مەیلی دونیا و قووڵی لە ڕاستگۆییدا

مەیلی دونیا و قووڵی لە ڕاستگۆییدا
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: ئایەتی (الجمعة: 11) چ وانەیەكمان پێدەڵێتەوە؟

وەڵام: وەك چۆن ڕۆژی جومعە هێندە موبارەكە كاتێكی تێدایە كە تێیدا دوعا ڕەت ناكرێتەوە؛ بەهەمان جۆر، نوێژی جومعەش كە لەو ڕۆژەدا دەكرێت عیبادەتێكی زۆر گرنگە. نوێژی جومعە فەرزێكی ئەوەندە گەورەیە، بە كردنی نوێژی نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەشت لەسەر لادەچێت. ئەگەر فەرزێك بتوانێت جێگەی فەرزێكی تر بگرێتەوە، مانای وایە دەبێت لە ڕووی ئاست و بایەخەوە لەو بەرزتر بێت. خۆ ئەگەر ئەو كەسەی كە نوێژی جومعە بۆ خەڵك دەكات و وتاریان بۆ دەخوێنێتەوە پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) بێت، ئەوا ئیتر بۆ خۆتان بیر لە گرنگی و فەزیلەت و بەرەكەتەكەی بكەنەوە!

جارێكیان پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) وتاری دەدا. لەم كاتەدا هەندێك لە صەحابییەكان دەرچوون بۆ پێشوازی لە كاروانێكی بازرگانی كە هاتە ناو شارەوە. لەسەر ئەمە، ئەم ئایەتە دابەزی كە دەفەرمووێت: “كاتێك بازرگانی یان سەرگەرمییەكیان بینی بەرەو ئەوێ كشان و تۆیان بەتەنها و بەپێوە (كە خەریك بوویت وتارت بۆ دەدان) جێهێشت. بڵێ ئەوەی كە لای خوایە زۆر لە سەرگەرمی و بازرگانی باشترە. خوایش چاكترین ڕۆزیبەخشە.” [1]

لە ڕیوایەتەكانیدا باس لەوە ناكرێت چەند كەس مزگەوتیان بەجێهێشتووە و چەندیش ماونەتەوە. بەڵام هەندێك زانیاری دراوە لەسەر ئەوانەی كە ماونەتەوە. ئەمەش لە بابەتی دەرخستنی ئەدەب و ڕەوشتی صەحابییەكاندا خاڵێكی زۆر گرنگە. وەك ئایەتەكە بەڕوونی ئاماژەی بۆ دەكات، لەگەڵ هاتنی كاروانەكەدا، گەرچی هەندێك واز لە گوێ گرتن لە وتار دەهێنن و مزگەوت جێدەهێڵن، بەڵام كەسانێكیش هەبوون كە سەرەڕای هەموو شتێك ماونەتەوە و گوێیان لە گوفتاری پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ڕاگرتووە. ئێمە وەك داخوازییەكی ڕێز و حورمەتمان بەرانبەر بە صەحابییەكان، قەناعەتمان وایە ئەوانەی مزگەوتیان بەجێهێشتووە عوزری ماقووڵیان هەبووە. بۆیە خۆمان دەپارێزین لە بەكارهێنانی هەندێك گوزارشت كە بۆنی گومانی خراپی لێبێت و دەترسین لەسەر ئەم جۆرە گوفتارانە لە ئاخیرەتدا لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بكرێت. لەوانەیە ئەوانەی مزگەوتیان جێهێشتووە ئەوانە بووبن كە تازە موسوڵمان بوون؛ هێشتا بەتەواوەتی دەركیان بە گرنگیی جومعە نەكردووە، نەیانزانیوە وتار و نوێژی جومعە چ مانایەك دەگەیەنێت. چونكە ئەو كاتە سەردەمێك بووە كە حوكمە دینییەكان هەنگاو بە هەنگاو تەشریع كراون. دەگونجێت دەربارەی هەندێك بابەت زانیاریی پێویستیان نەبووبێت. ئەگەر هەیانبووایە، وایان نەدەكرد.

لە ڕیوایەتەكاندا دەوترێت ئەو ساڵە گرانی و وشكەساڵی بووە. ئەمەش دەبێت بە عوزرێكی تر بۆ ئەوان. ئەوانەی كە دەرچوون، لەبەرئەوەی هێشتا بەتەواوەتی پەییان بە مانای بەندایەتی بۆ خوا و ماهییەتی ژیانی دونیا نەبردووە، كاتێك دەبیستن كاروانەكە گەیشتووە، ویستوویانە هەرچی زووە پێداویستییەكانی خۆیانی لێ بكڕن. جگە لەمە، شتێكی دیارە هەموو فەرمانەكانی تایبەت بە بەندایەتی لەو ڕۆژەدا نازڵ نەبووبوون.

سەرەڕای ئەمە، بەجێهێڵرانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە كاتی وتاری جومعەدا لەسەر مینبەر، هەم لای خوا ئۆباڵێكی قورس بوو، هەم لە ڕوانگەی پێغەمبەریشەوە (صلى الله علیە وسلم) شتێكی دڵتەنگكەر بوو. ئەوەتا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەم بارەیەوە دەفەرمووێت: () “سوێند بەو كەسەی كە نەفسی منی بە دەستە ئەگەر هەمووتان بڕۆیشتنایە، ئەوا دۆڵەكە دەبوو بە ئاگر و دەڕژا بەسەرتاندا.”[2] مانای وایە مانەوەی هەندێك كەس لە دەوربەری پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ڕەحمەتێكی گەورەی خوا بووە. خوای گەورە، لە سایەی ئەوانەدا كە ماونەتەوە، صەحابییەكانی لە غەزەبی ئیلاهی پاراستووە. ئەوەش كە خوای گەورە بەهۆی ماوەكانەوە سزای ڕۆیشتووەكانی نەداوە، نیشاندەری ئەوەیە كە عوزرەكەیان لای خوا قبووڵكراوە.

هەرچەندە وەك داخوازییەكی ڕێز و حورمەتمان بەرانبەر بە صەحابییەكان باسی ئەو خاڵانە دەكەین كە دەگونجێت سەبارەت بە ئەوان عوزری هەڵوێستەكەیان بێت، وەلێ لە خودی ئەو كردارەمان پێ هەرس ناكرێت كە بەرانبەر بە سوڵتانی پێغەمبەران (صلى الله علیە وسلم) كراوە. ئەو قامەتە باڵایەی كە دەبێت گیانی لەپێناودا بەخت بكرێت، بە هەر هۆكارێك بێت نابێت بەتەنها جێبهێڵرێت. بۆیە لە ڕێگەی ئەم ئایەتەوە هەم لەلایەك صەحابییەكان ئاگادار كراونەتەوە، ئادابی بەندایەتییان فێركراوە و سەرنجیان بۆ لای ڕووی فانیی دونیا ڕاكێشراوە، هەم لەلایەكی دیكەشەوە دڵنەوایی دڵی پاكی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كراوە.

ئایەتەكە دەفەرمووێت ئەوەی كە لای خوایە لە بازرگانی و هەموو جۆرە ڕابواردن و سەرگەرمییەكی دونیا خێرترە. ئایەتەكە ناوی ئەو شتانە نابات كە لای خوان. بەڵام ئاماژە بۆ ئەم خاڵە دەكات: ئەگەر صەحابییە بەڕێزەكان هەوڵی دەستخستن و ڕاوكردنی ئەو كاتەی جومعە بدەن كە پیرۆزە و دوعای تێدا گیرایە، گوێ لە لەعل و گەوهەری گوفتارەكانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بگرن، سوود لە پیت و بەرەكەتی جومعە وەربگرن و ڕوو لە خوا بكەن، ئەوا لە ئاخیرەتدا ڕووبەڕووی زۆر نیعمەتی چاوەڕواننەكراو دەبنەوە. ئەمانە ئەوەندە لوتفی گەورەن كە تەنانەت بە نیعمەت و ڕۆزی و چێژ و ڕابواردنەكانی دونیا بەراوردیش ناكرێن.

كۆتایی ئایەتەكە ئەوە بیر دەهێنێتەوە كە چاكترین ڕۆزیبەخش خوایە. ئەمەش ئەم پەیامە بە صەحابییەكان دەدات: “ئێوە بەرەو لای بازرگانی و كڕین و فرۆشتن ڕادەكەن، لە ڕێگەی ئەو قازانجەوە كە لەم كارەدا دەیكەن هەوڵی دابینكردنی ڕۆزیی خۆتان دەدەن. بەڵام لەبیرتان نەچێت كە تەنها و تەنها خوا بەخشەری ڕۆزییە. دیار نییە ئەو چۆن ڕۆزی بە بەندەكانی دەبەخشێت. وەك چۆن دەگونجێت لە ئاخیرەتدا بە نیعمەتی چاوەڕواننەكراو سەرفرازیان بكات، دەكرێت لەم دونیاشدا لوتفی جۆراوجۆریان لەگەڵ بنوێنێت. بۆیە لە بازنەی فەرمانەكانی ئەودا بجووڵێنەوە و بەگوێرەی ڕەزای ئەو كار بكەن. بە پاڵنەری ئەوەی گوایە ڕۆزی دەست دەخەن، پێچەوانەی ئەمە مەجووڵێنەوە. واز لە كارێكی خێر مەهێنن بۆ كارێكی ناخێر.”

لەدوای هەڵسەنگاندێكی كورتی ئایەتە لە ڕوانگەی ئەو ڕووداوەی ئەو ڕۆژگارەوە كە بووە بە هۆكاری دابەزینەكەی، ئێستا دەتوانین بچینە سەر ئەو لایەنەی بابەتەكە كە ڕووی لە ئێمەیە. لەبنەڕەتدا گرنگ پەیامی ناو ئایەتەكەیە بۆ ئێمە. نابێت لەبیرمان بچێت كە دەگونجێت لە هەموو سەردەمێكی تردا هاوشێوەی ئەو ڕووداوە ڕووبداتەوە كە لە ڕۆژگاری صەحابییەكاندا قەوماوە. ئەگەر پێتان خۆش بێت دەتوانن ئەم ڕووداوانەش وەك هۆكاری دابەزینی جوزئی بۆ هەمان ئایەت حساب بكەن. بۆیە ئێمە بە سەرنجدان لەم ئایەتانە دەتوانین تێبگەین كام ڕەفتارانە ڕەحمەتی خوامان لێ نزیك دەخەنەوە و كامانەش دەبنە هۆكاری غەزەبی ئیلاهی و بەگوێرەی ئەمە هەڵوێستەكانی خۆمان ڕێك دەخەین.

دەكرێت بە هەمان چاو بۆ ئەم ڕووداوانەی خوارەوەش بڕوانین: وازهێنان لە صوحبەتی جانان بۆ بەشداری لە ڕابواردنێكدا، تەرك كردنی ئەڵقەیەك كە ڕاستییەكانی قورئان و سوننەتی تێدا موتاڵا دەكرێت لەبەر خاتری سەیركردنی فیلمێك، یان پشت هەڵكردن لە كۆڕێك كە بەكۆمەڵ زیكر و ویردی تێدا دەخوێنرێت بۆ كات بەسەربردن بە قسەی لاف و گەزاف. ئەم كارانە هەریەكەیان بە پلەی خۆیان سەرزەنشتی ناو ئایەتەكە دەیانگرێتەوە. وەك چۆن بەجێهێشتنی مزگەوت لە كاتی عیبادەتدا تەنها لەبەر خاتری بەدەستهێنانی شمەكی دونیایی یان ڕابواردن، تەرك كردنی نوێژی جومعە و بەجێهێشتنی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەتەنها چەند غەزەبی ئیلاهی ڕابكێشێت، شوێنكەوتنی نەفس و خەڵەتان بە دونیا و تەرك كردنی ئەو خزمەتەی كە لە ڕێی خوادا دەكرێت -لەسەر ئاستی لەیەكچوون- هەمان دەرەنجامی دەبێت. ئەوانەی كە لەبریی بەشداریكردن لە وانە و صوحبەت و كۆبوونەوە و خزمەتەكان، واز لەم شتانە دەهێنن و شوێن هەوا و ئارەزووەكانیان دەكەون، بە گوزارشتی ئایەتەكە واز لە خێرتر دەهێنن و شوێن بێخێرێك دەكەون.

تكایە بەهەڵە تێمەگەن؛ لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە چوون بۆ سەیران و شانۆ و سینەما و سەفەر و سەرگەرمییەكانی تر حەرامن. بەپێچەوانەوە، بە مەرجێك سنووری مەشروع تێنەپەڕێنن، هەریەك لەمانەش پێگەی خۆیان هەیە. بەهەمان شێوە، ڕۆیشتن بۆ ئیش، كاركردن، كەسابەت و بازرگانیش لە دیندا كۆمەڵێك كاری ستاییشكراون نەك لۆمەكراو. گرنگ ئەوەیە بەدروستی پێگە و كات و شوێن و دۆزی ئەم شتانە دیاری بكرێن. لەمەش گرنگتر ئەوەیە لەبەر خاتری ئەم شتانە واز لە بەندایەتیی خوا و خزمەتەكانی ڕێگای ئەو نەهێنرێت؛ مافی یەكێكیان دەرخواردی ئەو تر نەدرێت. واز لەو شتانە نەهێنرێت كە لای خوا قەدر و قیمەتیان هەیە و تەنازول نەكرێت بۆ شتانێك كە لەخوار ئەمانەوەن. لەبەر خاتری چێژ و لەزەتە دونیاییەكان، واز لە باسكردنی زاتی ئولوهییەت و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بۆ كەسانی تر -كە ئەمانە زۆر لە نیعمەتە دنیاییەكان بەتامترن- نەهێنرێت.

لەبنەڕەتدا ئەم ئایەتەی خوارەوە لەم بارەیەوە پێودانگێك بە ئیمانداران دەدات.[3]

ئەم ئایەتە باسی ئەو قارەمانانە دەكات كە دڵبەستی میشكاتی ئیلاهی بوون، بەرەو ئەو نوورە ڕادەكەن و بوونەتە پەروانەی ئەو شەمە. دەفەرمووێت بازرگانی و كڕین و فرۆشتن ئەوانی لە زیكری خوا نەكردووە. مانای وایە ئەوان خەریكی بازرگانی و كڕین و فرۆشتن دەبن. بەندایەتی بۆ خوا، ڕێگر نییە لەبەردەم مەشغەڵەتی دونیادا. بەڵام ئەوان دەزانن لەكوێدا بەجێگیری بوەستن؛ بۆیە دونیا ناخەنە پلەی یەكەم و نایكەن بە مەبەستی سەرەكییان. هەڵبژاردنی هەڵە ناكەن و دەزانن ئەولەوییەت بە چی بدەن. هەتا ئەندازەیەكی زۆر ژیان و وزە و ئیمكانییەتیان لە ڕێگەی خوادا سەرف دەكەن. یادی خوا دەكەنەوە، بە خضوع و خشوع و ماف پێدانەوە نوێژەكانیان دەكەن و لەوەش كە بە دەستی دەهێنن لە ڕێی خوادا دەیبەخشن. دڵی ئەوان ئەوەندە پڕە لە ئیمان، هەركات ڕۆژی دواییان بیر دەكەوێتەوە كە تێیدا دڵ و چاوەكان هەڵدەگەڕێنەوە و ئەبڵەق دەبن، لە ترسان هەڵدەلەرزن. بۆ ئەوەش كە لەو ڕۆژەدا سەلامەت بن، لەم دونیایەدا زرێ و قەڵغانی پارێزەر بۆ خۆیان ئامادە دەكەن.

قورئان لە ئایەتەكانی دیكەیدا ئاگادارمان دەكاتەوە سەبارەت بەوەی كە دونیا (لهو ولعب)ە “یاری، وازی، بۆش، بێسوود و بێمانایە”، ژیانی ڕاستەقینەش كە دەبێت گرنگیی زۆری پێبدرێت ژیانی ئاخیرەتە.[4] لە ئایەتی دیكەشدا باس لە عاقیبەتی خراپی ئەوانە دەكات كە دینەكەیان كردووە بە قوربانی یاری و سەرگەرمەییەكانیان.[5]

بەكورتی، ئیماندار بەگشتی دەبێت هەڵوێستی پێداگر بەرانبەر بە جوانییە ڕاگوزەرەكانی دونیا بنوێنێت و ژیانی جددی بژی. هەر شتێك كە دەیكات دەبێت مانایەكی بۆ ئاخیرەتی هەبێت. دەبێت حسابی ئەوە بكات هەموو كردار و گوفتارەكانی چۆن دێنەوە بەردەمی لە ئاخیرەتدا. دەبێت بزانرێت كە بێگومان هەڵپەڕین و داپەڕین لە جێیەكدا ئەنجامی زۆر جیاوازی دەبێت لە ویرد و زیكر خوێندنەوە لە شوێنێكی تردا. ئەوەی كە كام لەمانەش هەڵدەبژێرین پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە. خوای گەورە یارمەتی هەموان بدات شتی باش هەڵبژێرن! ئامین..

[1] ﴿وَإِذَا رَأَوْا تِجَارَةً أَوْ لَهْوًا انْفَضُّوا إِلَيْهَا وَتَرَكُوكَ قَائِمًا قُلْ مَا عِنْدَ اللهِ خَيْرٌ مِنَ اللَّهْوِ وَمِنَ التِّجَارَةِ وَاللَّهُ خَيْرُ الرَّازِقِينَ﴾ (سورة الْجُمُعَةِ: 62/11).

[2]  “وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَوْ تَتَابَعْتُمْ حَتَّى لَا يَبْقَى مِنْكُمْ أَحَدٌ لَسَالَ بِكُمُ الْوَادِي النَّارَ” (أبو یعلی، المسند 3/468؛ ابن حبان، الصحیح 5/184)

[3] ﴿رِجَالٌ لَا تُلْهِيهِمْ تِجَارَةٌ وَلَا بَيْعٌ عَنْ ذِكْرِ اللهِ وَإِقَامِ الصَّلَاةِ وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ يَخَافُونَ يَوْمًا تَتَقَلَّبُ فِيهِ الْقُلُوبُ وَالأَبْصَارُ﴾ (سورة النُّورِ: 24/37).

[4] بڕوانە: الأنعام: 32، العنكبوت: 64

[5] بڕوانە: الأنعام: 70، الأعراف: 51