زانستی پزیشكیی بەدیل و كرانەوەی نوێ لە زانستەكاندا

زانستی پزیشكیی بەدیل و كرانەوەی نوێ لە زانستەكاندا
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: ناو هێنرانی هەندێك لە سەوزە و میوەكان لە قورئاندا پەیامێكی تایبەتی تێدایە؟ پێویستە ڕوانینمان چۆن بێت بۆ زانستی پزیشكیی ئاڵتەرناتیف لەپاڵ زانستی پزیشكیدا؟

وەڵام: هەندێك لە سەوزە و میوەكان لە قورئاندا وەك نیعمەتی دونیا یان بەهەشت ناو دەبرێن. ئەو نیعمەتانەی كە خوا لە دونیادا بەخشیونی، وەك نموونە وان. ئەمانە بۆ ئەوە دراون تا نیعمەتەكانی ئاخیرەتمان بیر بخەنەوە. گەرچی نیعمەتەكانی دونیا لە ڕووی تام و بۆن و ڕەنگەوە لەوانەی بەهەشت دەچن، بەڵام ڕێك هاوشێوە نین. گەیشتن بەو نیعمەتانەی كە لە قورئاندا باسكراون و بوون بە خاوەنیان بەشێوەیەكی هەمیشەیی، ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ شێوازی سوود وەرگرتن لێیان بەجوانترین شێوە لە دونیادا. كاتێك ئیماندار وەك پێویست شوكری ئەو نیعمەتانەی خوا دەكات كە لە دونیادا بەسەریدا ڕژاندوون، لە ئاخیرەتدا ئەسڵی ئەم نیعمەتانەی بە شێوە و جوانییەك پێشكەش دەكرێت كە هەرگیز بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە. چونكە ئەسڵ و حەقیقەتی نموونەكانی ئێرە لە بەهەشتدان. قورئان دەفەرمووێت بەهەشت هەموو ئەو نیعمەتانەی تێدایە كە نەفس ئارەزووی دەكات و چاویش چێژ لە بینینی وەردەگرێت[1].

خواردن و خواردنەوەكانی ناو قورئان و سوننەت و حیكمەتی باسكرانیان

لە قورئاندا كاتێك باسی نیعمەتەكانی دونیا و بەهەشت دەكرێت شتانی وەك ترێ، خورما، هەنجیر، هەنار، زەیتوون و زەنجەفیل وەك نموونە باس دەكرێن. مەبەستی لەپێشینەی قورئان لە ناوهێنانی ئەمانە ئەوەیە خوا یادی مرۆڤ بهێنێتەوە و بەرەو حەمد و شوكرانەی پەروەردگاری جیهانیان بیانخاتە گەڕ. چونكە هەر شتێك كە لە قورئاندایە سەرەتا ڕووی لە یادخستەوەی خوا و ئەبەدییەتە. سەرەڕای ئەمە، ئەو نیعمەتانەی كە لە ئایەتەكاندا باس دەكرێن دەگونجێت مرۆڤ بەرەو هەندێك ڕاستی ببەن و ئەمەش دەبێت بە بەڵگە لەسەر ئەوەی كە قورئان گوفتاری ئیلاهییە.

لەم ڕوانگەیەوە، دەتوانین سەبارەت بەو نیعمەتانەی كە قورئان ناوی هێناون هەڵوێستە لەسەر هەندێك سوودی ئەوان بكەین بۆ مرۆڤەكان. با بڵێین لە قورئاندا باسی ترێ دەكرێت. ئێمە دەتوانین لە تاقیگەدا سەرنج لە توێكڵەكەی، ناوكەكەی یان ناواخنەكەی بدەین و بەدوای ڕێگاكانی سوود وەرگرتن لەم شتانەدا بگەڕێین. بەهەمان شێوە، دەگونجێت بە شیكردنەوەی سەوزە و میوەكانی دیكە هەم كۆمەڵێك خۆراك و دەرمان بەرهەم بهێنین كە سوودی تەندروستییان هەیە، هەم دەشتوانین بە زمانی تاقیگەكان شتێك دەربارەی ئیمان بە خەڵك بڵێین.

بە هەمان شێوە، لە فەرموودەكاندا چەندین گوزارشت هەن دەربارەی ئەم جۆرە زانستە كۆنەی پزیشكی. ئەوەتا زاناكانمان ئامۆژگاری و ڕێنمایییەكانی پێغەمبەریان (صلى الله علیە وسلم) لەژێر ناونیشانی (الطب النبوي)دا كۆكردووەتەوە. ئێمە دەبێت ئەم شتانەیش ببەینە تاقیگەوە، سەرنجیان لێبدەین و شییان بكەینەوە. موسوڵمانێك كە ڕاستگۆیانەوە و لە دڵەوە باوەڕی هێناوە، ناتوانێت فەرموودەیەك فڕێبداتە سووچێكەوە ئەگەر لە سەنەدێكی صەحیحەوە پێی گەیشتبێت. بەڵام نابێت ئەوەش فەرامۆش بكات كە ڕەنگە هەندێك كەس هەمان هەستیارییان نەبێت. بۆیە كاتێك دەربارەی ئەم بابەتانە قسە دەكات، دەبێت هەوڵ بدات كە لە دڵی بەرانبەرەكانیدا بچووكترین بێڕێزی بەرانبەر بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دروست نەبێت. بێگومان دەبێت لە مەسەلەی تێگەیشتنی دروستیش لە گوفتارەكانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، حەتمەن سوود لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان و ڕاستییە زانستییەكان وەربگرین.

لەمڕۆدا بەكارهێنانی زمانی زانست و تاقیگە شتێكی زۆر گرنگە. ئیبن سینا، خاریزمی، ڕازی و هاوشێوەكانیان لە ڕۆژگاری خۆیاندا و بەگوێرەی خۆیان لەسەر هەندێك ڕاستیی زانستی هەڵوێستەیان كردووە، وەلێ زمانی زانستی دەرمانسازی و پیشەی پزیشكیی ئەمڕۆ جیاوازە. ئەو شتانەی كە پێویستە باس بكرێن، دەبێت لە ڕێگەی ئەم زمانەوە گوزارشتیان لێبكرێت.

زانستی پزیشكیی مۆدێرن و ڕێگا بەدیلەكان

لەلایەكی دیكەوە، چونكە زانستی پزیشكیی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای پۆزیتیڤیزم بونیات نراوە، زۆرێك لە پزیشكەكان وەك چۆن چارەسەر بە ڕووەكەكان پشتگوێ دەخەن، وەك پێویستیش گرنگی بەو زانستە پزیشكییە نەریتی و بەدیلە نادەن كە لەگەڵ زانست و پراكتیكی خۆیاندا ناگونجێت. تەنانەت لەم بابەتدا هەڵوێستێكی توند دەنوێنن، جاروباریش بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا لێدوان دەدەن. لەحاڵێكدا ئەم شتانە كۆمەڵێك میتۆدی وەهان چ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و چ لە ئاسیای دوور جێبەجێ دەكرێن و سوودەكانیان بە چاو دەبینرێت. بۆ نموونە، ئەوان بە دەرزی ئاژن، شێلانی ژێرپێ یاخود هاوسەنگ كردنەوەی تەوژمی كارەبایی جەستە هەندێك لە نەخۆشییەكان چارەسەر دەكەن.

كاتێك پێكەوە بیر لە هەموو ئەم شتانە دەكەینەوە، ئەوا پێویستە دەربارەی ئەو شێوازە چارەسەرانەی كە دەكەونە دەرەوەی زانستی پزیشكیی مۆدێرنەوە، هیچ نەبێت قسەی كۆتایی نەكەین و كەوانەكە بەكراوەیی بەجێبهێڵین. ئەو زانیارییانەی كە لە ئیبن سینا و خاریزمی و ڕازییەكانەوە دەربارەی تەندروستی و پزیشكی بە ئێمە گەیشتوون، نابێت ئاوڕیان لێنەدرێتەوە لەبەر ئەوەی كە “كۆن”ن. چونكە بەشێكی گرنگی ئەمانە لە ئەزموونەوە هاتوون. بەڵكو دەبێت بە سوود وەرگرتن لەمانە پێشكەوتنی زیاتریش تۆمار بكرێت. تەنانەت نابێت هەندێك لەو میتۆدانەی چارەسەریش نادیدە بگیرێن كە لەناو خەڵكدا بەگشتی ناسراو و زانراو و جێبەجێ كراون، نابێت بەبێ لێكۆڵینەوە دەربارەیان لە تاقیگەدا و شیكردنەوەیان ڕاستەوخۆ ڕەت بكرێنەوە. سەرەتا دەبێت باش سەرنجیان لێبدرێت، ئاخۆ ئەو شتەی كە وتراوە و نووسراوە لەڕاستیدا ئەسڵێكی هەیە یان نا؟ ئەگەر بڕیار بێت ڕەت بكرێتەوە پێویستە لەدوای زانران و ڕوونبوونەوە ڕەت بكرێتەوە؛ نە دەبێت لە خۆمانەوە قسە بكەین، نە لەپێشنەیش بڕیار بدەین.

بەداخەوە لەمڕۆدا دەربارەی بابەتە پزیشكییەكان دوو دونیای جیاواز دروست بوون. كاتێك ئەمانە قسە دەكەن، لە زمانی یەكتر حاڵی نابن. هەریەكەیان دەڵێت ڕێگەكەی خۆی ڕاستترە و لایەنی بەرانبەر بە كەم و بچووك دەبینێت. بە قەناعەتی من ڕێگای پێویست كە بگیرێتە بەر ئەوەیە لەپاڵ فێربوونی زانستی پزیشكی و دەرمانسازیدا، پێویستە گرنگیش بە میتۆدەكانی پزیشكیی ئاڵتەرناتیڤ بدرێت و هیچ نەبێت پزیشكەكان لە بنەما سەرەكییەكانی تێبگەن. یاخود ئەو كەسانەی كە میتۆدەكانی چارەسەری پزیشكیی بەدیل دەزانن، پێویستە لە بواری پزیشكیشدا پەروەردە و پسپۆڕی وەربگرن.

ئەوەیش كە ئاخۆ ئەو دەرمانانەی كە ئەمڕۆ لە بواری زانستی پزیشكیی ئاڵتەرناتیڤدا بەرهەم دەهێنرێن چەند بەسوودن، دیسان وابەستەی ئەوەیە كە لە تاقیگەدا ئەزموون بكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەوانەی كە پسپۆڕی پزیشكی و دەرمانسازین، گەر لێكۆڵینەوە لەم بوارەیشدا بكەن و میتۆدەكانی زانستی پزیشكیی ئاڵتەرناتیڤ فێرببن شتێكی زۆر بەسوود دەبێت.

لە شوێنانی وەك ئەوروپا و ئەمریكا ئەم دابەشبوون و ناكۆكییە تا ئەندازەیەك تێپەڕێنراوە و ئەم دوو بوارە جیاوازە بەشێوەیەكی پارچەكی هێنراونەتە تەنیشتی یەكتر. ئێمە هەرچەندە لە ڕوانگەی بنەڕەتەوە زانستی پزیشكیی مۆدرێنمان لەوانەوە وەرگرتووە، كەچی لەم بابەتەی تریاندا هێشتا كاردانەوە و ملەجەڕە دەنوێنین. لەحاڵێكدا ئەگەر لە بابەتی تێپەڕاندنی ئەم كێشەیەدا كە ئەوان تا ئەندازەیەك چارەسەریان كردووە ئێمەیش هەندێك هەوڵ بدەین و هەندێك دەرمان و شێوازی چارەسەری دیكە تاقی بكەینەوە هیچمان لە كیس ناچێت.

زانست، لێكۆڵینەوە و عەشقی حەقیقەت

چەقبەستنی ئێمە لە بواری زانست و لێكۆڵینەوەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی پێنجەمی كۆچی. لەم پێنج سەدەیەی دوایییشدا ئەم بابەتە زۆر پشتگوێ خراوە. لەدوای فەتحی ئەستەنبوڵەوە لە كایە جیاوازەكاندا سەركەوتنمان هەبووە. بەڵام لەو قۆناغە بەدواوە لە مەدرەسەكانی ئێمەدا نەزۆكییەكی جددی سەری هەڵداوە و فیكری نوێ بەرهەم نەهێنراوە. گەرچی بەستاییشەوە باسی هەوڵی نائاسایی هەندێك لە زانایان دەكەین، وەلێ دەبێت دان بە هەبوونی چەقبەستنێكی گشتیشدا بنێین.

لەبەرئەوەیش كە نەمانتوانی فیكری نوێ بەرهەم بهێنین، ناچار دەستمان بە هاوردەكردنی زانست و زانیاری كرد لە ڕۆژئاواوە. بەڵام بیری زانستیی ئەوان لەسەر بنەماكانی پۆزیتیڤیزم، سروشتگەرایی و ماددەگەری وەستابوو. بەگشتی گرنگییان بە ڕۆح و مەعنا نەدەدا. كاتێك دەستمان كرد بەوەی هەموو شتێك لە ڕۆژئاواوە وەربگرین، هەموو شتێك قبووڵ بكەین كە لەوێوە دێت و دوور كەوتینەوە لە بەهاكانی خۆمان، ئیدی لەناو ئێمەدا كەسانێك دەركەوتن كە زۆر لە داروین داروینیتر و زۆر لە لامارك لاماركتر بوون!

ڕۆژئاوا گرنگییەكی زۆری بە لێكۆڵینەوە داوە و هەموو شتەكانیشی لەسەر بنەمای لێكۆڵینەوە دامەزراندووە. بۆیە لای ئەوان هەر شتێك پشتی بە لێكۆڵینەوە بەستبێت قبووڵكراوە؛ هەر شتێكیش نەتوانرێت ئەزموون و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت ڕەت كراوەتەوە. ئەم بەشەی دووەم گەرچی لای هەندێك كەس مانا و گرنگیی خۆیان هەیە، وەلێ بۆ كەسانێك كە بەگوێرەی بیر و بۆچوونی ڕۆژئاوایی پەروەردە بوون بابەخێكی نییە.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ بمانەوێت كاروبارەكانمان لە بواری زانستی پزیشكیدا لەسەر بناغەیەكی پتەو دابمەزرێنین، ئەوا دەبێت گرنگی بە لێكۆڵینەوە بدەین، بابەتەكانمان لە تاقیگەدا ئەزموون بكەین، لەدوای شیكردنەوە و تاقیكردنەوەیان ئینجا دەبێت پێشكەشیان بكەین. بەكورتی، پێش ئەوەی لە هەر بابەتێكی پزیشكیدا قسە بكرێت، حەتمەن دەبێت لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەی پێویست ئەنجام بدرێت.

لەم بابەتانەدا پێویستمان بە هەوڵی زۆر جددی و كاری زۆر گەورە هەیە و دەبێت لە بنەڕەتەوە دەست بۆ مەسەلەكە ببەین. پێویستە باوەڕداران نەخۆشخانە و تاقیگەی خۆیان بونیات بنێن، لەم جێگایانەدا لێكۆڵینەوە بكەن، ئەنجامەكانی ئەم تاقیكردنەوانەش بەگوێرەی وردبینی بیروباوەڕ و فەلسەفەی خۆیان هەڵبسەنگێنن. ئەوان دەبێت لەلایەک ئیمان بە خوا و ڕوكنەكانی تری ئیمان بهێنن، لەلایەكی دیكەیشەوە دەبێت ئەم جۆرە كاروبارانە وەك تەقالای دینی و میللی ببینن، هاوڕێ لەگەڵ سەودای لێكۆڵینەوە، خولیای حەقیقەت و عەشقی زانستدا خۆیان بۆ ئەم كارە تەرخان بكەن.

هۆكاری سەركەوتنی ڕۆژئاواییەكان لە زۆرێك لە بوارەكاندا ئەم عەشقی زانست و توێژینەوەیەیە. وەك لە هەندێك بەڵگەنامەدا دەبینرێت، ئەوان لە ڕێگەی لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەوە زۆر كونج و سووچی ئەم گەردوونەیان پشكنیوە. لە ئەنجامی ئەو سەرنجدانەی كە ئاڕاستەی جیهانی ئاژەڵان و ڕووەكەكانیان كردووە، شارەزاری كۆمەڵێك نهێنیی وەها بوون كە سەری مرۆڤ دەسووڕێنن.

دەبێت ئەم هەستەش لە ئیمانداراندا بخرێتە كار. لەڕاستیدا لە سەدەی دووەمی كۆچییەوە هەتا پێنجەم، لە بوارە جیاوازەكانی زانستدا زانای گەورە و هەزاران عاشقی حەقیقەت و لێكۆڵەر هەڵكەوتوون. بەڵام لە سەردەمەكانی دواتردا ئەم ڕۆحە ونبووە. بۆ ئەوەی لەو دووانەییە ڕزگارمان ببێت كە لە بواری زانستدا تێی كەوتووین و بۆ ئەوەی ئەو بیر و بۆچوونانەی كە دەریان دەبڕین قبووڵ بكرێن، پێویستە سەرلەنوێ قۆناغێكی لەم جۆرە دەست پێبكرێتەوە. لەمڕۆدا ئەو بنەما و میتۆدانە چین كە لە ناوەندە زانستییەكاندا بەكاردەهێنرێن، دەبێت ئێمەیش لە ڕێگەی ئەمانەوە بابەتەكانی تایبەت بە خۆمان بخەینە گۆڕێ. چونكە پتەویی بیر و بۆچوونە گوزارشت لێكراوەكانمان و ڕەخنە لێنەگیرانیان، وابەستەی ئەمەیە. بۆ ئەمەیش دەبێت هاوڕێ لەگەڵ لێكۆڵینەوەی جددی و عەشقی حەقیقەتدا ڕوو لەم بابەتە بكەین.

ئەو لێكۆڵینەوانەی كە ڕۆژئاواییەكان بەدرێژایی ساڵان كردوویانن نابێت تەنها بۆ دەوڵەمەندی و ئیمكانییەتی زۆریان لەم بوارەدا بگەڕێنرێتەوە. نازانم چەند ڕاستە، بەڵام دەوترێت ئەو كەسەی كە ئامێری سینەمای داهێناوە، لە شەوی یەكەم نماییشیدا لە برسان مردووە. بەهەمان شێوە، ئەو زانایەی كە كاری لەسەر یۆرانیۆم كردووە، پێش ئەوەی بەرهەمی كارەكانی ببینێت مردووە. بەڵام ئەوانەی دوای خۆی پڕۆژەكەیان گەیاندووە بە پایان. بەهەمان شێوە، كاتێك سەیری نیوتن یان ئەدیسۆن دەكەیت، دەبینیت ئەمانە لە خێزانە هەژار و نەدارەكان بوون نەك ئەریستۆكرات. مانای وایە ئەو هێزە بنەڕەتییەی كە ئەمانەی خستووەتە گەڕ عەشقی حەقیقەت و كەشف بووە.

دووبارە بونیات نانەوەی زانستە مۆدێرنەكان لە خولگەی باوەڕدا

ئەوان بە چی دەڵێن حەقیقەت، ئەوەیان مەسەلەیەكی ترە. هەرچەندە هەندێك لە زانایانی ئەوان باوەڕیان بە زاتی خوا هەیە، بەڵام تا ئەندازەیەكی زۆر ئەو شتانەی كە ئەوان پێیان دەڵێن حەقیقەت پەیوەندییان بە جیهانی ماددەوە هەیە. بە گوزارشتێكی تر، بریتییە لە هەوڵی تێگەیشتن لە ڕاستیی شتان و ڕووداوەكان. شتان و ڕووداوەكانیان وەك پەموو شیكردووەتەوە و زانستە جیاوازەكانیان هەتا كۆتا خاڵ بردووە كە بتوانرێت لە جیهانی فیزیكیدا مرۆڤ پێی بگات. بەڵام ئیمانداران نابێت لێرەدا بوەستن، بەڵكو دەبێت لە فیزیكەوە بۆ مێتافیزیك، لە ماددەوە بۆ مەعنا، لە بیری ماتەریالیستییەوە بۆ بۆچوونی سیپیریتوالیستی باز بدەن و لەوێدا هەوڵی بینینی چەهرەی حەقیقەت بدەن. چونكە بەگوێرەی ئێمە حەقیقەت بە پێكەوە كۆكردنەوە هەموو ئەم شتانە ئاشكرا دەبێت.

بەڵێ، لەلایەك حەقیقەتێكی ڕەها و بابەتی هەیە، لەلایەكی دیكەشەوە لە دیدی لێكۆڵەردا ڕاستییە گوێرەییەكان هەن. كۆتایی هێنان بە بابەتەكان لە سنوورەكانی دونیای ماددی و فیزیكیدا، لە ڕوویەكەوە بریتییە لە گەیشتن بە حەقیقەتی گوێرەیی. بەڵام بۆ ئەوەی لە حەقیقەتی ڕەها تێبگەین، دەبێت وەك “پاسكاڵ”[2] (Blaise Pascal) و “جینس”[3] (James Jeans) باز بۆ ئەودیوی ماددە بدەین و قووڵتر لەسەر مەسەلەكە هەڵوێستە بكەین. ئەمانە لەكاتێكدا كە لە لوتكەی ستوونی ماددیدا بوون، تەماشای ئاسەواری سنعەتی خوایان كردووە، لە هۆشی خۆیان چوون و فرمێسكیان ڕشتووە.

لەلایەكی دیكەوە زۆر گرنگە چالاكییە زانستییەكان نەبەسترێنەوە بە “من” و “ئیگۆ”وە، لێكۆڵینەوە و كەشفەكان نەكرێن بە ئامڕازێك بۆ ئەوەی كەسەكان خۆیانی پێ دەربخەن. بەڵێ، ئێمە دەبێت وەك ئەسپی كوحەیلان هەتا ئەو كاتەی دەمرین بەردەوام بەدەم عەشق و شەوقی لێكۆڵینەوە و زانست و حەقیقەتەوە ڕابكەین، تەمەنمان لە تاقیگە و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوەدا سەرف بكەین. بەڵام لەكۆتاییدا دەبێت فیزیا كون بكەین و بچینە ئەودیوی، بەو خاڵە بگەین كە تێیدا (سبحات الوجە)ی ئیلاهی هەموو ماسیوا دەسووتێنێت و دەیكاتە خۆڵەمێش، لەبەرانبەر ئەمەیشەوە مەست و مەخمور ببین. لەدوای گەیشتنیش بە مەقامی (فناء في أللە)، پێویستە بە (بقاء بأللە)ش بگەین. واتە دوای ئەوەی لەسەر ئاستی كەسێتی فەنا بووین، ئینجا لە سایەی تەجەللی و ڕووتێكردنی ئەو بۆ ئێمە، وجودێكی جاویدانی بەدەست بهێنین و سەرلەنوێ بە ئاسۆی بوون بگەینەوە. چونكە ئامانجی بنەڕەتی لە چالاكییە زانستییەكان بریتییە لە گەیشتن بە (حقیقة الحقائق).

هەتا ئەو كاتەش كە لە ناوەندە زانستییەكان، زانكۆ، سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە و تاقیگەكاندا دەرفەتی ئەوەمان دەبێت كە گوزارشت لە خۆمان بكەین، مومكین نییە بتوانین ئیددیعای جۆراوجۆر بكەین، پەرە بە زمان و تێرمینۆلۆژیایەكی تر بدەین، هۆكارەكان بسڕینەوە، بیر و بۆچوونە ماتەریالیست و ناتورالیستەكانیش فڕێ بدەین. چونكە ئەوكات لێمان دەپرسن: “ئێوە لەسەر چ بنەمایەك ئەم كارانە دەكەن؟” قەناعەتم وایە لەم ڕۆژەدا خاوەنی زانایانێكین كە دەتوانن دەرەقەتی ئەم كارە بێن. خوای گەورە كتێبێكی نەخستووەتە بەردەممان كە مرۆڤ نەتوانێت بیخوێنێتەوە و لێی تێبگات. بەڵكو فەرمانە تەكوینییەكانی بۆ ئەوە خستووەتە بەردەممان هەتا بخوێنرێنەوە، ڕوون ببنەوە و ماناكانیان ئاشكرا ببێت؛ جێگا داخراو و پەنهانەكانی ناو كتێبی گەردوونیشی لە قورئانە پیرۆزەكەیدا بۆ ڕوون كردووینەتەوە. بۆیە لێكۆڵەرانی دونیای ئێمە كە باوەڕیان بە بەهاكانی خۆمان هەیە، دەبێت قورئان وەك دەسكەلا و وردبین بۆ خۆیان بەكاربهێنن، كتێبی گەردوونی ڕاخراویش لەبەردەمیاندا بەدروستی بخوێننەوە. ئەو حەقیقەتانەش كە پێیان دەگەن و دەیانخوێننەوە، پێویستە بە زمانێك دەری ببڕن كە لایەنی بەرانبەریش لێی تێبگات.

هەتا ئەو كاتەیش كە سەرلەنوێ چاو بە تێكڕای زانستەكاندا دەخشێنینەوە و لە دونیای فیكریی خۆماندا لەسەر زەمینەیەكی ماقووڵ و پتەو دایان دەمەزرێنین، مومكین نییە لە دووانەیی ڕزگارمان ببێت. بۆ نموونە، دەتوانین بڵێین كە زانستەكانی وەك فیزیا، كیمیا، ماتماتیك، پزیشكی، ئەندازە، دەرمانسازی و هاوشێوەكانیان باس لە بەدیهێنەر دەكەن. بەڵام ئەگەر نەتوانین بە زمانی زانستەكان گوزارشت لەمە بكەین، ئەم قسانەمان بۆ زۆركەس مانایەكی وەها نابێت. چونكە كەسانی تر لە ڕوانگەیەكی ماتەریالیستی و ناتورالیستییەوە ئەم زانستانەیان هێناوەتە گۆ و جاروباریش شتانێكیان وتووە كە پێچەوانەی واقیع بوون. ئێمە كاتێك دەگەین بەم جێگایانە، ناچار دەبین هاوڕێ لەگەڵ بیر و هەستێكی نازانمكاریدا (ئاگنۆستیك) بازیان بەسەردا بدەین. یاخود ئەو كار و چالاكییانەی كە دەیانكەین لە پینەكردنێك بەولاوە هیچی تر نابن. لەبەرئەوەی بنەمای ئەم زانستە ناوبراوانە لەلایەن كەسانی ترەوە دانراون، لای ئێمە وەك شتانی خوار و ناڕێك دەردەكەون. ئینجا چونكە لێكۆڵینەوە زانستییەكان لەسەر بنچینەی دیكە دامەزرێنراون، ئەم زانستانە سەبارەت بە ئێمە هەمیشە بە زمانی خۆیان ئەو شتانە ناڵێن كە ئێمە چاوەڕێی بیستیان دەكەین. هەتا ئەو كاتەی كە زمانی خۆمان فێری زانستەكان دەكەین، بە زمانی خۆمان دەیانهێنینە گۆ، دەیانكەین بە موڵكی خۆمان و هەرسیان دەكەین، لەم دووانەییە ڕزگارمان نابێت و لە ڕێگەی ئەو پینە و پەڕۆیەوە كە دۆزیومانەتەوە هەوڵی بەڕێكردنی بابەتەكە دەدەین.

[1] ﴿وَفِيهَا مَا تَشْتَهِيهِ الأَنْفُسُ وَتَلَذُّ الأَعْيُنُ وَأَنْتُمْ فِيهَا خَالِدُونَ﴾ (سورة الزُّخْرُفِ: 43/71).

[2] نووسەر، زانان و ماتماتیكناس و فەیلەسووفێكی بەناوبانگی فەرەنسییە كە لە هەمان كاتدا بە ئیماندار و لایەنگری مەعنەوییەت ناسراوە. (دەستەی وەرگێڕان)

[3] گەردوونناس، فیزیاناس و ماتماتیكناسێكی بەناوبانگی ئینگلیزە كە لە هەمان كاتدا بە گرنگیدانی بە دین و باوەڕ و ئەزموونی ڕۆحی ناسراوە. (دەستەی وەرگێڕان)