چرایەك مەولا هەڵی بكات، بە فوو ناكوژێتەوە

چرایەك مەولا هەڵی بكات، بە فوو ناكوژێتەوە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

كێ حەددی ئەوەی هەیە نووری هیدایەتێك كە خوا بوونی پێداوە بكوژێنێتەوە؟ مێژوو لێوانلێوە لە دیمەنی لەناوچوون و خنكانی ئەوانەی كە ویستوویانە ئەو نوورە بكوژێننەوە. قورئان دەربارەی ئەوانەی كە سەرەڕای تەن و قەبارەی بچووكیان تاوانی گەورە گەورەیان ئەنجام داوە، چەند ڕەوانبێژانە دەفەرمووێت: ﴿يُرِيدُونَ أَنْ يُطْفِئُوا نُورَ اللهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَيَأْبَى اللهُ إِلَّا أَنْ يُتِمَّ نُورَهُ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ﴾ (سورة التَّوْبَةِ: 9/32).

هەوڵی ئەهلی ئینكار و عیصیان بۆ كوژاندنەوەی نووری ئیلاهی و نەزۆك كردنی، لە ئایەتەكەدا بە كرداری (یریدون) گوزارشتی لێكراوە. ئەم كردارە لەبەرئەوەی لەسەر ڕێژەی ڕانەبردووە، ئاماژە بۆ ئێستا و داهاتوویش دەكات. واتە بەدرێژایی مێژوو كەسانێك كە لە نووری وەحی بێزار بوون و ویستوویانە ڕێگەی لێبگرن، هەمیشە هەبوون، ئێستا هەن و لە داهاتوویشدا هەر دەبن. ئەم ڕۆحە تاریكانەی كە دوژمنی ڕووناكین، چونكە نایانەوێت نووری ئیلاهی چواردەور ڕۆشن بكاتەوە، دەبنە ڕێگر لەبەردەم خزمەتگوزاراندا، تێدەكۆشن خزمەتەكانیان بێبەرهەم بێت، هەوڵ دەدەن دەرگای ئەو دامەزراوانە دابخەن كە ئەوان بۆ خزمەت كردن كردوویاننەتەوە. پاشقول لەو ڕۆحە خۆتەرخانكەر و فیداییانە دەگرن كە بەرەو داگیرساندنی مۆمی كەسانی تر ڕادەكەن، تێدەكۆشن لە ڕێگاكەیان دووریان بخەنەوە و تەنانەت لەناویشیان ببەن.

ئەوان بەجۆرێك لەسەر خراپە قورمیش بوون كە پەلاماری كەسانی بێتاوان دەدەن، چێژ لەو ستەمە وەردەگرن كە لێیان دەكەن، لە هێرشەكانیان چەند كەس بدەن بە زەویدا هەر لە خراپە تێر ناخۆن، هەتا ئەو كاتەیش كە كەس بەپێوە نامێنێتەوە لەسەر توغیانەكەیان بەردەوام دەبن. ئەم فاسیدانەی كە وانەیان لە شەیتان وەرگرتووە، لە ڕێگەی فێڵ و تەڵە جۆراوجۆرەكانەوە هەر خراپەیەك لە دەستیان بێت دەیكەن بۆ كوژاندنەوەی ڕووناكییەكان. ئەگەر شەو خراپەیەك بە خەیاڵیاندا بێت چاوەڕێی بەیانی ناكەن، ئەگەر بە ڕۆژدا فیتنەیەك بە خەیاڵیاندا بێت ناهڵێن شەوی بەسەردا تێبپەڕێت و یەكسەر جێبەجێی دەكەن.

گەر ئەوان تەنانەت هەموو هێز و تواناشیان بەكاربهێنن بەبێ وچان بەكاربهێنن بۆ كوژاندنەوەی نووری خوا، دیسانیش هەرگیز بەتەواووەتی بە ئامانجی خۆیان ناگەن. چونكە “چرایەك مەولا هەڵی بكات، بە فوو ناكوژێتەوە.” ئەوەتا لە پاشماوەی ئایەتەكەدا دەفەرمووێت ﴿وَيَأْبَى اللهُ إِلَّا أَنْ يُتِمَّ نُورَهُ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ﴾ و ڕایدەگەیەنێت كە خوای گەورە تێكڕای هەوڵەكانی ئەوان پووچەڵ دەكاتەوە. دەتوانرێت مانایەكی ئاماژەیی لەم جۆرە لە ئایەتەكەوە دەربهێنرێت: “داماوانە! بێهوودە خۆتان ماندوو دەكەن و هەوڵتان بەفیڕۆ دەڕوات! چونكە ئیرادەی سوبحانی و مەشیئەتی قودسیی خوا بە ئاڕاستەی تەواوكردنی نوورەكە تەجەللی دەكات. فێڵ و داوی ئەوانە بەتاڵ دەكاتەوە كە دەیانەوێت بیكوژێننەوە، پلانەكان سەرووژێر دەكات و سنووریان بۆ دیاری دەكات و تەمێیان دەكات.” هەتا ئەمڕۆیش هەر وابووە. سپڵەكان چەندەیش هەوڵیان دابێت، خوای گەورە پەتی داوەكەی كردووەتەوە ملی خۆیان و هەموو جارێكیش نووری خۆی تەواو كردووە.

ئەو ڕۆحە تاریكانەی كە لە چەرخی بەختەوەریدا لەو ڕۆشناییە بێزار بوون كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەڵی كردبوو، لەپێناو كوژاندنەوەیدا هەموو هێزی خۆیان خستە گەڕ. ئەوەندە هەیە فەخری كائینات (صلى الله عليه وسلم) كە عاشقی وەزیفەكەی بوو، پێی لە لەمپەڕەكان نەگیرا، چێژ و لەزەتە دونیاییەكانی خستە ژێر قاچی، شەوی خستە سەر ڕۆژ و بەردەوام بوو لە بڵاوكردنەوەی ئەو نوورە ئیلاهییە. ئەنجام چی بوو. وەك “عاكیف”ی شاعیر دەڵێت “هەژار و لاواز كە تاكە مافی شێلران بوو، هەستایەوە/زوڵم كە زەواڵ بە خەیاڵیشیدا نەدەهات، تۆپی.” واتە ئەوانەی كە هەموو جۆرە ئەزێتێكیان بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕەوا بینی، یەك یەك ڕمان و ئەمڕۆ كەس ناویان نابات. بەڵام ئەو نوورەی كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەخشانی كردووە و نەخشی ئەو چنراوی عیرفانەی كە ئەو خستوویەتییە گۆڕێ هێشتا لەبەر چاوماندا دەدرەوشێتەوە. بە قسەی كەفەرە و فەجەرەی ئەو ڕۆژگارە هیچ شتێك تەواو نەبوو؛ گەرچی خۆر و مانگ بەشێوەیەكی كاتی تووشی گیران بوون بەڵام ئاوا نەبوون؛ لە كاتی خۆیدا دەركەوتنەوە و لەسەر تەشەنەكردنی نووری خۆیان بەردەوام بوون. بە ئیزن و عینایەتی خوا، هەتا قیامەتیش بەردەوام دەبێت.

ئەگەر تەمەن باقی بێت دەیبینن: ئەو گیرانە كاتییەی ئەمڕۆیش تەواو دەبێت، مانگی تابان دیسان هەڵدێتەوە؛ بگرە بە خەرمانەكەی چواردەوریشیەوە. ڕۆحە تاریكەكانی ئەمڕۆیش لەبەرئەوەی كە نەیانتوانیوە نووری خوا بكوژێننەوە، یەك لەسەر یەك تووشی شكست دەبن و لەناو نائومێدیدا دەتلێنەوە. چونكە “خوای دڵی عاریف خەمگین دەكات نەك شاد/ بەندەیەك لای مەولاكەی مەقبوول بێت، نایكات ئازاد.”

كاتێك ئەو ڕۆژە دێت لەوانەیە بەزەییتان بە حاڵیاندا بێتەوە. بەزەییتان پێیاندا دێتەوە چونكە وزە و دینامیزمی خۆیان لە حەق و حەقیقەتدا بەكارنەهێنا، تێكەڵ بەوانە نەبوون كە بەدڵسۆزییەوە خزمەتیان بە دین دەكرد، لە بازگانییەكدا كە دەیانتوانی بیبەنەوە دووچاری دۆڕان هاتن. بەزەییتان پێیاندا دێتەوە چونكە نەیانتوانی دونیا بخەنە ژێر پێیان، پێوەی نووسان، لەناو كۆشك و تەلارە تاریكەكاندا دونیای ڕۆحی خۆیشیان ڕەش كرد. بەڵێ، بەزەییتان پێیاندا دێتەوە و دەڵێن “خۆزگە ئاوا بە دونیا و پلەوپایە و شان و شۆرەتەوە نەبەسترانایەتەوە! خۆزگە لەبریی كوژاندنەوەی نووری خوا، وزە و ئیمكانییەتەكانیان لە درەوشاندنەوەیدا بەكاربهێنایە و ڕزگاریان ببووایە!” بەڵام بەداخەوە ئەوان ئەمڕۆ تەنانەت ئاگایان لەوە نییە كە چۆن سەربەرەوخوار تلۆر دەبنەوە.

ئەو دەستدرێژیكارانەی كە تێدەكۆشن بۆ ئەوەی ئەو شەمعە بكوژێننەوە كە خوا گڕی پێداوە، بەجۆرێك لەسەر خراپە قورمیش بوون، ڕۆژانە پیلانی تازە هەڵدەبەستن، لە ڕێگەی فێڵ و تەڵەگەلێكەوە كە تەنانەت بە خەیاڵی شەیتانیشدا نەهاتووە، هەوڵی هەڵگەراندنەوەی خزمەتگوزاران لە ڕێگاكەیان دەدەن. بە ستەم و خراپەكانیان هەزار و یەك جۆر ئازاریان پێ ڕەوا دەبینن، تێدەكۆشن دونیایان لێ بهێننەوە یەك، بەڵام ئاماژەی ئەم ئایەتە –هەرچەندە لە سیاقێكی تردا هاتووە- ئاماژەیەكی زۆر گرنگی تێدایە بۆ دۆخی ئێوە: ﴿إِنْ تَكُونُوا تَأْلَمُونَ فَإِنَّهُمْ يَأْلَمُونَ كَمَا تَأْلَمُونَ وَتَرْجُونَ مِنَ اللهِ مَا لَا يَرْجُونَ﴾ (سورة النِّسَاءِ: 4/104). بەڵێ، وەك قورئان دەفەرمووێت، ئازاری زاڵمان لەم دونیایەدا، لە ئازار و ژانی مەزڵومەكان كەمتر نییە. بەڵام جیاوازییەكی گرنگیان لەنێواندا هەیە: ئەو سزایەی كە زاڵمان لەودونیا دەیكێشن زۆر لەمەی دونیا گەورەترە. بەڵام سەبارەت بە كەسانێك كە سەریان لە ڕێگەی خوادا داناوە، بوون بە تالبی ڕەزا و لێخۆشبوونی خوا، شتێك بە ناوی “لەدەستدان و دۆڕان” بوونی نییە. لەكاتێكدا كە زاڵمان بە كۆڵێك مافی خەڵكەوە دەچن بۆ ئاخیرەت، بێتاوان و ستەملێكراون وەك خاوەن قەرز دەڕۆن بۆ ئەوێ.

هیچ كەس لە ئێمە ئەو ناڕەحەتییانەمان نەكێشاوە كە تووشی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون. ژیانی ئەو بە ڕەنج و ئازار تێپەڕی. بۆ نموونە، لە ئوحوددا سەری موبارەكی شەق بوو، ددانی شكا. هەرە خۆشەویستەكانی یەك بە یەك ئەسپەردەی خاك كرد. حەزرەتی حەمزەی مامی كە زۆری خۆش دەویست شەهید كرا؛ موصعەبی كوڕی عومەیر لەدوای ئەوەی كە دەستەكانی پەڕێنران، گیانیشی سپارد. چەندانی دیكەش كە خۆیان كردبوو بە قەڵغان لەبەردەم پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) یەك یەك شەهید بوون. بێگومان هەموو ئەم شتانە بەقووڵی پێغەمبەری خوایان (صلى الله عليه وسلم) بریندار كرد. بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و صەحابییەكان كانگایەكی گەورەی دڵنەواییان هەبوو: دەیانزانی كە شەهیدەكان دەچنە بەهەشتەوە، لەم دونیای جەفایەوە كۆچ دەكەن بۆ جیهانی وەفا. باوەڕیان وابوو لەدوای ئەم دونیا كاتییە لەودونیا پێیان شاد دەبنەوە، دەستی یەك دەگرن و لە بنارەكانی ڕۆژی جومعەی بەهەشتدا بە موشاهەدەی خوا سەرفراز دەبن. لەكاتێكدا كە ئەمە حەقیقەتە، ئیتر هەموو ئەو شتانەی كە بەسەردێن، دەكرێت وەك لەدەستدان ببینرێن؟

وەك زانایانی گەورەی بواری مەعنەوییەت –لە چەشنی موحیددینی عەرەبی و ئیمامی ڕەببانی- ئاماژەیان بۆ كردووە، ئەو ئیماندارانەی كە لە دڵەوە باوەڕیان بە خوا كردووە، لەوانەیە بەراورد بە تەجەللییە جەمالییەكان زیاتر نسیبیان لە تەجەللییە جەلالییەكاندا هەبێت. چونكە لە كاتی بەڵا و موسیبەتدا زیاتر ڕوو لە خوا دەكەن و زیاتر لە دڵەوە لێی دەپاڕێنەوە. ئەوان لە كاتی ئاساییشدا ڕاستەهێڵی خۆیان دەپارێزن، لە پەیوەندییان لەگەڵ پەروەردگاریاندا بەردەوام دەبن. بەڵام لەبەرانبەر تەجەللییە جەلالییەكاندا زیاتر گوڕوتینی مێتافیزیكی تیایاندا دەجۆشێت، صەمیمیتر و گەرمتر ڕوو لە خوا دەكەن. خوای گەورەیش ئەم پاڕانەوانەی ئەوان ناگێڕێتە دواوە. وەك ئایەتەكە دەفەرمووێت، خوای گەورە دوعای ناچار و تەنگەتاو (مضطر) گیرا دەكات. لە فەرموودەیەكی قودسیشدا دەفەرمووێت كە ئەو لەگەڵ دڵشكاواندایە. بەڵێ، بەگوێرەی وتەیەكی جوانیش كە وەك فەرموودە ڕیوایەت دەكرێت، خوا تەماشای دڵە مەحزوون و خەمگینەكان دەكات و بە هاودەمیی خۆی شەرەفمەندیان دەكات.[1]

ئایا شەرەفی ئەوە بۆ ئیماندار بەس نییە كە لەودونیا هەموو مەینەتییەكانی دونیای بیر چووبێتەوە، پەروەردگاری میهرەبانی سەلامی لێبكات و بچێتە بەهەشتەوە؟

[1] (بڕوانە: السخاوي، المقاصد الحسنة 1/169؛ مناوي، فیض القدیر 2/69).