پرسیار: هەندێک کەس دەڵێن هاوشێوەی ئەو ڕیفۆرمەی لە جیهانی مەسیحییەتدا ڕوویدا، موسوڵمانانیش دەبێت ڕیفۆرم لە دینەکەیاندا بکەن. ئایا لەڕاستیدا ئیسلام پێویستی بە ڕیفۆرم هەیە؟
وەڵام: سەرەتا دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە و هێڵی بەژێردا بهێنین کە لە ڕووی عەقیدە، کەلتور و سیاسەتیشەوە جیاوازیی قووڵ و جددی لەنێوان جیهانی ئیسلامی و جیهانی مەسیحییەتدا هەیە. بۆیە هەر قۆناغێکی تایبەت بەم دوو جیهانە دەبێت بە گوێرەی هەلومەرجی تایبەتی خۆییان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. لەبەرئەوە گواستنەوەی ئەزمونێک کوتومت وەک ئەوەی لە جیهانی مەسیحییەتدا ڕوویداوە بۆ نێو جیهانی ئیسلامی کارێکی ڕاست نییە.
وەک زانراوە، ئەو بزاڤە ڕیفۆرمخوازانەی لە نیوەی یەکەمی سەدەی شازدەیەم لە ئەڵمانیاوە دەستیان پێ کرد، لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی کۆمەڵگای مەسیحییەکانی ئەوروپایان خستە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە. کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز ڕۆڵیان هەبوو لە سەرهەڵدانی ئەم بزاڤە ڕیفۆرمخوازانەدا. لەپێش هەموویانەوە ئەو فشارە زۆرەی کەنیسە بۆ سەر کۆمەڵگا، خۆسپاندنە توندەکانی و ئەو ڕێوشوێنانەی کە ئازادیی فیکرییان بەرتەسک دەکردەوە دەکرێت وەک هۆکار هەژمار بکرێن. هەروەها ئەو دەربڕینە دژبەیەک و ناعەقڵانییانەی نێو دەقەکانی ئینجیل کە دژی بەرەوپێشچوونە زانستییەکان بوون کاردانەوەی جددییان لێ کەوتەوە؛ ئەم دۆخە وای کرد لەو پرسە دیاریکراوانەدا لێکدانەوەی نوێ وەک کارێکی زەروری لێ بێت.
ئەمەی دەیڵێم ڕەنگە وەک بۆچوونێکی شەخسی سەیر بکرێت؛ بەڵام من پێم وایە هەندێک لەو کەسانەی ڕابەرایەتیی بزاڤی ڕیفۆرمخوازییان دەکرد کێشەی جددیی ئیمانییان هەبووبێت تەنانەت پێم وایە دەکرێت لەژێر پەردەی ڕیفۆرمخوازیدا بێئیمانیی خۆیانیان دەربڕیبێت. لەمێژە گومانم لەوە هەیە ئاخۆ ئەوانە بەڕاستی باوەڕیان بە مەسیحییەت هەبووە یان نا. هەندێکیان تەنانەت ئەگەر گومانی جددیشیان دەربارەی دین و ئیمان هەبووبێت لە ترسی سزای کەنیسە نەیانوێراوە ڕاشکاوانە و بەیەکجاری دین ڕەت بکەنەوە؛ دەکرێت بەپێی دۆخی ئەو ڕۆژگارە بێباوەڕیی خۆیانیان بەناوی ڕەخنەگرتن لە کاسۆلیکی یان ئۆرسۆدۆکسییەوە دەربڕیبێت. با ڕاستیی ئەم بابەتە حەواڵەی خوا بکەین و بگەڕێینەوە سەر باسەکەی خۆمان.
ئەو کەسانەی لایەنگری ڕیفۆرمن لە ئیسلامدا، پێم وایە بەتەواوی دەرک بەوە ناکەن کە ئەمە بە واتای چی دێت و دەستپێشخەرییەکی لەم شێوەیە لە بواری ئایندا ڕێ بۆ چی دەرئەنجامگەلێکی وێرانکەر خۆش دەکات. لە بنەڕەتدا ڕیفۆرم؛ بریتییە لە گێڕانەوەی شتێک کە شێوەکەی تێک چووە یان نوەڕۆکەکەی شێواوە بۆ فۆڕمە ڕەسەنەکەی خۆی، هەروەها بریتییە لە چالاکیی تەواوکردن و باشترکردنی کەموکورتییەکان لە سیستەمێکی هەبوودا. لەکاتێکدا مەحاڵە باس لە تێکچوون، کەموکوڕی و هیچ پێویستییەکی باشترکردن بکرێت سەبارەت بە ئیسلام، ئیدی چۆن باسی ڕیفۆرمکردنی بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە چ بەناوی ڕیفۆرمەوە بێت یان هەر ناوێکی تر، ئەگەر دەست بۆ بنەما چەسپاوەکان (المحكمات)ی دین ببرێت و حوکمی ئەو دەقانە بگۆڕدرێن کە لە ڕووی جێگیربوون (الثبوت) و بەڵگە (الدلالة)ەوە بڕاوەن، ئەوا ناسنامە ڕەسەنەکەی دین دەشێوێت. من بەگشتی تێگەیشتنی ڕیفۆرم بەم مانایە بە تەجەددود (تَجَدُّد)[1] ناو دەبەم کە هیچ پەیوەندییەکی بە تەجدید و ئیجتیهادەوە نییە. ئەمە دەشێت وەک جۆرۆێک لە خەیاڵپڵاویی نوێبوونەوە تەماشا بکرێت. چونکە مانای ئەمە گرتنەبەری ڕێگای دژوار و زۆرەملێیە بۆ زیادکردنی شتانی نوێ بۆ دین و هەوڵدانە بۆ گۆڕانکاریکردن لە دیندا.
وەک لای ئەهلی خۆی زانراوە لە دیندا کۆمەڵێک پرس هەن کە دەقیان لەسەر نەهاتووە و کراوەن بەڕووی لێکدانەوەدا، بۆیە حەواڵەی قیاس و ئیجتیهاد کراون. ئەو کەسانەی ئەهلی کارەکەن، دەکرێت لەم جۆرە بابەتانەدا بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئەو سەردەمەی تێیدا دەژین، بژاردەی خۆیانیان هەبێت و لێکدانەوە و ئیجتیهادی نوێ بخەنە ڕوو. بە هەمان شێوە ئەو زاتانەی کە هەڵگری خەسڵەتی نوێکەرەوەن بە پێی پێویستیی ئەو ڕۆژگارەی تێیدا دەژین دەتوانن هەندێک بابەت بێننە پێشەوە کە لەناو رۆحی دیندا شاردراونەتەوە و، لەپێناو پاراستن و پەیڕەوکردنی دیندا برەو بە ڕێگا و شێوازی جیاواز بدەن.
بۆ نموونە کاتێک تەماشای ئەو سەردەمە دەکەین کە ئیمامی غەزالی تێیدا ژیاوە، ئەوا دەبینین کە فەلسەفەی “ئەفلاتونیزمی نوێ” بەئازادی بەناو جیهانی ئیسلامیدا دەسوڕێتەوە، فکری ئیعتیزال و جەبری تەنگیان بە عەقیدەی ئەهلی سوونەت و جەماعەت هەڵچنیوە و بیروباوەڕە باتنییەکانیش[2] زەمینەی تەشەنەکردنیان لەناو موسوڵماناندا بۆ ڕەخساوە. لەبەر ئەوە ئیمامی غەزالی بەنزیکەیی تەواوی هیممەتی خۆیی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم تەوژمانەدا چڕ کردەوە. لەو بەرهەمانەیدا کە لەمەڕ ئەم بابەتانە نووسیونی لە لایەک بەرپەرچی ئەو بیروباوەڕە پوچەڵانەی داوەتەوە کە ویستراوە بخزێنرێنە ناو دینەوە، لە لایەکی دیکەوە هزری ئیسلامی و عەقیدەی ئەهلی سوونەت و جەماعەتی سەرلەنوێ لەسەر زەمینەیەکی دروست جێگیر کردەوە.
ئەو، لەڕووی قوڵیی زانستەکەیەوە هزرێکی هێندە هەڵکەوتە و ئاوارتە[3] بوو، وەک چۆن لای زانایان موجەدیدبوونی چەسپاوە بەهەمان شێوە لە جیهانی ڕۆژئاوایشدا بەڕێزەوە پێشوازی لە هزر و بەرهەمەکانی کراوە. بۆ نموونە گیب وەک ڕۆژهەڵاتناسێک، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیمامی غەزالی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دونیای هزریی پاش خۆی جێهێشتووە و بەڕاشکاوی ڕێز و ستایشی خۆیی بۆ دەربڕیوە.
ئەو نوێکەرەوانەیش کە لە سەدەکانی دواتردا ژیاون بەرەنگاری کێشەکانی سەردەمی خۆیان بوونەتەوە کە لە بواری ئایندا سەریان هەڵداوە و، سەرنجیان لەسەر بابەتەکانی ئەو رۆژگارەی خۆیان چڕ کردووەتەوە. هەروەک چۆن بەپێی بارودۆخی جەنگ و دوژمن، ئەو ستراتیژانەی پەیڕەو دەکرێن، جێگای سەنگەرگرتن و پلانی هێرشبردن و بەرخۆدان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؛ زاتە گەورەکانی وەک ئیمامی غەزالی، ئیمامی ڕەببانی و بەدیعوززەمان سەعیدی نوورسییش بەپێی پێویستیی سەردەمەکەیان دین پێویستی بە چ خزمەتێک بووبێت ئەوەیان ئەنجام داوە. ئێمە بەو چالاکییانەی کە ئەم زاتە گەورانە هێناویانەتە گۆڕێ دەڵێین نوێکردنەوە “تەجدید”. خوای گەورە بمانکات بە خوێندکاری ئەوان و لە بەرەکەتیان بێبەشمان نەکات.
هەرچی دەربارەی بانگەشەی ئەو کەسانەیە کە نوێکردنەوە دەدەنە پاڵ منیش، ئەوا من هەرگیز بانگەشەیەکی لەو شێوەیەم نەبووە و هەرگیزیش ڕێی تێناچێت هەبێت. من لەئاست ئەو زاتە گەورانەدا تەنها دەتوانم قیتمیرێک بم. لە هیچ کاتێکی ژیانمدا نەک هەر هیچ چالاکییەکی نوێکردنەوەم لە دیندا نەکردووە، بەڵکو بیرم لەوەیش نەکردووەتەوە کە لە یەک بابەتیشدا نوێکردنەوە ئەنجام بدەم.
لەگەڵ ئەوەشدا بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی قورئان، سوننەت، ئیجماع و قیاس و ئەو حەقیقەتە جێگیرانەش کە ئەم زاتە گەورانە خستوویانەتە ڕوو، باوەڕم وایە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پێویستمان بە چالاکییەکانی دیالۆگ هەیە. چونکە ڕێگای دەستەبەرکردنی ئاشتەوایی و فەراهەمکردنی ئاشتیی سەرتاسەری لە جیهاندا بە دیالۆگدا تێدەپەرێت. لەبنەڕەتدا کەسانی دیکەش هەستیان بەم پێویستییە کردووە و لەسەر هەمان ڕێگەیش سەرڕاستانە هەنگاویان ناوە. لەم سۆنگەیەشەوە ئەو چالاکییانەی دیالۆگ کە ئەنجام دەدرێن وەک چۆن ئەگەر بە نوێکردنەوە ناو ببرێن دەبێتە بانگەشە، هاوکات پێویستە بەتایبەت جەخت لەوەیش بکرێتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە تەجەددود یان ڕیفۆرمەوە نییە.
وەک پێشریش ئاماژەمان پێ دا، ڕیفۆرم بە واتای دەستکاریکردنی ماهییەتی شتێک، گۆڕینی شکڵی و خستنە نێو قاڵبێکی جیاوازەوە دێت. لە کاتێکدا من، بە تەواوی بوونمەوە هەوڵم داوە هەر لە بنەماکانی دینەوە هەتا لقەکانی پابەندی ئەو تێگەيشتن، لێکدانەوە و پەیڕەوکرارییە بم کە لە سەردەمی سەروەرمان (ﷺ) و سەدەکانی سەرەتادا هەبووە. بۆ تێگەیشتن و پەیڕەوکردنی ئیسلام هەم بەنەزەری و هەم بەکردەیی دەستم بەو ماک و بنەمایانەوە گرتووە کە لە ئوسوڵی دین و میتۆدۆلۆجیی فیقهیدا دانراون. ڕیفۆرم لە دیندا هەر لێگەڕێ، بەڵکوو لەپێناو ئەوەی تەنها یەک بابەتی دین تووشی گۆڕانکاری نەبێت، بەخۆشحاڵییەوە ئامادەم گیانم ببەخشم. بەڕاستی تا ئێستا بیرم نایەت خەونیشم بە ڕیفرۆمەوە بینیبێت. بڕوام وایە ئەو برایانەیشم کە پێکەوە بەجهەمان ڕێگادا دەڕۆین بە هەموو رۆح و گیانیانەوە وابەستەی ئەم بۆچوونەن.
ئەو ڕێگایەی کە موسوڵمانێکی دڵسۆزی شارەزای دینەکەی پێیدا دەڕوات، ئەو ڕێگایەیە کە موجەدید و موجتەهیدانی پێش خۆی گرتوویانەتە بەر. ئێمەیش بە عینایەت و کەرەمی جەنابی حەق هەمیشە هەوڵمان داوە بە شوێنپێی ئەواندا بڕۆین. موسوڵمانێک کە پابەندی بنەماکانی ئیسلامە، هەرگیز خۆی ناکات بە خاوەنی بیرێکی ڕیفۆرمخواز کە چاولێکەریی چالاکییە ڕیفۆرمییەکانی جیهانی مەسیحییەت بێت. ئەم جۆرە مەیلانە هەندێکیان بەهۆی شارەزانەبوون لە زاراوەسازی، بەشێکیان بەهۆی قووڵنەبوونەوە لە سەرچاوە ڕەسەناکانی دین و کۆمەڵێکیشیان بەهۆی کێشە ئیمانییەکانەوە سەر هەڵدەدەن.
بەڵێ، دەشێت هەندێک کەس ئەو پەرچەکردار و ناڕەحەتییانەی لە ناخیاندا بەرانبەر بە دین، دیانەت و دینداران هەیە، بەناوی ڕیفۆرمخوازییەوە گوزارشتی لێ بکەن. ئەمانە هەرچەندە وەک کەسانی ڕیفۆرمخوازیش دەر بکەون، لەڕاستیدا بیروباوەڕیان وایە ئەو یاسا و رێسایانەی چواردە سەدە پێش ئێستا دانراون ئیدی بە کەڵکی ئەم ڕۆژگارە نایەن، ناتوانن پێویستییەکانی مرۆڤایەتی پڕ بکەنەوە و؛ تاکە ڕێگا و ڕێبازێک کە لە سەردەمی مۆدێرندا بگیرێتە بەر بریتییە لەو دەرەنجامانەی کە عەقڵ، کۆمەڵناسی و زانستە ئەرێنی(ئەزموونی)یەکان خستوویاننەتە مەیدان. ئەم جۆرە کەسانە لەبەر ئەوەی ئەو بوێرییە شارستانییەیان نییە بەڕاشکاوی بیروباوەڕی خۆیان دەر ببڕن، ڕێک وەک ئەوانەی لە رۆژئاوا خۆیان بە ڕیفۆرمخواز پیشان دەدا بە پەردەپۆشکردنی بیروباوەڕیان و شاردنەوەی مەبەستەکەیان قسە دەکەن.
دین، یاسا و دانراوێکی ئیلاهییە کە مرۆڤەکان بە ئیرادەی خۆیان بەرەو خێری ڕەها ئاڕاستە دەکات. موسوڵمانیش ئەو کەسەیە کە پابەندی ئەم دینەیە و هەوڵی پەیڕەوکردنی دەدات؛ ڕێیشی تێناچێت بە شێوەیەکی تر بێت. موسوڵمانێکیش کە عەقیدەی دامەزراو بێت، هەرگیز ئەو باوەڕەی بە گوفتاری خوا هەیەتی لەق نابێت. ئەو، بێ هیچ گومانێک پێی وایە کەلامی خوای پەروەردگار بێ ئەوەی تاکە پیتێکیشی گۆڕابێت گەشتووە بە رۆژگاری ئێستامان و قورئانیش خۆی پشڕاستی ئەم حەقیقەتە دەکاتەوە. کەواتە بە ڕیفۆرمکردن لە کتێبێکدا کە هیچ گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە چی دەگۆڕن؛ کام حوکم دەگێڕنەوە بۆ کامە بنەما؟ گوفتارێک کە کەموکوڕیی تێدا نییە چیی بۆ زیاد دەکەن و کامڵی دەکەن؟
ئەگەر هەر بەڕاستی بمانەوێت ڕیفۆرم بکەین، ئەوا بابەتگەلێکی زۆر هەن کە پێویست دەکات بیانگەڕێنینەوە سەر ڕەسەنێتیی خۆیان؛ پێویستە کۆششەکانمان بەو ئاڕاستەیەدا بخەینە گەڕ. بۆنموونە پێویستە ئەو درز و کەلێنانە نۆژەن بکەینەوە کە کەوتوونەتە ئیمان، مامەڵە و ڕەوشتی کۆمەڵگاوە؛ ئەو هەڵانە ڕاست بکەینەوە کە بەرگی زانستیان پۆشیوە و بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک گومانی زۆر. هەرچی دەربارەی وەحیی ئیلاهییە، نابێت هەرگیز ئەوەمان لەیاد بچێت کە حەدی ئەوەمان نییە دەست ببەین بۆ ڕیفۆرمکرنێکی وەها ببەین.
[1] مەبەست لە تەجەددود، نوێببونەوەیەکی بەزۆر دروستکراوە. (دەستەی وەرگێڕان)
[2] مەزهەبێکی فیکرییە پشت بە لێکدانەوەی دەقە ئاینییەکان (قورئان و سوننەت) دەبەستێت بە شێوەیەکی باتینی (شاراوە) کە پێچەوانەی مانای ڕواڵەتییانە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مانای زاهیریی دەقەکان بۆ خەڵکی عەوامەو مانایەکی شاراوە و باتینییان هەیە کە تایبەتە بە نوخبە و دەستەبژێران. (دەستەی وەرگێڕان)
[3] ئاوارتە: جیاکراوە؛ ڕیزپەڕ؛ هەڵاوێردراو؛ نائاسایی؛ ئیستیسنا. (دەستەی زمانەوانی)





