چەند تێبینییەك دەربارەی قوربان

چەند تێبینییەك دەربارەی قوربان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی قوربانی هاوڕێ لەگەڵ شعوورێكی قووڵی بەندایەتیدا ئەنجام بدرێت؟

وەڵام: هاوشێوەی گشت عیبادەتەكانی تر، قوربانیش هەندێك مەرجی خۆی هەیە. پێویستە ڕەچاوی ئەم مەرجانە بكرێت بۆ ئەوەی لە ڕوانگەی دینییەوە عیبادەتی قوربان قبووڵكراو بێت. بەڵام چونكە چ لە كتێبە فیقهییە كۆنەكان و چ لە تازەكاندا ئەم مەرجانە بەوردی باس كراون و مامۆستاكانیشمان چەندەها جار ڕوونیان كردوونەتەوە، بە پێویستی نازانم ئێمەیش جارێكی تر دووبارەی بكەینەوە.

لەپاڵ مەرجە زاهیرییەكانی قورباندا كە بەزۆری دووپات دەكرێنەوە، كۆمەڵێك لایەنیشی هەیە كە ڕوویان لە پەیوەندیی ئێمەیە بە خواوە، وەك خشوع، خضوع، بەندایەتی و ئیخلاص.

وشەی قوربان لە وشەی (قرب)ی زمانی عەرەبییەوە هاتووە كە بە مانای نزیكی دێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەبەستی سەرەكی لە سەربڕینی قوربانیدا كە بریتییە لە نزیكبوونەوە لە زاتی ئولوهییەت. مانەندی گشت عیبادەتەكانی دیكە، هۆكاری بنەڕەتیی سەربڕینی قوربانی بریتییە لە فەرمانی ئیلاهی، ئامانجی كۆتاییشی ڕەزامەندیی خوایە. ئێمە عیبادەتی قوربان جێبەجێ دەكەین چونكە خوا فەرمانی پێكردووە -نەك كەسێكی تر-، بۆ ئەوەی لە خوا نزیك ببینەوە و ڕەزامەندیی ئەو دەست بخەین.

عیبادەتێك كە لە حەزرەتی ئادەمەوە دەست پێدەكات

لەبەرئەوەی سەربرینی قوربانی هۆكارێكی گرنگی نزیكبوونەوەیە لە خوا، ئەوا هەر لە سەردەمی حەزرەتی ئادەمەوە دەستی پێكردووە، گەرچی بە تێپەڕینی كات شێوە و ڕوانگەی جێبەجێكردنەكەی گۆڕانی بەخۆوە دیوە، وەلێ لە ڕووی ناوەرۆكەوە بەبێ هیچ گۆڕانێك هەتا ئەمڕۆ هاتووە. ئەگەر تەماشای ئەو چیرۆكی قوربانە بكرێت كە دەربارەی حەزرەتی ئیبراهیم دەگێڕرێتەوە، دەتوانرێت بوترێت قوربان بە شێوازەكەی كە لەمڕۆدا دەكرێت، لە سەردەمی ئەوەوە دەستی پێكردووە. سەرەتا خوای گەورە لە خەوندا فەرمان بە حەزرەتی ئیبراهیم دەكات كە كوڕەكەی وەك قوربانی سەر ببڕێت. كاتێك ئەویش ڕاستگۆیی خۆی بەرانبەر بە خوا دەهێنێتەدی، ئەمجار لەبریی مرۆڤ كە بوونەوەرێكی زۆر بەنرخە فەرمانی سەبڕینی ئاژەڵێكی پێدەدرێت، كە ئەمەش درەوشانەوەیەكی جیاوازی فراوانیی ڕەحمەتی خوایە.

خوای گەورە لە پاداشتی عیبادەتەكانی وەك نوێژ، ڕۆژوو، زەكات، حەج و قوربانیدا كە مرۆڤ دەتوانێت بەبێ زەحمەت جێبەجێیان بكات، بەڵێنی بەهەشتێك دەدات كە هەزاران ساڵ ژیانی بەختەوەرانەی دونیا ناگاتەوە بە كاتژمێرێك ژیانی هەتاهەتایی بەهەشت. ئەو بەهەشتەی كە لە دۆخی ئاساییدا گەر هەموو دونیاش بدەین ناتوانین پارچەیەكی بچووكی بكڕین، خوای گەورە بەرانبەر بە كارە كاتی و سادەكانی ئێمە لەم دونیایەدا وەك لوتفێك دەیبەخشێت.

حوكمی قوربانی

فەقیهەكان بە هەڵسەنگاندنی ئەو ئایەت و فەرموودانەی كە فەرمان بە سەربڕینی قوربانی دەكەن، حوكمی جیاوازیان دەرهێناوە. حەنەفەییەكان بەرمەبنا لەسەر فەرموودە پەیوەندیدارەكان، جێبەجێكارییەكانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و بەتایبەتیش فەرمانی (وَانْحَرْ) كە لە سوورەتی كەوسەردا هاتووە، قوربانییان بە واجب بینیوە. هۆكاری ئەوەیش كە وتوویانە واجبە و فەرز نییە، ئەوەیە كە پەیوەندیی نێوان لەفزەكە لەلایەك و مەعنا و دەلالەتەكەی لەلایەكی ترەوە، قەتعی نییە و لەسەر گومان وەستاوە. چونكە هەرچەندە لەفزی (وَانْحَرْ) بەڕوونی فەرمان بە سەربڕینی ئاژەڵ دەكات، دەلالەتی ئەمە بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا قەتعی نییە و (ظني)یە.

لە مەزهەبی حەنەفیدا واجب لە ڕوانگەی كردارییەوە وەك فەرز وایە و ئەگەر ڕێگرێك لەبەدەمیدا نەبێت حەتمەن دەبێت جێبەجێ بكرێت. جیاوازیی نێوان ئەم دووانە ئەوەیە ئەگەر كەسێك نكووڵی لە حوكمێكی فەرز بكات پێی كافر دەبێت. بەڵام نكووڵیكردن لە واجب، گومڕایی لێدەكەوێتەوە. خوای گەورە لە هەردووكیان بمانپارێزێت. بەڵام لە ڕوانگەی كردارییەوە واجب وەك فەرز وایە.

نهێنیی وردی ناو گوێڕایەڵیی فەرمان

لەم ڕوانگەیەوە، هەموو موسوڵمانێك كە مەرجە پێویستەكانی تێدایە، دەبێت ئەم فەرمانە جێبەجێ بكات. كردەوەكانی وەك سەدەقە كردن و یارمەتیدانی هەژاران گەرچی لای خوا زۆر بەنرخن، بەڵام ناچنە جێی عیبادەتی قوربانی. هەندێك لەوانەی كە لە شاشەكانەوە دەردەكەون لەم بارەیەوە دەگونجێت تووشی هەندێك فەنتازیا ببن و هەوڵ بدەن خۆیان لای هەندێك چین و توێژ شیرین دەربخەن. ڕەنگە بە عەقڵی بوێرانە و سنووربەزێنەرانەی خۆیان حوكم دابتاشن و فەتواگەلێك دەربخەن كە خۆیان بخەنە ناو دۆخێكی پێكەنیناوییەوە.

لەحاڵێكدا شكڵ و شێوەی عیبادەتەكان لەلایەن خاوەنی شەریعەت خۆیەوە دیاری دەكرێن. دەربارەی بابەتێك گەر فەرمان و نەهیی خوا و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەبێت، هیچ كەسێك مافی ئەوەی بە عەقڵی خۆی حوكمی پێچەوانەوە دەربكات. گەرچی بەمە ناوترێن حوكم دەركردن، بەڵكو شایانی ئەوەیە پێی بوترێن لەخۆوە قسەكردن. قوربانی لەلایەن خواوە فەرمانی پێكراوە، پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) بە گوفتار و كردارەكانی شێوازی جێبەجێكردنەكەی ڕوون كردووەتەوە. چەندین فەرموودە هەن باسی ئەوە دەكەن كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كام ئاژەڵانەی سەربڕیوە، چۆنی سەری بڕیون و گۆشتی قوربانییەكەیشی چی لێكردووە. زانایانی بەڕێزیش لەسەر بنەمای ئەم گوفتارانەی خوای گەورە و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) وردەكارییەكانی بابەتەكەیان دیاری كردووە. بەم جۆرە حوكمەكان بە هەموو ڕەهەندەكانیانەوە ڕوون بوونەتەوە. ئەوانەی كە لە بابەتێكی ڕوونی لەم جۆرەدا خۆیان وا دەردەخەن كە حوكمی نوێ دەردەهێنن، تەنها نەزانیی خۆیان ئاشكرا دەكەن.

ئیسلام گرنگییەكی زۆر بە عەقڵ دەدات. بەداخەوە هەندێك كەس لە پێگەی عەقڵ لە دیندا بەدروستی تێناگەن و بارێكی دەخەنە سەرشان كە نایتوانێت. هەوڵ دەدەن بە عەقڵ دین دابنێن و ڕێكی بخەن. لەكاتێكدا خاوەنی دین دیارە. خاوەنی شەریعەت كە خوا و پێغەمبەرەكەین (صلى الله علیە وسلم)، هەرچییەك بڵێن ئەوەیە. پێگەی عەقڵ لە دیندا ئەوەیە كە بنەمای لێپرسراوێتییە (تكلیف). عەقڵ هەوڵ دەدات لە بەرپرسیارێتییەكانی تێبگات و جێبەجێیان بكات. ئەو چالاكییەش كە پێی دەوترێت ئیجتیهاد، دانان و دەستنیشانكردنی دین نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە بریتییە لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەكردن گوفتارەكانی خوای گەورە و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و دەرهێنانی حوكمە لێیانەوە.

ئەو بەرپرسیارێتییەی كە دەكەوێتە سەرشانی وەكیلەكان

لەمڕۆدا چونكە هەندێك جار هەلومەرجەكانی سەبڕینی بۆ هەموو كەسێك مەیسەر نابێت یاخود كەسانێك دەیانەوێت قوربانییەكە وەك هاوكارییەك بنێرن بۆ موحتاجان لە جێگایەكی تری دونیا، وەكالەت دەدرێت بە هەندێك كۆمەڵ و ڕێكخراو. لەم دۆخەدا كەسانێك كە ئەم وەكالەتە وەردەگرن دەبێت هەوڵ بدەن كە بەجوانترین شێوە ئەم وەكالەتە بهێننەجێ. جاروبار هەندێك بۆچوون دەبیستین دەربارەی ئەوەی كە دەكرێت پارەی قوربانی لە هەندێك چالاكیی بەسوودی دیكەدا بەكاربهێنرێت. بەڵام ئەو پارەیەی كە بۆ قوربانی دەدرێت نابێت لە كارێكی تردا بەكاربهێنرێت. قوربان جیایە، زەكات و سەدەقەیش جیان. ئەمانە ناچنە جێی یەك. بۆیە ڕێكخراوێك پارەی چەند سەر قوربانی پێدرابێت، دەبێت ئەوەندە قوربانی بكات.

گەیشتن بە چاكە و تەقوا

وەك دەزانرێت، كتێبە فیقهییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە ئەو ئاژەڵەی كە دەكرێت بە قوربانی دەبێت ساغ و تەندروست بێت. ئاژەڵانی كوێر، شەل، زۆر پیر یان زۆر گەنج ناكرێنە قوربانی. ئەم دانراوانە ئامۆژگاریمان دەكەن كە قەڵەوترین و جوانترین ئاژەڵ هەڵببژێرین بۆ قوربانی. ئەم حوكمانەیش لە هەندێك فەرموودەوە دەرهێنراون. لەپاڵ ئەمانەدا، ئەم ئایەتەش چاوساغیمان دەداتێ.[1]

لە ئایەتێكی دیكەدا دەفەرمووێت.[2]

وەك دەبینرێت، ئەم ئایەتانە فەرمانمان پێدەكەن ئەو ماڵانە ببەخشین كە خۆشەویستن لامان، چاومان لەسەریانە و حەز دەكەین لە دەستماندا بمێننەوە؛ نەك ئەو شتانەی كە دەمانەوێت لە كۆڵمان ببنەوە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت دڵمان لە وابەستەیی و خۆشویستراوە ناڕاستەكان ڕزگار بكەین.

ئەم حوكمە دەكرێت بۆ چەندەها بابەتی دیكەیش بگشتێنرێت. بۆ نموونە، كاتێك ئیماندار خوانێك بۆ میوانەكانی ئامادە دەكات، پێویستە ڕەچاوی ئەمە بكات. ئەگەر ویستی دڵی كەسێك خۆش بكات، دەبێت بە باشترین شتێك كە خاوەنیەتی ئەو كارە بكات. مادەم خوای گەورە لە چاكترین شتی پێداون، ئێوەیش دەبێت بەگوێرەی ئەم ئەخلاقە ئیلاهییە چاكترین و جوانترین شتی خۆتان ببەخشن. بەهەمان جۆر، كاتێكیش ئیماندار بڕیارە قوربانی بكات، دەبێت هەڵبژاردنەكەی بەم شێوەیە بێت. دەبێت چاكترین و جوانترین شتی خۆی پێشكەش بە خوا بكات.

بێگومان ئەمەیش ئاسان نییە. چونكە وەك لەم ئایەتەدا ئاماژەی بۆ كراوە، ئینسان بەسروشت حەزی لە ماڵ و سەروەتە.[3] لە پەندی پێشیناندا وتراوە ماڵ وەك توێژێكی گیان وایە. واتە كەسێك كە سەروەتەكەی دەڕوات، وەك ئەوە وایە بە چەقۆیەك توێخێك لە گیانی بڕوات. كەسی بەخشەر وا هەست دەكات كە بەشێك لە گیانی دەڕوات. بەكارهێنانی ئیرادە سەرەڕای ئەم قورسییە و بەخشین، بەتایبەت لە جوانترین بەشی ماڵ و موڵك، لای خوا زۆر بەنرخە. وەك لە فەرموودەیەكیشدا هاتووە، بەهەشت بە شتانێك دەورە دراوە كە نەفس حەزیان لێناكات.[4] ئینسان بە تێپەڕاندنی یەك بە یەكی ئەم شتانە ئینجا بەوێ دەگات.

ڕەهەندی بەندایەتیی ناو عیبادەتەكان

هاوشێوەی گشت عیبادەتەكانی دیكە، عیبادەتی قوربانیش زۆر گرنگە بە باوەڕ و ئیخلاصەوە ئەنجام بدرێت و مەبەست تێیدا ڕەزامەندیی خوا بێت. ئەوەتا ئایەتێك دەربارەی قوربانی دەفەرمووێت كە هەستی تەقوا بە خوا دەگات نەك گۆشت و خوێنی قوربانی. تەقوا، لەپاڵ مانای عیبادەت و عبودییەتدا، گوزارشت لە تەسلیمبوون بۆ خوا و پەنابردن بۆ ئەویش دەكات.

سەبارەت بە ئیماندار، هیچ ئامانجێك لە شوێنكەوتنی فەرمانی خوا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەو گەورەتر نییە. بۆیە كەسێك لە كاتی عیبادەتی قوربانیدا پێویستە بەم جۆرە بیر بكاتەوە: “خوایە گیان، تەنها لەبەر ئەوەی تۆ فەرمانت كردووە قوربانی دەكەم. نییەتی ئەوەم نییە دڵی ئەم و ئەو ڕازی بكەم و هەندێك بەرژەوەندیی دونیایی بەدەست بهێنم. تۆ لە من ڕازی بیت ئەوەم بەسە!” كەسێك كە بەم جۆرە بیر دەكاتەوە، ئومێد دەكرێت كە ڕەزامەندیی ئیلاهی و بەهەشت بەدەست بهێنێت.

هاوشێوەی گشت فەرمانەكانی تری خوا، بێگومان لە قوربانیشدا هەندێك سوود و حیكمەت هەن. هەندێك لەمانە عەقڵمان پێیان دەشكێت و پەی بە هەندێكی دیكەشیان نابەین. بۆ نموونە، لە ڕێگەی قوربانییەوە دەستی یارمەتی بۆ هەژاران درێژ دەكرێت و دڵیان ڕادەگیرێت. بەڵام نابێت وابزانین كە حیكمەتەكانی قوربانی تەنها ئەم جۆرە شتانەن كە دەیانبینین و بیریان لێدەكەینەوە. بابەتەكە تەنها ئەوە نییە چاكە لەگەڵ ئەم و ئەودا بكەین.

دەكرێت لە هەم كاتدا سەرنج لەو لایەنە جیاوازانەی قوربانیش بدرێت كە ڕوویان لە دەروونناسیی مرۆڤە و نەفسی پەروەردە دەكەن. بەدەر لەمە، ئەم عیبادەتەی كە لەگەڵ حەجدا ئاوێتە دەبێت، دەگونجێت هەندێك مانای تایبەتیشی لای ڕۆحانی و مەلائیكەتان هەبێت. كێ دەزانێت، لەوانەیە ڕۆحانییەكان ئەم عیبادەتە وەك ئاهەنگێك ببینن و چەپڵەی ستاییشی بۆ لێبدەن. جگە لەمە، نازانین ئاخۆ لای خوا قوربانی بە مانای چی دێت و چۆن شكڵ و شێوە بە ئاخیرەتمان دەبەخشێت. بێئاگاین لەوەی ئاخۆ لە عەرشی ڕەحمەت و (سدرة المنتهی) چۆن پێشوازی لەم عیبادەتە دەكرێت. خۆ هەموو شتێكیش لە ئێمەدا قەتیس نەبووە! بۆیە بینینی سوود حیكمەتی عیبادەتەكان تەنها لەو مانایانەدا كە عەقڵیان پێیان دەشكێت، خۆپەرستییە.

لەم ڕووەوە، ئەركی ئیمانداری ڕاستگۆ ئەوەیە بەبێ چاوەڕێكردنی هیچ سوودێكی دونیایی، هەموو عیبادەتەكان تەنها لەبەر خاتری ئەوەی كە فەرمانیان پێكراوە و بەو جۆرەش كە فەرمانیان پێكراوە جێبەجێ بكات و چاوەڕێی ئەنجام و پاداشتەكەیشی تەنها لە خوا بكات. وەزیفەی ئێمە ئەوەیە ئەوە بهێنینەدی كە خوا لێمانی داوا دەكات بەبێ گوێدان بە ڕەخنەكانی ئەهلی دونیا بەم بارەیەوە و بەبێ گرنگیدان بەو فەتوایانەیش كە لە ڕۆحی دینەوە دوورن. ئەگەر خوا تەنها داوای لێبكردینایە كە وشتر سەرببڕین، ئێمە سەیری هیچ ئاژەڵێكی ترمان نەدەكرد و تەنها وشترمان دەكرد بە قوربانی. ئەگەر بیفەرمووایە كە تەنها گا سەرببڕن، ئێمەیش وامان دەكرد. ئەگەر فەرمانێكی دیكەیشی پێبكردینایە هەر ئەوەمان دەكرد. لێرەدا گرنگ ئەوەیە خوا فەرمانی چیمان پێدەكات.

لەپاڵ هەموو ئەمانەیشدا ئەگەرچی لاوەكیش بێت بیرخستنەوەی خاڵێك سوودی خۆی هەیە. ئیماندار هەوڵ دەدات كارەكەی بە جوانترین و ڕێكوپێكترین شێوە ئەنجام بدات. ئەوەتا پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) فەرمانی پێكردووین بەجوانترین شێوە ئاژەڵ سەر ببڕین. بۆیە سەربڕینی قوربانی دەبێت چالاكییەكی ڕێكخراو بێت و هیچ كەسێك بێزار نەكات. هەریەك لە سەربڕینی ئاژەڵانی تەندروست، ڕەچاوكردنی مەرجەكانی پاكوخاوێنی لە كاتی سەربڕین و دوای سەربڕیندا، پیس نەكردنی ژینگە و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە داخوازی و هەستیارییەكانی ئیماندارێتین.

[1] ﴿لَنْ تَنَالُوا الْبِرَّ حَتَّى تُنْفِقُوا مِمَّا تُحِبُّونَ وَمَا تُنْفِقُوا مِنْ شَيْءٍ فَإِنَّ اللهَ بِهِ عَلِيمٌ﴾ (سورة آلِ عِمْرَانَ: 3/92)

[2] ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَنْفِقُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ وَمِمَّا أَخْرَجْنَا لَكُمْ مِنَ الأَرْضِ وَلَا تَيَمَّمُوا الْخَبِيثَ مِنْهُ تُنْفِقُونَ وَلَسْتُمْ بِآخِذِيهِ إِلَّا أَنْ تُغْمِضُوا فِيهِ وَاعْلَمُوا أَنَّ اللهَ غَنِيٌّ حَمِيدٌ﴾ (سورة البَقَرَةِ: 2/267)

[3] ﴿وَإِنَّهُ لِحُبِّ الْخَيْرِ لَشَدِيدٌ﴾ (سورة العَادِيَاتِ: 100/8)

[4]حُفَّتِ الْجَنَّةُ بِالْمَكَارِهِ“، صحيح مسلم، الجنة، 1.