İçindekiler
پرسیار: بەدیعوززەمان لە کۆتایی پەیامى “ئیخلاص”دا دەڵێت “هەموو ناوە جوانەکانى جەنابى (أرحم الراحمین) دەکەین بە تکاکار و داواى لێدەکەین کە لە ئیخلاصى تەواوەتیدا سەرکەوتوومان بکات.”[1] لێرەدا کرانى ناوە پیرۆزەکان بە شەفاعەتکار چ حیکمەتێکى تێدایە؟
وەڵام: وەک دەزانرێت، ئیخلاص بریتییە لەوەى کردەوەکان تەنها لەبەر خاترى ئەوە بکرێن کە خوا فەرمانى پێکردووە و لە ئەنجامەکانیاندا تەنها ڕەزامەندیی ئەو بکرێت بە ئامانج و بگرە چاو نەبڕرێتە هیچ بەرژەوەندییەکى دونیایی و ئاخیرەتى. چونکە بەندایەتى شتێک نییە دواتر پاداشتەکەى بدرێتەوە، بەڵکو شوکرى ئەو نیعمەتانەیە کە پێشتر دراون.
سەرەڕاى ئەمە، کاتێک لە ڕوانگەى پێویستى و زەروورەتەوە لە بابەتەکە دەڕوانین، داواکردنى نیعمەتە ئاخیرەتییەکانیش گرفتێکى تێدا نییە. گەرچى عیبادەتەکانمان بە نیعمەتەکانى ئاخیرەتەوە نابەستینەوە و بەندایەتمان بۆ خوا بۆ ئەوەى نییە کە ئەوان بەدەست بهێنین، شتێکى ڕوونە کە بەتوندى پێویستمان پێیانە. وەک چۆن لەم دونیایەدا پێویستمان بەوەیە کە باوەڕ بە خوا بکەین، بیناسین و بیزانین، خۆشمان بوێت، وابەستەى ببین، پشتى پێببەستین و متمانەى پێبکەین؛ لەو دونیاشدا موحتاجى ئەوەین لەوانەیە بین کە لە خۆى نزیکى خستوونەتەوە. دەشزانین ئەو تاکە جێگایەکى کە لە ئاخیرەتدا لەوەوە نزیک دەبین، دەتوانین جەماڵى ئەو ببینین و بە شنەباکانى (ورضوان من أللە أکبر)[2] دەورە دەدرێین، بەهەشتە. بۆیە لە لوتفى ئەو چاوەڕوانى بەهەشت و نیعمەتەکانى ناوى دەکەین. چونکە ئێمە بەبێ خوا نامانکرێت؛ وەک چۆن ناتوانین کە بێئەو بین، ناتوانین بەبێ بەهەشتیش بین.
پەنابردن بۆ ناوە ئیلاهییەکان لە دوعاکاندا
ئیخلاص بریتییە لە ناونیشانى باش ناسینى ڕاستەوخۆى خواى گەورە، عەوداڵبوون بەدواى ڕەزامەندیی ئەودا و ڕێزگرتن لە فەرمانەکانى. بۆیە ئیخلاص بۆ هەموو ئیماندارێک ئەوپەڕى گرنگى هەیە. کاتێک بەدیعوززەمانیش داواى ئیخلاص لە خواى گەورە دەکات، حیکمەتى کردنى ناوەکانى ئەو بە شەفاعەتکار لێرەدایە. چونکە کاتێک ئێمە لە دوعاکانماندا داواى ئەو شتانە دەکەین کە بەلامانەوە گرنگترینن، دیسان ئەو شتانە دەکەین بە تکاکار کە زۆرمان بەلاوە گرنگن.
بۆ نموونە، یەکێک لەو دوعایانەى کە بەندەى هەژار دەیکات ئەمەیە: (أللهم أعل کلمة أللە….) “خوایە ناوى خۆت و حەق و دینى ئیسلام لە هەموو لایەکى دونیا و لە هەموو بوارێکى ژیاندا سەربخە. دڵى ئێمە و دڵى هەموو کەسێک لە هەموو لایەکى دونیادا و لە هەموو بوارێکى ژیاندا بەرەو لاى ئیمان و ئیسلام و ئیحسان و قورئان واڵا و ئاسوودە بکە!”
لەبەرئەوەى کە ئەم دوعایەشم زۆر بەلاوە گرنگە، هانا بۆ شەفاعەتى گەورەترین شەفاعەتکار دەبەم و دەڵێم: (بحق ذاتک وبحق صفاتک….) “بۆ خاترى زاتى پیرۆزى خۆت، سیفەتە بەرزەکانت، بۆ خاترى ناوە جوانەکانت، بۆ خاترى حورمەتى ناوى هەرە مەزن و حورمەت و شەفاعەتى گەورەمان موحەممەدى هەڵبژێرراو (صلى الله علیە وسلم)”
چەشنى ئەمە، ئیخلاصیش سەبارەت بە ئیماندار زۆر گرنگ و زەروورییە. بۆیە بەدیعوززەمان بۆ ئەوەى ببێت بە خاوەنى گشت ناوە جوانەکانى کردووە بە تکاکار. بۆیە ئەو وتەیەى ئەو لە ڕوانگەى نیشاندانى گرنگیی ئیخلاصەوە ئەوەندەى دیکەش گرنگە.
لەلایەکى دیکەوە، قورئانیش ئامۆژگاریمان دەکات کە لە دوعاکانماندا ناوە ئیلاهییەکان بەکاربهێنین و بیانەکەین بە تکاکارمان. بۆ نموونە: (وللە الأسماء الحسنى فادعوە بها)[3] ماناى وایە کاریگەریی بەهێزى ناوە ئیلاهییەکان کە لەخۆگرى نهێنییەکانى عبودییەتن قبووڵ دەکەین و لە دوعاکانماندا هانایان بۆ دەبەین. وەک دەزانرێت، لە دوعاى جەوشەنیشدا دەوترێت (أسألک بأسمائک) “لەبەر خاترى ئەم ناوانەت داوات لێدەکەم” و پاشان ناوە پیرۆزەکان دەوترێن و لەبەر خاترى ئەوان داواى پارێزران لە دۆزەخ دەکرێت.
جەختکردنەوەى بەدیعوززەمان لە ئیخلاص
مامۆستا نوورسى لە پەیامەکانیدا بەبۆنەى جۆراوجۆرەوە هەڵوێستەى لەسەر ئیخلاص کردووە و لە ڕێگەى گوزارشتى زۆر بەهێزەوە جەختى لە گرنگییەکەى کردووەتەوە. وتوویەتى گەردیلەیەک کردەوە کە بە ئیخلاصەوە دەکرێت لە چەندین تەن کردەوەى بێئیخلاص باشترە؛ بەرگرتنى یەک بە هەزار خزمەتەکانى سەرەڕاى ئەوەى کە کەسانى زۆر کەم لە چواردەورى بوون بەستووەتەوە بە ئیخلاصى ئەم چەند کەسە کەمەوە. لە دەربڕینى ئەم حەقیقەتەدا وتوویەتى “پشت بە خوا بە ئیخلاصى کامڵ دەگەین و منیش بەزۆر دەخەنە سەر ڕێى ئیخلاصى تەواوەتى.”[4]
بەدیعوززەمان لەم گوفتارەیدا هەم خۆبەکەمزانیی خۆى دەردەخات، هەم ستاییشى براکانى دەکات و هەم وەک پێویستیش ئاگاداریان دەکاتەوە. چونکە ئینسان چەند ئیخلاصیشى هەبێت، گەیشتن بە ئیخلاصى کامڵ شتێکى ئاسان نییە. چونکە ئەمە داخوازى ئەوەیە کە هێندەى موویەکیش تێبینیی تر تێکەڵ بە کارەکە نەکرێت، بە پشتى دەست جگە لە زاتى ئولوهییەت هەموو ماسیوا پاڵى پێوە بنرێت و تەرکیز بەتەواوەتى بخرێتە سەر خوا. جگە لەمە، ئیخلاصى بەدەستهاتوو لەوانەیە بەئاسانى و بێئەوەى پێى بزانرێت لەدەست بدرێت. ئەگەر زۆر دیقەتى ئەم شتانەیش بدرێت، دیسانیش ئاسان نییە ئینسان سەبارەت بە خۆى دڵنیا بێت لەوەى کە بە (إخلاص التام) یان (إخلاص الأتم) گەیشتووە. ئەمە ئامانجێکە بۆ ئێمە، بەڵام ئاسۆیەکی وەهایشە کە گەیشتن پێى زۆر سەختە. گەیشتن پێى پێویستى بە بڕینى چەندین لەمپەڕى سەخت و خۆڕاپسکاندان لە بەندەکانى لاشە و جیسمانییەت هەیە. ئیخلاصێکى لەم جۆرە تەنها تایبەتە بەو بەندە تایبەتانەى کە پێیان دەوترێت (مخلصین).
بەدیعوززەمان کەسایەتییەکى نموونەیی وەهایە کە زۆرباش ڕووداوەکانى چواردەورى خوێندووەتەوە، بەردەوام پەندى لێوە دەرهێناون و ئەگەر پێویستیشى کردبێت ئاگادارکردنەوەى ئاڕاستەى خۆى و کەسانى تر کردووە. لە شوێنێکى تردا بەم جۆرە ئەزموونێکى خۆى دەربارەى ئیخلاص نەقڵ دەکات: بەدیعوززەمان لەلای حافز عەلى -کە یەکێکە لە قوتابییەکانى مامۆستا- دەڵێت فڵانە قوتابیی دیکە خەتى لەو خۆشترە بۆیە خزمەتى زیاتریش دەکات. مامۆستا دەفەرمووێت حافز عەلى بەوپەڕى ئیخلاص و ڕاستگۆییەوە دڵى بەوە خۆش بووە و ستاییشى بە براکەیەوە کردووە.[5]
ئەم نموونەیە نیشانى دەدات کە ئیخلاص لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکى نزیکى بە برایەتیشەوە هەیە. ئەگەر دەمانەوێت لەو خزمەتانەدا کە لە ڕێى خوادا دەیانکەین چەند بەئیخلاصین، دەتوانین ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین: “ئەگەر ڕووبەڕووى شتێکى وەها ببوومایەتەوە، دەمتوانى هەمان هەڵوێست بنوێنم؟” خواى گەورە دەرفەتى ئەوە بە ئێمەیش بدات کە لەم ئاستە بەرزەدا نەفیی نەفسى خۆمان بکەین، پەیوەندیی لەگەڵ پەروەردگارمان ببەستین و صەمیمى بین.
پلیکانەى ئیخلاص
ئەگەر وەک مامۆستا ئێمەیش بەدیقەت تەماشاى چواردەورمان بکەین، چەندین پاڵەوانى ئیخلاص دەبینین کە لەبەر خاترى خوا کۆشش دەکەن. ئێرەیی بە حاڵى ئەوان دەبەین، هەوڵ دەدەین کە وەک ئەوان بین. بۆ نموونە، دۆخى هاوڕێیان لە نەوەدەکاندا کاتێک بە هەر چوار لاى دونیادا کۆچیان دەکرد، زۆر خالیصانە بوو لەبەر چاوم. ئەوان تەنانەت بەبێ بیرکردنەوە لە مووچە و بەبێ ناسینى ئەو وڵاتەى کە کۆچى بۆ دەکەن، هیجرەتیان کرد. ئەم حاڵەى ئەوان جۆشوخرۆشى بە ئێمەش دەدا، زیندووى دەکردینەوە و دەهاتینەوە سەر خۆمان. چەند شوکرى خوا بکەین لەسەر ئەوەى گەیاندووینى بە بەختەوەریی ناسینى ئەم هەموو خۆتەرخانەکەرە بۆ خزمەتى ئیمان، هێشتا کەمە. خۆى لە خۆیدا ئەگەر لەناو ئەم بازنەى خزمەتەدا کەسانى بەئیخلاصى لەم جۆرە نەبووایە، ئەم هەموو کارە جوان و چاکەیش پەیدا نەدەبوو. کەوایە میوە و بەروبوومى خزمەتەکان، ئەو لوتفە زیادانەن کە خواى گەورە وەک پاداشتى هەڵسوکەوتە بێگەردەکان دەیانبەخشێت.
ئەگەر ئیخلاص گرنگترین وەسف بێت کە زاتى ئولوهییەت لە ئێمەى دەخوازێت و پلیکانەیەک بێت کە بە یەک هەڵمەت ئێمە بە ڕەزاى ئەو بگەیەنێت، کەوایە دەبێت گرنگترین داواکاریی ئێمەیش بێت. دەبێت بەردەوام داواى ئیخلاص لە خوا بکەین. بەتایبەت پێویستە شەوان هەستین و لەدواى شەونوێژ سەر بخەینە سوجدە و بڵێین (أللهم إجعلنا من عبادک المخلصین المخلصین) “خوایە بمانگێڕە لەو بەندانەى کە عەوداڵى ئیخلاصن و گەیەنراون بە ئیخلاص!” دەبێت لە گشت کردەوەکانماندا بەدواى ئیخلاصدا وێڵ بین و هەموو تەمەنمان لە شوێنکەوتنى ئیخلاصى تەواوەتیدا بەسەربەرین. لە دوعاکانماندا دەربارەى بازرگانى، تەندروستى، ماڵ و منداڵمان لە خوا دەپاڕێینەوە. ئەمانە گرفتێکیان تێدا نییە، بەڵام هیچ یەک لەمانە ناکرێت هێندەى بەدەستهێنانى ئیخلاص، ڕەزاى ئیلاهى و مەعریفەتى بەدیهێنەر گرنگ بن. کەوایە دەبێت هیچ نەبێت هێندەى خواستە دونیاییەکانمان دوعاى بەدەستهێنانى ئەمانەیش بکەین.
نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ئیخلاص پەیوەستى ئیمانە. ئیمانمان چەند بەهێز بێت ئیخلاصیشمان بەو ئەندازەیە دەبێت. لەم ڕووەوە، دەبێت لەسەروو بێگومانیی ماتماتیکییەوە ئیمان بە خوا بهێنین، بەئەندازەى ئیمانەکەمان ببین بە خاوەنى مەعریفەت و هێندەى مەعریفەتەکەیشمان پەیوەندییەکى بەهێز لەگەڵ خوادا ببەستین. ئەگەر دەمانەوێت (إخلاص الأتم) بەدەست بهێنین، دەبێت هەوڵ بدەین ئیمانەکەمان بگەیەنین بە ئاستەکانى (علم الیقین)، لەمەیشەوە بۆ (عین الیقین) و لەمەیشەوە بۆ (حق الیقین). ئەگەر ئیمان لە بوونماندا هەڵبکۆڵین و زۆر نزیک بین لە خواوە، نە دەستى شەیتان و نە نەفس ناتوانن ئیخلاصەکەمان بشکێنن.
بەڵێ، وەک چۆن بەدەستهێنانى هەموو شتێکى چاک زەحمەتە، بەدەستهێنانى ئیخلاصیش ئاسان نییە. بەڵام ئەو ڕێگایانەى کە بەومان دەگەیەنن داخراو نین و کراوەن. لە ڕێگەى ئیمان، مەعریفەت، خۆشویستن، بیرکردنەوە و دوعاوە دەتوانین پێى بگەین.
[1] . سەعیدى نوورسى، بریسکەکان، بریسکەى ٢١.
[2] . التوبة: ٧٢.
[3] الأعراف: ١٨٠.
[4] سەعیدى نوورسى، بریسکەکان، بریسکەى ٢١.
[5] سەعیدى نوورسى، پاشبەندەکان، پاشبەندى بارلا.





