نییەتى کوللى و شوکرى کوللى

نییەتى کوللى و شوکرى کوللى
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: مامۆستا نوورسى دەفەرمووێت شوکرى کوللى بە نییەتێکى کوللى دەتوانرێت ئەنجام بدرێت.[1] دەکرێت ئەم بابەتەمان زیاتر بۆ ڕوون بکەیتەوە؟

وەڵام: وەک پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى، کردەوەکان بەگوێرەى نییەتەکان نرخ و بەها بەدەست دەهێنن.[2] تەنانەت ئینسان بە نییەتەکانى ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە کە ناتوانێت بە کردەوەکانى پڕى بکاتەوە.[3] لەم ڕوانگەیەوە، ئەو شتەى بەهەشت دەستى مرۆڤ دەخات زیاتر عەزم، جەهد، ڕووتێکردن، هیممەت و مەبەستى دڵى ئیماندارە لەسەر ڕێى خوا نەک تەنها کردەوەکانى.

ئەگەر خواى گەورە تەنها بەئەندازەى کردەوەکانمان پاداشتى بداینایەتەوە، نەک بەهەشت، بینینى کەماڵى خوا، بەدەستهێنانى ڕەزامەندیی ئەو و بەختەوەریی هەمیشەیی، بگرە ژیانى ئیسراحەتى ناو گۆڕیشمان بەدەست نەدەهێنا. بە کردەوەکانمان نەماندەتوانى تەنانەت ئەداى شوکرى نیعمەتە دونیاییەکان بکەین، ئەگەر بەدرێژایی تەمەن سەرمان لەسەر سوجدە بێت و لە عیبادەتى خوادا بووینایە، هێشتا نەماندەتوانى بەرانبەرى ئەو نیعمەتانە بدەینەوە کە پێیان سەرفراز بووین. وەک لە “گوڵستان”ى سەعدیدا هاتووە، هەموو کەسێک لە تاکە هەناسەیەکدا دوو قەرزى شوکرى لەسەرە؛ چونکە هەموو هەناسەیەک کە هەڵى دەمژێت و دەیداتەوە ژیانى پێدەدات. بۆیە تەنانەت دەستەوسانین لەوەى بەتەواوەتى شوکرى هەناسەکانیشمان بکەین. بۆیە ئەو شتەى کە بەهەشتى هەمیشەییان دەست دەخات، ئەو کردەوە کەمە نییە کە لە تەمەنە کورتەکەماندا ئەنجامى دەدەین، بەڵکو نییەتە کوللییەکەمانە.

ئیماندار لەهەمبەر ئەو نیعمەتە ڕەهایانەدا کە بەسەریدا باریون، هەمیشە خۆبەکەمزانانە دەجووڵێتەوە، تێدەکۆشێت ژیانێک بژى لێوانلێو بێت لە هەستى شوکرانەبژێرى. ئەو، وەک داخوازییەکى ئیمانەکەى، بەم شعوورەوە بەندایەتى دەکات: “خوایە گیان، تۆ پەرستراوى ڕەهایت، بۆیە عبوودییەت مافى تۆیە. لەو ڕوانگەیەشەوە کە من بەندەى تۆم، بەندایەتى وەزیفەى منە. هەرچەندە ناتوانرێت وەک پێویست بەندایەتى بۆ تۆ بکرێت، بەڵام بەدرێژایی ئەو تەمەنەى کە پێم دەدەیت واز لە بەندایەتیی تۆ ناهێنم. ئەگەر ملیۆنان ساڵیش بمژیەنیت بەردەرگاى تۆ بەجێى ناهێڵم و تەمەنم وەک عەبدێکى ملکەچ بەسەردەبەم.” بەم جۆرە لەو چاڵى سپڵەى و نانکوێرییە ڕزگارى دەبێت کە شەیتان دەیەوێت بیخاتە ناوى.

نییەتى کوللى بۆشایی ناو کردەوەکانمان پڕ دەکاتەوە و ڕێگاى بەختەوەریی هەمیشەییان بۆ دەکاتەوە. بەم جۆرە، ئەو عیبادەتانەى کە بەندە کردوونى، دەبن بە بەهێزترین بەڵگە بۆ ئەو عیبادەتانەیش کە نییەتى هێناوە لە داهاتوودا ئەنجامیان بدات.

خوا باشتر دەزانێت، بەڵام پێدەچێت وەڵامى خواى گەورەیش بۆ ئەم نییەتە کوللییەى ئینسان بەم جۆرە بێت: “بەندەکەم، تۆ لە قسەکەتدا ڕاستگۆیت. چونکە هەر دەرفەتێکى بۆ هەڵکەوتبێت بۆ ئەنجامدانى ئەو عیبادەتانەى کە فەرمانیان پێکراوە، کردووتن. دیارە ئەگەر تەمەنى زیاتریشت پێبدرێت، بە کرداریش ئەوە دەردەخەیت کە نییەتت لێهێناوە. ئەوا منیش ئەو شتانەى نییەتت لێهێناون بەجۆرێک قبووڵ دەکەم وەک ئەوەى بەڕاستى ئەنجامت دابن.”

لە سایەى ئەم نییەتە کوللییەدایە کە ئێمە یەک کار دەکەین، بەڵام خواى گەورە پاداشتى ملیۆنێکمان دەداتەوە و بەم جۆرە دەمانکات بە شایانى بەختەوەریی هەمیشەیی.

لەلایەکى دیکەوە، لە سایەى نییەتەکانماندا دەتوانین پاداشتى ئەو شتانەیش وەربگرین کە کردوومانن بە ئامانج و بەڵام نەمانتوانیوە بە کردار بیانهێنینە دى. بۆ نموونە، مەبەست لە مرۆڤبوونى ڕاستەقینە، گەیشتنە بە ئاسۆى مرۆڤى کامڵ. نییەت لەمە دەهێنین، بەڵام لەوانەیە توانا و لێهاتنەکەمان بەشى ئەمە نەکات یان هەلومەرجەکان لەبار نەبن. بۆیە لەوانەیە لە نیوەى ڕێگاى ڕۆیشتن بەرەو ئاسۆى ئینسانى کامڵدا بەجێ بمێنین. بەڵام خواى گەورە بەگوێرەى خاوێنیی نییەتەکەمان، ئەو هەوڵ و تێکۆشانەى کە لەم ڕێگایەدا خستوومانەتە گۆڕێ وەک پشتگیری و بەڵگەیەک قبووڵ دەکات؛ ئیدى لەوانەیە بە لوتفى خۆى پاداشتى ئەو ئەنجامەمان بداتەوە کە کردوومانە بە ئامانجى خۆمان و بە عینایەتى خۆى بۆشاییەکانى دەفتەرى پاداشتەکانمان پڕ بکاتەوە.

بەهەمان شێوە، با بڵێین ئێوە نییەت دەهێنن کە ناو شکۆدارى موحەممەد (صلى الله علیە وسلم) لە هەموو لایەکى دونیادا وەک ئاڵایەک بشەکێتەوە و چەند لە دەستتان بێت هەوڵى هێنانەدیی ئەم ئامانجە دەدەن. خواى گەورەیش ئەم نییەتە کوللییەتان لێوەردەگرێت، لە هەر خاڵێکى ئامانجەکەتاندا بن ئەو بەگوێرەى نییەتەکەتان خەڵاتتان دەکات.

کەسێکى دیکە دەکەوێتە ڕێ هەتا میهرەبانى بخاتە ناو دڵى هەموو مرۆڤەکانەوە، ڕێ لە پێکدادانەکانى سەرزەوى بگرێت، کۆتایی بە جەنگەکان بهێنێت، کەشوهەواى لێبوردەیی و دیالۆگ لە هەموو جێیەکدا باڵادەست بکات. چەند لە توانا و دەستى بێت بەم ئاڕاستەیەدا هەنگاوى پێویست دەنێت. خواى گەورەیش بە توانستى ڕەهاى خۆى، بۆشایی نێوان نییەت و کردەوەکانى بەندەکەى پڕ دەکاتەوە.

پێویستە جارێکى تریش ئەوە دووبارە بکەینەوە بۆ ئەوەى کە نییەتە کوللییەکەمان لاى خوا بەها و مانایەکى هەبێت، دەبێت ئەو شتانە جێبەجێ بکەین کە لە بەرپرسیارێتیی ئێمەدان و ئەو هەوڵ و تێکۆشانەیش بەگەڕبخەین کە لە تواناى ئێمەدایە. ئەو شتەى کە نییەتى لێدەهێنین چ بوون بە مرۆڤى کامڵ بێت، چ بانگەوازى سەرخستنى ناوى خوا بێت، چ ئامانجێکى دیکە بێت کە دین دەیخاتە بەردەستمان و لە ڕێگەیەوە ڕەزامەندیی خوا بەدەست دەهێنین… دەبێت بەردەوام چاو لەم ئامانجە ببڕین، لە هەستان و دانیشتندا بیرى لێبکەینەوە و بەبێ وچان بەدواى ئامانجەکەماندا ڕابکەین. ئەو کارانەى کە دەیانکەین، لە ڕوویەکەوە لەسەر نییەتەکانمان بونیات دەنرێن. لەوانەیە ئەو هەوڵەى کە ئێمە دەیدەین لە بابەتى پێدانى مافى تەواوەتى بە کارەکەدا، تەنها لە حوکمى دڵۆپێکدا بێت. بەڵام ئێمە دەبێت ئەم دڵۆپە بەگەڕبخەین، هەتا خواى گەورەیش لەبەر خاترى نییەتە کوللییەکەمان ئەم دڵۆپە بگۆڕێت بە دەریا، گەردیلەکانمان بگۆڕێت بە خۆر.

هەرچى شوکرى کوللیشە، مەرجى سەرەکیی جێبەجێ کردنى، هەست کردنە بە نیعمەتە بێشومارەکانى خوا بەسەرمانەوە. پێش لە هەر شت، خوا ئێمەى لە نەبوونەوە هێناوەتە سەر شانۆى بوون؛ تەنها بەمەیشەوە نەوەستاوە، بەڵکو بە نیعمەتى ژیانیش شەرەفمەندى کردووین. تەنها لە ئاستى ئاژەڵێتیشدا نەیهێشتووینەتەوە و کردووینى بە مەزهەرى نیعمەتى مرۆڤبوون. لەمەیش زیاتر، داخڵ بە ئەڵقەى زێڕینى فەخرى کائیناتى (صلى الله علیە وسلم) کردووین، گێڕاوینى لەو ئیماندارانەى کە پاڵێوراون بۆ بوون بە مرۆڤى کامڵ. لە ئاخرزەمانیشدا کە ئاڵا کەوتووەتە سەرزەوى، بە خۆکردن بە خاوەنى دین و بانگەواز بۆ کردنى شەرەفدارى کردووین. خواى گەورە چەندین ئیحسان و ئیکرامى بێسنوورى دیکەشى بەسەرمانەوە هەیە.

ئەگەر ئینسان خاوەنى گەلەستێرەى کاکێشانیش بێت، ناتوانێت یەکێک لەم نیعمەتانە بکڕێت. ئەگەر ئەم گەلەستێرەیەش بفرۆشیت دەتوانێت نیعمەتى ئیمانى پێبکڕیت؟ چونکە ئیمان نیعمەتێکى ئەوەندە گەورەیە، وەک تۆوێک وایە کە بەهەشتى لە خۆیدا هەڵگرتووە. ئەگەر بەهەشت درەختێکى گەورە بێت، ناوکەکەى ئیمانە و لەوەوە چەکەرە دەکات.

کەسێک کە هەست بە هەموو ئەم نیعمەتانە دەکات، تێدەگات کە بەرانبەر بە قەرزى شوکرانەیەکى کوللیی وەهایە کە مومکین نییە بتوانێت لەژێریدا دەربچێت. چونکە هەر نیعمەتێک پێویستى بە شوکرێکە. قورئان هانى ئیمانداران دەدات بۆ شوکرانەبژێرى: (واشکروا لى ولا تکفرون) (البقرة: ١٥٢). بۆیە هەریەک لە دەستنوێژ، نوێژ، ڕۆژوو، زەکات و عیبادەتەکانى ترمان شوکرن. بەڵام نیعمەتەکانى خوا ئەوەندە زۆرن کە کردەوەکانى ئینسان بەشى شوکرى نیعمەتە لەژمارەبەدەرەکان ناکەن. بۆیە شوکرى شاییستەى خوا و حەمد کردنى وەک پێویست، مومکین نییە.

مادەم ڕاستییەکە ئەمەیە، کەواتە ئەنجامدانى شوکرى نیعمەتەکان وابەستەى فراوانیی نییەتەکانمان دەبێت. ماناى وایە ئەگەر ئێمە خانەی یەکەمى شوکر بە کردەوەکانمان پڕ بکەینەوە، هەوڵ دەدەین بە نییەتەکانمان ئەوەى ترى پڕ بکەینەوە. ڕاستتر بڵێین، خواى گەورە تەماشاى نییەتى کوللى و ئەو هەوڵ و تێکۆشانەمان دەکات کە لەپێناو پڕکردنەوەى گشت خانەکانى تر بە شوکر بەگەڕى دەخەین. ئێمەمانان وەک باوەڕدار ئەو نیعمەتانە دەبینین کە خاوەنیانین و پاشان بە عیبادەت، زیکر، فیکر، حەمد و شوکر پێشوازییان لێدەکەین؛ هەرکات بیرمان بکەونەوە بە دڵ و زیکر و حاڵ دەڵێین (ألحمد للە). لەو جێیەشدا کە حەمد و شوکرەکانمان بەش ناکەن، ئینشائەڵا خواى گەورە لەسەر بنەماى نییەت و ئیخلاصەکەمان ئەم کەموکورتییانەمان بۆ پڕ دەکاتەوە.

نییەت ماهییەتى هەموو شتێک دەگۆڕێت، قووڵییەکى جیاواز بە کردەوەکان دەبەخشێت، دونیاییەکان دەگۆڕێت بە ئاخیرەتى، مانا و ڕەنگى لاهووتى بە شتە ناسووتییەکان دەبەخشێت. مەسەلە گرنگەکە ئەوەیە ئینسان بتوانێت خۆى بە خواوە ببەستێتەوە، خۆى بۆ دەعوە و بانگەوازێکى گەورە تەرخان بکات، بەجوانى دەستنیشانى ئەوە بکات چى پێش دەخات و چى دوا دەخات. ئەوانەى لە شعوورى ئەوەدان کە وەزیفە ئەسڵییەکەیان عبوودییەتى خوایە و هەوڵێکى پێغەمبەرانە دەدەن بۆ پێدانى مافى پێگەکەیان، بێگومان خواى گەورەیش یەکیان دەکات بە هەزار.

[1] سەعیدى نوورسى، تیشکەکان، تیشکى ٢٤.

[2] بڕوانە: صحیح البخاري، کتاب بدأ الوحي ١، کتاب الإیمان ٤١، کتاب العتق ٦، کتاب مناقب الأنصار ٤٥، کتاب الأیمان ٢٣، کتاب الحیل ١؛ صحیح مسلم، کتاب الإمارة ١٥٥.

[3] پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى “نییەتى ئیماندار لە کردەوەکانى چاکترە.” (الطبراني، المعجم الکبیر ٦/١٨٥-١٨٦؛ البیهقي، السنن الصغرى ص ٢٠.