حەقیقەتى مردن

حەقیقەتى مردن
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: لەمڕۆدا خەڵک وەک پێویست ناتوانن بیر لە مردن و دواى مردن بکەنەوە، ئەگەر بیریشى لێبکەنەوە وانە و پەندى پێویستى لێوەرناگرن. لەم بارەیەوە چ ئامۆژگارییەکمان دەکەیت؟

وەڵام: جاران کاتێک خەڵک کۆدەبوونەوە، باسى شتان و بابەتانێکیان دەکرد کە لە خوا نزیکیان بکاتەوە. مردنیش یەکێک بوو لەم بابەتانە. ئەوانەى کە ڕوو لە ئاخیرەت دەژیان مردنیان بیرى یەکتر دەخستەوە، لە بابەتى ئامادەکارى بۆ ژیانى ئاخیرەتدا هانى یەکتریان دەدا. لەمڕۆدا بەهۆى ئەوەى کە ڕوانینەکان ڕوویان کردووەتە دونیا و پەیوەندی و پێداویستییە دونیاییەکان پێش خراون، تابلۆ ئاخیرەتییەکان لەبیر کراون. لەکاتێکدا ئەو ژینگە و شوێنانە کەم دەبنەوە کە خەڵک بۆ لاى بابەتەکانى پەیوەندیدار بە زاتى ئولوهییەت بانگ دەکەن، ئەو هۆکارانەى کە بەرەو لاى نەفسانییەت و شەیتانییەت بانگهێشتیان دەکەن زیادیان کردووە. جددییەت و ویقار شوێنى خۆیان بۆ بێپەروایی و ژیانێک لە خولگەى سەرگەمیدا، چۆڵ کرد. خەڵکى کاتێک کۆدەبنەوە، ناتوانن گفتوگۆکانیان بە صوحبەتى جانان ڕەنگدار بکەن و زیندوویان بکەنەوە.

بەداخەوە زانستى مۆدێرنیش ڕۆح دەستى مرۆڤەکان ناخات، ئیمانەکان بەهێز ناکات، بەپێچەوانەوە ڕەنگە مرۆڤ بەرەو بێڕێزى و بێسنوورى هەڵبنێت. ئەگەر ماناگەلێک کە ڕوومان بەرەو خوا وەربچەرخێنن بە داتا زانستییەکان نەدرێت و لە ڕوانگەیەکى دروستەوە هەڵنەسەنگێنرێن، ئەوا ئەم دۆخە دەگونجێت مرۆڤایەتى بەرەو غەفڵەت و گومڕایی ڕاپێچ بکات.

پەردەى ئەستووى غەفڵەت

لەم قسانەدا تەنها مەبەستم لە ئەهلى دونیا نییە. بەداخەوە تەنانەت لەناو ئەوانەیشدا کە لە مزگەوت نوێژ دەکەن و تەوافى کەعبە دەکەن، ژمارەى کەسانێک کە لە پەیوەندییان لەگەڵ خوادا بەهێزە زۆر نییە. لەمڕۆدا پەردەى غەفڵەت ئەوەندە ئەستوور بووە، دڕاندنى و گەیشتن بە خوا کارێکى ئاسان نییە. لەو ڕۆژگارانەدا کە دین بەقووڵى کرابووە ژیانى ژیان، ئاگادارکردنەوەیەکى سادەى کەسێک کە متمانە بە قسەى دەکرا، بەس بوو بۆ بێداکردنەوە و بەئاگاهێنانەوەى خەڵک. ئیدى خەڵک لەهەمبەر قسەگەلێکدا لەمەڕ مردن و ئاخیرەت یەکسەر مووچڕکەیان تێدەکەوت و دەهاتنەوە هۆشى خۆیان. ئیڕشادێکى بچووک بەس بوو بۆ ئەوەى کە بەرەو ئاسۆى قوربەت ئاڕاستەیان بکات.

کاتێک بیرى هەندێک تابلۆى منداڵیم دەکەوێتەوە، خەڵکانێکم دێتەوە پێش چاو کە لە ژیانى عیبادەتیاندا زۆر جددى بوون و چاویان بە گریان بوو. ئەو کاتانە وەک ئێستا بێباکى و بێپەوایی بەرانبەر بە دین باڵادەست نەبوو؛ خەڵک ئەمەندە بە چڵکى گوناە ناشرین نەبووبوون. بیر و هەستەکان ڕوونتر، دڵەکانیش بێگەردتر بوون. خەڵک داراى دڵانێک بوون کە لەهەمبەر بابەتە مەعنەوییەکاندا بەجۆشوخرۆشەوە لێى دەدا. بۆیە مردن ئامۆژگارێکى گەورە بوو بۆ مرۆڤەکان.

خەڵکى ئەمڕۆ بەراورد بە پێشینان زانیارییان زیاترە. زانیاریشیان دەربارەى کتێبى گەردوون لەوان زیاترە. بەڵام بەداخەوە ژیانێکى دوور دەژین لە بینینى ئەو شتانەى کە ئەوان دەیانبینى، لە بیستنى شتانێک کە ئەوان دەیانبیست. مەلاکان لە هەموو جێیەک باسى دین دەکەن، وتار و وانەکان لە مزگەوتەکاندا دەوترێنەوە، مەولود دەخوێنرێتەوە، لە ڕۆژە تایبەتەکاندا پرۆگرام ساز دەکرێت، بەڵام زەحمەتە بتوانین باس لە هەیەجانى دڵ بکەین. وەک چۆن هەستێکى پتەوى بەرپرسیارێتیمان نییە، ترسى چوونەوە حزوورى خوایشمان نەماوە. بەندە تا ئێستا کەسێکم نەدیوە لە ترسى سەختیی حساب دڵى وەستابێت. بەداخەوە خەڵکى ئەمڕۆ بەم ژیانە کورت و کاتییە دەخەڵەتێت، لە بابەتى خۆئامادەکردن بۆ مردن و ژیانى دواى مردندا زۆر کەموکورتە و لە غەفڵەتێکى قووڵدا دەژى.

دوو شت کە دڵ زیندوو ڕادەگرن

مادەم حاڵ بەم جۆرەیە، کەواتە سەرەتا پێویستە خۆمان نوێ بکەینەوە و لە بابەتە دینییەکاندا هەستیارتر بین. زانایان لەسەر دوو شت دەوەستن کە دڵ بەزیندوویی دەهێڵنەوە: یەکەمیان فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە، دووەمیشیان باسکردن و موتاڵاکردنى ئەو بابەتانەى (رقائق)ە کە دەربارەى زوهد و ناسکبوونەوەى دڵن. یادکردنەوەى مردنیش یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکانى (رقائق).

بەڵێ، پێویستە هەموو دەرفەتێک بقۆزرێتەوە بۆ بانگەواز کردن بۆ چاکە. بەڵام تەنها ئەو کاتەى ئەم بانگەوازە لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێت کە لەسەروو قەتعییەتى ماتماتیکییەوە ئیمانیان بە خوا هێناوە، دەتوانن بە زمانى دڵ خەڵک بدوێنن و ئەوە بژین و جێبەجێ بکەن کە دەیڵێن، ئینجا کاریگەر دەبێت. دەنا کەسانێک کە بە ناوى باسکردنى خواوە باسى خۆیان دەکەن، شوێن خۆشگوزەرانى و فەنتازیاکان کەوتوون، لە زانستەکەیان هەوڵى ڕاوکردنى مەقام دەدەن و خۆیان بە خەڵک دەفرۆشنەوە، گوفتارەکانیان لە دڵى خەڵگدا دەنگ ناداتەوە. ئەوانەى کە فەرمان بە چاکە دەکەن و خۆیان نایکەن، بانگەشەى گەڕاندنەوەى خەڵک لە خراپە دەکەن و خۆیان بەردەوامن لەسەرى، هەرگیز ناتوانن قەناعەتبەخش بن. کەسانێک کە خەمێکى جددییان نییە بۆ دیندارى، دڵیان مردووە، جۆشوخرۆشیان کوژاوەتەوە، دەبێت پێش ئەوەى ئامۆژگاریی کەسانى تر بکەن موحاسەبەى نەفسى خۆیان بکەن.

بۆیە سەرەتا پێویستە ئامۆژگارانێکى ئەهلى زانست کە عاقڵن و خۆیان بۆ خزمەتى دین تەرخان کردووە پێبگەن. کارێکى زۆر گرنگى وەک پەروەردەى دینى، ناکرێت تەسلیمى کەسانى ناشاییستە بکرێن. کەسێک کە فێرى ڕۆیشتنمان دەکات، سەرەتا دەبێت خۆى بەقنجى بەپێوە بوەستێت و بتوانێت هەنگاو بنێت. شتێک ئەگەر سەرەتا دڵى خۆمان نەهێنێتە جۆش، ئیتر چۆن کار لە خەڵکى تر بکات؟! ئەگەر وەک کەسێک کە دڵى نالەرزێت بچینە بەردەمى خەڵک، وا باشترە هەر نەیکەین. بە باسکردنى شتانێک بۆ کەسانى تر کە خۆمان خاوەنیان نین و لە خۆماندا هەرسمان نەکردوون، پێویست ناکات خۆمان گرفتارى گوناهى درۆیش بکەین.

موتاڵاکردنى دانراوەکانى وەک “پەیامەکانى نوور” کە بابەتە ئیمانییەکان بەشێوەیەکى قەناعەتبەخش ڕوون دەکەنەوە، ڕێگایەکى گرنگى فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپەن. لەو ژینگەیەدا کە تێیدا گەورەبووم یان لە دیوەخانەکاندا، خەڵک کۆدەبوونەوە و کتێبە دینى و ئیمانییەکانى وەک درة الواعظین (درة الناصحین)[1]، تنبیە الغافلین[2]، أحمدیة[3]، محمدیة[4]، (تذکرة)[5] یان دەخوێنەوە. خەڵک بە دڵێکى پاکەوە گوێیان لەم وانانە دەگرت، باوەڕیان بە شتە بیستراوەکان دەکرد و بەقووڵى کارى لێیان دەکرد. بەم جۆرە جیهانەکانى ئاخیرەت لەبەر چاویاندا دەخەمڵى و لە دڵیشیاندا تاسەى دیدارى خوا چەکەرەى دەکرد.

پوورى ڕەحمەتیم لە کۆتایی تەمەنیدا ئەوەندە تاسەى بۆ ئاخیرەت تێدا وروژابوو… کاتێک بەبۆنەى نەخۆشییەکەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، لێمدە پاڕایەوە و وتى “مەلا گیان توخوا بمبە دەرەوە لێرە. چیتر نامەوێت لەم دونیایەدا بمێنمەوە؛ چونکە زۆر ئارەزووى ئەودونیا دەکەم.” لە حاڵ و باریشەوە دیار بوو کە لەم قسانەیدا ڕاستگۆیە. ناسیاوێکى ترم بەجۆرێک باسى لە مردن دەکرد دەتوت مردن تەنها بریتییە لە ڕۆیشتن لە ژوورى ماڵێکەوە بۆ ژوورێکى ترى. حەقیقەتەکانى وەک چوونە ناو گۆڕ، تێکەڵبوونەوەى لاشە بە خاک، دەست پێکردنى ژیانى بەرزەخ بە هیچ جۆرێک ئەویان نەدەترساند. چونکە ئیمانێکى پتەوى بە خوا و ڕۆژى ئاخیرەت هەبوو. ئیمانێکى هێندە پاک و بێگەردیان هەبوو، تەنها خوێندنەوەى چەند کتێبێک دەربارەى (رقائق) بۆ ئەوان سەرووزیاد بوو.

بەڵام لەمڕۆدا زیهنەکان ئەوەندە گومڕا کراون، ئەو شتانەى کە دەخوێنرێنەوە چیتر هەمان کاریگەرى نانوێنن. ئەو زانستانەى کە لەسەر زەمینەى تەوحید ڕاگیر نەبوون، لە هەموو بەشێکیانەوە دەلاقە بەرەو خوا لێنادرێت، دەگونجێت مرۆڤ لە خوا دوور بخەنەوە. نەک تەنها (تذکرة)کەى قورتوبى، گەر تەنانەت تەفسیرە گەورە و درێژەکەیشى بۆ خەڵک بخوێنیتەوە، هێشتا ناتوانن بەشى خۆیان لە زانست و حیکمەت وەربگرن. ئەمە دەتوانرێت ناوى لەدەستدانى توانا و بەهرە و کوێربوونەوەى وەرگرەکانیشى لێبنرێت.

ئەگەر ئامۆژگاریت دەوێت مردن بەسە

یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانى ئەو بەرهەمانەى کە لەمەڕ (رقائق) نووسراون، ئەوەیە کە مردن و ژیانى دواى مردن بە گشت ڕەهەندەکانیانەوە موتاڵا دەکەن. ئەم دانراوانە گشت قۆناغەکانى ئاخیرەت دەخەنە پێش چاو، ژیانى ئەودیو مردن شیکار دەکەن و پێشکەش بە دەرکى ئادەمیزادى دەکەن. بە ناساندنى ئەو نیشتیمانەى کە مرۆڤ کۆچى بۆ دەکات، ئەو ڕووداوانەى بۆ ڕوون دەکەنەوە کە لەوێ دێنە ڕێى؛ بەم جۆرە یارمەتى دەدەن کە هاوسەنگى لەنێوان دونیا و ئاخیرەتدا دروست بکات. کەسێک کە دەزانێت لە ئاخیرەتدا کام پرسیارانەى لێدەکرێت، لەسەر کام کردەوانە لێپرسینەوەى لەگەڵ دەکرێت و چ زەحمەتێکى تووش دێت، چیتر پشت بە دونیا نابەستێت، دڵى پێنادات، دونیا نایخەڵەتێنێت. بەڵام لەمڕۆدا ئەم بابەتانە تەنانەت لە کۆلێجى شەریعەکانیشدا لە ئاستى قورسى و جدییەتى خۆیدا هەڵوێستەیان لەسەر ناکرێت. بۆیە کەسانێکى خاوەن دڵیش پێناگەن کە خۆیان بۆ ژیاندنەوەى دینى ئیسلام تەرخان کردووە.

مرۆڤ ڕێبوارە. لە جیهانى ڕۆحەکانەوە دێتە ناو سکى دایکەوە، لەوێوە بەرەو منداڵى هەنگاو دەنێت، ئینجا لاوێتى و پێگەیشتوویی و پیرێتى و لەکۆتاییشدا بۆ ناو گۆڕ. پاشان بە جیهانى بەرزەخ و مەحشەر و سیڕاتدا تێدەپەڕێت و دەگات بەو دیارەى کە بەهەمیشەیی تێیدا دەمێنێتەوە؛ بەگوێرەى کردەوەکانیشى ئەم جێیە یان بەهەشت یان -خوا بمانپارێزێت- دۆزەخ دەبێت. هەر بۆیە ژیانى دونیا لەم سەفەرە جاویدانییەى مرۆڤدا تەنها یەکێکە لە مەنزڵەکان. مردنیش بە ماناى دەستپێکى قۆناغى لێپرسینەوە دێت لە تەمەنێکى بەسەربراو. ئەگەر کەسێک مردن، گۆڕ، بەرزەخ، سیڕات، میزان، بەهەشت و دۆزەخى بیر بکەوێتەوە و دڵى نەلەزرێت، پێویستە سەرلەنوێ چاو بە خۆیدا بخشێنێتەوە.

هەریەک لە دیمەنەکانى مردن و جیهانەکانى ئاخیرەت لە دڵانێکدا کە نەمردوون کاریگەریی قووڵ دروست دەکەن؛ ئادەمیزاد بەرەو موحاسەبە کردنى خود ئاڕاستە دەکەن، چێژ و لەزەتەکانى دونیاى لە دەمدا تاڵ دەکەن. ئەگەر یەکێک لەو دیمەنانەى جیهانى ئاخیرەت کە قورئان و سوننەت باسیان دەکەن ئێمە نەهێننەوە هۆشى خۆمان بێگومان ئەوى تریان ڕامان دەچڵەکێنێت؛ ئەگەر یەکێکیان بەشى ڕەواندنەوەى غەفڵەتمان نەکات ئەوى تریان بەش دەکات. کەسێک کە دەزانێت گریمانى بەختەوەرى یان بەدبەختییەکى هەمیشەیی لەبەردەمیدایە و لە دڵەوە باوەڕى بەمەیە، دەگونجێت لە غەفڵەتدا ڕۆبچێت؟ قورئان و سوننەت هێندە ڕوون و ئاشکرا و وردەکارانە حسابى دواى مردن و ڕووداوەکانى بەردەممان بۆ دەکەن، مەحاڵە کارمان لێنەکەن. تەنانەت دیمەنەکانى “دیدارى مەزن”[6] کە لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن دەمانبینین بەس بوون بۆ ئەوەى دڵمان بهەژێنن و چاومان پڕ لە گریان بکەن. لەحاڵێکدا ئەو شتەى کە دەیبینین تەنها دەگونجێت سێبەرێکى ڕووداوەکانى ئاخیرەت بن. تەنها ئەمەندە بەس بوو بۆ ئەوەى بمانهێنێتەوە هۆشى خۆمان و خۆمان نوێ بکەینەوە. بابەتەکانى دیکەى (رقائق)یش وەک ئەمەن. ئەگەر یەکێک لەو شتانەى کە دەیخوێنینەوە کارمان لێنەکات، بێگومان ئەوەى تر دەیکات.

وەک دەزانرێت، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئامۆژگاری کردووین کە سەردانى گۆڕستانەکان بکەین و فەرموویەتى: “سەردانى گۆڕستان بکەن. چونکە سەردانى گۆڕ پەیوەندى بە دونیاوە دەبچڕێنێت و ئاخیرەت بیرى ئینسان دەخاتەوە.”[7]. دەگێڕنەوە کاتێک کەسانى وەک حەزرەتى عوسمان سەردانى گۆڕستانیان دەکرد، بەکوڵ دەگریان[8]. گۆڕستانەکان بەقووڵى کارى لێدەکردن، بەرانبەر بە قورسیی حساب تەزوویان پێدا دەهات. بەداخەوە ئەمڕۆ دڵەکان ئەوەندە ڕەق بوون، نە هەواڵى مردن و نە سەردانى گۆڕستان کاریگەریی هێندە قووڵمان لێناکەن. دەتوانم بڵێم تا ئێستا کەسانێکى زۆر کەمم دیوە کە لەدواى سەردانى گۆڕستان بکەونە داڵغەى قووڵ دەربارەى عاقیبەتى خۆیان و لە خۆیان بپرسنەوە.

وەک مامۆستا نوورسیش دەفەرمووێت، لەشساغى و لاوێتى دوو هۆکارى گەورەن کە مرۆڤ تووشى غەفڵەت دەکەن[9]. لەبەرئەوەى لەشساغەکان دەکەونە داوى تووڵى ئەمەل و وەهمى ژیانى ئەبەدییەوە، دەیانەوێت مردن هەمیشە دوور بێت لێیانەوە. گرفتارى سەوداى تەمەندرێژییەکى وەها دەبن وەک ئەوەى مردن هەرگیز توخنیان نەکەوێت! بەجۆرێک سەیرى ژیان دەکەن وەک ئەوەى هەرگیز نەمرن، سەبارەت بە داهاتوو بەشوێن خەون و خەیاڵى لەبن نەهاتوودا ڕادەکەن. بە کار و کردەوەکانیان تێدەکۆشن کام لە دونیا وەربگرن. لەوانەیە لەپشت ئەو کارانەیشەوە کە بۆ دین دەیکەن ئارەزووى تێرکردنى نەفسیان بوونى هەبێت. بۆ نموونە، کاتێک هەوڵى باسکردنى حەق و حەقیقەت بۆ خەڵک دەدەن، لەوانەیە لە ڕێگەى ئەو دڵۆپانەوە کە لە ئاسۆى زانست و عیرفانەوە دەچۆڕێن بیانەوێت بەردەوامى بە ئیعتیبارى خۆیان بدەن. ڕەنگە لەناو ئەو کردەوانەشیاندا کە ڕەحمانیترین دەردەکەون، هەستە نەفسانى و شەیتانییەکان وەک ڤایرۆس خۆیان حەشار دابێت. نیعمەتە گەورەکانى وەک لەشساغى و لاوێتى ئەگەر دروست کەڵکیان لێوەرنەگیرێت، لەوانەیە سەبارەت بە مرۆڤ بگۆڕێن بە هۆکارى فریوخواردن.

ئەگەر شتێک هەبێت کە ڕێ لەم چێژ و لەزەتە دونیاییانە بگرێت، بیرى مردنە. ئەم فەرماییشتەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بۆ ئاگادارکردنەوەى ئیماندارانە لەم ڕاستییە: “یادى ئەو مردنە بکەنەوە کە تامەکان تاڵ دەکات. “[10] ئەگەر ئەمڕۆ زۆر یادى مردن نەکەنەوە، تام و چێژەکانى ئاییندەى خۆتان تاڵ دەکەن. ئیماندارى ڕاستەقینە پێویستە هەمیشەى ئامادەى مردن بێت، تەنانەت پێویستە ئارەزووى بکات. کاتێک بڕوانامەى مردن دەدرێتە دەستى، پێویستە وەک کەسێک کە کارتى تەواوبوونى سەربازى پێدەدرێت، بە خۆش و شادییەوە لەم دونیایە دەربچێت. لەم پێناوەیشدا سەرەتا دەبێت دڵ لە تووڵى ئەمەل و وەهمى ئەبەدییەت ڕزگار بکرێت و بۆ مردن ئامادە بکرێت، مانەوە لە دونیادا حەتمەن بە ئامانجێکى باڵاوە گرێ بدرێت، بەم جۆرە بیربکاتەوە کە بڵێت “ئەگەر خزمەتێک هەبێت کە بیکەم، با کەمێکى دیکەش لە ژیاندا بمێنمەوە.”

[1] لە دانراوى “عوسمان ئەفەندى هۆپالى”یە (مردن: ١٨٢٥).

[2] نووسەرەکەى (أبو لیث سمرقندي)یە (مردن: ٩٨٣).

[3] لە دانراوى “سەیید ئەحمەد موڕشیدى”یە (مردن: ١٧٦١).

[4] لە دانراوى “موحەممەد ئەفەندى یازجى ئۆغڵو”ە (مردن: ١٤٥١).

[5] نووسەرەکەى ئیمامى قورتوبییە (مردن: ١٢٧٣).

[6] ناوی زنجیرەیەکى تورکییە کە ساڵانى (٢٠٠٤-٢٠٠٨) لە وڵاتى تورکیا دەرچووە کە تێیدا کاراکتەرەکان لەدواى مردن لەسەر کار و کردەوەکانیان موحاسەبە دەکرێن و دەرەنجامیش بەرەو بەهەشت یان دۆزەخ دەنێررێن. (دەستەى وەرگێڕان).

[7] أنّ رسولَ الله ﷺ أوصانا بزيارة القبور بقوله: “كُنْتُ نَهَيْتُكُمْ عَنْ زِيَارَةِ الْقُبُورِ، فَزُورُوهَا؛ فَإِنَّهَا تُزَهِّدُ فِي الدُّنْيَا، وَتُذَكِّرُ الْآخِرَةَ“. سنن الترمذي، الجنائز، 60؛ سنن أبي داود، الجنائز، 75، 77؛ سنن ابن ماجه، الجنائز، 47.

[8] سنن الترمذي، الزهد، 5؛ سنن ابن ماجه، الزهد، 32؛ مسند الإمام أحمد، 1/503.

[9] (سەعیدى نوورسى، وتەکان).

[10]أَكْثِرُوا مِنْ ذِكْرِ هَاذِمِ اللَّذَاتِ الْمَوْتِ“. سنن الترمذي، القيامة، 26؛ سنن النسائي، الجنائز، 3؛ سنن ابن ماجه، الزهد، 31.