شعوورى ئەمانەت و ئەو ئاسۆى خۆشەویستییەى کە بۆ مرۆڤایەتى واڵا کراوە

شعوورى ئەمانەت و ئەو ئاسۆى خۆشەویستییەى کە بۆ مرۆڤایەتى واڵا کراوە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

کاتێک ئەمڕۆ تەماشایەکى دۆخى گشتیی جیهان و موسوڵمانان دەکرێت، بەحەتمى چەندین دیمەنى ناخۆش و بێزارکەر دەبینرێت. بەجۆرێک، خەڵکانى زۆر بێبەش لە ئیمان دەژین، بتپەرستى لە ژێر ناو و شێوەى جیاواز بەردەوامى بە بوونى خۆى دەدات. خەڵکانێکى زۆر هەن کە بەشوێن “تۆتەم”ەکاندا ڕادەکەن و لەبەردەم “ئایکۆن”ەکاندا دەچەمێنەوە. تەنانەت هەندێک هێندە سنوور دەبەزێنن کە بە گوفتار یان کردارەکانیان جەنگ لە دژى زاتى ئولوهییەت ڕادەگەیەنن، زمان بەرانبەر بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) درێژ دەکەن، لەدواى دەرفەتێک دەگەڕێن و لە کەمیندان بۆ ئەوەى سووکایەتى بە قورئان بکەن. ئەم دۆخە ئەوەندە بەربڵاوە، تەنانەت لەو وڵاتانەیشدا کە موسوڵمانان زۆرینەن، دەتوانرێت سووکایەتى بە دین، ئیمان و قورئان بکرێت. تەنانەت لەناو کۆمەڵگایانەیشدا کە باوەڕیان بە دینە ئاسمانییەکان هەیە، دونیاپەرستى و ماددەگەرى هەتا بڵێیت تەشەنەى کردووە و وەک شتێکى ئاسایی لێهاتووە.

هەرچەندە دەوترێت دوو ملیار موسوڵمان لە دونیادا هەیە، ڕاستییەکەى خەمڵاندنى ژمارەى ئەوانەى کە وەک پێویست باوەڕیان بە خوا هێناوە، بەگوێرەى پلە و نرخە ڕاستەقینەکەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەناسن، لە دڵەوە پەیوەستى بنچینەکانى ئیمانن و بڵاوکردنەوەى دینیان کردووە بە مەفکوورەى خۆیان، شتێکى زۆر دژوارە. ئەگەر نیو ملیۆن کەسى لەم شێوەیە هەبوونایە، ڕەنگ و نەخشى جیهان ئەمڕۆ شتێکى تر دەبوو. بەداخەوە گەرچى موسوڵمانان لە ڕووى ژمارەوە قەرەباڵغ دەردەکەون، وەلێ لە ڕوانگەى چۆنێتییەوە زۆر لاوازن. لەلایەکى دیکەوە، چونکە هەڵدێرى قووڵ لەنێوان پەیڕەوانى دین و کولتوورە جیاوازەکاندا دروست بووە، گەیشتنى ئەمانە بە یەکتر و بەشکردنى بیر و هەست لەگەڵ یەکتردا هەرگیز کارێکى ئاسان نییە. کەسێک کە سەیرى ئەم تابلۆیە دەکات لەوانەیە ورەى مەعنەویی بڕووخێت؛ ئەگەر تیشکى هیوایەک نەدۆزێتەوە ڕەنگە گرفتارى زەلکاوى نائومێدى ببێت.

هەڵوێستى پتەو

کارە گەورەکانى وەک پێکهێنانى شتانى نوێ، گۆڕینى ڕوخسارى دونیا یاخود بەڕێوەبردنى قەدەرى مرۆڤایەتى، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە. ئەوە خوایە کە ئەم شتانە بەدى دەهێنێت. بەڵام ئەرکى ئێمە ئەوەیە چاومان لەسەر خۆمان بێت، لە جێگاى خۆماندا مەحکەم بوەستین و هەوڵ بدەین مافى تەواو بە پێگەکەمان بدەین. ئەگەر بەختمان وابووبێت کە ئوممەتى فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) بین و خواى گەورەیش وەزیفەى خزمەتکردنى دینى ئیسلامى لە ئاخرزەماندا وەک ئیحسانێکى ئیلاهى نابێتە سەرشانمان، ئەوا ئەرکى ئێمە جێبەجێ کردنى ئەم بەرپرسیارێتییە و هێنانەدیی مافەکانى ئەم نیعمەتەیە.

 

کەسێک کە دەبینێت هەگبەیەکى پڕ لە گەوهەر بەسەر شانیدا هەڵواسراوە، ڕووەو خۆتەرخانکردن بۆ خوا ڕاپێچ کراوە و دەرک دەکات بە گەورەیی ئەو وەزیفەیەى کە دەبێت بیهێنێتە جێ، چیتر ناتوانێت لە دوورەوە بوەستێت و خاوەخاو بکات. چونکە ئەمانەتێکى زۆر قورس و گەورەى خوا لەسەر شانى دانراوە. ئەرکى بەندەیش ئەوەیە بزانێت ئەمینە بۆ ئەو ئەمانەتە یان نا، بەردەوام لەوە بکۆڵێتەوە ئاخۆ هاوڕێ لەگەڵ ڕۆحى خۆتەرخانکاریدا دەژى یان نا. ئەگەر ئێمە لە ئەمانەتدا ئەمین نەبین، خواى گەورە ئەو ئەمانەتەمان لێدەسێنێتەوە و دەیبەخشێت بە کەسانى شاییستەتر.

خواى گەورە لە قورئاندا دەفەرمووێت: (فاطر: ١٦). ئەم ناوەرۆکەى کە لە ئایەتى دیکەشدا دووبارە کراوەتەوە،[1] سەبارەت بە ئێمە ئاگادارکردنەوەیەکى جددى و هەڕەشەیەکى گەورەیە. خواى گەورە لە ڕێگەى ئەمانەوە ئەم وانەیەمان پێدەفەرمووێت: “وامەزانن جگە لە ئێوە کەسى تر نییە. لە جێى خۆتاندا تۆکمە بوەستن، پێگەکەى خۆتان بپارێزن. ئەمانەتى خوا ئەوەندە قورسە تەنها ئەوانە دەتوانن هەڵى بگرن کە نرخە ڕاستەقینەکەى دەزانن. ئەگەر بەڵێن بشکێنن، واتە لەسەر قسەى خۆتان نەمێننەوە، خوا ئەمانەتەکەتان لێوەردەگرێتەوە و تەسلیم بە کەسانى شایانترى دەکات.”

بۆیە دەبێت لەبریی ئەوەى بیر لەوە بکەینەوە ئاخۆ سبەینێ چى دەبێت یان بە ڕوانین بۆ شتە نەرێنییەکانى ئێستا گرفتارى ژیانێکى بێهیوایانە ببین، زیاتر دەبێت خەمى ئەوەمان بێت ئاخۆ مافى ئەو پێگەیە دەدەین کە تەمسیلى دەکەین یان نا. ئەگەر خواى گەورە هەمان ئەو وەزیفە پیرۆزەى کە بە شاهى گەیلانى، ئەبو حەسەنى شازیلى، ئەحمەد بەدەوى و ئەحمەد ڕوفاعى بینیوە ئەمڕۆ بە کۆمەڵێکى ببینێت، ماناى وایە پێگەى ماڕشاڵى بە سەربازێکى ئاسایی بەخشیوە و بۆ مەقامێکى زۆر گەورە بەرزى کردووەتەوە. ئێمە بە هەوڵدان و تێکۆشان مافى گەیشتن بە ئاستەمانە بەدەست نەهێناوە؛ بەڵکو خوا لوتفى نواندووە. کەوایە ئەرکى ئێمە ئەوەیە هەوڵ بدەین مافەکانى ئەم لوتفە بدەین. دەنا سپڵەیی دەرهەق بە نیعمەتەکە دەکەین، دەرەنجامیش بێڕێزى بەرانبەر بە خوا دەنوێنین.

ئەم خاڵەیش نابێت هەرگیز لەبیر بکرێت: خواى گەورە دڵى خەڵک تەنها بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە خۆیان دڵیان کراوەیە. ئەگەر خوای گەورە خەڵک هیدایەت بدات، کەسانێک کە بەقووڵى لە ویژدانیانیان هەستیان بە هیدایەت کردووە دەکات بە هۆکار بۆ ئەمە. ئەگەر گرۆیەکى شاییستە پەیدا ببن کە داخوازییەکانى پێگەیان بەهەستیارى جێبەجێ دەکەن، خواى گەورەیش بەلێزمە لوتفى خۆی بەسەریاندا دەبارێنێت و نیعمەتەکانى خۆییان بۆ زیاد دەکات. ئەوانیش ئەوەیان لەسەرە کە شوکرانەبژێرییەکەیان پتر بکەن. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، ئەوکات دەبێت بڵێن “هەموو شتێک کاتێکى دیاریکراوى خۆى هەیە. ماناى وایە ئێمە لەم بابەتەدا شاییستەیی پێویستمان دەرنەخستووە و نەبوون بە خاوەنى شایانییەک کە بتوانێت ئەمانەتەکە هەڵبگرێت.” بەم جۆرە موحاسەبەى خۆیان بکەن و هەوڵى پڕکردنەوەى کەموکورتییەکانیان بدەن.

نابێت مەسەلەکە بە چەندێتییەوە ببەستینەوە، نابێت بەوە خۆمان لە بابەتەکە بدزینەوە کە موسوڵمانان لاواز و کەمن. لەلایەکى دیکەوە، نابێت ڕۆڵى غەفڵەت و فەرامۆشیی جددیی موسوڵمانان لە دروستبوونى ئەم تابلۆیەدا نادیدە بگیرێت. بەداخەوە ئێمە لەو ڕۆژەوە کە خۆمان لە باوەشى غەفڵەت هاویشتووە، کەسانى تر خۆیان کردووە بە خاوەنى ئەو بەهایانەى کە ئێمە وازمان لێهێناون، پەرەیان پێداون، گەیاندوویانن بە ئاستێک و دەستیان بە بەڕێوەبردنى دونیا کردووە. بۆیە دەبێت سەرلەنوێ ببینەوە بە خاوەنى ئەو فاکتەرانەى کە ئێمەیان هەتا سەدەى چوارەم و پێنجەمى هیجرى پێشخست.

زوو زوو شانازى دەکەین بەو سەرکەوتنانەوە کە موسوڵمانان لە سەدەکانى سەرەتادا تۆماریان کردوون. بەستاییشەوە باسى ئەوە دەکەین کە چۆن مشتێک مرۆڤ شۆڕش و گۆڕانکارییان لەسەر ئاستى هەموو جیهاندا هێنایەدى. بەسەرسامییەوە دەخوێنینەوە کە چۆن ململانێیان لەگەڵ زلهێزەکانى ڕۆژگارى خۆیاندا کردووە و چۆن بەهاکانى خۆیان بە هەر چوار لاى دونیادا بڵاو کردووەتەوە. بەڵام لەمە گرنگە تێگەیشتنە لەو شتانەى کە لەپشت سەرکەوتنى ئەم پاڵەوانانەوەیە. گرنگ ئەوەیە بگەینەوە بە ئاستى ئەوان، ئەمڕۆیش هەمان ئەداى بەرزى ئەوان بخەینەوە مەیدان، سەرلەنوێ و لە ڕێگەى زمان، بیر و فەلسەفەى ڕۆژگارەوە گوزارشت لە بەهاکانمان بکەینەوە و پێشکەش بە مرۆڤایەتییان بکەین.

ڕێگاى قەناعەت پێکردن و دیالۆگ

بەدیعوززەمان وتوویەتى کە چیتر شمشێرى ماددى چووەتەوە ناو کێلانەکەى و سەرکەوتن بەسەر شارستانییەکاندا بە قەناعەت پێکردن دەبێت. بەمەیش ماهییەتى ئەو هەوڵ و خەباتەى دیارى کردووە کە پێویستە لەمڕۆدا ئەنجام بدرێت.[2] ئێمەیش بە گەڕان بەدواى ڕێگاکانى دیالۆگ لەگەڵ کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، لەلایەک تێدەکۆشین دەنگ و نەفەسى خۆمانیان پێبگەیەنین، لەلایەکى دیکەشەوە هەوڵ دەدەین کە شمشێرى ماددى بچێتەوە ناو کێلانەکەى. ڕاستەوخۆ شایەتحاڵى کاریگەرییە ئەرێنییەکانى هەوڵەکانى دیالۆگیش بووین لە ویژدانى گشتیدا. ئەو هەموو خوێن و فرمێسکەى کە ڕژا، خەڵکى تەواو بێزار کردووە. لەکاتێکدا کە مرۆڤایەتى هێشتا ئازارەکانى جەنگی جیهانیی یەکەمى بیر نەچووبووەوە، دووەمیش ڕوویدا و مردنى ملیۆنان کەسى لێکەوتەوە. تاکە ڕێگا بۆ ئەوەى هەما ئازار ڕوونەداتەوە و ڕێ لە جەنگ و پێکدادانەکان بگیرێت، دروستکردنى پردى دیالۆگ و دوورگەکانى ئاشتییە.

ئەگەر باوەڕداران وەک پاڵەوانانى خۆشەویستى سینەى خۆیان بۆ هەموو کەسێک بکەنەوە، بە ویژدانە فراوانەکەیان باوەش بە تێکڕاى مرۆڤایەتیدا بکەن، زۆرکەس داخڵ بەم سەمفۆنیاى خۆشەویستییە دەبێت. ویژدانى گشتى پشتى ئەو چالاکییانە دەگرێت کەسانێک دەیانخەنە گۆڕێ کە نوێنەرایەتیی بەها مرۆییەکان دەکەن. بەم جۆرە ڕێ لەوە دەگیرێت کە مرۆڤایەتى بەرەو سەرکەشییەکى تازە و تاریک ڕاپێچ بکرێت.

ئەگەر دەمانەوێت خەڵک مرۆڤ بن، سەرەتا دەبێت خۆمان ئەمە بەکردار نیشان بدەین. کەس نایەوێت خۆشەویستى بۆ کەسانێک بنوێنێت کە هانا بۆ هێز دەبەن و وەحشەت پیادە دەکەن. کەسێک کە دەیەوێت ڕێز و خۆشەویستى لە کەسانى ترەوە ببینێت، دەبێت سەرەتا خۆى ئەمانە دەربخات. تەنها لەم ڕێگایەوە کاری هاوبەش و هاریکاریی ئەرێنى لەنێوان کۆمەڵگا جیاوازەکاندا دروست دەکرێت؛ تەنها لە سایەى ئەمەدا کۆبوونەوە لە دەورى بەها مرۆییەکان دەستەبەر دەکرێت.

بەداخەوە ئەمڕۆ چ لەناو موسوڵمانان و چ لەناو پەیڕەوانى دین و کولتوورە جیاوازەکاندا خەڵکانێکى زۆر هەن کە هەست و هەیەجانیان پێش داوەریی ژیرى و عەقڵ خستووە. ئەمانە حەز لە ڕووخاندن و سووتاندن دەکەن، هەموو پلان و پڕۆژەکانیشیان لەسەر ئەمە دادەنێن. ئەم کەسە فەورى، بێپێوەر و نابەرپرسانە، کاتێک هێزیان دەکەوێتە دەست، دیسانەوە مرۆڤایەتى بەرەو سەرکەشییەک ڕاپێچ دەکەن کە ئەنجامەکانى پێشبینى ناکرێت. وا دەزانن بە هێز و زۆرەملێ دەتوانن دونیا کۆنتڕۆڵ بکەن. لەحاڵێکدا دەزانین هەر ڕۆژگارێک تێیدا هێز و زۆر هار بووبێت و لە سنوور دەرچووبێت، بەڵاى گەورەى تووشى مرۆڤایەتى کردووە.

کۆنتڕۆڵ کردنى خەڵک بەزۆر، پلیشاندنەوەى نەیارەکان و نیزام پێدان بە دونیا بەزۆرەملێ، سیفەتى ئێمە نین. ئێمە باوەڕمان وایە کە کێشەکانى دونیا بە بەها گەردوونییەکانى وەک خۆشەویستى، لێبوردەیی و ڕێککەوتن چارەسەر دەکرێن. باوەڕمان وایە ئەم دونیایە هێندە فراوان و بەپیتە کە بەشى هەمووان دەکات، لە خەویشدا خەون بە هانابردن بە هێز و زۆرەوە نابینین.

نابێت ئەوەیش لەبیر بکرێت کە لەم خاڵەى ئێستاى دونیادا بەکارهێنانى هێز و زۆر زیان بە بکەرەکان و هەموو مرۆڤایەتیش دەگەیەنێت نەک تەنها ئەوانەى کە لە دژیان بەکاردەهێنرێت. ئەگەر هێزێکى ئەفسووناویم هەبووایە، ڕێم لەوانە دەگرت کە دەیانەوێت بە هێز و توندوتیژى شێوە بە دونیا بدەن، ڕێم لە خراپەکانیان دەگرت و چەکە ناوکییەکانم لێ دەسەندن. چونکە مرۆڤایەتى بەرگەى سەرکەشییەکى تر ناگرێت.

لەم ڕوانگەیەوە، جگە لەوە کە بە خۆشەویستى، میهرەبانى و نەرمونیانى لە ڕێگاکەمان بەردەوام بین، هیچ چارەیەکى ترمان نییە. بێگومان ئەگەر دوژمن هەڵبکوتێتە سەرمان، وڵات، نامووس و شەرەفمان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوکات چى پێویست بێت ئەوە دەکەین. بەڵام ئەمەیان بابەتێکى تەواو جیاوازە و بڕیارى کۆتاییش لاى بەڕێوەبەرانى وڵاتە.

هەتا ئەمڕۆ کەسانێک لە دژى دیالۆگ قسەیان کرد؛ بوختان و تۆمەتى جۆراوجۆر خرانە گۆڕێ. هەندێک بانگەشەى ئەوەیان کرد کە نان لە ڕۆنى خەڵکى تر دەدەین، هەندێکیش ئیددیعاى ئەوەیان کرد کە زیان لە موسوڵمانێتى دەدەین. لەحاڵێکدا هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەى موسوڵمان لە دیالۆگ بترسێت، بسڵەمێتەوە و شپرزە ببێت. ئەوانەى لە دیالۆگ لەگەڵ کولتوورە جیاوازەکان دەترسن، تەنها ئەوانەن کە لە بەهاکانى خۆیان دڵنیا نین.

هەتا ئەمڕۆ شایەتحاڵى بەروبوومە زۆر جوانەکانى چالاکییەکانى دیالۆگ بووین. لەم چالاکییانەدا گەیشتین بە ویژدانە پاکەکان، پردى دۆستایەتیی ڕاستگۆیانە و ماوەدرێژ بەسترا. بۆیە لە ڕوانگەى ئێمەوە ئەو هێرش و ئیددیعایانەى کە بۆمان هەڵدەبەسترێت گرنگییەکیان نییە. خواى گەورە کارەکانمان دەبینێت، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەیزانێت و خەڵکیش دەیبینن. بۆیە پێویستە زۆر گوێ بەو قسانە نەدەین کە لە دژمان دەکرێت و گرنگى بەو بێڕێزییانە نەدەن کە بەرانبەرمان دەکرێت، بە هێمنى و جێگیرى لەسەر ڕێگاکەى خۆمان بەردەوام بین.

[1] بڕوانە: النساء: ١٣٣؛ الأنعام: ١٣٣؛ التوبة: ٣٩؛ إبراهیم: ١٩؛ محمد: ٣٨.

[2] سەعیدى نوورسى، مێژووى ژیان.