قەبووڵێكی گشتی و بۆچوونێكی بنەڕەتیمان هەیە كە بەم جۆرە: هەوڵ دەدەین هەر كارێك كە تا ئێستا كرابێت و پێچەوانەی ڕۆحی دین نییە وەك شتێكی چاك ببینین، وەك شتێكی چاك هەڵی بسەنگێنین، چەند لە دەستمان دێت ستاییشی بكەین و پشتی بگرین. تەنانەت بۆ هەندێك لەو ڕووداوانەیش كە دەگونجێت وەك شتێكی خراپ لێك بدرێنەوە، تێكۆشاوین بە دۆزینەوەی بەهانەی ماقووڵ بۆیان مانای ئەرێنییان لێوە دەربهێنین. بەرانبەر بە هەڵسوكەوت و ڕەفتارە ناخۆشەكان زۆرمان لە خۆمان كردووە كە لێبوردە بین. بابەتە لاوەكییەكانمان گەورە نەكردووە و نەمانكردوون بە هۆكاری ناكۆكی. دەستمان نەداوەتە یەخەی كەس، خۆمان لە شەڕی كۆن بەدوور گرتووە، زەمینەی شەڕی تازەیشمان ساز نەكردووە. ئەمە جۆرە ڕەفتارانەمان وەك ڕێگایەكی گرنگ بینیوە بۆ دەستەبەر كردنی لێبوردەیی و یەكڕیزی لەنێوان چین و توێژە جیاوازەكاندا. لەبەرئەوەی كاریگەریی نەرێنیی ناكۆكی و جیاكاری و قین و دوژمنایەتییەكانی چەندین ساڵەی ڕابردوو لەسەر تاكەكەكان دەزانین، ویستمان زەمینە بۆ خۆشەویستی ئامادە بكەین. هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای نوێمان دا بۆ دابینكردنی ژنیگەیەكی پڕ لە خۆشەویستی و لێبوردەیی بۆ كۆمەڵگا.
هەزاران سوپاس بۆ خوا كە لە ماوەیەكی كەمدا بەروبوومەكانی ئەم هەوڵ و تێكۆشانەیشمان بینی. ئەو گرفتانەی كە بە ڕق و توندوتیژی چارەسەر نەدەبوون، یەك یەك چارە دەبوون. خەڵك، كە پێشتر كەسانێك دەیانویست بە زۆر و سەپاندن بیانخەنە سەر دۆخێكی دیاریكراو، پێشنیاری ڕێككەوتنیان لەسەر خاڵە هاوبەشە بنەڕەتییەكان ڕەت نەكردەوە. كلیلی ژەنگاویی دڵەكان كە ڕەقی و توندی و زبری نەیاندەتوانی بیانكەنەوە، بە نەرمونیانی كرانەوە. مرۆڤ كە وەك مەزهەری (أحسن تقویم) دروستكراوە و لە ڕووی فیترەتەوە موشتاقی كەماڵە، مەحاڵ بوو بەرانبەر بە چاكەكارییەكان بێنیاز و بێباك بێت. ئەو چالاكییانەی كە بە ناوی خۆشەویستی و لێبوردەییەوە كران، هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستایشدا لای مرۆڤایەتی قبووڵكراون. كێ و لەبەرچی بێزار دەبوون لەو كەسانەی كە لەسەر ڕێگای مەولانای ڕۆمی، حاجی بەكتاش، ئەحمەد یەسەوی و یونس ئەمرەكان دەڕۆیشتن و سینەی خۆیان بۆ هەموو كەسێك كردبووەوە! باوەشكردنەوە بۆ هەموو مرۆڤێك تەنها لەبەر خاتری مرۆڤێتییەكەی و بەبێ گوێدان بە ئەوەی موسوڵمانە یان نا، كردنەوەی دڵ بۆ هەموو كەسێك، پیشاندانی ئەوەی ماهییەتی بوون لەسەر خۆشەویستی چرۆی كردووە، جەخت كردنەوە لەوەی كە ئیسلام دینی خۆشەویستییە… بەڵێ، كێ چ زیانێكی لەم شتانە دەكرد!
ئەگەر هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستادا ئەم كارانە وەك شتانی ماقووڵ و جوان ببینرێن، ئیدی بۆچی كەسانێك لەم شتانە بێزار و نیگەران دەبن؟ هەندێك كەس بەردەوام ستاییشی مەولانا دەكەن، هەمیشە ناوی یونس ئەمرە لەسەر دەمیانە، بەستاییشەوە یادی یەسەوی دەكەنەوە و بەشانازییەوە باسی میراتەكەی حاجی بەكتاش دەكەن، دەچن تۆمەتی جۆراوجۆر دەدەنە پاڵ كەسانێك كە هەوڵی ژیاندنەوەی هەمان ڕۆح دەدەن لە هەموو كونجێكی جیهاندا. بۆچی؟ چونكە خەمی بنەڕەتیی ئەوان كارەكان نییە، بەڵكو ئەوەیە كە كێ ئەو كارانە دەكەن! وا بیر دەكەنەوە كە پێویست بە تری لە مرۆڤە كۆنەكان و كارەكانی ئەوان ناكات؛ بۆیە گرفتێك لە ستاییشكردنی ئەواندا نابینن. بەڵام كاتێك مەسەلەكە دێتە سەر هاوچەرخەكانی خۆیان، پێوەرەكانیشیان دەگۆڕێت. كار و چالاكییەكان چەندەیش جوان بن، ئەگەر بكەرەكانیان سەر بە دونیابینییەكی جیاواز بێت لەوان، ئیدی ئەوكات نیگەرانی و پاڕانۆیا بەسەریاندا زاڵ دەبێت. بۆیە ڕەفتاری كەسانێك كە بەهەمان ناسكی و نیانی بیر و بۆچوونەكانی مەولانا و یەسەوی و یونس دەردەبڕین و پەلەقاژەی ئەوەیانە كەشێكی خۆشەویستی و لێبوردەیی لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگادا دروست ببێت، وەك شتانی مەترسیدار و زیانبەخش دەبینن. دەترسن ئەو كەسانە بە تێپەڕینی كات هێزێك پێك بهێنن، بەو هێزەی كە بەدەستیان هێناوە جێ لەوان لێژ بكەن و ناچاریان بكەین بە دانیشتن و گفتوگۆكردن لەسەر هەندێك ماف و بابەت.
گەر ئەم ڕۆحە پاڕانۆیاكانەوە لە ڕۆژگاری مەولانادا ژیابان هەوڵیان دەدا دەنگی ببڕن یان تەنانەت شاربەدەری بكەن. یاخود ئەگەر حەزرەتی مەولانا لەم سەردەمەدا ژیابایە ئەڵقەیەك خەڵكی لە دەور كۆببوایەتەوە كە ڕۆژانە زیادی دەكرد، هەندێك كەس بانگەوازی ئەویان لەلاوە ماقووڵ بووایە و شوێنی بكەوتنایە… ئەویشیان وەك مەترسییەكی گەورە دەبنی، لە كۆڕ و كۆبوونەوە نهێنییەكاندا پلانیان بۆ كزكردنی دەنگی دادەنا. ئەو دەمە شوومانەی كە لەمڕۆدا هەر جارێك زمان دەكەنەوە بوختان و سووكایەتی بەرانبەر بە كەسانێك دەكەن كە بە نەیاری خۆیانیان دەزانن، هەمان شتیان بە ئەحمەد یەسەویش دەوت. بیریان لەوە دەكردەوە چۆن كاریگەریی یونس ئەمرە بشكێنن كە بەو خۆشەویستی و هاوسۆزییەوەی كە بە چواردەوریدا پەخشی دەكرد خەڵكی بەرەو لای خۆی كێش دەكرد. حاجی بەكتاشیان وەك “خائین” ناوزەد دەكرد و دەیانخستە كونجی زیندانەوە. چونكە ئەوان بەرگەی ئەوە ناگرن كە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان ئیرادەیەكی تر، لە دەرەوەی هێز و دەسەڵاتی خۆیان هێزێكی تر هەبێت. بەداخەوە، عەسكەرییەت و میلیتاریزمەكەی ڕابردوو، ئەمڕۆیش لەژێر ناو و نیشانی تردا وەك خۆی بەردەوامە؛ هەرچییەك لە دەستی بێت دەیكات بەرانبەر بەوانەی كە لەسەر هێڵی ئەو ناڕۆن و بەگوێرەی نەخشەی ئەو ناجووڵێنەوە.
لەوانەیە لەهەمبەر ئەم نامەعقوولییەت و بێسەروبەرییەدا جاروبارو ورەی مەعنەویمان بكەوێتە لەرزین. لەم حاڵەتانەدا ڕەنگە لە زیهنەكاندا هەندێك گومان دەربارەی كاروبارەكانمان یان ئەو هەوڵانەی كە برا و خوشكەكانمان دەیدەن بوروژێت. لەوانەیە پرسیارەكانی وەك “ئاخۆ كارێكی هەڵە دەكەین؟ ئەم كەسانە بۆ دژی ئێمەن؟” بە خەیاڵدا بێت. لەحاڵێكدا هیچ هەڵەیەك لە گۆڕێدا نییە. ملیم بە ملیم هەمان كارەكانی مەولانا گوازراوەتەوە بۆ ئەمڕۆ. ئەمڕۆ مەولاناكان، سوڵتانە وەلەدەكان و ئەحمەد یەسەوییەكانی ڕۆژگار، ئەو ڕۆحانەی كە خۆیان بۆ خوا تەرخان كردووە، ئەو دڵانەی كە حەسبی و فیداكارن لەسەر هەمان هێڵ دەڕۆن، هەمان بانگەواز لە فۆڕمێكی جیاوازدا دەدەن بە گوێی مرۆڤایەتیدا.
ئەوەندە هەیە كەسانێك لەبریی سەیركردنی جوانیی كارەكان، تەركیز دەكەنە سەر بكەرەكان. چونكە ئەوان هەر لە سەرەتاوە ئەو كەسانەیان لە قاڵب داوە، بڕیاری خۆیان دەربارەیان داوە، ئەوانیان وەك “ئەوی تر” ناساندووە و مرۆی “خراپ”یان لێداون. ئەو كارە چاك و جوانانەش كە دەیانكەن بەهۆی ئەوانەوە هەر بە “خراپ” حساب دەكرێن. واتە بڕیارەكەیان بەگوێرەی بكەرەكە دەردەكەن نەك كارەكە. دەڵێن “ئەگەر ئەوان كارێك بكەن، كەواتە خراپە!” لۆجیكەكەیان ئەمەندە ناقۆڵا و ڕواڵەتییە! ئەگەر ئەوان خەڵك بۆ بەهەشت بەرن، لە دۆزەخ بیانپارێزن، ویژدان بە ئیمان تاو بدەن، ناوكی بەهەشتی ناو دڵەكان سەوز و گەورە بكەن، ئارامی و دڵنیایی لەسەر زەویدا بڵاو بكەنەوە… دیسانیش كارەكانیان وەك شتانی خراپ دەبینرێت و وەك تاوانبار دەناسێنرێن! چونكە لە سەرەتاوە وتوویانە: “ئێمە ئەم كەسانی بە كەسانی خراپ دەبینین، كارەكانیش بە خراپ دادەنێین.” مەسەلەكە ڕێك بەم جۆرەیە.
نابێت هیچ یەك لەم شتانە ورەی ئێمە بڕووخێنن، لەرزە بە هێزی مەعنەویمان بخەن؛ بەپێچەوانەوە، دەبێت كارە جوانەكانمان چەند قات بەردەوام بێت. ڕاستییەكەی هاوڕێكانمان لە هەموان باشتر خۆیان دەزانن چی دەكەن و پێویستە چی بكەن؛ بۆیە من لەم بارەیەوە بانگەشەی ڕابەرایەتی ناكەم و پێویست ئاماژەی شتێك بۆ هیچ كەسێك بكەم. بەڵام دیسانیش ڕێگەم بدەم ئەم شتانە بڵێم: لەم حاڵەتانەدا شپرزەبوون كارێكی ڕاست نییە. چونكە شپرزەیی ڕەنگدانەوەی حاڵ و ڕەفتار و پاڕانۆیای لایەنی بەرانبەرە؛ ئەوە ئەوانن كە لە هەموو شتێك دەترسن. كەوایە دەبێت بەردەوام بین لە هەڵنانی ئەو هەنگاوانەی كە ئەوان سەری ئەوان دەسووڕێنن. بۆ نموونە، با بڵێین ئەمساڵ دە هەزار كەس كۆچی كرد بۆ شوێنە جیاوازەكانی دونیا بۆ ئەوەی ئیلهامەكانی ناو دڵی خۆیان بگوازنەوە بۆ خەڵكانی دیكەیش؛ ئەوا دەبێت ساڵی داهاتوو ئەم ژمارەیە بكرێت بە سەد هەزار. هەر بەم جۆرە ساڵی دووەم ببێت بە دوو سەد هەزار، ساڵی سێیەم ببێت بە چوار سەد هەزار، ساڵی چوارەم ببێت بە هەشت سەد هەزار… دەبێت بەدوای ڕێگاكانی چەندان كردنی خزمەتەكاندا بگەڕێین. دەبێت لەو شوێنانەدا كە ئەوان سەنگەریان لێداوە و ڕووی تفەنگیان تێكردوون، ئێوە هەنگاوی وا بەرەو خۆشەویستی، دیالۆگ، باوەشكردنەوە بۆ مرۆڤەكان و جووڵانەوەی ئەرێنی بنێن، هەتا نەتوانن دەستیان پێتان بگەیەنن. كاتێك هەوڵ دەدەن بتانگرن، تەنها ئەو تەپوتۆزە دەبینن كە لەدوای خۆتان جێتان هێشتووە. بەم جۆرە لە خۆ سەرقاڵكردن بە ئێوە و ڕێگە گرتن لە كار و چالاكییە جوانەكاندا تووشی زەحمەت دەبن. ئیدی دەبن بەژێر گومان و ترس و پاڕنۆیانی خۆیانەوە، لەژێر گەرداوی ئەو شپرزەییەدا كە ترسەكەی خۆیان بەرهەمی هێناوە پەلەقاژە دەكەن، بەرانبەر بەو جوانییانەی كە دەخرێنە مەیدان دەست و قاچیان تەتەڵە دەكات. هەتا بەهۆی جازیبە پیرۆزەكەتانەوە دڵەكان ڕووتام تێبكەن و بەهۆی ماقووڵییەتی ئەو كارانەیشەوە كە دەیكەن حەشاماتەكان لە دەورتان خڕ ببنەوە، ئەو ڕۆحە شەمشەمەكوێرە ئاسایانەی كە لە ڕووناكی بێزارن لەوانەیە لە داخدا بتەقن.
بەڵام با ئەوەیش لەبیر نەكەین كە ئامانج و خەمی ئێمە ئەوە نییە ئەوان شێت بكەین. چونكە ئێمە “ئامین” بۆ دوعای شەڕ ناكەین، هەوڵی تۆڵە سەندنەوە نادەین و خراپەمان بۆ كەس ناوێت. هەرگیز حەز ناكەین كەسانێك بەهۆی پاڕانۆیا و نیگەرانییەكانیانەوە تووشی جەڵتەی مێشك ببن و بەرەو دۆزەخ تلێر ببنەوە. لەوانەیە دە جار ئەمەم بۆ باس كردبن: یەكێك لەو كەسانەی كە گەورەترین خراپەی بەرانبەر بەم خزمەتەمان كردبوو، لە یەكێك لەو جارانەدا كە بەوپەڕی ڕق و دوژمنایەتییەوە دەربارەی ئێمە قسەی دەكرد، بۆ ساتێك بیری “دۆزەخ!” سەبارەت بە ئەو بە خەیاڵمدا تێپەڕی. لەوانەیە كاتێك لە دەرەوەڕا تەماشای ئەمە دەكرێت گرفتێكی تێدا نەبینرێت. چونكە زاتە گەورەكانی وەك موحەممەد بەهائەددینی نەقشبەندی، ئیمامی غەزالی و حەزرەتی پیری موغان داوای دۆزەخ و سزای ئیلاهییان بۆ ستەمكاران كردووە و لەهەمبەر ئەو فشارە سەختانەی كە خراوەتە سەریان دڵی خۆیان بەمانە داوەتەوە. بەڵام ئەوە تەنها شتێك بوو كە بە خەیاڵمدا هات. كاتێك ڕۆیشتمەوە بۆ ژوورەكەی خۆم چاوم پڕبوو و دەستم كرد بە گریان. وتی “نەخێر پەروەردگارم! نامەوێت تەنانەت ئەوانەیش بە دۆزەخەكەت سزا بدەیت كە خراپەمان بەرانبەر دەكەن و درۆ و بوختان بۆ كەسانێك هەڵدەبەستن كە لە ڕێگەی خوادا خزمەت دەكەن. ئەمە داوایەكی زۆر قورس و سەخت دەبێت. ئەگەر بڕیار بێت تۆ موڕادێكت هەبێت، دەخوازم موڕادی تۆ بە ئاڕاستەی هیدایەتدانی ئەواندا بێت.”
كەوایە با هەموو دونیا بیبیستێت: دڵ و سینەی ئێمە بەم جۆرەیە! نامانەوێت كەس بە داخ و ژانی پاڕانۆیا و ڕق و نیگەرانی و ترسە سایكۆلۆژییەكانی بمرێت و لەناوبچێت. بیركردنەوەیەكی لەم جۆرە تەنانەت بە خەیاڵیشماندا نایەت. تاكە دوعای ئێمە ئەمەیە: خوای گەورە ئینساف و ویژدان بە هەموو كەسێك بدات، وەك خۆی حەقیقەت پیشانی هەموو كەسێك بدات. لەبریی ئەوەی كات بە دوژمنایەتی و عینادی و بەربەرەكانێ بەسەربەرن، خۆیان بكەن بە خاوەنی كارە جوانەكان و ببن بە خۆشەویستی خەڵك. چونكە سینەی ئەم میللەتە زۆر فراوانە؛ خۆی دەكات بە خاوەنی هەركەسێك كە بچووكترین چاكەی لێوە دەبینێت و دەیكات بە تاجی سەری. ئامانجی ئێمە دیارە؛ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خوا لە ڕێگەی فەتح كردنی دڵەكان و بەرقەراركردنی ئارامی و بەختەوەرییەكی گشتی بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ئیتر هیچ خەمێكی ترمان نییە. ئەوانەی كە دەیانەوێت خەم و ئامانجێكی ترمان بۆ دابتاشن، خۆیان سەرچاوەی خەم و كێشەكانن. ئێمە نەوەی مەولاكانان و یەسەوییەكانین؛ بۆیە بەرانبەر بە مرۆڤایەتی دڵمان بەخۆشەویستییەوە لێدەدات. ئەوە خەڵكانی ترن كە لەگەڵ قین و نەفرەت و ڕقدا هەڵدەستن و دادەنیشن. ئێمە عەهد و پەیمانێكمان هەیە: كەس وەك “ئەوی تر” نابینین. تەنانەت سینەمان بۆ ئەوانەیش دەكەینەوە كە وەك “ئەوی تر” دەمانبینن. ئەگەر كەسێك ببینین كە بە خەنجەرەوە پەلامارمان دەدات، دەڵێین “وەرە دۆستی خۆشەویست، لە سینەمدا جێیەك بۆ تۆیش هەیە!”
خوای گەورە ڕۆیشتن لەسەر ڕێگای خۆی و بەردەوامبوونی كارە جوانەكانی ئێستامان بەنسیب بكات. ئامین.





