پێگەی مێژوویی پاڵەوانانی خزمەت

پێگەی مێژوویی پاڵەوانانی خزمەت
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

ئەو ڕۆحە فیداكارانەی كە دڵیان بە خزمەتی ئیمان و قورئان بەخشیوە، لەپێناو بانگەوازە پیرۆزەكەیاندا هەوڵی چڕوپڕ و نائاساییان دا. بەبێ ئەوەی چاوەڕێی شتێكی دونیایی بكەن، خۆیان پەیوەستی هۆكارەكان بكەن و قاچیان لە كێشە و گرفتەكانەوە بئاڵێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا، لە باكوورەوە بەرەو باشوور بە هەموو لایەكی دونیادا كۆچیان كرد. لەو جێگایانەدا كە بۆیان چوون هەموو مەترسییەكیان هاتە ڕێ، ناڕەحەتیی زۆر گەورەیان چەشت، بەڵام دانیان بە خۆدا گرت و خزمەتیان كرد. لەپێناو ڕزگاربوونی مرۆڤایەتیدا تووشی بچووكترین بیرۆكەی جیاكاری و ڕەگەزپەرستی نەبوون، نموونەی ژیانی برایانەیان پیشانی تێكڕای مرۆڤایەتی دا. ئەگەر بڕیار بێت ئەمڕۆ داستانی كەسانێك بنووسرێتەوە و ژیانیان بكرێت بە كتێب، پێویستە لەم كەسانەوە دەست پێبكرێت. وەك چۆن لە صەحابییەكانەوە تا ئێستا ژیانی زاتە گەورەكان نووسراوەتەوە و كتێبەكانی (طبقات) دانراون، پێویستە هاوشێوەی ئەوانە بۆ خۆتەرخانكەران و خزمەتگوزارانی ئەم ڕۆژگارەیش بكرێت. بەتایبەت ئەزموون و ناڕەحەتی و مەحرومییەت و سەختییەكان و ڕێگاكانی چارەسەری و سەركەوتن بەسەریاندا لای ئەو پێشینانەی كە یەكەم جار چوونەتە جێگایەك و ئاگردانەكەیان كردووەتەوە، پێویستە بۆ نەوەكانی داهاتوو بگوزارێنەوە. ئەمانە وەك دەگونجێت بە زمانی چیرۆك و ڕۆمان بنووسرێنەوە، بەهەمان شێوە دەكرێت سوود لە ژانرە ئەدەبییەكانی تر وەربگیرێت و لە ڕێگەیانەوە دەرببڕرێن. ئەگەر ئەمە بكرێت، پێدەچێت ئەدەبییاتێكی فراوان و گەورەی لێ دەربچێت. ئەم كارانە هەم داخوازیی وەفایە بەرانبەر بەوان، هەم شەوقی خزمەتكاران زیاتر دەكات، هەم دەبێت بە نموونەیش بۆ ئەوانەی دوای خۆیان.

جاران بەرنامەی “ئاوێنەی”ی كەناڵی “سامان یۆڵو” خزمەتگوزارانی لە وڵاتە جیاوازەكانی دونیاوە دەهێنایە سەر شاشە و ژیانی ئەوانی تاوتوێ دەكرد. بەڵام هەم لەگەڵ كەسانێكی سنووردار چاوپێكەوتنی دەكرد، هەم زۆر باسی وردەكارییەكان نەدەكرا. تیشك نەدەخرایە سەر سەرگوزەشتەی ژیانیان، فیداکاری و صەمیمییەتیان بەتەواوەتی نەدەگوازرایەوە بۆ سەر شاشە، وەك پێویست لەسەر ئەو ناڕەحەتی و سەختییانە هەڵوێستە نەدەكرا كە لەو وڵاتانە گرفتاری بوون. ئێستا زۆر گرنگە بە سوود وەرگرتن لە ئیمكانییەتەكانی ئەمڕۆ گشت ڕووداو و بەسەرهاتەكان تۆمار بكرێن، بڵاو بكرێنەوە و بگەیەنرێت هەم بە خەڵكی ئەمڕۆ و هەم بە نەوەكانی داهاتوو. خەڵك دەبێت بزانن لەپێناو ئەم بانگەوازە پیرۆزەدا چ ڕەنج و فیداكارییەك كێشراوە. بەسەرهاتەكان دەبێت بەجۆرێك باس بكرێن و پێشكەش بكرێن، بینەر یان خوێنەر تێبگات خزمەتگوزاران لەبەر خاتری ئەم مەفكوورە بەرزە تووشی چ مەحرومییەتێك بوون، چۆن هەوراز و نشێوەكانیان تێپەڕاندووە، چۆن دەیان جار لەم ڕێگایەدا مردوون و زیندوو بوونەتەوە؛ هەتا بتوانن بڵێن: “ئەم كارە ئەوە دەهێنێت هەموو فیداكارییەكی لەپێناودا ئەنجام بدرێت!”

بەجێهێشتنی ماڵ و خاك و وڵاتی خۆ لەپێناو دین و مەفكوورەكەیدا و بەرگە گرتنی هەزار و یەك زەحمەت لە وڵاتانی غەریبیدا لەپێناو ئەوەی كە مەشخەڵێک بۆ بیر و هەستەكانی خۆی دابگیرسێنێت، شتێك نییە بە كەم تەماشا بكرێت. لە سەردەمێكدا كە هەموان بەدوای دونیادا ڕادەكەن، هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن و تەقالای ئاوەدانكردنەوەی دەدەن، ئەگەر كەسانێك شوێن خەتی صەحابییە بەڕێزەكان بكەون و هەوڵی جێ بەجێکردنی خزمەتەكانی ئەوان بدەن، ئەوا ژیاننامەی ئەوان حەتمەن دەبێت لەلایەن پێنووس بەدەستەکانەوە بنووسرێنەوە. ئەگەر ئەم جۆرە كارانە لە كاتی خۆیدا نەكرێن، زۆر شت لەبیر دەچێتەوە. چونكە پاشینەكان خاوەنی هەمان ئیمكانییەت نین. بۆ نموونە، كەسانی وەك ئیبن حەجەر و ئیبن ئەسیر وەك نیشانەی قەدرشناسییان بۆ صەحابەكان، فراوانترین و جوانترین بەرهەمیان دەربارەی ژیانی ئەوان داناوە و ژیانی هەزاران صەحابییان تۆمار كردووە. گەرچی ئەوان مێژوونووسی گەورە بوون، لێكۆڵەری وردەكار بوون و سەرچاوەكانی بەردەستیان بەجوانی بەكارهێناوە، بەڵام چونكە سەدەی حەوتەم و هەشتەم بووە، زۆر شت لەبیرچووە؛ بۆیە زۆر شتیش بەكەموكورتی ماوەتەوە.

تاك و ئەندامە ناوازەكانی ئەم بزووتنەوەیەی كە دەربارەی وتوومانە “نموونەكانی لە خۆیدایەتی”، بۆ ئەوەی كە ڕابەر و ڕێنیشاندەرێك ژیانیان پێشكەش بە نەوەكانی داهاتوو بكرێت، حەتمەن دەبێت ژیانە جوانەكەیان تۆمار بكرێت، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە وەك ئەمانەتێك تەسلیم بە ئاییندە بكرێت.

دەبێت ئەوەش لەبیر نەكرێت، گەر ئەو شتانەی باس دەكرێن جێبەجێ نەكرێن و بە نموونەی جوان پیشان نەدرێن، ئەوا كاریگەریی وتە ئەدەبی و حەماسییەكان كورتخایەن دەبێت. ئەو فاكتەرە بنەڕەتییەی كە هەیەجان دەخرۆشێنێت، شاباڵ بە هیممەت دەدات و شەوقێكی جددی لە ئینساندا دروست دەكات، ئەو نموونە ڕاستەقینەن كە مرۆڤە هاوشێوەكانی خۆیان ئەنجامیان داون. هەزاران سوپاس بۆ خوا كە دڵە خۆتەرنخانكەرەكانی ئەمڕۆ ئەم نموونە جوانانەیان پێشكەش كرد. ئەگەر ئەم ڕووداوانە كار لە دڵەكان بكەن و خەڵك بەرەو خزمەت هان بدەن، كەوایە بۆ داستانی ئەوان نەنووسینەوە؟!

من ماوەیەك بیرم لە نووسینی پەنجا شەست لە ڕیزی یەكەمینەكان دەكردەوە. بەڵام سەرقاڵی و نەبوونی كات دەرفەتی ئەوەی نەدا. دواتر تكای ئەمەم لە هەندێك هاوڕێی دەوروبەرم كرد. سوپاس بۆ خوا كە لەم بارەیەوە هەندێك شت كران و دەكرێن. دەبوو بكرێت. ئێمە لەم بارەیەوە ئەوە ئەنجام دەدەین كە دەكەوێتە سەرشانمان. ئەوانەی دوای خۆمان چی لەمانە دەكەن، چۆن هەڵیان دەسەنگێنن و سوودیان لێ وەردەگرن، نازانین. لەوانەیە ئەوان بەگوێرەی تێگەیشتنی ڕۆژگار و گۆشەنیگای خۆیان دیسانەوە شكڵ و شێوەی تازەی پێبدەن، بە ڕەنگ و نەخشی جیاوازەوە پێشكەشی مرۆڤایەتی بكەن.