چۆن بژین ئاوا دەمرن

چۆن بژین ئاوا دەمرن
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

لەم دونیا فانییەدا مرۆڤیش وەك هەر شتێكی تر ڕاگوزەرە. مرۆڤەكان یەك یەك دێنە دونیاوە، یەك یەكیش لە دونیا دەردەچن. تازە هاتووان بەدوای كۆچكردوواندا دێن، هاتووانیش لەدوای ڕۆیشتنیان گرۆیەكی تر شوێنیان دەگرنەوە. ئەوانەی وا گومان دەبەن كە لێرە دەمێننەوە، لە ساتێكدا كە هەرگیز چاوەڕێی ناكەن بەجۆرێك تلۆر دەبنەوە و دەڕۆن، خەڵكی بەسەرسامییەوە تەماشای ئەم لەناوچوونەیان دەكەن. مادەم كۆتایی ڕێگاكە بۆ هەموو كەسێك ئەمەیە، كەوایە دەبێت هەوڵ بدەین كە ڕۆیشتنەكەمان جوان بێت. جوان ڕۆیشتنیش پێویستی بە جوان ژیانە. ئەوەتا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاگادارمان دەكاتەوە و دەفەرمووێت “چۆن بژین ئاوا دەمرن، چۆنیش بمرن ئاوا حەشر دەكرێن”.[1] ئینسان لە دونیادا لەسەر هەر ڕێیەك بڕوات، لە ئاخیرەتدا دەگات بەو جێیەی كە ئەو ڕێگایە پێی دەگات. ئەم ڕۆیشتنە یان لە شێوەی تلۆربوونەوە یان لە شێوەی فڕیندا دەبێت؛ یان كەوتنە بۆ ناو چاڵێكی بێبن یان هەڵفڕینە بۆ لوتكەكان. چۆن مردبێت لە ئاخیرەتیشدا ئاوا زیندوو دەكرێتەوە. هەممومان لەم دونیایەدا ئیرادەكانمان وەك تەل و تاڵ بەكاردەهێنین و نەخشێك بۆ ئەبەدییەتمان دەچنین. جوانی یان ناشرینیی ئەم نەخشە پەیوەستە بە نییەت و هەڵبژاردن و كردەوەكانی ئێمەوە.

ئەو شتەی كە پێی دەڵێین تەمەن پارچەیەك كورتی كاتە. ئەگەر بە ئیمان و ئیخلاص و كردەوەكانمان نەشونمامان پێنەكردبێت و نەمانكردبێت بە گوڵەگەنمێك كە یەك بە حەوت زیاد دەكات، مانای وایە بێهوودە ژیاوین. ئەم تەمەنە كورتەمان گەر ببێت بە هۆكاری بەدەستهێنانی ژیانی هەمیشەیی بەهایەكی دەبێت؛ دەنا بە كەڵكی چی دێت؟! ئینسان پێویستە تەمەنی كە دڵۆپێكە لەدونیا بگۆڕێت بە دەریایەك، گەردیلەیەك بگۆڕێت بە خۆر. ئەگەر ئیكسیرێك هەبێت كە ژیان بێسنوور بكات ئەوە نییەتە. ئەو نییەت و عەزمەمانە ئەگەر تەنانەت هەزاران ساڵیش بژین، بەنیازین هەر لەسەر بەندایەتی بەردەوام بین. مرۆڤ لەم دونیایەدا مەبەست و نییەت و ویردی سەرزاری هەرچییەك بێت، لە ئاخیرەتیدا بەو پێیە پاداشت دەدرێتەوە. تەماشای بێگەردیی نییەتەكەی و ڕادەی ڕەچاوكردنی ڕەزامەندیی خوایی لەو كەسەدا دەكرێت، نەك عیبادەتە سنووردارەكەی لە تەمەنە كورتەكەیدا.

قازانجی یان زیانی ئەبەدی

كەسێك كە ڕوو لە خوا دەژی، هیچ كاتێك زەرەر ناكات. بەڵا و موسیبەتەكانیش كە وەك زیان دەردەكەون، دەگۆڕێت بە قازانج. دەزانێت كە مەبەست لەم موسیبەتە ڕاگوزەرانە ئاگاداركردنەوەیە، ئەوانە وەك “زلـلەى میهرەبانی” دەبینێت و بەسەبر پێشوازییان لێدەكات. دەزانێت ئەو شتە نەرێنییانەی كە لە سەرەتادا تاڵن، بە ئیكسیری سەبر دەگۆڕێن بە شەكر و شەربەت. باوەڕی بەوە هەیە كە سەبر بۆ ئاخیرەت قازانجی گەورەی هەن. بۆیە لە ساتی یەكەم گورز و شۆكدا لەرزەی پێناكەوێت، ڕوو لەو دەرگایە دەكات كە دەبێت ڕووی لێبكات، چاوەڕێی یارمەتی و عینایەت تەنها لە خوا دەكات. ئەو مەغدورییەت و مەزڵومییەت و مەحكومییەتەی كە بەسەری دێت دەكات بە هۆكارێك بۆ پێشكەوتن و گەشەكردن؛ لە ڕێگەی ئەمانەوە وەك مەل بەرەو لوتكەكان لە شەقەی باڵ دەدات. بەرانبەر بەو ناڕەحەتییانەی كە بەسەری دێن، بەجۆرێك تەسلیمی خوا دەبێت و تەنانەت پێویستی بە دڵدانەوەی كاتیی كەسانی دیكەیش نابێت.

كەسێكی لەم جۆرە پێی لە دونیا ناگیرێت، بەدوای دونیادا ڕاناكات، نایكات بە میحراب. لەوانەیە دونیا بەدوایدا بێت، بەڵام ئەمە زیانێك لەو نادات. ئیماندارێكی لەم جۆرە كە دڵی بە خوا داوە، دەزانێت چۆن دونیاش لە قازانجی عوقبا بەكاربهێنێت. فەرمانی قورئان جێبەجێ دەكات و لە ڕێگەی ئەو نیعمەتانەوە كە خوا پێی بەخشیوە، هەوڵی بەدەستهێنانی خانەی ئاخیرەت دەدات. جوانییەكانی دونیا ناخاتە ناو دڵیەوە. ئەوەی كە لای خواوە بێت، دیسان دەینێریتەوە بۆ لای ئەو. كاتێكیش ئەم كارە دەكات دڵی چزەی لێوە نایەت. وەك حەزرەتی ئەبو بەكر كە هەرچی هەیە و نییە دەیهێنێتە خزمەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یاخود ئەو حەزرەتی عوسمانەی كە پێنج سەد وشتر بەبارەوە لە ڕێگەی خوادا دەبەخشێت. تەنها یەك ترسی هەیە؛ ئەویش ئەوەیە خێر و بەخشینەكەی لای خوا قبووڵ دەكرێت یان نا. بەڵام ئەوانەی كە هێندەی پەرستن وابەستەی دونیان و تێدەكۆشن هەرچییان چاندووە هەر لێرە بیدوورنەوە، بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن خۆیان دەدووررێنەوە.

هەرچی ئەوانەیشە كە وەك قاروون بەدوای سەروەتدا ڕادەكەن یان وەك فیرعەون لافی گەورەیی لێدەدەن، ئەمانە بە هەموو هێزیان باوەشیان بە دونیادا كردووە بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە ڕێگە لە ڕۆیشتنی هێز و ئیمكانییەتەكانی ناودەستیان بگرن. گەرچی چەندان دیكتاتۆری وەك فیرعەون و نەمردوود ماوەیەك هەموو هێز و سەڵتەنەتیان لە دەستی خۆیاندا كۆكردووەتەوە، وەلێ لە كۆتایی ڕێگاكەدا تلێربوونەتەوە بۆ ناو چاڵێك و لەناوچوون. وەك چۆن خۆیان لەم دونیایەدا ماوەدرێژ نەبوون، سیستەمەكەشیان كە بە فشار و ستەم و خۆسەپاندن دایانمەزراندووە گرمە گرم ڕووخاوە. چونكە ئەمانە لەسەر بنچینەی فانی دروست كرابوون، بناغەیەكی پتەویان نەبوو. كاتێك ئەو سیستەمەی بونیاتیان ناوە خاپوور بووە، تەنانەت شوێنكەوتەكانیشیان ڕێزیان لە یادگارییان نەگرتووە، پەیكەرەكانیان ڕووخاندوون، ناویان لە هەموو جێیەكدا سڕیونەتەوە. هەرچەندە عەوداڵی ڕێز و حورمەت بوون، كەچی بوون بە كۆمەڵێك خۆسەپێن كە بە لەعنەت یادیان كراوەتەوە. لەدوای خۆیان وایان لە خەڵك كردووە بڵێن “نە خۆیان ئیسراحەتیان كرد و نە هێشتیان خەڵك ئیسراحەت بكات/ئەولاتر بچن، ئێستا نۆرەی سەبرە بۆ ئەهلی قبوور”. ئەمانە وەك چۆن لە دونیادا ئیسراحەتیان نەكردووە، لە گۆڕ و بەرزەخ و ئەودیویشدا ئارامی بە خۆوە نابینن.

بەڵام پێغەمبەران و شوێنكەوتە باوەڕدارەكانیان بە كارەكانیان و ئەو ئاسەوارانەی كە لەدوای خۆیان جێیان هێشتوون، یادی بەخێریان كراوەتەوە. بەدەم زەردەخەنەوە ژیاون، بەدەم زەردەخەنەیشەوە بەرەو ئەودیوەكان ڕۆیشتوون. لەوانەیە هەر بەدەم زەردەخەنەیشەوە پێشوازییان لە مردن كردبێت. خوا دەزانێت حەزرەتی عەزرائیل و هاوكارەكانی لەسەر شێوەیەكی چەند جوان لەبەر چاوی ئەم كەسانەدا دەربكەون و چ مژدەگەلێكی خۆشیان پێبدەن. چونكە مرۆڤ چۆن بژیێت ئاوایش دەمرێت، چۆن بمرێت ئاوایش حەشر دەكرێت. خوای گەورە سەرفرازمان بكات بە ژیانێكی جوان، مردنێكی جوان، زیندووكرانەوە لەسەر شێوازی مردنمان و لە ئاخیرەتیشدا بە نیعمەتە جوانەكان سەرفرازمان بكات.

ڕێگا بەئەبەدیكردنی ژیانی فانی

دونیا میوانخانەیەكی كاتییە؛ ئێمەیش ڕێبوارە كاتییەكانی ئەوین. وەك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتی، حاڵی ئێمە لەهەمبەر دونیادا لە دۆخی ڕێبوارێك دەچێت كە لە گەشتێكی درێژدا بۆ ماوەیەكی كەم لەژێر درەختێكدا پشوو دەدات. ڕێبوارەكە كەمێك وچان دەدات، پاشان سواری وڵاخەكەی دەبێت و دیسان لە ڕێگەكەی بەردەوام بێت. بەرانبەر بە ئەبەدییەت ژیانێكی شەست حەفتا ساڵی چ نرخێكی هەیە؟ نەك تەنها تەمەنی مرۆڤێك، بگرە تێكڕای تەمەنی هەموو مرۆڤایەتی بەراورد بە ئەبەدییەت تەنها لە حوكمی ساتێكی بەخوڕدایە. ئەگەر دەركی جیاوازیی نێوان ئەم دونیایە و ئەو ئەبەدییەتە بكەین كە كۆچی بۆ دەكەین، ژیانێك دەژین بەگوێرەی ئەمە. دڵمان نادەین بەم میوانخانە كاتییە. بەگوێی فەرمانی قورئان دەكەین، لە ڕێگەی ئەو ئیمكان و نیعمەتانەوە كە خوا پێی بەخشیوین دەكەوینە شوێن خانەی ئاخیرەت، بەهەناسەبڕكێ بەدوایدا ڕادەكەین، هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین. بۆ ئەوەی لەودونیا بەدەم پەشیمانییەوە نەتلێینەوە و بەدەم وتنی “خۆزگە”كانەوە نەناڵێین، ئەوا بەم ژیانەی كە وەك هەورەبرووسكەیەك دەگڕێت و نامێنێت فریو ناخۆین، چاو لە ئاستی ڕووناكیی هەمیشەییدا نانووقێنین، بەرانبەر بە ئاخیرەت كوێر نابین.

بەڵام لەمڕۆدا زۆركەس لە كوێرێتییەكی لەم جۆرەدا دەژین. هەموو خەمیان بووە بە دونیا. هەرچی هەبێت و نەبێت دونیایە. بەجۆرێك بە دونیاوە بەستراونەتەوە كە لەپێناو بەدەستهێنانیدا تەنانەت سڵ لە بەكارهێنانی بەها دینییەكانیش ناكەنەوە. دەڵێیت بۆ هەتاهەتایە لێرە دەمێننەوە، بە زانین و مەبەست ژیانی دونیا بەسەر ئاخیرەتدا هەڵدەبژێرن. كاتێك دەوترێت “بردنەوە و بەدەستهێنان”، وەكو قاروون تەنها بیر لە دونیا دەكەنەوە و ئاخیرەت لەبیر دەكەن. چەندین سەروی ڕەوان، چەندین سوڵتانی گوڵڕوخان، چەندین خەسرەوی خان بوون بە سەوداوی دونیایەوە و لەم دەریایەدا خنكان.

بۆیە بەبێ گوێدان بە خەڵەتانی زۆركەس، ئەو ئیماندارانەی كە دڵیان بە خوا بەخشیوە، دەبێت بەدوای ڕێگاكانی بەجاویدانیكردنی ئەم ژیانە فانییەدا بگەڕێن. پێویستە بەجۆرێك كێڵگەی دونیا بكێڵرێت كە لە ئاخیرەتدا میوە ببەخشێت، چنینەوەكەیشی هەڵبگیرێت بۆ ئەوێ. پێویستە لەم دونیایەدا بەوریاییەوە بزانن بە چ ڕێگایەكدا دەڕۆن، دەبێت داڵانی دونیا تێبپەڕێنن و وەك مەل بەرەو جیهانەكانی مەلەكووت لە شەقەی باڵ بدەن. دەبێت تەمەنی كورت و سەرمایەی كەمیان بەجۆرێك بەكاربهێنن كە نشینگەی هەتاهەتایی پێبكڕن. نابێت گوێ بەو ناڕەحەتییانە بدەن كە لە ڕێگای ئەبەدییەتدا دێنە ڕێیان. ئەگەر كۆتایی ڕێگەكە هاودەمیی ئیلاهی، ڕووتێكردنی ئیلاهی بێت، لوتف و نیعمەتی ئیلاهی بێت، ئەمە شایانی ئەوە نییە كە لێرە بەرگەی هەندێك مەینەتی بگرین؟ كاتێك كەسێك بۆنی سەرسووڕهێنی بەهەشت دەكات و پاشان ئاوڕ لەدوای خۆی دەداتەوە، دەڵێت: “بەرانبەر بەمەی كە بەدەستم هێناوە، ئەو شتانەی كە لە دونیادا بەخشیومن و بەختم كردوون تومەز چەند بچووكن!” سەبارەت بە كەسێك كە دڵۆپی داوە و بە دەریا گەیشتووە و بە گەردیلەیەك بە خۆر گەیشتووە، دەتوانرێت باس لە زیان بكرێت؟

[1]  (علي القاري، مرقات المفاتیح، 1/219؛ السهارنفوري، بذل المجهود، 9/78).