لە نیوەى ڕێ جێماوەکان و ڕێبوارە نەفەسدرێژ و نەلەرزەکان

لە نیوەى ڕێ جێماوەکان و ڕێبوارە نەفەسدرێژ و نەلەرزەکان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

ڕووناکبوونەوەى دونیاى ناوەوەى مرۆڤ بە نوورە ئیلاهییەکان شتێکى زۆر گرنگە. کەسێک کە دونیاى ناوەوەى بە نوورەکانى حەزرەتى (نور الأنوار) ڕۆشن نەبووەتەوە، مەحکوم بە تاریکى دەبێت و ئەم تاریکییە بە تێپەڕینى کات تەواوى ئاسۆى دادەپۆشێت. ئەگەر ڕێگاکەى لێوانلێو بێت لە مەشخەڵ و بلاجکتۆریش، کەسێکى لەم جۆرە لە خۆدان بە ڕاست و چەپ و هەڵنووتین لە بەرد و دار ڕزگارى نابێت. مرۆڤێک کە دونیاکەى تاریک و چەپەڵە، بیر و هەستەکانى، گوفتار و ڕەفتارەکانیشى بەگوێرەى ئەمە شێوە وەردەگرن. لە دۆخێکى لەم جۆرەدا دڵ دەدۆڕێت و ڕۆحیش ئاوارە دەبێت. لەم حاڵەتەدا ئینسان ناتوانێت تێبگات لەوەى لە چ تاریکییەکدا دەژى و وا دەزانێت هێشتا لەناو هەرێمێکى ڕۆشندایە؛ بەڵام بەهەڵەدا دەچێت.

خواى گەورە لە ڕێگەى ئەو کتێب و پێغەمبەرانەوە کە ڕەوانەى کردوون مرۆڤەکانى لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکى ڕزگارکردووە. چەندین کەس بەرەو ئەو نوورە ڕۆیشتوون و ئاوێتەى بوون. بەڵام هەندێک لەمانە دواى ماوەیەک بە هۆکار و بیانووى جۆراوجۆر دەستیان بە دوورکەوتنەوە لەم نوورە کردووە و سەرلەنوێ خۆیان مەحکوم بە تاریکى کردووەتەوە. لە حەزرەتى ئادەمەوە تا ئێستا، تەنانەت لەناو ئەوانەشدا کە شوێن پێغەمبەران کەوتوون کەسانێک هەبوون کە لە نیوەى ڕێدا هەڵوەریون. ژمارەى ئەو زوڵمەتزەدانەى لەدواى چوونە ناو کەشى نووارانیی پێغەمبەرە مەزنەکان و کە دیسان گەڕاونەتەوە و بوونەتە قوربانیی تاریکى، هێندە زۆرە کە لە ژماردن نایەت. ئەم ڕۆحە تاریکانە کە لە نوورى ئیلاهى دوورکەوتوونەتەوە، دواى ماوەیەک بوون بە تۆڕى دونیا، جیسمانییەت، شەهوەت، ماڵ و موڵکەوە و هەم دونیا و هەم ئاخیرەتى خۆیان وێرانکردووە. لە ساڵانى دواى چەرخى بەختەوەرى، هەندێک لەوانەى کە بە فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) گەیشتبوون و لەدواى ئەوەوە نوێژیان کردبوو، زریانى هەڵگەڕانەوە بێبەختانە لەگەڵ خۆى بردنى. نابێت ئەمانە لەگەڵ مونافقەکان تێکەڵاو بکرێن. چونکە ئەمانە مونافق نەبوون؛ ئیمانیان هێنابوو، بەڵام لەبەرئەوەى لە خاڵێکى ڕێگاکەدا سەریان سووڕابوو، ڕوانینیان لێڵ بووبوو، هەرچەندە لەسەر ڕێى ڕاست دەڕۆیشتن، کەچى بەرەو توولەڕێکان لایاندا و لە ڕێگا جێمان.

ئینسان زۆرجار هەست بە تاریکییەکانى ناو دونیاى ناوەوەى ناکات. لەو ڕێیەدا کە پێیدا دەڕوات، هەست بە زیکزاک و ناڕێکییەکانى ناکات. بینینى ناتەواوى و ناڕێکییەکانى تەنها بەوە مومکین دەبێت کە لەگەڵ خۆى ڕووبەڕوو ببێتەوە و بەجددى موحاسەبەى خۆى بکات. بۆیە زۆر گرنگە بەردەوام داواى ڕاستڕەوى بکەین و پەنا بە خوا بگرین لە پێ خزان و کەوتن.

یەکێک لەو دوعایانەى کە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەزۆرى کردوونى ئەمەیە: (يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ ثَبِّتْ قَلْبِي عَلى دِينِكَ) “ئەى ئەو خوایەى کە دڵەکان ئەمدیو ئەودیو دەکەیت! دڵم لەسەر دینەکەت جێگیر بکە.”[1] هەرچەندە دەتوانرێت لە ڕوانگەى ئەوەوە تەماشاى ئەوە بکرێت کە ئەو وەک (أقرب المقربین) داوای دۆخێکى تایبەتى کردووە بۆ دونیاى ناوەوەى، بەڵام ڕوانین بۆ ئەم دوعایە لە ڕوانگەى ڕابەرایەتیی ئەوەوە بۆ ئوممەتەکەى کە خۆى لە فێرکردن و یادخستنەوەدا دەبینێتەوە، لام وایە گونجاوتر بێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەم دوعایەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) پێمان دەفەرمووێت: “ئەگەر تەنانەت منیش ڕۆژانە داواى شتێکى لەم جۆرە لە خوا بکەم ئەوا ئێوە دەبێت خەمى خۆتان بخۆن، لە بابەتى ژیانى ڕاستڕەویدا پێویستە هەوڵێکى زۆر جددى و هەستیارانە بدەن.”

سووڕى مێژووى دووبارە

ئەو کەسانەى کە بە پشتبەستن بە حەول و قووەتى خوا دەڕۆن، لە هیچ قۆناغێکدا، تەنانەت لە هەلومەرجە زۆر سەختەکانیشدا، لە نیوەى ڕێ جێنامێنن. نە جوانییە سەرنجڕاکێشەکانى دونیا توانیویەتى ئەوان لە ڕێى خۆیان هەڵبگێڕێتەوە، نە زوڵم و زۆرى ستەمکارانیش. بەپێچەوانەوە، هەلومەرجەکان چەند دژوارتر بووبن، ئەوان هێندەى تر خێراتر بوون، لە ئیخلاصدا قووڵتر بوونەتەوە. لەکۆتاییشدا ئەوانەى کە لە جێى خۆیاندا جێگیر ماونەتەوە بردوویانەتەوە؛ ئەوانەش کە سیستەمى بەرگرییان لاواز بووە، بەرگەى فشارەکانیان نەگرتووە، ملیان بۆ زاڵم کەچکردووە و دۆڕاندوویانە. ئەوان گەرچى لە دونیادا هێندەى چەند هەناسەیەک بە ئیسراحەتێکى کاتى گەیشتوون، وەلێ لە ئاخیرەتدا لەم جۆرە سەرزەنشتەى خواى گەورە ڕزگاریان نابێت: “چ خراپەیەکى ڕێگاکەى منتان دیوە وا لێى هەڵگەڕانەوە و سەرتان بۆ زاڵم نەوى کرد؟!”

بەڵێ، لە چوارچێوەى سووڕى دووبارەى مێژوودا، ئەو شتانەى کە دوێنێ ڕوویانداوە ئەمڕۆش ڕوودەدەن. عادەتى ئیلاهیی نەگۆڕ، لە سەرجەم جەماعەت و کۆمەڵگاکاندا حوکمى خۆى بەڕێدەکات. ململانێى نێوان “فاوست” و “مێفیستۆ” لە کاتى حەزرەتى ئادەمەوە بەردەوامە. ئەو ئیماندارانەى کە ئیمانێکى پتەویان بە خوا هەبووە بەتوندى دەستیان پێوە گرتووە، بەبێ گوێدان بە مەحرومییەتەکان لەسەر ئەو ڕێگایەى کە باوەڕیان پێیەتى لە ڕۆیشتن بەردەوام دەبن. وەلێ کەسانێک کە ئیمانیان لاوازە لەبەرانبەر هێز، دەسەڵات، مەقام، پلەوپایە و نیعمەتەکانى دونیاوە وەک بڵێیت ژەهراوى دەبن و لە خاڵێکى ڕێگاکەدا هەڵدەوەرێن. بەجۆرێک، ئەو بەهایانەش کە باوەڕیان پێیانە دەکەن بە ئامڕازى سەڵتەنەتى دونیاییان. بەشێوەیەکى “ماکیاڤێلى”یانە دەجووڵێنەوە، تەرکیز دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانیان، تەنانەت پۆشاکى دینیش بۆ ستەم و وەحشێتییەکانیان دەدۆزنەوە. لەپێناو وابەستەییان بە بتەکانیان کە کردوویانن بە میحراب، جەفایەک بە خەڵک ڕەوا دەبینن کە بە عەقڵدا نەهاتووە.

بەڵێ، بەجێمان لە نیوەى ڕێدا ڕووداوێکى ناخۆشى وەها بووە کە لە هەموو قۆناغێکى مێژوودا ڕوویداوە، بەڵام گەر بڵێین ئەمڕۆ مەترسییەکە گەورەتریش بووە هەڵە نابێت. لە ڕۆژگارێکى وەک ئەمڕۆدا کە خۆپەرستى فووى تێچووە، خۆشویستنى دونیا خەڵکى سەرخۆش کردووە و ژیانى دونیا بە زانین و ئەنقەست بەسەر ژیانى ئاخیرەتدا هەڵدەبژێررێت، مرۆڤى ئەمڕۆ لەژێر مەترسییەکى گەورەدایە. نیعمەتەکانى دونیا و شەهوەتى هێز و دەسەڵات سەرى چەندین کەس دەسووڕێنێت و چەندان کەس ژەهراوى دەکات. ئەمانە لەوانەیە سەردانى مزگەوتیش بکەن، نوێژ بکەن و ڕۆژوو بگرن، بەڵام ئیمان بە ئاخیرەت و خەمى لێپرسینەوەیان لە خۆیاندا هەڵنەگرتووە. جگە لە بەردەوامیدان بە باقوبریق و سەڵتەنەت و دەسەڵاتە دونیاییەکەیان، هیچ خەم و کێشەیەکى تریان نییە. ئەم جۆرە کەسانە ڕەفتارى دووڕووانە دەنوێنن، زۆر بەئاسانى درۆ دەکەن، خەڵک دەخەڵەتێنن. ئەوانەى کە وەک بەربەستێک لەبەردەم سەڵتەنەتەکەیاندا دەیانبینن، یان بە بەڵێنە دونیاییەکان بەرەو لاى خۆیان کێشیان دەکەن، یان دەست لە کردنى هەموو جۆرە ستەمێک بەرانبەریان ناپارێزن. لەسەر ئەو ڕێگا شەیتانییەى کە پێیدا دەڕۆن، لەپێناو دەستەبەرکردنى سەلامەتیی خۆیان، ئەگەر تەنانەت مەلائیکەتیش لە دژیان بوەستێتەوە دەیشێلن. لە ترسى ئەوەى نەوەک ئاییندەى ژیانى زۆر کورتى دونیایان بکەوێتە مەترسییەوە، دونیاى خەڵکانى بێتاوان دەخەنە مەترسییەوە. گاهێ وەک چەتە هەڵدەکوتنە سەر ئەوانەى کە وەک دوژمن ڕایانگەیاندوون و هەرچى لە دەستیاندا بێت لێیان دەفڕێنن؛ گاهێ ئازادییان لێ زەوت دەکەن. بەداخەوە کەسانێکیش کە سیستەمى بەرگرییان وەک پێویست بەهێز نییە، لەبەرانبەر ئەم فیتنەیەى ئەوانەوە دەکرێت ڕێگا و ئاڕاستە بگۆڕن.

براوە و دۆڕاوەکان

ئەرکى سەرشانى ئیماندارانى ڕاستگۆ ئەوەیە لەسەر ئەو ڕێگایەى کە بە ڕاستى دەزانن دامەزراو بن، لەبەرانبەر ئەو زوڵم و فشارەوە کە لێیان دەکرێت –تەنها لەبەر هەندێک بەها کە باوەڕیان پێیەتى- دان بە خۆیاندا بگرن و ئارام بگرن. ئەمڕۆ هەزاران نموونەى ئەمە دەبینین. هەزاران جار سوپاس بۆ خوا کە براکانمان بە ژن و پیاوەوە بەبێ گوێدان بە ستەم و دەستدرێژییەکان پاڵەوانانە ڕاستگۆیی و خۆڕاگریی خۆیان بۆ ئەو بەهایانە دەردەخەن کە باوەڕیان پێیانە. سەریان بۆ زاڵم نەوى نەکرد. بەزەردەخەنەوە پێشوازییان لە بڕیارى مەحکومییەت و بەندبوونیان کرد، بەپێکەنینەوە ڕۆیشتنە ناو زیندانەکانەوە. بە عیبادەت و تاعەت و ئەوراد و ئەزکارەکانیان بەدیخانەکانیان کرد بە خەڵوەتخانە و قوتابخانە. تەنانەت لەو جێیانەشدا کە دەبوو زیان بکەن، قازانجیان کرد. خۆى لە خۆیدا هەتا ئەمڕۆ براوەکان هەردەم مەزڵوم و مەغدورەکان؛ دۆڕاوەکانیش هەمیشە زاڵم و غەددارەکان نەبوون؟ ستەمکاران کە سوارى کۆڵى خەڵک بوون، ماڵ و موڵکیان زەوت کردوون، هەموو جۆرە ستەمێکیان پێ ڕەوا بینیون و بە پاڵنەرى وەهم و پاڕانۆیا جووڵاونەتەوە، چەشنى دونیاى ناوەوەیان، دونیا و ئاخیرەتى خۆشیان تاریک کردووە و گۆڕیویانە بە زیندان.

لەم نێوەندەدا کەسانێکیش هەبوون کە دڵیان لە ڕێگاکەى خۆیان سارد بووەتەوە پاشان مەیلیان بۆ لاى زوڵم کردووە و چەپڵەیان بۆ لێداوە. ئەوان ئەو کاغەزانەیان ئیمزا کردووە کە خراوەتە بەردەستیان، لەژێر ناوى دانپێناندا بوختانیان بۆ کەسانى بێتاوان کردووە. بەم کارەشیان چالاکییە جوانەکانیان کە خزمەتى بە دین و وڵات و دونیا کردووە وەک تاوان پیشان داوە. ئەم کەسانەى وا گومان دەبەن دانیان بە تاوانێکدا ناوە کە لە ڕاستیدا بوونى نییە، بە هەر نییەتێک ئەم کارە بکەن، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەمە بوختانێکى ئاشکرایە و بوختانیش لە گوناهە گەورەکانە. خۆ ئەگەر ئەم گوناهەش بە شتێکى بێخەوش ببینن، ئەوا دۆخەکەیان ترسناکترە. ئەم کەسانەى کە بێتاوانەکان تاوانبار دەکەن و بوختانیان بۆ هەڵدەبەستن، لەکاتێکدا کە دەیانەوێت دونیاکەیان ڕزگاربکەن لەوانەیە بێئەوەى بە خۆیان بزانن ئاخیرەتى خۆیان وێران بکەن.

هەندێک لە ئیماندارە ڕاستگۆ و دڵسۆزەکان وا گومان دەبەن بە خۆ شیرینکردن لاى زاڵم، هەڵکردن لەگەڵى و چوونە ڕیزەکەى، سەلامەت دەبن و خۆیان ڕزگاردەکەن. لەحاڵێکدا زاڵمان گرەویان لە شەیتان بردووەتەوە. بەرانبەرەکانیان زۆرباش دەناسن، نییەت و بیرکردنەوەکانیان زۆرباش دەخوێننەوە. زۆر چاک دەزانن کە نابێت متمانە بە کەسانێک بکرێت کە بوختانیان بۆ هاوڕێکانى خۆیان هەڵبەستووە. جگە لەمە، ستەمکاران وەهمین و پاڕانۆیایان هەیە. لە هەموو شتێک دەترسن. بەرگەى بچووکترین مەترسیش ناگرن. بۆیە دەترسن ئەم جۆرە کەسانە سبەینێ کێشەیان بۆ دروست بکەن و گوزەرگاکەیان بخەنە مەترسییەوە. بۆیە لەدواى سەندنى ئەو شتەى دەیانەوێت، چارەى ئەم کەسانەش دەکەن.

گوێ گرتن لە قسەى کەسانێک کە دونیا دەپەرستن و بەها دینییەکان دەکەن بە ئامڕاز بۆ بەرژەوەندییە دونیاییەکانیان، هەوڵدان بۆ خۆ نزیک کردنەوە لێیان، داواى لێبوردن کردن لێیان و ئەنجامدانى ئەوەى دەیانەوێت، ئاى چ بەدبەختى و چ ئۆباڵێکى گەورەیە! هەتا ئەمڕۆ لەنێو زاتە گەورەکاندا کە خزمەتیان بە بانگەوازى خوا کردووە، ئایا کەسێک بینراوە لەسەر ئەو ئازار و ناڕەحەتییەى کە بەهۆى دین و دیندارییەکەیەوە لێى دەکرێت، داواى لێبوردنى لە ستەمکاران کردبێت؟ دەبێت لەبیرمان نەچێت کە ئاسانکاریی بۆ ستەمى زاڵمیش جۆرێک لە زوڵم. ئاسانکاریی بۆ کەسانێک کە ناهەقى دەکەن و پێدانى دەرفەت و فرسەت پێیان، جۆرێکە لە ستەم. قورسکردنى کارى ستەمکار و پێنەدانى فرسەتیش پێى، جۆرێکە لە عیبادەت.

جێگیری و دامەزراوى

لەم ڕوانگەیەوە، کەسانێکیش دەبن کە دەتوانن بەدامەزراوى بمێننەوە لەسەر ئەو ڕێیەى پێیدا دەڕۆن. ئەوانەى کە سەرەڕاى شەق و زلـلە خواردن لەو پێگەیەدا دەمێننەوە کە دەبێت بمێننەوە و لەپێناو دەعواکەیاندا سنگ لە هەموو ئازار و ناڕەحەتییەک دەردەپەڕێنن، لە دونیا و ئاخیرەتیشدا قازانج دەکەن. پێویستە بەباشى لە ئایەتى ﴿رَبَّنَا لَا تُزِغْ قُلُوبَنَا بَعْدَ إِذْ هَدَيْتَنَا﴾ (سورة آلِ عِمْرَانَ: 3/8) “ئەى پەروەردگارمان، لەدواى گەیەنرانمان بە هیدایەت دڵمان لە ڕێ دەرمەکە!” تێبگەین. بەهەمان شێوە، دەبێت زۆر باش پەى بە حیکمەتى داواکردنى (صراط المستقیم) لە نوێژەکانماندا، ببەین. کەسێک کە لەمە تێدەگات، دەزانێت چۆن بەرگەى ئەو شتانە بگرێت کە بەسەرى دێن و لەسەر زوڵمى زاڵم ڕێگا و ئاڕاستەى خۆى ناگۆڕێت.

یەکێک لە گرنگرین حەقیقەتەکانى چیرۆکى پێغەمبەران ئەمەیە. چونکە ئەو قامەتە باڵایانە زانیویانە چۆن بە سەبر و عەزم بەرگەى هەموو هێرش و ئەشکەنجەیەکى گەلەکانیان بگرن. ئەگەر سەیرى ژیانى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و صەحابییە بەڕێزەکان بکەین، بەئاشکرا دەبینین کە لەبەر خاترى خوا بەرگەى چییان گرتووە و دواتریش چییان بەدەستهێناوە. بتپەرستان لە لمى وەک ئاگردا ڕایانخستوون و بەردى گەورەیان ناوەتە سەریان، بەندیان کردوون، ئابڵووقەیان خستوونەتە سەر و بایکۆتیان کردوون و لێیان داون، بەڵام نەیانتوانیوە هیچ یەکێک لەوان لە ڕێگاکەیان پاشگەز بکەنەوە. دەرەنجام ئەوانەى هەموو ئەم زوڵمانەیان کردووە دۆڕاون و باوەڕداران بە قازانج لێى دەرچوون.

سەبر، کلیلى ڕازئامێزى ڕزگاربوونە. هەرکەسێک دان بە خۆیدا بگرێت و ئارام بگرێت، زوو یان درەنگ سەردەکەوێت. گەر پێویستى کرد، دەبێت بزانین سەبر بگرین وەک چۆن موسڵمانان لە شیوى ئەبو تالیبدا سێ ساڵ بەرگەى ئابڵووقەیان گرت. دەبێت بیلال و عەممار بە نموونە وەربگرین کە لەژێر خۆرى سووتێنەردا لەسەر لم پاڵخراون و بەردى گەورەیان خرایە سەر؛ بەڵام سەرەڕاى ئەمە لە ڕێگەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) هەڵنەگەڕاونەتەوە. دەبێت پەند و وانە لە ئەصحابى ئوخدود وەربگرین کە تەنها لەسەر ئیمان بە خوا لەلایەن ستەمکارە دڕندەکانەوە فڕێدراونەتە ناو چاڵى پڕ لە ئاگرەوە؛ کەچى سەرەڕاى ئەمە لەسەر دینەکەیان پێداگر بوون. چونکە هەڵگەڕانەوە هیچ قازانجێکى بۆ ئینسان نییە؛ بەڵکو زۆر شتیشى لە دەست دەبات.

[1] سنن الترمذي، القدر، 7؛ سنن ابن ماجه، الدعاء، 2.

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo