بۆ ئەم شتانە تەرخانکردووە، ئەو شتانە ناتوانن ببینن کە پێویستە بیبینن. ئەو کەسانە دەتوانن ئاسۆى تازە بۆ زانست کەشف بکەن و سوودیان بۆ مرۆڤایەتى هەبێت کە زیندووکردنەوەى مرۆڤایەتییان کردووە بە ئامانجى خۆیان.

عەشقى حەقیقەت

بناغەى زانست و لێکۆڵینەوە بریتییە لە عەشقى حەقیقەت. ئەوانەى کە عاشقى حەقیقەتن دەیانەوێت بیدۆزنەوە، پێى بگەن و کەشفى بکەن. بۆ نموونە، حەقیقەتى مرۆڤ چییە، حەقیقەتى بوون چییە، حەقیقەتى ژیان چییە؟ ئێمە دەربارەى مرۆڤ و بوون و ژیان هەندێک تەفسیر و شیکردنەوە دەکەین. داخۆ لەم هەڵسەنگاندنانەماندا چەندیان دەپێکین؟ ئەو زانیارییانەى کە لەمەڕ بوون بەدەستیان دەهێنین ئایا زانستى حەقیقەتمان پێبدەبەخشن و دەمانەگەیەنن بەو جێیەى کە دەبێت پێى بگەین کە بریتییە لە (حقیقة الحقائق)؟ وەک چۆن وشە بە وشە، دێڕ بە دێڕ، پەرەگراف بە پەرەگرافى کتێبێک دەخوێنینەوە، دەتوانین لاپەڕەکانى کتێبى گەردوون بخوێنینەوە و لێى تێبگەین؟ ئەنجامدانى هەموو ئەم شتانە و ڕاپێچبوونمان لە سەرەتاوە بەرەو لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و بیرکردنەوە پێویستى بە عەشق و خولیا و سەودایەکى قووڵ هەیە.

لەناو زانایانى ڕۆژئاواییدا، ئەگەر بەشێوەیەکى ڕێژەییش بێت، لە قۆناغێکى دیاریکراودا عەشقى حەقیقەت و لەناو سینەى ئەمیشدا عەشقى لێکۆڵینەوە بەدەرکەوت. لە سایەى ئەم عەشقەدا بوو کە چەندین کەس تەمەنى خۆیان لەپێناو زانست و توێژینەوەدا بەکارهێنا و گەردوونیان کون بە کون پشکنى. ڕاستیی گرنگیان لەمەڕ دونیاى بوون و جیهانى زیندەواران کەشف کرد. دەتوانن لە فیلمە دۆکیومێنتەرییەکاندا نموونەى ئەمانە ببینن. لەپشت ئەو پێشکەوتنە زانستى و تەکنەلۆجییەدا کە ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا دەبینرێت ئەم عەشقى حەقیقەت، عەشقى زانست و عەشقى لێکۆڵینەوەیە بوونى هەیە. بەڵام لەبەرئەوەى لە گۆشەیەکى ماددى و سروشتییەوە بۆ شتان و ڕووداوەکان دەڕوانن، نەیانتوانى بەتەواوەتى لە مانا و ماهییەتیان تێبگەن. لەبەرئەوەى تەنها هەوڵیان دا بوون لەو ڕوانگەیەوە کەشف بکەن کە ڕووى لە دونیایە و نەیانتوانى پەیوەندی لەگەڵ ئەودیویدا ببەستن، نەیانتوانى بە زاتى ئولوهییەت بگەن. موسڵمانانیش لە سەدەى سێیەم و چوارەم و پێنجەمدا لەگەڵ عەشقێکى لەم جۆرەدا ڕوویان لە زانست کرد و بەروبوومى گرنگیان خستە مەیدان. بەڵام لە سەدەکانى دواتردا ئەم چەقەهێزە هەتابێت لاواز بوو.

گوناهى ژیانى ژێردەستەیی و تەوبەکەى

هەنووکە ڕوودانى هەندێک جووڵانەوە لەم بوارەدا، ڕاستییە. لەم دواییانەدا شایەتحاڵى سەرکەوتنى تاک و تەراى هەندێک لە هاوڕێ و ناسیاوەکانمان دەبین. بەڵام ئەو زەمینەیەى کە لێکۆڵینەوەى تێدا دەکەن تایبەت نییە بە دونیاى فیکریی خۆیان. ئەوان لەوانەیە بە مەبەست و تەقالاى شارەزابوون لە ناوەرۆکى سروشت هەندێک چالاکى و لێکۆڵینەوە ئەنجامبدەن. بەڵام چونکە بناغەکە لەلایەن کەسانى دیکەوە لەسەر ماتەریالیزم و سروشتپەرستى دامەزرێنراوە، ئەوانیش زۆر زەحمەت دەردەکەوێت کە لە دوالیزم ڕزگاریان ببێت، بەنێو ئەو کلتوورەدا تێبپەڕن کە زانستەکانى ئەمڕۆ دروستیان کردوون و بگەن بە (حقیقة الحقائق). ئەوەتا چەندین مێشکى زیرەک لەهەمبەر تەوژمى ماددەگەریدا لەرزەى پێدەکەوێت و تەنانەت دەشڕووخێن. بۆیە دەبێت مەسەلەکە لە بنچینەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. هەتا ئەو بنەمایانە دانەمەزرێنن کە توێژینەوەى لەسەر دەکەن، هەتا لە سەرەتاوە تا کۆتا تاقیگە و سەنتەرى توێژینەوەى خۆتان دانەمەزرێنن، هەتا وەک گشتێک مامەڵە لەگەڵ فەرمانە تەکوینییەکاندا نەکەن، لەم بوارەدا ناتوانن بە ئەنجامى خوازراو بگەن. ئەو کارانەى دەیکەن لە پینەکردن بەولاوە زیاتر نابێت. کە بەم جۆرەش بوو، نە پەیوەندیی نێوان خوا و بوون و مرۆڤ و نە پەیوەندیی نێوان فەرمانە تەکوینییەکان و شەریعەتى خاوێن بەتەواوەتى پەى پێنابەن.

لەمڕۆدا ئەو وڵاتانەى کە لە ڕووى زانستى و ماددییەوە پێشکەوتوون بەسەرماندا زاڵ بوون و حوکممان دەکەن. لە زۆر بابەتدا سەیرى دەست و چاوى ئەوان دەکەین، هانا بۆ ئەوان دەبەین و تەنانەت وابەستە بەوان دەژین. لەحاڵێکدا قورئان دەفەرمووێت کە خواى گەورە لەم دۆخە ڕازى نییە.[1] بەدیعوززەمانیش دەفەرمووێت: “بۆچى دونیا مەیدانى پێشکەوتن بێت بۆ هەموو کەسێک و تەنها بۆ ئێمە شوێنى دواکەوتن و پاشەکشێ بێت؟!” پێشکەوتنیش سەرەتا پێویستى بەوەیە لە زنجیرەکانى دیلێتى ڕزگارببین و سەربەخۆیی تەواوەتى بەدەستبهێنین. بە دەربڕینێکى جیاواز، ناچارین لە گوناهى ژیانى ژێردەستەیی کە چوار سەدەیە ئەنجامى دەدەین، ڕزگارمان ببێت. تەوبەى ئەمەش بەوە دەبێت هەرچى زووە سەنتەرى لێکۆڵینەوەى خۆمان دروستبکەین، کەسانى لێهاتوو کە لەم شوێنانەدا کاربکەن پێبگەیەنین و لە ڕووى زانستى و ماددییەوە پێشبکەوین. دەنا هەتا ئەو کاتەى خۆمان ڕادەپسکێنین و دێینەوە هۆشى خۆمان، هەڵدەستینە سەرپێ و ڕاست دەبینەوە لە ئەنجامدانى ئەم گوناهە بەردەوام دەبین.

ڕێگا بێدارکردنەوەى گرنگى و حەز و ئارەزوو دەربارەى بەهاکانمان

بیرخستنەوەى ئەم خاڵەش گرنگە: دروست خوێندنەوەى قورئان و کتێبى گەردوون، زیندووکردنەوەى زانستەکانى تایبەت بە فەرمانە تەکوینى و تەشریعییەکان ڕوانینى کەسانى دیکەش بۆ ئێمە دەگۆڕێت. ئەگەر ئێوە لە زانست، فیکر، هونەر، ئەدەبییات و شارستانێتیدا دیمەنێکى سەرسووڕهێنتان هەبێت، ئەو دۆخە ڕوانینى خەڵک بۆ دین و بەهاکانى ئێوە دەگۆڕێت. زۆر زەحمەتە بتوانن شتانێک بۆ کەسانێک باسبکەن کە لە ڕووى سەرکەوتن، ئاسۆ، دامەزراوەکانى فێرکردن، تەکنەلۆجیا و هێزەوە لە ئێوە بەرزترن. ئەوکات ئەوانەى کە بە بەروبووم و کەرەستەکانیان دەبنە نموونە و چاولێکراو بۆ ئێوە و ئێوەش ڕادەکەن بۆ ئەوەى لاساییان بکەنەوە، هیچ گرنگییەک بە بەهاکانى ئێوە نادەن. ئەوەش کە بەهاکانتان ئاسمانى و ڕەها بن ڕەنگە بۆ ئەوان سەرنجڕاکێش نەبێت. ئەگەر ئێوە قوتابییەکانتان بۆ خوێندنى باڵا بنێرن بۆ ڕۆژئاوا، لەوێ دکتۆرا و پۆست دکتۆرایان پێبخێوونن، لەوانەوە زانیارى بگوازنەوە و بەمەش دڵنەوایی خۆتان بکەن، ئەوا دەبێت سەرلەنوێ چاو بە حاڵى خۆتاندا بخشێننەوە.

ئەگەر دەتانەوێت شتێک بە دونیا بڵێن، دەبێت شتێکتان نەبێت کە مایەى ڕەخنە بێت، بەپێچەوانەوە پێویستە هەموو دۆخێکتان مایەى ستاییش بێت. بۆ ئەمەش لەلایەک پێویستە زۆر بەباشى نوێنەرایەتیی بەها مرۆییە گەردوونییەکان بکەن، لەلایەکى دیکەشەوە دەبێت لە ڕوانگەى ئاسۆى زانست و فیکرەوە سەرنجەکان بۆ لاى خۆتان ڕابکێشن. بەم جۆرە کۆچى فیکرى بەرەو دونیاى ئێوەش دەست پێدەکات. مرۆڤەکان مەراقى نهێنیی ئێوە دەکەن، دەیانەوێت ببنە خاوەنى بەهاکانى ئێوە. مێژووى دونیا پڕە لەم نموونانە. هەتا ئەو ڕۆژەى کە هەلومەرجەکانى ئێستا لە قازانجى خۆتان دەگۆڕن، کەسانێک بەردەوام دەبن لەوەى لە سەرەوەڕا تەماشاتان بکەن؛ لەبەرئەمەش گرنگى بە بەهاکانى ئێوە نادەن.

بەڵێ، دەبێت هەرچى پێویست بێت بکرێت بۆ ئەوەى خەڵکى ئێمە لەمڕۆدا خۆى بۆ زانست و لێکۆڵینەوە و حەقیقەت تەرخان بکات و بەعەشقەوە لەسەر ئەم ڕێیە بەردەوام بێت. ئەگەر دەمانەوێت کەسانێک پێبگەن کە عاشقى زانست و حەقیقەتن، کەسانى دەستڕۆیشتوو پێویستە زەمینە و ژینگە و دەرفەتى گونجاو فەراهەم بهێنن و پێشکەشى لێکۆڵەر و ئاکادیمییەکانیان بکەن. دەبێت تا ماوەیەک خەڵک لەسەر ئەمە ڕابهێنرێت. پێویستە لەم بوارەدا کەسانى شیاو و بەتوانا بدۆزرێنەوە و بەرەو زانست ئاڕاستەبکرێن. پێویستە هەنگوینى زانست و حەقیقەت لە دەمیان بدرێت؛ بەم جۆرەش ئیشتیهایان ببزوێنرێت و هەیەجانیان بخرۆشێنرێت. دواى ئەوەى کە خۆیان هەندێک شتیان کەشف کرد و تامیان کرد، خۆى لە خۆیدا ئیدى بابەتەکە بەرەو پێشەوە دەبەن. بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە ئەمە کاتێکى زۆرى دەوێت و پێویستە لە سەرەتاى کارەکە سەبرمان هەبێت.

[1] ﴿وَلَنْ يَجْعَلَ اللهُ لِلْكَافِرِينَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ سَبِيلًا(سورة النِّسَاءِ: 4/141)