پرسیار: لە وتار و نووسینەكانتاندا زوو زوو باس لە “مانەوە وەك خۆمان” دەكەن. دەكرێت ئەم بابەتەمان زیاتر بۆ ڕوون بكەنەوە؟
وەڵام: كاتێك دەڵێین “مانەوە وەك خۆمان” مەبەستمان لە پابەندییە بەو باوەڕ، بەها، كولتوور و بزوێنەرانەوە كە “ئێمە”یان كردووە بە ئێمە. بناغەی ئەم شتانەیش بریتییە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی وەك قورئان، سوننەت و ئیجماع، هەروەها ئەو میراتە زانستی و مەعنەوییەی كە لەم سەرچاوانەوە داچۆڕاون. چەند واز لەمانە بهێنین و بكەوینە ژێر كاریگەریی ئەو فەلسەفە، تێگەیشتن و كولتوورەوە كە سەر بە دونیابینیی جیاوازن لەوەی ئێمە، ئەوەندە لە بەهاكانی خۆمان دوور دەكەوینەوە. نابێت لەبیرمان بچێت كە ئێمە هەموو لەدەستدانەكانمان لەو ڕۆژگارانەدا بووە كە لە خۆمان دوور كەوتووینەتەوە و ناسنامەی خۆمان لەدەستداوە. كاتێك وازمان لە بیركردنەوە وەك خۆمان، قسەكردن وەك خۆمان، ڕەفتاركردن وەك خۆمان هێناوە، واتە لەوە كەوتووین كە “خۆمان” بین، بەهاكانمان یەك یەك ڕووخاون و تارومار بوون.
ئەم بۆچوونەمان ڕێگر نییە لەوەی سوود لەو بەها و زانست و هونەرانە وەربگرین كە لە حەوزی كولتوورەكانی دیكەدا گەشەیان كردووە. بێگومان لەوانیشدا چەندین شتی بەسوود هەن كە دەكرێت وەربگیرێن. بەڵام ئەو شتانەی وەریان دەگرین هەرگیز نابێت زیان لە بزوێنەرە بنەڕەتییەكانی خۆمان بدات و لەگەڵى دژ بێتەوە. ڕێگای ڕاستی ئەمەیش ئەوەیە هەرچییەكمان لە دەرەوە وەرگرت سەرەتا لە فلتەری سەرچاوەكانی خۆماندا تەتەڵەی بكەین. بەتایبەت لە بابەتەكانی وەك دونیای باوەڕمان، پەیوەندیمان لەگەڵ خوادا، تێگەیشتنمان بۆ بەندایەتی، دونیابینیمان، تێگەیشتنمان بۆ زانست و هاوشێوەكانیدا، دەبێت لە پابەندبوونمان بە میراتی كولتووریی خۆماندا ئەوپەڕی هەستیاری بنوێنین.
لەوانەیە ئەو شتەی كە ئێمە لە “زانست” تێی دەگەین هەمان ئەو شتە نەبێت كە خەڵكی تر مەبەستیانە. لای ئێمە زانست ناونیشانی عەشقی گەڕان و لێكۆڵینەوەیەكە بەدوای حەقیقەتدا كە دەرەنجام مرۆڤ بەرەو خوا و ناسینی ئەو دەبات. ئەگەر ئەو هەوڵ و تێكۆشانەی كە لە بواری زانستدا دەیدەن ئێوە بەم خاڵە بگەیەنێت، مانای وایە لە دونیای خۆتاندا دەژین.
بەداخەوە لەم سێ چوار سەدەیەی كۆتاییدا بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدرێت ئاخۆ چەند لەگەڵ بەهای كولتووری و شانەی كۆمەڵایەتیمان دەگونجێت لەملاو و ئەولا شتانێكمان دزیوە و بەهۆیانەوە دونیای بیر و باوەڕی خۆمان كرد بە بوخچەی پینەكراو. بەتایبەت دوو سەدەی كۆتاییمان شتێكی وەهای تێدا نییە كە شایانی تەماشاكردن بێت. لەلایەک هانامان بۆ بەندەرەكانی دیكە برد، لەلایەكی دیكەوە چووینە ژێر سێبەری كولتوورە جیاوازەكانی دیكەوە و دەرەنجام هەنگاو بە هەنگاو لە بەهاكانی خۆمان دوور كەوتینەوە. سەردەمێك فەرەنسامان كرد بە میحراب، ڕۆژگارێكیش ڕوومان لە لەندەن كرد. بێگومان دوای ماوەیەكیش چاوەڕێی یارمەتی بووین لە ئەمریكا و لە وەرگرتنی بۆچوونەكانی ئەوێ هیچ دوودڵییەكمان هەست پێنەكرد. لە ئێستادا تەنانەت دیاریش نییە ڕوومان لە كوێیە.
ئەمەیش وای لێكردین كە نەتوانین بەدروستی بیر بكەینەوە، بەدروستی بڕیار بدەین و بە ئەنجامی دروست بگەین. لە دونیای فیكرماندا ڕاستڕەویمان بۆ دەستەبەر ناكرێت. ئەوەندە بێسەروبەرین، تاوێك بەرەو ڕاست و تاوێك بەرەو چەپ ڕاپێچ دەبین، ناتوانین سەنگەرێك بۆ فیكرمان دەستنیشان بكەین. بەڵێ، لەمڕۆدا هەندێك پێشهاتی هیوابەخش دەبینرێت، بەڵام سەرەڕای ئەمە هێشتا زۆر زەحمەتە كە بڵێین شوناسی ڕاستەقینەی خۆمان دۆزیوەتەوە. ئەو حەشاماتانەی كە ئامانجیان دیار نییە، نازانن بەرەو كوێ دەڕۆن و ئاڕاستەیان لێ ونبووە، كێ دەتوانێت بڵێت كە خاوەنی شوناس و ناسنامەن؟
بەرپرسیارێتیی ئەم بەدگۆڕانەی كە لەم چەند سەدەیەی دواییدا ڕوویداوە و كاریگەرییەكەشی هەر بەردەوامە، بێگومان سەرەتا هیی موسوڵمانانە كە نەیانتوانیوە مافی پێویست بە پێگەكەی خۆیان بدەن. كەسیش ناتوانێت نكووڵی بكات لە ڕۆڵی گرنگی ئەم دووركەوتنەوەیەی ئێمە لە بەهاكانمان لەو مەزڵومییەت و مەغدورییەت و مەحكومییەتەی كە ئەم چەند سەدەیەی دوایی بەسەر دونیای ئیسلامدا هاتووە. ئەو زیهنییەتی نیفاقەی كە بەتایبەت زاڵ بووە بەسەر جوگرافیای ئیسلامدا و هەتا ئاستی موولوولەكان بەنێو كۆمەڵگا موسوڵمانەكاندا ڕۆچووە، بەفریودان ئەوانی بەرەو ڕێگا هەڵەكان ڕاپێچ كرد و لەناوەوە كرمۆڵی كردن.
هەزاران سوپاس بۆ خوا كە سەرەڕای گشت فشار و پەستان و ستەمەكان هەندێك ویژدانی بەغیرەت كەوتنە جووڵە. قۆڵیان هەڵماڵی بۆ ئەوەی لە گشت بوارەكانی ژیاندا سەرلەنوێ زیندووبوونەوەیەك بێتەدی. هیوا و چاوەڕوانیمان لە خوا ئەوەیە ئەم ڕۆحە خۆتەرخانكەرانە هێڵ و تەوەرەی خۆیان بپارێزن و هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە نەكەنەوە. ئەگەر بمانەوێت وەك خۆمان بمێنینەوە ئەوا دەبێت بەردەوام چاو بە خۆماندا بخشێنینەوە، پەیوەندیمان بە سەرچاوە بنەڕەتییەكانی كولتوورماندا هەمیشە بەزیندوویی بهێڵینەوە.
هەر كارێك كە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دەكرێت شایانی ستاییشە. بۆ نموونە، لەپێناو بڵاوكردنەوەی حەق و حەقیقەتدا بڵاوكردنەوەی گۆڤار، دەركردنی ڕۆژنامە، دامەزراندنی كەناڵی تەلەفزیۆن، كردنەوەی قوتابخانە و زانكۆ خزمەتانێكی زۆر بەنرخن. بەڵام شتێكیش هەیە كە بە لایەنی كەمەوە هێندەی ئەمانە گرنگە: پاراستنی هێڵ و شوناسی خۆمان لەدوای چوونە ناو ئەم چالاكییانەوە؛ دانانی كۆمەڵێك بەربەستی پتەو لەبەردەم توانەوە، گۆڕان و نامۆبووندا.
بابەتەكە لایەنێكی دیكەیشی هەیە: پێویستە بەگوێرەی سیستەمی بیركردنەوەی خۆمان ئەو گرفتانە چارەسەر بكەین كە دێنە ڕێمان، لە بڕیار و هەڵبژاردنەكانیشماندا بۆ لای سەرچاوەكانی خۆمان بگەڕێینەوە. لەوانەیە كەسانی دی پەرەیان بە هەندێك ڕێگاچارە و تیمار دابێت بۆ چارەسەری بابەتەكانی خۆیان. بەڵام نابێت ئەم شتانە بە چارەسەری بابەتی و گەردوونی ببینین كە لە هەموو كۆمەڵگایەكی دونیادا دەخۆن. پێویستە پێش ئەوەی بیانكەین بە موڵكی خۆمان بەدیقەتەوە هەڵیان بسەنگێنین بزانین لەگەڵ سیستەمی بیركردنەوە و پێكهاتەی كۆمەڵایەتیماندا دەگونجێن یان نا. دەنا شكان و شەقبردن لە دونیای بیر و باوەڕماندا سەرهەڵدەدات. ئەوەندە هەیە ناتوانرێت بوترێت كە لەم بابەتەدا وەك پێویست هەستیارین و خۆڕاگریی پێویست دەنوێنین لە دژی نامۆبوون.
گەر دەمانەوێت وەك خۆمان بمێنینەوە و لەسەر ڕێگایەك بڕۆن كە تەنرا بێت لەگەڵ سیستەمی بیر و باوەڕی خۆماندا، سەرەتا دەبێت ئەو بەهایانە بناسین كە ئێمەیان كردووە بە ئێمە و بیانكەین بە بەشێكی دانەبڕاو لە سروشتمان. ئەگەر شارەزای قورئان و سوننەت نەبن، بێئاگا بن لە بەڵگەكانی وەك ئیجماع و قیاس، تێگەیشتنی گشتیی سەلەفی صالح نەزانن، مانای وایە لە سەرەتاوە دۆڕاون. چونكە لەم دۆخەدا ژیانتان بەگوێرەی ئەم بنەمایانە شكڵ و شێوە وەرناگرێت، ئەو شتانەیش كە لە دەرەوە ڕا وەریان دەگرن بەگوێرەی پێوەرەكانی خۆتان فلتەر ناكرێن.
كاتێك لەناو كەسانێكدا كە بانگەشەی خزمەت كردن بە ڕێگای (إعلاء كلمة أللە) دەكەن كەسانێك دەبینم كە بچووكترین مەراقیان تێدا نییە بەرانبەر بەو كتێبەی كە خوا ناردوویەتی، دەحەپەسێم. كەسانی وا هەن نەك هەر لە ماناكەی تێناگەن، بگرە ناتوانن لەفزەكەیشی بەتەواوەتی بخوێننەوە. لەناو بازنەی چاكەكاریدا تەمەنێكی بەسەربردووە، بەڵام بێئاگا لە كەلامی خوا ژیاوە. لە ژیانیدا هەوڵی نەداوە تەرجومەیەك یان تەفسیرێك بگرێت بە دەستییەوە. خوا گرنگی بە كەسێك دەدات كە گرنگی بە گوفتارەكەی ئەو نادات؟!
بەهەمان شێوە، گەر كەسێك بە موتاڵاكردنی بەردەوامی كتێبە ئیمانییەكان هەموو ڕۆژێك لە زیهنی خۆیدا ئەو بناغانە دانەمەزرێنێتەوە كە باوەڕی پێیان هێناوە، چۆن دەتوانێت بەرانبەر بەم هەموو زریانە بەپێوە بمێنێتەوە؟ كاتێك دەبینم هەندێك بێنیاز و بێباكن بەرانبەر بە دینەكەیان، بەندە لەبریی ئەوان شەرم دەكەم. ناتوانم نەپرسم “ئەمانە چۆن موسوڵمانێكن؟” كەسێك كە تا ئەم ڕادەیە نامۆیە بە سەرچاوەكانی خۆی، تا ئەم ئەندازەیە بچڕاو و بێئاگایە لە بەهاكانی خۆی، چۆن دەتوانێت “وەك خۆی” بمێنێتەوە؟ لەبەرئەوەی لەم مەسەلانە زۆر بێزارم، ئەوا جاروبار ناتوانم بابەتییان بدوێم و هەستەكانم تێكەڵ بە باسەكە دەبن.
لەلایەكی دیكەوە، بۆ ئەوەی كەسێك وابەستە بە كرۆك و كاكڵەی خۆی بمێنێتەوە و بژی، دەبێت دونیای دڵ و ڕۆحی زیندوو بن؛ هەوڵێكی سەرومڕ بدات لە بابەتی ناسینی خوا، هەست پێكردنی و بوون بە مەزهەری تەواوەتیی لوتفەكانی ئەو. تەنها لە سایەی ئەمەدا دەتوانێت كاردانەوەیەكى تەندروست بنوێنێت لەبەرانبەر ئەو شتانەدا كە دەیانەوێت دزە بكەنە ناو دونیای زیهن و دڵیەوە. وەك چۆن جەستەیەكی بەهێز پەرە بە بەرگرییەكەی دەدات لە دژی ئەو میكرۆب و ڤایرۆسانەی كە لە دەرەوە ڕادێن، بەهەمان شێوە كەسێكیش كە خاوەنی پێكهاتەیەكی مەعنەویی پتەوە بێگومان كاردانەوەی دەبێت بەرانبەر بە نامۆبوون. ئەگەر كاردانەوەیەكی وەهاتان نەبێت، مانای وایە دەبێت بەجددی چاو بە ژیانی مەعنەویتاندا بخشێننەوە.
لەم بابەتەدا خاڵێكی دیكەی گرنگ كە پێویستە دیقەت بدرێت ئەوەیە هەڵوێستێكی ئاگامەندانە بەرانبەر بە هەموو جۆرەكانی نامۆبوون بنوێنرێت. چونكە كەسێك كە لە بابەتێكی بچووكدا دەگۆڕێت و بە خۆی نامۆ دەبێت، لەوانەیە ڕۆژێك بێت كە لە دونیایەكی تەواو جیاوازدا چاوەكانی بكاتەوە. چونكە مانای وایە سروشتی كەسێكی لەم جۆرە كراوەیە بە ڕووی نامۆبووندا. دیار نییە لەكوێدا دەوەستێت و ڕوو لە كام ئاڕاستەیە دەكات. ئەم پڕۆسەیە ڕەنگە بیگۆڕێت بە كەسێكی بێ كەسایەتی و شوناس.
بۆ ئەوەی پەیوەستی بەهاكانی خۆمان بین و وەك خۆمان بمێنینەوە، دەبێت تێبكۆشین كە دینەكەمان بەگشت وردەكارییەكانیەوە بژین. دەبێت هیچ لایەنێكی –تەنانەت ئادابەكانیشی- فەرامۆش نەكەین. دەبێت متمانەمان بەو بەهایانەمان هەبێت كە لە ڕابردووەوە بۆمان ماونەتەوە و لە دڵەوە وابەستەیان بین. تەنانەت پێویستە خۆمان بكەین بە خاوەنی ئەو عادەت و دابونەریتانەیش كە پێچەوانەی ناوەرۆكی دین نین. چونكە ئەمانە بەدرێژایی سەدەكان چەندەها جار لەژێر ڕۆشنایی قورئان و سوننەتدا هەڵسەنگێنراون، كێشانە و پێوانە كراون، تەتەڵە كراون و بەمڕۆ گەیەنراون. ئەگەر لە قورئان و سوننەتیشەوە وەرنەگیرابن، شتانێك لەخۆناگرن كە پێچەوانەی ڕۆحی قورئان و سوننەت بن.





