دیالۆگ و فیداكاری

دیالۆگ و فیداكاری
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: دەگێڕنەوە ئیمامى شەعرانى وتوویەتى “ئەگەر ماوەیەکى کەم لەگەڵ کەسێکى نوێژنەکەردا دابنیشم، چل ڕۆژ تام لە نوێژەکانم ناکەم.” بەڵام ئێمەمانان لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا بەهۆى وەزیفەکەمانەوە لەگەڵ کەسانى جۆراوجۆردا هەڵدەستین و دادەنیشین. ئایا ئەم پێکەوەبوونانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانى مەعنەویمان هەیە؟

وەڵام: هاوشێوەى ئەم وتە بەناوبانگەى ئیمامى شەعرانى، کۆمەڵێک زاتى مەزنى دیکەش گوفتارى لەم جۆرەیان دەربڕیوە. بەتایبەت لەنێو ئەوانەدا کە ئەهلى دڵن، ئەم بۆچوونە بڵاوە. ئیمامى شەعرانى دەڵێت کاتێک ماوەیەک لەگەڵ نوێژنەکەرێکدا بەسەردەبات، ئەو تام و چێژە ڕۆحانییەى کە لە نوێژى دەبات کەم دەبێتەوە. بڕیارێکى لەم جۆرە هەرچەندە لەناو ئەهلى ئەم بوارەدا حەقیقەتێکى جێگیرە، بەڵام کەسێک کە نازانێت چێژى ڕۆحانى و لەزەتى مەعنەوى چییە، نوێژەکانى بە قووڵى و چەشتنەوە ئەنجام نادات و پەیوەندى بەستن لەگەڵ خوادا وەک ئەوە هەست پێناکات کە قوم لە ئاوى کەوسەر بدات، لەوانەیە لەم هەست و وتەیە تێنەگات. ئەم بۆچوون و گوفتارانە سەبارەت بەوانەى کە عیبادەتەکانیان جگە لە شکڵ و فۆڕم هیچى تر نین، مانایەکى وایان نییە. بۆیە دەبێت بابەتى ئەم هەست و نەستانە لە عاشقانى عیبادەت بپرسرێت کە ڕۆژانە بە شەوقى دیدارى خوا دەژین و دەبێت لەم بوارەدا ئەوان بە پێوەر وەربگیرێن.

تکایە بەهەڵە تێمەگەن؛ عیبادەتەکان لەبەر خاترى چێژى مەعنەوى ئەنجام نادرێن و نابێت نییەت و ئامانجێکى لەم جۆرەیان لەگەڵدا بێت. چێژە مەعنەوییەکان پێویستە ئەنجامى بەندایەتیی خوا بن نەک ئامانج. بەندایەتى دەبێت تەنها لەبەر خاترى ڕەزامەندیی خوا بکرێت. لە دەرەنجامى عیبادەتێکدا کە بەم نییەتە خاوێنەوە دەکرێت، ئەو تام و چێژە ڕۆحانییانەى کە بەبێ ویستن و داواکردن پەیدادەبن، وەک لوتف و چاکەى خوا دەبینین، قبووڵى دەکەین و شوکرى لەسەر دەکەین. لەوانەیە کەسانێک هەبن نەیانەوێت هەست بە چێژى مەعنەویی ئەو عیبادەت و تاعەتە بکەن کە ئەنجامى دەدەن. تاکە خەمى ئەوان ئەوەیە وەک پێویست و بەشێوەیەکى شاییستە بەندایەتى بۆ خوا بکەن. ئەوان بەندایەتى بە مافى خوا و وەزیفەى خۆیان دەبینن. چێژ وەرگرتنى مەعنەوى لە عیبادەتەکانیان وەک کرێیەکى دونیایی دەبینن و دەیانەوێت تەنانەت لەمەش بەدووربن.

مامۆستا نوورسى دەفەرمووێت: “بەرزترین ئامانجى بەدیهاتن و گەورەترین ئەنجامى، بریتییە لە ئیمان بە خوا. وە بەرزترین پلەى مرۆڤێتى و گەورەترین پایەى مرۆڤایەتیش ئەو مەعریفەتەیە کە لەناو ئیمان بە خوادایە. درەوشاوەترین بەختەوەرى و شیرینترین نیعمەتی ئینس و جیننیش ئەو خۆشەویستییەیە کە لەناو مەعریفەتى خوادایە. بێگەردترین خۆشى و خاوێنترین شادیش بۆ ڕۆحى مرۆڤ ئەو چێژە ڕۆحانییەیە کە لەناو خۆشەویستیی خوادایە.”[1] وەک لێرەدا جەختى لێکراوەتەوە، بنەماى بابەتەکە ئیمان بە خوایە؛ ئەگەر ئەو نەبێت مەعریفەت و خۆشەویستى و ئەوانى دیکەش بە هیچ جۆرێک نابن. بەهەمان شێوە، مەعریفەتى خوا زانستێکى قەلبییە و بۆ سەر بیرکردنەوە و تێڕامان و خوێندنەوەى مرۆڤ لە دەروونى خۆى و ئاسۆکاندا، دادەبەزێت. هەروەها کلتوورێکى ویژدانییە. مەعریفەتى خوا، لە دڵ و ویژدانەکاندا دەلاقە بە ڕووى زاتى ئولوهییەتدا دەکاتەوە. ئینسان کاتێک “ئەو” دەناسێت خۆشى دەوێت، واتە دەبێت بە مەزهەرى مەعریفەتى خوایی. چەندە خوا بناسێت ئەوەندەش خۆشى دەوێت و چێژى ڕۆحانیش یەکێکە لە جوانتیرن میوەکانى ئەم خۆشەویستییە. ئیمان هێنان و مەعریفەت لە ڕوویەکەوە ئیرادین و پەیوەندییان بە هەوڵ و تێکۆشانى بەندەوە هەیە. بەڵام خۆشەویستیی خوا  و چێژى ڕۆحانى بەشێوەى نائیرادى لەسەر ئیمان و مەعریفەت پەیدادەبن و لەو بەخششانەن کە خوا دەیاندات. هەندێک جار دەیدات و هەندێک جاریش نایدات.

ئەگەر کەسێک لە سایەى ئیمان و مەعریفەتەکەیدا دەستى کردبێت بە هەڵمژینى چێژە ڕۆحانییەکان، بەڵام بەهۆى سەرقاڵییەکانى لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا و بەهۆى تێکەڵبوونەوەکانیەوە ئەم حاڵەتەى نەمابێت، ئەوا ئەم دۆخە بۆ ئەو (خذلان)ە؛ واتە بڕانى لوتفێکى خواییە. سەرەڕاى بەردەوامبوونى وەک جاران لەسەر عیبادەت و تاعەت، چیتر هەست بەو شتانە نەکات کە پێشتر هەستى پێکردوون. واتە لە ڕوویەکەوە مەحرووم و زەرەرمەند بووە. ماناى وایە ئەو کەسانەى کە ئینسان لەگەڵیاندا هەڵدەستێت و دادەنیشێت، کار لە دونیاى ڕۆحى و دڵى و پەیوەندیی لەگەڵ خوادا دەکەن. ئیمامى شەعرانى مەبەستى لەمەیە.

بەڵێ، تێکەڵبوونى کەسانێک کە لە خوا و دین و ئیمان دوورن، لەوانەیە هەندێک کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانى دڵ و ڕۆح هەبێت. گوفتارى دۆستانى خوا لەم بارەیەوە، سەبارەت بەوەى کە لەگەڵ چاکەکار و ڕاستگۆیاندا بین، بەگشتى ئاگادارکردنەوەن بۆ ئێمە. سەرەڕاى ئەمە، پێش ئەوەى لەم جۆرە حاڵەتانەدا بگەین بە بڕیارى ڕەها حەتمەن پێویستە سەرەتا نییەت و ئامانجەکان لەبەرچاو بگیرێن، سەیرى ئەوە بکرێت کەسێک بە چ ئامانجێک هاوڕێیەتى کەسانێک دەکات، ئەوانە  جیابکرێنەوە کە بەگوێرەى نەفسى خۆیان دەجووڵێنەوە لەوانەى کە لەسەر هێڵى ڕەزامەندیی خوا دەڕۆن.

ئەوانەى کە لەگەڵ خەڵک تەماسیان هەیە و پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن، کۆمەڵێک حساباتى جیاوازیان هەیە. کەسانێک دەیانەوێت چواردەورێکى جیاواز بۆ خۆیان دروست بکەن. هەندێک دەیانەوێت لە خاوەن پلەوپایەکانەوە نزیک بن و سوودیان لێوەربگرن. هەندێک تەنها بۆ بەسەربردنى کاتێکى خۆش ئەمە دەکەن. بەڵام لەپاڵ ئەمانەدا کەسانێکیش هەن تاکە ئامانجیان ئەوەیە خەڵکى لە مەفکوورەى خۆیان ئاگاداربکەنەوە، جوانییەکانى ناو سروشتى خۆیان لەگەڵ کەسانى دیکەشدا بەشبکەن یاخود چارەسەر بۆ گرفتە هاوبەشەکانى مرۆڤایەتى بدۆزنەوە. پێویستە ئەم مامەڵە جیاوازانە لە یەکتر جیابکرێنەوە. هەرچەندە کارەکانى وەک تێکەڵبوون لەگەڵ خاوەن دونیابینییە جیاوازەکان، سەردانکردنى یەکتر، پیرۆزبایی کردن لە یەک، بەدەمەوەچوونى بانگهێشتەکان، سەردانکردن لە ڕۆژە تایبەتەکاندا کۆمەڵێک کردارى هاوبەشن، بەڵام نییەت و ئامانجەکان جیاوازن. بۆیە حوکمەکانیشیان جیاواز دەبێت.

کەسانێک هەن بەسوودبوون بۆ مرۆڤایەتى و بەدەستهێنانى ڕەزامەندیی خوا لەم ڕێگایەوە ئامانجى باڵایانە. لەپێناو هێنانەدیی ئەم ئامانجە باڵایەشیاندا دیالۆگ لەگەڵ چین و توێژە جیاوەزەکان دەکەن، بۆ نموونە لەگەڵ ئەریستۆکراتەکان دیدار سازدەکەن، لەگەڵ شوێنکەوتووانى دینە جیاوازەکاندا کۆدەبنەوە و پەیوەندییەکى باشیان لەگەڵ دەبەستن. دەتوانین لە چەرخى بەختەوەریدا نموونەکانى ئەمە ببینین. پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەپێناو گەیاندنى بانگەوازەکەى بە کەسانى تر لەگەڵ هەمواندا دیدارى سازکردووە، لەگەڵ هەموو چینێکدا هەستاوە و دانیشتووە، هەوڵى داوە لە دڵیانەوە دەلاقە بەرەو حەقیقەت بکاتەوە. بۆ هەمان مەبەست، حەزرەتى موصعەبى ناردووە بۆ شارى مەدینە کە ئەوکات بەزۆرى یەهوودى و موشریکەکانى تێدا نیشتەجێ بووە، حەزرەتى موصعەبیش دەنگى خۆى بە هەموان گەیاندووە و تێکۆشاوە ببێتە دەڵاڵى حەقیقەت.

لە پێغەمبەرەوە (صلى الله علیە وسلم) گوفتارێکمان بۆ نەقڵ نەکراوە بفەرمووێت “لەگەڵ کەسانى موشریک و بێباوەڕدا هەڵسوکەوت مەکەن، دەنا هەستە مەعنەوى و فیووزاتەکانتان لەناودەچێت” هەتا بتوانرێت بوترێت کە تێکەڵبوون و قسەکردنى لەگەڵ کەسانى دوور لە ئیمان و نوێژى قەدەغەکردووە. بەپێچەوانەوە، بە گوفتارەکانى وەک “ناوى من بە هەموو ئەو شوێنانە دەگات کە خۆرى بەسەردا هەڵدێت و ئاوادەبێت”، ئیماندارانى هانداوە بە هەر چوار لاى دونیادا بڵاوببنەوە و ئەم هەواڵ و مژدەیە بهێننەدى. داواى کردووە دینى ئیسلام بۆ هەموو کەسێک باسبکرێت، ئیتر مەسیحى و یەهودى بێت، یان بوودیست و براهمانى و زەردەشتى بێت.

مومکین نییە بتوانن دەنگى خۆتان بگەیەنن بە کەسانێک کە ناتانناسن، خۆشیان ناوێن و متمانەتان پێناکەن. ئەگەر شتانێکتان پێبێت کە بۆ ئەوانى باسبکەن، ئەمە وابەستەى ئەوەیە کە پەیوەندییان لەگەڵ بگرن، دیالۆگ لەنێوانتاندا هەبێت، سەردانى یەکتر بکەن، هاوڕێیەتییان لەگەڵ ببەستن. پێش لە هەر شت پێویستە نیشانى بەرامبەرەکانتانى بدەن ئێوە کەسانێکن کە دەکرێت خەڵک لەگەڵتان هەستێت و دابنیشێت. ئەگەر دیالۆگى هاوبەش بەردەوام بێت، ئیدى بە تێپەڕینى کات پێشینە داوەرییەکان تێکدەشکێن، مەرجەکانى ناو مێشک دەڕەوێنەوە، هەستە نەرێنییەکانى وەک ڕق و قین و ئەندێشە و دوژمنایەتى و ترس جێى خۆیان بۆ خۆشەویستى و ڕێز و متمانە و ستاییش چۆڵدەکەن. ئیتر ئەوکات هەموان گوێ بۆ قسەى یەکتر دەگرن، هەوڵدەدەن لە نزیکەوە بەرامبەرەکانیان بناسن. هەتا ئەم جۆرە کەش و ژینگانە ئامادەنەکەن، ئەگەر تەنانەت ڕاستترین حەقیقەتەکانیش بە ڕەوانترین شێوازیش پێشکەش بکەن، گوێ لە قسەتان ناگیرێت.

کاتێک ئەمە دەکرێت ئایا وەک ئیمامى شەعرانى دەڵێت هەستە مەعنەوى و فیووزاتەکان لەناودەچن؟ لەوانەیە. بەڵام ئامانجى ئێمە ئەوە نییە لەناو چێژ ماددى و مەعنەوییەکاندا بژین، بەڵکو دەمانەوێت سنگ لە مەینەتى و ئازارەکان دەربپەڕێنین و ئەرکێکى مەزن و پێغەمبەرانەى وەک فەرمان بە چاکە و ڕێگریی لە خراپە ئەنجام بدەین. لەپێناو ئەم مەبەستە هەرە مەزنەدا کە بریتییە لە ناساندنى پەروەردگار بە بەندەکان و خۆشەویستکردنیدا، دەبێت ئامادەبین بۆ هەموو جۆرە دەستبەرداربوونێک. لە ئەدەبییاتى ئێمەدا بەمە دەوترێت فیداکارى لە بابەتى هەست و فیووزاتە ماددى و مەعنەوییەکاندا. وەک لە سەرەتاشدا وتمان، چێژە مەعنەوییەکان دەرەنجامى ئیمان بە خوا و مەعریفەت و بەندایەتیی خوان، نابێت بکرێت بە مەبەست.

ئەوانەى کە لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا بە پاڵنەرى ئارەزووى نەفس و بەرژەوەندییە کەسییەکان دەجووڵێنەوە، دەگونجێت تووشى ئەو لەدەستدان و زیانە ببن کە ئیمامى شەعرانى ئاماژەى بۆ دەکات. بەڵام هەموو هەوڵ و تێکۆشانێک کە دەدرێت بۆ ئەوەى بەربەستەکانى نێوان زاتى ئولوهییەت و خەڵک هەڵبگرێن و دڵەکان بە خوا بگەن، بە خەبات و جیهاد لە ڕێگەى خوادا ئەژماردەکرێت. خەباتێکى لەم جۆرە دەبێت بە هۆکارى پتربوونى هەستى فیووزاتى ئینسان نەک بچڕانى. ئەوانەش کە لەسەر ڕێى پێغەمبەران دەڕۆن، نە مەحرووم دەبن و نە تووشى زیان و لەدەستدانیش دەبن.

[1] (مەکتووبات).

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo