پرسیار: لە كاتی خزمەتكردن لە ڕێگای خوادا، هەندێك لە هاوڕێیان لەدوای ماوەیەك كاتێك ئەو ڕووتێكردنەی خەڵك نابینن كە چاوەڕێیان دەكرد و وا دەزانن نەیانتوانیوە بچنە ناو دڵی بەرانبەرەكانیانەوە، خۆیان بە تاوانبار دەبینن و دەیانەوێت ئەمانەتەكە تەسلیمی كەسێكی تر بكەن و خۆیان بخزێننە سووچێكەوە. حاڵی ئەم كەسانە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
وەڵام: سەرەتا و لە ڕوویەكەوە، ستاییشی شێوازی هەڵسوكەوتی هاوڕێیان لەم مەسەلەیەدا دەكەم. بیر لە كەسێك بكەنەوە ئەركی بانگەواز و ڕێنموونی ڕادەپەڕێنێت. خەڵكی چواردەوری بۆ لای خێر بانگ دەكات، ئەو ئەركانەیان بیر دەخاتەوە كە وەك مرۆڤ دەكەونە سەرشانمان. بەڵام قسەكانی لە دوێنراوەكانیدا دەنگ نادەنەوە. لەسەر ئەمە، ئەو موحاسەبەی خۆی دەكات و لە خۆی دەپرسێتەوە. لە ڕێگەی وتنی “ئەگەر گوفتارەكانم لە سروشتمدا ڕەگداكوتاو بوونایە و لە دونیای ناوەوەمەوە بهاتنایەتە دەرەوە، ئەوا لە دوێنراوەكانم كاریگەر و قەناعەتبەخش دەبووم”، چاو بە صەمیمییەت و ئیخلاصی خۆیدا دەخشێنێتەوە. لە ڕوانگەی ئایەتی “ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە، بۆچی شتێك دەڵێن كە خۆتان نایكەن؟”[1] دەربارەی ئەوەی ئاخۆ یەكێتی و گونجان لەنێوان كردار و گوفتارەكانیاندا هەیە یان نا، موحاسەبەی خۆیان دەكەن. لەپاڵ گوفتارەكانیاندا، چاو بە تەمسیل و كردارەكانیشیاندا دەخشێننەوە، دەڕوانن بزانن ئەو ئەو ڕاستییانەی كە باوەڕیان پێكردوون تا چەند لە ژیانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، تەمسیل و كردارەكانیان بەردەوامی تێدایە یان نا، كردەوەكانیان ڕۆحیان تێدایە و دەژین یان نا. دەپرسن ئاخۆ توانیویانە هەست و نەستی دوێنراوەكانیان بخوێننەوە، لە كاتی قسەكردندا هەڵەیان لە ئوسوڵ و ئوسلوبدا كردووە یان نا. دەرەنجام سەرنەكەوتن و نەبوونی كاریگەری لە گوفتارەكانیاندا دەگێڕنەوە بۆ هەڵە و كەموكورتییەكانی خۆیان. وەك چۆن دەبباغ لە كاتی پێستە خۆشكردندا پێستەكە دەكوتێت بە زەویدا، ئەوانیش ئەوا یەخەی نەفسی خۆیان دەگرن و دەیكوتن.
ئەوەی كە مرۆڤ ڕووبەڕووی خۆی ببێتەوە، بەردەوام چاو بە هەڵەكانیدا بخشێنێتەوە، شكستەكانی بە هیی خۆی بزانێت خەسڵەتێكی ستاییشكراوە. بەڵام ئەمە نابێت ببێت بە هۆكاری تەرك كردنی وەزیفە. چونكە پاڵەوانێكی بواری ئیڕشاد كە خاوەنی ڕۆخی خۆتەرخانكردنە، دەبێت لەلایەك چاو بە یەك بە یەكی هەڵەكانیدا بخشێنێتەوە و هەوڵی ڕاستكردنەوەیان بدات، لەلایەكی تریشەوە پێویستە هەتا ئەو كاتەی وەزیفەكەی دەدرێت بە كەسێكی شاییستەی تر لەسەری بەردەوام بێت.
جگە لەمە، نابێت بەهەڵە لە دەستەواژەی “بۆچی شتانێك دەڵێن كە خۆتان نایكەن؟”[2] تێبگەین. مانای ئایەتەكە بەم جۆرە نییە: “مادەم هەندێك شت دەڵێن كە نایكەن، كەوایە مەیڵێن و واز لە وەزیفەی ئیڕشاد بهێنن.” بەپێچەوانەوە، دەبێت بەم شێوەیە لە ئایەتەكە تێبگەین: “مادەم ئامۆژگاری خەڵك دەكەن و باسی حەق و حەقیقەتیان بۆ دەكەن، كەوایە خۆیشتان ئەو شتانە ئەنجام بدەن كە دەیڵێن.”
لەم بارەیەوە، بیركردنەوەی ڕاستڕەوانە پێویستە بەم جۆرە بێت: “ئەگەر من تا ئەمڕۆ نەمتوانیبێت كار لەم كەسانە بكەم و قسەكانم لە ڕۆحەكاندا دەنگی نەدابێتەوە، مانای وایە من لەم مەسەلەیەدا كەمكورتیم هەیە. ئاخۆ من چۆن دەتوانم كەموكورتییەكانم دەستنیشان بكەم و چارەسەریان بكەم؟” بەڵێ، دەبێت بەم جۆرە بیر بكەینەوە و هەتا ئەو كاتەش كە وەزیفە پیرۆزەكەی تەسلیمی كەسێكی تر دەكات بیر لە ڕێگاكانی ئەداكردنی بەباشترین شێواز بكاتەوە، هەوڵی پڕكردنەوە كەموكورتییەكانی بدات، هێندەی توانا و هێزیشی لەم بارەیەوە هەوڵ و تێكۆشان بخاتە گەڕ. لەكاتێكدا كە دەرفەتی قەرەبووكردنی هەڵە و كەموكورتییەكان لەگۆڕێدایە، كردنی ئەمانە بە بەهانە و دەست كێشانەوە لە وەزیفە، كەسەكە تووشی تاوانی بەجێهێشتنی سەنگەر دەكات كە بەرپرسیارێتییەكی ئاخیرەتییە و شەرمەزاریش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
بێگومان كەسێك هەتا ئەو كاتەی دەمرێت لەسەر یەك وەزیفە نامێنێتەوە. ئەمە وەك پێشبڕكێی گەیاندنی ئاڵا وایە؛ هەموو تازە هاتوویەك هەتا ئەو كاتەی دەیگەیەنێت بە دوای خۆی، تێدەكۆشێت بەجوانترین شێوە وەزیفەكەی جێبەجێ بكات. گرنگ ئەوەیە مرۆڤی خۆتەرخانكردوو بۆ خزمەت لەژێر كاریگەریی هیچ بیر و بۆچوونێكدا واز لەو ئەركە ناهێنێت كە خراوەتە سەرشانی. چونكە لەوانەیە ئەمە ببێت بە هۆكاری لەناوچوونی وەزیفەكانیش. ئەوانەی كە خۆیان وەك كەموكورت دەبینن ڕەنگە لەم بیركردنەوەشیاندا لەسەر هەق بن، بەڵام دەگونجێت ڕادەستكردنی وەزیفەكەی بە كەسێكی تر خێردارتر بێت. بەڵام ئەگەر هەموو كەسێك لەخۆیەوە ئەم بڕیارانە بدات، پشێوی و فەوزا دروست دەبێت و چەندین وەزیفە بێخاوەن دەمێنێتەوە.
ئینسان دەبێت هاوڕێ لەگەڵ شعووری هێنانەجێی ئەو ئەمانەتەی كە لە ئەستۆی نراوە بجووڵێتەوە، لە بازنەی هۆكارەكاندا هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ، توانا و ئیمكانییەتەكانیشی هەتا دوایین سنوور بەكاربهێنێت. بەڵام هەرگیز نابێت ئەوەش لە یاد بكات كە خوای گەورە ئەنجامەكان بەدی دەهێنێت. كاركردن لە ویژدانەكان و داگیرساندنی نووری هیدایەت لە دڵەكاندا كاری خوایە. قورئان بە خاوەن كاریگەرترین گوفتار دەفەرمووێت: “تۆ ناتوانیت هیدایەت بەو كەسە بدەیت كە حەز دەكەیت و دەیخوازیت، بەڵام خوا هەركەسێكی بوێت هیدایەتی دەدات.”[3]
بۆیە هیچ یەكێك لە كردارەكانی كاریگەری، قەناعەت پێكردن، ڕازی كردن، هیدایەت دان هیی ئێمە نین. وەك ئایەتەكە دەفەرمووێت: “ئەركی پێغەمبەر تەنها تەبلیغ و گەیاندنە.”[4] قورئان و سوننەت فێری ئەم وەزیفەیەمان دەكەن و ئوسوڵی جوانترین شێوازی ئەنجامدانیشی پیشانی ئێمە دەدەین. واتە نە لە تەمسیل و نە لە تەبلیغدا نابێت كەموكورتی هەبێت. ئینسان لەم بارەیەوە دەكرێت لێپرسینەوە لە خۆی بكات. دەبێت پشكنین بكات بزانێت هۆكارەكانی بەجوانترین شێوە بەكارهێناوە یان نا. بەڵام هەرچی ئەنجامەكانە، هەمیشە دەبێت لە یادی بێت كە خوا بەدیهێنەری ئەوانە.
ئەركی ئێمە ئەوەیە هەتا لە ژیانداین شان بدەینە ژێر خزمەتی ئیمان و قورئان. چونكە هەتا لە ژیاندا بین ئەو ئەركانە بەردەوام دەبن كە دین لێمان داوا دەكات. تەنها بە مردن ئەركی عیبادەت و خزمەتمان لەسەر لادەچێت. ئەویش بە دەست خوایە. هیچ شتێك نابێت بە بیانووی ئەوەی ئینسان خۆی بخزێنێتە سووچێكەوە و تەنها سەرقاڵی خۆی بێت، دەست لە خزمەتەكان بكێشێتە دواوە و سەنگەر چۆڵ بكات. چونكە پێغەمبەرانێكی وا هەبوون ئوممەتیان نەبووە.[5] بەڵام ئەوان وەزیفەی خۆیان تەرك نەكردووە و وازیان لە ئەركی تەبلیغ نەهێناوە. لەبەرئەوەش كە وەزیفەكەیان جێبەجێ كردووە، پاداشتی پایەی بەرزی پێغەمبەرایەتییان وەرگرتووە. چونكە خوای گەورە پاداشت بەگوێرەی نییەت و هەوڵ دەدات نەك ئەنجامەكان. هەرچەندە ئەگەر كەسێك لەسەر دەستی ئێمە هیدایەت وەربگرێت، لەو ڕوانگەیەوە كە دەبین بە هۆكار بەشدار دەبین لە چاكەكانیدا. ئەمەیان بابەتێكی ترە. بەڵام ئەوەش كە مرۆڤێك بەبێ گوێدان بە ئەنجامەكان تەنها فەرمانی خوا جێبەجێ بكات، چاو لە ڕەزامەندیی ئەو ببڕێت و لەسەر ئەركەكەی بەردەوام بێت، لای خوا هەڵوێستێكی زۆر گرنگە. نهێنیی ڕاستەقینەی بەندایەتیش لەم نییەتە فراوانەی مرۆڤ و هەوڵ و تێكۆشانە نەبڕاوەكەیدا شاراوەیە.
لێرەدا پێویستە ئەم خاڵەیش لە یاد نەكەین: لەم جۆرە بابەتانەدا لەوانەیە هەندێك جار نەفس و شەیتان فریومان بدەن. بۆ نموونە، لەوانەیە شەیتان لای ڕاستەوە لێمان نزیك ببێتەوە و بڵێت وازهێنان لە وەزیفە و ڕادەستكردنی ئەمانەت فیداكارییە. یان لەوانەیە نەفس وا نیشانمان بدات كە خۆمان زۆر هەقپەرستین؛ بەم جۆرە تەڵقینمان بدات ئەم كارەی كە ئێمە شاییستەی نین دەبێت وازی لێبهێنین و ڕادەستی كەسێكی بكەین كە ئەهلی خۆیەتی. دەگونجێت شەیتان لەسەر شێوەی حەق خۆی دەربخات و لە جێگایەكەوە كە هەرگیز چاوەڕێی ناكەین گورزی خۆی بوەشێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، پەیبردن بە نهێنیی وردی گوێڕایەڵیی فەرمان و جێگیری لە ئەرك و كاردا، شتێكی زۆر گرنگە.
لەكۆتاییدا، ئەوانەیش كە لەم بوارەدا زانستیان هەیە و لە ڕووی تەمەن و ئەزموونەوە لەناو خزمەتتدا خۆیان سەلماندووە، كۆمەڵێك ئەركیان دەكەوێتە ئەستۆ. ئەوان دەبێت لە نزیكەوە ئاگاداری ئەم كەسانە بن كە ئەم لەرزینەیان بەسەردێت، هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكی ڕاهێنانەوەیان پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی هێز و ورەی مەعنەوییان بەرز بكەنەوە. ئەگەر پێویستی كرد دەبێت بچنە بەردەم هاوڕێكانیان و گرنگیی بابەتەكەیان بیر بخەنەوە. كەسانێك كە لە وەزیفەكەیان تووشی ئولفەت و ڕاهاتن و كەمبوونی حەز و وزە هاتوون، دەكرێت بیر لەوە بكرێتەوە كە لە خزمەت و بواری تردا بەكاربهێنرێن. بەكورتی، ئەوانەی كە ئیدارەى خزمەتەكان دەكەن، دەبێت هەرچی لە دەستیان دێت بیكەین بۆ ئەوەی خەڵكانی ناو خزمەت هەتا دوایین هەناسەیان لە خزمەتدا بەچالاكی بمێننەوە.
[1] ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ﴾ (سورة الصَّفِّ: 61/2)
[2] ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ﴾ (سورة الصَّفِّ: 61/2)
[3] ﴿إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ﴾ (سورة القَصَصِ: 28/56)
[4] ﴿مَا عَلَى الرَّسُولِ إِلَّا الْبَلاَغُ﴾ (سورة الْمَائِدَةِ: 5/99)
[5] (بخاري، طب 17؛ مسلم، ایمان 374)





