هێزى تەمسیل

هێزى تەمسیل
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پیادەکردنى ئەو بەهایانەى کە ئینسان باوەڕى پێیانە و جێبەجێکردنى ئەو شتانەى کە دەیانڵێت و باسیان دەکات لەلایەن خودى خۆیەوە، پێى دەوترێت (تمثیل). تەمسیل یەکێکە لە سیفەتە گرنگەکانى پێغەمبەرە مەزنەکان. پێغەمبەران وەک چۆن ئەو وەحییە بە خەڵک دەگەیەنن کە لە خواوە وەریانگرتووە، لە ژیانى خۆشیاندا بەجوانترین شێوە تەمسیلیان کردووە. وەک چۆن بەندایەتییان بۆ خوا فێرى خەڵک کردووە، لە بابەتى عیبادەت و تاعەتدا خۆشیان ملیم بە ملیم شوێن ڕێنماییەکان کەوتوون. لە قبووڵکرانى ئەو دینەدا کە هێناویانە لەلایەن کۆمەڵگاوە، لەپاڵ تەبلیغدا تەمسیلیش ڕۆڵێکى گرنگى گێڕاوە. تەنانەت دەتوانرێت بوترێت لەم بوارەدا ئەوان تەمسیلەکەیان لەپێش تەبلیغەکەشیانەوە بووە. چونکە تەمسیل گرنگترین ئامڕازى گەیشتنى تەبلیغە بە ئامانجەکەى. بۆیە ڕێبوارانى ڕێگاى پێغەمبەرانیش ئەگەر حەزبکەن ئەو بەهایانەى کە باوەڕیان پێیە لاى بەرامبەرەکانیشیان وەربگیرێن، ئەوا سەرەتا دەبێت لە ژیانى خۆیاندا تەمسیلى بکەن.

تەمسیلى ئیماندار هەمیشە دەبێت پێش تەبلیغەکەى بێت. دەبێت دوو بۆ سێ قاتى ئەوەى کە دەیڵێت لە ژیانى کرداریدا پەیڕەوبکات. فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) دە قاتى ئەو تەکلیفەى کە لە خەڵکى دەکرد لە ژیانى خۆیدا جێبەجێى دەکرد. بۆیە چواردەورەکەى متمانەیان پێدەکرد و هەرشتێک کە دەیوت لە ویژدانەکاندا ڕەنگى دەدایەوە. ئەگەر خاوەنى ڕەوانبێژیی “فیردەوستى”، زمانپاراویی “جامى” و وتاربێژیی “مەولانا”ش بن، هێشتا هێندەى هێزى تەمسیل ناتوانن قەناعەت بە چواردەورتان بکەن. قورئان لە فەرمانى ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ﴾ (سورة الصَّفِّ: 61/2) دا ئاگادارکردنەوەیەکى گرنگ ڕووبەڕووى ئیمانداران دەکاتەوە. لەڕاستیدا ماناى ئەمە ئەوە نییە کە “ئەو شتانە مەڵێن کە نایکەن”. بەپێچەوانەوە، واتە “مادەم دەیڵێن، کەواتە لە ژیانیشدا جێبەجێى بکەن.”

پاڵەوانانى تەمسیل کاتێک دەبینرێن خوا بیرى بینەر دەخەنەوە

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە فەرموودەیەکدا فەرموویەتى ئیماندار ئەو کەسەیە کاتێک دەبینرێت خوا بیرى خەڵک دەخاتەوە.[1] ئەمەش پێوەرێکى سەرسووڕهێنە بۆ هەڵسەنگاندنى بەندایەتیی مرۆڤ. ئیماندار دەبێت بە هەستان و دانیشتن، بە قەلب و قاڵب، بە دەرەوە و ناوەوە، بەکورتى لە هەموو حاڵێکیدا بەجۆرێک تەمسیلى ئەو حەقیقەتانە بکات کە باوەڕى پێیانە، هەتا ئەو کەسانەى دەیبینن خوایان بیربکەوێتەوە. هەرچەندە لەمڕۆدا کەسانێک زۆرن کە فەرمانە تەکوینییەکان دەخوێننەوە، لە زانستەکاندا پێشدەکەون و دەبنە خاوەنى زانیارى، وەلێ ژمارەى ئەوانەى کە بەگوێرەى بیروباوەڕى خۆیان دەژین زۆر کەمن. خەڵک لەم بوارەدا نموونەى زۆر کەم دەبینن. ئەوانەى کە وەک موسڵمان دەردەکەون بیروباوەڕەکەیان لە ژیانیاندا ڕەنگ ناداتەوە. لەحاڵێکدا گرنگ تەمسیل و بوون بە نموونەیە.

دەکرێت سیستەمیی فەلسەفیی زۆر کامڵ بخەیتە گۆڕێ. دەقى ئەدەبى بەرهەم بهێنیت. لە زانستە جۆراوجۆرەکاندا قەڵەم بخەیتە سەر کاغەز. وتارى ڕەوانێژانە بدەیت. یوتۆپیا دابڕێژیت و بینووسیت. بەڵام گەر ئەوەى کە لە دەم یان قەڵەمەکەت هەڵدەوەرێت نەژیت، ناتوانیت بچیتە ناو دڵانەوە و کاریگەر ببیت. ئەوەتا هەتا ئێستا چەندین یوتۆپیا خراوەتە مەیدان. چەندێ قسەى ڕازاوە کراوە، چەندەها فەلسەفە پەرەیان پێدراوە، بەڵام دونیایەک بەگوێرەى ئەمانە ڕێکنەخراوە. بەڵام ئەو پەیامە ئیلاهییەى کە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هێناویەتى، لەسەروو هەموو ئەو شتانەى کە لە یوتۆپیاکاندا باسکراون، نموونەیەکى خستووەتە گۆڕێ و هەتا ئەمڕۆش کاریگەرییەکەى بەردەوامە. تەنانەت لە ڕۆحە مردووەکانى ئەمڕۆیشدا کە خۆیان داوە بەدەم دوورى و نەبوونەوە، هێشتا هەست بە زیندوویەتییەکەى دەکرێت. چونکە ئەو (أسوة حسنة) بوو، لە هەموو ڕوویەکەوە نموونە بوو.

بەخیلى پێبران

ئەوەى کە پێنج سەدە، تەنانەت لە ڕوویەکەوە هەشت سەدەیە لێمان ونبووە، لاوازبوونى هێزى تەمسیلە. گەرچى لە سەردەمەکانى سەرەتاى عوسمانى و سەلجوقییەکاندا، یان ئەییوبى و زەنگییەکان و ئیلهانییەکاندا جاروبار پاڵەوان لە بوارى هێزى تەمسیلدا پێگەیشتوون. بەڵام ئەمانە نەفەسدرێژ نەبوون. بە تێپەڕینى کات لە تەمسیلدا پاشەکشە ڕوویداوە، ڕووخان دەستى پێکردووە و لەکۆتاییدا بووین بەژێر داروپەردووەوە. وەک بەدیعوززەمان ئاماژەى بۆ دەکات، گۆڕاوین بە گۆڕى بزۆک. هەر بۆیە کاریگەریش لەناوچووە. لێرەدا ئەرکى ئێمە ئەوەیە موسڵمانێتى زیندووبکەینەوە بەوەى بەپڕى، بەبێ تەنازول و وازهێنان لە هیچ بەشێکى، بەشێوەیەکى ئیرەیی بزوێن پیادەى بکەین.

نابێت لە موسڵمانێتییەکەمان شەرم بکەین. نە لە نوێژ و لە نیاز و نە لە بیرکردنەوە و نە لە شێوازى ژیان و نە لە بیروباوەڕماندا شتێکى تێدا نییە شایانى شەرم بێت. نابێت بەستنى دیالۆگ لەگەڵ کەسانى تر، تەوقەکردنمان لەگەڵیان و دانیشتن لەگەڵیان لەسەر هەمان سفرە، زیان بە تەمسیلەکەمان بگەیەنێت. دەبێت جوانییەکانى دینەکەمان سەرەتا بکەین بە موڵکى سروشتمان، ئەگەر کەموکورتییەکمان هەبێت پڕى بکەینەوە، پاشان بەهاکانمان لە هەموو ژینگەیەکدا تەمسیل بکەین. ئیدى ئەوکات قەناعەتبەخش و متمانەپێکراو دەبین. دەبێت لەبیرمان نەچێت دە پاڵەوانى بوارى تەمسیل کە خاوەنى ئیمانى پتەون و بیروباوەڕەکەشیان بەکامڵى جێبەجێ دەکەن، لە هەزار وتاربێژ کە قسەى ڕازاوە دەکەن، لە هەزار ئەدیبى دەست بە قەڵەم کاریگەرتر دەبن.

ئەگەر لامان وابێت بە لێچوون لە کەسانى تر، لە بەرچاویان شیرین دەبین و خۆمان خۆشەویست دەکەین، بەهەڵەدا چووین. ئەوانەى کە بەم بیرەوە ڕەفتاردەکەن، بەپێچەوانەى مەبەستەکەیانەوە زلـلە دەخۆن. دەبێت واز لە ئێرەیی بردن بە کەسانى تر بهێنین، بەڵکو خۆمان بەجۆرێک بژین کە کەسانى تر ئێرەییمان پێببەن. دەبێت لە بابەتى خۆبوون و مانەوە وەک خۆدا جێگیر و دامەزراو بین. ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو بین، ئەگەر بتوانین بەشێوەیەکى شاییستە بەهاکانى خۆمان تەمسیل بکەین و سیستەمى بەرگریمان بەهێز بێت، ئەوا پێویست ناکات بترسین لە تەماس لەگەڵ کەسانى تر. چونکە بەم جۆرە بە ئیزنى خوا شتێکمان لەدەستناچێت. ئەوانەى کە لەم بابەتەدا دەترسن، لەوانەیە دەرگا و پەنجەرەیان بەتەواوەتى دابخەن و خۆیان مەحکومى تەسکى یان بێهەوایی بکەن. بەڵام ئێمە ئەو فراوانییەى کە خوا لەبەردەمماندا کردوویەتییەوە بۆچى تەسک بکەینەوە؟!

ئیخلاص و صەمیمییەت لە تەمسیلدا

بەڵێ، ئەگەر دەمانەوێت ئەو بەهایانەى باوەڕمان پێیانە لاى خەڵکیش قبووڵکراو بن، دەبێت وەک پێویست تەمسیلیان بکەین و ڕەنگدانەوەیان لە هەڵسوکەوتەکانماندا دەستەبەر بکەین. بەڵام لەمەشدا نابێت خۆمان تووشى ڕەفتارى دەستکرد و زۆرلەخۆکردن بکەین. ئەگەر بە نییەتى پیشاندانى لایەنە باشەکانمان بە خەڵک بکەوینە ڕێ، کاریگەریی تەمسیل دەشکێت. لەبەرئەوەى ڕییا و سومعە تێکەڵ بەو هەڵسوکەوتانە دەبن کە مەبەست لێیان پیشاندانى دیمەنێکى جوان و باش بێت بۆ خەڵک، هێزى ئیخلاص لەناودەچێت. لە تەمسیلدا ئەساس وایە خۆمان تووشى لاوازییەکانى وەک گوزارشتکردن لە خود نەبین، ئەگەر هەندێک جوانیشمان هەبێت ئەمانە بەشێوەیەکى فیترى و صەمیمى لە حاڵ و کردەوەکانماندا ڕەنگ بدەنەوە.

کاتێک مەبەست و ئیرادە تێکەڵ بە هەندێک دۆخ دەبن، ڕۆحى ئیخلاص دەکوژێننەوە. بۆ نموونە، خۆبەکەمزانى و خاکیبوون لە بابەتى ڕەوشتى جواندا لە گرنگترین خەسڵەتەکانى ئیماندارن. بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوەیە خۆبەکەمزانى ببێت بە موڵکى تەبیعەتى مرۆڤ و لە ژیاندا بەشێوەیەکى سروشتى لە حاڵ و بارەکاندا ڕەنگبداتەوە. کەسێکى لەم جۆرە پێویستى بە هەوڵى تایبەت نییە بۆ ئەوەى وەک کەسێکى خاکى دەربکەوێت. ئەم هەستەى کە لەناویدایە لە خۆیەوە لە حاڵ و جووڵەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. دەنا نییەت هێنان لە خۆبەکەمزانى، تێکى دەدات. گەر کەمێک ئیرادە تێکەڵ بە هەڵسوکەوتەکانمان ببێت، ڕۆحى کارەکە دەکوژێت. دەکرێت ڕەوشتە جوانەکانى دیکەش لەسەر ئەمە بەراورد بکەن. گرنگ ئەوەیە ئەمانە لە ڕۆحدا هەرسبکرێن و بکرێن بە دەنگى ناخ. لەم دۆخەدا تەنانەت کەسانێکیش کە تا ئێستا لەگەڵتان ڕووبەڕوو نەبوونەتەوە دەکەونە ژێر کاریگەریتانەوە.

ئینسان دەبێت ئەو ڕاستییانەى کە باوەڕى پێیانە بەجۆرێک هەرسبکات، بەجۆرێک بیانکات بە ڕەنگ و نەخشى ڕاستەقینەى سروشتى خۆى کە هەمیشە لەسەر هەمان ڕێ بڕوات و هەمان کاردانەوەى هەبێت. نابێت لە ڕەفتار و مامەڵەکانیدا زیکزاک هەبن. ئێوە پێى بزانن یان نا، بەردەوام و بەدرێژایی ژیان لەلایەن کەسانى چواردەورتانەوە تاقیدەکرێنەوە. مرۆڤەکان بەدوودرێژى لە حاڵ و ڕەفتارەکانتان دەڕوانن و بەم پێیە ئێوە لە پێگەیەکدا دادەنێن. بیربکەنەوە کە تەنانەت موشریکەکانیش شایەتییان دەدا لەسەر متمانەپێکراویی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم). چونکە ئەوان وردبینیان خستبووە سەر ژیانى ئەو هەتا تەمەنى چل ساڵى، لەم ماوە درێژەشدا شایەتحاڵى وتەیەکى ئەو نەبوون کە پێچەوانەى ڕاستى بێت و مامەڵەیەکى هەڵەیان لێنەدیوە. تەمسیلى کامڵى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) چەندین دڵى وەک بەردى تواندووەتەوە، چەندین دڵى نەرم کردووە، چەندن سەرکەشى هێناوەتە سەر چۆک.

پاڵەوانانى ئیڕشاد و تەبلیغیش لەم ڕۆژگارەدا دەبێت لە بابەتى جێبەجێکردنى ئەو بەهایانەى کە باوەڕیان پێیە، هەتا ڕادەى خۆپڕووکاندن و مردن تێبکۆشن، وەک نموونەى باڵاى ڕاستڕەوى و پاکداوێنى و بێگەردى بژین. چونکە ئەوان بە پێگەیەکى لەم جۆرە دەگەن، متمانە و دڵنیایی بەسەر چواردەوریاندا دەبەخشنەوە. گوێ لە قسەیان دەگیرێت. خەڵک کە دەیانبینن دەڵێن “ئەم کەسە شایانى ئەوەیە شوێنى بکەویت.” لەمڕۆدا کە تەنانەت ئیسلام بەشێوەیەکى نیوەناچڵ نوێنەرایەتى دەکرێت، دەبینین چ کاریگەرییەک لاى بەرامبەرەکان جێدەهێڵێت. خۆ ئەگەر بەشێوەیەکى شاییستە تەمسیل بکرێت، مەگەر خوا بزانێت دڵەکان چۆن فەتح دەکرێن. گەر خۆمان لە ڕییا و خۆدەرخستن و دووڕوویی ڕزگاربکەین، تەنانەت لە خەیاڵ و تەسەووریشمان دەریان بکەین و ژیانى ڕێک و ڕاست بژین، ئەوا ئەو مژدەیەى کە لە سوورەتى (النصر)دا دراوە بەتەواوى شکۆمەندییەوە دەردەکەوێت.

[1] سنن ابن ماجه، الزهد، 5.

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo