İçindekiler
پرسیار: لەناو دامەزراوەى خێزاندا کە چەندین سەدە ئێمەى بەپێوە ڕاگرتووە، زۆربوونى پەرتەوازەبوون و پاشان جیابوونەوە دەبینرێت؟ دەتوانرێت چى بکرێت بۆ ئەوەى کە ڕێ لەم دۆخە خەمهێنە بگیرێت و سەرلەنوێ ئاسوودەیی لە خێزاندا دەستەبەر بکرێتەوە؟
وەڵام: ئەو هەڵوەشانەوەیەی خێزان کە سەرەتا لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا ڕوویدا، لەناو کۆمەڵگا موسوڵمانانیشدا بڵاو بووەتەوە. ناوچەی ئەنادۆڵیش بەشى خۆیى لەمە بەر کەوت و ئەمڕۆ جیابوونەوەکان بەراورد بە ڕابردوو زیادیان کردووە. ئامارەکان نیشانى دەدەن خێزانەکان چەند بەخێرایی توشی هەڵوەشانەوە و پەرتەوازەیی دەبن. تەنانەت ئەگەر سەیرى ئامارەکانیش نەکەین، لەو ڕووداوانەى چواردەورمانەوە کە شایەتحاڵیان دەبین، لەو شتانەوە کە ئەزموونمان کردوون و لە سەرنجدانەکانى خۆیشمانەوە دەتوانین بەو قەناعەتە بگەین کە خێزانەکان چەند بەخێرایی بەرەو لێکترازان و هەڵوەشانەوە دەچن. بەندەیش هەتا ئێستا لە چواردەورى نزیکى خۆمدا شایەتحاڵى چەندین کێشەى خێزانى بووم. هەندێک لە هاوڕێیان بۆ ئەوەى چارەیەک بۆ کێشە خێزانییەکانیان بدۆزنەوە هاتن بۆ لاى بەندەى هەژار؛ منیش چەند لە توانامدا بوو هەوڵی ئەوەم دا چەند پێشنیارێکیان بۆ بکەم.
چەقى هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتى: خێزان
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەم دۆخە زۆر بەقوڵی بریندارم دەکات و بەجددى نیگەرانم دەکات. کاتێک خێزانە پەرتەوازەکان، خەڵکانی مافخوراو و ژنانی ستەمدیدە دەبینم حەز دەکەم دابنیشم و بگریم. چونکە کاتێک گرفتێک لە خێزاندا ڕوودەدات یان دەگات بە جیابوونەوە، هەم پیاو و هەم ژن زیانێکى گەورەی لێ دەکەن. بە تێپەڕینى کات قین و ڕق شوێنى خۆشەویستى و میهرەبانى دەگرێتەوە. ئەنانییەتەکان خۆیان هەڵدەقورتێنن، عینادى دەست پێ دەکات، هەستى تۆڵەسەندنەوە جۆش دەسەنێت. هەموو ئەم شتانەیش مرۆڤەکان بەرەو ئەنجامدانى هەڵەى گەورەتر ڕاپێچ دەکەن. لەمەیش خراپتر، ڕووداوەکان تەنها بە هاوسەرەکانەوە ناوەستن، بەڵکو منداڵەکانیش لەو نێوەندەدا مەغدوور دەبن، خزمەکان و چواردەورى نزیکیش پریشکى کاریگەرییە خراپەکانیان بەر دەکەوێت. لە هەموویشى گرنگتر، چونکە خێزان بەردى بناغەى کۆمەڵگایە، لەگەڵ هەر خێزانێکدا کە دەڕووخێت، شیبوونەوەیش لەسەر ئاستى کۆمەڵگا وردە وردە دەست پێ دەکات.
ڕەهەندێکى دیکەى بابەتەکەیش ئەمەیە: ژیانى خێزانى، پەیوەندییەکى نزیکى بە بەندایەتیمانەوە هەیە. چونکە لەگەڵ نیکاحدا کۆمەڵێک ماف و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەکەوێتە سەرشانی لایەنەکان. هەر هەڵەیەک کە لە ژیانى هاوسەرگیریدا دەکرێت، دەشێت ببێت بە هۆکارى گوناهێک کە لاى خوا بەرپرسیارمان بکات. ئەگەر ئاگادار نەبین، دەگونجێت مافى خەڵکی بێتە ناو باسەکەوە و ئەمەیش دەرگا لەسەر گوناهى جیاوازى دیکەش واڵا بکات.
مەگەر دەگونجێت کەسێکى خاوەن ویژدان لەبەرانبەر ئەم تابلۆیەدا دڵتەنگ نەبێت؟ بەتایبەت ئەگەر هەستیارییەکی باڵات هەبێت، لەگەڵ هەر پایەیەکى خێزاندا کە دەڕووخێت، لە دونیاى ناوەوەیشتدا هەست بە داڕمانى یەک لەسەر یەک دەکەیت. دڵێک کە لەهەمبەر گەڵاى هەڵوەریوى درەخت و مردنى مێروولەیەکدا چاوى تەڕ دەبێت، لە بەرانبەر هەڵوەشانەوەی خێزانێکدا لەت لەت دەبێت.
ئەم داڕمانەى کە لە خێزاندا ڕوودەدات چەندین هۆکارى هەیە. لەسەرووى لیستەکەدا هەوا و ئارەزووەکان هەن. مرۆڤ دەیەوێت بەئارەزووی خۆى بژى. ئەم دۆخە لە ژیانی خێزانیشدا ڕەنگ دەداتەوە. هاوسەرگیرییەکان زیاتر لەسەر هەوا و هەستەکان بونیات دەنرێن. لەبەرئەوەى زیاتر گرنگى بە پەیوەندیی دڵ دەدرێت، عەقڵ دەکەوێتە پلەى دووەم، کاریگەریی لۆجیک کەم دەبێتەوە. بۆیە وەک پێویست حساب بۆ ماف و ئەرکەکان ناکرێت. مرۆڤەکان وەک چۆن لە قورسیی ئەو ئەرکە تێ ناگەن کە لە ئەستۆیان گرتووە، کاتێکیش کە هاوسەرگیرى دەکەن بەتەواوەتى نازانن “بەڵێ”یان بۆ چ شتێک کردووە. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاریگەریی ئیمان بە ئاخیرەت، ترسى لێپرسینەوە و هەستى تەقوا لەسەر ڕەفتار و کردارەکان کەم دەبێتەوە. ئەو خێزانانەى کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بناغەى پتەو دانەمەزراون، ئاسوودەیی بە کەسەکان نابەخشن.
ئامادەسازیی زیهن و دڵ بۆ هاوسەرگیرى
ئەو هاوسەرگیرییانەى کە بەئەندازەى پێویست بیریان لێ ناکرێتەوە و ئامادەسازیی ماددى و مەعنەوییان بۆ ناکرێت، زۆرجار ئاسوودەیی بە لایەنەکان نابەخشن. لەبنەڕەتدا ئەم جۆرە پێکەوەبوونە هەم بە ماناى تەواوەتى بە هاوسەرگیرى ئەژمار ناکرێت، هەم ئەو جێگاى هاوبەشەى کە کەسەکانیش تێیدا دەژین نابێت بە خانە و لانە بە مانا ڕاستەقینەکەى.
لەم ڕوانگەیەوە، کەسانێک کە خۆیان بۆ هاوسەرگیرى ئامادە دەکەن، دەبێت دونیاى زیهن و دڵیان بۆ هاوسەرگیرى ئامادە بکەن. پێویستە بگەن بە ئاستێکى پێگەیشتنى وەها کە بتوانن ئەو هاوسەرگیرییە بەڕێوە ببەن، -ئەگەر ئەم دەستەواژەیە گونجاو بێت- بگەن بە ئاستى تێگەشتوویی تەواو (رَشِيد). بۆ نموونە، پێویستە لە مانا و ناوەڕۆکى هاوسەرگیرى تێ بگەن، فیترەتى ڕەگەزى بەرانبەر بناسن، بوارى بەرپرسیارێتیی یەکتر فێر ببن و دەستوەردان لە کایەی یەکتردا نەکەن. هاوسەران کە بە نییەتى بەسەربردنى تەمەنێک پێکەوە ملی ڕێگە دەگرنە بەر، دەبێت لە سەرەتاوە ئامادەى ئەوە بن کە بەرگەى یەکتر بگرن و بتوانن کۆنتڕۆڵى ئەو هەستە نەرێنییانە بکەن لە ناخیاندا دروست دەبێت. بەهەمان شێوە، دەبێت خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەى کێشەکان بە ئاڵوگۆڕى فیکرى چارەسەر بکەن، ڕێز لە یەکتر بگرن، هاوسۆزى یەکتر بن و خۆیان بخەنە جێى بەرانبەر. تەواوی ئەمانەیش وابەستەی پەروەردەن.
ئەگەر لایەنەکان پێش هاوسەرگیرى پەروەردەیەکى لەم جۆرەیان وەرنەگرتبێت و خۆیان بۆ ژیانى هاوسەرگیرى ئامادە نەکردبێت، لەوانەیە ئەو خێزانەى کە پێکى دەهێنن تەمەندرێژ نەبێت و بەرانبەر بە زریانى بەهێز خۆى ڕانەگرێت و بڕووخێت. لەم جۆرە ماڵانەدا هەموو ڕۆژێک مشتومڕ سەر هەڵدەدات؛ یەکێک شتێک دەڵێت، ئەوەى تر وەڵامى دەداتەوە. ئیدى هەموو ڕۆژێک نائارامییەکان گەورەتر دەبن و بە تێپەڕینى کات واى لێ دێت کە لایەنەکان ناتوانن لەژێرى دەربچن. کۆمەڵگایەکیش کە تێیدا پایەکانى خێزان ڕماون و ستوونەکانى هاوسەرگیرى ڕووخاون، مەحاڵە ماوەیەکى درێژ بەپێوە بمێنێتەوە. یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەى کە بەدرێژایی چەندین سەدە بەردەوامیى بە حوکمى عوسمانییەکان دا، پێکهاتەى بەهێزى خێزانەکانى بوو. چونکە پێکهاتەى خێزانى بەهێز بوو، یارمەتى و هاریکارییەکى تۆکمە لەنێوان تاکەکانى خێزاندا هەبوو، نەوەگەلێکى خاوەن کاراکتەر، دیسیپلین و ڕەوشت پێگەیشتن. لە ژینگەیەکى خێزانیدا کە بەردەوام مشتومڕ و پێکدادان ڕوودەدات، دروستبوونى تاکى بەهێز و تەندروست زۆر زەحمەتە.
ئەو بابەتانەی کە پێغەمبەرى خوا (ﷺ) لە وتارى ماڵئاواییدا باسى کردوون، کۆمەڵێک بناغەى گرنگن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بوون و بەردەوامیی کۆمەڵگاوە هەیە. پێغەمبەر (ﷺ) لەو وتارەدا سووخۆری بە هەموو جۆرێک قەدەغە دەکات، دوژمنایەتى و شەڕى خوێن بە خوێن هەڵدەگرێت، ئوممەتەکەى دەربارەى زوڵم ئاگادار دەکاتەوە، فەرمان دەکات بەوەى کە ئەمانەتەکان بدرێت بە کەسانى شاییستە، جەخت لە پارێزرانى گیان و ماڵ دەکاتەوە، بانگەشەى باڵایی لەسەر بنەماى ڕەگەز و نەتەوە و ڕەچەڵەک ڕەت دەکاتەوە. لەپاڵ هەموو ئەم شتانەدا بەتایبەت سەرنج بۆ لاى ماف و بەرپرسیارێتییەکانى هاوسەران بەرانبەر بە یەکتر ڕادەکێشێت و دەفەرمووێت ژنان ئەمانەتى پیاوەکانن.[1] هەموو ئەم بنەمایانە ئەو دینامیکە بنەڕەتییانەن کە کۆمەڵگا بەپێوە ڕادەگرن. چونکە هەڵوەشانەوەی خێزان زۆرجار بەهۆى زیان لێکەوتنى ئەم بناغانەوە دەست پێ دەکەن.
بۆیە چەند خەمبار و نیگەران ببین لە ئاستى هەڵوەشانەوەی خێزاندا و لەم بارەیەوە چەند بترسین هێشتا هەر کەمە. ئەوەندە هەیە ناتوانین بڵێین وەک پێویست هەست بەو کێشانە دەکەین کە لە دامەزراوەى خێزاندا ڕوودەدەن و هەوڵى پێویستمان بەگەڕ خستووە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵوەشانەوەی. هەتا ئەمڕۆ بەداخەوە وەک پێویست لەسەر فەلسەفەى خێزان هەڵوێستە نەکراوە، ئەو بنچینە بنەڕەتییانە نەخراونەتە گۆڕێ کە لەسەریان ڕاگیر دەبێت. وانەگەلێک کە باسى مانا و ناوەرۆکى خێزان دەکەن لە قوتابخانەکاندا جێى خۆیان نەگرتووە؛ لە بابەتەکانى وەک خێزان و هاوسەرگیرى و پەروەردەى منداڵدا لێکۆڵینەوەى قووڵ کە وەڵامى پێداویستییەکان بدەنەوە ئەنجام نەدراون. ئەم بابەتە وەک پێویست لە سیمپۆزیۆم، پانێڵ و کۆنفڕانسەکاندا تاوتوێ نەکراوە. پاڵێوراوان بۆ هاوسەرگیری بە پڕۆسەیەکى پەروەردەیى تایبەتى هاوسەریگریدا نەڕۆیشتوون. ئیشەڵا لە داهاتوودا هەلی قەرەبووى ئەم کەمکورتییانە دەڕەخسێت.
پەروەردەى پێش هاوسەرگیرى
کەسانێک کە بەهۆى پەروەردەوە بوون بە خاوەن پیشەى دیاریکراو، بە تێپەڕینى کات بۆ ئەوەى بەردەوامى بەرەوپێشچوونی خۆیان بدەن بەشداریی لە کۆرسى جۆراوجۆردا دەکەن. هەتا کەسێک خاوەنى بەهرە، توانا و ئەزموونى پێویست نەبێت پلەوپایەى گرنگى پێ نادرێت و ڕاستیش نییە ئەگەر پێى بدرێت. هەموو ئەرکێک پێویستى بە بەرپرسیارێتییە و هەموو کەسێکیش ناتوانێت ئەمە هەڵبگرێت. دوو کەس کە خێزانێک دادەمەزرێنن، ماناى وایە کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتى لە ئەستۆ دەگرن. خەڵک کە لەپێناو پیشەیەکدا پەروەردەیەکى دیاریکراو وەردەگرن و دواتریش چەندین کۆرس وەردەگرن، چۆن دەکرێت بەرانبەر بە دامەزراوەى خێزان کە بناغەى کۆمەڵگا پێک دەهێنێت ئەوەندە نەزان و بێباک بن؟ کەسانێک کە تەنانەت کتێبێکیان نەخوێندووەتەوە دەربارەى مافى هاوسەران یان چۆنێتیی پەروەردەکردنى منداڵان وەک تاکى تەندروست و خاوەن بەهاى مرۆیی، یان بە لایەنى کەمەوە سیمینارێکیان وەرنەگرتووە، چۆن دەشێت ئەمانەتى خێزانیان پێ بسپێردرێت؟!
زیندەوەرانى دیکەى جگە لە مرۆڤ، لەم بوارەدا پێویستیان بە پەروەردە نییە. ئەوان هەر کە چاو هەڵدەهێنن بەڕووی دونیادا دەزانن پێویستە چى بکەن. بەهۆى ئاڕاستەکردنى خواییەوە دەزانن چۆن هێلانەکەیان دروست بکەن و بەردەوامى بە وەچەکانیان بدەن. ئەو شتانەى کە پێویستە بیکەن لەلایەن خواوە خراوەتە ناو سروشتیانەوە. بەڵام مرۆڤ، وەک بەدیعوززەمان دەفەرموێت: “بوونەوەرێکە کە بە فێربوون کامڵ دەبێت.”[2] واتە پێویستى بە فێرکردن، پەروەردە و فێربوون هەیە بۆ ئەوەى تواناکانى گەشە بکەن و ماتەوزەکەى دەربکەوێت. مرۆڤ کە بۆ دابینکردنى سادەترین پێویستییەکانى ژیانیش پێویستى بە پەروەردەیە، لە بابەتێکى ئاڵۆزى وەک خێزاندا ئەگەر پەروەردەیەکى جددیی وەرنەگرتبێت، زۆر زەحمەت دەتوانێت خێزانێکی بەختەوەر بونیات بنێت.
ئەگەر بمتوانیبایە، بەدەستهێنانى بڕوانامەیەکم بۆ کەسانێک کە بە نیازى هاوسەرگیرین، لە ڕوانگەى (مَصلَحَة المُرسَلَة)وە دەکرد بە مەرج. کەسانێک کە چوونەتە سەر ڕێى هاوسەرگیرى، بەحەتمى بە پڕۆسەیەکى فێربووندا دەمبردن و دەمگەیاندن بە ئاستێکى پێگەیشتنى وەها کە بۆ هاوسەرگیرى بگونجێن. کەسێک کە هێشتا نەیتوانیوە خۆى بناسێت، ڕەگەزى بەرانبەر ناناسێت، نازانێت هاوسەرگیرى ماناى چییە، لە پێگەیاندنى منداڵدا خۆیی پڕچەک نەکردووە، نەمدەهێشت هاوسەرگیرى بکات. چونکە لەمڕۆدا نە قوتابخانە، نە کۆڵان و نە خێزان لەم بارەیەوە توێشوویەکی پێویست بە مرۆڤ نابەخشن؛ بگرە زۆرجار نموونەى خراپیشى نیشان دەدەن. میدیا جیابوونەوە وەک نیشانەى ئازایەتى پشان دەدات، زنجیرەکانى تەلەفزیۆن بەردەوام ئەو کۆڵەکانە دەشکێنن کە خێزانیان لەسەر وەستاوە. لەم ژینگەیەدا کە تێیدا دەژیین، ماڵ و خێزان لە ئاڕاستە جیاوازەکانەوە لەژێر هەڕەشەدایە. گەنجان کە لەم دۆخەدا هاوسەرگیرى دەکەن، ژیان، فیترەتى مرۆڤ، زانستى بەڕێوەبردن، شعوورى بەرپرسیارێتى، مافەکانیان، ئەرکەکانیان و دینامیکە بنەڕەتییەکانى خێزان چۆن و لەکوێ فێر دەبن؟
لەم بابەتەدا لەوانەیە دەنگمان بە هەموو کەسێک نەگات و هەموو کەسێکیش بە قسەمان نەکات. بەڵام بەلایەنی کەمەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە ئێمەیان خۆش دەوێت و ڕێزمان لێ دەگرن دەتوانین لە جێیەکەوە دەست پێ بکەین. هیچ نەبێت لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا کە خاترمان دەگرن و گوێ بۆ ئامۆژگارییەکانمان دەگرن، دەتوانین لەم بوارەدا ڕابەرایەتیی هاوڕێکانمان بکەین. بەم جۆرە دەتوانین ببین بە هۆکارى ئەوەى ژیانێکى هاوسەگیریی ئاسوودە و ئارام لەسەر بنەماى یارمەتى و هاریکاری پێک بهێنن. ئەگەر لەم بوارەدا کە ئێمە کاریگەریمان هەیە نموونەى جوان پێشکەش بکەین، ئەم دۆخە بە تێپەرینى کات دەگونجێت لە تێکڕاى کۆمەڵگایشدا بڵاو ببێتەوە. کێ دەزانێت، لەوانەیە دەسەڵاتدارانیش هەست بە گرنگیی ئەم بابەتە بکەن و هەریەک لە سیستەمى پەروەردە، شارەوانییەکان و وەزارەتى ئەوقاف لەم بابەتدا ڕۆڵى چالاکتر بگێڕن.
ئەمانەتى خێزان و ئەرکى کۆمەڵگا
هەموو ئیماندارێکى خاوەن بەرپرسیارێتى پێویستە لە بابەتى خێزاندا خۆى بە بەرپرس بزانێت و هەرچى لە دەستى دێت بۆ پاراستنى خێزان ئەنجامى بدات. بەتایبەت کەسانێک کە لەم بابەتەدا خاوەنى زانست و ئەزموونن، دەبێت یارمەتیی ئەو هاوسەرانە بدەن کە کێشەى خێزانییان هەیە. پێویستە لە بۆنە جیاوازەکاندا سەردانى خێزانە نزیکەکانى چواردەورمان بکەین، بەوردی گوێ لە کێشەکانیان بگرین و بەدواى ڕێگاى چارەسەردا بگەڕێین. دەبێت کتێبى جۆراوجۆریان بۆ پێشنیار بکەین ، ڕێوشوێنى کردارییان پێ نیشان بدەین، ئەگەر پێویستى کرد یارمەتى لە کەسانى پسپۆڕ وەربگرین. هێندەی لەدەستمان دێت درزی نێو خیزانەکان پڕ بکەینەوە.
ئەوەى کە قورئان لە بابەتى چارەسەرى کێشە خێزانییەکاندا ئامۆژگاریی دەستنیشانکردنى ناوبژیوان (حَكَم)ێک دەکات،[3] بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگا لەم بوارەدا دەردەخات. لەمڕۆدا کاتێک کێشەیەک و نەگونجانێک لەنێوان هاوسەراندا ڕوودەدات، بەزۆرى یەکسەر هانا بۆ دادگاکان دەبەن؛ دادوەر (حَاكم)ەکانیش لە چوارچێوەى یاساکانى ئەمڕۆدا بەگشتى بڕیارى جیابوونەوە دەر دەکەن. دادوەران وەک داخوازییەکى پێگەکەیان ناتوانن ڕابەرایەتیی لایەنەکان بکەن، ناتوانن ڕێگایان نیشان بدەن، ناتوانن دونیاى دڵ و ڕۆحیان بدوێنن. بەڵام ناوبژیوانەکانی دەرەوەى دادگا دەتوانن ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە. حەکەم (ناوبژیوان)ەکان، لەبریی یاسا ڕەق و توندەکان، دەتوانن بە مامەڵەى میهرەبانانە لەگەڵ لایەنەکان و وەک حەکیمێکى کارامە بابەتەکە تاوتوێ بکەن و لە گۆشەنیگایەکى گشتگیرترەوە هەوڵى چارەسەرى کێشەکە بدەن. بەڵام نابێت ئەوەیشمان لەبیر بچێت کە جێبەجێ کردنى ئەم سیستەمە لەم ڕۆژگارەدا کۆمەڵێک دژواریی تایبەت بە خۆیشى هەیە.
پێویستە لە بابەتى بونیاتنانى خێزانى تەندروست یان چارەسەرکردنى ئەو کێشانەدا کە سەرهەڵدەدەن سوود لە پاڵپشتیکەر (مؤیدة)ى مەعنەوى کە هەستى تەقوا لە ویژداندا دروستى دەکات و هەروەها هێزى ژیانڕێکخەرى دین وەربگیرێت. چونکە هەموو ڕەفتار و ھەڵسوکەوتێکى ناو خێزان، وەک پێشتریش وتمان، ماهییەتێکى وەهاى هەیە کە بەرەو ئاخیرەت درێژ دەبێتەوە و پەیوەندیمان لەگەڵ خوایشدا دەگرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، لەلایەک دەبێت مژدەکانى دین بیرى کەسانێک بخرێتەوە کە لەگەڵ هاوسەرەکانیان جوان هەڵدەکەن، لەلایەکى دیکەشەوە بەرپرسیارێتییە ئاخیرەتییەکانى پێشێل کردنى مافەکان بخرێنە پێش چاو. لەبنەڕەتدا ئەگەر بتوانین ژیانمان بەگوێرەى دواڕۆژ پڕۆگرام بکەین، بیرى حساب و لێپرسینەوە هەمیشە لە زیهنماندا بەزیندوویی بهێڵینەوە و لە بازنەى تەقوا نەچینە دەرەوە، ماڵەکانمان تا ئەندازەیەک وەک گۆشەیەک لە بەهەشتیان لێ دێت.
[1] صحیح مسلم، کتاب الحج ١٤٧؛ سنن أبو داود، کتاب المناسك ٥٥؛ سنن إبن ماجة، کتاب المناسك ٨٤.
[2] بەدیعوززەمان سەعیدی نوورسی، سەرجەمی پەیامەکانی نوور، وتەکان، وتەی بیست و سێیەم، باسی یەکەم، خاڵی چوارەم
[3] سوورەتی (النساء)، ئایەتی ٣٥.





