پشتگیرى لە ستەملێکراو

پشتگیرى لە ستەملێکراو
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

موسڵمانان، هەتا دەگات بە ڕۆژگارى ئەمڕۆ، لە بابەتى تێگەیشتن و پیادەکردنى بەها و ڕەهەندە ئیسلامییەکاندا تا ئەم ڕادەیە لە غوربەتدا نەژیاون. هیچ کاتێک هێندەى ئەمڕۆ وەک مێگەلیان لێنەهاتووە، بە شوێن هەندێک غافڵ و زاڵم و ئەشرافدا ڕاپێچ نەبوون. بەپێچەوانەوە، لەپێناو پاراستنى بوون و یەکێتى و خاک و دین و بەهاکانیاندا ئاگامەندانەتر ڕەفتاریان کردووە. بۆ نموونە، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە هێرشى خاچپەرستان هاتوون، دەوڵەى عوسمانى پارچە پارچە بووە، شەڕى دەستەویەخە لەگەڵ دوژمن ڕوویداوە، خاکى نیشتمان لەلایەن بیانییەکانەوە داگیکراوە، موسڵمانان لە ڕوانگەى بیر و هەستى خۆیانەوە تووشى لادان نەبوون و نەلەرزیون. ئیمان و هیوایان ساغ بوو. هەتا ڕادەى مردن پابەندى بەهاکانى خۆیان بوون. هەوڵیان دەدا مافى مەزهەرییەتى (أحسن تقویم) بدەن. لە ژیانیاندا قورئان و سوننەتیان وەک پێوەر وەردەگرت، هەموو شتێکیان لەم دوو پێودانگە دەدا، هەموو شتێکیان بۆ ئەم دوو سەرچاوەیە دەگێڕایەوە، ڕاست و خواریشیان بەهۆى ئەوانەوە دەستنیشان دەکرد. بەم جۆرە دەیانتوانى دۆست و دوژمن لە یەکتر جیابکەنەوە، هەلومەرجەکانیش هەرچۆنێک بوونایە تەنانەت بەرامبەر بە دوژمنیش دەیانزانى چۆن مرۆڤانە بجووڵێنەوە. ئەو کارەساتانەى بەسەریان دەهات ئەوانى لە (صراط المستقیم) لانەدەدا. هەوڵیان دەدا شوێن ئاسەوارى پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و ساڵحان بکەون و لەسەر شاڕێى ئەوان بڕۆن.

بەڵام ئەم چەرخەى کە ئێمەى تێداین چاخى شوومى بەدبەختییەکانە. خەڵک لە ڕوانگەى بیر و هەستەوە پەرێشانن. ئەوانەى کە لە کەشى ڕووناکى قورئان دوورکەوتوونەتەوە، هەریەکەیان لە دۆڵێکى جیاوازدا دەگەڕێن. ئەوانەى کە بێبەشن لە ئیمانى ڕاستەقینە، لە مرۆڤێتیی ڕاستەقینەش مەحروم بوون. ئەمە پێیشى دەوترێت مەحرومییەت لە (أحسن تقویم) و بەها مرۆییەکان. ئایا هەر لەبەر ئەمە نییە کە ئەو سەرکردانەى کە دڵیان بە سەوداى پلەوپایە تەنراوە، لەپێناو پاراستنى ئەو سەڵتەنەتەى کە هەیانە، هێندە دڕندە دەبن تەنانەت بیر لە لەناوبردنى ئەوانەش دەکەنەوە کە کەمێک نەیارى خۆیانن؟! هەر لەبەر ئەمە نییە کە چەندەها کەس ڕێز و قەڵەم و مرۆڤێتیی خۆیان بە سێ چوار قڕووشى دونیا دەفرۆشن و دەستخۆشى لە ستەمکاران دەکەن؟ هەر لەبەر ئەمە نییە چەندین کەس لەپێناو لایەنگرییەکى وشکدا وەک مێگەل شوێن خەڵکانى تر دەکەون؟

لە چەرخێکى لەم جۆرەدا گەر کەسانێک مافى ئیرادەکەیان نەدەن، دان بە خۆیان نەگرن و ئارام نەگرن، لەو جێیەدا نەوەستن کە پێویستە تێیدا بوەستن و ئەمانەتى دینى ئیسلام بەسەلامەتى بۆ نەوەکانى داهاتوو نەگوازرێتەوە، ئەوا  لە دەستى چەتەکاندا دەبێت بە شتومەکێک کە دەکرێتە قوربانیی سیاسەت. بە دەربڕینێکى جیاواز، لە ڕۆژگارێکدا کە دونیا بووە دونیاى ئەو شێتانەى کە خۆیان لەناو باوەشى شێتى هاویشتووە، گەر کەسانێک نەیەنەوە هۆشى خۆیان و لەبەر خاترى خوا و لەپێناوى ئەودا نەجووڵێنەوە، ئەوا ئەم سەرەنجامە لەوانەیە بۆ تێکڕاى مرۆڤایەتى کارەساتى لێبکەوێتەوە، ئەو کارەساتانەى کە ئێستا لە هەندێک شوێنى جیهاندان، لەکۆتاییدا تەشەنە دەکەن و هەموو مرۆڤایەتى دەگرنەوە.

لەم ڕۆژانەدا کە کۆى دونیا وەک گڵۆڵەى گرفتەکانى لێهاتووە، ئەگەر دەمانەوێت بەقنجى و بەبێ لەرزین بوەستین و دەستى کەسانى تریش بگرین، دەبێت هەست بە لاوازیی خۆمان بکەین و پشت بە (قادر المطلق) ببەستین و بە هەموو دڵمان ڕوو لەو بکەین. پێویستە هەموو شتێک لەودا ببینین، لەو بزانین، لەودا ببیستین، دەربارەى ئەو بدوێین، باسى ئەو بکەین، ڕوانینەکانمان لەسەر ئەو چڕبکەینەوە. دەبێت لەپێناو خوادا کاربکەین، لەپێناو خوادا دەست پێبکەین، لەبەر خاترى خوا بدوێین، لەبەر خاترى خوا بگەڕێین، لەبەر خاترى خوا ببەخشین، لەبەر خاترى خوا وەربگرین، لەبەر خاترى خوا بەرگەى ئەو شتانە بگرین کە دەبێت بەرگەیان بگیررێت، ئەگەر پێویستى کرد دەبێت لەبەر خاترى خوا بمرین، هەموو کارێکیشیمان بەگوێرەى ڕەزامەندیی ئەو ئەنجام بدەین. چونکە کەسێک کە دڵى بە ئەو داوە ئاخ و داخ لە دەست بەڵا ناکات، لەهەمبەر ناڕەحەتییەکانەوە دەزانێت چۆن بەرگە بگرێت و دان بە خۆیدا بگرێت. کەسێک کە بە هەموو دڵى ڕووى لەو کردووە تووشى پەرتەوازەیی لە ڕوانیندا نابێت، بۆیە لە شیکردنەوەکانیشیدا دووچارى هەڵە نابێت. کەسێکى لەم شێوەیە بە پشتى دەستى پاڵ بە هەستەکانى بینران، بیستران، ناسران و ستاییشکرانەوە –کە نەقیزەکانى نەفسن- دەنێت و ئەمانە وەک جۆرێک لە نەخۆشیی ڕۆحى دەبینێت. پەنا بە خوا، ئەوانەى کە نەخۆش کەوتوون، لەو خاڵەدا کە دەبێت نزیکترین بن لە خواوە لەوانەیە زۆر لەو دووربکەونەوە.

ئەمڕۆ چەتە و جەردەکان هەموو سەر سووچەکانیان گرتووە. ئەمانە وەک چۆن هەڵدەکوتنە سەر ماڵ و موڵکى خەڵک، بەهاکانیشیان زەوت دەکەن. ناهێڵن خەڵک ئازادانە دین و بیروباوەڕى خۆیان بژین و باسى بکەن. تێدەکۆشن ڕێگە لەو خزمەتە خێر و چالاکییە جوانانە بگرن کە بۆ مرۆڤایەتى دەکرێن. بە کەیفى خۆیان ستەم و غەدر لە خەڵک دەکەن. بە فیتنە و فەسادەکەیان خێزانەکان پارچە پارچە دەکەن، تاکەکانى کۆمەڵگا لە یەکتر دادەبڕن. بە هێز و زۆر و فشار و توندوتیژى هەموان چاوترسێن دەکەن. بەهۆى ئەو نەخۆشیی “پارانۆیا”یەى کە هەیانە، لە هەموو دەنگ و قسە و جووڵەیەک دەترسن، ئەگەر لە ملیۆندا هەست بە مەترسییەک بکەن هەموو جۆرە خراپەیەک دەکەن بۆ لەناوبردنى ئەو مەترسییە.

لە دونیایەکى لەم شێوەیەدا کە ئەم هەموو خراپەیەى تێدایە، ستەملێکراو و مەغدور کەم نابێت. سەردەمانێک بۆ بەدەمەوەچوونى مەغدورەکان ڕێکخراوێک بە ناوى “کیمسە یۆک مو- کەسێک نییە؟” دامەزرێنرا. لەسایەى ئەم ڕێکخراوەدا یارمەتى هەموو ستەملێکراو مەغدورێک دەدرا لە هەر جێیەکى جیهاندا بووایە. لە ڕوانگەى ڕێزگرتن لە مرۆڤەوە تەماشاى بابەتەکە دەکرا، جیاوازیی لەنێوان دین و مەزهەب و مەشرەب و ڕێبازدا نەدەکرا و دەستى یارمەتى بۆ موحتاجان درێژدەکرا. هەندێک جار قوربانى سەردەبڕرا و دابەش دەکرا، هەندێک جار دەچوون بە دەم ئەو شوێنانەى کە ئافەتێکیان بەسەرهاتبوو، بیرى ئاو بۆ خەڵکى ئەفریقا لێدەدرا، یارمەتیی خۆراک پێشکەش بە هەژاران دەکرا، ماڵ و خانە بۆ بێکەسان دروست دەکرا. هەموو ئەم شتانەش لە ڕوانگەى هەستێکى مرۆڤانەوە هەوڵدەدرا ئەنجام بدرێن. بەداخەوە زاڵمان کە حەسوودیی بەسەریاندا زاڵبوو، قفڵیان لەم دامەزراوە خێرخوازییانە دا و بوون بە هۆکارى بە تەنیا جێهێشتنى بێچارە و موحتاجەکان.

لەمڕۆدا لە هەموو شوێنێکى دونیا خەڵکانێک هەن کە چاوەڕێى یارمەتین. تەنها لە تورکیادا دەیان هەزار کەس خاوەنى ئیش و کار بوون و بەشدارییان لە چالاکییە خێرخوازییەکاندا دەکرد غەدریان لێکرا و خۆیان کران بە موحتاج. هەندێکیان ئەو ماڵ و موڵکەى کە بە ئارەقى نێوچاوان و بە چەندین ساڵ کۆیان کردبووەوە لێیان زەوت کرا، هەندێکیان لە پیشەکانیان دەرکران، هەندێکیان بەناهەقى زیندان کران، هەندێکیش هەرچییەکیان هەبوو بەجێیان هێشت و کۆچیان بۆ وڵاتانى بیانى کرد. دەرەنجام دونیایەک خەڵک موحتاجى یارمەتى کران. هەنووکە ئەرکى سەرشانى ئێمە ئەوەیە وەک ئەنسارییەکانى مەدینە بجووڵێینەوە و یارمەتییان بدەین. ئەگەر ڕێکخراوى “کەسێک نییە؟” بە ناو داخراوە، وەلێ لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا دەکرێت بەردەوامیی بە فەرمانەکەى بدرێت. لەپێناو ئەوەدا کە دەستگیرۆیی هەموو ستەملێکراو و مەغدورەکان بکرێت بەبێ جیاوازیی ڕەنگ و ڕەگەز، دەکرێت لە وڵاتانى تریشدا دامەزراوەى هاوشێوە بکرێتەوە.

لە ئێستادا ئیمکانییەتەکان بەشى هەموو بەشخوراوەکان ناکەن. بۆیە ئەو فیداکارانەى کە لە وڵاتە جیاوازەکانى دونیادان، پێویستە لەم بابەتەدا هەڵمەتێکى فراوان ڕابگەیەنن. بەتایبەت بەشداریکردنى  ئەوانەى کە وەختى خۆی کۆچیان بۆ شوێنە جیاوازەکان کردووە، لەوێ کاریان دامەزراندووە و بوون بە خاوەنى ئیمکان، گرنگییەکى تایبەتى هەیە. چونکە دەستگیرۆیی ئەوانەى کە بەناهەق بەند کراون، دووچارى ئەشکەنجە کراون، ئیعتیباریان شکێنراوە و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیراوە، پێویستە بۆ ئێمە گەورەترین وەزیفە بێت. ئەوەتا ئەوانەى کە لەتاو ستەم لە وڵاتى خۆیان هەڵدێن، لەو وڵاتانەدا کە کۆچیان بۆ دەکەن، کەسانێک کە هەر ناشیانناسن باوەشیان بۆ دەکەنەوە، تەنانەت هەندێکیان بەبێ ئەوەى داواى کرێیان لێبکەن ماڵى خۆیان پێدەدەن. زیاتر لەم جوامێرییەى ئەوان دەکەوێتە سەرشانى ئێمە. موسڵمان خاوەن بەزەیی و میهرەبان و جوامێرە. بەتایبەت ئەگەر خۆى بۆ خزمەتى ئیمانیش تەرخان کردبێت!

صەحابییە ئەنسارەکان باوەشیان بۆ کۆچبەرەکان کردەوە، لە ماڵی خۆیاندا میواندارییان لێکردن، تەنانەت هەندێکیان برا کۆچبەرەکانیان کرد بە هاوبەش لە باخەکانیاندا. لەمڕۆشدا دەبێت پەرە بەم هەستە بدرێت، کەمپەینى جیاواز بۆ یارمەتیدان سازبکرێت. لەوانەیە لە سەرەتادا نەتوانین هەڵمەتێک بەو جۆرەى کە ئارەزووى دەکەین ئەنجام بدەین. بەڵام ئەگەر ئێمە لە سەرەتادا هەستەکانمان بۆ سێ چوار کەسى صەمیمى دەرببڕین و باسى مەزڵومییەت و مەغدورییەتەکان بکەین، ئەوا بە تێپەڕینى کات ئەم خێرە فراوانتریش دەبێت. سەرەتاى خزمەتیش هەر بەم جۆرە دەستى پێکرد. ئەو هیممەتانەى کە پێنج و دە کەس دەستیان پێکرد، دواتر بە بەشداریی هەزاران و دەیان هەزار کەس بەردەوام بوون و باوەڕدان تێکەڵ بەم پێشبڕکێى خێرە بوون. دەرەنجام خەڵکانى سەخاوەتمەندى ئەنادۆڵ لە سەد و ئەوەندە وڵاتى دونیادا قوتابخانە و دامەزراوەى پەروەردەییان کردەوە. بەداخەوە لە ئێستادا ئەوانەى ئەم فیداکارییەیان ئەنجامدا، مامەڵەیەکیان لەگەڵدا دەکرێت کە بە دڕندە و بکوژەکانیش ڕەوا نابینرێت.

ئیمان و متمانەیەکى وامان بە خوا هەیە کە ڕۆژێک دێت خوا هەزار جار ستەمکاران لەوەى کە دەیکەن پەشیمان دەکاتەوە. بەڵام هەتا ئەو کاتەى ئەو ڕۆژە دێت، یارمەتیدانى ستەملێکراو، بەشخوراو، ناچارکراو بە کۆچ، بەندکراو و بێچارەکان، هەنگاوێکى زۆر گرنگە بەرەو هاودەمیی خوا دەنرێت. ئەگەر بیر لەوە دەکەنەوە کە لە خواوە نزیک بن و هاودەمى ئەو بن، دەست بۆ ئەوانە درێژبکەین کە لە تەنگانە و نەبوونیدان. من هەتا ئێستا نەمویستووە لە دونیادا تەنانەت کووخێکیشم هەبێت. بەڵام لەم ڕۆژانەدا بە خەیاڵمدا دێت و دەڵێم: خۆزگە هەندێک شتم دەبوو و هیچ نەبێت پێداویستیی پێنج و دە کەسێکم بۆ ماوەى ساڵێک دابین دەکرد و کەمێک دڵم خۆشدەکردن. بەم جۆرە ئومێدم زیاتر دەبوو کە لە حزوورى خوادا شەرمەزار نەبم.

لەبەرئەوەى ستەمکاران لە تورکیا جەنگى زەوتکردنیان ڕاگەیاندووە، دەستیان بەسەر تەواوى ماڵ و موڵکى ئەوانەدا گرتووە کە کردوویانن بە ئامانج. لەبەرانبەر ئەمە کەسە ناتێگەیشتووانەدا هێشتنەوە تەواوى تواناى دەرکمان بەزیندوویی، دەستگیریی کەوتووەکان و هەستاندنەوەیان، تێرکردنى برسییەکان، هێورکردنەوەى گریاوەکان، کردنەوەى دەرگا بە ڕووى ئەوانەدا کە دەرگایان لێداخراوە، دڵخۆشکردنى ئەوانەى کە بەحوزنەوە دەناڵێنن، ئەرک و وەزیفەى سەرشانمانە. یارمەتیدانى ئەو پاڵەوانانەى کە ئۆباڵى ئاسانکردنى کارى زاڵمان نەهێناوەتە سەر خۆیان، لەپێناو سێ چوار قرووش بەرژەوەندیی دونیادا دەست و دامێنیان ماچ نەکردووە، نەچوون داواى لێبوردن بکەن، هەموو جۆرە یارمەتییەکى زاڵمیان بە پشتى دەست تووڕداوە، چاوەڕێى هیچیان لێناکەن و ڕێک و قنج لەو جێیەدا وەستان کە دەبێت تێیدا بوەستن، گرنگترین ئەرکە کە لە ئێستادا بکرێت. خواى گەورە لە ئەنجامدانى ئەم ئەرکەدا سەرکەوتوومان بکات.

ئەو ناتێگەیشتووانەى کە عەقڵیان تەسلیمى شەیتان کردووە، وا دەزانن کە بە ئەزێت و زوڵم و ئەشکەنجە و فشار دەتوانن خەڵک بەرەو لاى خۆیان کێشبکەن. لەحاڵێکدا ئیماندارانى ڕاستەقینە کە ئیمانیان بە خوا و پێغەمبەرەکەى (صلى الله علیە وسلم) هێناوە، تەنها چاوەڕێى یارمەتى و پشتگیرى لە “ئەو” دەکەن و خاوەنى ئیزعان و یەقینن، ئەگەر مەحکوم بە خواردنى ڕەگ و ڕیشەى درەختەکانیش ببن، تەنانەت لە برسانیش بمرن، دەست و دامێن ماچ ناکەن و مل بۆ زاڵم کەچ ناکەن. ئەوان لەو جێیەدا کە دەبێت دان بە خۆیاندا بگرن ئارام دەگرن، دەزانن چۆن سنگ لە گشت ناڕەحەتییەکان دەربپەڕێنن. لەبەرانبەردا ئەوەى کە ئێمەش ئەو برایانەمان بەتەنها جێنەهێڵین کە ستەمکاران ستەمیان لێکردوون و ئەگەر پێویستى کرد کراسى بەرى خۆمان بفرۆشین، داخوازى مافى برایەتى و ڕۆحى ئیسارە.

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo