دەرد زۆرە و دەرمانیش زۆرە

دەرد زۆرە و دەرمانیش زۆرە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

كێشەی بنەڕەتیی موسوڵمانان ئەوەیە هەرچەندە وا دەردەكەون كە خوایان دۆزیبێتەوە، بەڵام دوور لەو دەژین. گەرچی ناوی ئەو ویردی سەر زارانە، بەڵام دڵەكان تا ئەندازەیەكی زۆر لە ئاستی ئەودا كوێر، كەڕ و لاڵن. ئەو شتانەی كە دەزانرێن و دەخوێنرێنەوە ناگۆڕێن بە مەعریفەتی خوایی، تاجی خۆشەویستی نانرێتە سەر مەعریفەت، لەمەیشەوە عەشق و شەوق دروست نابێت. هەرچەندە ئیددیعای گەورە دەربارەی دین و باوەڕ دەخرێتە ڕوو، لە ڕێگەی چوون بەرەو ئەودا تەنها گاگۆڵكێ هەیە. لای زۆربەی خەڵك -بەدەر لە كەمینەیەك- شەوان بەقووڵی زیندوو ناكرێنەوە. ئیتر ئەم ڕۆژگارە لە دەستی شەوانی تاریك و بێ هەیەجاندا پەرێشانە. دڵەكان بێدەنگ و لەتیفە ڕەببانییەكانیش مردوون. بەگوێرەی ئەم تابلۆیە، دەتوانین بڵێین لە ڕوانگەی دیندارییەوە، لە بابەتی گەیشتن بە ئامانجەكەماندا تووشی زەحمەت و ناڕەحەتی بووین.

لەبەرئەوەیش كە لەتیفەی ڕەببانی بێدەنگ بوو، شعور و هەستەكان ئیفلیج بوون و عەشق و هەیەجان كوژاوەتەوە، ئیتر گۆڕەپان بۆ دوو لێو و زمان چۆڵ بووە؛ ئەمانیش بە دڵی خۆیان هەموو جۆرە بێماناییەك دەڵێن و دەربارەی هەموو شتێك قسە دەكەن. زمان كە كۆنتڕۆڵی گرتووە بە دەستەوە درۆ دەكات، تەزویرات دەكات، بوختان بۆ ئەم و ئەو دەكات، شتی ناڕاست هەڵدەبەستێت، سەرقاڵی لەهو و لەعب دەبێت، وێنەی جوانی باطل دەكێشێت، شتانێكی فزووڵیی وەها دەڵێت كە سوودیان بۆ هیچ كەسێك نییە. ئەو زیهن و فیكر و بیرانەی كە پەیوەندییان لەگەڵ دڵدا بچڕاوە پیس دەبن؛ دەرەنجام ئەو گوفتار و نووسینانەیش كە لەوانە سەرچاوە دەگرن چڵك و پیسی بە چواردەوردا بڵاودەكەنەوە. ئەگەر دەتانەوێت چاوێك بە میدیای نووسراو و بینراوی ئەمڕۆدا بخشێنن، سەیری ئەو هەواڵانە بكەن كە بڵاودەكرێنەوە، ئەو وتارانەی بخوێننەوە كە دەنووسرێن، ئەوكات باشتر لە مەبەستم تێدەگەن.

وا مەزانن باسی كەسانێك دەكەم كە پەیوەندییان بە دین و ئیمانەوە نییە. باسی كەسانێك دەكەم كە دەڵێن موسوڵمانین، لە ڕۆژێكدا پێنج جار دەچنە مزگەوت بۆ ئەوەی لەبەرانبەر خوادا عەرزی عبودییەتی خۆیان بكەن، لەبەرانبەر ئەودا بەلارەملی ڕادەوەستن و سەریان دەنێنە سوجدە. بەداخەوە چونكە ویژدانەكان مردوون، دڵەكان ڕەق بوون و دەروونەكانیش وشك بوون، كەسانێكی زۆر بە ڕووی چەنەبازیدا كراوەن، هەموو ماتەوزەی ناو زمانیان بە ئاڕاستەی نەرێنیدا بەكاردەهێنن. ئینسان كاتێك ئەمانە دەبینێت حەز دەكات بڵێت “هەی زمانتان وشك بێت.” چونكە ئەو زمانانەی كە لەبریی دەربڕینی حەق و حەقیقەت وتەبێژیی بۆ باطل دەكەن، مانای وایە شایانی وشكبوونن. ئەم جۆرە موسوڵمانانە شتێكی وایان پێ نییە بە ناوی موسوڵمانێتییەوە بە خەڵكانی تری بدەن.

هەتا ئەمڕۆ هەردەم بە ئومێدەوە ژیاوین. چاوەڕێی ئەوە بووین دڵانی فیداكار كە خۆیان بۆ خزمەتی ئیمان و قورئان تەرخان كردووە ئەم گرفتە چارەسەر بكەن، بیر و هەستی ئایینی زیندوو بكەنەوە و بیهێننەوە ناو ژیان. هیوادار بووین لە جێیەكدا پێكهاتنێكی نموونەیی دروست ببێت، ئەگەر ئەم پێكهاتەیە شوناس و ڕەنگ و شێوەیەكی تایبەت بە خۆی دەست بكەوێت، لەوانەیە دەنگ و نەفەسەكەی كەسانی دیكەیش ڕابكێشێت. خوای گەورە لەم بارەیەوە نائومێدمان نەكات و لە گومانی باشماندا بەهەڵەماندا نەبات.

ئەوەندە هەیە هەندێك لە ستەمكار و خۆسەپێن و ستەمكار و موفسید لەم كەشوهەوا ئەرێنییەی كە ئەم مشتە مرۆڤە دروستیان كردووە بێزاربوون و ویستیان كاولی بكەن. ئازادیی ئەوانەیان پێشێل كرد كە بە هاوبیر و هاوپەیمانی خۆیان نایانبینن. ئەوانیان لە بنەڕەتیترین مافەكانی مرۆڤ بێبەش كرد. بە ماڵ و منداڵ و هاوسەرەكانیان تاقییان كردنەوە. كەسانێك كە خاوەنی پێگە و پایەی بەرز بوون، بە ڕاست و چەپدا تەرایان كردن. هەموو هێزی خۆیان خستەگەڕ بۆ ڕووخاندنی ئەو خزمەتە خێرانەی كە نیوە سەدەیەك بوو خرابووە گۆڕێ. ڕووخاندنیان كرد بە دروشم. ژیانی خۆیان بەستەوە بە بیرۆكەیەكی شەیتانییەوە كە بریتییە لە لەناوبردنی كەسانی تر و قرتاندنی ڕەگ و ڕیشەیان.

سوپاس بۆ خوا، هەرچەندە چەندین ساڵە هەندێك لایەن كە لەسەر دوژمنایەتی قوڕمیش بوون هەموو هۆكارەكانی كاولكارییان بەكارهێناوە، خوا نەیگەیاندن بە مەبەستە شوومەكەیان. ئومێدمان وایە چەشنی ڕابردوو ستەمكارەكانی ئەمڕۆیش پارووەكە لە گەروویاندا گیر ببێت و بە ئامانجەكەیان نەگەن. ئیشەڵا هەر وایش دەبێت. چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو مەشخەڵە بكوژێنێتەوە كە خوا دایگیرساندووە.

ئێمە كاتێك لە ڕوانگەی خۆمانەوە تەماشای بابەتەكە دەكەین، ئەو زوڵمانەی كە لێمان دەكرێن بە “زلـلەی میهرەبانی” دەبینین و ئەمەش دەبەستینەوە بەوەی كە نەمانتوانیوە بەتەواوەتی مافی ئەو پێگە و دۆخەمان بدەین كە خوای گەورە تا ئێستا پێی داوین. یاخود لەكاتێكدا كە دەبوو لە ئاستی ئەوەدا كە تا ئەمڕۆ خواوەند لوتفەكانی خۆی بەلێزمە بەسەردا باراندووین شوكرانەبژێرێكی چالاك بین، ئەم نیعمەتانە دەرببڕین و باسیان بكەین و “ئەو” بە سەرچاوەی هەموو ئەم نیعمەت و جوانییانە ببینین، وا بیر دەكەینەوە كە لەم بابەتەدا پێمان خزاوە و تووشی غەفڵەت بووین. یاخود مەسەلەكە دەبەستیتەوە بە ماندووبوونی ڕێگا، سەرخۆشبوون بە سەركەوتن و ژەهراویبوون بە بردنەوە. بۆیە لەهەمبەر هەموو ئەم ناڕەحەتییانەوە كە گرفتاریان بووین موحاسەبەی خۆمان دەكەین، لە ڕوانگەی خۆمانەوە وەك ئاگاداركردنەوە دەیانبینین، وا بیر دەكەینەوە كە خوای گەورە لەم ڕێگایەوە پەروەردەمان دەكات، تێدەكۆشین كە پەند و عیبرەت لە ڕووداوەكانەوە وەربگرین. ئەو بەڵا و موسیبەتانەی كە بەسەرمان دێن بە لوتفی جەبری دەبینین و بەو جۆرە مامەڵە دەكەین.

شاعیر فوزوڵی دەبارەی ئەم جۆرە حاڵانە دەڵێت:

دۆست بێوەفا، فەلەك بێڕەحم، دەوران بێسكون

دەرد زۆر، هاودەرد كەم، دوژمن بەتین و بەخت زەبوون

من كۆتا دێڕ دەگۆڕم و دەڵێم: “گەر دوژمن بەهێزیش بێت، بەخت زەبوون و لاواز نییە.” وەك داخوازییەكی بەخت و چارەنووسمان، باوەڕمان وایە كە لە دیوی پشتەوەی هەموو شتێكدا خوا هەیە. ئەگەر -گەر ئەم دەربڕینە گونجاو بێت- ئەوە “ئەو” زلـلەمان لێدەدات، گوێمان ڕادەكێشێت و ئاگادارمان دەكاتەوە، مانای وایە موڕادی وەهایە بەرەو شتێكی چاك و جوان ئاڕاستەمان بكات. هەموو شتێك كاتێكی دیاریكراوی خۆی هەیە. ئەگەر كاتی خۆی هات، خوای گەورە لوتفی واتان لەگەڵ دەنوێنێت، وەها دڵتان خۆش دەكات، كرانەوەیەكی وا بە سینەتان دەدات كە دەڵێن “تومەز ئەو چلەیەی كە كێشامان بۆ ئەمە بوو. خوا ماوەیەك گریاندنی، بەڵام لەكۆتاییدا مەبەست بەم پێكەنینە بوو. ئەم مەزهەرییەتە ئەو هەموو ڕەنج و ئازارەی دەهێنا.” ئەو خوایەی كە ئێوە بەم جۆرە دەهێنێتە گۆ، دەست و باڵ و قۆڵی ئەو ستەمكارانەش دەشكێنێت كە ستەمێك نەماوەتەوە بەرانبەر بە ئێوە نەیكەن.

نابێت ئەوەیش لەبیر بكرێت كە ئێمە بۆ جیهانێكی دیكە بەدی هێنراوین. لە ڕێگەی ئەو شتانەوەی كە ئەزموونیان دەكەین چۆنێتییەكی گونجاو بۆ ئاخیرەت بەكاردەهێنین. كردار و ڕەفتارەكانی مرۆڤ لەم دونیایەدا، شكڵ و شێوەی ئەو لە ئاخیرەتدا دیاری دەكەن. خوای گەورە عاقیبەتی ئەودونیامان بەگوێرەی ئەو وێنەیە شێوە پێدەدات كە لێرە كێشاومانە. هەموو كارێكی ئەم دونیایە لە ئاخیرەتدا ڕەنگ دەداتەوە، حاڵ و باری ئێمە لەوێ دەستنیشان دەكات. واتە لە ڕوویەكەوە بە هەڵوێستمان لەبەرانبەر ئەو بەڵا و موسیبەتانەوە كە گرفتاریان دەبین، هەروەها بە عیبادەتەكانی وەك نوێژ و ڕۆژوو و حەج، بڕیار لەسەر چۆنێتیی ژیانی ئاخیرەتمان دەدەین. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت بە چاوی ڕاهێنانێك بۆ هەموو كارەكانی ئەم دونیایە بڕوانرێت. بەم پێیە هەندێك دەبنە شایانی بەهەشت و بەرەو ئەوێ دەفڕن، هەندێك لە ئەعرافدا دەمێننەوە، هەندێكیش بەرەو دۆزەخ تلێر دەبنەوە.

بۆیە ئیمانداری باوەڕدار بەبێ گوێدان بە زەحمەت و ئازارەكانی جیهانی فانی، دەبێت بەگوێرەی ئاخیرەت خۆی ئامادە بكات، تێبكۆشێت كە بە هەموو بوونی ئینسانێكی ئاخیرەتی بێت، بەردەوام و بێبچڕان لەسەر ڕێگای خوا هەوڵ بدات. لە ڕۆژگارێكدا كە ستەم لەسەر ستەم دەكرێت، زوڵمەكان زوڵمی تریان لێوە پەیدا دەبێت، چەندەها كەس غەدر و ستەمیان لێدەكرێت، نامووس و شەرەف پایەماڵ دەكرێت، دەبێت بە ناوی هەموو برا و خوشكەكانمانەوە كە ستەمیان لێدەكرێت، بەدەم دڵ لەرزینەوە سەر بخەینە سوجدە، فرمێسكەكانمان بكەین بە جەیحون و لە خوا بپاڕێینەوە. دەبێت بەجۆرێك لە خوا بلاڵێینەوە كە هەست بە هەموو ئەو مەحكومییەت و مەزڵومییەت و مەحرومییەتە بكەین كە بەسەر ئوممەتی موحەممەددا (صلى الله علیە وسلم) هاتوون. كاتێك ئێمە بە دڵۆپە فرمێسكێك ڕوو لە “ئەو” دەكەین، ئەو بە دەریا وەڵاممان دەداتەوە. بەرانبەر بە كردەوەیەكی ئێمە كە هێندەی گەردیلەیەك دەبێت، بە خۆر وەڵاممان دەداتەوە. گەرچی ئەو كردارانەی كە ئێمە پێشكەش بە خوایان دەكەین هێندەی بچووكیی خۆمانن، بەڵام پاداشت و وەڵامی ئەم كردەوانە بەگوێرەی گەورەیی ئەو دەبن.