كلیلی دڵەكان خوو و گوفتاری نەرمونیانە. بە توندوتیژی و فشار و گوشار ناتوانن بچنە ناو دڵەكانەوە. گەر فەخری كائینات (صلى الله علیە وسلم) خێوەتی لە دڵەكاندا هەڵدابێت، ئەوەی بە نەرمونیانی، ناسكی، وردی و نەزاكەت كردووە. بۆیە دەتوانرێت بوترێت كە مرۆڤانەترین كردار، ڕەفتارەكانی حەزرەتی (روح سد الأنام)ن. بەدرێژایی سیازدە ساڵ لە مەككە خوێناویان پێ هەڵهێنایەوە. كاتێك بەرانبەر بە كەعبە بەندایەتی بۆ خوا دەكرد، ڕیخۆڵەی پیسی ئاژەڵیان ڕۆكرد بەسەریدا. مەلعونەكانی وەك عوقبەی كوڕی ئەبی موعەید دەستیان نایە بینی و ویستیان بیكوژن. ئەگەر ئەو ناڕەحەتی و مەینەتییانەی كە ئەو كێشاویەتی بخرانایەتە سەر لوتكەی ئێڤێرێست، ڕۆدەچوو وەك دەریاچەی لووط. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم شتانە ئەو ئوسلوبی خۆی نەگۆڕی و دەستی لە كەس بەرز نەكردەوە.
كاتێك ساڵانێك دواتر وەك فەرماندەیەكی سەركەوتوو ڕۆیشتە ناو مەككەوە، بەیەكجار لە هەموو ئەوانە خۆش بوو كە بەقینەوە قسەیان دەكرد، لیكی ڕق و قیان لە دەمیان دەتكا و لە دانیشتن و هەستانیشدا تووڕەیی و نەفرەتیان لێ دەچۆڕا. وەك چۆن حەزرەتی یوسف بە براكانی وت، ئەویش فەرمووی: “ئەمڕۆ بۆ ئێوە لۆمە و سەرزەنشت نییە. بڕۆن، هەمووتان ئازادن.” هەمان شتی بەرانبەر بە موشریكانی مەككە نەكردەوە كە هەموو جۆرە ئەزێت و جەفایەكیان پێ ڕەوا بینی، بیری لە تۆڵەسەندنەوە نەكردەوە. دوژمنە سەرسەختەكانی ئیسلام كە هەتا ئەو ڕۆژە خراپەیەك نەمابوو بەرانبەر بە موسوڵمانان نەیكەن، لەهەمبەر ئەم گوفتار و هەڵوێستە ورد و نەرم و نیانەی ئەودا مەست بوون و وتیان “سوێند بە خوا، ڕێگای ئەو ڕاست بووە.” پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) تەنانەت توانی بچێتە ناو دڵی ئەوانەیشەوە كە هەتا ئەو ڕۆژە هەموو جۆرە دوژمنایەتییەكیان لە دژ كردبوو. ئەمە ئەو ڕێگایەیە كە ئینسانی كامڵ پێیدا ڕۆیشتووە، ئەو ئاسۆیەیە كە ئینسانی كامڵ پیشانی داوە.
ئەگەر ڕۆژێك بێویژدانەكان و ستەمكارەكان، ئەوانەی كە دەستیان بە هەركەس بگات دەیچەوسێننەوە و هەركەسێكیش دەستیان پێنەگات لە دوورەوە ترس دەهاونە دڵیانەوە، پەشیمان بوونەوە لە كار و كردەوەكانیان و هاتنە بەردەمتان، هەڵوێستی ئێوەیش دەبێت هەمان شێوە بێت. دەبێت بەرانبەر بە ستەمكار وەك ستەمكار نەبن، بەڵكو خۆتان بن. نابێت بەدەر لە وەستان بەرانبەر بە یاسا و لێپرسینەوەیان و وەرگرتنی سزای شاییستە بیری لە شتی تر بكەنەوە، نابێت بە هەستی تۆڵەسەندنەوە بجووڵێنەوە. ستەمكاران هەتا ئەمڕۆ هەرچییەك لە دەستیان هات كردیان بۆ ئەوەی بەرەو گۆڕان و توندڕەوی پاڵمان پێوە بنێن. بەڵام هەزاران سوپاس بۆ خوا سەرەڕای هەموو فشار و ستەمەكان ڕێگا و ئاڕاستەی خۆمان نەگۆڕی. نەك تەنها نیشاندانی لوولەی تفەنگێك، بگرە مشتمان لە هیچ كەسێكیش نەوەشاند. ئەوان هەموو جۆرە نزمی و پەستییەكیان نواند، بەڵام خزمەتگوزاران هەرگیز دەستیان بۆ دەستووری ستەمكارانەی “مامەڵەی چوونیەك” نەبرد. بە ئیزنی خوا لەمەبەدواش لەسەر ئەمە بەردەوام دەبن.
زوهەیری كوڕی ئەبی سولما كە یەكێك لە شاعیرانی جاهیلی، دەڵێت:
“ئەگەر كەسێك ڕەوشتێكی پەنهانی هەبێت، چەند لە خەڵكی بشارێتەوە هەر دەزانرێت.”[1]
دیارە خوو و ڕەوشتی ئەو ستەمكارانەی كە بە زۆر و ستەم دەیانەوێت هێزی خۆیان بەسەر هەمواندا بسەپێنن، دایك و ڕۆڵەكان لە یەكتر جیادەكەنەوە، خێزانەكان پارچە پارچە دەكەن، لەپێناو سەلامەتیی خۆیان هەوڵی پلیشاندنەوە و لەناوبردنی كەسانێك دەدەن كە بە مەترسی بۆ خۆیان دەیانبینن، هەر لە سەرەتاوە ئەمە بووە. شوناسی دینی و كۆمەڵایەتیی ئەم جۆرە كەسانە كە ئەم خراپانە ئەنجام دەدەن هەرچییەك بێت، هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە كارەكانی سیفەتی كوفرن.
نابێت ئەوە لەبیر بكرێت كە هێز لە حەقدایە، ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت بێگومان سبەی سەردەكەوێت. ئەوانەی كە بە پێنان بە سەری ئەم و ئەودا پلیشاندنەوەی ئەم و ئەو هەوڵی بەرزبوونەوە دەدەن، ئەگەر ئەمڕۆیش نەبێت حەتمەن ڕۆژێك ئەوەی كە شایانی خۆیانە وەری دەگرن. ئەوانەی كە لەپێناو زەوق و سەفای خۆیاندا ژیانی خەڵكانی تر دەكەن بە دۆزەخ، چەند لە چارەنووسی خۆیان بترسن هێشتا كەمە. بەرانبەر بەو زیندانەی كە لەم دونیایەدا خەڵكی تێدەخەن، زیندانێكی هەمیشەیی چاوەڕوانیان دەكات! حسابی ئاخیرەت زۆر توندە! لەوێ تەنانەت لێپرسینەوە لە پێنان بە مێروولەیەكیشدا دەكرێت. ئەوانەی كە بەبێ گوێدان بە گەورە و منداڵ و پیاو و ژن، ژیان لە دەیان هەزار كەس تار دەكەن، گەر وابزانن تەنها بە وتنی “موسوڵمانم” ڕزگاریان دەبێت، خراپ بەهەڵەدا چوون. ئەوەیش كە بانگەشە دەكەن و دەڵێن هەموو ئەم خراپە و ستەمانە لەپێناو ئیسلام و موسوڵمانێتیدا دەكەن، بەشی ڕزگاربوونیان ناكات.
وەك چۆن ستەملێكراوان بەتەواوەتی نازانن مەزهەری چ خێرێك بوون، ستەمكارانیش نازانن تووشی چی بوون، نازانن چۆن لەسەر ڕێگایەكی تەخت گرمۆڵە بوون و سنگەخشێ دەكەن. لە ترسی ئەوەی نەوەك ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو ئیمكانییەتانەی كە بە گزی و فێڵ كۆیان كردووەتەوە لەناكاو لە دەستیان بچێت، “ماكیاڤێلی”[2]یانە دەجووڵێنەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانج هەموو ڕێگایەك بە ڕێپێدراو دەزانن، هەموو ئەو بەڵگە و نیشانانە بەكاردەهێنن كە شەیتان پیشانیان دەدات. لەكاتێكدا ڕۆیشتن لەسەر ڕێگای ئیجماع و ئیجتیهادی سەلەفی صالح هەیە و باشترینە، دەچن لەسەر ڕێی نەفس و شەیتان دەڕۆن. لەبریی بەكارهێنانی ئیمكان و دەرفەتەكانی ناو دەستیان لە ڕێگەی ئەرێنیدا، دەچن لەپێناو فەساددا بەكاری دەهێنن، بەم جۆرە لە جێیەكدا كە دەبێت بیبەنەوە تووشی دۆڕان دەبن.
دەبێت جارێكی دیكەش ئەوە یاد بهێنینەوە كە هەموو كەسێك ئەوە دەكات كە شایانی خوو و ڕەوشتی خۆیەتی. ئەو نادانانەی كە وادەزانن بەهێزەكان لەسەر حەقن، لەوانەیە ئێوە لە ژیانی مرۆڤانە بێبەش بكەن، لە زیندانتان بهاون، خێزانەكان پارچە پارچە بكەن. ئەوان هەرچییەك بكەن، ئێمە هەر دەبێت لایەنگری حەق و دادپەروەری بین، بەرانبەر بە ناهەقی نەك هەر مشت نەوەشێنین، بەڵكو پێویستە تۆنی دەنگیشمان نەگۆڕین. ئەگەر كەسانێك ددانمان لێ جیڕ بكەنەوە، لیك بڕژن و بەرەو ڕاست و چەپیش لەقە بهاون، وەلێ ئێمە دەبێت بزانین چۆن سەبر بگرین، ئیرادەكەمان بەكاربهێنین، تەنازول نەكەین بۆ ئەم شتە نزمانە، لە بابەتی هەڵسوكەوتی مرۆڤانەدا هیچ كەموكورتییەك نەنوێنین. بەرانبەر بەوەی كە كەسانێك بەئاسانی هەموو جۆرە گێرەشێوێنی و فەسادێك دەكەن و بگرە تێدەكۆشن كە ئەمانە وەك شتانێكی ڕەوا نیشان بدەن، ئێمەمانان نابێت لە ڕێگەی ئیصلاح لابدەین. دەبێت سەرەڕای فێڵ و تەڵەكەی فێڵبازان، خیانەتی ئەو خیانەتكارانەی كە ئینسان لە مرۆڤێتیی خۆی شەرمەزار دەكەن، هەموو جۆرە فرتوفێڵێكی مونافقان، ستەمی ستەمكاران كە عەرشی هێناوەتە لەرزە، ئەو فەسادەی كە موفسیدەكان چاو لەناو چاومان دەبڕن و ئەنجامی دەدەن، ئێمە دەبێت ڕێك لە پێگەی خۆماندا بمێنینەوە. واتە دەبێت بەردەوام بین لەسەر ئەوەی كە تێكدراوەكانی ئەو چاك بكەینەوە، شێوێنراوەكانی ئەوان نۆژەن بكەینەوە.
هەتا ئەمڕۆ چ گوفتەیەكمان نووسیبێت و گونجاو لەگەڵ ئەمەدا چ بەستەیەكمان وتبێت، دەبێت لەمەودواش بە هەمان گوفتە و بەستە لەسەر گەیاندنی دەنگ و نەفەسمان بە مرۆڤایەتی بەردەوام بین؛ نابێت گۆڕانێك لە ڕەفتار و هەڵسوكەوتماندا ڕووبدات. ئەگەر پێوست بێت شتێك بە غەددار و ستەمكاران بڵێین، دەتوانین بڵێین: “خوایە گیان، ئەگەر موڕادی سوبحانیی تۆ ویستی لەسەر هیدایەتی ئەوان و دووركەوتنەوەیان بێت لە ژینگەی ستەمكاری، ئەوا هەرچی زووە هیدایەتیان بدە بۆ لای حەق، حەقیقەت، ڕاستڕەوی، خۆشەویستی، دادپەروەری، ویژدان و ئینساف. خۆ ئەگەر موڕادی تۆ وا نییە، ئەوا حەواڵەی تۆیان دەكەین. تۆیەك كە پەروەردگاری جیهانیانیت، پەروەردگاری ئێمەیشیت.” ئێمە خاوەنی هەستێكی دادپەروەریی چەند قووڵ و بەرینیش بین، كاتێك بەراوردی دەكەین بە دادپەروەریی خوای گەورە، وەك دڵۆپێك وایە لەچاو دەریادا. دەكرێت بۆ میهرەبانی، بەزەیی و نەرمونیانیش بیر لە هەمان شت بكەینەوە. كەوایە بۆچی مەسەلەكە بۆ خاوەنی ئەسڵیی خۆی واز لێناهێنین و لەسەر ئەو ڕێگایە بەردەوام نابین كە بەڕاستی دەزانین؟!
نابێت بە تاریكیی دیمەنی ئێستا فریو بخۆین و بە تەماشاكردنی حاڵی ئەوانەی كە بە جەدەل و قسە حەشاماتەكان شوێن خۆیان دەخەن، تووشی نائومێدی ببین. شەیتانیش پشتیوانی تاریكییە. شەیتان بە بەكارهێنانی ئەوە، هەوڵی تاریك كردنی چواردەور و دڵەكانیش دەدات. بەڵام بە ئیزنی خوا هەتا ئێستا بەردەوام تاریكییەكان بەرانبەر بە ڕووناكی شكستیان خواردووە. پشت بە خوا ڕۆژێك گشت تاریكییەكان دەڕەوێنەوە، ئەو ستەمكارانەی كە دەیانەوێت چرا و مەشخەڵەكان بكوژێننەوە یەك یەك لە خاكدا دەنێژرێن، ئەو دڵانەی كە سێ سەدەیە مردوون یەك یەك زیندوو دەبنەوە. ئەگەر قودرەت و ئیرادە و مەشیئەتی ڕەهای خوا لەپشت خزمەتی ئیمانەوە بێت، ئەوا گشت هەوڵەكانی ڕێگری نەزۆك دەبن. با قسەكانمان بەم دێڕانە تەواو بكەین:
خەزان بە گوفتەی زستانەوە دێت، بەستەكەی بەهار،
لە ناوسكی بەفر و زوقمدا هەڵدێت چەمەنزار.
كە وەرزی خۆی هات دەبینیت نەوبەهار،
گوڵ دەپشكوێ، بولبول دەخوێنێت، هەموو جێ لالەزار.
[1] وَمَهْمَا تَكُنْ عِندَ امْرِئٍ مِنْ خَلِيقَةٍ
وَإِنْ خَالَهَا تَخْفَى عَلَى النَّاسِ تُعْلَمِ
[2] ماكیاڤێلی: نووسەرێكی ئیتالییە و بە كتێبی “میر” بەناوبانگە. ئەم كتێبە لەخۆگری كۆمەڵێك یاسایە بۆ بەڕێوەبەران. زۆربەی ئەم یاسایانە لە دەوربەری خۆپەرستی، بەرژەوەندیخوازی، هەلپەرستی و چۆنێتیی گێلكردنی خەڵك دەسووڕێنەوە. یەكێك لە ڕستە بەناوبانگەكانی ناو ئەم كتێبە بریتییە لە: “بۆ گەیشتن بە ئامانج، هەموو جۆرە ڕێگایەك ڕەوایە.” (دەستەی وەرگێڕان)





