تێكەڵبوون بەبێ توانەوە

تێكەڵبوون بەبێ توانەوە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

لە ڕۆژگارێكدا كە دین و ئیمان كاولبوونێكی ترسناكیان بەخۆوە دیوە، بەها بنەڕەتییەكانمان یەك یەك ڕووخاون، كێشە كۆمەڵایەتییەكان وەك مۆرانە لەناوە پێكهاتەی كۆمەڵایەتییان كرمێ كردووە، هەوڵەكانی ئەندازیارانی دڵ كە قۆڵیان هەڵكردبوو بۆ چاككردنەوەی ئەم ڕووخانە هیوای بە ئێمە دەدا. لەكاتێدا كە زۆركەس چالاكییەكانی مێشكیان بۆ لەناوبردنی كارە جوان و چاكەكان بەكاردەهێنا، ئەوان سەرقاڵی بونیاتنانی شتانی ئەرێنی بوون. ئەم خۆبەخشانە كۆدەبوونەوە و گفتوگۆیان دەكرد بۆ ئەوەی كون و درزەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی نۆژەن بكەنەوە، پرسیان بە عەقڵی هاوبەش دەكرد و تێدەكۆشان كە بەرپرسیارێتییەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن. لەپێناو ئەوەدا كە سوڵح و ئارامی لە دونیادا دەستەبەر بكەن، پردی دیالۆگیان دروست دەكرد، هەوڵیان دەدا خاڵی هاوبەش لەگەڵ هەموو كەسێكدا بدۆزنەوە، بەپێداگرییەوە دەڕۆیشتن بەرەو بوون بەو نەوە نوێیەی كە حەزرەتی پیر مژدەی پەیدابوونی دابوو.

ئەم هەوڵ و تێكۆشانەی ئەوان هەندێك خەڵكی ڕۆح تاریكی بێزاركرد كە حەزیان لە ڕووناكی نەبوو. بە كوتەكی هێزی دەستیان، دەستیان كرد بە ڕووخاندنی چەندین چالاكیی بەنرخ كە بەرهەمی ئەمەك و فرمێسك بوون. وەك ئەو دز و چەتانەی كە هەڵدەكەوتنە سەر خەرمانی خەڵكی تر، ئەو دامەزراوانەیان بەتاڵان برد كە بە هەزار و یەك ئەمەك چێنرابوون. زیانێكی ترسناكیان دا لەو خەرمانەی كە دڵانی خۆبەخش بە ئارەقی نێوچاوان، ئازاری سك و قوڵپدانی لاجانگەكان بەدەستیان هێنابوون. دەرەنجام بوون بە هۆكاری لەدەستچوون و كاولكاریی مەزن. هەوڵیان دا گشت مەشخەڵە داگیرساوەكان بكوژێننەوە. بەڵام باوەڕمان وایە ئەو خوایەی كە جارێك ئەو مەشخەڵانەی داگیرساندووە، هەزار جاری دیكەش دایان دەگیرسێنێتەوە. بە قسەی خەڵكانی تر ئەم كارە تەواو نابێت. گرنگ ئەوەیە كە ئێمە لە شوێنی خۆماندا جێگیر بین، ڕووداوەكان بدەینە پاڵ قسوورەكانی خۆمان، بە زمانی ناچاری ڕوو لە خوا بكەین و ئەو بەرپرسیارێتییە جێبەجێ بكەین كە دەكەونە سەرشانمان. ئەوكات خوا ئەم كەشوهەوا تاریك و دووكەڵاوییە هەڵدەگرێت، لەناو ئەم سەردەمە پڕ لە ناڕەحەتییەوە دەرگا لە دەورانێكی بەرین و گوشاد دەكاتەوە، شەوە تاریك و درێژەكان دەگۆڕێت بە ڕۆژانی ڕووناك، ئەو زستانانەی كە خەڵك وا دەزانێت بەفر و بارانیان تەواو نابێت دەگۆڕێت بە بەهار.

گرنگ ئەوەیە خوا لەگەڵمان بێت. ئەگەر ئەو لەگەڵ ئێمە بێت ئیتر نە خەممان هەیە و نە خەفەت! گەر ئەو ئێمە لە پێگەیەكی باش و بەرزدا دابنێت، ئیدی خەڵكی هەر نرخێكمان پێبدەن چ گرنگییەكی هەیە؟ بەڵام ئەگەر لە دڵماندا ئەو لە دەست بدەین، ئەوكات تووشی شكست و دۆڕانی ڕاستەقینە دەبین. لەكاتێكدا كە خوا لە ڕەگی لامل لێمانەوە نزیكترە، گەر ئێمە لەو دوور كەوتبێتینەوە، مانای وایە كەوتووینەتە ناو نەخۆشییەكەوە كە زۆر لە شێرپەنجەی تەشەنەسەندوو ترسناكترە. هیچ موسیبەتێك لەوە گەورەتر نییە كە لە دڵماندا هەست بە “ئەو” نەكەین، بەرانبەر بە ئەو لە عەشق و شەوق پڕ نەبین و خاوەنی تاسە و ئارەزوو نەبین بۆ دیداری خوا.

بەكارهێنانی هەلومەرجەكانی بەردەست

فشار و ستەمەكان بوون بە هۆكاری هیجرەتێكی جەبری. هەزاران دڵی خۆبەخش بە هەر چوار لای دونیادا بڵاوبوونەوە. لەبەرئەوەی هەندێك لە وڵاتانیش ئەمین نەبوون، بەتایبەت كۆچ بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوایی كرا. لەبنەڕەتدا پێشتریش نوێنەرانی لێبوردەیی و دیالۆگ بە شوێنانی جیاوازی دونیادا بڵابووبوونەوە. بەڵام ڕۆیشتن بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەك ئەمڕۆ كرانەوە و كۆچێكی زۆریان بەر نەكەوتبوو. زۆربەی ئەم وڵاتانەش دەرگاكانی خۆیان كردەوە و مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان دا. لەمەیشدا سەوقێكی سوبحانی بوونی هەبوو. لە هەموو كارێكی ئەودا حیكمەتێك شاراوەیە و خوا كاری بێهوودە ناكات.

بەڵام كرانەوەی ئەم دەرگایانە نیشانەی ئەوە نییە كە لە زیهنیاندا هیچ گومان و دوودڵییەك بەرانبەر بە ئێوە نییە. چونكە لە ژینگە و هەرێمێكی و دووكەڵ و غوباراویی وەهاوە دێن كە مێشك و هەستەكان لە تێگەیشتنیدا تووشی زەحمەت دەبن. جگە لەمە، بڵاوكراوە جۆراوجۆرەكان كە ناوتان دەزڕێنن، هێشتا بەخێرایی بەردەوامن. بۆیە نابێت ئەوە لەبیر بكرێت كە دەگونجێت ئەم وڵاتانە هەندێك گومانیان بەرانبەر بە تازە هاتووەكان هەبێت. لەبنەڕەتدا دەشگونجێت هۆكاری ئەم باوەش بۆ كردنەوەیە گوێگرتن لە ئێوە و ناسین لە نزیكترەوە بێت. ئاخۆ ئێوە كێن؟ بیركردنەوە بنەڕەتییەكانتان چین؟ لەڕاستیدا ئەم دیقەت و پرس و جۆیە بۆ ئێمە زیان و نەرێنی نییە، بگرە دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دروست گوزارشت لە خۆمان بكەین. ئەركی ئەستۆمان ئەوەیە بەباشترین شێوە ئەم هەلە بەكاربهێنین، بەجوانترین شێوە تەمسیلی بەهاكانمان بكەین.

لەم خاڵەدا تەمسیلی دروست لە هەموو شتێكی تر گرنگترە. ئەگەر ئێوە وەك فیردەوسی، بە جوانترین و كاریگەرترین وشەكانیش هەست و بیری خۆتان دەرببڕن، لەوانەیە هەر نەتوانن گومان و دوودڵییەكان بڕەوێننەوە. بەڵام ئەگەر مەسەلەكە حەواڵەی تەمسیل و حاڵ بكەن، دڵەكان فەتح دەكەن؛ حەزرەتی (روح سید الأنام) شاد و خوایش لە خۆتان ڕازی دەكەن. مەبەستی ئەصلى ئێمەیش هەر ئەمە نییە؟

ئەگەر ئێمە سەروەتی مەزنمان سەرف بكردایە بۆ ئەوەی دەنگی خۆمان بە خەڵكی ئەم وڵاتانە بگەیەنین و خۆمانیان پێبناسێنین، ڕەنگە ئەوەندە نەبینراینایە. هەندێك لەوانەیە سیفەتی ناشرینی دەربارەی ئێوە بیستبێت. گوێ بەم شتانە مەدەن. لەبریی خۆ خەریك كردن بەم درۆ و بوختانانەوە، سەرقاڵی كاری خۆتان بن. هەوڵ بدەین ئەم دەرفەتەی كە بۆتان هاتووەتە پێش، بەجوانترین شێوە بەكاربهێنن. مادەم بەجۆرێك لە جۆرەكان هەواڵێكیان دەربارەی ئێوە بیستووە، كەواتە ئێستا كاتی ئەوەیە ئەوەی كە دەتانەوێت بە ئوسلوبێكی ڕاست باس بكەن. بە حاڵ و هەڵسوكەوتەكانتان ڕوانگەی هیومانیستی خۆتان، خۆشەویستیتان بۆ مرۆڤ، ئەوەی كە دڵتان بۆ چاكەی مرۆڤایەتی لێدەدات، پیشانی هەموان بدەن. پیشانی بدەن ئێوە كەسانێكن هاتوون بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ هەموو كەسێكدا و دەتوانرێت كار و دیالۆگی هاوبەشتان لەگەڵ بكرێت، نەك بۆ ئەوە هاتبن كە شەڕ لەگەڵ ئەم و ئەو بكەن.

دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ كەسانی تردا لەسەر هێڵ و خولگەی خۆشەویستی بێت. ئینسان بۆ خۆشویستران دروستكراوە. مرۆڤ، لە فڵچەی قودرەت و زانست و ئیرادەی خواوە دەرچووە؛ بوونەوەرێكی كامڵی وەهایە كە شاییستە بە مەزهەری (أحسن تقویم) بەدیهێنراوە. بۆیە مەلائیكەتان ئەویان وەك میحراب قبووڵ كردووە و سوجدەیان بۆ بردووە. كاراكتەرێكی تا ئەم ڕادەیە نایابە! ئەركی ئێمە ئەوەیە تەنها لەبەر مرۆڤبوون هەموو كەسێكمان خۆش بوێت، ڕێز لە هەموو كەسێك بگرین. لەبەرئەوەی كەسانێك هێز و زۆر فشاریان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی بیر و كولتووری خۆیان بەسەر خەڵكی تردا فەرز بكەن و لەناو پێكهاتەی خۆیاندا بیانتوێننەوە، لەوانەیە بە هەمان چاو سەیری ئێوەیش بكەن. دەبێت ئێمە بە پاراستنی ڕاستەهێڵی خۆمان، پیشانی هەموانی بدەین كە خەم و ئامانجێكی لەو جۆرەمان نییە.

ئاوێتەبوونێكی پتەو

چاوەڕێكردنی ئەوەی دەنگ و نەفەسمان هەمان كاریگەریی لەسەر هەموان دەبێت لەو جێگایانەدا كە ڕوومان تێكردوون، شتێكی واقیعی نییە. ئەو پەیامەی كە بە مرۆڤایەتی دەگەیەنین، دەكرێت بچوێنرێت بەو بارانی ڕەحمەتەی كە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت. هەندێك جار پەیامەكەمان وەك شەونمێك تەنها چەند گەڵایەك ئاو دەدات، هەندێك جاریش دەبێت بە باران، گاهێ دەبێتە لێزمە و خاك زیندوو دەكاتەوە، گاهێكیش وەك بەفر لەسەر زەوی دەمێنێتەوە. میوە بەخشینی خزمەتەكان لە ڕوویەكەوە پەیوەندی بە تێكەڵبوونێكی پتەو دێت لەگەڵ ئەو كۆمەڵگایانەدا كە كۆچمان بۆیان كردووە. لەم ڕووەوە نابێت كەموكورتی بنوێنین. لەو جێگایانەدا كە تیایاندا دەژین، نابێت بە ڕەفتار و هەڵسوكەوتەكانمان نامۆ و سەیر دەربكەوین. دەبێت كاتێك خەڵك دەمانبینن وا هەست بكەن كەسێك لە خۆیان دەبینن، نابێت وەك شتێكی بیانی و ناقۆڵا دەربكەوین لەناویاندا. نابێت خۆمان گیر بدەین بە هەندێك وردەكارییەوە و لەسەر ئەمانە بیكەین بە شەڕ. نابێت بە كردار و ڕەفتارەكانمان نیگەرانیی هیچ كەسێك بوروژێنین؛ نابێت ڕقی كەس لە دژی خۆمان بخرۆشێنین.

تێكەڵبوون، لە ڕوانگەی بەستنی پردەكانی پەیوەندی و متمانەپێكراویشەوە زۆر گرنگە. ئەگەر ببین بە بەشێك لە كۆمەڵگا، ئەوكات ئاسانتر متمانەمان پێدەكەن و دەڵێن “ئەمانە بە كەڵكی ئەوە دێن كە كاری هاوبەشیان لەگەڵ بكرێت.” تەنانەت ئەگەر بەدروستی گوزارشت لە خۆتان بكەن، هەندێكیان دەڵێن “ئەمانە خەڵكانێكی زیرەكن، دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیردرێت.” ئێمەیش ئەوەمان دەست دەكەوێت كە دەمانەوێت، ئەوەیش دەبەخشین كە دەتوانین بیبەخشین. دەزانین ئەو شتانەی كە وەریان دەگرین ڕێگە و زەمینە خۆش دەكەن بۆ ئەو شتانەی كە دەمانەوێت بیانبەخشین. لەبیرمان نەچێت، وەك مێژوونووسان دەڵێن، بەگشتی میللەتە سەركەوتووەكان زیاتر لەوەی كە داویانە لە میللەتانی شكستخواردووەوە وەردەگرن.

دەبێت تەماسی نزیك لەگەڵ تاكەكانی ئەو كۆمەڵگایەدا ببەستین كە تێیدا دەژین، بۆ ئەوەی هەموان بەدروستی یەكتر بناسن. ئەگەر پێویستی كرد دەتوانین بەشداری بكەین لەو بۆنە و چالاكییانەدا كە ئەوان ڕێكی دەخەن و دژی كرۆكی دینەكەمان نین. بۆ نموونە، دەتوانرێت سەردانی شوێنە پیرۆزەكانیان بكرێت، تەماشای ئایین سرووتەكانیان بكرێت، لە ڕۆژە تایبەتەكانیاندا لەگەڵیان بین. ئەم هەڵسوكەوتانە دڵەكان بەرانبەر بە ئێمە گەرم دەكات و دەری دەخات كە شەڕمان لەگەڵ كەسدا نییە.

هەڵوێستێكی جێگیر بەرانبەر بە توانەوە

تێكەڵبوون لەگەڵ كولتوورە جۆراوجۆرەكان و بەستنی پەیوەندیی نزیك لەگەڵ خەڵكانێك كە خاوەنی دونیابینیی جیاوازن، لەوانەیە مەترسیی توانەوەی لەگەڵ خۆی بهێنێت. بەتایبەت منداڵان و گەنجان زیاتر كراوەن بە ڕووی ئەم مەترسییەدا. ئەوان لەوانەیە هەموو شتێكی تازە سەرنجڕاكێشتر ببینن و بكەونە ژێر كاریگەرییانەوە. بۆیە دەبێت هەندێك قەڵغان و دیوار دروست بكرێت بۆ پاراستنیان و پەیوەندییان لەگەڵ سەرچاوەكانی گۆشبوونیان بەبەهێزی بهێڵینەوە. دەبێت ڕابەر و ڕێنیشاندەری بەتوانا و پڕچەك لە پێگەیاندنی لاواندا بەكاربهێنین و بەهاكانی خۆمانیان لا خۆشەویست بكەین. پێویستە نەوەگەلێك پەروەردە بكەین كە لە دڵەوە پەیوەستی بەهاكانی خۆیانن و شانازییان پێوە دەكەن.

كاتەكانی پشوو دەرفەتێكی گەورەن بۆ ئەم كارە. دەكرێت بەگوێرەی گونجان لەگەڵ نەریت و پەروەردەی گشتیماندا جێگای جیاواز بۆ منداڵانی كچ و كوڕ ئامادە بكەین و كۆمەڵێك ڕابەر و ڕێنموونیكاریان بۆ تەرخان بكەین. بۆ ئەوەی ئەو بەهایانەی كە خاوەنیانین ببێت بە ڕەهەندێك لە سروشتی ئەوان، دەتوانرێت كتێبە ئیمانییەكان پێكەوە موتاڵا بكرێن و وانەیان لەسەر بخوێنرێت. لە سایەی ئەمەدا سیستەمی بەرگریی مەعنەویی منداڵەكان بەهێز دەبێت و بەرانبەر بە كاریگەرییە بیانییەكان خۆڕاگری بەدەست دەهێنن. بەم جۆرە گۆڕان و دووركەوتنەوەی ئەوان لە كەسێتیی بنەڕەتیی خۆیان، ڕێگەی لێدەگیرێت.

جارێكیان ئەكادیمییەكی ئەمریكی كە سەردانی كردین لێمان پاڕایەوە و وتی “تكایە مامۆستا، بۆ خاتری خوا لەم كۆمەڵگادا مەتوێنەوە و لەناومەچن! هەرچۆنێكن ئاوا بمێننەوە و بەو جۆرە لەسەر ژیانتان بەردەوام بن. كەسانی پێش ئێوە پەرتەوازە بوون، بەهاكانی خۆیان لەبیركرد و توانەوە. نەكەن ئێوەیش تووشی هەمان هەڵە ببن. تەنها ئەو كاتە دەتوانن ئیزافەیەكتان بۆ ئەم كۆمەڵگایە هەبێت كە وەك خۆتان بمێننەوە.”

بەڵێ، لەلایەك دەبین بە پارچەیەك لەو كۆمەڵگایەی كە تێیدا دەژین، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە هەرگیز واز ناهێنین لەوەی كە خۆمان بین. گەرچی وا دەردەكەوێت كە ئەم دووانە پێچەوانەی یەك بن، وەلێ بۆ ئێمە زۆر گرنگن. ئاوێتەبوونی ئێمە لەگەڵ ئەو كۆمەڵگایەدا كە تێیدا دەژین، ڕێگر نییە لەبەردەم ئەوەدا كە بەتوندی دەست بە بەهاكانی خۆمانەوە بگرین و هەتا سەر ئێسك وابەستەیان بین.