بەرپرسیارێتیی سەرشانى ئەندازیارانى دیالۆگ

بەرپرسیارێتیی سەرشانى ئەندازیارانى دیالۆگ
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

زۆرکەس وادەزانن کە بەهۆى بەمۆدێرنبوون و جیهانگیرییەوە کولتوورە ناوچەییەکان لەناودەچن، بەڵام ئەمە تەنها بەهەڵەداچوونە. بەڵکو هەستە میللییەکان، کولتوورە ناوچەییەکان و بیروباوەڕە دینییەکان ئەوەندە لە دونیاى ناوەوەى مرۆڤدا ڕەگیان داکوتیوە و لە کەسایەتییاندا چەسپیوە، گەرچى بۆ ماوەیەکى کاتى بخرێنە ژێر فشارەوە، وەلێ هەرکە خەڵک هەستى کرد لە مەترسیدایە یەکسەر ئەم بیر و هەستانە سەرهەڵدەدەنەوە و دەیانجووڵێننەوە. بەم جۆرە، ئەو کاردانەوەى خۆپارێزییەى کە لە تاکەکاندا هەیە، لەسەر ئاستى کۆمەڵگایش خۆى نیشان دەدات. ئەو ئینتیما و شوناسانەى کە بوون بە ماڵى کۆمەڵگا، وا بەئاسانى لەناوناچن. ئەگەر لە هەندێک سەردەمیشدا لاواز ببن، هەرکە هەستى مەترسى پەیدابوو دیسان بەهێز دەبنەوە.

بابەتى بەجیهانیبوون کە لەمڕۆدا بووە بە ڕۆژێڤ، چەند لەلایەن هەستە میللییەکان و بیروباوەڕە دینییەکانەوە وەک مەترسى ببینرێت، بەم ئەندازەیە بەرزبوونەوەى ئەم هەستانە شتێکى حەتمى دەبێت. بەپێچەوانەى گومانەکان، نەک هەر ناتوانن پاشەکشێ بە کولتوورە ناوچەییەکان بکەن، بەڵکو زیاتریشیان دەکەن و بگرە مەیلە مەترسیدارەکانى وەک ڕەگەزپەرستیش دەبووژێننەوە. لە ژینگەیەکى لەم جۆرەدا کاردانەوەى جددى بەرانبەر بە “ئەوى تر” گەشە دەکات، نەخشە بۆ ئەو پلیشاندنەوە یان لەناوبردنى ئەو کۆمەڵگایانە دادەنرێت کە وەک دوژمن دەبینرێن و ئاژاوەى گەورە دەکەوێتەوە. ئەمەیش وا دەکات ململانێ و پێکدادانى نێوان نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان شتێکى حەتمى بێت. بۆیە بەجیهانیبوون پێویستە هاوڕێ لەگەڵ ئەو زیان و مەترسییانەیشدا کە لەگەڵ خۆى دەیانهێنێت هەڵبسەنگێنرێت، نەک تەنها لە ڕووى چاکەکانى و ئەو ئیمکانییەتانەى کە فەراهەمیان دەکات.

ڕێزگرتن لە مرۆڤ

ژیرانەترین ڕێوشوێن کە بتوانرێت بەرانبەر بەم هەموو مەترسییە گریمانکراوە بگیرێتەبەر ئەوەیە کە کولتوورى لێبوردەیی لە دونیادا باڵادەست بکرێت، ڕێزگرتن لە مرۆڤ وەک بەهایەکى بنەڕەتى جێگیر بکرێت، خەڵکى لە دەورى بەها مرۆییە گەردوونییەکان کۆببنەوە، چالاکییەکانى دیالۆگ لەنێوان کولتوورە جیاوازەکان و پەیڕەوانى دینەکاندا خێراتر بکرێت. لەم بارەیەوە گرنگترین شت گەڕانە بەدواى ڕێگاکانى کۆکردنەوەى خەڵک لەسەر خاڵە هاوبەشەکان. ئەم خاڵە هاوبەشە هەندێک جار پەیوەستبوون بە کتێبە ئاسمانییەکانەوە دەبێت، هەندێک جاریش ئەو یەکێتیی هەست و بیر و ئامانجە دەبێت کە لە چواردەورى بەها گەردوونییەکان دەهۆنرێتەوە. لەو جێیەشدا کە ئەم شتانە بوونیان نییە، دەتوانرێت مرۆڤێتى بکرێت بە خاڵى دەستپێک. ئەو کەسانەى کە گرنگى بە ژیانێک لە چوارچێوەى ئامانجە هاوبەشەکاندا دەدەن، سەرەتا دەبێت لەناو خۆیاندا یەکێتى و هاوکارى دابمەزرێنن. وەک بەدیعوززەمان لە پەیامى “برایەتى”دا ئاماژەى بۆ کردووە، پێویستە لە بچووکترینەوە هەتا دەگات بە گەورەترین هەموو خاڵە هاوبەشەکان بەکاربهێنن، پاشان هەوڵ بدەین کە ئەم بیر و هەستە لەسەر ئاستى دونیا تەشەنە بکات.[1]

ئێمە، لەو ڕوانگەیەوە کە مرۆڤن، ڕێز لە هەموو کەسێک دەگرین و سینەمان بۆ هەموو کەسێک دەکەینەوە. چونکە خواى گەورە ئینسانى وەک بوونەوەرێکى زۆر بەڕێز و بەهادار دروست کردووە،[2] کردوویەتى بە مەزهەرى پایەى (أحسن تقویم)[3] “جوانترین بەدیهێنراو”. بۆیە وەک “بەڕێزترین بەدیهاتوو” لە مرۆڤ دەڕوانین و وەک بەنرخترین سنعەتى خوا تەماشاى دەکەین. باوەڕمان وایە کە هەموو کەسێک ماتەوزەى ئەوەى تێدایە کە ببێت بە “مرۆڤى کامڵ” و ئامادەکردنى زەمینە و فرسەتیش بۆ دەرکەوتنى جوانییەکانى ناو ماهییەتى ئینسان بە ئەرکى خۆمان دەزانین.

تاکە ڕێگەچارەى مرۆڤایەتى

ژیاندنەوەى هەستەکانى وەک خۆشەویستى، ڕێز، ئاشتى و لێبوردەیی بە شتانێکى گرنگ دەزانین بۆ داهاتووى مرۆڤایەتى. چونکە لە دونیایەکدا کە چەکە کۆکوژ و فرە کاولکارەکان بەرهەم دەهێنرێن و وڵاتان پێشبڕکێ لە خۆپڕچەک کردندا دەکەن، تاکە ڕێگەچارەى مرۆڤایەتى ئەمەیە. ئەگەر ڕۆژێک خەڵک بکەونە گیانى یەک و ئەم چەکانە بەکاربهێنرێت، کەس ناتوانێت پێشبینیی ڕەهەندەکانى ئەو کارەساتە بکات. بۆیە ئەگەر نەمانەوێت کێشەى گەورە بەسەر مرۆڤایەتیدا بێت و کارەساتى مەزن نەکەوێتەوە، دەبێت لە ڕێگەى جۆراوجۆرەوە زەمینەى ڕێککەوتن ساز بکرێت، گرنگیی زیاتر بەو پڕۆژانە بدرێت کە لەپێناو ئارامى و ئاسوودەیی مرۆڤایەتیدان، گرنگى بە چالاکییەکانى لێبوردەیی و دیالۆگ بدرێت و ئەم کارانەیش زیاتر پەرەیان پێبدرێت.

بەداخەوە ئەوانەى کە ناتوانن وەک پێویست لە گرنگیی دیالۆگ تێبگەن، وا دەردەکەوێت لەبیریان چووبێتەوە کە لە هیرۆشیما و ناگازاکى چى ڕوویدا، لە جەنگەکانى یەکەم و دووەمى جیهانیدا چەند ملیۆن کەس مردوون. جگە لەوەى کە هێزى کاولکردنى ئەو چەکە ناوکییانەى کە دەوڵەتانى ئەمڕۆ خاوەنیان، زۆر زیاتریشە. تەنانەت بەتەواوەتى نازانین کام دەوڵەت خاوەنى کام جۆرە چەکانەیە. تەنها جەنگى ناوکیی نێوان دوو وڵات، زیانى درێژمەودا و کاولکاریی مەزن بەسەر هەموو زەویدا دەهێنێت. ئەوەى کە “بێرتراند ڕەسڵ” دەڵێت جەنگى ناوکى هیچ کەسێک تێیدا براوە نابێت، بۆچوونێکى زۆر تەواوە.[4] لە جەنگێکى لەم جۆرەدا لایەک دەخرێتە نێو گۆڕ، لایەکەى دیکەش لە بەشى چاودێریی ورد دەخەوێنرێت.

بەرەنگاربوونەوەى پێشداوەرییەکان

لەوانەیە مرۆڤ دوژمنایەتى ئەوە بکات کە نایناسێت. هۆکارێکى گرنگى قین و ڕقى کۆمەڵگا و کولتوورە جیاوازەکان بەرانبەر بە یەک و ئەو ناکۆکى و پێکدادانەى کە ڕوودەدەن، ئەو پێشداوەرییانە کە بەرانبەر بە “ئەوى تر”ەکان هەیانە. ڕێگاى شکاندنى ئەم پێشداوەرییانەیش تێگەیشتنى و ڕێزى دوو لایەنە و دیالۆگى نییەت باشانەیە. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانى موسوڵمانان ئەو نەخۆشییە باوەى سەرزەوییە کە پێى دەوترێت “ئیسلامۆفۆبى”. بەڵام کەسانێک کە بەرکەوتنیان لەگەڵ موسوڵماناندا هەیە و لە دەرفەتى لە نزیکەوە ناسینیان بۆ هەڵدەکەوێت، سەرلەنوێ بە قەناعەتە کۆنەکەیاندا دەچنەوە و زۆرجار دان بە بەهەڵەداچوونى خۆیاندا دەنێن. ئیدى کاتێک بەناهەق هێرش دەکرێتە سەر ئیسلام و موسوڵمانان بەرگرییان لێدەکەن؛ ئەگەر ئەمەیش نەکەین ناچنە ڕیزى هێرشبەرانەوە هیچ نەبێت بێدەنگى هەڵدەبژێرن. کاتێک ئێوە خۆتان دەتانەوێت بەرگرى لە خۆتان بکەن، زۆرجار کاردانەوەتان بەرانبەر دەنوێنرێت. بەڵام ئەگەر خەڵکانى تر بەرگریتان لێبکەن، ئەمە وەک شتێکى بابەتێکى دەبینرێت و زیاتر کاریگەر دەبێت.

بەداخەوە ئێمەیش وەک تێکڕاى مرۆڤایەتى، لە کۆنەوە کۆمەڵێک ڕق و دوژمنایەتیمان بۆ ماوەتەوە بەرانبەر بەوانەى کە لە ئێمە نین. لەنێوان دین و کولتوورە جیاوازەکاندا کۆمەڵێک دوژمنایەتیی دوولایەنە بە میرات ماونەتەوە کە لە مێژە بەردەوامن. بۆ نموونە، لە ڕۆژهەڵات کۆمەڵێک ناونانى نەرێنى خراوەتە پاڵ ڕۆژئاواییەکان، ئەوانیش بەهەمان شێوە بەرانبەر بە موسوڵمانان لە پێشینە بڕیاریان داوە و خۆیان بەدوور گرتووە. ئەوانەیش کە نانیان لە نەفرەت و توندوتیژیدایە، هەموو ڕووداوێکیان لەپێناو گەورەکردنى ئەم ڕقەدا قۆزتووەتەوە. ئێمە لەم خاڵەدا پێویستە کەشوهەواى گرژبوو نەرم بکەینەوە، ڕەقییەکان بشکێنین، فراوانتر و گشتگیرتر بیر بکەینەوە، ویژدانیان لە ئاستى هەموو کەسێکدا کراوە بێت. هەرچەندە کەسانێک بە پاچ و خاکەنازەکانى دەستیانەوە ئەم هەڵدێرەى نێوانمان قووڵتر دەکەن، وەلێ خەڵکانێک کە گرنگى بە ئاشتیی جیهانى دەدەن ئەرکێکى جددى و زەرووریی وەک پڕکردنەوەى ئەم چاڵانەیان لە ئەستۆدایە.

سوودى دوولایەنە

لەپاڵ شکاندنى قین و نەفرەت و پێشداوەرییەکاندا، یەکێک لە ڕێگاکانى گەیاندنى جوانییەکانى خۆمان بە کەسانى تر ئەوەیە لێیانەوە نزیک بین و دیالۆگیان لەگەڵ ببەستین. بۆ نموونە، ئەگەر ئێوەى موسوڵمان بەشێوەیەکى جوان تەمسیلى دینى خۆتان بکەن و لە ڕەفتار و کردارەکانتاندا ڕەنگ بداتەوە، کەسانێک کە دیالۆگتان لەگەڵدا بەستوون مەحاڵە هەست بەمە نەکەن و ستاییشى نەکەن. ئێمەیش بەهەمان شێوە جوانییەکانى ئەوان دەبینن و هەوڵ دەدەن کە سوودیان لێوەربگرن. چونکە خواى گەورە بە سروشت مرۆڤى وەک کەریم دروست کردووە. بۆیە ئینسان ناتوانێت بەرانبەر بە چاکەکان بێباک بێت، لە ئاستى جوانییەکاندا بۆ هەمیشە چاوى دابخات. ئەگەر هەتا جێیەکیش عینادى بکات، لە خاڵێک بەدواوە واز لە کەللەڕەقى دەهێنێت. بۆیە با ئێمە کەس نەسڵەمێنینەوە و کەس نەترسێنین؛ دڵمان بە ڕووى هەموو کەسێکدا واڵا بکەین، باوەش بۆ هەموان بکەینەوە، هەڵوێستێکى ئینسانیی فراوان بنوێنین.

هەستەکان دوولایەنە و چوونیەکن. وەک چۆن ڕق ڕقى دیکەى لێدەبێتەوە، خۆشویستنیش خۆشویستنى ترى لێوە لەدایک دەبێت. ئەگەر ئێوە ڕێز لە خەڵک بگرن، بەهایان و ڕوویان تێبکەن، ئومێد دەکرێت کە ئەوانیش بەهەمان شێوە مامەڵەتان لەگەڵدا بکەن. ئەگەر ئێوە دڵتان بۆ خەڵکانى تر بکەنەوە، دەرگا لەسەر کرانەوەى دڵانى دیکە لە ڕووى خۆتاندا دەکەنەوە. لەکاتێکدا کە توندى و ڕەقى خەڵک لە ئێوە دوور دەخەنەوە، شەفەقەت و نەرمونیانى نزیکیان دەخەنەوە. چونکە خواى گەورە بە سروشت مرۆڤى بە جوامێرى خوڵقاندووە. ئەگەر بتوانین زۆر بەباشى ئەم لایەنەى مرۆڤ بەکاربهێنین، دەتوانین تۆوى لێبوردەیی و خۆشەویستى لە هەموو دونیادا بچێنین. کەس لەمە زیان ناکات، بەڵکو هەموان قازانج دەکەن.

ئەوانەى کە وا دەزانن کێشەکانى دونیا تەنها بە سیاسەت، هەوڵى پیاوانى دەوڵەت یاخود ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر دەبن بەهەڵەداچوون. بێگومان ئەم شتانە پێگە و گرنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام گرنگ ئاوێتەبوونى خەڵکەکان لەگەڵ یەکتر؛ پەیوەندى گرتنى نەتەوە، دین و کولتوورە جیاوازەکانە لەگەڵ یەکتر. واتە وەک هەمیشە دەیڵێین، پێویستە کێشەکە لە مرۆڤ خۆیدا چارەسەر بکرێت، نەوەگەلێک پەروەردە بکرێن کە باوەش بۆ ئاییندە دەکەنەوە. پێویستمان بە دەستپێکردنى جووڵانەوەیەک هەیە کە لە بنکەى جەماوەریی کۆمەڵگاوە سەرهەڵبدات و تێیدا خۆشەویستیی مرۆڤ، بیرى لێبوردەیی و ڕێزگرتن لەوى تر بڵاو ببێتەوە. ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو ببین، ئیدى گەر دەوران و ڕژێم و دەوڵەتەکانیش بگۆڕێن، دیالۆگ و ڕێکەوتن و ئاڵوگۆڕى دووسەرە هەر بەردەوام دەبێت. دەنا ئەو چالاکییانەى کە بە شەپۆلێک دەست پێدەکەن، بە شەپۆلێکیش کۆتاییان پێدێت.

سەرچاوەى دیالۆگ

هەندێک لە موسوڵمانان لە بابەتى دیالۆگدا قسەى نەشیاویان وت و دژایەتیی ئەم کارەیان کرد. بەڵام دیالۆگ هیچ لایەنێکى تێدا نییە کە دژى دین بێت. قورئان و سوننەتى صەحیحیش هانمان دەدەن کە پەیوەندیی جوان و چاک لەگەڵ خەڵکیدا ببەستین. بۆیە هاندەرى بنەڕەتیی لە کرانەوە و دیالۆگى ئێمەدا دینەکەمان بووە. لە هەموو ئەو چالاکییانەدا کە تا ئێستا ئەنجاممان داون، بە گرێدانیان بە بنەما بنەڕەتییەکانى دینەکەمانەوە، گرنگیمان داوە بەوەى کە وەک سەرچاوە بەکاریان بهێنین. هەوڵمان داوە خۆمان لەو ڕەفتار و هەڵوێستانە بەدوور بگرین کە پێچەوانەى دینەکەمانە، لەم بارەیەوە پەنامان بە خوا گرتووە کە هەڵە کردن. لە هەموو دەرفەتێکدا تێکۆشاین دەرى بخەین کە ئیسلام لایەنگرى سوڵح و ئاشتییە، توندوتیژى و تیرۆریش لەگەڵ موسوڵمانێتیدا ناگونجێت. بۆیە مومکین نییە فیکرى دیالۆگ ببەسترێتەوە بە هەڵوێستى “هیومانیست”یی ئێمەوە یاخود ئیجتهادە شەخسییەکانمان؛ بەڵکو ئەمە بابەتێکە کە پەیوەندییەکى بەتینى بە بناغە بنەڕەتییەکانى دینەوە هەیە.

مەسەلەیەکى گرنگى وەک دیالۆگ ناکرێت ببەسترێتەوە بە عاتیفە و دەستپێشخەرى و هەڵبژاردنى شەخسییەوە؛ نابێت تەنها وەک شتێکیش ببینرێت کە هەلومەرجەکان دەیسەپێنن. چونکە ئەگەر وابێت لەوانەیە بەردەوام نەبێت. گەر ڕۆژێک لایەنگرانى توندڕەوى و توندوتیژى شوێنى ئەو کەسانە بگرنەوە کە دڵیان بۆ مرۆڤایەتى لێدەدات و کراوەن بە ڕووى دیالۆگدا، چالاکییەکانى دیالۆگیش کۆتاییان پێدێت. بەڵام ئەگەر بیسەلمێنین کە دیالۆگ لەو کانگایانەوە سەرچاوەى گرتووە کە ئێمە پێیانەوە وابەستەین، لە دینەوە هەڵقوڵاوە، لە چوارچێوەى فەرمانەکانى دیندا موتاڵاى بکەین و دەچێتەوە سەر جێبەجێکارییەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئیدى ئەوکات بەردەوامبوونەکەى دەستەبەر دەکەین. هیچ کەسێکیش ناتوانێت تێگەیشتن و بۆچوونێکى لەم جۆرە لەمەڕ دیالۆگ بگۆڕێت. لەم بارەیەوە هیچ ئەندێشە و نیگەرانییەک نامێنێتەوە. چونکە موسوڵمانێک کە باش شارەزاى دینەکەیەتى، مەحاڵە بەرهەڵستیی دیالۆگ بکات.

بەرەوپێشچوونى ئەم بابەتە لە زەمینەیەکى ماوەدرێژ و تەندروستدا، لە هەمان کاتدا پەیوەندیی بە هەڵسوکەوتى ئەو کەسانەوە کە لەم بوارەدا خزمەت دەکەن. ئەو کارانەى کە بە ناوى دیالۆگەوە دەکرێن حەتمەن دەبێت لەگەڵ ڕۆحى دیندا گونجاو بن و تەنانەت بابەتە لاوەکییەکانى دینیش پشتگوێ نەخەن. دەنا ئیعتیبارى خۆمان لەکەدار دەکەین و متمانە لە دەست دەدەین. لەو هەنگاوانەدا کە دەینێین، دەبێت لەپاڵ ئەمڕۆدا بیر لە سبەینێش بکەینەوە. هەرچەندە لەگەڵ خەڵکانى دین و کولتوورە جیاوازەکاندا کۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەکەین، وەلێ پێویستە هەموانیش لە پێگەى خۆیاندا بمێننەوە، دونیاى باوەڕ و کولتووریان چى بێت بەو شێوەیە دەربکەون. دەبێت هێندەى ڕێزگرتن لە پێگەى کەسانى تر ڕێز لە پێگەى خۆیشمان بگرین؛ هەتا کاتێک هەوڵ دەدەین دڵى کەسانێک ڕازى بکەین، دڵى ئەوانە نەشکێنین کە هاوباوەڕى ئێمەن و لە خۆمانیان نەتۆرێنین؛ کاتێک پردى نوێ لەگەڵ کەسانى دیکەدا دەبەستین، نابێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ موسوڵماناندا ببچڕێنین.

هەنگاوە ماقووڵ و ستراتیژەکان

گەرچى ئێمە دیالۆگ بە شتێکى زەروورى دەبینین بۆ بڵاوبوونەوەى ئاشتى و ئارامى لە دونیادا، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کەسانێکیش هەن کە لەم بارەیەوە جیاواز بیر دەکەنەوە. بۆیە دەبێت کات لەگەڵ ئەوانەدا بەفیڕۆ نەدەین کە ڕەتمان دەکەنەوە یان کێشەمان بۆ دروست دەکەن، بەڵکو پێویستە لە سەرەتاى ڕێگەدا هەوڵ بدەین کەسانێک بدۆزینەوە کە وەک ئێمە بیر دەکەنەوە و لەگەڵ ئەواندا ڕێ ببڕین. پێویستە لە بابەتى ئەوەدا کە دەتوانرێت چى بکرێت سەبارەت بە خێر و چاکەى مرۆڤایەتى ڕاوێژیان پێبکەین، بۆچوون و هەڵسەنگاندنى ئەوان دەربارەى کار و چالاکییەکانى ئێستا لێوەربگرین و بەم جۆرە مەسەلەکە ئەمانەتى شعوورى دەستەجەمعى بکەین.

ئێمە چەندەیش باسى ڕێزگرتن لە پێگەى هەموو کەسێک و فراوانیی ویژدان بکەین، نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە هەم لە چواردەورى خۆمان و هەم لەناو ئەو چین و توێژانەدا کە دیالۆگیان لەگەڵ دەبەستین دەگونجێت کەسانى توندوتیژ و نالێبوردە هەبن. بۆیە پێویستە بەوریاییەوە نەخشە بۆ هەنگاوەکانمان و پڕۆژەکانمان بکێشین. بۆ نموونە، ئەگەر بوون هاوبەشى کەسانێک لە ڕێکخستنى چالاکییەکدا ببێت بە هۆکارى ئەوەى کە تیرى ڕەخنەمان ئاڕاستە بکرێت و زیان بە کۆى چالاکیی دیالۆگ بگەیەنێت، پێویستە بە کۆمەڵێک چالاکیی سنووردارتر و گونجاوتر ئیکتیفا بکەین. پێویستە سەرەتا لە هەلومەرجەکانى هەموو بڕیارێک بکۆڵینەوە، ڕاوێژ لەگەڵ کەسانى پسپۆڕدا بکەین، بەجوانى شەنوکەوى بکەین، هەتا دەتوانین ڕێگاگەلێک بدۆزینەوە کە زۆرینەى چین و توێژەکان قبووڵى دەکەن. لەلایەک دەبێت لە نییەتەکەماندا زۆر ڕاستگۆ بین؛ لەلایەکى دیکەشەوە کارەکانیشمان دەبێت ماقووڵ و ستراتیژى و پڕ لە حیکمەت بن.

وەک دەبینرێت، ئەو ئەرکەى دەکەوێتە ئەستۆى ئەندازیارانى دیالۆگ لەمڕۆدا، هەرگیز بچووک و بێبایەخ نییە.

[1] بڕوانە: سەعیدى نوورسى، مەکتووبات، مەتووبى ٢١.

[2] بڕوانە: الإسراء: ٧٠.

[3] بڕوانە: تین: ٤.

[4] بێرتراند ڕەسڵ، دونیابینیم.