پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە ساڵانی سەرەتای وەحیدا بە خەڵكی دەفەرموو: “بڵێن (لا إلە إلا أللە) ڕزگارتان دەبێت.” لەبەرئەوەی تەنها كەسێك كە خۆی پێغەمبەر بێت دەتوانێت بەڵێنێكی لەم جۆرە سەبارەت بە ڕزگاربوون بدات، ئەوا ئەم ڕستەیە حەقیقەتی (محمد رسول أللە)یش لەخۆدەگرێت. یەكەم پەیامی ئیسلام شایەتومان و تەوحید بووە، پاشان بەهۆی وەحیی بەردەوامەوە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونێكی بەردەوام ڕوویداوە، بە تێپەڕینی كاتیش بەشێوەیەكی پلەبەندانە و بەڕیز فەرمان و قەدەغەكانی دیكەی دین تەبلیغ كراون. لەكۆتاییدا ڕۆژێكی وەهایش هاتووە كە خوای گەورە تەواوبوون و كامڵبوونی دینی ئیسلامی ڕاگەیاندووە.[1]
هاوشێوەی فەرمانە تەشریعییەكان، لە فەرمانە تەكوینییەكانیشدا بەردەوام گەشەكردن و كرانەوە بوونی هەیە. هەر شتێك كە لە سینەی سروشتدا لەدایكدەبێت، گەشەدەكات و بە تێپەڕینی كات بەرەو كەماڵ دەڕوات. دەكرێت بیر لە تۆوێك بكەنەوە كە دەخرێتە ناو خاك و بە لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا دەبێت بە چنارێكی مەزن. ئەم گۆڕان و گەشەكردن و كرانەوە و كامڵبوونەی كە لە فەرمانە تەشریعی و تەكوینییەكاندا دەبینرێت، پێویستە مرۆڤیش هەوڵ بدات كە هاوشێوەكەی لە ژیانی مەعنەوی و ڕۆحیی خۆیدا دووبارە بكاتەوە. چەشنی كەسێك كە ڕاهێنان لەسەر ڕاكردن دەكات، دەبێت ڕۆژانە خێرایی و مەوداكەی زیاتر بكات، ئامانجێكی بەرزتر دابنێت و بەردەوام عەوداڵی كامڵتر بێت. نەك تەنها لە ژیانی كەسیدا، بەڵكو لە ژیانی كۆمەڵایەتیشدا دەبێت هەمان شێواز ڕەچاو بكات. پێویستە تێبكۆشێت كە لە بوارەكانی پەروەردە، ئابووری، كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردندا كۆمەڵگەكەی بەرەو ئاستێكی كامڵتر بەرێت. هەتا ئێستا لە هەموو بوارەكاندا قسەی زۆر گەورە كراون، بەڵام بەداخەوە هەنگاوی كرداریی جددی و گونجاو نەنراون.
لە بابەتە تاكی و كۆمەڵایەتییەكاندا كە پەیوەندییان بە ژیانی دونیا و ئاخیرەتمانەوە هەیە، پێویستە هەركەسێك لە هەر بوارێكدا كار دەكات هەوڵی گەیشتن بە كەماڵ بدات و شوێن ئەم ئامانجە بكەوێت. بۆ نموونە، ئەگەر بابەتەكە ژیاندنی دین بێت، كەواتە كەسەكە دەبێت تەنها چاو لە ڕەزامەندیی خوا ببڕێت، هاوشێوەی ئەو ڕێبواری مەعریفەتەی كە مامۆستا نوورسی لە (آیة الكبری)دا باسی دەكات كە تێربوون نازانێت، لە ڕوانگەی ئیمانەوە هەردەم بەدوای بەرزبوونەوەدا وێڵ بێت. سەبارەت بە كەسێكی لەم جۆرە ناتوانرێت باسی دوایین وێستگە بكرێت. چونكە بۆ ئەو سەفەر هەمیشە بەردەوامە. ئەگەر لە خوایشدا فانی ببێت، بە پلەكانی (بقاء باللە ومع أللە) بگات، بەهۆی ئەو وجودە جاویدانییەی كە خوا پێی بەخشیوە بوونێكی دووەمیش بەدەست بهێنێت، ئەو لەسەر قووڵبوونەوە لە بەندایەتییەكەیدا بەردەوام دەبێت. چونكە ئەگەر سەفەرێك بە ئاڕاستەی ناكۆتاییدا بێت، گەشتەكە خۆیشی ناكۆتا دەبێت.
خوای گەورە مەوجودێكی سنووردار نییە هەتا بانگەشەی ئەوە بكەین كە ئەو دەناسین، دۆزیومانەتەوە و كەشفمان كردووە و ئیتر بڵێین لەدوای ئەوە هیچی تر نییە. بەڵكو ناوە جوانەكان، سیفەتە سوبحانییەكان و شەئنە زاتییەكانی ئەو پلەیان هەیە. ئینسان بە هەستكردن پێیان و چەشتنیان و هەرسكردنیان، بە ڕووی ئاسۆی تازەتردا دەكرێتەوە. لەدوای ئاستێكی دیاریكراو دەست دەكات بەوەی كە وەك مەلائیكەتە بەڕێزەكان، بگرە وەك پێغەمبەرە مەزنەكان، تەنانەت -لە ڕوانگەی شوێنكەوتەییەوە- وەك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بوون دەبینێت، دەیبیستێت و هەستی پێدەكات. وەك لە ئایەتی ﴿مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَى * لقَدْ رَأَى مِنْ آيَاتِ رَبِّهِ الْكُبْرَى﴾ (سورة النَّجْمِ: 53/17-18) دا ئاماژەی بۆ كراوە چاو ناخزێت، سنووری خۆی نابەزێنێت، هەموو شتێك وەك خۆی و گونجاو لەگەڵ (ماهیة النفس الأمریة)دا دەبینێت و دەیزانێت. بە خاڵێكی وەها دەگات شتان و ئەودیوی شتان پێكەوە موشاهەدە دەكات، پەی دەبات بە حەقیقەتی بوون. ئەگەر سەفەری ژیانی دڵ و ڕۆح هەتا ئەم خاڵە درێژ ببێتەوە، گرنگ ئەوەیە ئینسان بەبێ تێربوون بەردەوام لەم گەشتەی بەردەوام بێت.
خوای گەورە بە فەرماییشتی ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلَامَ دِينًا﴾ (سورة الْمَائِدَةِ: 5/3) دینی ئێمەی گەیاندووە بە كەماڵ. هیچ كەموكورتییەكی نییە. ئەم نیزامە ئیلاهییەی وەك حەوزێكی زانست بە ئەمانەت ناوەتە بەردەمی ئێمە بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرین. ئەركی ئێمەیش ئەوەیە بەجوانترین شێوە كەڵكی لێوەربگرین، ئەم تەواوی و كامڵییەی ناو ئەو بگوازینەوە بۆ ناو ژیانی خۆیشمان و بەم جۆرە دونیا و عوقبامان ئاوەدان بكەینەوە. چونكە وەك ئایەتەكە فەرموویەتی، ڕەزامەندیی خوایە پەیوەستی ئەمەیە. ئەم دینەی كە لەسەر ئاستی نەزەری كامڵ و تەواوە، دەبێت تێبكۆشین كە جوانییەكانی لە بواری كرداریشدا ڕەنگ بدەنەوە هەتا مژدەی كۆتایی ئایەتەكەمان بەنسیب ببێت.
بەهەمان شێوە، ئیماندار دەبێت لە بواری زانستیشدا چاو لە لوتكەكان ببڕێت، هاوڕێ لەگەڵ عەشقی حەقیقەت و لێكۆڵینەوەدا كونج بە كونجی بوون بگەڕێت، بە چنینی تانوپۆ لەنێوان گەردوون و خوای گەورەدا لە مەعریفەتدا قووڵ ببێتەوە. پێویستە عەشقی حەقیقەت، عەشقی زانست ببزوێنێت، ئەمەش هانی بدات بۆ لێكۆڵینەوە، دەرەنجام مرۆڤ هاوڕێ لەگەڵ ئیشتیهایەكدا كە تێربوون نازانێت شتان و ڕووداوەكان شیبكاتەوە. دەتوانین بڵێین كە ڕۆژئاواییەكان لەم بوارەدا مەودایەكی گەورەیان بڕیوە. بەڵام لەبەرئەوەی ئەوانیش نەیانتوانیوە پەیوەندیی لەنێوان بوون و خوادا بسازێنن، لەكۆتاییدا لەناو ناتورالیزم یان ماتەریالیزمدا چەقیون. نەیانتوانیوە بپەڕنەوە بۆ ئەودیو شتانی بینراو، نفوزیان نەكردووەتەوە ناو ئەودیو پەردەی شتانەوە، بە ڕووی تێبینییە مێتافیزیكییەكاندا نەكراونەتەوە، بە حەقیقەتی حەقیقەتەكان نەگەیشتوون. هەوڵیان داوە لە ڕوانگەیەكی سروشتی و ماددییەوە ڕاڤەی هەموو شتێك بكەن، لەو شتانەیشدا كە نەیانتوانیوە لە ڕێگەی ئەزموونگەرییەوە ڕوونی بكەنەوە ڕاڤەی بۆ بهێنن، ڕێگای نكووڵییان گرتووتە بەر. بۆ نموونە، لە موتاڵای داروینیستەكاندا بەڕوونی ئەمە دەبینرێت.
لەو خاڵانەدا كە ماددییەكان دەچەقێن، سەبارەت بە ئیمانداران چەندین ڕوونكردنەوەی مەعقول هەن. ئەوان لەم ڕێگایانەدا دەبێت هەوڵی چارەسەركردنی چەندین گرێكوێرە بدەن كە تا ئێستا چارە نەكراون. دەبێت بگەنەوە بە ئاستی ئەمڕۆی ڕۆژئاواییەكان لە زانستە ئەزموونییەكاندا، هەروەها لەم جێگایەوە كارەكە بەرەو پێشتریش ببەن. هەرچەندە هەتا ئەمڕۆ لە زانستەكاندا حەقیقەتی گرنگ كەشف كراون، وەلێ چەندەها شتیش فەرامۆش كراوە. ئەم فەرامۆشییانە وایان لە لێكۆڵەران كردووە بەهەڵە ڕاڤە بۆ شتان و ڕووداوەكان بكەن. بۆیە زانایانی باوەڕدار كە لێوانلێون لە عەشقی حەقیقەت، دەبێت چاو بەو خەرمان و زانیارییەدا بخشێننەوە كە تا ئێستا خراونەتە گۆڕێ، پاشان بەگوێرەی گونجاو لەگەڵ بنەماكانی بیر و بۆچوونی خۆمان ڕاڤە و ڕوون كردنەوە پەرەپێبدەن. نازانم ئاخۆ ئەمە بە بەئیسلامیكردنی زانست -وەك فارووقی دەڵێت- یان هەر ڕێگایەكی تر دەیكەن.
ئەگەر هەموو ئەم شتانە نەكرێن و لە زانستدا نەگەین بە خاڵە پێویستەكان، ناتوانین لە دژیەكی و دووانەیی ڕزگارمان ببێت. لەلایەك دان بە بوونی خوادا دەنێین، دەڵێین كە هەموو بوون بریتییە لە درەوشانەوەی ناو و سیفەت و شەئنە زاتییەكانی خوا، بەڵام لەلایەكی دیكەوە ناتوانین ئەمە لەگەڵ تێگەیشتنی ئەمڕۆدا بۆ زانست بگونجێنین و یەكیان بخەین. لەنێوان ئەو زانیارییانەی كە وەك زانست لە زیهنماندان و بنەماكانی باوەڕماندا ناتوانێت یەكێتییەك دروست بكەین و پێشكەشی خەڵكی بكەین. ئەگەر هەوڵیش بدەین پینەی هەندێك فیكر و تێگەیشتنی باوی ئەمڕۆ بدەین و بەمەش بمانەوێت خۆمان و دۆخەكە ڕزگاربكەین، بەڵام گوفتار و دەربڕینەكانمان ناتوانن لە كۆمەڵێك كەموكورتی و كون و بۆشایی ڕزگاریان ببێت. بۆیە ناتوانین دڵنیایی و قەناعەت بە دوێنراوەكانمان ببەخشین.
چارەسەری ئەمەیش هاوشێوەی ژیانی بەندایەتیمان، ئەوەیە كە لە ژیانی زانستیشماندا شوێن تەواوی بكەوین، عەوداڵی كامڵبوون بین، لە بناغەوە بابەتەكان هەڵبسەنگێنین و بەبێ تێربوون لەسەر لێكۆڵینەوە بەردەوام بین. ئەگەر ئەم گەردوونەی چواردەورمان کە كتێبێكی گەورەیە بە پەیام و ئەمانەتێكی خوا بۆ ئێمە ببینین، ئەوا دەبێت چاو بە هەموو دێڕ و ڕستە و پەرەگرافێكیدا بگێڕین، بەدیقەتەوە بیخوێنینەوە و ماناكانی ژێرەوەی دەربهێنین.
لەلایەكی دیكەوە، پێویستە لە بەرزكردنەوەی ئەو میللەتەی كە تێیداین و ئەو نیشتمانەی كە تێیدا دەژین، هیچ سنوورێك نەناسین. دەبێت ئیكتیفا بە توانا و ئیمكانییەت و سیستەمی ئەمڕۆمان نەكەین و هەمیشە بەدوای چاكتر و جوانتردا بگەڕێین. نابێت هەرگیز توانای داهێنانمان لەدەست بدەین، دەبێت هەمیشە لەسەر ڕێگای دۆزینەوە، بەرهەم هێنان و كەشف كردنی شتێك بین. دەبێت ئەو بناغە و دینەمۆیانە بدۆزینەوە كە بەپێوە ڕاگیرمان دەكەن و بەرەو پێشەوە پاڵمان دەنێن؛ وە دەبێت هەردەم وێڵی دوای خزمەتكردنی میللەت و نیشتمان و مرۆڤایەتییەوە بین. دەبێت تەنها بۆ ئەمڕۆ پلان و پڕۆژە نەكێشین، بەڵكو پێویستە حسابی نیو سەدە و بگرە سەدەیەك دواتریش بكەین. دەنا خەڵكی تر پێشتان دەدەنەوە و ئەوكات بەسەریشتاندا زاڵ دەبن و دەتانشێلن. بەدیعوززەمان بەم پرسیارە جەخت لە ناماقووڵیی ئەمە دەكاتەوە: “بۆچی دونیا بۆ هەموان شوێنی پێشكەوتن بێت و تەنها بۆ ئێمە جێگای دواكەوتن بێت؟” بۆیە لە بابەتی دۆزینەوەی ڕێگاكان و هۆكارەكانی پێشكەوتنیشدا دەبێت عەوداڵی كامڵی بین.
جگە لەمە، ئیماندار دەبێت لە وەزیفەی “بەرزكردنەوەی ناوی خوا”یشدا (إعلاء كلمة أللە) -كە بەدیعوززەمان دەفەرمووێت فەرزێكە لەسەروو فەرزەكانەوە- مافی ئیرادەكەی بدات و هەموو ماتەوزەكانی خۆی هەتا دوایین سنوور بەكاربهێنێت. لەم بابەتەدا هەمیشە دەبێت ستراتیژی نوێ بەرهەم بهێنێت، حسابی ئەوە بكات كە چۆن بە ڕووی شوێن و جوگرافیا نوێیەكاندا بكرێتەوە، بیریش لەوە بكاتەوە چۆن لەو جێگایانەدا كە بۆی دەچێت بمێنێتەوە. پێویستە هیممەتی بەجۆرێك بەرز بێت تاكە كەسێك كە دەست و دەنگی پێی نەگات لەسەر ئەم دونیایە نەمێنێت. تەنانەت دەبێت بەدوای ڕێگاكانی گەیاندنی پەیام بە دەرەوەی جیهانی مرۆڤایەتیشدا -وەك جیننی و عیفرەتەكان- بگەڕێت. بێگومان مەبەستی ئێمە ئەوە نییە شوناس و ناسنامەی خەڵك بسڕینەوە و وەك خۆمانیان لێبكەین، یان هێز و دەسەڵاتی خۆمانیان بەسەردا بسەپێنین. بەهەمان شێوە، تەسك كردنەوەی بابەتەكەش بە كۆمەڵێك تێبینیی نەتەوەیی و ڕەگەزی، كارێكی دروست نییە. كارەكە ئەوەیە لە خاڵە هاوبەشەكاندا لەگەڵ خەڵكیدا كۆببینەوە، ببینە وتەبێژی بەها مرۆییە گەردوونییەكان، ڕێگای یەكێتی و یەكڕیزی بدۆزینەوە، تێبكۆشین كە ئاشتی و سەلامەتی لە دونیادا باڵادەست بێت.
مرۆڤ لە هەر بوار و لقێكی ژیاندا بێت، چ هونەر یان وەرزش یاخود ئیدارە بێت، نابێت هەستی تێربوونی هەبێت، نابێت بە پاڵنەری نزمبوونی هیممەت بەوەی كە هەیە ئیكتیفا بكات؛ هەتا كارەكان لە ئاستی ئێستایاندا نەمێننەوە. هەموان پێویستە لە ئاستی خۆیاندا عەزم و هەوڵێكی تەڕ و تازەیان هەبێت بەدوای كرانەوە و كەشفی تازەوە بن. نابێت گوێ بەو بەربەستانە بدەین كە دێنە ڕێمان، پێویستە پشت بە یارمەتیی خوایی ببەستین، دەبێت باوەڕمان وابێت ئەگەر یارمەتیی خوامان لەگەڵ بێت دەتوانین هەموو لەمپەڕەكان تێبپەڕێنین. مادەم خوای گەورە مرۆڤی وەك بەرزترین بوونەوەر دروست كردووە، ئەویش دەبێت چاو لە باڵاترین ئامانجەكان ببڕێت. لەسەر ڕێگایەك بێت، دەبێت ئامانجەكەی بەرز بێت و بەردەوام بڵندییەكان بكاتە مەبەست.
[1] ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلَامَ دِينًا﴾ (سورة الْمَائِدَةِ: 5/3).





