کەسێک خۆى بناسێت پەروەردگاریشى دەناسێت

کەسێک خۆى بناسێت پەروەردگاریشى دەناسێت
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانى ئینسان ئەوەیە ڕووبکاتە ڕۆحى خۆى، لەگەڵ نەفسیدا سەرقاڵ ببێت، بەدروستى خۆى بخوێنێتەوە، هەوڵبدات بەدروستى خۆى بناسێت، لە دونیاى ناوەوەیدا قووڵ ببێتەوە. ڕێگاى ڕۆیشتن بەرەو کەماڵ و مرۆڤێتیی ڕاستەقینەش هەر بێرەدا تێدەپەڕێت. ماهییەتى ئینسان لەبەرئەوەى وەک پێڕستى بوون بەدیهێنراوە، واتە چونکە خواى گەورە تێکڕاى گەردوونى لە ماهییەتى مرۆڤدا نووسیوەتەوە کە خۆیشى کتێبێکە، ئەوا بۆ ئەوەى ئادەمیزاد بوون بزانێت و بناسێت، سەرەتا دەبێت بەدروستى خۆى بخوێنێتەوە. کەسێک کە ماهییەتى خۆى –بەگوێرەى توانا و لێهاتنەکانى- وەک گەورەبینێک، وەک دووربینێک یاخود وەک وردبینێک بەکاربهێنێت و بتوانێت بەهۆیەوە لە شتان، ئەودیو پەردەى شتان، ڕووداوەکان و دیوى پشتەوەیان بڕوانێت، دەربارەى بوون دەکرێت بە ئەنجامى ڕاستتر بگات. بەهەمان شێوە، پەیبردن بە هەندێک ڕاستیی مەزن و بڕیاردانى دروستیش دەربارەیان پێویستى بە کەشفى بوون و ماهییەتى مرۆڤەوە هەیە.

بەکورتى، کەسێک کە خۆى دەناسێت، دەرگا ئەو ڕاستییانەى کە پێویستە بزانرێن و بەتایبەت ناسینى (حقیقة الحقائق) دەکاتەوە. گوتەى “ئەوەى نەفسى خۆى بناسێت پەروەردگاریشى دەناسێت”[1] کە وەک فەرموودەش ڕیوایەت دەکرێت، هێما بۆ ئەم ڕاستییە دەکات. ماناى پێچەوانەکەشى ئەمەیە: ئەوەى خۆى نەناسێت ناتوانێت پەروەردگاریشى بناسێت.

کاتێک دەوترێت خۆناسین، لەوانەیە زۆرکەس پێکهاتەى جەستەیی و ماددیی مرۆڤیان بە خەیاڵدا بێت. “ئالێکسیس کاڕێڵ” لە کتێبى “مرۆڤ نەزانراوێکە”دا بەدوورودرێژى لەسەر ئەم لایەنەى ئینسان دەوەستێت و شیدەکاتەوە. تەنانەت کاتێک تەنها لە ڕووى ماددییەوە تەماشاى مرۆڤ دەکرێت، دەبینرێت کە خاوەنى قووڵى و کامڵییەکى سەرسووڕهێنە. داراى سیستەمێکى کامڵى وەهایە، هەموو پارچەیەکى لەوپەڕى گونجان و ڕێکوپێکیدا لەگەڵ پارچەیەکى دیکەیدا کاردەکات. تەنانەت ئەم گونجانە تەنها لەنێوان پارچەکانى جەستەدا نابینرێت؛ بەڵکو لەنێوان مرۆڤ و دونیاى دەرەوەشدا گوجانێکى بەهێز بوونى هەیە. کاتێک سەیرى ئەو بەرهەمانە دەکەین کە لەم بوارەدا نووسراون، پێمان دەڵێن کە مرۆڤ تەنانەت لەگەڵ تەنە هەرە دوورەکانى سیستەمەکانى ئاسمانیشدا پەیوەندییەکى جددیی هەیە. لەمەوە دەتوانین بڵێین: دەستەبەرکردنى ڕێکوپێکى و گونجانى نێوان پارچە جیاوازەکانى جەستەى مرۆڤ لەلایەک و مرۆڤ لەگەڵ هەموو بووندا لەلایەکى تر، تەنها تایبەتە بە پەروەردگارى جیهانیان.

ئەمە جگە لەوەى کە لەودییوى پێکهاتەى ماددییەوە، مرۆڤ خاوەنى ڕەهەندە مەعنەوییەکانى وەک دڵ، ڕۆح، ویژدان، هەست، ئیرادە، شعوور و لەتیفەى ڕەببانییە. گەر لە ڕوانگەى هەموو ئەم لایەنانەى خۆیەوە بتوانێت بەدروستى خۆى بخوێنێتەوە، ئەوا لە بابەتى حەقیقەتە مەزنەکاندا بە بڕیارى دروست دەگات. دەست دەکات بە موتاڵاکردنى ئاسەوارەکانى سنعەتى خواى گەورە لەنێو دێڕەکانى کتێبى گەردووندا، ئنجا کردارە ئیلاهییەکانى پشت ئەم ئاسەوارانە، پاشان ناوە جوانەکانى پشت کردارەکان، پاشان سیفەتە سوبحانییەکانى پشت ناوەکان، لە پشتى ئەمانیشەوە دەست دەکات بە خوێندنەوەى شەئنە ئیلاهییەکان و سەرسامی ئەزموون دەکات. ئەگەر هەنگاوێکى دیکەش بنێت، لەبەرامبەر زاتى خواوە تووشى حەیرەت لەسەر حەیرەت دەبێت. کاتێک لەم گۆشەیەوە سەیرى مەسەلەکە دەکرێت، ئەوا بێباکى و بێپەروایی مرۆڤ بەرامبەر بە خۆى، منێتیی خۆى و دونیاى ناوەوەى، بە ماناى بێڕێزى دێت بەرامبەر بە حەقیقەتە مەزنەکان.

لەم ڕووەوە ئینسان توانا و لێهاتنێکى سەرسووڕهێنى هەیە. خاوەنى دڵ و فراوانییەکى ویژدانە کە دەتوانێت پەى بە ڕاستییە مەزنەکان ببات. دڵ ئاوێنەیەکى بەرزى وەهایە کە چەندین دۆستى خوا وەک شوێنى تەجەللیی خوا بۆیان ڕوانیوە. تەنانەت هەندێک ئەویان لە کەعبە بەرزتر زانیوە. ئەمە بە ماناى بە کەم زانینى کەعبە نایەت، بەڵکو بڕیارێکە لەدواى بەراوردێک دراوە. چونکە کەعبە ماڵى خوا و قیبلەى ئیماندارانە. بەڵێ، دڵ وەک ئاوێنەیەک وایە کە خواى گەورە تێیدا دەدرەوشێتەوە. لەو ئاوێنەیەدا هەمیشە خواى گەورە تەجەللى دەکات.

ئینسان کە خاوەنى دڵێکى فراوان و لەپاڵ ئەمەدا داراى ڕەهەندە زۆر جیاوازەکانى وەک ویژدان و سیڕڕ و هەست و شعوورە، کاتێک وەک پێویست خۆى دەناسێت، بە بەکارهێنانى ماهییەتى وەک دووربینێک، ڕێگا بەرەو ناسینى موقەددەسات، ڕاستییە مەزنەکان کە لەبەردەمیدا پێشچاو خراون و زاتى خواش –کە لە خۆیدا ئامانجى سەرەکییە- دەدۆزێتەوە. مرۆڤ لەم ڕوانگەیەشیەوە بوونەوەرێکى زۆر تایبەتە و پێویستە ڕێزى لێبگیرێت. بەتایبەت هەوڵدانى بۆ خوێندنەوەى خۆى، تێکۆشانى بۆ ڕووکردنە دونیاى ناوەوەى و دەرەنجام خۆناسینى، شایانى هەموو جۆرە ستاییشێکە.

بەڵێ، مرۆڤ لە ڕوانگەى توێکارى و تایبەتکارییە فیزیکییەکەیەوە بوونەوەرێکى ناوازەیە و پێویستە خوێندنەوە و شیکردنەوەى بۆ بکرێت. بەڵام دەوڵەمەندى و قووڵیی ڕاستەقینەى ئەو لە توێکاریی دڵ و ڕۆحیدا –ئەگەر ئەم دەربڕینە دروست بێت- شاراوەیە. لەپاڵ ئەمانەدا، ئینسان کۆمەڵێک ڕەهەندی قووڵى دیکەشى هەیە وەک ئەو ئیلهامانەى کە لە دڵدا لەدایکدەبن، هەستى پێش ڕوودان و خەونەکان؛ کە هەموو ئەمانە پێویستە شکردنەوە و سەنتێزى قووڵیان لەسەر بکرێت. کەسێک چەند گرنگیی بەمانە بدات، چەند لێیان ڕابمێنێت، چەند لە بیرکردنەوەى دەروونیدا قووڵ ببێتەوە، ئەوەندە بە ڕووى ڕەهەندە جیاوازەکاندا دەکرێتەوە و ئیدى ئەوکات مرۆڤێتیی ڕاستەقینەى خۆى دەردەخات.

لەکاتێکدا کە ڕاستى بەم جۆرەیە، کەچى لەمڕۆدا کەمترین زانراو ماهییەتى ئینسانە. دەتوانرێت بوترێت بە پێشکەوتنى زانستى پزیشکى، توێکاریی مرۆڤ ڕۆژانە زیاتر ڕوون دەبێتەوە. بەڵام چونکە ماهییەتى ئینسان بریتی نییە لە پێکهاتە ماددییەکەى و ماهییەتە مەعنەوییەکەشى ڕەهەندى بنەڕەتیی ئەوە و کۆڵەکەى ڕاگیرکەرى پێکهاتە ماددییەکەشیەتى، ئینسان هەر بەنەزانراوى دەمێنێتەوە. چونکە باوەڕداران و بێباوەڕان کاتێک مرۆڤ دەخەنە سەر مێزى توێکارى، بە چاوى سروشتگەرى و ماتەریالیستى و ماددى بۆى دەڕوانن و ئەو شتانە نابینن کە پێویستە ببینرێن، ئەو شتانەش کە دەیبینن زۆریی ژمارەى ئەو شتانەیان بیردەخاتەوە کە ناتوانن بیبینن و ئەمەش سەرسامیان دەکات. بەڵام میکانیزمى دڵ و ڕۆح بەم ئەندازە کەمەش ڕوون نابێتەوە. لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین نامۆترین شت بۆ مرۆڤى ئەمڕۆ نەفسى خۆیەتى.

وتمان ئەوەى نەفسى خۆى بناسێت، پەروەدگاریشى دەناسێت. ئەگەر سەیرى پێچەوانەکەى بکەین، ئەم حەقیقەتە نومایان دەبێت.[2] ئەگەر ئێوە بەرامبەر بە خوا دەرگاکانتان دابخەن، پاشان چەند قوفڵێکى یەک لەسەر یەکى لێبدەن و بەتەواوەتى لە دونیادا نوقم ببن، خواش خۆتان لەبیردەباتەوە. ئەوەتا لەم چەرخەدا زۆرێک لە خەڵک دونیا دەپەرستن و ئاخیرەتیان لەبیرکردووە. لەم ڕووەوە بەتەواوەتى چاخى شەیتانە. نکووڵیکاران بە خۆیان و لۆجیک و داوەریی ژیرى و دەماغیانەوە مردوون، ئیماندارانیش تووشى هەڵامەت بوون. لەتاو سڕینى لووتیان نایانپەرژێتە سەر خوێندنەوەى ماهییەتى خۆیان و کتێبى گەورەى گەردوون. لەبەرئەوەش کە گوێیەکان لە ئاست ئەو شتانەدا کە پێویستە ببیسترێن (وەحى) داخراون و چاوەکان بەرامبەر بە کتێبى گەردوون کوێر بوونەتەوە، دڵ و لۆجیکیش ناتوانن داوەرییەکى تەندروستانە ئەنجام بدەن.

نازانم ئاخۆ ئینسانى ئێمە کەى لەم بەدبەختییە ڕزگارى دەبێت. نەناسینى خوا لەلایەن ئادەمیزادەوە کە توانا و لێهاتنى ناسینى خواى پێدراوە و ئەمەش ئەرکى سەرەکییەتى، هەروەها دوورکەوتنى لە “ئەو”، شتێکى چەند تاڵ و بەئازارە! لە ئەنجامى ئەوەدا کە خواى گەورە خۆمانى لەبیربردووینەتەوە، مەحکوومى تەنگییەکى وەها بووین کە لەنێو بینینى تەسکى دونیاى تەسکدا بەتەنها ماوینەتەوە. تەنانەت خۆیشمان نابینین. لەحاڵێکدا ئینسان بوونەوەرێکى هێندە نزم نییە کە مەحکوومى وەها تەنگی و قەتیسییەک ببێت. ئەو بوونەوەرێکى هێندە بەرزە کە مەزهەرى (أحسن تقویم)ە و ئەگەر بە فەرزى مەحاڵ سوجدە بۆ غەیرى خوا ببرایە بۆ ئەم دەبرا. با بە چوارینەیەکى “موحەممەد عاکیف” کۆتایی بە باسەکە بهێنین:

بێخەبەریت لە خۆت و هێشتا بێئاگایت لە زاتت تۆ

دەڵێیت مەوجودێکى بچووکم، بەڵام خۆزگە گەر دەتزانى

ماهییەتت تەنانەت لە مەلائیکەتەکان بەرزترە

جیهانەکان لە تۆدا پەنهان، دونیاکان لە تۆدا شاراوەن

[1] “مَنْ عَرَفَ نَفْسَهُ فَقَدْ عَرَفَ رَبَّهُ”، (عجلوني، کشف الخفى ٢/٣٤٣)

[2] ﴿وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ نَسُوا اللهَ فَأَنْسَاهُمْ أَنْفُسَهُمْ أُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ﴾ (سورة الْحَشْرِ: 59/19)

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo