قووڵبوونەوە لە بەندایەتیدا

قووڵبوونەوە لە بەندایەتیدا
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

لە دونیای ئەمڕۆدا زیهنەكان شێواون، هەلومەرجەكان سەختن، دونیا ترسێنەرە، هەموو شتێك چەپەڵە و بۆنی كردووە. دەوران هەتا بڵێیت تاریكە، ئاسۆكانیش تا دوا ئەندازە تەسك و تەنگن. بەنزیكەیی هەموو شتێك لەسەر ڕێڕەوی خۆی ناڕوات. تەنانەت موسوڵمانانیش زۆر دوورن لە موسوڵمانێتییەوە. كاتێك زانا ڕاستەقینەكان لەناو كۆمەڵگاكاندا كشانەوە، ئیتر خەڵك نەزانەكان بە زانا تێدەگات. شەیتان و دار و دەستەكەی سەری هەموو سووچێكیان گرتووە؛ لە ڕێگەی فێڵ و تەڵە جیاوازەكانەوە خەڵك دەخەڵەتێنن، لە ڕێ دەریان دەكەن. دادپەوەری تەنها ناوی ماوەتەوە، ناهەقیی وەها دەكرێت كە زۆر لە زوڵمەكانی حەججاج خراپترن. كاتێك لەلایەك مەزڵومییەت و مەغدورییەت و مەحوكمییەتەكان ژیان سەختتر دەكەن، لەلایەكی دیكەشەوە خیانەتەكان یەك بەدوای یەكدا دێن. هەندێك لە زاڵمان بۆ ئەوەی بەردەوامی بە سەڵتەنەت و باقوبریقەكەیان بدەن، ستەمی وەها ترسناك دەكەن؛ كاتێك شەیتان سەیری ئەوان دەكات پێدەچێت لە خۆشیدا بكەوێتە هەلەكەسەما.

لەم سەردەمەدا بنەڕەتیترین پێداویستیی ئێمە ئەوەیە شەوان زیاتر زیندوو بكەینەوە، پەیوەندییەكی بەهێزتر لەگەڵ خوا ببەستین، لە حزووری ئەودا بە دڵێكی وریاترەوە ئامادە بین. ئەگەر بمانەوێت لەبەرانبەر ئەو زریانە بەهێزانەوە بوەستین كە تەنانەت چنارە زەبەلاحەكانیش خۆیان لەبەرانبەریاندا ناگرن، ئەوا ناچارین بەتوندی دەست بە فەرمانەكانی پەروەردگارمانەوە بگرین. ئەگەر دەمانەوێت بەرانبەر بەو زاڵمانەی كە سوور و پێداگرن لەسەر خراپە بەعیززەتەوە بژین، ئەوا دەبێت لە چوارچێوەی شعووری ئیحساندا پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ خوا ببەستین. ئەگەر دەمانەوێت بەرگری بنوێنین بەرانبەر بەو پێكهاتە قووڵانەی كە دوژمنكارانە و خائینانە پەلامارمان دەدەن، ئەوا دەبێت لە فەرمانەكانی دیندا بەردەوام قووڵ ببینەوە، هەردەم ڕەگ دابكوتین بەرەو قووڵاییەكانی ناو خاك. پێویستییەكی زۆرمان بە هەموو ئەم شتانە هەیە. دەنا ئەو “تسونامی”یانەی كە یەك لەسەر یەك دێن، پەنا بە خوا، ئێمەش لەگەڵ خۆی دەبات. وەك گەڵای پاییز با دەمانداتە بەر خۆی و دەمانبات.

هەر هەنگاوێك كە ڕووەو خوا دەنرێت، وەڵامەكەی چەندین هەنگاو دەبێت. ڕۆیشتنیش بە ڕاكردن وەڵام دەدرێتەوە. ئەگەر ئێوە دڵۆپێك هەوڵ لە ڕێگەی خوادا بدەن، خوا بەگوێرەی صەمیمییەتی ناو نییەتتان دە و بگرە سەد پاداشتتان دەداتەوە. بۆیە لە ڕوانگەی ئێمەوە گرنگ ئیخلاص و صەمیمییەتە، جێگیرییە لەسەر حەق و چاوبڕینە لە مەفكوورەیەكی بەرز. خوای گەورە وەك چۆن تا ئێستا ڕێبوارانی ڕێگای خۆی پاراستووە، لەمەودواش دەیپارێزێت، وەك چۆن تا ئەمڕۆ لوتفی گەورەی لەگەڵ نواندوون لەمەودواش لەگەڵیان دەكات. گرنگ ئەوەیە ئەم حاڵە بەردەوام بێت، ئاست و حاڵ و مەقامەكە بپارێزرێت، ڕاستڕەوی نەشێوێت.

لە ڕۆژگارێكی دژواری لەم جۆرەدا -كە بەرانبەر هەوڵەكانی بڵاوكردنەوەی ناوی پیرۆزی خوا و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە هەموو لایەكی دونیادا وەك بڵێیت جەنگ ڕاگەیەنراوە و بەربەستی جۆراوجۆر دەخرێتە بەردەم ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە- موسوڵمانێتییەك كە تەنها لە شكڵ و شێوەدا مابێتەوە، بەشی ئەوە ناكات بەپێوە ڕامانبگرێت. پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ خوادا زۆر بەهێز بێت. دەبێت بە خشوع و خضوعەوە، بە ترس و لەرزەوە لە حزووری خوادا نوێژ بكەن. دەبێت هێندە لە بەندایەتیدا جددی بن، ئەگەر نوێژێكتان هەبێت كە تێیدا دیقەتی تەهارەت، دەستنوێژ، تەعدیلی ئەركان و مەرجەكانی دیكەتان نەدابێت، پێویستە دیسان (بسم اللە)ی لێبكەنەوە و بیر لە قەزا كردنەوەی ئەو نوێژانە بكەنەوە. پێویستە تامی هەموو ڕوكنێكی نوێژ بكەن. بۆ نموونە، كاتێك تەحیات دەخوێنن، واتە كاتێك تەعزیم و تەكریم پێشكەش بە خواوەند دەكەن، دەبێت هەموو ڕستەیەك وەك مزڕابی ئامێرە مۆسیقییەكان بچێت بەناو ژێیەكانی دڵتاندا و دەنگی لێ دەربهێنێت. دەبێت ناختان لە ترسی خوا پڕ ببێت، ڕێز لە ھەڵسوكەوت و ڕەفتارەكانتان هەڵبوەرێت. ئەگەر نەشتوانن بە ئاسۆی بەندایەتی كردن وەك ئەوەی خوا ببینن بگەن، بەلایەنی كەمەوە دەبێت بەو شعوورەوە بژین كە لەلایەن ئەوەوە دەبینرێن. پێویستە بەردەوام بەدوای قووڵبوونەوەدا بگەڕێن. دەبێت هەمیشە چاو لە مەرجانە قووڵانەكانی ژێر دەریا ببڕن. ئەگەر بڕیار بێت هەر بخنكێن، با لەو قووڵاییانەدا بخنكێن. دەنا بەرانبەر بە قووڵەكان ناتوانن بەپێوە ڕابوەستن.

دەكرێت هەڵە و گوناهمان هەبێت. دەگونجێت بەرانبەر بە خوا خۆمان وەك دەربەدەر و پەرێشان ببینین. لەوانەیە سكاڵا لە دەست لاوازی و كۆڵەواریمان بكەین. دەتوانین وەك حەزرەتی پیر بڵێین “ئەی پەروەردگار! غەریبم، بێكەسم، لاوازم، بێتوانام، نەخۆشم، دەستەوسانم، بێچارەم، داوای (الأمان) دەكەم، داوای لێخۆشبوون دەكەن، هاوار دێنم بۆ بەردەرگات!” لەم دۆخەدا گرنگ ئەوەیە بەبێ ڕیا و خۆدەرخستن و لەخۆڕازیبوون و فەخر سەر لەبەردەم دەرگای خوادا دابنێین، دەست بۆ قوڵفی ئەم دەرگایە بەرین و تەنها لەو چاوەڕێی ئاوات و خۆزگە و ویستەكانمان بكەین.

لەو كاتانەدا كە زریانەكان بەتوندی هەڵدەكەن، ڕیشەكێش بوون و بابردنیش زۆر ڕوودەدات. لە كاتی بەڵا و موسیبەتدا، دڕكی یەكتر تۆمەت بەخشینەوە دەڕوێت. خەڵك یەكتر تاوانبار دەكەن. دەیانەوێت تاوان بخەنە ملی یەكێكی تر و خۆیان دەرباز بكەن. شەیتانیش ئەم مەیلە زیاتر تاو دەدات. هەندێك دڵیان لە ڕێگاكەیان سار دەبێتەوە، هەندێك ئاڕاستەی خۆیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لای زاڵم خۆیان شیرین بكەن، هەندێكیش لەژێر ناوی دان پیاناندا بوختان هەڵدەبەستن. لەم كاتە هەستیارانەدا ئیمان و تێگەیشتن و مەعریفەتمان و بەردەوام نوێبوونەوە و قووڵبوونەوە لەم بەهایانەدا لەم جۆرە ڕیشەكێش بوونانە دەمان پارێزن. ئەگەر ببین بە مەزهەری قووڵییەكی لەم شێوەیە، ئیدی بە هەر نرخێك بووە هێڵە سوورەكانی خۆمان نابەزێنین، لە ڕێگاكەمان هەڵناگەڕێینەوە و ئاڕاستەمان ناگۆڕین. ئەگەر هەندێك بیركردنەوەی خراپیش بە خەیاڵماندا بێت -لەو ڕووەوە كە مرۆڤین- وەلێ بە ئیرادەكەمان دەیانخەینە ژێر فشارەوە و هەنگاوێك نانێین كە زیانی بۆ یەكێتی و یەكڕیزیمان هەبێت.

ئەگەر قووڵییەكی لەم جۆرە نەبێت، نەك زریانە بەهێزەكان، بەڵكو تەنها شنەیەكی كەمیش بەسە بۆ ئەوەی ڕێگاكەمان بگۆڕین و یەكێتییەكەمان بشوێنێت. ئەو هەوا چەپەڵەی كە زاڵمان دروستیان كردووە، دەگونجێت كاولكاریی گەورە لە دونیای ڕۆحماندا بەرهەم بهێنن. لەوانەیە خۆمان بهاوینە ناو كاروبارە دونیاییەكانەوە و بەرانبەر بە شتانی دونیایی فریو بخۆین. پاشان لەناو دونیای ڕۆحماندا بە ناوی كەسانی دوورەوە دەكەوینە قسە و دەبین بە وەرگێڕی هەست و نەستەكانی ئەوان. ئەگەر شەپۆلانی دیكە ڕاپێچمان بكەن، ئەوا لەو دەریایانەدا ون دەبین كە كەنار و بەندەر و مینایان نییە. وە ئەگەر لە ڕێگایەكی وەهادا یەك جار بەرەو دەریای یاخیبوون چارۆكە هەڵبدەین، ئیدی وا بەئاسانی ناگەینەوە بە كەناری سەلامەتی. چونكە ئەو كەشتییەی كە ئاڕاستە و قیبلەنومای دیار نییە، چارەنووسەكەی یان ئەوەیە خۆی دەكێشێت بە گابەردەكانی وشكاییدا یاخود لەناو قووڵاییەكانی دەریادا نوقم دەبێت.

ئەگەر نامانەوێت تووشی چارەنووسێكی خراپی وەها ببین، ئەوا دەبێت شوێن گوفتارەكانی قورئان و فەخری عالەم (صلى الله علیە وسلم) -كە قورئان شەرح دەكات- و هەنگاو بە هەنگاو شوێن ڕێگای سەلەفی ساڵح بكەوین كە زۆر باش لەم دوو سەرچاوە پیرۆزە تێگەیشتوون و كردوویانە بە ژیانی ژیانیان. دەبێت دەست بدەینە دەستی ئەو موڕشیدانەی كە قووڵبوونەوەمان لە بەندایەتیدا دەستەبەر دەكەن، نەك ئەوانەی كە ڕێمان لێ دژوار دەكەن و لە خوا دوورمان دەخەنەوە. دەبێت لەگەڵ كەسانی وادا هەستین و دانیشین كە دەستمان بگرن و بە فیكر و خەیاڵ بەنێو كۆڕی صەحابییە بەڕێزەكاندا بمانگێڕن، گەشە بە ژیانی قەلبی و ڕۆحیمان بدەن و فێرمان بكەن چۆن وەك صەحابییەكان بژین. هەتا ئێمەیش لە ئیمان و مەعریفەت و خۆشەویستی و بەندایەتیدا، هاوڕێ لەگەڵ ئیشتیهایەكدا كە تێربوون نازانێت، بەردەوام قووڵ ببینەوە. هەتا هەموو ژیانمان بەبێ بچڕان ببەستینەوە بە ڕەزای خواوە و بەردەوام بەدوای هۆكارەكانی نزیكبوونەوە لەوەوە بگەڕێین. ئێمە چەند بەرەو پەروەردگارمان هەنگاو بنێین و هاودەمیی ئەو بەدەست بهێنین، ئەویش لێزمەی واریداتەكانی خۆیمان بەسەردا دەبارێنێت و لەو فێڵانەمان دەپارێزێت كە شەیتان دەستە و دایەرەكەی لە سەرسووچە جیاوازەكاندا بۆیان ناوینەتەوە.

دەنا بە كاری ڕواڵەتی و موسوڵمانێتیی كولتووری، ئەم مەسەلەیە ناڕوات بەڕێوە، ڕێگا تەی ناكرێت، دەشت و دۆڵەكان نابڕرێن، كارەساتەكانی ئێستا تێناپەڕێنرێن. هەندێك جار لە تەلەفزیۆندا سەری حاڵی موسوڵمانان دەكەم لە جێگا جیاوازەكانی جیهانی ئیسلامیدا لە مزگەوتەكاندا نوێژ دەكەن؛ دەڵێیت پۆستەری بێگیانن. تەنانەت ئەو شوێنانەیش كە دەبێت تیایاندا نوێنەرایەتیی ژیانی دڵ و ڕۆح بكرێت، تەسلیم بە چاولێكەری كراون. با دیسان ئەوە بیر بهێنینەوە كە لە سەرەتاوە وتمان: گرنگترین شت كە لە ئێستادا پێویستمانە ئەوەیە بە تێگەیشتنی صەحابییەكان لە دین حاڵی ببین و لە بەندایەتیدا قووڵ ببینەوە. بێئەوەی گوێ بەوانە بدەین كە سوننەتەكان پشتگوێ دەخەن، بەشوێن ڕوخسەتدا ڕادەكەن و فەرزەكان هەڵدەپڕووكێنن؛ ئێمە دەبێت لە دڵەوە پەیوەستی فەرمانەكانی دین بین، ڕێگای عەزیمەت بە بنچینە وەربگرین، ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بدەین بۆ ژیاندنی دینەكەمان. ئەگەر دەمانەوێت فووی ژیان بكەین بە كەسانی تردا، سەرەتا دەبێت خۆمان موسوڵمانێتییەكی زیندوو و قووڵ و ئاگامەندانە بژین.

پەروەدگار بمانگێڕێت لەوانەی كە لە بەندایەتیدا قووڵ بوونەتەوە، گەیشتوون بە ئیخلاص و لەسەر ڕەزامەندیی ئەویش جێگیرین. ئامین!